رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هاوپەیمانی وەتەنییە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: دوای کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ گرفتی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەین و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامی هەوڵەکانمان بۆ چارەسەری گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پەیوەست بە پرسی مووچە دەردەکەون.
کازم عەتییە شمەری، سەرۆکی هاوپەیمانی وەتەنییە، کە هاوکات (دووشەممە 5/5/2025) بە سەرۆکایەتیی شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لیژنەکانی ئابووری، پیشەسازی و بازرگانی سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باسی لە نێوەرۆکی کۆبوونەوەکەیان کرد، کە پەیوەست بووە بە پرسی مووچە و یاسای نەوت و گاز و هاتووچۆی بازرگانیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق، لەگەڵ پرسی دەروازە سنوورییەکان و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و رێگەی گەشەپێدان کە یەکێکە لە گەورەترین پرۆژە ستراتیژییەکانی عێراق.
"چارەسەری گرفتی مووچە ئاسانە"
لە بەشێکی گوتەکانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ شمەری باسی لە نێوەرۆکی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەست بە پرسی مووچە کرد و گوتی: "وەزارەتی دارایی عێراق چەند جارێک دووپاتیان کردووەتەوە کە هەولێر پابەندییەکانی خۆی لەبارەی مووچە و داهاتی نێوخۆ و یاسای بودجە جێبەجێ ناکات، بەڵام لە کۆبوونەوەکە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونی کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە."
گوتیشی: "گرفتی مووچە لەلایەن بەغداوە بەردەوامە هەربۆیە وەکو شاندی پەرلەمانی عێراق بەدواداچوونەکانمان بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چڕدەکەینەوەو لە چەند رۆژی داهاتووش ئەنجامی بەدواداچوونەکانمان دەردەکەون".
"سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە روونی جەختی لە یەکپارچەیی خاکی عێراق کردەوە و باسی لەوەکرد کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و هاوڵاتییەکانی هەمان مافی هاوڵاتییانی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیان هەیە، ئەمە بۆ ئێمە گرنگ بوو و دڵنیا بووینەوە کە هیچ ئەجێندایەکی جیاواز لە هەرێمی کوردستان نییە و هەر ئەمەش وادەکات دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاسانتر بێت،" کازم عەتییە شمەری، سەرۆکی هاوپەیمانی وەتەنییە وای گوت.
گوتیشی، هەولێر و بەغدا هەردوولایان بەرپرسن لە دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هیچ لایەنێکیان نابێت بەرپرسیارێتی تەواو بخاتە سەر لایەنەکەی دیکە، بەڵکو پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا چارەسەریی بنەڕەتی بۆ گرفتەکە بکرێت.
"هاتووچۆی بازرگانی و پرسی دەروازەکان"
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ سەرۆکی هاوپەیمانی وەتەنییە کە سەرۆکی شاندی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو بۆ هەولێر، باسی لە گۆشەیەکی دیکەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە تایبەت بووە بە پرسی دەروازە سنوورییەکان و گوتی: هەردوولامان هاوڕا بووین بۆ رێکخستنی دەروازە سنوورییەکان و داخستنی دەروازە نافەرمییەکان و هەرێمی کوردستان هیچ گرفتی نییە لەبارەی هاوئاهەنگی بۆ پرسی دەروازەکان.
گوتیشی: یەکێک لەو گرفتانەی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، پابەندنەبوونی دەروازەکانە بە رۆژژمێری کشتوکاڵیی و سیاسەتی پاراستنی بەرهەمی نێوخۆ و راگرتنی بەرهەمی هاوردە لەو وەرزانەی کە بەرهەمی نێوخۆ پێدەگەن، ئەمەش پێویستی بە چارەسەی بنەڕەتی هەیە و ئێمە دوای گەڕانەوەمان بۆ بەغدا و ئامادەکردنی راپۆرتی فەرمی لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکان بەدواداچوونی ورد دەکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.
هاوکات بەشێکی دیکەی گوتەکانی کازم عەتییە شمەری لەبارەی دۆسێیەکی دیکەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، کە پرسی گرفتی جووڵەی بازرگانی و گواستنەوەی کاڵایە لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق و گوتی: "ئێستا گرفتێکی زۆر گەورە کە هاتووچۆی بازرگانیی و گواستنەوەی کاڵا لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەیە و ناکرێت لە نێوخۆی یەک وڵات و لەنێوان هەولێر و کەرکووک باج لە بازرگانان وەربگیرێت و لەنێوان هەولێر و موسڵ رێگریی لە هاتووچۆی کاڵا بکرێت".
"رێگەی گەشەپێدان"
سەرۆکی شاندەکەی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش کرد کە بەشێکی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بووە بە رێگەی گەشەپێدان کە بەندەری فاو بە تورکیاوە دەبەستێتەوە و گوتی "هەرێمی کوردستان نیگەرانە لەوەی نەخشەی رێگەکە بەجۆرێکە هەرێمی کوردستان وەکو پێویست لێی سوودمەند نابێت، نیگەرانییەکەش لە جێگەی خۆیەتی و مافی خۆیانە".
هەروەها گوتی "هەرێمی کوردستان پێیوایە ئەگەر نەخشەی رێگەکە بەجۆرێک بوایە لەبری ئەوەی لە بەری رۆژئاوای رووباری دیجلەوە بڕوات، بە بەری رۆژهەڵاتی رووبارەکەدا بێت، ئەوا هەرێمی کوردستانیش دەکەوێتە سەر هێڵی رێگەکە و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش لێی سوودمەند دەبن، ئەگەرچی هێشتا نازانین دەرفەت ماوە بۆ گۆڕینی نەخشەی رێگەکە، بەڵام بە دڵنیایی ئێمە وەزیری گواستنەوە بانگێشتی پەرلەمان دەکەین و پرسیاری لێدەکەین لەبارەی نیگەرانییەکانی هەرێمی کوردستان و وردەکاریی نەخشەی رێگەی گەشەپێدان، ئەوکات دەتوانین وەڵامی هەرێمی کوردستان بدەینەوە، کە ئایا دەتوانرێت رێگەی گەشەپێدان بەجۆرێک تێبپەڕێت کە هەرێمی کوردستانیش لێی سوودمەند بێت یان نا".
هەر دووشەممە، 5ـی ئایاری 2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا نووسرابوو لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوان هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەران و حکومەتی فیدراڵ کراوەتەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی پشتگیریکردنی ئەو پرۆژەیاسایانەی لە بەرژەوەنديی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراقدان.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا خراوەتەڕوو، گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەورووپا لەڕێگەی هێڵی ئاسنین کرا، جەخت لە بەشداری و سوودمەندبوونی هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراق لەو پڕۆژە گرنگەدا کرایەوە.
مەسرور بارزانی دووپاتیکردەوە، "پێویستە رێز لە سیستمی فیدراڵی و دەستووریی عێراق بگیرێت، کە ماف و ئەرکەکانی هەر لایەکی دەستنیشان کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ