نالین حەسەن
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، ئیبراهیم موسلیم، بەڕێوەبەری ناوچەی کۆبانی، تیشکی خستە سەر قۆناخی نوێی کارگێڕی و خزمەتگوزاری لە ناوچەکەدا. موسلیم رایگەیاند کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی تەواوکاری، هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی فەرمیی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ ناو شاری کۆبانی و ناحیەکانی (چەلەبی، سڕین و شیوخ) بەردەوامن و لە ئایندەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەبێت.
بەڕێوەبەری ناوچەی کۆبانی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێستا ئەولەویەتی کارەکانیان چاککردنی کەرتی کارەبا، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە رێگەی نۆژەنکردنەوەی پۆمپەکانی سەر رووباری فوڕات و ئامادەکارییە بۆ ساڵی نوێی خوێندن. یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی قسەکانی موسلیم، جەختکردنەوە بوو لەسەر سپاردنی کاروباری کارگێڕی بە گەنجانی پسپۆڕ و خاوەن بڕوانامەی خەڵکی ناوچەکە، بە جۆرێک کە لە دامەزراندنە نوێیەکانی شارەوانی و ناحیەکاندا تەنها سوود لە توانای گەنجانی کۆبانی دەبینرێت.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: ئایا بە شێوەیەکی فەرمی دەستت بە کارەکانت وەک بەڕێوەبەری ناوچەی کۆبانی کردووە و کاروباری ناوچەکە لە کوێوە بەڕێوە دەچێت؟
ئیبراهیم موسلیم: بێگومان، نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر بۆ ئەم کارە راسپێردرام. ناوچەکە چوار ناحیەی هەیە؛ شاری سەرەکی کۆبانییە و ناحیەکانی چەلەبی، سڕین و شیوخ-ن. ئێستا ئێمە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک کارەبا، ئاو و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ ئەم ناوچەیە کار دەکەین. وەک دەزانن، ئەم ناوچەیە پێشتر لەلایەن رژێمەوە پشتگوێ خرابوو و پێویستی بە زۆر شت هەیە. ئێمە پلانمان بۆ میکانیزمی کار لەم ناوچەیە داناوە. تیمە پسپۆڕەکان لەسەر ئەم لایەنە کار دەکەن. بەو پێیەی لە کۆتایی ساڵی خوێندنین، گرنگی دەدەین بە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و ئامادەکردنیان و بنکە تەندروستییەکان، هەروەها چاککردنەوەی پۆمپەکانی ئاو لەسەر رووباری فوڕات بۆ ئەوەی ئاو بە شێوەیەکی بەردەوام دابین بکرێت. هەروەها خەریکی چاککردنەوەی هێڵە بەهێزەکانی کارەباین لەم ناوچەیەدا بۆ ئەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا لەوەی ئێستا هەیە زیاتر بن، چونکە ئێمە لەو کاتژمێرە کەمەی کارەبا کە بە هاووڵاتیان دەدرێت رازی نین.
رووداو: بەڕێز ئیبراهیم، کاتێک پرسیاری دەستبەکاربوونم کرد، مەبەستم بوونی خۆت بوو لەناو شاری کۆبانی...
ئیبراهیم موسلیم: بێگومان، ئێستا شاری کۆبانی لە چوارچێوەی رێککەوتنی "تەواوکاری" (ئینتیگراسیۆن) دایە و ئەم رێککەوتنەش پێویستی بە لیژنەی پسپۆڕ هەیە بۆ میکانیزمی یەکخستنی دامەزراوەکان. مەسەلەکە تەنها مانەوە لەم شارە نییە؛ رەنگە من لە دەرەوەی شارەکە زیاتر خزمەتی شارەکە بکەم. من بە شێوەیەکی بەردەوام سەردان دەکەم و لەگەڵ دامەزراوەکانی پارێزگای حەلەب لە پەیوەندیدام سەبارەت بە میکانیزمی پشتگیریکردنی خزمەتگوزارییەکان لە شارەکەدا. کارەکان بەردەوامن و ئینشەڵڵا لە نزیكترین کاتدا دەچینە ناو شارەکە و دەست بە کار دەکەین. دەبێت لە هەر بارودۆخێکدا میکانیزم و پلانێکی روون هەبێت، تا ئەو کاتەی دەچینە ناو شارەکە، خەڵک چاوەڕێی خزمەتگوزاری بن. بیرۆکەکە ئەوە نییە تەنها لەو شارە بم و لە بارەگایەک دانیشم، بەقەد ئەوەی خەڵک چاوەڕێی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارین. بێگومان ئینشەڵڵا چوونە ناو شارەکە لە نزیكدا دەبێت.
رووداو: کاتێک دەڵێیت لە نزیكدا، مەبەستت رۆژە یان هەفتە؟ ئایا هیچ رێکەوتێک بۆ چوونە ناو شاری کۆبانی دیاریکراوە؟
ئیبراهیم موسلیم: وادە دیاری نەکراوە، بەڵام لە نزیكدایە. وادەیەک بۆ چوونە ناو شارەکە نییە، بەڵام ئینشەڵڵا گەڕانەوەی دەوڵەتی سووریا بۆ ئەم شارە لە نزیكدا دەبێت، چونکە گەڕانەوەی دەوڵەت گۆڕانکاری و پێشکەوتنی گەورە لە خزمەتگوزارییەکاندا دروست دەکات. ئەمڕۆ بۆ نموونە کاتێک بەڕێوەبەری کشتوکاڵ یان بەڕێوەبەری کارەبا لە حەلەب بێت و لەم شارە دوور بێت، بۆشاییەک دروست دەبێت. دامەزراوەکان دەگەڕێنەوە و منیش لە نزیكدا دەچمە کۆبانی، ئەم بەڵێنەتان پێ دەدەم ئینشەڵڵا.
رووداو: بەڕێز ئیبراهیم، لە بابەتی دەستنیشانکردنی بەرپرسانی ناوخۆیی لە کۆبانی گەیشتوونەتە کوێ؟ ئەو پێوەرانەی بەکاردێن چین؟ ئایا پشت بە کادرە کارگێڕییەکانی پێشوو دەبەستن یان بەرەو دروستکردنی ئیدارەیەکی تەواو نوێ دەچن؟
ئیبراهیم موسلیم: بێگومان رەنگە ئاگاداری دامەزراندنەکانی ناحیەی چەلەبی بن، وەک شارەوانی، کۆمەڵێک گەنج کە تازە دەستیان بە ژیان کردووە و خاوەنی بڕوانامەی زانکۆن لە بوارە جیاوازەکاندا، وەک ئەندازیاری وزە و ئەندازیاری بایۆلۆجی و هیتر. هەروەها شارەوانی کۆبانیش پشکی لەمە هەبووە. ئەوەندەی لەبیرم بێت، لە شارەوانیدا سێ ئەندازیاری پسپۆڕ لە بواری خزمەتگوزاریدا و چەند بڕوانامەیەکی دیکە وەک یاسا هەن. هەروەها بەڕێوەبەری ناحیەکەش خاوەنی بڕوانامەی یاسایە. ئێمە بەتەواوی گرنگی بە خاوەن بڕوانامە زانکۆییە پسپۆڕەکان دەدەین، کە خزمەتی هاووڵاتیان دەکەن. من گرنگی بە گەنجان دەدەم، چونکە گەنجان هەمیشە بە پەرۆشەوە بەرەو ژیان دەچن و بەهۆی شەڕەوە دەرفەتی راستەقینەیان بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکە بۆ نەڕەخساوە. من یەکێکم لەو کەسانەی مەیلم بۆ گەنجە چالاکەکانە، بەو مەرجەی بڕوانامەیان هەبێت کە شیاویان بکات بۆ خزمەتکردنی ئەم شارە.
رووداو: ئایا هەموو ئەو کەسانەی دادەمەزرێن خەڵکی کۆبانین؟
ئیبراهیم موسلیم: بێگومان هەموو ئەوانەی دامەزرێندراون. ئەمە شتێکی لۆجیکییە و بارودۆخەکە وا دەخوازێت. لە ناحیەی چەلەبی هەموو ئەوانەی دامەزرێندراون خەڵکی ناحیەکەن، هەروەها لە شاری کۆبانیش هەموو ئەوانەی دامەزرێندراون خەڵکی ئەم شارە جوانەن. هیچ کەسێک لە دەرەوەی ناوچەکە نە لە چەلەبی و نە لە کۆبانی دانەمەزراوە، زمانی ناوچەکەش ئەمە دەسەپێنێت.
رووداو: دۆخی پەروەردە لە قوتابخانەکان چۆن دەبێت و بە چ زمانێک وانە دەگوترێتەوە؟ چارەنووسی زانکۆی کۆبانی چی دەبێت، ئایا بەردەوام دەبێت یان پلانی داخستنی هەیە؟
ئیبراهیم موسلیم: بێگومان دۆسیەی پەروەردە دۆسیەیەکی زۆر گرنگە و پێویستی بە کارێکی زۆر هەیە. لە هەندێک ناحیە قوتابخانەکان بەتەواوی وێران بوون، هەندێکیان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە و هەندێکیشیان وەک پەناگە بەکاردێن. دۆسیەی پەروەردە زۆر گەورەیە و یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانم، چونکە من خۆم مامۆستام، بۆیە رەنگە لە هەموو بوارەکان زیاتر گرنگی بە پەروەردە بدەم، چونکە بواری کارە سەرەکییەکەی خۆمە. سەبارەت بە زانکۆ و قوتابخانە و بڕوانامەکان، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی تەواوکاریدا (ئینتیگراسیۆن)، ئەم بابەتە پەیوەندی بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردەوە هەیە. بێگومان دەزانن کە پێوەر بۆ بڕوانامەکان و پێوەر بۆ یەکخستنەوە هەیە. بێگومان وەزیری خوێندنی باڵا و وەزیری پەروەردە لەسەر ئەم دۆسیانە کار دەکەن. لیژنەی پسپۆڕ بۆ میکانیزمی یەکخستنەوە پێکدێت و لە قۆناخی داهاتوودا دۆخەکە باش دەبێت.
رووداو: کەی پێشبینی دەکەیت بەڕێوەبەرایەتییەکانی باری شارستانی (نفوس) و بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکە و دەرکردنی پاسپۆرت لە کۆبانی کارا بکرێن و ئەو هەنگاوانە چین کە لەم بوارەدا دەنرێن؟
ئیبراهیم موسلیم: ئێمە ئێستا خەریکی پرۆسەی سەرژمێری و ئامارێکی تەواوی کاری دامەزراوەکانین. من ئێستا لەسەر دۆسیەی کشتوکاڵ، نفوس، پەروەردە و کارەبا کار دەکەم. ئەم دۆسیانە ماوەیەکی درێژە پشتگوێ خراون و خزمەتگوزاری پێشکێش ناکەن، ئێستا ئێمە بە نۆژەنکردنەوە و رێکخستنەوەی ئەم دامەزراوانە دەگەڕێینەوە سەر کار. من خەریکی گەڕانم بەدوای توانا و دەرفەتەکان لەم شارەدا بۆ ئەوەی ببینم کێ بۆ بەڕێوەبردنی قۆناخی داهاتوو لە بواری کشتوکاڵ و تەندروستیدا گونجاوە. بێگومان هەمووشیان خەڵکی ئەم شارە جوانەن. ئێمە لەسەر ئەم دۆسیە زۆر گرنگانە کار دەکەین. رەنگە هەندێک ئاستەنگ هەبن، وەک دەزانن زۆربەی ئەو فەرمانبەرانەی پێش شۆڕشی سووریا لەسەر کار بوون ئێستا خانەنشین بوون، ئەم شارە پێویستی بە هێزی نوێ، گەنجی چالاک و پسپۆڕی ئەو گەنجانە هەیە کە تازە لە زانکۆ دەرچوون. ئێمە لەگەڵ ئەوان و چەندین کەسایەتی ئەم شارە لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی ببینین کێ بۆ بەڕێوەبردنی ئەم قۆناخە وەک دامەزراوە گونجاوە. ئەوەی لەم کارەدا ئاسانکاریمان بۆ دەکات ئەوەیە کە شاری کۆبانی خاوەنی توانا و دەرفەتێکی زۆرە.
رووداو: بەڵام بەڕێز ئیبراهیم، ئەو کاتە دیاریکراوە بۆ دووبارە کاراکردنەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییانە چەندە، وەک باستان کرد؛ کشتوکاڵ، نفوس و پاسپۆرت، کە ئەمانە بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزارین بۆ هاووڵاتیان؟
ئیبراهیم موسلیم: بێگومان هەر دامەزراوەیەک کاتێکی دیاریکراوی هەیە. بڕوام وایە تەندروستی لە لێواری دەستپێکردندایە. هەر دامەزراوەیەک بەپێی سەختی، قەبارە و میکانیزمی کار و دەستپێکردنی خۆی کاتێکی بۆ دیاری کراوە. مەحاڵە هەموو دامەزراوەکان پێکەوە ببەسترێنەوە. پێشبینی دەکەم لە چەند رۆژی داهاتوودا کارەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لەم شارەدا دەست پێبکات و کشتوکاڵیش لە نزیكدا دەست پێدەکات. بیرۆکەکە ئەوەیە کە هەر دامەزراوەیەک قەبارە و سەختی و میکانیزمی دەستپێکردنی خۆی هەیە. بە گەڕانەوەی تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ ئەم شارە، دەست بە کار دەکەن. ئێمە ئێستا بە شێوەیەکی دروست ئامادەیان دەکەین. وەک دەزانن، ئێمە پێویستمان بە زانیارییەکانی پێشووی فەرمانبەرە کۆنەکان و داتاکانی دۆسیە کۆنەکان هەیە. ئێمە دووبارە رێکیان دەخەینەوە بۆ ئەوەی دەستپێکێکی دروست هەبێت. مەحاڵە هەموو دامەزراوەکان لە یەک کاتدا دەست پێبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ