رووداو دیجیتاڵ
ریبال ئەسەد، ئامۆزای بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو باسی لەوە کرد کە فیدراڵیزم بۆ کوردی سووریا بە هەڵە نازانێت و دەکرا لەمێژە بکرایە و ئەمڕۆ زیاتر پێویستە. ئاماژەیشی بەوە دا، کورد بەشێکی گرنگ و پێویستی گەلی سووریان و ئەوە لۆجیکی تێدا نییە کە رژێمی سووریا دەیەوێت کورد بگەڕێنەوە دۆخی پێشوویان و، پێویستە دەستوورێکی نوێی شارستانییانە لە سووریا هەبێت.
ئەو ئامۆزایەی بەشار ئەسەد دەشڵێت، دەبێت هەموو پێکهاتەکان پێکەوە بڕیار لە داهاتووی سووریا بدەن و نابێت لە دەستووری سووریادا ئایین و هۆزی سەرۆک دیاری بکرێت. جەختی لەوەش کردەوە کە بوونی تورکیا لە سووریا داگیرکارییەکی راستەقینەیە و، بوونی ئێرانییەکانیش لە سووریا پەسند نییە.
ریبال ئەسەد ئامۆزای بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا و کوڕی رەفعەت ئەسەدە کە لە سووریا کەسایەتییەکی گرنگ بوو، بەڵام بەهۆی جیاوازی لەنێوان خۆی و حافز ئەسەدی برایدا بە ناچاری سووریای بەجێهێشت. ریبال ئەسەد ئێستا وەکو بازرگانێک و کەسایەتییەکی سیاسیی خاوەن پرۆژەی تایبەت بە خۆی دەناسرێت. هەروەها سەرۆکی رێکخراوی ئازادی و دیموکراسییە لە سووریا.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: ئێوە پێشتر وەکو بازرگانێک ناسراوبوون، بەڵام ئێستا کاری سیاسییش دەکەن. پرۆژە و ئامانجی سیاسیتان چییە؟
ریبال ئەسەد: سڵاو برای بەڕێز، سوپاس بۆ میواندارییەکە. وەک خۆتان دەزانن و جەنابت ئاماژەت بۆ کرد، من کاتێک لە 1984دا لەگەڵ باوکم لە سووریا دەرچووم، 9 ساڵم تەمەن بوو. رووبەڕووی ستەمێکی زۆر بووینەوە و ژیان لە تاراوگە گەلێک سەخت بوو، بە تایبەت کە مرۆڤ ستەملێکراو بێت. ئەمە وایکرد هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی چوونە نێو بواری سیاسەت بکەم تا بتوانم بگەڕێمەوە وڵاتەکەم سووریا و، پشتیوانیی گەلەکەم بکەم و هاوکاریی کەس و وڵاتەکەم بم.
بێگومان، باوکم بەردەوام، کە ئێمە هێشتا منداڵ بووین، باسی دیموکراسی و پێویستیی دیموکراسیی بۆ سووریا و جیهانی عەرەب بە گشتی و خۆپێشاندانی دیموکراسییانەی دەکرد. هەروەها گۆڤاری "فورسان"ـی هەبوو کە تا ساڵی 1984 لە سووریا دەردەچوو. دواتر وەک دەزانن رژێم دایخست و باوکم لە ساڵی 1986ـدا دووبارە لە فەرەنسا دەستی بە وەشاندنی کرد و تا ساڵی 1997 بەردەوام بوو.
کاتێک کەناڵی تۆڕی هەواڵی عەرەبیی دامەزراند، بەردەوام دەمانگوت پێویستە دیموکراسی و ئازادی لە سووریا هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین بە ئاشتی و ئارامی بژیین، بێگومان وەک یەک گەل.
خۆت دەزانیت سووریا لە هەمەڕەنگییەکی جوان پێکهاتووە، کورد هەن، ئەرمەن و تورکمان و چەرکەس، برا کریستیانەکانمان و چەند هۆزێکی موسڵمان. لەبەر ئەمە تەنیا رێگە بۆ بەئارامی ژیان لە سووریا و بۆ ئەوەی وەک گەل و هاووڵاتی پێکەوە بە خۆشەویستی و لە خۆشگوزەرانیدا بژیین بریتییە لەوەی دیموکراسییەکی راستەقینە هەبێت.
کێشەکە ئەوەیە لای ئێمە، بەگشتی لە جیهانی عەرەبدا، تێگەیشتنی هەڵە بۆ دیموکراسی هەیە کە پێیان وایە دیموکراسی بەو مانایە دێت زۆرینە دەسەڵات بگرێتە دەست و کەمینەکان بکوژن یان تۆڵەیان لێ بستێنن، ئەمەش بێگومان رەتکراوەیە. من بەردەوام کاتێک لە سووریا دەژیاین و منداڵ بووین لە سەردەمی رووداوەکانی ئیخوان موسلمیندا لەوێ بووین کە تیرۆری تێدا هەبوو و خەڵکیان لەسەر ناسنامە دەکوشت و درووشمی "ع. د. س."ـیان هەبوو بە واتەی ئەوەی عەلەوییە، درووزە یا ئیسماعیلییە بیکوژن.
ئۆتۆمۆبێلێکی بۆمبڕێژکراو هەوڵی دا بڕواتە نێو ئەو ماڵەی ئێمە تێیدا نیشتەجێ بووین، بەڵام باش بوو ئەو هێزە ئەمنییانەی پاسەوانیی ماڵەکەیان دەکرد رایانگرت و راستەوخۆ ئێمەیان بردە نهۆمی ژێر زەوی. گشت ئەمانەم لە بیرن. کاتێکیش دەرچووین، هەستم بە ستەم کرد، چونکە سەرنجێکی چڕی راگەیاندن لەلایەن رژێمەوە هەبوو، لە هەمان کاتدا لەلایەن ئیخوان موسلمینەوە ئەوانەی هاتبوونە دەرەوە، کە وەک دەزانی, هەموو بیر و هۆشیان لای ئەوە بوو رەفعەت ئەسەد وا بوو و وا چوو. باسی حەمایان دەکرد; بابەتگەلێک هەموویان درۆ و هەڵبەستن بوون و، هەوڵیان دا مێژووی دکتۆر رەفعەت ئەسەد لە بیر ببەنەوە و بیسڕنەوە کە چی بۆ سووریا کردووە.
کاتێک بۆ نموونە سەرۆکی خوێندنی باڵا بوو و زانکۆی حەمس و زانکۆی لازیقییەی دروستکرد و زانکۆی حەلەبی فراوانتر کرد و هاوبەندیی دەرچووانی خوێندنی باڵای پێکهێنا کە 30 هەزار کەسی کارامە و رۆشنبیری سووریای لە خۆ دەگرت. سکۆلارشیپی بە دەست هێنا و دەیان هەزار قوتابیی لە گشت ناوچەکانی سووریاوە بۆ خوێندن رەوانەی وڵاتانی یەکێتیی سۆڤیێتی جاران و ئەوروپای رۆژهەڵات کرد.
رووداو: ئایا ئێوە دەتانەوێت گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی وڵاتی سووریادا بکرێت؟ ئایا دەتانەوێت دەسەڵاتی ماڵباتی ئەسەد بەردەوام بێت یاخود ئەوە مەرج نییە؟
ریبال ئەسەد: ئەوەی بە لای منەوە گرنگە ئەوەیە کە پێویستە لە سووریا دیموکراسییەکی راستەقینە هەبێت. دیموکراسییەک بە واتای ئەوەی گەل خۆی حوکمڕانی خۆی دەستنیشان بکات. ئەمە دەبێت بژارەی گەل بێت. ئێمە لە سووریا شانشین نیین و بنەماڵەی ئەسەد وەک خێزانێکی شاهانە نەهاتە سەر حوکمی سووریا. حیزبی بەعس دەسەڵاتی گرتە دەست و دوای ئەوە مامی خوالێخۆشبووم، حافز ئەسەد، هات و باوکم بەردەوام لەگەڵیدا بوو.
بێگومان لەنێو حیزبی بەعسی سووریادا ناکۆکی هەبوو. باوکم بەردەوام لەوانە بوو کە بانگەشەیان بۆ دیموکراسی و ئازادی دەکرد. ئێمەش لەسەر ئەم بەهایانە پەروەردە کراین و ناتوانین ئەمە بگۆڕین. ئێمە دژی بەشار ئەسەد نیین وەک کەس؛ ئێمە دیموکراسیمان دەوێت و گۆڕانی ئاشتییانەی پلەبەپلەمان دەوێت. دژی توندوتیژیین.
لەبارەی دیدی منەوە لەسەر چۆنیەتیی روودانی ئەمە لە سووریا، بێگومان پێویستە دەستوورێک هەبێت شارستانییانە بێت، لە سایەی یاسادا یەکسانی بۆ هەموو هاوڵاتییان دەستەبەر بکات، هیچ جیاوازییەک لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی سووریادا نەبێت، تەنانەت لەنێوان ژن و پیاویشدا، لەنێوان پێکهاتەکان، ئایینەکان، عەرەب و کورد و ئەوانی دیکەدا. سووریایەکی شارستانیمان هەبێت. سووریای داهاتوو بەم رێگەیە نەبێت دروست نابێت. دەبێت وەک گوتم یەکسانی لەنێوان گشت هاووڵاتییان و هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریادا هەبێت. جگە لەمە، دەبێتە بەفیڕۆدانی کات.
رووداو: کەواتە ئێوە دەتانەوێت سیستمی حوکم لە سووریا بەتەواوی گۆڕانکاریی بەسەردا بێت؟
ریبال ئەسەد: بەڵێ بێگومان. بەڵام دووپاتی دەکەمەوە پێویستە ئەمە بە شێوەیەکی ئاشتییانە رووبدات. نەوەک ئۆپۆزیسیۆنێک بێت وەک ئەوەی 10 ساڵە دەیبینین، چەک هەڵبگرن و کوشتن هەبێت. بۆ نموونە برا کوردەکانمانیان کوشت، کەسانی سەر بە چەندین پێکهاتەیان کوشت، لە کریستیانەکان و لە هەمووان. لە هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا. کەس لە دەستی ئەمانە رزگاری نەبوو.
ئێمە نامانەوێت دیکتاتۆرییەت بە دەسەڵاتێکی ئایینی بگۆڕین. نامانەوێت لە سووریا ئەوە ببینین کە پێش 40 ساڵ لە ئێران روویدا. کاتێک شایان لادا و رژێمێکی ئایینییان هێنا. بێگومان گەلی سووریا چاوی لە شتێکی لەم جۆرە نییە. گەلی سووریا بەردەوام و کاتێکیش لە 2011 چووە سەر شەقام بەهیوای گواستنەوە بەرەو دیموکراسی بوو، ئەو دیموکراسییەی لە وڵاتانی رۆژئاوا بەدی دەکرا. ئامانجی ئەوە بوو ژیانی وەک ژیانی خەڵکی رۆژئاوا و وەک ئەوەی لە تیڤی و ئینتەرنێت دەیبینی.
ئێستا هیچ شتێک لە خەڵک ناشاردرێتەوە، تۆڕی کۆمەڵایەتی هەیە، هەموو کەسێک لە مۆبایلەکەیدا ئینتەرنێتی هەیە و هەموو رووداوەکان دەبینێت، هەموو کەناڵەکانی تیڤی جیهانیی لە بەردەستە. بۆیە ناتوانیت شتەکان بشاریتەوە و درۆ لەگەڵ خەڵک بکەیت. ئەمە پێویستە، بەڵام هاتن شۆڕشەکەیان رفاند. ئەو توندڕەوانە، ئیسلامییە توندڕەوەکان، رفاندیان. بۆیە زۆرینەی خەڵکەکە کە بێگومان دژی رژێم بوون و دژی دیکتاتۆری بوون، بە باشیان زانی خۆیان بدەنە پاڵ رژێم و گوتیان ئەمەیان باشترینی دوو خراپەکەیە.
خۆت دەزانی، هەر کە ئەو ئەنجوومەنە نیشتمانییەیان پێکهێنا، چوونە تورکیا و لەوێ 260 کەسیان کۆکردەوە کە زۆرینەیان ئیخوان موسلمین بوون و ئەنجوومەنی نیشتمانییان دامەزراند. ئەمە بەر لە هەر شتێک بەڵگەیەک بوو بۆ گەلی سووریا. ئەوان هەمان کاری رژێمیان کرد و لە ژوورێکی داخراودا کۆبوونەوە و بڕیاریان دا کە خۆیان نوێنەرایەتیی گەلی سووریا دەکەن و دەبێت خۆیان ببنە جێگرەوەی رژێم.
ئەمە شتێکە ئەستەمە هیچ مرۆڤێک پێی رازی ببێت. جگە لەوەش تەماشایان کرد زۆرینەی ئەوانە ئیخوان موسلمینن، ئیسلامین، خەڵکی ئەوە لەبیر ناکەن کە ئیخوان موسلمین لە سووریا کردیان. هەروەها ئەستەمە رژێم بگۆڕن بۆ ئەوەی هەندێک لە ئیخوان موسلمین جێگەی بگرنەوە.
رووداو: تۆ تەمەنت نۆ ساڵان بوو کاتێک بەهۆی ناکۆکیی نێوان باوکت و حافز ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا ئەو وڵاتەتان بەجێهێشت. ئایا ئێوە لەسەر پێشنیازی باوکتان چوونە نێو بواری سیاسەتەوە یاخود کەسێکی دیکە کاریگەری لەسەرت هەبوو؟
ریبال ئەسەد: نەخێر بەپێچەوانەوە. وەک لە وەڵامی یەکەم پرسیارتدا روونم کردەوە، کاتێک ئێمە منداڵ بووین، من هەستم بە ستەم کرد کە بەو شێوەیە لە وڵاتی خۆمان دەرچووین و ستەممان لێکرا. دوای ئەوە ئەو هەڵمەتی پڕوپاگەندەیەمان بەرامبەر کرا کە بوو لەلایەن رژێم و ئیسلامییەکانەوە دژ بە باوکم رێکخرا بوو. ئەمەم بینی و وەک منداڵێک کاری لە من کرد. ساڵی 1994 بۆ ماوەیەکی کورت بۆ سووریا گەڕامەوە. ئەو کات رژێم هەوڵی دا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق کاتێک بەرەو بۆستن بۆ خوێندن گەشتم دەکرد، تیرۆرم بکات.
جارێکی دیکە لە 1997 بۆ سووریا گەڕامەوە و دوو ساڵ لەوێ مامەوە و لە 1999 کە ئیدی سەردانی باوکم نەدەکرد لە ئیسپانیا، رژێم ماڵەکەمانی لە لازیقییە کردە ئامانج و زۆر لەو کەسانەی لە ماڵەکەدا بوون کوژران و بریندارکران. ئەو کاتەش رژێم گوتی لە بەندەرێکی ناشەرعیمان داوە.
خۆت دەزانیت سەرلەبەری ئەوە درۆ بوو، وێنەکانی سەتەلایت ماون و وێنەی ماڵەکە و چەند هۆتێل و ماڵێک لەو دەوروبەرە هەبوون و هیچ بەندەرێک لەوێ نییە. ئەم ستەمە وای لە من کرد بەردەوام ئارەزووی بینینی گۆڕانکاری لە وڵاتەکەمدا بکەم. بە خۆم دەگوت کاتێک من منم و کوڕی فڵانە کەسم و بەم شێوەیە ستەمم لێ دەکرێت، ئەدی هاووڵاتییەکی ئاسایی چی بەسەر دێت؟ بێگومان زیندانی دەکرێت و ئەشکەنجە دەدرێت و بزر دەکرێت. ئەوانە هەموویان قبووڵنەکراون.
لە 2006دا بوومە بەرپرسی تۆڕی هەواڵی عەرەبی. بەردەوامیمان بە هەمان رێچکەی کاری وێستگەکە دا کە بریتی بوو لە بڵاوکردنەوەی دیموکراسی و ئازادی لە سووریا و لە ناوچەکەدا. لە 2009 هێرش کرایە سەر ئەو شەپۆلی سەتەلایتەی ئەو مانگە دەستکردەی وێستگەکەمانی تێدا بوو. هەوڵمان دا بزانین سەرچاوەکەی کامەیە و سێ مانگ لە پەخش کەوتین. پاش سێ مانگ لە ئاڵوگۆڕی نامە لەگەڵ یوتێکسەکان کە لە فەرەنسا بوون، نەخشەیەکیان بە ئێمە دا پێشانی دەدا کە هێرشەکان لەناو خاکی سووریاوە دەکرێنە سەرمان.
من ئەو کات زۆر نیگەران بووم و لە رێکخراوی دیموکراسی و ئازادی لە سووریا دەستم بە کار کرد و چاوپێکەوتنم لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەکانی بەریتانیا و پەرلەمانی ئەوروپا و ئەڵمانیا و گشت وڵاتانی ئەوروپا و دەمگوت ئەمە ناکرێت رووبدات، ئێمە کۆمپانیایەکی بەریتانین و لە خاکی سووریاوە هێرش دەکرێتە سەرمان و کەس هاوکارمان نییە و کەس نییە پەخشەکەمان بگەڕێنێتەوە. لە کارەکانمدا جەختم لەسەر ئەم بابەتە کرد لەپێناو دیموکراسی بۆ سووریا.
رووداو: پاش ئەوەی کە لە سووریا دەرچوون، ئایا لەلایەن ئامۆزاکەتانەوە هیچ هەوڵێک بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ئێوە دراوە؟
ریبال ئەسەد: بەداخەوە هەرگیز ئەمە رووینەدا. وەک گوتم کێشەکە کێشەیەکی کەسی نییە. من بە راشکاوی پێت دەڵێم هیچ کێشەیەکی کەسیم نییە. راستە ئەو کارانەیان کردووە و ئێمە رووبەڕووی گەلێک ستەم بووینەوە، بەڵام نابێت مرۆڤ رقلەدڵ بێت. لە راستیدا ئێمە بۆ وڵاتەکەمان و تەنانەت بۆ سەلامەتیی کەسوکار و خێزانەکەشمان کار دەکەین.
من هیوا ناخوازم ئامۆزاکانم ئازاریان پێبگات، چونکە هیچ پەیوەندییەکمان نییە. وابزانم یەک جار بەشاری ئامۆزام بینیوە. بەڵام هیوا ناخوازم ئازاریان پێبگات و هەر چۆنێک بێت بنەماڵەی ئێمەن و ئەمە پەروەردەی ئێمەیە لە رۆژهەڵات. لەبەر ئەوە بەردەوام ئامۆژگاریی دەکەم، لە رێگەی دیمانەکانم و ئەو گوتارانەی دەیاننووسم و پێیان دەڵێم دەبێت ئاراستەیان چۆن بێت و چۆن پێویستە گوێ بگرن.
وەک گوتم باوکم لە ماوەی 36 ساڵدا چەندین جار هەوڵی دا ئامۆژگاریی رژێم بکات بۆ ئەوەی گۆڕانکاری بکات. ئەوەتا دەبینیت بە کوێ گەیشتین. لە سووریا گەیشتینە قۆناخێکی کارەساتبار. بابم لە مێژ بوو هەوڵی دەدا پێی بڵێت خەڵکێکی خراپ لە دەسەڵاتدا هەن و پێویستە دوور بخرێنەوە، ئەمانە بەرەوپاش دەمانبەن و تەنیا لە خەمی بەرژەوەندیی خۆیاندان. ئەوە بوو گوێیان بۆی نەگرت و دوایی بینیمان هەمان ئەو کەسانە، مستەفا تڵاس یەکێکیان بوو خوالێی خۆش بێت، هەروەها عەبدلحەلیم خەددام، یەکەم کەس بە خۆیان و ماڵ و منداڵەوە بەجێیانهێشت و، هەر کە رژێم تووشی کێشە هات، بۆی دەرچوون و سەنگەریان لێی گرت.
ستەمی دووەم کە رووبەڕووی بووینەوە ئەوە بوو لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە. کاتێک عەبدلحەلیم خەددام دەرچوو، هەمووان پێشوازییان کرد و ئۆپۆزسیۆن چەپڵەی بۆ لێدەدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ دەکرد. هەمان شت بۆ مەناف تڵاس و ئەوانی دی کرا، لە کاتێکدا ئەمانە لەگەڵ رژێم مانەوە. عەبدلحەلیم تاوەکو 2005 مابوو و مستەفا تڵاس تا 2012. ئەوەندەی لەبیرم بێت مەناف تڵاسیش ... بەڵام باوکم 36 ساڵە واتە لە 1984ەوە، کەچی بەردەوام هێرش دەکرایە سەری و هەر کاتێک دیمانەیەکم دەبوو، هێرش دەکرا و پێیان دەگوتم کوڕی ئەوە و کوڕی ئەوەیان.
باشە چۆن دەتەوێت ئەو گەلەی سووریا کە لە سووریایە بزانێت ئێوە بە جیددی گواستنەوەی ئاشتییانە و دیموکراسیتان دەوێت لە کاتێکدا بەو شێوەیە دژایەتیی کەسێک دەکەن هەموو ئەو خزمەتەی بە سووریا گەیاندووە و 36 ساڵە دەرچووە و بانگەشەی ئازادی و دیموکراسی دەکات؟ کەچی کێشەتان لەگەڵ ئەوانە نییە کە لە پشتیوانیی رژێم بەردەوام بوون. ئاشکرایە مستەفا تڵاس بەردەوام شانازیی بەوەوە دەکرد کە دەسەڵاتی رادەستی بەشار کردووە، عەبدلحەلیم خەددامیش، ریاز حجابیش. ریاز حجاب لە 2012دا بووە سەرۆکوەزیران.
رووداو: تۆ کەسێکی لە ماڵباتی ئەسەد، زۆر وڵاتی ئەوروپییش دەیانەوێت ئەو ماڵباتە لەسەر دەسەڵات نەمێنن. ئایا ئەوە هیچ گرفتێک بۆ کاری سیاسیی ئێوە دروست ناکات؟
ریبال ئەسەد: نەخێر. خۆت دەزانی ناوی ئەسەد لە هەموو جیهاندا هەیە. لایەنی ئەرێنی و نەرێنیشی هەیە. ئەو خەڵکەی بە ناسناوەکەت هەڵسەنگاندنت بۆ دەکەن هەرگیز باوەڕیان بە دیموکراسی نییە. لێرە وەک خۆتان بینیتان و لەنێو چالاکییەکانمدا چاوم بە ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا و ئەنجوومەنی لۆردەکان کەوتووە، هەمان شت لە ئەڵمانیا و لە گشت وڵاتانی جیهان، لە کۆنگرێس و شوێنانی دیکە. خەڵک فڵان و فڵان لە یەکدی جیا دەکەنەوە، دەزانن کەسێک نازناوێکی هەبێت ئەوە ناگەیەنێت کە لە هەڵسوکەوتی رژێمدا بەشدارە. خەڵک ئەمە جیادەکەنەوە. کێشەکە لەگەڵ ئەوانەیە ئەم جیاوازییە نابینن، ئەوەش لەنێو عەرەبدا هەیە، لەنێو کەسوکارمان لە سووریا هەیە.
ئەو ئۆپۆزسیۆنە سوورییەی لە دەرەوەیە کە تەنیا لەبەر ئەوەی لە بنەماڵەی ئەسەدیت، هێرش دەکەنە سەرت. من هەزار جار گوتوومە ئەمە هەڵەیە. زۆر کەس هەن لە بنەماڵەی ئەسەدن لە سووریا بە هیچ شێوەیەک لە رژێم سوودمەند نەبوون، زۆریشیان سەرکوتکراو بوون، زۆریان لە دەسەڵات و حوکمڕانیدا نین. تۆ ناتوانیت بڵێیت ئەم بنەماڵەیە هەمووی بەرپرسن.
رووداو: ئێوە باسی ئەوەتان کردبوو کە بەشار ئەسەد دەیویست چاکسازیی سیاسی بکات، بەڵام محەممەد مەخلووف و رامی مەخلووف رێگرییان لێکردووە و نەیانهێشتووە، بۆیە دەڵێن ماڵباتی مەخلووف کاریگەریی زۆریان هەیە. ئایا ئێوەش راتان وایە؟
ریبال ئەسەد: بە بۆچوونی خۆم، کاتێک بەشار هاتە سەر دەسەڵات، گەنج بوو، تەمەنی 34 ساڵ بوو، بێگومان دەیویست گۆڕانکاری بکات و گواستنەوەی دیموکراسییانە بکات. بەڵام خۆت دەزانیت ئەو دەسەڵاتی بۆ مایەوە و لە دەسەڵاتدا نەبوو.
کاتێک فاسلی ئامۆزام، خوالێی خۆش بێت، لە 1994دا کۆچی دوایی کرد، بەشار هات و مامی سەرۆکم، خوا لێی خۆش بێت، لە 2000 کۆچی دوایی کرد. تەنیا 6 ساڵی بەدەستەوە بوو بۆ فێربوونی ئەو ئەرکە نوێیانەی بە نیاز بوون رادەستی بکەن. لەبەر ئەوە ناچاربوو پشت بەوانە ببەستێت کە لە سەردەمی باوکی خوالێخۆشبوویدا هەبوون و ئەوانەی هاوڕێی برای خوالێخۆشبووی بوون.
بێگومان ئەم ئەرکە بۆ ئەو زۆر سەخت بوو. بۆیە لەگەڵ دەستپێکی شۆڕش لە سووریا و دەرچوونی خەڵک بۆ سەر شەقامەکان، درووشمی دژ بە رامی مەخلووف و کۆمپانیاکانی رامی مەخلووفیان بەرز کردبووەوە. بەگشتی کەس هیچی نەگوت و قسەی نەشیاویان بە بەشار خۆی نەدەدا. ئەو بەڵێنی دابوو و بوسەینە شەعبان دەرکەوت و گوتی سەرۆک گوتارێک پێشکەش دەکات و ئەو گۆڕانکارییانەی دەیانکات دەبنە مایەی سەرسووڕمانی خەڵک.
بەڵام ئەوەندەی من ئاگاداربم لەو کاتەدا محەممەد مەخلووف، خودالێی خۆش بێت، دوو مانگە مردووە، لەگەڵ رامی و حافز چوونە لای و پەشیمانیان کردەوە. لەبەر ئەوە عاتف نەجیب کە خزمیانە، ئەو کات لە دەرعا ئەشکەنجەی منداڵانی دابوو و بە شێوازێکی نەشیاو هەڵسوکەوتی لەگەڵیاندا کردبوو. ئەوە بوو ئەو کەسە لەجیاتی ئەوەی دادگایی بکرێت، ئازادیان کرد، چونکە خزمیان بوو. ئەوە بوو سەرۆکیان رازی کرد کە نابێت پاشگەز ببێتەوە، چونکە ئەگەر وابکات داواکاریی زیاتریان دەبێت و لەو شتانە.
گرنگ ئەوەیە کاریگەرییان لەسری دانا و وایان لێی کرد گوتارەکەی بگۆڕێت، ئەو گوتارەی چاوەڕوان دەکرا گۆڕانکاریی زۆری تێدا رابگەیەنێت. گوتارێکی دا کە زۆر لە خەڵکی بێهیوا کرد و بۆیان دەرکەوت کە گۆڕانکارییەکی بەرچاو نابێت. ئەوە بوو شتەکە تەشەنەی سەند و کەسانی دەوروبەری حافز مەخلووف کەوتنە وێزەی خەڵک و، کارەکە گەورە بوو تا گەیشتینە ئەم دۆخەی ئەمڕۆمان.
رووداو: پێشبینیتان بۆ داهاتووی سووریا چییە؟ دەتانەوێت سیستمی حوکمی ئەو وڵاتە چۆن بێت؟
ریبال ئەسەد: من بە بۆچوونی خۆم وای دەبینم پێویستە دەستوورێکی نوێ لە سووریا هەبێت، بێگومان دەبێت شارستانییانە بێت. مافی گشت هاووڵاتییان بپارێزێت و، دەبێت گشت هاووڵاتییان لە سایەی یاسادا یەکسانبن، پیاو و ژن، کریستیان و پێکهاتەکان، عەرەب و کورد. پێویستە یەکسانی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریادا هەبێت. ئەمە نەبێت ئەستەمە چارەسەرێک بدۆزینەوە. ئەوەتا 10 ساڵە وڵاتەکەمان وێران کرد، خەڵکی سووریا و ئەو بێگانانەی کە هاتن، سووریا بەتەواوی وێران کرا. کەچی هێشتا گوتاری رژێم بەشێوەیەکی بەرچاو نەگۆڕاوە، هەر هەمان گوتارە و، ئۆپۆزسیۆنیش بەهەمان شێوە هێشتا هەر دەڵێت بڕۆن ... بڕۆن.
لیژنەی نووسینەوەی دەستووریش تا ئێستا هیچ کارێکی بەرچاومان لێی نەدیوە و هیچ شتێکیان لەبارەی کارەکانیانەوە رانەگەیاندووە. بە رای من ئەگەر دوای ئەو هەموو کارکردنەیان نەگەیشتنە ئەنجامێکی لەو شێوەیە، شکست دەخۆن و، ناتوانین بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین. ئەگەر هەر خاوەنی هەمان بیرکردنەوە بن، ئێستاش بڵێن دەبێت سەرۆک سەر بە فڵانە ئایین و فڵانە هۆز بێت، ئەمە دیموکراسی نییە. تۆ بێیت بڕیار بدەیت ئایینی سەرۆک چی بێت! ئەمە گەل لە رێگەی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەردەوە بڕیاری لەسەر دەدات، خودای دەکرد گەل هەرکەسێکی دەویست. مادام هاووڵاتییەکی بەشەرەفی سووریا بێت و، ئەوەی خۆی دەپاڵێوێت دەبێت بزانێت کە دەتوانێت دەنگی خەڵک بەدەست بهێنێت و ببێتە سەرۆک، جا کریستیان بێت یان کورد یان سەر بە هەر پێکهاتەیەک بێت، هەرکەس بێت یان ئەرمەنی یان هەر یەکێکی دیکە. مادام سوورییە و نیشتمانپەروەرە، دەتوانێت ببێتە سەرۆککۆمار.
رووداو: تۆ چۆن سەیری پرسی کورد لە سووریا دەکەیت؟ پێتوایە لە دەستووردا دەبێت چ مافێکیان پێبدرێت؟
ریبال ئەسەد: بێگومان ئەمە هەڵەیە و من دەزانم تەنانەت ئەو کاتەی باوکم لە سووریا بوو زۆر هاوکاریی برایانی کوردی سووریای کرد و، هەندێک لەوان لە تورکیاوە هاتبوون و پێشوازی دەکران. تەنانەت هەندێکیان لە سوپادا بوون و یەکێکیان بە ناوی شێرکۆ ئالووسی ئەفسەر بوو لە هێزەکانی بەرگریدا، ئەوان ڕێزلێگیراو بوون.
بەڵام راست دەکەیت دواتر برایانی کوردمان پشتگوێ خران و بەشێوەیەکی نەگونجاو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا. ئەمە گەورەترین هەڵەیە، چونکە ئەوان بەشێکی پێویست و گرنگی گەلی سووریان، بۆیە ناتوانیت ئێستا لە دەرەوە کۆبوونەوەی ئۆپۆزسیۆن بکەیت و برایانی کوردمان تێیدا ئامادە نەبن، یان هەندێک کەس دەنێرن کە بە راستی نوێنەرایەتیی کورد ناکەن، تەنیا لەبەر ئەوە دەیاننێرن کە بڵێن ئەوەتا کوردیشیان لەگەڵدایە، بەڵام ئەمانە نوێنەرایەتیی کەس ناکەن.
ئەمڕۆ ئەوانەی لەسەر زەوی نوێنەرایەتییان دەکەن و هێزن لەسەر زەوی، کەس بانگهێشتی نەکردوون، جارێک بۆ دڵخۆشکردنی تورکەکان و جارێک بە بیانووی دیکە، بەڵام ئایا داهاتووی سووریا لەسەر رازیکردنی تورک یان ئێران یان نازانم کێ دروستدەکرێت؟ یان دەبێت خۆمان بتوانین بەیەکەوە سووریای داهاتوو دروستبکەین؟ دەبێت هەموو پێکهاتەکانی سووریا پێکەوە بن و پێکەوە بڕیار لە داهاتووی سووریا بدەن و، بزانن کامە باشترین دەستوورە کە دەتوانن لە سایەیدا پێکەوە بژین و هەموویان بەڕێز و لە بەرامبەر یاسادا یەکسان بن. نابێت بڵێیت ئەم هاووڵاتییە لەوە کەمترە، چونکە کە ئەمەت، گوت هێزی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی دەستوەردان دەکەن و ئەو خەڵکە لە دژی تۆ بەکار دەهێنن.
رووداو: کورد داوای فیدراڵییەت دەکەن. ئێوە لەو بارەیەوە چی دەڵێن؟
ریبال ئەسەد: بابەتی فیدراڵیزمیش، زۆرن ئەوانەی لە ناوچەکەدا فیدرالیزم وەک دابەشکردن دەبینن، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەمڕۆ گرنگترین وڵاتانی جیهان، وەکو ئەمەریکا یان رووسیا یان ئەڵمانیا و سویسرا، هەموویان دەوڵەتی فیدراڵین. بۆیە هەڵە نییە ئەگەر بەشێوەیەکی راست دروست کرابێت من بە هەڵەی نازانم. بە پێچەوانەوە دەکرا ئەمە لەمێژە بکرایە و پێموایە ئەمڕۆ زیاتر پێویستە. چونکە وەکو دەزانیت هێزی ئەمریکا و هێزی رووسیا و هێزی ئێرانی و هێزی تورک لە سووریا هەن.
ئەگەر ئێمە نەتوانین هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە باوەش بگرین و دەستوورێکی شارستانیمان دروست نەکرد، با فیدرالیزم لە دەستوورەکەدا باسبکرێت. من پێموایە بۆ سووریا هیچ کێشەیەک لە فیدراڵیزمدا نییە و، هیچ ناگۆڕدرێت. بەپێچەوانەوە خەڵک زیاتر هەست بە ئارامی دەکەن و دەوڵەتەکەش شارستانیتر دەبێت. بۆ ئەوەی دووبارەی نەکەینەوە و هەمان کێشەکان پاش 5 یان 10 یان 25 ساڵ دووبارە نەبنەوە.
رووداو: هێزەکانی سووریای دیموکرات شەڕیان دژی داعش کرد و هەرێمی رۆژئاوای کوردستانیان لە باکووری سووریا دروست کرد. بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەو هەرێمە چییە؟
ریبال ئەسەد: من بە بۆچوونی خۆم دەڵێم راستە برایانی کوردمان شەڕێکی سەختیان دژ بە داعش کرد و بینیمان بە ژن و پیاوەوە شەڕیان دەکرد، شەڕی سەختیان کرد و چەندین جەنەڕاڵی ڕۆژئاوایی دانیان بەمەدا نا، بە ئازایەتییان و سەرکەوتنیان لە چەندین بەرەدا بەسەر توندڕەوەکاندا بە گشتی، داعش و ئەوانی دیکەش.
هەروەها دەزانم کە هێزەکانی سووریای دیموکرات چەند جارێک دەستی ئاشتییان بۆ رژێم درێژ کرد، بەڵام وەک دەزانیت رژێم بەردەوام رەتیدەکاتەوە و دەیەوێت کورد بگەڕێنەوە هەمان دۆخی پێشوویان. ئەوەش شتێکە لۆجیکی تێدا نییە، چونکە دەبینین ئەمڕۆ هەموو جیهان بەدوای برا کوردەکانمانەوەن، هەموو وڵاتانی جیهان. بەپێچەوانەوە، پێویستە رژێم لە پێشەوەی ئەوانە بێت کە برا کوردەکانمان لە سووریا لە ئامێز بگرن و دان بەوەدا بنێت کە بەشدارییان لە شەڕی دژ بە دوژمنانی گەلی سووریادا کردووە و، ئەگەر وا نەبووایە داعش 1000 ساڵ ئێمەی بەرەوپاش دەبرد. ئەگەر داعش بگەیشتنایەتە هەندێک ناوچەی سووریا و، ئەو کوشتار و تاوانانەمان دەبینی کە کردیان.
کورد هاوپەیمانێکی پێویستە، دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن رووبەڕووی ئەو ئیسلامییانە ببنەوە، ئیسلامییە توندڕەوەکان بە هەموو جۆر و رەنگێکیان.
رووداو: ئایا ئێوە هیچ پەیوەندییەکتان لەگەڵ ئەنەکەسەدا هەیە؟
ریبال ئەسەد: نا، نا، هەرگیز نا، برای بەڕێزم.
رووداو: ئایا پێتانوایە کە حکومەتی سووریا دەبێت لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات دانوستاندن بکات، چونکە ئەوان هەرێمێکی گەورەیان لە داعش پاراست؟
ریبال ئەسەد: بێگومان، بێگومان، بەدڵنیاییەوە. بێگومان ئەمە کارێکی پێویستە. وەکو پێشتر گوتم، ئەگەر تۆ لە رەتکردنەوەی ئەوان بەردەوام بیت، ئەوە هیچ هاندەرێکیان پێنادەیت بۆ ئەوەی پشتیوانیت بکەن. بەپێچەوانەوە دەبێت بە دەنگیانەوە بچیت و کاریان لەگەڵدا بکەیت. لە چەندین بابەتدا وەکو پرسی تورکیا و پرسی دیکە، ئەوەی ئەمڕۆ لە ئیدلب روویداوە، دەیان هەزار جیهادییان هێناوە لە لوبنان و لە شام و لە شوێنی دیکەوە هەموویان هێنان و لە ئیدلب دایاننان.
رووداو: بوونی تورکیا و ئێران لە سووریا چۆن دەبینیت؟
ریبال ئەسەد: بوونی تورکیا داگیرکارییە، داگیرکارییەکی راستەقینەیە. خۆت دەزانیت چوونە هەندێک ناوچە و خەڵکیان کوشت و سوپای ئازادیان بەکارهێنا کە ناوێکی بێناوەڕۆکە و گشت خەڵک دەزانن سوپای ئازاد بریتییە لە چەند گرووپی ئیسلامیی توندڕەو.
وەزیری دادی ئەمەریکا، ئیریک هۆڵدەر، لە سەردەمی ئۆباما، کاتی خۆی گوتی زۆرینە لە سوپای ئازاد هەڵگری ئایدیۆلۆجیای قاعیدەن. بێگومان ئێوە بینیتان و گشت خەڵک بینیی کاتێک چوونە ناوچەی عەفرین چۆن کەوتنە کوشتن و سەربڕین و ئەو کارانە. شتی لەوە خراپتر نییە. ئەمە ناوی داگیرکارییە بێگومان.
بوونی ئێرانییەکانیش لە سووریا پەسند نییە. ئێرانییەکان پێش هاتنی تورکەکان ساڵانێکی زۆر بوو هەبوون و، بێگومان سووریایان بۆ بەدیهێنانی ستراتیجیی خۆیان بەکار دەهێنا؛ بۆ گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست، بە سووریا و لوبنان، هەروەها عێراقیش بێگومان. ئەوەش زیانی زۆری بە سووریا گەیاند. ئەوان ئێمەیان دووچاری هەموو ئەم کێشانە کرد تاوەکو بە واژۆکردنی رێککەوتنی پەیوەست بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی خۆیان بگەن.
بەڵام ئەم قەیرانەی سووریا کە روویدا، یان کە هەموو ئەو هێزانەی رۆژئاوا و تەواوی جیهان هاتنە سووریا، بەشی زۆری کێشەکە بە مەبەستی ئابڵووقەدانی ئێران بوو. تۆش دەزانی، هەر کاتێک فڕۆکەکانی ئیسرائیل هەڵدەستن، دەست لە پێگەکانی گرووپەکانی سەر بە ئێران و ئەوانی دیکە دەوەشێنن. باشە بەرژەوەندیی سووریا لەم پەیوەندییەدا چییە؟ بە راشکاوی ئێمە چ سوودێکمان پێ گەیشت؟
ئێرانییەکان هاتن کۆمەڵێک میلیشیایان نارد بۆ ئەوەی لە سووریا شەڕ بکەن. بەڵام لە عێراق و لە سووریا لە هەموو ئەم ساڵانەی کە تێپەڕین ئێرانییەکان تەنیا 2000 کەسیان لەناو چوون. لە کاتێکدا لای ئێمە لە سووریا چوار پێنج ساڵە ژماردنیان راگرتووە و هەر دەڵێن 450 هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە یەک ملیۆن بریندار. ئەمە سرووشتی نییە، نابێت ئێمە ببینە کارتێک بە دەستی خەڵکانی دیکەوە... فەرموو.
رووداو: داهاتووی عەفرین و سەرێ کانی چۆن دەبینیت؟ هەندێک کەس پێیان وایە کە داهاتووی ئەو دوو شارە وەکو جۆلان و ئیسکەندەرۆنی لێدێت.
ریبال ئەسەد: نەخێر، وەک رەتکردنەوە ئێمە ئەمانە بە تەواوی رەتدەکەینەوە و، وەک گوتم ئەمە داگیرکارییە و پێویستە شەڕی داگیرکەر بکرێت و لە تەواوی خاکی سووریا دەربکرێت.
ئێمە کە منداڵ بووین لە سووریا، لە قوتابخانە فێرکراین کە تەنانەت لیوای ئیسکەندەرۆنیش خاکێکە لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە. هەروەها ئێمە بەردەوام دەڵێین جیاوازی لەنێوان داگیرکەرێک و داگیرکەرێکی دیکەدا نییە. چ لە خاکی جۆلان بێت یان لە لیوای ئیسکەندەرۆن. لیوای ئیسکەندەرۆن گەلێک لە جۆلان گەورەترە، هەردوو لایەنیش هێزگەلێکن خاکی ئێمەیان داگیر کردووە و پێویستە ئەوانە بگێڕینەوە. بەڵام پێویستە خزمانی سووریمان هۆشیارییان هەبێت.
وەک گوتم، گەلی سووریا بەگشتی دەبێت لەم پرسەدا هۆشیار بن. ئیدی کەوتنە شوێن خەڵکی دیکە بەسە. هەندێک کەوتوونەتە دوای ئێران و هەندێک دوای تورکیا. پێویستە نیشتمانپەروەر بین، یەکترمان خۆش بوێت، شانبەشانی یەکتر بوەستین، پێکەوە داهاتوو دروست بکەین. ئەگەرنا چۆن سووریایەکی بەهێز دەبینین، سووریایەکی یەکگرتوو بە گشت پێکهاتەکانیەوە، سووریایەک هەموو دەستدرێژییەک رەتبکاتەوە.
نابێت بڵێین تورکیا هاتووە یارمەتیمان بدات. تورکیا یان ئێران یان هەر وڵاتێکی دیکە لەبەر چاوە رەشەکانمان نایەت یارمەتیمان بدات. هەرکەس بەدوای بەرژەوەندیی خۆیەتی. تورکیا هاتووە، ئەگەر پێێ بڵێیت پێت خۆشە خاکی زیاتر لە سووریا ببەیت، پێت دەڵێت بۆ نا. خۆتان بینیتان چۆن تورکیا ساڵانی رابردوو چوونە لیبیا و لە دەریای ناوەڕاست کێشەیان هەبوو لەگەڵ یۆنان و فەرەنسا و چەند وڵاتێکی دیکە و، بەم دواییە دەستیان لە ململانێی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا وەردا. تورکیا هەوڵ دەدات باڵادەستیی رۆژگاری عوسمانی بەدەست بهێنێتەوە.
هەموو ئەم وڵاتانە و ئێرانیش بە هەمان شێوە هەوڵ دەدات لە رێگەی عێراق و سووریا و لوبنانەرە دەرچەیەکی لەسەر دەریای ناوەڕاست هەبێت و هێزێک یان باڵادەستییەکیان لە ناوچەکەدا هەبێت. ئێمەش بەداخەوە هیچ پرۆژەیەکمان نییە. کێ بیەوێت دەمانهێنێت و دەمانبات. ئێمە کەوتووینەتە شوێن ئەو خەڵکە. لە نێوخۆماندا شەڕ دەکەین لەسەر بنەمای تایەفەگەرانە و رەچەڵەک و هەموو ئەو بنەمایانە و، رێگەمان بەو خەڵکە داوە هەر یەکێکیان ئەوەی لە بەرژەوەندیی خۆیەتی دەیبات. خۆشمان وەک دەبینیت بە هەموو کونجێکی زەویدا پەرتەوازە بووین. ئەوەتا ملیۆن و نیوێک سووری لە لوبنانن. 750 هەزار لە ئوردنن. سێ ملیۆن و نیو لە تورکیان. ملیۆنێک لە ئەڵمانیا و لە ئەوروپا ملیۆنێک و شتێک، ئەمە جگە لە حەوت-هەشت ملیۆنێک ئاوارە لە ناوخۆی سووریا.
من نازانم بۆ ئێمە ئەوەمان لە بەرچاو نییە کە چیدی بەسە و دەبێت ئەم شەڕە رابگرین و پشتی یەکتر بگرین و پێکەوە کار بۆ بەرژەوەندیی وڵاتەکەمان بکەین؟
رووداو: پێتانوایە کە لە ساڵی 2021ـدا گۆڕانکاری ریشەیی لە سووریا رووبدات؟
ریبال ئەسەد: دەبوو ئەو گۆڕانکارییە ساڵی رابردوو بکرایە. دەبوو لیژنەی دەستوور کاری خۆی تەواو بکردایە و، بگەڕایەتەوە و حکومەتێکی یەکێتیی نیشتمانی دروست بکرایە و گواستنەوە بکرایە و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ساڵی داهاتوو بکرایە. بەڵام دەزانیت کە قەیرانی کۆرۆنا هەموو شتێکی دواخست.
بۆ ئەم گۆڕانکارییە رێککەوتن لەنێوان سەرۆک پووتین و سەرۆک ترەمپدا هەبوو و هەوڵیان دەدا کار لەسەر ئەمە بکەن. بەڵام ئێستا، لەگەڵ هاتنی سەرۆک بایدن، من وای دەبینم ئەو لەبارەی گواستنەوە لە سووریادا یەکلاکەرەوەتر بێت. بەڵام ئەوەی جێگەی ترسە ئەوەیە کە بایدن لەگەڵ رووسەکاندا رێککەوتنێکی هاوشێوەی ئەوەی نێوان ترەمپ و سەرۆک پووتین بکات. ئەمە رەنگە هەندێک کێشە دروست بکات. بەڵام مرۆڤ هیوا دەخوازێت خودا یار بێت بارەکە بە لای باشەدا بشکێتەوە و ئەم لیژنەی دەستوورە کارەکەی تەواو بکات و ببینە خاوەن دەستوورێکی شارستانییانە، وەک باسم کرد، نە بە باڵای دەوڵەت و نە بە باڵای ئۆپۆزسیۆنی توندڕەو بێت.
رووداو: ئایا ئێوە باوەڕتان وایە کە کوردستانێک هەیە و بەشێکی لەنێو سووریادایە؟
ریبال ئەسەد: من باوەڕم وایە و هەموو جیهان ئەمە دەزانن کە برایانی کوردمان لە دێر زەمانەوە لەو شوێنانە هەن کە پێیان دەگوترا کوردستان، واتە خاکی کوردان، وەک دەوڵەت نا، بەڵام خاکی کوردان بەشێک لە ئێران و بەشێک لە تورکیا و بەشێک لە سووریا و لە عێراقیش ئەوان لەمانەدا هەبوون.
بەڵام من وەک بڕوای خۆم وایە کە پێویستە برایانی کوردمان لەنێو نیشتمانی سووریا بن. وەک گوتم ئەگەر سووریایەکی فیدراڵ بێت، هەڵە نییە. واتە ئەوان وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکەی سووریا بن، واتە گشت ئەو مافانەیان هەبێت کە هەر هاووڵاتییەکی سووریا هەیەتی، جا ئایینی یان رەجەڵەکی یان نەتەوەیی جیاوازیی نییە. بە راشکاوی ئەمە ئەوەیە کە من باوەڕم پێی هەیە، لەبەر ئەوەی هەر شتێک جگە لەمە دەبێتە مایەی کێشە و شەڕ بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ. وەک جەنابت فەرمووت، ئێستا زۆرینەی برا کوردەکانمان لە تورکیان، سەرووی 20 ملیۆنن.
لەپاش سایکس-پیکۆ رێککەوتن کرا، وەک دەزانیت لە سیڤەر و دوای ئەوە بە ماوەیەکی کورت لە لۆزان و ئەو رێککەوتنەیان هەڵوەشاندەوە. ئینجا کارێکی سەخت دەبێت، وەک دەزانیت، ناکرێت دەوڵەتێک هەبێت شەڕ لەگەڵ گشت دراوسێیەکانی خۆی بکات، شەڕ لەگەڵ تورک و لەگەڵ ئێرانییەکان و لەگەڵ سووریا و لەگەڵ عێراق. ئەمە دەبێتە مایەی ئاژاوە لە ناوچەکەدا بۆ ماوەی 100 ساڵی داهاتوو، شەڕێک کە هەر بەردەوام دەبێت.
وەک پێتم گوت، برایانی کورد و عورەب و چەرکەس و گشت پێکهاتەکانی ناوچەکە هەزاران ساڵ پێکەوە ژیاون. من بە هەڵەی نابینم. بەڵام دەبێت ئەو هاووڵاتییانەی لە تورکیان وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکەی تورکیا بن مافەکانیان وەک مافی هەر هاووڵاتییەکی تورکیا بێت. هەمان شت لە ئێران، هەمان شت لە عێراق، هەمان شت لە سووریا.
بەڵام بەڕای من دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، کە راستە لە رۆژئاوا زۆرێک هەن بڕوایان وایە ئەمە شتێکی پێویستە بۆ راگرتنی قەڵەمڕەوی تورکیا یان قەڵەمڕەوی ئێران و ببێتە هێزێک لەسەر زەوی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەموو تەماحکارییە عوسمانی یاخود فارسییە و یاخود هی دیکە، بەڵام لە بەرامبەر ئەمەدا بۆچوونێکی دیکە هەیە دەڵێت ئەم شتە کۆمەڵێک ململانێ بەرپا دەکات بۆ 100 ساڵ یان زیاتر، ململانێی بەردەوام، چونکە ئەگەر کێشەیەکیش لەنێوان سووریا و تورکیا هەبێت، یان لەنێوان ئێران و تورکیا، بەڵام هەموویان لە دژی پێکهاتەی کورد رێکدەکەون.
من حەز ناکەم کەس ئازار بچێژێت، دەخوازم گشتمان وەک برا پێکەوە بژیین و بزانین کامە گونجاوترین رێگەیە بۆ ئەوەی وڵاتانی ناوچەکە هەموویان بە ئاشتی و ئارامی بژین. ئەمە کە پێی دەڵێن یان ناویان لێی ناوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، کە بەردەوام باس و خواس لەسەر ئەوەیە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ چۆن دەبێت. جیاوازییەکە ئەوەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا ناتوانن بێن وەک کاتی سایکس-پیکۆ کە فەرەنسییەکان و بەریتانییەکان هاتن و ناوچەکەیان دابەشکرد. ئەمڕۆ خەڵکی ناوچەکە خۆیان رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دروست دەکەن.
رووداو: دەگوترێت کە ئێوە بە رەچەڵەک کوردن و بنەماڵەی ئەسەد لە باکووری کوردستانەوە هاتوون. ئایا ئێوە ئەوەتان بیستووە؟
ریبال ئەسەد: نا بەخوا برا بەڕێزەکەم. وەک دەزانیت بنەماڵەی ئەسەد لە هۆزی کەلبیەن و نەوەی سەید میر دەحیەی کەلبین کە گڵکۆکەی لە دیمەشقە. ئەو هۆزە هۆزێکی عەرەبی زۆر گەورەیە. بەڵام من ئەم زانیارییەم نەبووە و بەدڵنیاییەوە ژنخوازی هەبووە و گەلێ لە بنەماڵەکانی شام و حەلەب وەک دەزانیت ئێستا بە خۆیان ناڵێن کورد، بەڵام بە رەچەڵەک کوردن، بنەماڵەی زۆر هەن و هەر بە ناوەکانیان دەزانیت کە ئەمانە بنەماڵەی کوردن. وەک گوتم ئەم گەلانە هەزاران ساڵ پێکەوە ژیاون و ژنخوازی و خزمایەتییان لەنێواندا دروست بووە و، دەبێت ژنخوازی لەنێوان بنەماڵەی ئەسەد و بنەماڵەی کورددا هەبووبێت، ئەمانە لە هەمان ناوچەدا ژیاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ