رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی دەرمانسازی رایدەگەیێنێت، دەرزیی تێکەڵە چەندین لێکەوتەی مەترسیدار و جیدی لەسەر تەندروستی دەبێت و بە تووندی باسیان دەکات؛ گەدە و گورچیلە تێکدەدات و بەرگریی جەستەش لاواز دەکات.
د. دلاوەر حەمەد، پسپۆڕی دەرمانزانیی کلینیکی دەڵێت: لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و بڵاوبوونەوەی پەتای وەرزی، دیاردەیەکی مەترسیدار لەنێو خەڵکدا باوە ئەویش تێکەڵکردنی هەردوو دەرزیی دیکلۆفیناک (Voltaren) و دێکسامیسازۆن (Decadron) و لێدانیانە لە یەک کاتدا. زۆرجار بە "دەرزیی تێکەڵەکە" ناودەبرێت.
د. دلاوەر حەمەد هۆکارەکانی مەترسیی ئەم تێکەڵکردنە روون دەکاتەوە وەکو؛
- شاردنەوەی نیشانەکان: ئەم تێکەڵەیە تەنیا ئازار دەشکێنێت و پلەی گەرمی دادەبەزێنێت، بەڵام ڤایرۆس و هۆکاری نەخۆشییەکە لەنێو نابات. راستە هەست بە نەمانی نیشانەکان دەکەیت، بەڵام جەستەت هێشتا نەخۆشە.
- لاوازکردنی بەرگریی جەستە: دەرزیی "دیکسامیسازۆن" جۆرێکە لە ستیرۆید (کۆرتیزۆن). رێگری لە بەرگریی جەستە دەکات کارەکەی خۆی بکات و لاوازی دەکات.
- مەترسی بۆ گەدە و گورچیلە: تێکەڵکردنی ئەم دوو دەرمانە بەیەکەوە ئەگەری برینداربوونی گەدە (قرحە) و خوێنەربوونی نێوەکی زۆر زیاد دەکات. پەستانێکی زۆریش دەخاتە سەر گورچیلەکان.
- بەرزکردنەوەی شەکرە و پەستانی خوێن: ئەم تێکەڵەیە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی کتوپڕی پەستانی خوێن و رێژەی شەکرە، کە ئەمەش بۆ تووشبووانی شەکرە و پەستانی خوێن زۆر کوشندەیە.
لە کۆتاییدا رێنوێنیی خەڵک دەکات کە؛
* ئەنفلەوەنزا و پەتا ڤایرۆسن: دژەبەکتریا (Antibiotics) و ئەم تێکەڵانە چارەسەریان ناکەن.
*پشوو بدە: باشترین چارەسەر خواردنەوەی شلەمەنی گەرم، پشوودان و بەکارهێنانی پاراسیتامۆڵە بۆ دابەزاندنی تا.
* راوێژ بکە: هیچ کاتێک بەبێ پرسی پزیشک یان دەرمانساز دەرزی و دەرمان بەکارمەهێنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ