ئاڵدار خەلیل: رۆژئاوای کوردستان راستییەکە و لەنێو نابرێت

11 خولەک له‌مه‌وپێش
دلبخوین دارا
دلبخوین دارا @dilbixwindara
 ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا نەخشەی سیاسی و سەربازی لە سووریا بەرەو قۆناخێکی نوێ و یەکلاکەرەوە هەنگاو دەنێت، چاوەکان هەموویان لەسەر داهاتووی رۆژئاوای کوردستان و ئەو رێککەوتنانەن کە لە نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکومەتی دیمەشقدا واژۆ دەکرێن. ئایا رۆژئاوای کوردستان وەک قەوارە دەمێنێتەوە؟ چارەنووسی هێزەکانی هەسەدە و ئاسایش لە چوارچێوەی سوپای سووریادا چی بەسەر دێت؟ و کێ دەبنە کارەکتەرە نوێیەکانی بەڕێوەبردنی ناوچەکە؟
 
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە و چەندین پرسی گەرمی دیکەی وەک پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا، پرسی دیلەکان و داهاتووی کێڵگە نەوتییەکان؛ دلبخوین دارا  لە هەڤپەیڤینیکی تایبەتەدا میوانداریی ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدەی کرد کە یەکێکە لە کەسایەتییە هەرە کاریگەر و خاوەن بڕیارەکانی رۆژئاوای کوردستان.
 
ئاڵدار خەلیل لەم گفتوگۆیەدا بۆ یەکەمجار ناوی پارێزگاری نوێی حەسەکە و جێگری وەزیری بەرگریی سووریا ئاشکرا دەکات کە لە پشکی ئەوان دەستنیشان کراون.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: بینەرانی هێژا، دەم باش، لەم هەڤپەیڤینە تایبەتەدا میوانێکی زۆر تایبەتم هەیە، زۆر ناسراوە و لە رۆژئاوای کوردستانیش کەسایەتییەکی کاریگەر و خاوەن بڕیارە؛ ئەو کێیە؟ ئاڵدار خەلیلە، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە. بەخێرهاتی کاک ئاڵدار.
 
ئاڵدار خەلیل: سوپاست دەکەم، ئێوەش بەخێرهاتن بۆ رۆژئاوا.
 
رووداو: سەرچاوم، بڵێم هەڤاڵ ئاڵدار یان کاک ئاڵدار؟
 
ئاڵدار خەلیل: هەڤاڵ زیاتر پێناسەی من دەکات، بەڵام تۆ سەرپشکیت.
 
رووداو: کەواتە زیاتر حەز دەکەی بڵێم هەڤاڵ ئاڵدار.
 
ئاڵدار خەلیل: راستە.
 
رووداو: بە بینینت زۆر دڵخۆشم، بەراستی لەم هەڤپەیڤینە تایبەتەدا، ماوەیەکی درێژە دەمویست رووبەڕوو یەکدی ببینین و بدوێین. ئەو پرسیارەی هەموو کەس چاوەڕوانییەتی و دەیەوێت وەڵامەکەی بزانێت: ئایا رۆژئاوای کوردستان دەمێنێتەوە یان نا؟
 
ئاڵدار خەلیل:ئەی ئێستا تۆ لە کوێیت؟
 
رووداو:لە رۆژئاوای کوردستانم.
 
ئاڵدار خەلیل:باشە، رۆژئاوای کوردستان راستییەکە و لەناو نابرێت. قۆناخەکانی خەباتی هەیە، سەختیش دەبینرێت، هێرشیش هەن و هەوڵی لەنێوبردنیشی دەدرێن، بەڵام تاوەکو ئەم خەباتە بەردەوام بێت، رۆژئاوای کوردستان هەر هەیە.
 
رووداو:کەواتە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا نەما؟
 
ئاڵدار خەلیل:سووریا بە گشتیی دەمێنێتەوە. واتا پڕۆژەی ئێمە دەبووە پرۆژەی هەموو سووریا؛ تاوەکو ئێستا لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا سنووردار بووین، بەڵام لەم قۆناخەدا، ئێمە پڕۆژەکەمان دەکەینە هی هەموو سووریا. دەبێت سووریایەکی نوێ بنیات بنێین، سووریایەکی دیموکراسی بنیات بنێین کە لە رێگەیەوە هەم رۆژئاوای کوردستان بپارێزرێت و هەم لە سووریایەکی دیموکراسیدا بتوانین لەناو ئارامی و ئازادی و ئاشتیدا بژین.
 
رووداو: باوەڕت بە سووریایەکی دیموکراسی هەیە؟ باوەڕ دەکەی سووریا ببێتە سووریایەکی دیموکراسی؟
 
ئاڵدار خەلیل:پێشتر مێژووی سووریا بە تەواوی هەروابوو. سووریا لە بنەڕەتدا لانکەی شارستانییەتە و ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ مێژووی کۆنی سووریا کە هی هەزاران ساڵە، ئەو گەلانەی تێیدا ژیاون، ئەو کولتوورانەی کە ئێستا لە لێکۆڵینەوە و شوێنەوارەکاندا دەردەکەون، ئەوە نیشان دەدەن سووریا شوێنێکی چەندە گرنگ و فرە کولتوور بووە و مێژوو لەوێوە دەستیپێکردووە. لەو باوەڕەدام دەتوانین ئەو رەسەنایەتییەی سووریا بگەڕێنینەوە بۆ کولتووری سووریای کۆن کە هی دیموکراسییە، با ئێمە تەنیا لەم 100 ساڵەی رابردوودا دوای سایکس-پیکۆ و لۆزان هەڵی نەسەنگێنین. بە واتایەکی دیکە با سەیری مێژوو بکەین، راستیی سووریا ئەمەیە و ئێمە لەو باوەڕەداین سووریا دەگەڕێنینەوە بۆ ئەو گەشاوەییەی خۆی.
 
رووداو:باشە هەڤاڵ ئاڵدار، مەبەستمە ئەمەش بزانم؛ گوتمان رۆژئاوای کوردستان دەمێنێتەوە، تۆ دەڵێیت کێ رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەبات؟ ئێوە بەڕێوەی دەبەن یان دیمەشق؟
 
ئاڵدارخەلیل:سەیرکە، ئەمانە دوو لایەنن. یەکەم: راستیی رۆژئاوای کوردستان وەک جوگرافیا بە هەموو پێکهاتە و راستییەکانی خۆیەوە، خۆی لە خۆیدا کەس ناتوانێت نکۆڵیی لێ بکات و لەناوی ببات، چەندە هەوڵیش بدەن لەناوی ببەن هەر لەناو ناچێت. بەڵام ئێمە لە سووریا و لە دیمەشق جیاواز نین، ئێمە پێکەوەین؛ لە لایەکەوە ناسنامەی خۆسەری خۆمان دەپارێزین، بەڵام لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ دیمەشق کار دەکەین. رەنگە ئێستا فەرمانڕەوایی دیمەشق بە دڵی ئێمە نەبێت، رەنگە رەخنەمان لێی هەبێت، رەنگە هەندێک شت هێشتا رانەگەیێندرابن، هێشتا دەستووری سووریا نەنووسرابێتەوە، هێشتا هەڵبژاردنێک نەکراوە و حکومەتێکی سەردەمیانە دروست نەبووە؛ ئەمانە هەمووی لە قۆناخەکانی داهاتوودا دەکەونە رۆژەڤ و خەباتیان بۆ دەکرێت. کاتێک تۆ بەدوای ئازادیدا بگەڕێیت و بخوازیت مافەکانت جێبەجێ بکەیت، لە شەو و رۆژێکدا هەموو شتەکانت بەدی نایەن، بەڵام ناتوانیت شتەکان لە یەکدی جیا بکەیتەوە. ئەگەر تۆ رۆژئاوای کوردستان ئاوا بە جیا لە سووریا وەربگریت، واتای رۆژئاوا زۆر بێکاریگەر و لاواز دەبێت، بەڵام کاتێک راستیی رۆژئاوا و هەبوونی دیمەشق و سووریایەکی یەکگرتووی دیموکراسیی دروست بێت، ئەو کات رۆژئاواش دەتوانێت ببێتە هێزێکی پێشەنگ لە ناوچەیەکدا کە پێشەنگایەتیی کولتووری دیموکراسی لە سووریا دەکات.
 
رووداو: ئێوە رێککەوتنێکتان لەگەڵ دیمەشق واژۆ کرد، زۆر پرسیار لە هزری خەڵکدا دروستبووە؛ ئایا بەراستی هێزەکانی حکومەتی سووریا دەربازی رۆژئاوای کوردستان دەبن؟ هێزە ئەمنییەکان دەرباز دەبن؟ ئیدی ناوچەکە لە رووی سەربازی و ئەمنییەوە لەلایەن ئێوەوە بەڕێوەدەبرێت یان بەراستی هێزەکانی حکومەتی سووریا، هەواڵگریی سووریا و ئاسایشی ناوخۆی سووریا دەچنە ناو شارەکانی رۆژئاواوە؟
 
ئاڵدار خەلیل:  دەزانی چۆنە! ئەوانەی ئێستا لە دیمەشقن و دەڵێن دێنە ئێرە، کێن؟ مەگەر سووری نین؟ دەی ئێمەش سوورین! وانییە؟ ئەو کاتە، نەک ئەوەی هەندێک کەس لە دەرەوە بێن، یان لە وڵاتێکی دیکەوە بێنە ئێرە؛ ئێمە پێکەوە کار دەکەین. ئێمە دەڵێین تێکەڵبوون. کاتێک دەڵێی تێکەڵبوون، ئەو دامەزراوانەی دادەمەزرێن، لە خەڵکی ئەم ناوچەیەن کە شوێنی خۆیان تێیدا دەگرن و نوێنەرایەتیی دەوڵەت دەکەن. دامەزراوەی دەوڵەت کارە رۆتینییەکانی دەوڵەتی تێدا بەڕێوەدەچێت، تۆ لەو دامەزراوانەدا کاریان تێیدا دەکەیت، بەڵام ئەوانەی تێیدا نیشتەجێن و کار دەکەن، رۆڵەکان و خەڵکی ئەم ناوچەیەن. با کارەکانی خۆیان بەڕێوەببەن. لێرەدا دوو لایەن هەیە؛ لایەک دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت کە ناچارە پەیوەندیی بە دیمەشقەوە هەبێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ دیمەشق لە پەیوەندیدا بێت، سیستمێک دادەنرێت و میکانیزمێکی پەیوەندیی دروست دەکرێت. لە پاڵ ئەمەشدا کۆمەڵگەیەکت هەیە زەمینەی بنەڕەتیی ئازادی و دیموکراسیی دروست دەکات؛ ئەوانە کۆمەڵگەن، نەک سیستمی دەوڵەت. سیستمی دەوڵەت تەنیا سیستمێکی بەڕێوەبردنی هەندێک کاروباری کارگێڕییە، بەڵام کۆمەڵگەکەت، ئەو کۆمەڵگەیەیە ئێستا وەک کۆمەڵگەیەکی رێکخراو لەسەر ئەرزە.
 
رووداو: ئێوە پارێزگار دیاری دەکەن، بەڕێوەبەری ناوچە دیاری دەکەن، بەرپرسانی ئاساییش و هێزە ئەمنییەکان دیاری دەکەن؛ کێ بۆ پارێزگاری حەسەکە بەربژێر دەکەن؟ 
 
ئاڵدار خەلیل: ئێستا هەن، لە خەڵکی ناوچەکە، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و کەسایەتیی ناسراو. ئەرکە سەرەکییەکان هەم لە وەزارەت و هەم لە پارێزگا و شوێنەکانی دیکە، هەندێک دۆسیە لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق گفتوگۆیان لەسەر کراوە. هەندێک دۆسیەش تاوەکو ئێستا لەگەڵ پارتە سیاسییەکان و ئەو هێزانەی لەسەر ئەرزن و لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکە، بەتایبەت پارتە کوردییەکان، دیالۆگەکان بەردەوامن. هەوڵەکان بۆ ئەوەیە چۆن پێکەوە کار بکەین. هەرچەندە بە لای ئێمەوە، ئەوەی گرنگر تەنیا ئەو کەسە نییە کە بەڕێوەی دەبات، بەڵکو سیستمەکە بە گشتییە. ئەو کەسانەی تێیدا بەشدارن، ئەو هێزەی کارەکە بەڕێوە دەبات، تا چەند کۆمەڵگە قبووڵ ی دەکات یان نایکات، دەتوانێت هاوکاری بێت یان نا؟! کەسایەتییەک کۆمەڵگە قبووڵی نەکات چ سوودێکی دەبێت؟
 
رووداو: ئەو کەسایەتییەی دیاریتان کردووە کێیە؟ هەمووان چاوەڕێن. کاک ئاڵدار، ئەم هەڤپەیڤینە ئەمڕۆ بڵاودەکرێتەوە، کێ دەبێتە پارێزگار؟
 
ئاڵدار خەلیل:  هەرچەندە لە راگەیاندنەکاندا هەندێک ناو بڵاوکراونەتەوە، بەڵام نامەوێت ناو بهێنم. 
 
رووداو: ئەو ناوانە راستن؟
 
ئاڵدار خەلیل: ئەو ناوانە راستن.
 
رووداو: کێیە؟ وەک نموونە.
 
ئاڵدار خەلیل: ببورە، تا بۆم بکرێت نامەوێت کەسەکان بکەمە بابەتی مشتومڕ، لەبەر چی؟ چونکە کاتێک دەڵێین با کەسێکی نیشتمانپەروەر لەم ناوچەیە بێت، کەسێک بێت ناسراو بێت بە فیداکاری و پابەندیی بە بەهاکانی گەلەوە. هەرکەسێک ئەم پێوەرانەی تێدابێت، خودی کەسەکە نابێتە کێشە چ پارێزگار بێت یان قایمقام یاخود هەر ئەرکێکی دیکە.
 
رووداو: ناوی نوورەدین خانیکا (باوێ ئۆمەر)ە، وانییە؟
 
ئاڵدار خەلیل: راستە.
 
رووداو: ئەو دەبێتە پارێزگاری حەسەکە؟
 
ئاڵدار خەلیل: ئێستا ئێمە ئەو ناوەمان پێشکێش کردووە و پێموایە پەسند کراوە.
 
رووداو: دیمەشق قبووڵ ی کرد ئەو ببێتە پارێزگار؟
 
ئاڵدار خەلیل: راستە.
 
رووداو: قسەکەت دەبڕم، ببورە، چونکە بەراستی دەزانی بۆ؟ چونکە پرسیار زۆرن و دەمەوێت زۆر پرسیار بکەم. کێ دەبێتە جێگری وەزیری بەرگری؟
 
ئاڵدار خەلیل:  بۆ ئەم پۆستەش ناومان پێشکێش کردووە. با روونتر بڵێم؛ هەڤاڵ مەزڵووم وەک فەرماندەی هەسەدە (HSD) ناوێکی پێشکێش کرد، هەڤاڵێکی لە فەرماندەیی، ناوی هەڤاڵ چیای کۆبانێ پێشکێش کراوە.
 
رووداو: دیمەشق ئەو ناوەی قبووڵ کردووە؟
 
ئاڵدار خەلیل: سەرنج بدە ئەم بابەتە، تۆ پرسیاری ناوەکان دەکەیت، بۆچی من نایڵێم؟ چونکە بە مافی خۆمی نازانم دەستوەربدەمە ناو ئەو ئەرکانەی کە هەڤاڵ مەزڵووم خۆی ئەنجامی دەدات، پێویستە ئەو، ئاشکرایان بکات. وەک دەبینیت کولتوورێکی ئاوەهامان هەیە، بەڵام دەزانم ئەو ناوی پێشکێش کردووە، چونکە ئەوانەی لە دیمەشق بوون دەیانویست خۆی ئەو کارە بکات، ئەویش رەتیکردەوە، هەڤاڵێکی خۆی دیاری دەکات. لە فەرماندەییەکەیەوە هەندێک ناوی پێشکێش کرد، ئەو ناوەی کە بڕوام وایە پەسند کراوە، چیای کۆبانێیە.
 
رووداو: دەبێتە جێگری وەزیری بەرگریی سووریا. ئایا وەزارەتی دیکە هەن ئێوە تێیدا بەشدار بن، یان جێگر دیاری بکەن؟
 
ئاڵدار خەلیل: هەندێک بابەت هەن لە خاڵەکانی رێککەوتنەکەدان، هەندێک بابەت هەن کاتێک رێککەوتنەکەت جێبەجێکرد و پێکەوە کارمان کرد، ئەو تووڕەیی و مامەڵە ناخۆشە کاتێک لەناودەچێت، چەکەکان بێدەنگ دەبن. بەراستی ئێمەش هەست بکەین دیمەشق پایتەختی ئێمەیە و بە ئاسوودەیی بچین و بێین، ئەوانیش هەست بکەن هەر کاتێک بیانەوێت بێنە ئێرە، پێویست نەکات مۆڵەت بخوازن یان رێگرییان لێ بکرێت. کاتێک ئەوە کرا، نەک تەنیا وەزارەت، بەڵکو تەنانەت ئەو بەڕێوەبەرێتیانە و ناوەندانی لە دیمەشق هەن دەکرێ لەوانیش کار بکرێت. لە بنەڕەتدا کێشەیەک هەیە هەموو کەس تەنیا پرسیاری ئەرکی پلە یەک دەکات، بەڵام پلە و پۆستی ژێرووی ئەوانیش هەن و زۆر گرنگن. پلە و پۆستە یەکەمەکە نوێنەرایەتیی دەکات، بەڵام ئەوانەی لەگەڵیدان، ئەگەر باش کار نەکەن ئەو وەزیرە لە کارەکەی سەرکەوتوو نابێت.
 
رووداو: پەیوەندییەکانتان لەگەڵ تورکیا چۆنە؟ دەزانم پێشتر باش نەبوون، لەم دواییانەدا پەیوەندییەکانتان چۆنە؟ 
 
ئاڵدار خەلیل: ئێستا دوای ئەوەی سەرۆک ئاپۆ لە 27ی شوباتدا دەستی بە قۆناخێک کرد و بانگەوازێکی کرد بۆ قۆناخی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی، هێدی هێدی هەڵوێستی تورکەکان، بەهۆی قۆناخە نوێیەکەوە ناچارن چاو بە هەندێک پرس و بابەت بگێڕن. واتا ناوچەکە بەرەو گۆڕانکاری دەچێت؛ دۆخی ئیسرائیل دەگۆڕێت، دۆخی لوبنان دەگۆڕێت، دۆخی عێراق دەگۆڕێت، دۆخی سووریا گۆڕاوە، دۆخی ئێران لە رۆژەڤدایە، هەروەها دۆخی کورد و بزووتنەوەی کورد لە بەرامبەر تورکەکاندا دەگۆڕێن. لەو باوەڕەدام تورکەکان بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە تێکنەچێت، ئەوانیش نایانەوێت دۆخە دوژمندارێتییەکەی پێشوو دووبارە ببێتەوە. ئێمەش لە لایەن خۆمانەوە ئەمە دەزانین؛ ئێمە چەندە لەگەڵ دیمەشق، لەگەڵ ئەمریکا، لەگەڵ فەرەنسا، لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و ئەوانی دیکە رێککەوتن بکەین، بەڵام لە بەرامبەردا ئەگەر دەوڵەتی تورک رازی نەبێت، هەندێک بابەت بە ناتەواوی دەمێننەوە. لەبەر ئەوە هەردوو لا تێڕوانینێکی ئاوەهایان هەیە کە تەواوکەری یەکدییە. ئێمەش هەوڵماندا و ئەوانیش هەوڵیاندا لە نێوانماندا ئەو گیانی دوژمنایەتییە لەناو بچێت.
 
رووداو: گفتوگۆی راستەوخۆی بێ نێوەندگیر هەیە؟
 
ئاڵدار خەلیل: هەیە.
 
رووداو: ئایا هیچ گفتوگۆیەکتان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەیە؟
 
ئاڵدار خەلیل:  تاوەکو ئێستا بەو شێوەیە (راستەوخۆ) دروست نەبووە، بەڵام هەوڵ هەیە و داوا لە تورکەکانیش کراوە. داوا کراوە هەڤاڵانی ئێمە بچنە ئیمراڵی و بیبینن. بە کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵی رەوشی ئێستا باس بکەن و سەرنج و تێبینییەکانی ئەو وەربگرن. واتا لەم بوارانەدا هەندێک هەوڵ هەن.
 
رووداو: باشە، لێرە لە رۆژئاوای کوردستان و لە شاری قامیشلۆ شاندێکی کوردی پێکهێنرا. هەڤاڵ ئاڵدار، ئەوە زۆر باشە کە گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق هەیە و پۆستەکان دیاری دەکەن، پارێزگار و جێگری وەزیری بەرگری دیاری دەکەن؛ ئەی ئەم شاندە لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدایە؟ ئێستا رۆڵی چییە؟
 
ئاڵدار خەلیل:  بە بەرپرسانی دیمەشقمان راگەیاندووە کە بۆ قسەکردن لە وردەکارییە پەیوەندیدارەکان بە پرسی کورد، ئەو شاندە دێتە دیمەشق. ئێستا چاوەڕێی وەڵامیانین. ئەوانەی لە دیمەشقن ناچارن ئەگەر بەراستی دەیانەوێت ئارامی دروست ببێت و شەڕ و پێکدادان سەرهەڵنەداتەوە، دەبێت پرسی کورد و دۆزی کورد بگرنە دەست. ئەم رێککەوتنەی ئێستا کراوە، ئامانجەکەی تەنیا ئەوەیە ئاگربەستێک دروست ببێت و هەندێک بابەت هەیە کە پرسی تێکەڵبوون جێبەجێ بکەین بۆ ئەوەی پارچەبوون نەمێنێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە دۆزی کورد چارەسەر کراوە. ئیدی رۆڵی ئەم شاندە کوردییە لە داهاتوودا ئەرکی سەرەکییان دەبێت بەو ئاراستەیە بجوڵێنەوە.
 
رووداو:  ئایا هیچ پارتێکی دیکە لە ئێوە و هەسەدە، پۆست لە حکومەتی داهاتووی سووریادا وەردەگرن؟ بۆ نموونە ئەنەکەسە (ENKS) و پارتەکانی ناو ئەنەکەسە؟
 
ئاڵدار خەلیل: دەکرێت، ئەمە کێشە نییە. ئێمە لە قۆناخێکداین شاندە کوردییەکەمان لە کۆنفرانسێکدا پێکهات و لەوێوە دەستنیشان کرا بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی بکات. کاتێک رێککەوتین، بۆ نموونە ئەگەر بۆ کارێکی وەها کە پەیوەندی بە پرسی کوردەوە هەبێت، ئاساییە لە نێوان خۆماندا گفتوگۆی لەسەر دەکەین. مەبەستم ئێمە و ئەنەکەسە و پارتەکانی دیکەش کە هەن. ئەو پارتانەی ساڵانێکە پێکەوە کار دەکەین، هەم ئەنەکەسە، هەم سریان و تەنانەت پێکهاتەی عەرەبیش کە لە ناوچەکەدا لەگەڵ کورد کاریان کردووە؛ مەگەر ئێمە هەموومان لە یەک ناوچەدا ناژین؟
 
رووداو: بەڵام ئێوە بەبێ ئەوان ئەم کارانە دەکەن.
 
ئاڵدار خەلیل: نەخێر، هێشتا کارەکانی تایبەت بە دەستنیشانکردنی کەسەکان نەکراوە. تەنیا ئەو شتانەی کە لە هەڤاڵ مەزڵووم داوا کرابوون، بە ناوی ئەو و فەرماندەیی هەسەدە لێی داوا کرا کە هەندێک کەس دیاری بکات. بۆ نموونە پێیان وت وەزارەتێکت پێ دەدەین، گوتی من نایکەم و هەڤاڵێکی خۆم دەنێرم. گوتیان باشە پۆستی پارێزگارت پێ دەدەین، دیسان گوتی هەڤاڵێکی خۆم دیاری دەکەم. بەڵام ئەوانی دیکە، بێگومان گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
 
رووداو: باشە، کاری جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی چی دەبێت ئەگەر هیچ پۆستێکی فەرمی وەرنەگرێت؟ چی دەکات؟
 
ئاڵدار خەلیل: ئەو شۆڕشگێڕە. هەموومان شۆڕشگێڕین، فیدایی ئەم میللەتەین و خزمەتکاری ئەم گەلەین؛ نە من، نە ئەو، نە هەڤاڵانی دیکەشمان، ئەو رۆژەی دەستمان بەم شۆڕشە کرد بیرمان لەم شتانە نەکردەوە.
 
رووداو: تۆ هیچ پۆستێک وەرناگریت؟ ناتەوێت لەناو حکومەتدا بیت؟
 
ئاڵدار خەلیل: سەیر بکە، کاتێک رێکخراوەکەم ئەرکێکم پێ دەسپێرێت و دەڵێت ئەم کارە بکە، وەک ئەرکێکی رێکخراوەیی دەیکەم. کاتێک لەناو شاندەکەدا کۆدەبینەوە و شاندەکە پێم بڵێت ئەم ئەرکەت پێ دەدەین، ئەنجامی دەدەم و ناڵێم نەخێر. بەڵام ئێمە هیچ گەڕانێکمان بەدوای پۆستدا نییە. کاتێک شۆڕشی رۆژئاواشمان دەستپێکرد، چاومان لە هیچ شتێک نەبوو، بیرمان لە داهاتووی خۆمان نەکردەوە. لە سەرەتاوە گوتمان هیچمان نییە، هیچ شتێکی تایبەتمان نییە و ناوێت، نە لە ژیان و نە لە موڵک و ماڵدا. ئێمە فیدایی ئەم گەلەین و بۆ گەلەکەمان کار دەکەین و تا کۆتاییش بەردەوام دەبین.
 
رووداو: باشە، بڕوانامەکانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەکانی رۆژئاوای کوردستان، ئایا حکومەتی دیمەشق دانیان پێدا دەنێت؟ لە داهاتوودا زمانی کوردی بە فەرمیی لە زانکۆ و قوتابخانەکان دەخوێندرێن؟ 
 
ئاڵدار خەلیل:  ئەوەی تاوەکو ئێستا رێککەوتنی لەسەر کراوە، بڕوانامەکانی ئێستا، بەتایبەت ئەوانەی لە 2014وە هەبوون (لەو کاتەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر دروست بووە)، تاوەکو ئێستا هەموویان قبووڵ  کراون و کێشەیان لەگەڵدا نییە. لەمەودوا چۆن دەبێت؟ ئەمە بابەتێکە پەیوەستە بەوەی لیژنەیەک لە پەروەردەی ئێمە و لیژنەیەک لە وەزارەتی پەروەردەی ئەوان پێکەوە دابنیشن و گفتوگۆ لەسەر وردەکارییەکان بکەن. ئەمە دوو لایەنی هەیە؛ لایەک ئەوەیە ئەم لیژنەیە چۆن پێشنیاز دەکات، لایەنی دووەمیش ئەوەیە وەزارەت بە تەنیا ناتوانێت بڕیار بدات. دەبێت لە دەستووردا جێگیر بکرێت کە سووریا شتێکی وا قبووڵ  دەکات، چونکە ئەگەر لە دەستووردا نەبێت، هیچ وەزیرێک ناتوانێت بە ویستی خۆی گۆڕانکاریی بکات. ئیدی تێڕوانینەکە بەو ئاراستەیەیە، دەبێت هەموو وردەکارییەکانی ژیانی میللەتەکەمان لەو دەستوورەدا جێگیر بکەین کە دەنووسرێتەوە. بۆیە گوتم ئێمە تەنیا لە سنووری رۆژئاوای کوردستان یان باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا خۆمان قەتیس ناکەین؛ دەبێت لە دیمەشق خاوەن ئەرک بین، بەتایبەت لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووردا نوێنەرمان هەبێت تاوەکو داواکارییەکانمان لە دەستووردا بچەسپێنین.
 
رووداو: باشە، چوار لیوا لە چوارچێوەی فیرقەیەکدا دروست دەکرێن، لیوایەکیش لە کۆبانێیە؛ ژمارەیان چەند دەبێت؟
 
ئاڵدار خەلیل: ئەمە پرسێکی سەربازییە و هێزە سەربازییەکان دەتوانن وەڵام بدەنەوە. وەک بینیت ئەمە پەیامێک بوو لە نێوان وەزارەتی بەرگری و هەسەدە؛ 4 لیوان، 3یان لە جەزیرە و یەکێکیشیان لە کۆبانێیە، بەڵام راستییەکەی ژمارەکەیان منیش وەک تۆ نازانم.

 

رووداو: کێ فەرماندەیی ئەو فیرقەیە و ئەو لیوایانە دەکات؟

 

ئاڵدار خەلیل: دیسان فەرماندەکانی هەسەدەن.
 
رووداو: واتا حکومەتی سووریا دەستوەردان ناکات؟
 
ئاڵدار خەلیل: نەخێر، ئەمە هەسەدەیە و فەرماندەیی هەسەدە لە پێشتریشدا هەبووە.

 

رووداو:  هەسەدە دەمێنێت؟
 
ئاڵدار خەلیل: ئەم هێزە دەپارێزرێت. ئەو فەرماندەییانەی تاوەکو ئێستا ئەم هێزەیان بەڕێوە بردووە، هەر ئەوان فەرماندەن، بەڵام تەنیا گۆڕانکارییەکە ئەوەیە کە بە فەرمی دەبنە بەشێک لە سوپای سووریا؛ واتا ناسنامەکەیان وەک "هەسەدە" نامێنێت، بەڵکو وەک "فیرقەی جەزیرەی سوپای سووریا" دەناسرێت، فەرماندەکانیش دیاری کراون. فەرماندەیی هەسەدە ناوەکانی داوەتە وەزارەت و پێی راگەیاندوون کە ئەمانە فەرماندەکانیانن. هەروەها هێزەکان لە ناو شار نامێننەوە. بۆ نموونە هێزی حەسەکە ناچێتە ناو شار، بەڵکو دەچێتە چیای کەوکە یان گۆڕەپانی وەزیر یان شوێنێکی دیکە. ئەوێ دەبێتە بارەگایان و لە کاتی پێویست و باری نائاساییدا بە فەرمانی پارێزگار یان لایەنە پەیوەندیدارەکان دەجوڵێن، ئەگەرنا لە شوێنی خۆیان دەبن.
 
رووداو: رەوشی عەفرین چۆن دەبێت؟ با خەڵکی عەفرین بزانن کە ئێمە و ئێوە ئەوانمان لەبیر نەکردووە. گەمارۆی کۆبانێ کەی هەڵدەگیرێت؟
 
ئاڵدار خەلیل: نەک تەنیا عەفرین، عەفرین و سەرێکانیش؛ ئەمانە ناوچەی داگیرکراون، گفتوگۆیان لەسەر کراوە. سەبارەت بە سەرێکانی، بەرپرسانی ئەوان (دیمەشق) نەچوونەتە ئەوێ، بە فەرمی بەڕێوەی نابەن، تەنیا چوون و هاتوون، بەڵام ناوچەکە لە دەستی هێزە چەکدارەکانی سەر بە تورکەکاندایە. پەیامەکە بەم شێوەیەیە: کاتێک تورکەکان لەوێ کشانەوە، ئەو کاتە بە فەرمی دەبێتە ناوچەی سەر بە دەوڵەتی سووریا. ئەو کات سەرێکانی و عەفرینیش سنوورەکانیان نامێنێت. گەلی عەفرین هەمووی بە شێوەیەکی ئاسایی دەگەڕێنەوە گوند و شارەکانی خۆیان. کاتێک گەڕانەوە، میللەت هەمووی میللەتی خۆمانە؛ ئەنجوومەنی خۆیان دروست دەکەن، ئاسایشی خۆیان لە ژێر ناسنامەی سووریادا لەلایەن خەڵکی ناوچەکە پێکدەهێنن. کەس لە دەرەوە و لە شارێکی دیکەوە نایەت ببێتە بەرپرسی ئاساییشی عەفرین، یان ببێتە بەڕێوەبەری ناوچەکە؛ ئەوانەی ئەوێ لە نێوان خۆیاندا کەسێک هەڵدەبژێرن. بەم شێوەیە هەموو ناوچەکان دەگەڕێنەوە سەر دۆخی سرووشتی خۆیان.
 
رووداو: گەمارۆی سەر کۆبانێ؟
 
ئاڵدار خەلیل: گەمارۆ دەبێت ئەمڕۆ هەڵبگیرێت.
 
رووداو: گەمارۆ ئەمڕۆ هەڵدەگیرێت؟ ئەمە زۆر گرنگە.
 
ئاڵدار خەلیل: بەپێی رێککەوتنەکە، تاوەکو گەمارۆ هەڵنەگیرێت، هەنگاوەکانی تێکەڵبوون جێبەجێ نابن. پێویستە هەندێک کەس لە دیمەشقەوە بێن، گروپێک بچێتە کۆبانێ، گروپێک بێتە حەسەکە و یەکێک بۆ قامیشلۆ؛ بۆ ناو ئەو چوارگۆشە ئەمنییانەی کە پێشتر رژێمی تێدابوو.
 
رووداو: سبەی دێن؟
 
ئاڵدار خەلیل: سبەی دێن.
 
رووداو: سبەی هێزەکانی حکومەتی سووریا دەچنە ناو هەر سێ ناوچەی کۆبانێ، قامیشلۆ و حەسەکە؟
 
ئاڵدار خەلیل: هەندێک گروپیان دێن بۆ هاوئاهەنگیی ئەم کارە، بۆ ئەوەی بزانن چۆن پرۆسەی تێکەڵبوون بکرێت. تێکەڵبوون کاری شە و رۆژێک نییە و مانگێک دەخایەنێت. لەم مانگەدا ئامادەکاری دەکرێت. ئێمە لە سووریا جیاواز نین، ئەوانیش دەڵێن ئەمانە ناوچەی ئێمەن و پێکەوەین. بۆ نموونە ئاساییش لێرەیە؛ ژمارەیان چەندە؟ لە کوێ جێگیر دەبن؟ پێشتر وەک "خۆسەری" هەبووە، بەڵام ئێستا دەبێتە بەشێک لە سیستمی سووریا، ئەو کات ناچارین هاوئاهەنگیی بکەین. ئەگەر هاوئاهەنگی و پلاندانان نەبێت کارەکە ناڕوات. تەنانەت هەندێک وردەکاریی بچووکیش هەن؛ بۆ نموونە ئەم ئەندامانە تاوەکو ئێستا مووچەیان، پێداویستیی تەندروستییان پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دابینی دەکرد، بەڵام لەمەودوا هەمووی بە دیمەشقەوە دەبەسترێتەوە.
 
رووداو: ئەم فەرمانبەرانەی لای ئێوە، لە لای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئیدی مووچە لە دیمەشق وەردەگرن؟
 
ئاڵدار خەلیل: دۆسیەکانیان هەمووی بە دەوڵەتەوە دەبەسترێتەوە. مووچە لێرە وەردەگرن، بەڵام لە رووی فەرمییەوە ناوەندی کارەکەیان سەر بەم دەوڵەتەیە و سەر بە دیمەشقە، بەڵام هەموو کارەکان لە ناو پارێزگادا دەکرێن. دەسەڵاتێکی خۆجێییە، بەڵام سەر بە دەوڵەتە. تاوەکو ئێستا ئەم فەرمانبەرانەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، کارمەندانی ئاساییش و پاسەوانەکان، تۆمارەکانیان لە دیمەشق نەبووە؛ لە دیمەشق بە فەرمیی نەناسرابوون، مەبەستم ئەوەیە لەمەودوا دیمەشق بە فەرمیی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات. 
 
رووداو: بەڵام زۆر کەس لە لایەن دیمەشقەوە داواکراو بوون، هەندێک کەس بێسەروشوێنن؛ ئایا لەگەڵ دیمەشق باسی قەرەبووکردنەوە و گەڕان بەدوای ئەوانەتان کردووە؟
 
ئاڵدار خەلیل: چۆن؟ خەڵکی دەرەوەی ئێرەن و لێرە بێسەروشوێن بوون؟
 
رووداو: نەخێر، بۆ نموونە خەڵکی خۆمانن لە رۆژئاوای کوردستان و لە دیمەشق بێسەروشوێن بوون، یان لە زیندانەکاندان، یان ئاستەنگی هاتووچۆیان بۆ دروست دەکرێت، یان شەڕڤانی دیل لای حکومەت هەن؛ لە شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە، دێر حافیر، رەققە و تەبقا بینیمانن.
 
ئاڵدار خەلیل: بەڵێ، ئێستا پرسی دیلەکان پرسێکی سەرەکییە و لە سەرەتاوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. ئەوان دەڵێن کاتێک هەنگاوەکان بنرێن، کێشە لە نێوانماندا نامێنێت و دوژمنایەتیش نامێنێت، ئەو کات بۆچی دیل لای یەکدی بهێڵینەوە؟ بەراستی وایە. لە دێر حافیر پێشێلکارییان کرد. دەزانن ئاگربەستەکەمان 48 کاژێر بوو، بەڵام لە کاژێری یەکەمدا هێرشیان کرد و هێزی هەسەدە لەو ئامادەباشییەدا نەبوو، چونکە خۆیان بۆ ئاگربەست ئامادە کردبوو، بۆیە زۆر کەس بە دیل گیران. ئێستا قسەیان لەگەڵ کراوە و گوتویانە هەموویان ئازاد دەکەن، لەم دواییانەدا دەڵێن ئەوانە "میوانی" ئێمەن! دەی باشە کە میوانن ئازادیان بکەن! بۆیە هەندێک شت هەن بۆ دروستکردنی متمانە لە نێوان هەردوو لادا، کەمێک هەستیارن.
 
رووداو: دیلی ئەوانیش لای ئێوە هەن؟
 
ئاڵدار خەلیل:  هەموو وردەکارییەکان و ئامارەکان نازانم.
 
رووداو: دەتەوێت بڵێیت ئەمە پرسێکی سەربازییە.
 
ئاڵدار خەلیل: پرسێکی هەم ئەمنییە و هەم سەربازییە، بەڵام ئەگەر هەبن، بێگومان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.
 
رووداو: پرسیاری کۆتایی؛ باسی هەندێک پۆستمان کرد وەک پارێزگار و جێگری وەزیرەکان. ئایا ئێوە هەمیشە ئەوانە دەستنیشان دەکەن، یان لە داهاتوودا ئەو دۆسیەیە دەکەوێتە دەستی دیمەشق؟
 
ئاڵدار خەلیل: ئێستا دەبێت هەمیشە ئەم ناوچەیە خۆی بیکات. تەنانەت پێشنیازمان هەیە پێکەوە دەستوور بنووسینەوە. لە دەستووردا وا دەکەین کە خۆسەریی ئێرە تەنیا بەم شێوەیە نەبێت، بەڵکو فراوانتر بێت. ئەمە خەباتێکە.
 
رووداو: وتت خۆسەری؟
 
ئاڵدار خەلیل: خۆسەری چییە؟
 
رووداو: واتا بەڕێوەبەریی خۆسەر نامێنێت؟
 
ئاڵدار خەلیل: نەخێر، نەخێر. خۆسەری واتا تۆ خاوەن تایبەتمەندی بیت. خۆسەری واتا تایبەتمەندی؛ سوەیدا تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ناوچەی کەناراو تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ئێرەش تایبەتمەندیی خۆی هەیە، کۆبانێ و عەفرینیش هەر وا. ئەوانە خۆسەرن، واتا خۆسەرییەکیان هەیە. دەبێت لە دەستووری سووریادا ئەمە بنووسرێت کە ناوچە کوردییەکان چۆن دەبن. باشە، ئێوە قبووڵ  ناکەن سووریا پارچە بێت و هەستیاریتان بەرامبەر ناوی کوردستان هەیە، بەڵام دەبێت تایبەتمەندییەکانی بپارێزرێن، چونکە ئەم ناوچەیە وەک ناوچەکانی دیکە نییە.
 
رووداو: لە رووی جوگرافی یان کارگێڕییەوە، یان لە رووی سیاسییەوە بپارێزرێت؟
 
ئاڵدار خەلیل: ئێستا جوگرافی زیاتر لە پێشەوەیە، چونکە رۆژئاوا وەک ناوچەکانی دیکە نییە. سەیر بکە، لە باشوور (هەرێمی کوردستان)، لە زاخۆ و دهۆک و هەولێرەوە تا دەگەیتە هەڵەبجە و سلێمانی، رەنگە ژمارەیەکی زۆر کەم عەرەبی لێ بێت یان میوان بن؛ لێرە وا نییە. لێرە، راستە رەنگە لە مێژووی کۆندا وا نەبووبێت، بەڵام ئێستا واقیعەکە وایە کە گوندەکانمان تێکەڵاون، لە گەڕەکەکاندا دراوسێی یەکین و ناتوانین لە یەکدییان جیا بکەینەوە. کاتێک دەڵێین جوگرافی، رەنگە باشتر بێت بڵێین جوگرافی، ئیدی ئێمە و گەلانی ئەم ناوچەیە پێکەوە سیستمێک بۆ خۆمان دروست دەکەین و تایبەتمەندیی خۆمان دەپارێزین. ئێمە وەک کورد، ناسنامە و زمان و کولتووری خۆمانمان هەبێت و لە هەموو شتێکدا ئازاد بین، بەڵام با دوژمنایەتی لە نێوانماندا نەبێت.
 
رووداو: کاتێک لە سێمالکاوە هاتم، کێڵگەکانی نەوت کاریان دەکرد، بەڵام ئەمجارە بینیم هی گازیش هەبوون و هەموویان وەستابوون. ئایا ئەم هەموو گاز و نەوتە دەکەوێتە دەستی دیمەشق، یان پشکی ئێوەی تێدا دەبێت؟ ئەم دۆسیەیە زۆر گرنگە، چۆن چارەسەر دەکرێت؟
 
ئاڵدار خەلیل: دەزانی دڵبخوین پێش چەند ساڵێک لە چاوپێکەوتنێکدا ئەمەم گوت، رەنگە 8 یان 10 ساڵ لەمەوبەر بێت. سامانە نیشتمانییەکان؛ وەک نەوت، فڕۆکەخانە، شوێنە گشتییەکان، دەروازە سنوورییەکان، ئەمانە هەمووی گشتین. ناتوانی تەنیا بە ناوچەیەکەوە بیبەستیتەوە. ئەمانە بە شێوەیەکی سرووشتی، ئێمە چاومان لێیان نییە تەنیا بۆ ناوچەکەی خۆمان بێت. کاتێک دەڵێین ئارامیی هەموو سووریا و هەبوونی هەموو سووریا بۆ ئێمە گرنگە، ئەو کات دەڵێین ئەمانەش سوورین. بەڵام ئەوەش گرنگە کە لە داهاتەکەی، پشکی ناوچەکە هەبێت، چونکە لەو ناوچەیە دەردەچێت. گرنگە لە بودجەی گشتیی سووریادا پشکی ئەم ناوچەیە هەبێت، بەڵام چونکە نەوتی لێ دەردەچێت دەبێت تایبەتمەندی و خۆسەرییەکی بۆ هەژمار بکرێت. لەم بوارانەدا زۆر وردەکاری هەن، نامەوێت لە ئێستاوە بچمە ناو هەموویانەوە، بەڵام دەمەوێت میللەتەکەمان ئەوە بزانێت کە بۆ پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانمان، بەبێ ئەوەی هەنگاوێک پاشەکشە بکەین، خەبات دەکەین.
 
رووداو: زۆر باشە، ئێستا لە ئێرەوە دەگەڕێینەوە بۆ باشووری کوردستان هەڤاڵ ئاڵدار. ئایا لە سێمالکا فەرمانبەری عەرەبی سووری دەبینین، یان هەر کوردەکان دەبینین لەسەر سنوور؟
 
ئاڵدار خەلیل: نەخێر، هەر هەمان ئەو کەسانەی کاتێک هاتیت بینیت، هەر ئەوان دەبینیت و هیچ گۆڕانکارییەک روونادات. بەڵام دەکرێت لە دیمەشقەوە 2 یان 3 کەس وەک شاند بێن و لەوێ دابنیشن و لە ژوورەکەوە چاودێری بکەن. وەک ئەوەی لە فڕۆکەخانەی هەولێر لە بیرمە؛ کاتێک هاتین و پاسپۆرتمان دا، کارمەندێک سەیری کرد و دواتر کەسێکی دیکە هات و لە شوێنی ئەو دانیشت. نەمزانی ئەوە بۆ ئێوەش وابووە یان نا، جار هەیە دوو کەسن. پرسیم بۆچی دوو کەسن؟ گوتیان یەکێکیان نوێنەری بەغدایە. واتا هەندێک رێکار هەن ئەوان دەیکەن، شتێکی ئاساییە نوێنەری دیمەشقیش لای ئێمە هەبێت، بەڵام کارمەند و سیستمەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.
 
رووداو: زۆر سوپاس، خۆشحاڵ بووم، ماڵت ئاوا، کاتی خۆتت پێدام و بە سینگێکی فراوان وەڵامی هەموو پرسیارەکانت دامەوە. ئاڵدار خەلیل، ئەندامی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە میوانم بووی، زۆر سوپاس.
 
ئاڵدار خەلیل: منیش خۆشحاڵ بووم، سوپاس بۆ تۆش.
 
رووداو: هەر بمێنیت، زۆر سوپاس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان