رووداو - تەندروستی
پیاوێکی بەساڵاچوو بەهۆی سینگئێشەوە دەچێتە نەخۆشخانەی ریدایاکشا لە هیندستان، لەکاتی ناونووسین و تۆمارکردنی لەلایەن پزیشکەوە، جەڵتە لێی دەدات.
د. هیرالال پاوەر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن لە نەخۆشخانەی ریدایاکشای دڵ و چاو سەرپەرشتیی کەیسەکەی کردووە و دەڵێ، ئەو پیاوە بەهۆی سینگئێشە و سڕبوونی لایەکی جەستەی هاتبووە نەخۆشخانە، پزیشکانی گومانی جەڵتەیان لێکردبوو و پشکنینی هێڵکاریی دڵ و ئیکۆی بۆ کرا و دەرکەوت، جەڵتە لێی داوە.
بەڵام لەکاتی تۆمارکردنی و ناونووسینی بۆ وەرگرتنی چارەسەر و رێکارەکان، دووبارە جەڵتەیەکی دیکەی تووشبووەتەوە و بەپەلە سینگە دڵەبووژاندنەوەیان بۆ کردووە.
د. هیرالال پاوەر دەڵێت: دوای سینگە دڵەبووژاندنەوە، نەخۆشەکە هاتەوە هۆش خۆی و گواسترایەوە بۆ یەکەی چاودێریی چڕ.
لەکۆتاییدا گوتی ''هەر دواکەوتنێک تەنانەت لە چەند خولەکێکیشدا هەبووایە، دەبووە هۆی گیانلەدەستدانی کەسەکە یاخود زەحمەتبوونی چارەسەرییەکان''.
نیشانەکانی جەڵتەی دڵ
* سینگئێشە
* ئازاری شان و قۆڵی چەپ
* هێڵنج و رشانەوە
* ئارەقکردن و ساردبوونی پێست
* هەناسەتەنگی
* ناڕێکیی لێدانی دڵ
دامەزراوەی دڵ لە ئەمریکا دەڵێ کە لە ماڵەوە تاوەکو پشکنینی هێڵکاریی دڵ پێویستە 10 خولەک بێت و لە ماڵەوە تاوەکو ئەنجامدانی قەستەرە بۆ کەسی تووشبووی جەڵتەی دڵ پێویستە 90 خولەک بێت، چونکە ''خولەکێک دواکەوتن لە بووژانەوەی دڵ، 10٪ چانسی ژیان کەم دەبێتەوە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ