رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) رایگەیاند، نەوەی نوێی ڤاکسینەکانی ئەنفلۆنزا، رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەنفلۆنزا لەسەر ئاستی جیهان.
بەپێی هەڵسەنگاندنێکی نوێی رێکخراوەکە، ئەگەر ڤاکسینە پێشکەوتووەکان لە نێوان ساڵانی 2025 بۆ 2050 بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاربهێندرێن، دەتوانن رێگری لە 18 ملیار حاڵەتی تووشبوون بە ئەنفلۆنزا بکەن و ژیانی 6.2 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا رزگار بکەن، بەتایبەتی لەنێو ئەو کەسانەی کە مەترسیی تووندی نەخۆشییەکەیان لەسەرە، وەک بەساڵاچووان، منداڵانی بچووک و خانمانی دووگیان.
WHO ئاماژە بەوەدەکات ئەم ڤاکسینانە دەتوانن لەڕووی ئابوورییەوە بەسوود بن بەکارهێنانی دژە بەکتریاکان بە رێژەی 10 ملیۆن ژەم لە ساڵێکدا کەم بکەنەوە.
د. فلیپ لامباخ سەرۆکی تەکنیکیی پڕۆژەکە لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، رایگەیاند: "ئەم هەڵسەنگاندنە سوودە شاراوەکانی ڤاکسینە پێشکەوتووەکانی ئەنفلۆنزا روون دەکاتەوە، بنەمایەکی هاوبەش بۆ هەموو ئەو کەسانە دابین دەکات کە کار لەسەر وەبەرهێنان، پەرەپێدانی سیاسەت و توێژینەوەی داهاتووی ڤاکسینەکان دەکەن."
هەموو ساڵێک، نزیکەی یەک ملیار کەس تووشی ئەنفلۆنزای وەرزی لە سەرانسەری جیهاندا دەبن، کە 3 بۆ 5 ملیۆن حاڵەتیان توندن و دەبنە هۆی مردنی نزیکەی 290 هەزار بۆ 650 هەزار کەس بەهۆی کێشەکانی کۆئەندامی هەناسەدانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ