رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە 27-07-2022، بەئامادەبوونی دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان نەخۆشخانەی (100) قەرەوێڵەیی ئەڵمانی لە شاری سلێمانی کرایەوە، کە یەکێکە لەو پێنج نەخۆشخانەیەی کە ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دروستی کردوون.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "دوای ئەوەی لە مانگی شوباتی ساڵی 2020 بۆ یەکەمجار کە دەستمان بە گرتنەبەری رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کرد، هەوڵەکانمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق چڕ کردەوە، لەو کاتەی کە بڕیاردرا چەند نەخۆشخانەیەک لەلایەن ئەڵمانیاوە لە عێراق دروست بکرێن، داوامانکرد دوو نەخۆشخانە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکرێن، بەڵام رەزامەندی لەسەر یەک نەخۆشخانە درا بۆ هەرێمی کوردستان".
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەدا لەسەر بڕیار و راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو نەخۆشخانەیە لە شاری سلێمانی دروستکرا، ئەویش لەبەر ئەوەی لە شاری سلێمانی نەخۆشیی کۆرۆنا تۆمار دەکرا.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا لەبارەی کێشەی نەبوونی دەرمان لە سەنتەرەکانی شێرپەنجە و خزمەتگوازرییە تەندروستییەکان، دکتۆر سامان بەرزنجی گوتی: "رێژەی دابینکردنی دەرمانەکانی شێرپەنجە و چارەسەرییەکانی لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە ناگاتە 20٪، ئەوەی دەمێنێتەوە 80٪ی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە رێگەی سندووقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە و بودجە تەرخانکراوەکانەوە دابین دەکرێت".
بە گوتەی سامان بەرزنجی: "نزیکەی 40٪ی ژن و ئافرەت و گەنج و نزیکەی 60٪ی منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە لە سەنتەرەکانی شێرپەنجە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان لە شارەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق و دەرەوەی هەرێمی کورستانن". ئاماژەی بەوەشدا لە هەوڵەکانیان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق بەردەوامن و لەسەر هێڵ دەبن بۆ دابینکردنی دەرمان و چارەسەرییەکانی شێرپەنجە.
لەبارەی کێشەی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بە گشتی لە شاری سلێمانی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "کێشەکە لەوەدا نییە بودجەیەک هەبووبێت ئێستا بڕابێت، کێشەکە لە نەبوونی پارەی نەختینە و خەرجنەکردنی چەکە لە بانکەکان و پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی دابینکردنی دەرمانە".
بەگوتەی سامان بەرزنجی دوو رۆژ پێش ئێستا سەردانی وەزیری دارایی کرد، ئەویش بەڵێنیدا هاوکاری و ئاسانکاری بکات بۆ دابینکردنی نەختینە لە بانکەکان. بۆ دەرمان بە شێوەیەکی گشتی کە بودجەکەی لە 6 ملیارەوە کرایە 7 ملیار، فەرمانەکەی گەڕایەوە، ئەو 7 ملیارە سەرجەمی دابەشی سەر بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان دەکرێت، لەو 7 ملیارە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە 5 ملیاری نەختینە کاش وەکو مووچە مانگانە دابینی بکات، هەموو بانکەکان پارەی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بخەنە لایەک و دەستکاری نەکرێت.
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دڵنیاییدا کە رێگە نادەن خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە هیچ نەخۆشخانەیەک بوەستێت و گوتی: "دڵنیاتان دەکەینەوە وەکو وەزارەتی تەندروستی، وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان ناهێڵین هیچ نەخۆشخانەیەک و هیچ خزمەتگوزارییەک رابوەستێت".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لەبارەی کێشەی کەمیی دەرمان لە سلێمانی گوتی: "نەبوونی دەرمان لەنێو نەخۆشخانەکاندا کێشەیەکی جیددیە و ترسی لەلای ئێمە دروستکردووە، بەڵام ئەم کێشەیە هۆکارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی و وەزارەتی تەندروستی نییە. دروستبوونی ئەو کێشەیە لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و بانکەکانی سلێمانی خۆی دەبینێتەوە".
دکتۆر سەباح هەورامی دەڵێت: "ئێمە کێشەکەمان لە نەختینەدایە و نەختینەکەمان پێنادەن، بۆ نموونە لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانییەوە 500 ملیۆن دینار دەڕوات بۆ سندووقی شێرپەنجە، بەڵام ئەم 500 ملیۆنە دەدرێتە مووچە و بە نەخۆشخانەی هیوا نادرێت، وەکو ئەژمار ئەژمارەکەمان بۆ دێت، بەڵام نەختینەکەی سلێمانی بەکاردەهێندرێت بۆ مووچە".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن "بڕۆن لە بەڕێوەبەری بانکەکانەوە دەستپێبکەن بزانن بۆچی نەختینەمان پێنادەن، نەک وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ