پزیشکێکی ڤێتێرنەری: ترس لە خواردنی مریشکی پەلەوەرخانەکان نەبێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەرنامەی لەگەڵ رەنج نهێنییەکی مادەیەکی ئاشکرا کرد کە بۆ مریشك بەکاردەهات. پزیشکێکی ڤێتێرنەریش دەڵێ، پێیویست ناکات لەمەودوا سڵ لە خواردنی مریشک بکەینەوە، چونکە مادەکان دەستیان بەسەرداگیراون.
 
دکتۆر چرپە عومەر، پزیشکی ڤێتێرنەری و شارەزا لە تەندروستیی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە رووداوی راگەیاند، گۆشتی ئەو مریشکانەی کە مادەی فیوراڵتادۆنیان خواردووە نەهاتووەتە نێو بازاڕ، چونکە هەر مریشکێک وەریبگرێت، مادەی شێرپەنجە لەنێو جەستەی کۆدەبێتەوە و ئەوەی دەیخوات وەریدەگرێت.
 
لەبارەی مادەکەوە گوتی، فیوراڵتادۆن گوایە بۆ چارەسەری کۆمەڵێک نەخۆشی بەکاردێت و هەندێک بازرگان نابەرپرسانە هێناویانەتە هەرێمی کوردستان و داویانە بە مریشک، بەڵام هەموو ئەو کێڵگانەی کە ئەو مادەیەیان بۆ بەکارهاتووە کۆنتڕۆڵکراون و نایەنە نێو بازاڕ.
 
بەگوتەی دکتۆر چرپە عومەر، کێڵگەکانی پەلەوەری لەژێر سەرپەرشتیی پزیشکی ڤێتێرنەریدان و هیچکامیان ئەو مادە قەدەخەکراوانە بەکارناهێنن.
 
بەدواداچوونە بنکۆڵکارییەکەی رووداو لەبارەی مادەی فیورالتادۆن حکومەتی عێراقی هێنایە سەرخەت و رێکارەکان دژی هاوردەکردنی مادەکە دەگرێتەبەر. بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەریی عێراق دەڵێت، دۆسیەی هاوردەکردنی مادەکەیان بەدەستگەیشتووە و سبەی تیمەکانیان هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنین لە بازاڕەکاندا دەستپێدەکەن.
 
بەپێی بەدواداچوونی بەرنامەی لەگەڵ رەنج، فیوراڵتادۆن، لەسەر ئاستی جیهان قەدەخەیە، خراوەتە نێو قوتوویەک کە لەسەری نووسراوە "سووپەر ماکس" و هێنراوەتە کوردستان و بە کوالیتی کۆنترۆڵدا تێپەڕیوە و پارەی پشکنینیشی دراوە. 
 
زیانەکانی فیوراڵتادۆن
 
- بەکارهێنانی بۆ ئاژەڵ و پەلەوەر قەدەخەیە کە گۆشتی بخورێت
- زیان بە DNA دەگەیێنێت کە سەرەتایەکە بۆ شێرپەنجە
- دەرمانەکە پاشماوەی کیمیایی AMOZ لە جەستەی ئاژەڵەکەدا جێدەهێڵێت
- زیان بە بۆ ماوەیی خانەکانی لەش دەگەیێنێت
- هیچ ئاستێکی سەلامەتیی تێدا نییە و نابێ هیچ کاتێک و بەهیچ رێژەیەک بەکاربهێنرێت و رێژەکەی لە گۆشت، هێلکە و خۆراکدا دەبێ ٪0 بێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە