دوو بەرپرسی جۆلەمێرگ باسی مەترسییەکانی جەنگی ئێران لەسەر ناوچەکەیان بۆ رووداو دەکەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ساڵح ئۆزدەمیر، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی گەڤەر و موحەرەم تەکین، سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی پیشەوەران و بازرگانانی جۆلەمێرگ لە دوو هەڤپەیڤینی جیادا وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداویان لەبارەی کاریگەریی جەنگی ئێران و دۆخی جۆلەمێرگی باکووری کوردستان کە هاوسنوورە لەگەڵ رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، دایەوە.
 
ئۆزدەمیر دەڵێ، بەگوێرەی داتاکانی دوو مانگی یەکەمی ساڵی 2026 (کانوونی دووەم و شوبات)، قەبارەی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئێران نزیکەی 918 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو هەناردەکردن 13% کەمیکردووە و بۆ 453 ملیۆن دۆلار دابەزیوە، هاوردەکردنیش 10% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 465 ملیۆن دۆلار. هۆکاری زیادبوونی هاوردەشی بۆ هاوردەکردنی گازی سرووشتی لە ئێرانەوە گەڕاندەوە.
 
هەروەها موحەرەم تەکین، سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی پیشەوەران و بازرگانانی جۆلەمێرگ لە سەر هەمان بابەت وەڵامی پرسیارەکانی رووداوی دایەوە و رایگەیاند، جەنگی ئێران گورزێکی قورسی لە بازرگانی و ئابووریی ناوچەکە، بەتایبەتیش جۆلەمێرگ داوە. 
 
هەروەها لەبارەی کاریگەریی جەنگی ئێران لەسەر پارێزگاکە گوتی، "هەکاری یەکێکە لەو پارێزگایانەی تورکیا کە خاوەنی گەنجترین دانیشتووانە، بەڵام ئەگەر دەروازەی ئەسەندەرە هەر بەم سنووردارییە بمێنێتەوە، بێکاری و هەژاری زیاد دەبن و شەپۆلی کۆچی گەنجانیشمان بۆ شارەکانی رۆژئاوای تورکیا خێراتر دەبێت."
 
تەکین لەبارەی جموجۆڵی دەروازەی سنووریی شارۆچکەی رووبارۆک (لە نێوان باکوور و باشووری کوردستانە) رایگەیاند، لە دەروازەکەدا تەنیا هاتووچۆی پیادە هەیە و گوتی، "ئەو دەروازەیە خاوەن توانایەکی بەرزی بازرگانییە. ئەگەر ژێرخانەکەی تەواو بکرێت، گۆڕەپانێکی مۆدێرنی گومرگی دروست بکرێت و بەڕووی ئۆتۆمبێلدا بکرێتەوە، پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردیی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو گەشە دەکەن. هاوکات، ئەمە دەبێتە هۆی هاوکارییەکی زۆری کەرتی گەشتیاریی ناوچەکەش."
 
تەکین هەروەها رایگەیاند، ئەگەر ژێرخانەکەی تەواو بکرێت، گۆڕەپانێکی مۆدێرنی گومرگی دروست بکرێت و بەڕووی ئۆتۆمبێلدا بکرێتەوە، پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو گەشە دەکەن. هاوکات، ئەمە دەبێتە هۆی هاوکارییەکی زۆری کەرتی گەشتیاریی ناوچەکەش.
 
دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ ساڵح ئۆزدەمیر، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی گەڤەر: 

رووداو: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی گەڤەر (یوکسەکۆڤا) خاوەنی دوو دەروازەی سنووریی جیاوازە لەگەڵ رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، ئێوە توانا و جموجۆڵی ئەو سنوورانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
 
ساڵح ئۆزدەمیر: دەروازەی سنووریی ئەسەندەرە؛ لە ساڵی 2013دا بە هاوکاریی وەزارەتی گومرگ و بازرگانی و یەکێتیی ژوورەکان و بۆرسەکانی تورکیا (TOBB) بە مۆدێلی "بنیات بنێ، بەگەڕ بخە، رادەستی بکەوە" نۆژەن کرایەوە. لەم چوارچێوەیەدا، لەسەر رووبەری 56 هەزار مەتر چوارگۆشە؛ باڵەخانەی کارگێڕی، فرۆشگە، خواردنگە، قەپان، رێڕەوی گەشتیاران، هۆڵی چاوەڕوانی و بەشە تەکنیکییەکان، لەگەڵ یەکەی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەران دروست کراون. ئامانج لەم نۆژەنکردنەوەیە ئەوە بوو ببێتە یەکێک لە پڕئامێرترین دەروازە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ. دەروازەکە 7 رۆژی هەفتە و 24 کاژێر کراوەیە و خزمەتگوزاریی هاتووچۆ پێشکێش بە هاووڵاتییانی هەردوو وڵات دەکات.
 
رووداو: قەبارەی گشتیی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئێران چەندە و دەروازەی ئەسێندەرە چەند لەسەدی ئەم بازرگانییە دابین دەکات؟ ئایا پێتان وایە گرژییەکانی ئێستای ناوچەکە بووەتە هۆی پاشەکشە لە چالاکییە بازرگانییەکاندا؟
 
ساڵح ئۆزدەمیر: بەگوێرەی داتاکانی دوو مانگی یەکەمی ساڵی 2026 (کانوونی دووەم و شوبات)، قەبارەی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئێران نزیکەی 918 ملیۆن دۆلار بووە.
 
هەناردەکردن، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 13% کەمیکردووە و بۆ 453 ملیۆن دۆلار دابەزیوە. هاوردەکردن، بە رێژەی 10% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 465 ملیۆن دۆلار. گەورەترین پشکی ئەم زیادبوونە بۆ هاوردەکردنی گازی سرووشتی لە ئێرانەوە دەگەڕێتەوە (کە ساڵانە 3.5 هێندە زیادی کردووە) بەهۆی پێویستیی وزە. لە ساڵی 2025دا قەبارەی گشتیی بازرگانی لە ئاستی 5.5 ملیار دۆلاردا بووە. دەروازەی ئەسەندەرە بەگشتی 15% تاوەکو 20%ی بازرگانیی وشکانی دابین دەکات. بەتایبەت بەهۆی ئەوەی لەسەر هێڵی لۆجیستیی گەڤەردایە، رۆڵێکی گرنگی لە هەناردەکردنی خۆراک و کەرەستەی بیناسازیدا هەیە. تێبینی دەکرێت کە گرژییەکانی ئێستای ناوچەکە (مەترسییەکانی تەنگەی هورمز و کاریگەریی ململانێ) بووەتە هۆی پاشەکشەیەکی کاتی لە چالاکییە بازرگانیدا. تێچووی لۆجیستی، لە سەرەتای ساڵی 2026وە، زیادبوونی گرژییەکان بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی گواستنەوە تاوەکو ئاستی 50%. ئەمەش توانای کێبڕکێی ئەو بەرهەمانەی تێچوویان کەمە، لاواز دەکات. نیگەرانیی ئەمنی و جموجووڵ لەسەر هێڵی سنووری، کاریگەریی نەرێنی راستەوخۆی لەسەر بازرگانیی کۆڵبەری و هاتووچۆی کاسبکارانی ناوچەکە هەبووە. ئەوەی هەناردەکاران بازاڕی ئێران لە ستراتیجییەکانی ساڵی 2026دا وەک مەترسی پۆلێن دەکەن، بووەتە هۆی دواخستنی وەبەرهێنانی نوێ. بە کورتی؛ لە هەناردەکردنی کاڵاکانی پیشەسازی و بەکاربردندا سستبوونێکی بەرچاو بەهۆی گرژییەکانەوە هەیە.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی گەڤەرەوە دەستکەوتوون، قەبارەی هاوردە و هەناردە بەم جۆرەیە:
 
• هەناردەی 2025: 11,509,649.81 دۆلار.
• هاوردەی 2025: 156,501.55 دۆلار.
• هەناردەی 2026: 1,433,223.79 دۆلار.
• هاوردەی 2026: 60,186.20 دۆلار.
 
رووداو: بۆ ئەوەی گەڤەر ببێتە ناوەندێکی بازرگانیی ناوچەکە، چ هەنگاوێکی لەپێشینە و بەرجەستە لە حکومەتی تورکیا چاوەڕێ دەکەن؟
 
ساڵح ئۆزدەمیر: پێگەی ستراتیجیی گەڤەر، توانای ئەوەی هەیە ئەم شارۆچکەیە نەک تەنیا وەک خاڵێکی پەڕینەوە، بەڵکو وەک "بنکەیەکی بازرگانی و لۆجیستی" لێ بکات. بەڵام بۆ بەدیهێنانی ئەمە، ئەو هەنگاوانەی لە حکومەتی تورکیا چاوەڕێ دەکرێن لە 4 خاڵی سەرەکیدا کۆدەبنەوە:
 
1- ناوچەی پیشەسازیی رێکخراو؛ بۆ ئەوەی گەڤەر ببێتە خاوەن ناسنامەیەکی بازرگانی، پێویستە لە مۆدێلی (بکڕە و بفرۆشە)وە بگۆڕێت بۆ (بەرهەم بهێنە و بفرۆشە). پێویستە کارەکانی ژێرخانی ناوچەی پیشەسازیی گەڤەر کە ئامانجە تاوەکو کۆتایی 2026 تەواو بێت، بەبێ دواکەوتن کۆتایی بێت و پاکێجی هاندەری سەرنجڕاکێش پێشکێشی وەبەرهێنەران بکرێت. پێویستە ستاتۆی (ناوچەی ئازاد) یان لێخۆشبوونی باج بۆ ئەو دامەزراوانە دابین بکرێت کە کەرەستەی خاوی ناوخۆیی هەناردە دەکەن.
 
2- پڕۆژەی ناوەندی لۆجیستیی یەکگرتوو؛ بۆ ئەوەی دەروازەکانی ئەسەندەرە و دێرەلووک بە تەواوی توانای خۆیان کار بکەن، دەبێت گەڤەر ببێتە (ناوەندی کۆگەکردن). دابینکردنی پاڵپشتیی دەوڵەت بۆ پڕۆژەکانی کۆگەی لۆجیستی، کۆگەی گومرگی و ساردکەرەوەکان لەگەڵ کردنەوەی بەشی کارگۆی  فڕۆکەخانەی سەڵاحەدینی ئەیوبیی گەڤەر، خێرایی بازرگانیی ناوچەکە دەگەیێنێتە ئاستی نێودەوڵەتی.
 
3- مۆدێرنکردنی دەروازە سنوورییەکان؛ ئەمە گەورەترین بەربەستی بەردەم بازرگانیی پرۆسە بیرۆکراتی و تەکنیکییەکانە. پێویستە مۆدێرنکردنی هاوشێوەی ئەسەندەرە بۆ دێرەلووکیش خێرا بکرێت و بۆ هاتووچۆی بارهەڵگر، گومرگەکە بکرێتە جۆری A ، هەروەها گوشاری دیپلۆماسی بۆ کەمکردنەوەی رێکاری رۆتینیی  گومرگی لەگەڵ لایەنە ئێرانی و عێراقی، بکرێت.
 
4- باشترکردنی تۆڕەکانی گواستنەوە؛ تەواوکردنی تونێلەکان و چاککردنی رێگەی (یەنیکۆپرو – گەڤەر) بە زووترین کات، تاوەکو بارهەڵگرەکان لە زستاندا تووشی کێشە نەبن. بەرزکردنەوەی ستانداردی ئەو رێگەیانەی ناوچەکە بە بازاڕە ناوخۆییەکان و بەندەرەکانەوە دەبەستنەوە بۆ ئاستی (ئۆتۆبان).
 
دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ موحەرەم تەکین، سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی پیشەوەران و بازرگانانی جۆلەمێرگ:

رووداو: کاریگەریی گرژییەکانی ناوچەکە لەسەر کاسبکارانی جۆلەمێرگ چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ بەراورد بە پێش دەستپێکردنی جەنگ، بارودۆخی ئێستا چ جیاوازییەکی بازرگانیی دروستکردووە؟ بەتایبەتی کە ئێوە لەڕێی دەروازەی ئەسەندەرە لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و دەروازەی زێت لەگەڵ باشووری کوردستان بەستراونەتەوە.
 
موحەرەم تەکین: ئەو گرژییانەی لە ناوچەکەدا هەن، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی هەکاری (جۆلەمێرگ) لەسەر سنووری ئێرانە، گورزێکی کوشندەیان لە ئابووریی ناوچەکە وەشاندووە. دەروازەی سنووریی ئەسەندەرە بۆ ئابووریی هەکاری زۆر گرنگە، بەڵام ئێستا بەهۆی گرژییەکانی ئێرانەوە سنووردارە. پێش ئەو دۆخە رۆژانە دوو بۆ سێ هەزار کەس هاتووچۆیان لەو نێوانە دەکرد، بەڵام ئێستا تەنیا بۆ ئەوانەی رەگەزنامەی دوولایەنەیان هەیە و ئەو هاووڵاتییانەش کە دەگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، هاتووچۆ هەیە. ئەمەش کاریگەریی زۆر خراپی کردووەتە سەر ئەو کاسبکارانەی بژێوییان لەسەر بازرگانیی رۆژانەی دەروازەکەیە. ژینگەیەکی نادڵنیایی، بازرگانیی گەیاندووەتە ئاستی وەستان؛ ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، زۆربەی کاسبکارانی ئەوێ رووبەڕووی مایەپووچبوون دەبنەوە.
 
رووداو: ئاشکرایە ئەو ناسەقامگیرییە راستەوخۆ کاریگەریی کردووەتە سەر دەروازەی سنووریی ئەسەندەرە. رەنگدانەوەی ئەم دۆخە لەسەر هاونیشتمانیانی جۆلەمێرگ و ئابووریی ناوچەکە چییە؟
 
موحەرەم تەکین: ناسەقامگیرییەکە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر دەروازەی سنووریی ئەسەندەرە هەیە. ئەم دەروازەیە لەڕووی ئابوورییەوە بۆ ناوچەکە زۆر گرنگە و بۆ هەزاران خێزان کە داهاتی جێگیریان نییە، سەرچاوەی بژێوییە. بەڵام بەهۆی سنووردارکردنەوە، چالاکیی دەروازەکە بە رێژەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە، ئەمەش خەڵکی ناوچەکەی تووشی زیان کردووە و هاوکات ئابووریی ناوخۆی بە قووڵی هەژاندووە.
 
رووداو: دەتوانین بڵێین نادڵنیایی ئابووری لە ناوچەکە، شەپۆلی کۆچی گەنجانی هەکاریی بەرەو شارەکانی رۆژئاوای تورکیا خێراتر کردووە؟
 
موحەرەم تەکین: رێژەی بێکاری لە هەکاری نزیکەی دوو هێندەی تێکڕای تورکیایە. هاوکات هەکاری یەکێکە لەو پارێزگایانەی تورکیا کە خاوەنی گەنجترین دانیشتووانە. بەهۆی کەمیی وەبەرهێنان بۆ رەخساندنی هەلی کار و نەبوونی پێشکەوتنی پیشەسازی، گەنجان پێشتریش هەر بەرەو شارەکانی رۆژئاوا کۆچیان دەکرد. بۆ ئەو گەنجانەی لە ناوچەکەدا ماونەتەوە، دەروازە سنوورییەکان سەرچاوەیەکی گرنگی بژێوین، بەڵام ئەگەر دەروازەی ئەسەندەرە هەر بەم سنووردارییە بمێنێتەوە، بێکاری زیاتر دەبێت، هەژاری قووڵتر دەبێتەوە و شەپۆلی کۆچیش خێراتر دەبێت.
 
رووداو: ئایا لە دۆخی ئێستای دەروازەی سنووریی دەرەجیک (رووبارۆک) گۆڕانکارییەک هەیە؟ ئایا ئامارێکی نوێتان لەبەردەستە سەبارەت بە هاتووچۆی نێوان باکوور و باشووری کوردستان لەو دەروازەیەدا؟
 
موحەرەم تەکین: دەروازەی سنووریی دەرەجیک لەبەر کەموکوڕیی ژێرخان، لەم کاتەدا تەنیا بۆ هاتووچۆی پیادە کراوەیە و ئۆتۆمبێل ناتوانێت پێیدا تێپەڕێت. هەروەها هاتووچۆ تەنیا لە کاتی دەوامی فەرمیی رۆژانی هەفتەدایە. بۆ ئەوەی دەروازەکە بەڕووی ئۆتۆمبێلدا بکرێتەوە و بە شێوەی 24 کاژێری خزمەتگوزاری پێشکێش بکات، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی هەوڵی پێویستمان داوە. هەرچەندە هێشتا کاتێکی دیاریکراو بۆ گۆڕینی دۆخەکە رانەگەیێندراوە، بەڵام پێشکەوتنی ئەرێنی هەبووە بۆ ئەوەی لە کۆتایی هەفتەشدا هاتووچۆ بکرێت و چاوەڕوان دەکرێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
رووداو: دەروازەی سنووریی دەرەجیک (رووبارۆک) تا چەند بووەتە هۆی بەهێزکردنی هاوکاریی بازرگانیی نێوان دامەزراوەکەتان و هەرێمی کوردستان؟
 
موحەرەم تەکین: دەروازەی سنووریی دەرەجیک چونکە ئێستا تەنیا بۆ پیادە کراوەیە، چالاکییە بازرگانییەکان تێیدا زۆر سنووردارن. ئێستا تەنیا جموجۆڵێک هەیە کە پەیوەستە بەو کاڵایانەی گەشتیاران کە لەگەڵ خۆیان دەیهێنن. لەکاتێکدا ئەو دەروازەیە خاوەن توانایەکی بەرزی بازرگانییە. ئەگەر ژێرخانەکەی تەواو بکرێت، گۆڕەپانێکی مۆدێرنی گومرگی دروست بکرێت و بەڕووی ئۆتۆمبێلدا بکرێتەوە، پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردیی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو گەشە دەکەن. هاوکات، ئەمە دەبێتە هۆی هاوکارییەکی زۆری کەرتی گەشتیاریی ناوچەکەش.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێمن عەبدوڵڵا لەگەڵ پایکس و وێنەی ئەو کاراکتەرەی بۆ هونەرمەندە AIـەکە دروستکراوە

تەواوی چیرۆکی گۆرانیی "هەرە گولێ" کە جیهانی بە کوردی هێنایە سەما؛ پیاوە ماسکدارەکەی پشت گۆرانییەکە کێیە؟

هەموو شتێک لە یەکشەممەیەکی هێمنی کۆتایی مانگی سێ دەستیپێکرد. لەژێر تریفەی گڵۆپی سووری ترافیک لایتێکدا لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا، لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا کە بێدەنگییەکەی تەنیا بە دەنگێکی خاو و نەناسراو دەشکا، دوو گەنجی کوردستانی و ئەریتیریایی، سەریان بۆ چێژبینین لە دەنگی خۆشی گۆرانیبێژێک رادەوەشاند کە خۆیان بە ژیریی دەستکرد دروستیانکردبوو و تازە گۆرانیی (گولێ)یان پێ گوتبوو. لووام مێسفین، مۆبایلەکەی دەرهێنا و بەدەم گوتنی گۆرانییەکەوە ڤیدیۆیەکی تۆمار کرد و لە تیکتۆک بڵاویکردەوە. لەو چرکەیەوە بۆمبێکی کولتووریی کوردی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تەقییەوە. لەماوەی چەند کاژێرێکی کەمدا، ژمارەی بینینەکان لەسەر شاشەکان وەک دڵەخورپەی مرۆڤێکی عاشقیان لێهات. سەرەتا 50 هەزار، ئینجا 100 هەزار، دواتر بووە زریانێکی دەنگ و میوزیک و سەما کە جیهانی تەنییەوە و چیدیکە هیچ بەربەستێک ناتوانێ رایگرێ