رووداو دیجیتاڵ
هەموو شتێک لە یەکشەممەیەکی هێمنی کۆتایی مانگی سێ دەستیپێکرد. لەژێر تریفەی گڵۆپی سووری ترافیک لایتێکدا لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا، لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا کە بێدەنگییەکەی تەنیا بە دەنگێکی خاو و نەناسراو دەشکا، دوو گەنجی کوردستانی و ئەریتیریایی، سەریان بۆ چێژبینین لە دەنگی خۆشی گۆرانیبێژێک رادەوەشاند کە خۆیان بە ژیریی دەستکرد دروستیانکردبوو و تازە گۆرانیی (گولێ)یان پێ گوتبوو. لووام مێسفین، مۆبایلەکەی دەرهێنا و بەدەم گوتنی گۆرانییەکەوە ڤیدیۆیەکی تۆمار کرد و لە تیکتۆک بڵاویکردەوە. لەو چرکەیەوە بۆمبێکی کولتووریی کوردی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تەقییەوە. لەماوەی چەند کاژێرێکی کەمدا، ژمارەی بینینەکان لەسەر شاشەکان وەک دڵەخورپەی مرۆڤێکی عاشقیان لێهات. سەرەتا 50 هەزار، ئینجا 100 هەزار، دواتر بووە زریانێکی دەنگ و میوزیک و سەما کە جیهانی تەنییەوە و چیدیکە هیچ بەربەستێک ناتوانێ رایگرێ.
(گولێ) تەنیا گۆرانییەکی سادە نییە کە وەک سەتان گۆرانیی دیکە لەنێو ئەلگۆریتمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بزر ببێ. بەڵکو لە چەند هەفتەیەکی کورتدا، وشەی "کورمانجی"ی خستووەتە سەر زاری ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری جیهان. کەسانێک کە رەنگە هەرگیز لە ژیانیاندا وشەیەکی کوردییان نەبیستبێ، لەپڕ لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیاندا، لەسەر شەقامەکان و لەنێو ژوورە تاریکەکانیاندا، بە زمانێک سەما دەکەن کە ساڵەهایە هەوڵی بێدەنگکردنی دەدرێ. ملیۆنان مرۆڤ لە جیهان بەبێئەوەی بزانن، بوونەتە میوانی گۆرانییەکی گەلێکی دێرین، کە لە گۆرانییەکەدا ژیریی دەستکرد و رۆحی ئەو مرۆڤانەی دروستیانکردووە تێکەڵی یەکدی بوونە.
ئەو گۆرانیبێژەی هەیە و نییە
ئەوەی لە چیرۆکی بڵاوبوونەوەی گۆرانیی (گولێ)دا مرۆڤ تووشی رامانێکی قووڵ دەکات، بڵاوبوونەوە خێراکەی نییە، بەڵکو خۆشەویستبوونی گۆرانیبێژەکەیەتی. ئەو دەنگەی جیهانی هێناوەتە سەما، دەنگی ژنێکە بە ناوی (هیڤا)، کە لە هیچ گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا نە دەژیت، نە هەناسە دەدات و نە هەستیشی هەیە. (هیڤا) کارەکتەرێکی ژیریی دەستکردە. بەرهەمی خەیاڵێکە کە لە ئەنجامی چەندین هەفتە کارکردنی بێوچان، بێخەوی و گەڕانی خوڵقێنەرانی بەدوای رەسەنایەتیدا لەدایکبووە. چیرۆکی پشت دروستکردنی ئەو گۆرانییە، ئەوە رووندەکاتەوە کە تەکنەلۆژیا هەمیشە بکوژی رۆح نییە، بەڵکو هەندێکجار دەتوانێ ببێتە ئامرازێک بۆئەوەی رۆحێکی ونبوو بگەڕێنێتەوە نێو جیهانە زیندووەکەی ئێمە.
لەپشت ئەو کارە هونەرییەوە، دوو گەنجی دیاسپۆرانشین هەن کە چیرۆکەکانیان هێندەی گۆرانییەکەیان سەرنجڕاکێشە. لووام مێسفین، مێشک و داینەمۆی پڕۆژەیەکی هاوبەشە بەناوی "پڕۆژەی 144". لەو ستۆدیۆیەدا کە لەگەڵ (بارش کۆرکمەز)ی هاوبەشی کاریان لەسەر ئەو گۆرانییە و گۆرانییەکانی دیکە کردووە، لووام بۆم باسدەکات کە ئامانجی پرۆژەکەیان "پێدانی دەنگە بەو کولتوورانەی کەس گوێیان لێ ناگرێت". ئەو و بارش، کە میوزیکژەنێکی لێهاتووە و بە ناوی هونەریی (پایکس) کار دەکات، شانیان داوەتە بەر پرۆژەیەکی درێژخایەن. لووام بە چاوانی پڕ لە شەوق و بریسکەی سەرکەوتن، باسی دەستپێکی کارەکەیان دەکات و دەڵێت: "تەنیا بۆ دۆزینەوەی ئەو دەنگە رەسەن و خاوە، چەندین هەفتە کارمان کرد. کاتێک یەکەمجار دەنگی (هیڤا)مان بیست، بێدەنگییەک باڵی کێشا بەسەرماندا. یەکسەر زانیمان ئەوە ئەو رۆحەیە کە دەمانەویست. هەموو شتێک لە بیرۆکەیەکەوە دەستیپێکرد. ئەویش ئەوە بوو کە هونەرمەندێکی کورد بخوڵقێنین و رۆح بکەینە بەر پرۆژەکەمان."
بۆ بارش و لووام (هیڤا) تەنیا کارەکتەرێک نییە بۆ کات بەسەربردن، بەڵکو گەیەنەری پەیامێکە. کاتێک ڤیدیۆکە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا تۆمار کرا و بڵاوکرایەوە، هیچیان پێشبینیی ئەو زریانەیان نەدەکرد کە بەدوای خۆیدا هێناویەتی. لووام کاتێک بیر لەوکاتەوە دەکاتەوە، وەک ئەوەیە باسی روودانی موعجیزەیەک بکات: "دوای ئەوەی ڤیدیۆکەم لە تیکتۆک بڵاوکردەوە، بینیم کتوپڕ بوو بە 50 هەزار بینەر. دوای کەمێکی دیکە ئەپدەیتمان کردەوە، 10 هەزار بینەری دیکەی بۆ هات و گەیشتە 100 هەزار. ئەوکات زانیمان گۆڕانکارییەکی گەورە روودەدات. هەمووان بڵاویان دەکردەوە و پرسیاریان دەکرد: هیوا کێیە؟ لە کوێوە هاتووە؟ وەک لافاوێک بەسەرماندا هات."
ماسکێک کە تەنیا ئاشتی لایدەبات
لەنێو ئە و زریانە میدیاییەدا، پیاوێک هەیە رۆحی بەبەر ئەو گۆرانی و گۆرانیبێژەدا کردووە، بەڵام بڕیاری داوە لەپشت پەردە بمێنێتەوە. پایکس، کە ناوەکەی بە فەرەنسی واتە ئاشتی، میوزیکژەنێکی پیشەگەرە و لە تەمەنی 14 ساڵییەوە لەنێو دنیای هونەر و میوزیکدایە. ئەو شارەزایی لە ژەنینی 5 ئامێری جیاوازدا هەیە و میوزیکی بۆ گەورەترین ئەستێرە جیهانییەکان دروستکردووە. سەرەڕای ئەو هەموو نێوبانگ و سەرکەوتنە، پایکس هەڵیدەبژێرێ کە ماسکێک بپۆشێ و ئاڵای کوردستان لەسەر شانی دابنێت. بۆ ئەو، ماسکەکە تەنیا ئامرازێک نییە بۆ شاردنەوەی روخسار، بەڵکو هێمایەکە بۆ دەرخستنی برینێکی قووڵی نەتەوەکەی.
پایکس بە دەنگێکی پڕ لە ئارامی و بڕواوە پێمدەڵێ: "نامەوێ دەموچاوم پیشان بدەم، تاوەکو ئەوکاتەی دەگەمە ئامانجەکانم لە ژیاندا. یەکێک لەو ئامانجانە ئەوەیە کە لە ئاشتیدا بژیم و چیدیکە نەبینم گەلەکەم یان گەلانی دیکە دەچەوسێندرێنەوە. تاوەکو ئەوکاتە دەموچاوم پیشان نادەم." پایکس، کە ناوی راستەقینەی بارشە و هەر بە واتای ئاشتی دێت، هەڵگری خەمێکی کۆنە کە پشتاوپشت بۆی ماوەتەوە. ئەو دەیەوێ پەیامەکەی لە روخساری گەورەتر بێت. دەیەوێت جیهان گوێ لە برینەکانی کوردستان و گەلەکەی بگرن، ئینجا دەموچاوی دەربخات.
ئیشەکە وا ئاسان نییە
لە سەردەمێکدا دەژین کە زۆرکەس ترسیان لە ژیریی دەستکرد هەیە. ئەوان پێیانوایە مرۆڤایەتی بەرەو سڕینەوە دەبات. بەڵام خوڵقێنەرانی (هیڤا) و (گولێ) بۆچوونێکی دیکەیان هەیە. ئەوان پێیانوایە ژیریی دەستکرد تەنیا قاڵبێکە و ئەوەی رۆح دەخاتە نێو قاڵبەکەوە، مرۆڤە. لووام بەرگری لە کارەکەیان دەکات و دەڵێت: "هەندێککەس دەیانەوێت بڵێن ئەمە کارێکی هونەری نییە، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە کارێکی زۆرە کە کردوومانە. تۆ لەوێ دادەنیشیت و چەندینجار پێداچوونەوە و گۆڕانکاری دەکەیت و بڕیاری بەردەوام دەدەیت. ئێمە میوزیکی خۆمان و ئامێرەکانی خۆمان بەکاردەهێنین، تاوەکو رۆحی مرۆڤی تێدا بێت." پایکسیش دەڵێ پرۆسەکە تەنیا نووسینی فەرمانێک (پرۆمپت)ێک نییە لە کۆمپیوتەرێکدا: "ئەگەر ئەوەندە ئاسان بووایە، هەزاران گۆرانی لەو شێوەیە دروست دەکران. ئێمە تەنها بۆ دەنگەکە، زیاتر لە دوو هەفتە و هەموو رۆژێک چەندین کاژێر گەڕاین و تاقیمانکردەوە. لە زۆربەی گۆرانییەکاندا میلۆدییەکان خۆم دروستم کردوون. بۆنموونە پارچەیەکی ساز دەژەنم و دەیدەم بە پرۆگرامەکە و پێیدەڵێم ئەو میلۆدییەم بۆ دروست بکە."
بۆ سەلماندنی ئەو رۆحە مرۆڤانەیە، پایکس لە هەڤپەیڤینێکیدا لە بەرنامەی دیاسپۆرا ئامێرێک بەکاردەهێنێت کە بۆنی مێژوو و خاکی لێدێت. تەمبوورێکی دارین کە تەمەنی سەرووی 40 ساڵە. کاتێک پەنجەکانی بە نەرمی بەسەر تەلەکانی ئەو تەمبوورەدا دەهێنێت، وەک ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ رابردوودا بکات، پێمدەڵێ: "ئەوە تەمبووری باوکم بوو، کە کۆچی دوایی کردووە. ئەو مامۆستای من بوو بۆ میوزیک و ژیان. من دەمەوێ بە کوردی بژیم و زمان و کولتوورەکەم بپارێزم." کاتێک گوێم لە ژەنینەکەی و قسەکانی بوو، تێگەیشتم کە ئەوەی بە (گولێ) جیهانی هەژاندووە تەنیا کۆد و ئەلگۆریتم نییە، بەڵکو دەنگی تەمبوورێکی کۆنە کە لەڕێگەی تەکنەلۆژیاوە خۆی خزاندووەتە نێو دڵی مرۆڤی سەتەی بیست و یەکەوە.
دیاسپۆرا کار بۆ چاکە بکات
هەموو ئەو هەواڵە جوانانە لەنێو دیاسپۆرای کوردستانی روودەدەن. لە دیاسپۆرایەک کە هەرچەندە مرۆڤ تێیدا دەژیت و رەنگە هاووڵاتیی ئەو وڵاتانەش بێت، بەڵام هەمیشە هەست بە نامۆیی دەکات و بۆ پاراستنی ناسنامەکەی دەبێ دوو هێندە تێبکۆشێ. پایکس پەیامێکی بۆ گەنجانی دیاسپۆرا هەیە و دەڵێت: "دەبێ بەسەختی کار بکەین. دەبێ کار بۆ چاکە بکەین. زۆر کەس بە چاوێکی پڕ لە حوکمی پێشوەختەوە سەیری ئێمە دەکەن. من خۆم لێرە بەهۆی ئایین و کوردبوونەوە حوکمی پێشوەختەم لەسەر دراوە. دەبێ بە زانست و خوێندن بدرەوشێینەوە. ببینە نموونەی باش و لە هەموو شوێنێک ئاشتی بەرقەرار بکەین."
بارش و لووام بە گۆرانیی داهاتوویان، کە ناوی (زیندان و ژیان)ە و هەفتەی داهاتوو بڵاودەبێتەوە، دەیانەوێ جارێکی دیکە تینوێتیی جیهان بە گۆرانییەکی دیکەی کوردی بشکێنن. خۆشیان بەڵێنیان داومەتێ جاری داهاتوو کە یەکدیمان لە چیرۆکێکی سەرکەوتنی نوێدا بینییەوە، بە کورمانجی و تەنێ بە کورمانجی گفتوگۆ بکەین.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
هێمن عەبدوڵڵا: چەند هەفتەیەکە گۆرانییەکی کوردی لە جیهان دەنگیداوەتەوە، گۆرانی کورمانجی هەڕە گولێ، لە تیکتۆک و ئینستگرام و فەیسبووک و لە ناو ماڵ و ناو ئۆتۆمبێڵ و سەر شەقامەکان و لە هەر شوێنێک گوێگری ئەو گۆرانییەن. زۆرکەس دەڵێن چونکە بە ژیری دەستکرد دروستکراوە شتێکی سەرەنجڕاکێش نیە، بەڵام ئەوانیش گوێ لەو گۆرانییە دەگرن. دەکرێت زۆرکەس هەبن بیانەوێت بزانن کێ ئەو گۆرانییەی دروست کردووە. ئایا گەنجێک لە پشتی کۆمپیوتەرێکەوە شتێکی نووسیوەو ئەو گۆرانییەی لێ دەرچووە، کە دەکرێت هەر کەسێک ئەو بکات، یاخود هونەرێک لەپشتی ئەو گۆرانیەدایەو چیرۆکێکی هەیە. ئەمڕۆ ئێمە هاتووینەتە لای ئەو هونەرمەندەی کە ئەو گۆرانییەی دروست کردوە. کورمانجی هەڕێ گولێ ئەو گۆرانییەی کە لە جیهاندا نەک تەنها کورد میللەتانی دیکەش گوێی لێدەگرن. پایکس ناوی هونەرییەتی و دواتر دەزانن کە ناوی خۆی چییە و وەک دەبینن بە ماسک و ئاڵای کوردستان و ئەڵمانیای لەسەر شانی داوە. ئەمڕۆ میوانی ئێمەیەو ئێمەش میوانی ئەوین. ئەم هەردوو مێرین ئەز نکارم بێژم کورمانجی هەڕێ گولێ. ئەزێ بێژم کورمانجی هەڕێ برێ.
پایکس: ئێوارە باش براکەم. من ناوم پایکسەو خەڵکی دێرسمم. کورمانجییەکەم زۆر باش نییە، بەڵام هەوڵ دەدەم کوردی و ئەڵمانی تێکەڵ بکەم. چونکە لێرە گەورە بووم، خێزانەکەم خەڵکی ناوچەیەک بوون کە زۆر ڕووبەڕووی تواندنەوە (ئاسیمیلاسیۆن) بوونەتەوە، بەڵام هەوڵمداوە کە ڕەگ و ڕیشەی کوردی خۆم لەبیر نەکەم.
هێمن عەبدوڵڵا: تۆ کارێکی گەورەت بۆ زمانی کوردی کردووە. زۆر کەس کە نەیانویستووە بە کوردی قسە بکەن، ئێستا گوێ لە گۆرانییەکەت دەگرن و وشەی "کورمانجی" دەڵێنەوە. هەستت چۆنە؟
پایکس: سەرەتا شۆک بووم، بەڵام زۆر دڵخۆشم. لەو رۆژەوەی گۆرانییەکە بڵاوبووەوە، لێدانی دڵم خێرا بووە. زۆر کاریگەر بووم بەو هەموو نامە جوانانەی بۆم هاتوون. سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە پشتگیرییان کردین. بێگومان بەردەوام دەبین.
هێمن عەبدوڵڵا: چیرۆکی پشت گۆرانییەکە چییە؟ بیرۆکەکەت چۆن بۆ هات؟
پایکس: ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر گەڕاین بۆ دۆزینەوەی دەنگێکی بێخەوش و کارمان لەسەر کرد. دواتر بەدوای ناوێکدا گەڕاین: هیوا (Hiva). گۆرانی زۆرمان دروست کرد، بەڵام باشترینەکەمان هەڵبژارد و بڵاومانکردەوە.
هێمن عەبدوڵڵا: چەند کاتی خایاند؟ هەندێک دەڵێن تەنها فرمانێک (Prompt) دەدەیت بە وێبسایتێک و تەواو.
پایکس: ئەگەر ئەوەندە ئاسان بووایە، هەزاران گۆرانی لەو شێوەیە دروست دەکران. ئێمە تەنها بۆ دەنگەکە، زیاتر لە دوو هەفتە و هەموو ڕۆژێک چەندین کاتژمێر گەڕاین و تاقیمان کردەوە. گۆرانی Kurmancî Her e Gulê شەش ڤێررژنمان لێ دروست کرد و ئینجا ئەوەمان هەڵبژارد کە بڵاومانکردەوە.
هێمن عەبدوڵڵا: شەش جۆرتان دروست کردبوو بۆچی ئەوەتان هەڵبژارد؟
پایکس: چونکە ئەوە ڕاستەوخۆ چووە دڵەوەو تەزوو بە لەشمدا هات کە گوێم لێگرت. هاوژینەکەم وتی: "واو، ئەمەیە!
دواتر یەکسەر لە تیکتۆک بڵاومانکردەوە.
هێمن عەبدوڵڵا: بڵاوتکردەوە و وتت: "با ببینین کێ دەیبینێت." گوتت ئێوارەی یەکشەممە کە بڵاوتکردەوە شۆک بوویت، باسی ئەوەمان بۆ بکە. چیرۆکی شۆکبوونەکەمان بۆ باس بکە؟
پایکس: لە ژوورەکەم بووم، هاوڕێ کچەکەم بانگیکردم و گوتی سەیرکە: "ئەپدەیتم کردەوە و کتوپڕ بوو بە ٥٠ هەزار بینەر!" دوای کەمێکی تر دیسان ئەپدەیتمان کردەوە، ١٠ هەزار بینەری تری بۆ هات. ئەو کات زانیمان کە ئەلگۆریتمەکە کاری خۆی کردووە. هەمووان بڵاویان دەکردەوە. خەڵک دەیانپرسی: هیوا کێیە؟ خەڵکی کوێیە؟ ئایا هیوا کچە یان من هیوام؟ وەک لافاوێک بەسەرماندا هات.
هێمن عەبدوڵڵا: کە پێدەکەنیت من تۆ نابینم، بۆچی ماسک دەپۆشیت؟ چیرۆکی پشت ئەمە چییە؟
پایکس: نامەوێت دەموچاوم نیشان بدەم تا ئەو کاتەی دەگەم بە ئامانجەکانم لە ژیاندا. یەکێک لەو ئامانجانە ئەوەیە کە لە ئاشتیدا بژیم و چیتر نەبینم گەلەکەم یان گەلانی تر دەچەوسێنرێنەوە. تا ئەو کاتە دەموچاوم نیشان نادەم.
هێمن عەبدوڵڵا: ئایا نزیکە کە ئاشتی بێت؟
پایکس: هیوادارم ئاشتی بەم زووانە بێت. هەموو ڕۆژێک هیوای بۆ دەخوازم. هەروەها لە ڕێگەی پڕۆژەی 144 دەمانەوێت ببینە دەنگی ئەو کەسانەی کە دەنگیان نابیسترێت.
هێمن عەبدوڵڵا: ئایا بڕیارتان ئەوە بوو کە بە کورمانجی موزیک و گۆرانی دروست بکەن یاخود بە زمانەکانی دیکەش، چونکە کارتان بە زمانی ئینگلیزیش هەن؟
پایکس: بێگومان بە پلەی یەکەم بە کوردی، بەڵام ویستمان بە ئینگلیزیش موزیک دروست بکەین، چونکە زمانێکی جیهانییە. نەک تەنها کۆمەڵگەی کوردی، بەڵکو دەمانەوێت دەنگمان بگاتە هەموو جیهان.
هێمن عەبدوڵڵا: خانەوادەکەشت پاشخانێکی کوردی و هونەریان هەیە، کوردبوون چەندە بۆت گرنگە؟
پایکس: زۆر گرنگە. زمان، کلتوور و ئایین و گەلەکەمان ڕاوەدوونراون و چەوسێنراونەتەوە. من بە ناوی Barış Korkmaz (باریش کۆرکمەز) لەدایک بووم – باریش واتە ئاشتی (Aşitî). دەمەوێت ڕێز لە ناوەکەم بگرم. بیری نیشتمانەکەم و زەردەخەنەی گەلەکەم دەکەم چونکە هەزاران ساڵە راوەدوو دەنرێین. دەمەوێت لەوەدا بەشداربم و شتێک بکەم، دەمەوێت بە کوردی بژیم و ژیان و خواردن و خۆشەویستیم هەمووی کوردی بێت. کوردستان واتا ئاشتی.
هێمن عەبدوڵڵا: پڕۆژەکەتان تەنها گۆرانی کورمانجی هەڕە گولێ بوو، یان شتی دیکەش هەیە هێشتا دروستی دەکەن؟
پایکس: بێگومان. لەژێر ناوی هیوا هەمیشە گۆرانی و پرۆژەی نوێمان دەبێت. بەم زووانە گۆرانییەکی نوێ بە ناوی Zindan u Jiyan بڵاودەبێتەوە. هەروەها پڕۆژەی زۆر گەورەمان لەپێشە کە هێشتا ناتوانم زانیاری زۆریان لەسەر بدەم. بەڵام کە تەواوبوون بێگومان ئاگادارتان دەکەینەوە.
هێمن عەبدوڵڵا: ئایا بۆ تۆ موزیک وەک کارێکی پڕۆفیشناڵ دروست دەکەیت یان هەروەک هیوایەتێکە، چونکە رەنگە زۆرکەس وابزانن کە ئەوە کاری گەنجێکی پشت کۆمپیوتەر بێت؟ من دەموچاوت نابینم بەڵام دەزانم کە پێدەکەنىت.
پایکس: من لە تەمەنی ١٤ ساڵییەوە لەسەر ستەیجم. پێنج ئامێری موزیک دەژەنم: تەمبوور، پیانۆ، دەهۆڵ ، گیتار، عود. قوتابخانەیەکی موزیکم هەبوو کە زیاتر لە ٢٠٠ قوتابی تێدا بوو. لە ئاهەنگی هاوسەرگیری، لە یانەکان و لە گەشتە هونەرییەکاندا موزیکم ژەنیوە، زیاتر لە ٥٠٠ گۆرانیم بۆ هونەرمەندانی ئاسایی و ناسراو و پیرو گەنج دروست کردووە. بێگومان ئەمە تەنها کاری کلیکێک نیە بەڵکو ئەزموونێکی دوورو درێژە.
هێمن عەبدوڵڵا: لەگەڵ کام لە هونەرمەندە گەورەکان کارتکردووە؟
پایکس: لەگەڵ خوالێخۆشبوو خەتەر کارمکردووەو گۆرانیم بۆ دروست کردووە. هەروەها لەگەڵ هەریەکە لە ئازاد، مەرۆ، کاپۆ، هافتبفێل، کۆنترا کاو کاپیتاڵ برا کارمکردووە.
هێمن عەبدوڵڵا: ئەو ناوانە هەموویان هونەرمەندی زۆر ناوداری ئەڵمانیان، ئەوەی ئەمریکیەکەش ئەستێرەیە لە هیپۆپ، تەنها بۆ گۆرانی کارتکردووە یاخود بۆ فیلمە جیهانییەکانیش موزیکت دروست کردووە؟
پایکس: بەڵێ، بۆ فیلمێکی گەورە لە ئەڵمانیا بە ناوی Haps کە ئەمساڵ نمایش دەکرێت. باسی Zindan u Jiyan دەکات.
هێمن عەبدوڵڵا: لە کوێ لە نێتفلیکس پیشاندەدرێت؟
پایکس: هێشتا دیار نیە لە نێتفلیکس یان لە ئەمازۆن پیشاندەدرێت، من سەرپەرشتیاری موزیک بووم و تەواوی موزیکی فیلمەکە و کەمپەینەکەم بەڕێوە بردووە. فیلمەکە نیشانی دەدات کە مرۆڤ دەبێت هەوڵ بدات ڕێگەی ڕاست بگرێتە بەر و ببێتە دەنگ بۆ ئەوانەی کە دەنگیان ناگات.
هێمن عەبدوڵڵا: هەندێک موزیسیان لە ژیریی دەستکرد دەترسن یان بە هونەری ڕاستەقینەی دانانێن. تۆ موزیسیانێکی بە ئەزموونی و هەر بەکاریشی دەهێنیت. بۆچی ژیریی دەستکرد بۆ هونەر باشە؟
پایکس: من بە شێوەیەکی تر دەبینم. هەرکاتێک شتێکی نوێ هات – وەک تەلەفزیۆن یان ئایفۆن – دەوترا: "ئای خوایە، ئەمە مەترسیدارە!" بەڵام مرۆڤ بە تێپەڕبوونی کات لەگەڵی ڕادێت. جیهان دەگۆڕێت و دەبێت لەگەڵ بڕۆین، لەو کەیسەشدا داهێنان لەگەڵ هونەردا کۆدەبێتەوە. ئەگەر ئەو دەنگەی ژیریی دەستکرد دروستی کردووە کاریگەری لەسەر من هەبێت کەواتە ئەوە خەڵە گرنگ و کاریگەرەکەیە.
هێمن عەبدوڵڵا: ئەگەر بگەڕێینەوە سەر گۆرانییەکە تەنها ژیری دەستکردو پرۆمپتە یاخود مرۆڤیش دەستی تێدا هەبووەو ئامێرە موزیکیەکانیش تێیدا ژەنراوون؟
پایکس: لە پرۆژەی هیوا لە زۆربەی گۆرانییەکاندا میلۆدییەکان من خۆم دروستم کردوون، دەتوانیت خۆت میلۆدی بدەیتێ و پێی بڵێیت کە ئەوا گۆرانی بڵێ. بۆ نموونە پارچەیەکی ساز دەژەنم و دەیدەمێ و پێی دەلێم ئەو میلۆدیەم بۆ دروست بکە، هەمیشە ئەنجامێکی باشترت دەداتێ و کوالێتی باشترە لەوەی تەنها بۆی بنووسی و داوای شتێکی بە نووسین لێبکەیت.
هێمن عەبدوڵڵا: دەتوانین شتێکمان گوێ لێبێت و بیژەنیت بۆ ئەوەی کە بینەران ببینن کە پایکس ژیری دەستکردن نیە؟
پایکس: بێگومان، دەتوانن ئێوە بڕیار بدەن تەمبور یان پیانۆ بژەنم.
هێمن عەبدوڵڵا: با تەمبور بێت چونکە کوردیترە.
پایکس: ئەوە تەمبوری باوکم بوو کە کۆچی دوایی کردوە.
هێمن عەبدوڵڵا: ئەویش هونەرمەند بوو، وایە؟
پایکس: بەڵێ، ئەو مامۆستای من بوو، بۆ موزیک و ژیان. ئەو سازە تەمەنی سەرووی چل ساڵ دەبێت.
هێمن عەبدوڵڵا: لە کوێ دروست کراوە لە کوردستان؟
پایکس: ئەمە لە تورکیا دروست کراوە لە مێرسین.
هێمن عەبدوڵڵا: موزیکێک کە باوکت ژەنیویەتی یان پێکەوە ژەنیوتانە، کە بیرتبێت لە خەیاڵتدا ماوە. ئەوە کامە گۆرانی بوو، ناوی چیە؟
پایکس: باوکم ئەو پارچە موزیکەی هەمیشە دەژەنی و زۆر حەزی لێبوو.
هێمن عەبدوڵڵا: ئەو گۆرانییەی دیکە کە دەربارەی ئازادی بوو دەتوانی تۆزێکمان گوێ لێبێت.
پایکس: ئەوە میلۆدی گۆرانی زیندان و ژیانە.
هێمن عەبدوڵڵا: من قەت تێر موزیک نابم بۆیە داوای زۆر دەکەم.. زۆرکەس ڤیدیۆیان بۆ گۆرانی هەڕە گولێ دروست کرد، کام ڤیدیۆی گۆرانییەکەت زۆر سەرنجی ڕاکێشایت؟
پایکس: راستی ئەو ڤیدیۆی کە رووداو دروستی کردبوو لە هەموویان سەرنجراکێش تر بوو. بۆمان لە هەموویان خۆشتر بوو. رووداو بۆ ئێمەی کورد ژمارە یەکە، ئەوە زۆر دڵخۆشی کردم. بێگومان ڤیدیۆی دیکەش هەبوون بەڵام ئەوەی رووداو وتم واوو بەڕاستی جوانە.
هێمن عەبدوڵڵا: رووداو بۆچی بۆ تۆ ژمارە یەکە؟
پایکس: رووداو لە نێو هەموو میدیاکاندا بەهێزترین کاریان هەیە، هەمیشە هەواڵی نوێت پێدەگات و دەمێکیشە بەرنامەی دیاسپۆرا دەبینم.
هێمن عەبدوڵڵا: بۆ من زۆر سەرەنجڕاکێشە بەرنامەی دیاسۆراش دەبینیت؟
پایکس: بێگومان کاتێک خەتەر بووە میوانی بەرنامەکە و ئێمەی هونەرمەند پەیوەندیمان بەهێزەو لە ڕێگەی یەکترەوە زانیاریمان دەبێت و یەکتر ئاگادار دەکەینەوەو ئەوە بۆ ئێمە سەرەنجڕاکێشترە کە هونەرمەندێکمان لە میدیای کوردی دەرکەوێت. رەگوریشەمان وامان لێ دەکات کە کاریگەری لەسەرمان هەبێت.
هێمن عەبدوڵڵا: پەیامت بۆ کوردانی دیاسپۆرا، بەتایبەت گەنجان چییە؟
پایکس: دەبێت بەسەختی کار بکەین. دەبێت کار بۆ چاکە بکەین. زۆر کەس بە چاوێکی پڕ لە حوکمی پێشوەختە سەیری ئێمە دەکەن، بەهۆی ئایین یان ڕەگەزمانەوە. دەبێت بە زانست و خوێندن بدرەوشێینەوە، ببینە نموونەی باش و لە هەموو شوێنێک ئاشتی بەرقەرار بکەین.
هێمن عەبدوڵڵا: بۆچی ناوی "پایکس" (Paix)؟
پێکس: Paix بە زمانی فەڕەنسی واتە ئاشتی. ئەوە ناوی من و پەیامی منیشە. خۆم ناوم بارشە، بە مانای ئاشتی دێت و پاشاوی کۆرکمازە.
هێمن عەبدوڵڵا: هیوادارم جاری داهاتوو بەبێ ماسک دیدارت لەگەڵ ساز بکەین، لە ئاییندەیەکی نزیکدا بەرهەمە نوێکانت بڵاوببنەوەو ئەوکات بە ئاشتی ناوت دێنم نەوەک پایکس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ