رووداو - تەندروستی
پڕۆفیسۆرێکی بایۆتەکنەلۆژیی پزیشکی لە زانکۆی سەڵاحەدین رایدەگەیێنێت، کاتی ئەوە هاتووە، کەسانی زیاتر شارەزا، پسپۆڕ، دەستپاک و متمانەپێکراو لە پۆستە باڵاکانی تایبەت بە کواڵیتیی کۆنتڕۆڵ و ئاسایشی خۆراک دابنرێن، تاوەکو تووشی نەهامەتیی زیاتر نەبین.
پڕۆفیسۆر د. عەبدولکەریم یاسین، پسپۆڕی بایۆتەکنەلۆژیی پزیشکی و راگری کۆلێژی زانست لە زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێت: پێویستە لەمەودوا مریشکی بەستووی هاوردەکراویش پشکنینی مادەی فیوراڵتادۆنی بۆ بکرێت، چونکە هیچ گەرەنتییەک نییە کە مریشکە بەستووە هاوردەکراوەکانیش ئەو دەرمانەیان نەدرابێتێ بۆ ئەوەی تەندروست بن و کێشیان زیاد بێت.
ئەم پسپۆڕە لەبارەی دەرمانەکەوە رایدەگەیێنێت، دەرمانی فیوراڵتادۆن سەرەتا وەکو دژەبەکتریا (ئەنتیبایۆتیک) بۆ چارەسەری نەخۆشییە بەکتریاییەکان بەکاردەهات، لە ساڵی 1985ـەوە لەلایەن FDA قەدەخەکراوە لەبەرئەوەی زانرا کە دەبێتە هۆی شێرپەنجە و مادەیەکی ژەهراویشە. ئەم بەرهەمە لەلایەن چین و ئەمریکاوە دروستدەکرێت و ئێستا تەنیا بۆ مەبەستی توێژینەوە بەکاردێت.
ئەوەش باس دەکات کە بەهۆی هەرزانیی نرخەکەی و کاریگەرییە نایابەکەی لەسەر چارەسەری نەخۆشی و زیادکردنی کێشی مریشک، بە قاچاخ بەکاردەهێندرێت و هەر مریشکێک ئەو مادەیەی پێدرابێت، ئەوا بە خواردنی مریشك و هێلکەکەی دوای چەند ساڵێک دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە.
بەدواداچوونێکی بەرنامەی لەگەڵ رەنج: فیوراڵتادۆن لەسەر ئاستی جیهان قەدەخەیە
ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێی بەدواداچوونێکی بەرنامەی لەگەڵ رەنج، فیوراڵتادۆن، لەسەر ئاستی جیهان قەدەخەیە، خراوەتە نێو قوتوویەک کە لەسەری نووسراوە "سووپەر ماکس" و هێنراوەتە کوردستان و بە کوالیتی کۆنترۆڵدا تێپەڕیوە و پارەی پشکنینیشی دراوە.
بەرنامەی لەگەڵ رەنج دوای ئەوە هات، کە دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، 16 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن و پێدانی دەرمانی فیوراڵتادۆن بە مریشک لە پەلەوەرخانەکاندا دەستگیر کردووە.
زیانەکانی فیوراڵتادۆن
- بەکارهێنانی بۆ ئاژەڵ و پەلەوەر قەدەخەیە کە گۆشتی بخورێت.
- زیان بە DNA دەگەیێنێت کە سەرەتایەکە بۆ شێرپەنجە.
- دەرمانەکە پاشماوەی کیمیایی AMOZ لە جەستەی ئاژەڵەکەدا جێدەهێڵێت.
- زیان بە بۆ ماوەیی خانەکانی لەش دەگەیێنێت.
- هیچ ئاستێکی سەلامەتیی تێدا نییە و نابێ هیچ کاتێک و بەهیچ رێژەیەک بەکاربهێنرێت و رێژەکەی لە گۆشت، هێلکە و خۆراکدا دەبێ ٪0 بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ