رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستی دەڵێت، تۆمارکرانی تووشبووانی ئەیدز یان هەڵگرانی ڤایرۆسی HIV بابەتێکی رۆتینییە و چەند هەفتە جارێک روودەدات؛ گوتیشی، رۆژی چوارشەممە لە سلێمانی دوو تووشبوو یان هەڵگری ڤایرۆسەکە تۆمار کراون.
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، 29-05-2025، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر لەبارەی تووشبووانی ئەیدز یان هەڵگرانی ڤایرۆسی HIV رایگەیاند، ''بەردەوام ئێمە دەیان هەزار پشکنین دەکەین بۆ چەندین چین و توێژی نێو کۆمەڵگە، بۆ ئەوەی بتوانین نەخۆشییە گوازراوەکان کۆنترۆڵ بکەین.''
سامان بەرزنجی لەبارەی ئەو سێ سووریاییە، کە بە نایاسایی هاتبوونە هەولێر و بەهۆی ئەوەی هەڵگری ڤایرۆسی HIV بوون دیپۆرت کرانەوە گوتی، ''ئەو حاڵەتانەی لە هەولێر تۆمارکران رۆتینین و ئێمە چەند هەفتە جارێک لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکردنی هەڵگرانی ڤایرۆسەکەمان هەیە".
بە گوتەی وەزیری تەندروستی، ''هەر ئەمڕۆ بەر لەوەی کە بێمە ئەم کۆنفرانسە، دوو حاڵەتی دیکەیش لە شاری سلێمانی تۆمارکراون، کە تووشبووی ئەیدز یان هەڵگری ڤایرۆسی HIV بوون، هەردووکیان بەداخەوە هاونیشتمانیی خۆمانن و هاوژینی یەکدین کە پیشەی پیاوەکە شۆفێرییە.''
سامان بەرزنجی جەختی لەوە کردەوە، کە جیاوازی هەیە لەنێوان هەڵگرانی ڤایرۆسی HIV لەگەڵ تووشبووانی نەخۆشیی ئەیدز، ''ئەمانە نەخۆشی ئەیدز نین، بەڵکو هەڵگری ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤین، واتا کەمبوونەوەی بەرگریی جەستە کە لەوانەیە لەدوای 15 تاوەکو 20 ساڵی دیکە تووشی نەخۆشیی ئەیدز بن.''
وەزیری تەندروستی دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانییان کە سەرجەم ساڵۆنەکانی جوانکاریی ژنان، سەنتەرەکانی مەساج، ئارایشتگە، چێشتخانەکان و هەموو شوێنە گشتییەکان بەسەردەکەنەوە و پشکنین بۆ کارمەندانیان دەکەن، "ئەگەر ئێوەش گومانتان لە شوێنێک هەبوو کە مۆڵەتی تەندروستییان نییە، ئاگادارمان بکەنەوە.''
تۆمارکرانی دوو تووشبوو یان هەڵگرانی ڤایرۆسی HIV لە سلێمانی لەکاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە 26-05-2025 وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای پشکنینی تاقیگەیی رۆژانە بۆ کارمەندانی شوێنە گشتییەکان و دەرهێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی تەندروستی، لەلایەن تاقیگەی تەندروستی گشتی، سێ حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسی HIV بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی ئەیدز لە هەولێر دەستنیشانکرا، کە لە ساڵۆنەکانی ئافرەتان کاریان دەکرد.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ