رووداو دیجیتاڵ
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەردە لەسەر کۆمەڵێک پرسی هەستیار و چارەنووسساز لادەبات، کە پەیوەستن بە ئاییندەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا.
میرانی تیشک دەخاتە سەر هۆکاری گەڕانەوەی تیمی پارتی لە بەغدا بۆ هەولێر و جەخت دەکاتەوە، کە ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ "راوێژ" بووە نەک بایکۆتی یەکجاری، بەڵام هاوکات مەرجەکانی پارتی بۆ بەشداریکردن لە هەر پرۆسەیەکی سیاسیی نوێ دەخاتەڕوو.
لە نێو ئاخاوتنەکانیدا، میرانی ئاماژە بەوە دەکات، کە پارتی تەنیا شەڕی مووچە و بودجە ناکات، بەڵکو ئامانجە گەورەکەی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئەو مافە دەستوورییانەیە کە بە خوێنی هەزاران شەهید بەدەست هاتوون.
ئەو بە راشکاوی باس لە قورسایی پارتی دەکات لە هاوکێشەکاندا و دەڵێت، مامەڵەکردن لەگەڵ پارتی دەبێت لەسەر بنەمای قورسایی جەماوەری بێت نەک تەنیا ژمارەی کورسییەکان. هەروەها لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەخت لە هاوچارەنووسیی هەموو لایەک دەکاتەوە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: زۆر خۆشحاڵبووم کە ئەم هەڤپەیڤینە لەگەڵ بەڕێزتان ساز بکەین، لە کاتێکدا زۆرن ئەوانەی چاوەڕێن بزانن هەڵوێستی پارتی چی دەبێت.
فازڵ میرانی: زۆر بەخێربێی کاک هێڤیدار، خۆشەویستی زۆر، بە سورمانجی قسەت کرد، منیش بە سورمانجی قسەت بۆ بکەم یان.
رووداو: کوردییەکەی بەڕێزت تایبەتە، ئێستا خەڵک هەمووی حەزی لێیە بزانێت پارتی هەڵوێستەکانی چین، لەم دواییانە پارتی، دەڵێن بایکۆت بووەو دەڵێن بایکۆت نەبووە و بۆ راوێژ بووە. تیمی خۆی لە بەغدا هەمووی هێناوەتەوە هەرێمی کوردستان. بە تامی بایکۆت بووە، ئامانجەکەتان مسۆگەر کرد؟
فازڵ میرانی: خوێندکاری زیرەک لە نیوەی پرسیارەکە تێدەگات، لە تاقیکردنەوە پێویست ناکات پرسیارەکەی هەمووی بخوێنێتەوە. کاکە هێڤیدار، بە بۆچوونی من پێویستە خەڵکی کوردستان بە گشتی و پارتییەکان بەتایبەتی بزانن، پارتی تەنیا شەڕی مووچە و کورسی ناکات، ئەمە یەکێکە لە ئامرازەکانی شەڕەکە، بەڵام ئامرازێکی گەورەتر هەیە، پرسی نەتەوایەتییە و پرسی قەوارەی ئەم هەرێم و فیدراڵییەتەیە، کە بە هەزاران شەهید و ئەنفالمان لە پێناو داوە. چونکە ئەمەی ئەمڕۆ دەکرێت، پارتی بیەوێت و نەیەوێت، لە بنەڕەتدا مێژووەکەی بەوەوە گرێدراوە، لەسەر پرسی نەتەوایەتییەکەی. ئێمە موزایەدە لەسەر خەڵکی دیکە ناکەین، چونکە ئەمەیان پەسەندە، یان ئەمەیان پەسەند کردووە و وازیان لە پرسی نەتەوایەتی هێناوە. ئێمە بانگەشە ناکەین، بەڵام ئێمە مافمان بەسەر خۆمانەوە هەیە. ئێمە تاوەکو پێمان بکرێت، بەشێوەیەکی کرداریی کاری خۆمان دەکەین. لە لایەکەوە لەسەر پرسە بنەڕەتییەکان سوور دەبین، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بەرژەوەندیی گەلەکەمان و بژێوی خەڵکەکەمان و لەپێش هەموو شتێکیش ئاسایشی خەڵکەکەی خۆمان لەبەرچاو دەگرین. لەبەر ئەوە گلەییەکم هەر لە رووداویش هەبوو، کە ئێمە بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیمان هەبوو، ئێمە زۆر زۆر بە کوردییەکی پەتی، کاک مەحموود نووسیویەتی، ئێمە بانگی برادەرانی خۆمان لە بەغدا دەکەین بۆ راوێژ. ئێوە گوتتان "بۆ هەڵوێست وەرگرتن". بە کوردییەکەی خۆم، جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان راوێژ و هەڵوێست وەرگرتن. دەکرێت راوێژ بۆ هەڵوێست وەرگرتن بێت، بەڵام هەموو راوێژێک وەک ئەوە نییە بڵێی هەموو شیوعییەک سۆسیالیستە، بەڵام هەموو سۆسیالیستێک شیوعی نییە. هەموو هەڵوێست وەرگرتنێک راوێژی دەوێت، بەڵام هەموو راوێژێک هەڵوێست وەرگرتنی لێ دەرناچێت.
رووداو: بارودۆخەکە وا بوو، واتە دوای ئەم پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، گوتیان ئەمە تامی بایکۆتە. ئێستا ئەوەی کە پارتی تیمەکەی بانگهێشت کرد و هاتەوە و راوێژەکەتان کرد، ئەو ئاکامە بەدیهات کە پارتی تیمەکەی بۆی هێنایەوە؟
فازڵ میرانی: پێشبینی دەکەم ئاکامەکان بە شەو و رۆژێک دیار نابن، چونکە ئەم فیدراڵییەتەی لە عێراقێکی نوێی یەکگرتوودا بە خەباتی کورد بە رۆژێک و شەوێک دانەنراوە. ئەگەر تەماشای بکەیت، شۆڕشی کوردستان لەبەرچاو بگریت، بە قۆناخدا هاتووە تاوەکو گەیشتووەتە ئێرە. بەدەستهێنانی دەستکەوت لەوانەیە ئاسان بێت، بەڵام پاراستنی دەستکەوت و گەشەپێکردنی دەستکەوتەکان کارێکی گرانترەو ئاسانتر نییە. ئێمە بە شێوەیەک لە شێوەکان، مافی نەتەوەیی و مافی کوردستانی خۆمان بەدەستهێناوە و لە دەستووردا جێگیر کراوە. بەڵام ئەمە قۆناخێکە. قۆناخی دیکە، چۆن ئەمە بپارێزین لە پیلانگێڕییەکانی سەری و دوای پاراستنەکەی، چۆن گەشەی پێ بدەین؟ لەبەر ئەوە، ئێمە کە تیمی خۆمان هێناوە بۆ راوێژ، راوێژمان کردووە. لە دوای ئەوەدا، ئەوەی کە راسپێردرا بۆ سەرۆکایەتیی حکومەتی داهاتوو، بەڕێز عەلی زەیدی، هاتە لای بەڕێز سەرۆک، هاتە لای بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاتە لای بەڕێز سەرۆکوەزیران، هاتە لای مەکتەبی سیاسیی پارتی و وەکو حیزبەکانی دیکە بۆ راوێژ هاتبوو. پرسیارێک دێتە پێش: ئێمە بە دوورەپەرێزی دەتوانین بەرگری لەو پرسانەی کە ناکۆکییان لەسەرە بکەین، یان دەبێت بەشدار بین تێیدا؟ بۆ نموونە، بەش بە حاڵی خۆم، من بە کارێکی راستی نازانم، کە لە دەرەوەی حیزب یان لەناو حیزب، رای گشتیی کورد زوو زوو گەرم دەبێتەوە: با بایکۆتبکەین، با پاشەکشە بکەین. بەڵام لە هەموو دنیادا، ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمان لە کوێ دەبێت؟ لەناو خودی پەرلەمان دەبێت. ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمان لە دەرەوەی پەرلەمان هیچی پێ ناکرێت. لەبەر ئەوە، تەماشای بەریتانیا بکەین، تەماشای کۆنگرێسی ئەمریکی بکەین، تەماشای ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکی بکەین، تەماشای پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بکەین، ئۆپۆزسیۆن لە کوێیە؟ ئەوانە یەکێتییەکی ئەورووپین، بەڵام لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا هەمیشە چەپ هەیە، راست هەیە، میانڕەو هەیە. کوتلەی هەڵبژاردن و کوتلەی پەرلەمانی، چ ئەوانەی لە حوکمدان و چ ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنن، لەناو خودی هۆڵی پەرلەمان دەمێننەوە. ئێمەی پارتیش، ئێمەی کورد، دوێنێ پێکەوە هاوپەیمانیی کوردستانیمان هەبوو. ئێمەی پارتی، ئەمڕۆ خەڵکێک دەڵێت بەتەنیاین. دەزانیت؟ ئێمە شانازی دەکەین بە تەنیا ئەو شەڕە دەکەین، بەڵام بە لۆژیک، نەک بە ئارەزوو و نەک بە کاردانەوە. لۆژیک ئەوەیە کوتلەی پەرلەمانیی پارتی و هەرچیشی لەگەڵ بێت، بۆ پرسەکانی کوردایەتی و بەرگری لە مافی کورد و فیدراڵییەتی خۆمان، لەناو پەرلەماندا خۆی بگرێتەوە و لەوێدا بەرگری لە دۆزی عێراق بکات، چونکە پەرلەمانی عێراقە. باشە، کوردەکانی ئێمە بەرگری لە پرسێک بکەن کە لە بەسرە هەیە، لە عەمارە هەیە، لە نەجەف هەیە، لە کەربەلا، لە موسڵ، لە هەر شوێنێک بێت، چونکە ئەمانە ئەندامی پەرلەمانی عێراقن. راستە کوردن، بەڵام بەرگری لەوەش بکەن، سۆزی خەڵکێک پەیدا دەکەن.
رووداو: راوێژەکە گەیشتە چی؟ دەگەڕێنەوە بەغدا؟
فازڵ میرانی: بە بڕوای من، راوێژەکان ئەوەی لێدەرچووە، کە تۆ حکومەتێکی تازە پێکدەهێنرێت، ئەو حکومەتە بەرنامەیەکی حکومەتی هەیە، خۆ حکومەتەکەی کۆن نییە، سەرۆکی حکومەتی کۆن نییە. ئەگەر هەر کۆنەکەی خۆیان بێت، بۆ دەیانگۆڕنەوە؟ بۆ هەڵبژاردنیان کردەوە؟ کە تۆ دەتەوێت بەشدار بیت، دەبێت پێش هەموو شتێک بەشدار بیت لە دانانی بەرنامەی ئەو حکومەتە. چی بۆ تۆیە و چی لەسەر تۆیە؟ چی ئەرکی تۆیە و چی مافی تۆیە؟ ئەرکی تۆ وەک عێراقییەک و وەک کوتلەیەکی کوردیش، مافی تۆش هەمان شتە. لەبەر ئەوە دەبێت بەشداری بکات لە دانانی بەرنامەی ئەم حکومەتە و کەموکوڕییەکانی حکومڕانیی پێشووتر بەرامبەر بە ئێمە، دەبێت لە بەرنامەی حکومەتدا گفتوگۆ بکرێت و چارەسەر بکرێت.
رووداو: هەفتەی داهاتوو پارتی دەگەڕێتەوە بەغدا؟ مەبەستم تیمەکەی پەرلەمان و وەزیرەکان؟
فازڵ میرانی: ئەگەری زۆرە پێویست بەوە بکات کە پێش ئەوە، دانوستاندنێکی سیاسی بکرێت، چونکە ئەمەی پەرلەمان و حکومەت ئەوە رێکارێکی یاسادانان یان رێکارێکی جێبەجێکردنە. تاوەکو تەمەنی ئەم حکومەتە ماوە، براکانی ئێمە ئەندامن لە ئەنجوومەنی وەزیران، ئەندامن لە پەرلەمان. بەڵام کێشە تەکنیکییەکانمان تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەری دەکات، کێشە یاسادانانەکانمان کوتلەی پەرلەمانیی ئێمە. بەڵام کێشە سیاسییەکان، کە سەرچاوەی کێشە تەکنیکی و یاسادانانەکانن، لە کوێوە سەرچاوە وەردەگرن؟ لە هێزە سیاسییەکانەوە وەریدەگرن. لەبەر ئەوە، پێویستە لیژنەیەکی سیاسی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لەگەڵ ئەو لایەنانەی لە پشتی ئەم حکومەت و پەرلەمانەوەن، لێکۆڵینەوەی بۆ بکەن: چی گلەییمان هەبووە لە رابردوو؟ چی دەکرێت؟ ئەمانە بگەنە رێککەوتنێک لەسەر ئەو گلەییانە و نەیهێڵن.
رووداو: ئەو لیژنەیە تەنیا هی پارتی دەبێت یان حیزبەکانی دیکەی کوردستانیش؟
فازڵ میرانی: ئەوەی ئێستا کێشەی هەیە پارتییە، چونکە کێشەی پارتی تێکەڵ بووە بە کێشەی گەلەکە و ئەم هەرێمی کوردستانە. بینیمان لە پرسەکانی دیکەیشدا پارتی هەر بە تەنیا بوو. ئەم ئەنجوومەنەش پەیوەندیی زیاتر بە پارتییەوە هەیە، چونکە هێزەکان هەموویان دەچن لەگەڵ ئەم ئەنجوومەنە سیاسییە و لەگەڵ ئەوەی راسپێردراوە بە سەرۆکایەتیی وەزیران، کۆبوونەوەی خۆیان کردووە، بەڵام ئەنجوومەنی پارتی، خەڵک زیاتر چاوەڕوانیی لێی هەیەو بە بۆچوونی من، دیسانەوە ئەمە زیادەڕۆیی نییە، بەڵام قورسایی پارتی... من لە بەغداش بەوانم گوت، گوتم: "برادەرینە، ئێوە دووچاری هەڵەیەک نەبن، ئەویش ئەوەیە مامەڵە لەگەڵ پارتی نەکەن کە 30 کورسیمان هەیە." ئێمە لە دوایین هەڵبژاردن 50+1ی دەنگی هەرێمی کوردستانمان بردووە. کەواتە ئێوە دەبێ مامەڵە لەگەڵ 50+1ی خەڵکی کوردستان بکەن، نەک تەنیا کوتلەیەکی پەرلەمانی یان حیزبێکی سیاسی.
رووداو: با ئەوە روون بێت، ئەو لیژنەیە پێش شاندی پارتی دەچێتەوە بەغدا و کۆبوونەوەی خۆی دەکات، یان دەبێت پێشتر لیژنەکە لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆببێتەوە؟
فازڵ میرانی: بە پێشبینیی من، کێشە سیاسییەکان پێش کێشەکانی دیکەن، چونکە سەرچاوەی کێشەکانی دیکە لە سیاسەتەوە هاتووە.
رووداو: کەی دەستپێدەکات؟ ئەم هەفتەیە؟ ئەم رۆژانە؟ لە کاژێرەکانی داهاتوو؟
فازڵ میرانی: سەرۆکوەزیران کاتێکی کەمی لەپێشە. وەک بیستوومە، ئەوانیش بەتەمان بچن بۆ حەج. کەواتە، پێش تەواوبوونی کەمترین ماوەی سەرۆکوەزیران، دەبێت ئێمە، ئەم لیژنەیە، لەگەڵ ئەوان دابنیشن و بەشداریش لە بەرنامەی حکومەتی داهاتوودا بکەین.
رووداو: سەرۆک وەزیری راسپێردراو، بەڕێز عەلی زەیدی، چ داوایەکی لە پارتی هەبوو؟
فازڵ میرانی: زۆر هیوای خواست و بە هیواوە داوای لە بەڕێز سەرۆک و لە سەرکردایەتیی پارتی کرد بەشدار بن لە حکومەت و یارمەتیی بدەن. بە ئاشکراشی گوتی "ئاستەنگەکانی بەردەمم زۆرن، من پێویستیم بە هەموو لایەک هەیە، بەتایبەتی بە پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک بارزانی." گوتیشی "هەر حکومەتێک بەبێ پارتی، حکومەتێکی تەواو نابێت،" واتە لایەنێکی کەمە یان کەموکوڕییەکی گەورەی تێدایە. ئێمەش دەزانین ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم حکومەتە تازەیەی عێراق، کە هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین، کەم نییە: کێشە و داخوازییەکانی ئەمریکا، جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا، کێشەی ئەمریکا و ئێران، دۆخی گرووپە چەکدارەکان لەناوخۆی عێراقدا، دۆخی ئابووری، پرسی هەناردەی نەوت، پاشان کێشەکانی خودی بەغدا، مەبەستم پێکهاتە سیاسییەکانە بە شیعە و سوننەوە، پاشان کەمینەکانی دیکە و ئەو کێشە درێژخایەنانەی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدایە.
رووداو: لەم هەفتەیە ئێوە لە بەغدا دەبن؟
فازڵ میرانی: دەکرێت ئێمە لە بەغدا بین و دەکرێت ئەوانیش لێرە بن.
رووداو: چوارچێوەی هاوئاهەنگی تەلەفۆنی کرد، بڵێ "پارتی، ئێمە پێکەوە بووین، پێکەوە عێراقمان دروست کرد، لە ئۆپۆزیسیۆن پێکەوە بووین، خێرە چوونەتە هەولێر؟ بگەڕێنەوە." داوایان کرد؟.
فازڵ میرانی: بە بڕوای من، قورسایی پارتی و سەرۆک بارزانی هەر ئەوەیە کە تەلەفۆنی زۆریان بۆ بکرێت. ئەمەش لە لووتبەرزی و خۆبەگەورەزانین نییە، بەڵام ئەمە گوزارشت لە مێژوو و جوگرافیا دەکات.
رووداو: کردیان؟
فازڵ میرانی: کردیان و دەشیکەن.
رووداو: پارتی دوای 2003 سەرۆک وەزیری دادەنا و لایدەدا و دەیگوت ئەمە نابێت و دەبێت ئەوەی دیکە بێت. ئەمجارە کە سەرۆک وەزیریان دانا، پرسیان پێ کردن کە ئەم پیاوە، بەڕێز عەلی زەیدی راسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەت؟
فازڵ میرانی: ئێمە نەریتێکمان هەیە لە عێراق، سەرۆکوەزیران زۆرینەی شیعە دەستنیشانی دەکات، وەک سوننە بۆ سەرۆکی پەرلەمان و کورد بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار. هەرچەندە ئەمە رێککەوتنی لەسەر نییە، بەڵام خۆیان پەیڕەوییان لێ کردووە. پاش مشتومڕێکی زۆر، لەسەر ئەم برادەرە رێککەوتن. لە پەرلەمان دەنگ بە حکومەتەکەی دەدرێت، ئەوسا پشتیوانیی ئەم حیزبانە و حیزبی دیکەی لەوێ پێویستە.
رووداو: ئێوە پشتیگیری دەکەن؟
فازڵ میرانی: ئەگەر بەشدار بووین و ئەگەر بەشداریمان کرد لە بەرنامەی حکومیدا، بە دڵنیاییەوە پشتگیری دەکەین.
رووداو: ئەم "ئەگەر"ە، گومانە یان...؟
فازڵ میرانی: نا، مرۆڤ ناکرێت بە رەهایی قسە بکات. مرۆڤ بە رەهایی قسە ناکات. ئێمە بەرژەوەندیمان لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتێکی تازە هەیە کە لەسەری رێککەوتوو بین، ئەو حکومەتە تازەیەش پێویستی بە لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی عێراق هەیە، کە پشتیگیری لێ بکەن.
رووداو: من زوو زوو دەچمە بەغدا، بەهۆی بەرنامەکەم، خەڵکی شیعە دەبینم، سوننە دەبینم، واتە ئەوانەی کە رۆڵیان هەیە لە دروستکردنی بڕیاری سیاسی، دەڵێن "پارتی ئامادە نییە لە بەغدا، ئەم بەغدایەی کە بۆ هەموو دنیا گرنگە، بۆ پارتی نەبێت؟ پارتی لە هەولێر دانیشتووە و دەڵێت بەغدا دەبێت ئاوا و ئاوا بکات." هەست دەکەم بەڕاستی بۆشاییەک دروست بووە.
فازڵ میرانی: پێش چەند ساڵێک ئەمەیان نەدەگوت، بەڵام سیاسەت وایە. سیاسەت کە حیزبێک پەیوەندیی نەرێنی هەبێت لەگەڵ یەکتر یان هەڵوێستێکی نەرێنی، بەداخەوە نەوەیەکی تازەش لەناو شیعەدا پەیدا بووە، نەوەی پێکەوە کارکردنی ئێمەی سەردەمی ئۆپۆزسیۆن و ئەوانە نییە. ئەوانە ئەم بانگەشەیە دەکەن، بەڵام ئێمەش پێیان دەڵێین: "باشە، ئەم نەوەیەی ئێوە... ئێمەش نەوەیەکی ئەنفالمان هەیە، نەوەیەکی پاشماوەی فەیلیمان هەیە، نەوەیەکی راگوێزراوەکانمان هەیە. هەندێک ماڵ هەن لای ئێمە، کەسی تێدا نەماوە. ئەوانیش هەر لە زاتی خۆیاندا نە حەزیان لە عێراقە، نە حەزیان لە ناوی ئێوەیە." ناکرێت ئێمە ئەم نەوەیانە بەکاربهێنین بۆ ئەوەی سوود لەم رێگای پێکەوەبوونەمان نەبینین. لە رابردوو، ئەو مێژووەی ئێمەی هێناوەتە ئەم جوگرافیایە، خۆ ئەم جوگرافیایە نە نەوە تازەکەی ئێمە دروستی کردووە و نە نەوە تازەکەی ئێوە. ئەمە کێشەیەکی قووڵە بەراستی و پێویستە بە شێوەیەکی بەرژەوەندیی هاوبەش چارەسەر بکرێت.
رووداو: ئەمجارە بە قورساییەوە دەچنەوە بەغدا؟ ئەم بۆشاییە پڕ دەکەنەوە؟
فازڵ میرانی: ئێمە هەمیشە بە قورسایی لەوێ بووین، بەڵام زەمینەی دیاریکردنی قورسایی لەوێ گۆڕاوە. چونکە جاران کورد یەک بوو، قورسایی هەموومان لە بەغدا دیار بوو و هەمووشیان هەستیان بەو قورساییە دەکرد. من دەڵێم بەداخەوە، ئێستا قورسایی کورد دابەش بووە، کۆی قورساییەکە سووکترە. لەبەر ئەوە، ئەوان دەتوانن هەست بەو قورساییە نەکەن. بە پێچەوانەوە دەتوانیت تۆ فەردەیەک برنج بخەیتە پشتی یەکێک، هەست بە گرانییەکەی دەکات، بەڵام ئەگەر دوو سێ فەردەی بچووک بچووک، هەر یەکێکیان لە پشتی بکەیت، هەست بە قورساییەکەی ناکات. ئەمە واقیعێکە کە ناکرێت ئێمەی کورد و حیزبە کوردستانییەکان، هەموومان، ئەمە لەبەرچاو نەگرین. ئەمە پاساو نییە بەرامبەر بە گەلەکەی خۆمان، بەڵام مرۆڤ کە لە قۆناخێک دەچێتە قۆناخێکی دیکە، دەبێت ئاوڕێک لە دواوە بداتەوە، چ کەموکوڕی و هەڵەیەک بووە و چارەسەرکردنی ئەو هەڵەیەی پێشوو تەنیا بە دووبارە نەکردنەوەی چارەسەر دەبێت.
رووداو: لە بەغدا، لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیم بینی، گوتیان: پارتی پێویستی بە نەرمییە، خۆی نەرمتر بکات لە بەغدا.
فازڵ میرانی: ئەوان حەز دەکەن ئێمە وەک ئەوان بیر بکەینەوە، ئێمەش حەز دەکەین لێمان تێبگەن. من و کاک هۆشیار چووینە لای برادەرێکی حیزبێک، چووە دەرەوە و هاتەوە ئێمە لەبەری هەستان، تکای کرد و گوتی "تکایە فێرمان نەکەن ."گوتم کاکە، ئێوەش پێمان تەرک مەکەن. لەبەر ئەوە، هەر یەکە و خەسڵەت و بۆچوونی خۆی هەیە. بە بڕوای من، ئەوان سووربوونی ئێمە لەسەر پرسە نەتەوەیی و هەرێمییەکانی خۆمان بە تووندی دەزانن، بەڵام سازشکردنمان لەسەر پرسە بنەڕەتییەکانی خۆمان بە نەرمی دەزانن. ئێمە بەپیری ئەو نەرمییەوە ناچین.
رووداو: واتە دەڵێن بەغدا گۆڕاوە، پارتی نەگۆڕاوە.
فازڵ میرانی: ئەسڵەن پارتی نا گۆرێت.
رووداو: خۆی ناگونجێنێت لەگەڵ ئەو بەغدا نوێیە.
فازڵ میرانی: خۆی بنەمایەک هەیە، دەڵێت دەبێت مرۆڤ خۆی بگونجێنێت لەگەڵ پێشهاتە تازەکان.
رووداو: ئەگەر خۆتان گونجاند واتە بە موساوەمەی دەزانن؟
فازڵ میرانی: بەڵام شتێک هەیە، پێشهاتەکان چۆنن؟ ئێستا من و تۆ لێرەین، باران دەبارێت، دەچینە دەرێ چەترێک دەبەین. بەڵام کابرایەک سۆندەیەک ئاوی لە دەستدا بێت و ئاومان پێدابکات، ئێمە ناچینە بەر ئاوەکە. ئەوە خۆ گونجاندن نییە.
رووداو: واتە خۆگونجاندن زەحمەتە بۆ پارتی؟
فازڵ میرانی: نا زەحمەت نییە، بەڵام خۆ گونجاندنێکی واقیعی کە بەرژەوەندیی تێدا بێت، خۆی هەڵیدەبژێرێت چۆن خۆی دەگونجێنێت. بەڵام نەک کابرایەک بێت شتێک دروست بکات و بڵێت "وەرە خۆت لەگەڵ ئەمە بگونجێنە." ئەوە سەپاندنی ئیرادەی خۆیەتی، ئەوە خۆگونجاندن نییە، ئەوە چۆکدادانە.
رووداو: بەس ئێوە هەر زیان دەکەن. پارتی لەو بەغدایە نوێیە کە بە ژمارە قسە دەکات، بە هاوپەیمانیی نوێ... لەگەڵ یەکێتی قسەم کرد، گوتی: "هاوپەیمانییەکانی ئێمە لە بەغدا زۆر بەهێز و کاریگەرن لەسەر دروستکردنی بڕیاری نوێی عێراق. ئێوە ئامادە نین لەوەدا وەکو پارتی."
فازڵ میرانی: بە پێشبینیی من، هاوپەیمانیی ئەوان بە ئاراستەیەک دایە، هاوپەیمانیی ئێمە بە ئاراستەیەکی دیکەدایە. سەرەڕای ئەوە، چارەنووسێکی هاوبەشمان هەیە. ئەگەر ئێستاش بە بۆچوونی ئەوان و خەڵکی دیکە شتێکی هاوبەشمان نەبێت، بەڵام داهاتوویەکی هاوبەشمان هەیە، چونکە هەموومان لە یەک کەشتیداین. پێشبینی ناکەم ئەگەر لە کەشتییەکەدا کونیان کرد، تەنیا ئەوان رزگاریان ببێت. نەخێر، پێکەوە یان رزگارمان دەبێت یان پێکەوە لەناودەچین. ئەمە لایەنێک. لایەنێکی دیکە، "کل حزب بما لدیە فریحون" هەر حیزبێک بەوەی لایەتی دڵخۆشە". ئەو بە هاوپەیمانییەکانی خۆی خۆشحاڵە، ئێمەش بە هەڵوێستەکانی خۆمان خۆشحاڵین.
رووداو: ئێوە ناچن لەگەڵ هاوپەیمانییەکانی ئەوانیش دابنیشن و بڵێن ئێمەش هەین؟
فازڵ میرانی: ئێمە شانازی دەکەین بەو دەنگانەی هێناومانە، ئەوانیش شانازی دەکەن بەو دەنگەی هاوپەیمانەکانیان هێناویانە، کورد دەڵێت "ئەوە گەز و ئەوە مەقەست." ئەمە لە لووتبەرزییەوە نییە، بەڵام دەردەکەوێت ئێمە چەند بەرژەوەندیی گەلی خۆمان لەبەرچاو گرتووە. ئێمە ناتوانین سازش بکەین. بارزانیی نەمر ئەگەر بە پێشنیازەکانی عێراق رازی بوایە، هەر لە بەغدا دەبوو، دەبوو بە وەزیر و دەبوو بە جێگری سەرۆک وەزیران و خانووشی دەبوو، هەموو ژیانی دەبوو، مووچەشی دەبوو. بەڵام رازی نەبوو، لە کۆتاییدا، ئەم خەباتە ئەوەی هێنایە دی کە ئەمڕۆ هەیە. ئەوەی ئەو نەیبینی، ئەمڕۆ ئەمە بیری ئەوسای ئەوە.
رووداو: بەشێک دەڵێن "ئێمە پۆستمان برد و بردمانەوە و پارتی بە دەستی بەتاڵ لە هەولێر دانیشتووە."
فازڵ میرانی: گەورەترین پۆست بۆ ئێمە مانەوەی مافە نەتەوەییەکانمانە و ئاسوودەیی گەلەکەمانە لە قەوارەیەکی نەتەوەییی خۆیدا. پۆست ئەمڕۆ لە دەستتدایە، سبەی لە دەستتدا نابێت. چەند سەرۆک کۆمارمان وەرگرتووە؟ کوا ئێستا ماون؟ پۆست باشە، بەڵام خەباتی بنەڕەتیی ئێمە بۆ پۆست نییە. خۆ تەها محیەدینیش جێگری سەرۆککۆمار بوو، وانیە؟
رووداو: ئەمە قسەی ئەو برادەرانەیە.
فازڵ میرانی: سەرۆکی ئەنجوومەنی یاسادانانمان هەبوو لە هەولێر لە سەردەمی حوکمیزاتی کارتۆنی. پۆست ئەگەر لەسەر بناخەی مافی نەتەوایەتی تۆ نەبێت و بە رەزامەندی نەتەوەکەت نەبێت، ئەو پۆستە دەبێتە سەر بناخەیەکی بەفر و سەهۆڵ، کە بەفرەکە توواوە ئەوا نامێنێتەوە.
رووداو: ئەمە قسەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، کە دەڵێن ئێوە هێشتا تووندن و نەرمیتان نییە..
فازڵ میرانی: بزانە، ئێمە حیزبێکین، تەمەنی ئەم حیزبە 80 ساڵە، هیچ کاتێک بەرەو دواوە نەچووە، لە کەمیشی نەداوە.
رووداو: 80 ساڵ پیری نییە؟.
فازڵ میرانی: ئێمە پیری بە ئەزموونین. پارتی قوتابخانەیەکی نەتەوایەتییە. ئەم حیزبانەی ئەمڕۆ باسی پۆست دەکەن، ئەوانە سەرچاوەی شێوەی بیرکردنەوە راستەکانیان لە پارتی وەرگرتووە.
رووداو: لەم حکومەتە نوێیەی عێراق کە پێکدەهێنرێت، پشکی پارتی تێیدا جێگری سەرۆک وەزیر و وەزیری دەرەوە و وەزیر و ...
فازڵ میرانی: خۆی سیماکانی حکومەتەکە، دەڵێن چوار جێگری سەرۆک وەزیرانی دەبێت. لە سلێمانی جەنابی عەلی زەیدی لە لێدوانێکدا وای گوت. لەو چوارە، بێگومان یەکێکیان کورد دەبێت، یەکێکیان سوننە دەبێت، یەکێکیان شیعە دەبێت. ئەمە پرسێک. پرسەکەی دیکەش، من نازانم لەسەر چ بنەمایەک دەڕۆن، ژمارەن، خاڵن، ژمارەی کورسین... ئەو تیمەی ئێمە دەچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆ، ئەو تیمە پسپۆڕیی زیاتری دەبێت.
رووداو: ئەگەر پارتی داوا لە بەڕێزتان بکات، دەچیتە بەغدا؟
فازڵ میرانی: ئەگەر فەرمان بێت شتێکە، ئەگەر داوا بێت نا.
رووداو: پارتی فەرمان دەکات.
فازڵ میرانی: نا پارتی رەچاوی بارودۆخ و رای برادەرانی خۆشی دەکات، بەڵام خۆم شەخسی نا، خوا شاهیدە ئەمە بۆ بانگەشە نییە، چونکە هیچ هیواخوازییەکم لە هیچ شتێکدا نییە، نە پلە و پایەم دەوێت، نە ماڵی دنیام دەوێت، هیچم ناوێت. بەڵام من تەنیا هیوادارم، هێشتا ساخ بم، بە پاسپۆرتێکی کوردستانی بچمە شوێنێک.
رووداو: کاک فازڵ، یەکێتی گلەیی زۆری هەیە لێتان. دەڵێت خێرە سڵاوێک لەو سەرۆک کۆمارەی ئێمە ناکات.
فازڵ میرانی: ئێمە نەمانگوتووە نێوان ئێمە و یەکێتی تەواو بووە. هەر برادەرێکی سەرکردایەتی گوتوویەتی "هیچ لەنێوان ئێمە و پارتیدا نەماوە"
رووداو: ماوە؟
فازڵ میرانی: ئەو گوتوویەتی نەماوە.
رووداو: سڵاوەکە دەکەن لەگەڵ سەرۆککۆمار، یان هێشتا ماویەتی؟
فازڵ میرانی: ئەگەر بێتە هەولێر، بەخێرهاتنی لێ دەکەین. کەس میوان دەرناکات لە ماڵی خۆی.
رووداو: زۆر سیاسییانە قسە دەکەیت کاک فازڵ.
فازڵ میرانی: فێری هیچ نەبووم، خۆزگە فێری سیاسەتیش بام.
رووداو: با بێینەوە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان. یەکێتی هاوپەیمانییەکی دروست کردووە، دەڵێت بەراورد بە پارتی، 38 کورسیی ئاوامان لەدەستدایە، پارتی 39 کورسییە.
فازڵ میرانی: 39 زۆرترە یان 38.
رووداو: ئێستا 38ە. نزیکبوونەتەوە لە ئێوە.
فازڵ میرانی: لە سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیایان پرسی، گێرهارد شرۆدەر، گوتیان: "دەرفەتی تۆ زۆرە، 50+1." گوتی: "زۆرینە هەر زۆرینەیە."
رووداو: ئەی ئەگەر هاوپەیمانییەتیەکی دیکەشیان دروست کرد و بوونە 40 و 41؟
فازڵ میرانی: بۆ هەموو رووداوێک قسەیەک هەیە. ئێمە ناڵێین هەموومان دیموکراتین؟، ئەی بۆچی هەڵبژاردن دەکەین؟
رووداو: کاک فازڵ، بیستوومە، دەڵێن ئەم 15 کورسییەی نەوەی نوێ هەمووی هی ئەوان نییە. ئێوەش ئاواتان بیستووە؟
فازڵ میرانی: نەک هەرچی دەزانرێت دەگوترێت، نەک هەرچی دەگوترێت راستە.
رووداو: ئەی هاوپەیمانییەتی پارتی و ژمارەی کورسییەکانی، جگە لەو 39 کورسییەی خۆی و چەند کورسی دیکەی هەیە، دەتوانی بۆمان بژمێری؟
فازڵ میرانی: هەر ئەوەندەمان هەیە کە هەمانە.
رووداو: هاوپەیمانییەتێک، ژمارەیەک زیاد نەبووە.
فازڵ میرانی: هاوپەیمانی لەکاتی دروستکردنی حکومەتدا دەبێت.
رووداو: 39 کورسی پارتی، هاوکاریم بکە سێ کورسی پێکهاتەکان دۆستی پارتین کە کە پارتی پارێزگارییان لێدەکات ئەمە 42، کاکە حەمەش زۆر دۆستی ئێوەیە، ئەمە 43.
فازڵ میرانی: ئیڕانییەکان دەستەواژەیەکیان هەیە، دەڵێت "یارمەتیی خوداییش هەیە." مرۆڤ هەندێک جار لە کاتێکدا بە هانایەوە دێت کە خەڵک چاوەڕێی نەکردووە. لەوانەیە لە هەڵبژاردندا پێویستمان بە خەڵکێک بێت پشتیوانیمان بکات، بەڵام حەز نەکات خۆی ئاشکرا بکات.
رووداو: جا چی لێ دەکەن؟ ئەم چێشتە زۆر ماوە بکوڵێت، واتە مەنجەڵەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
فازڵ میرانی: بە راستی مەنجەڵەکە کوڵاوە، بەڵام بەشێوەیەکی راست ئەوەی ناو مەنجەڵەکە ناخۆین، هەڵەی مەنجەڵەکە نییە، هەڵەی ئەوانەیە کەلە ناوی مەنجەڵەکە دەخۆن، ئەوەیە کە بە باشی نایخۆن.
رووداو: ئێستا هیچ شتێک هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت؟
فازڵ میرانی: دەبێت حکومەت پێکبێت. بە پێشبینیی من، دەمانتوانی حکومەت پێکبهێنین پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق. ئەمە راستییەکە. من ناڵێم فڵان شتمان بە یەکێتی دا، چونکە کەسمان خێر بەوەی دیکە ناکات. بەڵام ئەگەر شایستەیی هەڵبژاردن بێت، هەر بۆ زانیاریی بینەر و بەڕێزیشت، ئێمە بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ برادەرانی یەکێتی رازی بووین پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق. ئێمە بۆ یەک جێگری سەرۆکوەزیران بۆ برادەرانی یەکێتی رازی بووین. لە جیاتی یەک جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبەر خاتری یەکێتی نەمانکردە دوو. سەرۆکی پەرلەمان، وەزیری پێشمەرگە، وەزیری دارایی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایش و... 9 وەزیر بوو یەکێتی یان 8 بوو، من باشم نایەتەوە یاد. برادەرانی یەکێتی چاوەڕێیان کرد تاوەکو هەڵبژاردنەکانی عێراق، سووربوون و گوتیان دەبێت وەزارەتی ناوخۆمان بدەنێ. ئێمەش وەزارەتی ناوخۆمان نەدا. ئەگەر نا، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق پێکدەهات و دەمانتوانی... ئەو بڵێت من هاوپەیمانییەکانم بەهێزە، من بڵێم قورساییم زیادە. ئەوسا دەمانتوانی بە قورسایی پەرلەمانێکی کاراکراو، بە قورسایی حکومەتێکی هەرێمی کوردستان، پێکەوە مامەڵەمان لەگەڵدا بکردایە لە بەغدا. لەجیاتی ئەوەی یەک بەیەک مامەڵەمان لەگەڵ بکات. بە یەکگرتوویی، ئێمە دەمانتوانی حیزبەکانی دیکەی کوردستانیش لەگەڵ خۆمان کۆبکەینەوە..
رووداو: ئێستا گفتوگۆکان لەگەڵ یەکێتی چۆنە شتێکمان پێبڵێ...
فازڵ میرانی: بەڕای من دەکەوێتە دوای دروستبوونی حکومەتی بەغدا.
رووداو: یەکسەر دەست بە گفتوگۆ دەکەن یان؟
فازڵ میرانی: نا تا ئێستا هیچ گفتوگۆیەک نییە، حکومەتێکی بەڕێوەبردن هەیە. بە سەرۆکایەتی بەڕێز کاک مەسرور، کاک قوبادیش جێگری سەرۆکی وەزیرانە. وەزیرەکانی یەکێتی دەوامی خۆیان دەکەن، وەزیرەکانی گۆڕان و تورکمان و... حکومەتەکە بەردەوامە. سەرۆکی هەرێم بەردەوامە. تەنیا ئەوەی کارا نەکراوە پەرلەمانە. ئەویش دەکرێت و پێویستە لە دوای حکومەتی عێراق، ئێمە کێشەی خۆمان چارەسەر بکەین.
رووداو: هەموو کورد ئێستا دەپرسی ئەو چەکەی کە ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، باسی کردووە بۆ کوردی ناردووە، لە کوێیە؟ کاک بافڵ تاڵەبانی گوتی لای ئێمە نییە لە سلێمانی.
فازڵ میرانی: تۆ ئەم پرسیارە لە ترەمپ بکە، بڵێ بە کێت داوە؟ ناوەکەمان پێ بڵێ.
رووداو: ئێستا پێمان بڵێ لە کوێیە؟ شتێک هەیە، لە بنەڕەتدا کێ وەری گرتووە؟ چەندە؟ چۆنە؟
فازڵ میرانی: تۆ ئەم پرسیارە لە ترەمپ بکە، بڵێ: "بەڕێز ترەمپ، تۆ گەلێکت هاندا لە ئێران، بەدەمەوە نەهاتن. خەڵکی حیزبەکانی کوردستانی ئێران... تۆ ئێستا دەڵێی چەکم داوەتێ بۆ ئەوەی هینەکەی خۆت داپۆشیت." ناوی چەکێک... کە من بڵێم شتێکم داوە بە رووداو، خەڵک ناڵێت "کاکە بە کێی رووداوت داوە، رووداو سوپایەکە" بە هیڤیدارت داوە؟ بە دڵبخوینت داوە؟ بە ئاکۆت داوە؟ بە سەنگەرت داوە؟ بە شاهۆت داوە؟ ناوێکمان پێ بڵێ. ترەمپیش ئەگەر راست دەکات، رێزم هەیە بۆی سەرۆکی وڵاتێکی گەورەیە، با بڵێت بە فڵان حیزبم داوە. هەرچەندە بە بۆچوونی من، ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ حیزب ناکات، دەبێت بە لایەنێکی ئەمنی دابێت یان بە کەسایەتییەکی دابێت. بەس ئەمە ئەرکی ترەمپە بڵێت من بە فڵان شوێنم داوە، فڵان حیزبم داوە یان بە فڵان گرووپم داوە. تاوەکو تۆ ئەم پرسیارە لە من نەکەیت، منیش هیچ وەڵامێکم پێ نییە. بەس ئەم پرسیارە مافی خۆیەتی ئێوە لە کۆنسووڵی ئەمریکی بکەن، لە باڵیۆزخانەی ئەمریکای بکەن، لە بەرپرسی هێزەکانی هاوپەیمانیی ئەمریکای بکەن. بڵێن: "ئەرێ کاکە، ئێوە گەلێکتان تۆمەتبار کردووە بە دزینی چەکی خۆتان. ئەرێ نایێن پێمان بڵێن ئەمە کێیە بۆ ئەوەی ئێمە شەرمەزاری ئێوە نەبین."
رووداو: یانی وەکو پارتی وەرتان نەگرتووە؟
فازڵ میرانی: پێویستە ئەم پرسیارە لە ئەمریکا بکەن، تەبیعی ئێمە وەرمان نەگرتووە، ئەگەر وەرمان گرتبا، بۆچی وەرمان گرتووە؟ ئێمە چ پەیوەندییەکمان پێوە هەیە؟ ئەو چەکە بۆ حیزب، بۆ ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران هاتووە، خۆ بۆ کوردی عێراق نەهاتووە.
رووداو: هاتووە؟
فازڵ میرانی: نازانم هاتووە، تۆ پرسیاری (ئیتلاعاتی)زانیاری لەگەڵ من مەکە، قسە مەخەرە دەمی منەوە. منیش پێت دەڵێم ئەوە راگەیاندنکاران دەبێت بزانن.
رووداو: با بگەڕێینەوە سەر یەکێتی و کۆتایی بەم بەرنامەیە بهێنین. لە نمرەی 100دا پەیوەندیی پارتی و یەکێتی 100 نمرەی هەبوو، چەندی ماوە ئێستا؟
فازڵ میرانی: بە بڕوای من، یەکێک لە هەڵەکانی هەموو مامەڵەیەک ئەوەیە یان سفر بێت یان سەد. ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە. لەبەر ئەوە، ئێمە لە سەد دوورین، هەوڵدەدەین لە سفرەکەش دوورکەوینەوە.
رووداو: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە، کاک فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان. زۆر خۆشحاڵ بووم.
فازڵ میرانی: ئێمەش خۆشحاڵ بووین. ئەوە من ئەمڕۆ لەبەر تۆ هاتووم بۆ ئەم هەڤپەیڤینە. بەڕاستی ماندوو بووم.
رووداو: سوپاسی ماندووبوونیشت دەکەین.
فازڵ میرانی: داواکاریی هیڤیدار لای ئێمە رەتناکرێتەوە.
رووداو: زۆر سوپاس... زۆر سوپاس بۆ ئێوەش بینەران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ