ئەنجامی 62 توێژینەوە؛ کحول هۆکارێکی ئاشکرایە بۆ چەندین شێرپەنجە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک ئەنجامی هەڵسەنگاندنی 62 توێژینەوەی رابردووی خستووەتەڕوو و دەریدەخات، کحول هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە و پیاوان بەراورد بە خانمان لە مەترسیی زیاتردان.
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی فلۆریدا ئەتڵەنتیک کراوە و لە گۆڤاری Cancer Epidemiology بڵاو کراوەتەوە و ئاشکرای دەکات: کحول مەترسیی تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە زیاد دەکات و چەندیش زیاد بخورێتەوە، مەترسییەکە زیاتر دەبێت.
 
ئیزابێل ئیبراهیم، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: لەکۆی هەڵسەنگاندنی 62 توێژینەوەی رابردوو، بۆمان دەرکەوت کە ئەوانەی کحولیان خواردووەتەوە مەترسیی چەندین شێرپەنجەیان لەسەر زیادبووە.
 
لەکۆی هەموو ئەو توێژینەوانەی بەشدارییان پێکراوە، داتاکانی 80 بۆ 100 ملیۆن کەسی تێدایە و بە روونی دەرکەوتووە کە کحول رێخۆشکەرێکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەکانی مەمک، کۆڵۆن، جگەر، دەم، قوڕگ و کۆئەندامی هەرس بەتایبەت لە پیاواندا زیاتر بووە.
 
بەگوتەی د. ماتیو ماسکوێرا، پسپۆڕی چارەسەرکاری دەروونی لە قوتابخانەی پزیشکیی هارڤارد، خواردنەوە کحولییەکان لەسەر ئەم ئەندامانەی خوارەوە چەند کاریگەرییەک دروستدەکەن وەکو؛
 
- لەسەر جگەر
''خواردنەوە کحولییەکان ئەگەری تووشبوون بە هەوکردنی و بە شەمێبوونی جگەر زیاددەکەن، هەروەها لە ئەگەری زۆرخواردنەوەی کحول دەشێت جگەر تووشی نەخۆشیی هەوکردنی کحولیی جگەر ببێت، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی جگەر زیاددەبێت''.
 
- لەسەر دڵ و لوولەکانی خوێن
''هەر بڕێکی کحول بخورێتەوە کاریگەریی لەسەر سووڕی خوێن دەبێت و لەگەڵ بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ، پەستانی خوێن بەرزدەبێتەوە، تەنانەت چەندین توێژینەوە هەن کە دەیسەلمێنن، بە تەنیا خواردنەوەی یەک شۆت کحول، کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دەبێت، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە زیاددەبێت''.
 
- لەسەر توانا زەینی و هزرییەکان
''کحول یەکێکە لەو مادانەی کە دڵەڕاوکێ زیاددەکات و تواناکانی مێشک لاوازدەکات کە کاریگەریی کورتخایەن و درێژخایەنی دەبێت، بەجۆرێک کاریگەرییان لەسەر پێکهاتەکانی مێشک دەبێتە و دەیانپووکێننەوە، سەرەنجام دەبنێتەهۆی لاوازبوونی توانا هزری و مەعریفییەکان''.
 
- لەسەر کۆئەندامی زاوزێ و توانای سێکسی
''زۆرخواردنەوەی کحول درێژخایەن دەشێت ببێتەهۆی لاوازیی توانای سێکسی، چونکە هۆیەکە بۆ ناڕێکیی هۆرمۆنەکان لە هەردوو رەگەز''.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە