رووداو دیجیتاڵ
سەلیم بەرەکات بە رستەی "من هەرگیز بە پێی منداڵێک لەسەر زەوی نەڕۆیشتووم" دەست پێدەکات و لە سەردەمی منداڵییەوە باسی بەسەرهاتی ژیانی خۆی دەکات.
لەم هەڤپەیڤینەدا زۆر شت دەخوێننەوە کە پێشتر نە ئێمە و نە ئێوەش نەتاندەزانین، ئەوانە لە دڵێکی راستگۆوە رژاونەتە نێو رستە نووسراوەکانەوە.
ئیدی ئێمە زۆر درێژەی پێنادەین و رێگەتان بۆ دەکەینەوە تاوەکو سەلیم چیرۆکی خۆی بۆ ئێوە بگێڕێتەوە.
هەڤپەیڤین: هودا فەخرەدین
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: بەسام مستەفا
پێشەکیی هودا فەخرەدین:
دوای ئەوەی بە ساڵان بەبێ پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەبارەی ئەوەوە دەمنووسی، یەکەمین هاوکاریی من لەگەڵ سەلیم بەرەکات کتێبی (الكون دفعة واحدة ) بوو؛ ئەم کتێبە وەرگێڕانی کۆمەڵە شیعرێکی نوێی ئەو بوو کە خۆی هەڵیبژاردبوون و، دوای ئەوەش هەڤپەیڤینێکی درێژ هات کە لە نێوان پاییزی 2022 و هاوینی 2023 بۆ ماوەی چەند مانگێک بەردەوام بوو.
من بەبێ ئۆقرە چاوەڕێم دەکرد بەرەکات وەڵامم بداتەوە. ئەمە یەکەمین پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئێمە بوو و هەر کە زەنگ لیدا، خۆم ئامادەکرد، دەترسام لەوەی هەڵەیەکی رێزمانی لە بەردەمیدا بکەم. نازانم بۆچی، وێنام دەکرد کە گفتوگۆکە بە عەرەبییەکی فەسیح، بەو عەرەبییە فەسیحە قەرەباڵخ و بەهەیبەتەی بەرەکات دەبێت، بەڵام بێگومان وادەرنەچوو.
دەنگێکی نەرم و دوور دەهاتە گوێم، تەنانەت دەوێرم بڵێم، شەرمن بوو. ئەو دڵخۆش بوو بەوەی پرسیارەکانی درێژ بکاتەوە و لەبارەی خێزانەکەم، کچەکەم و لەبارەی ئەوەی حەز دەکەم چ خواردنێک دروست بکەم، پرسیاری دەکرد. پێیخۆش بوو باسی جیهانەکەی خۆی بکات کە ئێستا بە تەواوی بووەتە ماڵەکەی؛ ئەو باسی شێوازەکانی خواردن دروستکردن، چوونی بۆ بازاڕ و نەریتەکانی خێزانەکەی بۆ باس دەکردم.
کاتێک پرسیارێکی وەکو ئەم پرسیارە رۆشنبیریانەم لێدەکرد: تۆ ئامانجی پڕۆژە ئەدەبییەکەت لە چیدا دەبینییەوە؟ پێناسەت بۆ شیعری پەخشانی عەرەبی چییە؟ پەیوەندیت لەگەڵ کەلەپووری شیعری عەرەبی چۆنە؟ هەڵوێستت لەسەر کێش (وەزن) چییە؟... ئەو دوودڵ دەبوو، خۆی لێ دەدزییەوە و بابەتەکەی دەگۆڕی و بەرەو بابەتی تایبەتی و دۆستانەتر دەیبرد.
بەڵام من دواتر وەڵامی ئەم پرسیارانە و زۆر پرسیاری دیکەم بە نووسراوی وەرگرتن.هەرچەندە ئێمە چەند جارێک بە تەلەفۆن قسەمان کرد، بەڵام ئەو پێی باشتر بوو بنووسێت یان راستتر بڵێم بە دەستوخەتی خۆی بنووسێت و دواتر (سیندی)ی هاوژینی و رێبەرمان لەم پرۆسەیەدا، لاپەڕەکانی سکان دەکرد و وەک هاوپێچ بە ئیمەیڵ بۆی دەناردم. پرۆسەیەکی ئاڵۆزی فرە-هەنگاو، بەڵام زۆر گونجاو، خۆ مرۆڤ چاوەڕێی ئەوە لە سەلیم بەرەکات ناکات شتێکی ئاسان بکات!
لاپەڕەکان کە تاوەکو لێواریان پڕ نووسرابوون دەگەیشتنە بەردەستم، وەک ئەوەی بە دەستوخەتە جوان و وردەکەی سەلیم بە شێوەیەکی وەستایانە نەخشێنرابن. وشە سەرەکییەکان هەمیشە بە تەواوی بە جووڵە دەنووسران و ئەو رستانەی کە بەلای ئەوەوە گرنگ بوون، هێڵی بە ژێردا هێنابوون. زۆر جار، سەلیم وەڵامەکانی خۆی دەبڕی و پەیامی بۆ من دەخستە ناویانەوە، کە بە پەراوێزەکانەوە بەپەلە نووسرابوون، بۆ نموونە: "هودا، وەڵامی پرسیارەکانتم دایەوە و ئێستا دەچمە باخچەکە بۆ برژاندنی گۆشت" و، "سەرباری ئەوەش... ئەمڕۆ رۆژی لەدایکبوونی سیندییە!"
وەک نووسەر، سەلیم بەرەکات کەسێکی بە هەیبەت، ئاڵۆز و تەنانەت شەڕەنگێزە. خواستەکانی بێسنوورن، پلانەکانی گەورەن؛ بە کەمتر لە "گرتنی تەواوی گەردوون، هەمووی بە یەکجار!" قایل نابێت. وەک مرۆڤ، سەلیم بەرەکات بێدەنگ و خاکەرایە. ئەو بەشێوەیەک توانیویەتی منداڵەکەی ناخی خۆی بپارێزێت، سەرباری هەموو شکستەکان، ئاوارەیی زۆر و بێ هیواییە هەرە گەورەکەی لە جیهانی دەرەوەی باخچەکەی.
نامەکانی ئێمە لە ئابی 2023دا، پێش ئەوەی رووداوە دڕندانەکانی غەززە دەست پێبکەن، کۆتاییان هات. هێشتاش جاروبار لەو و سیندییەوە پەیامم بۆ دێن، پرسیاری دۆخی من و خێزانەکەم دەکەن، بەتایبەت کاتێک هەواڵەکان لە بارانی بەدبەختییەکانی ئاسایی دوای ئوکتۆبەری 2023یش تاریکتربن.
هەرچەندە لەو هەڤپەیڤینەی کە لە کتێبەکەدا بڵاوکراوەتەوە باسی فەڵەستین نەکراوە، بەڵام بەرهەم و ژیانی سەلیم بەرەکات زۆر شت لەبارەی پەنابەری، ئاوارەیی، کۆچبەری و ئازاری وڵاتە ونبووەکان ئاشکرا دەکات. سەلیم ساڵی 1982 بڕیاریدا لە بەیروت دەربچێت، لە رێگەی دەریاوە بەرەو قوبرس، لەگەڵ ئەو فەڵەستینیانەی کە دوای داگیرکاریی وێرانکارانەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت و کۆمەڵکوژییەکانی سەبرا و شاتیلا ناچاری ئەوە بوون. سەرەتای رۆمانەکەی، ( ارواح هندسية -1987)، باسی ئەم بەسەرهاتە دەکات.
ساڵانێک دوای ئەوە، کاتێک لە قوبرس بوو، بەرەکات بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گۆڤاری (الكرمل) بوو، کە گرنگترین گۆڤاری ئەدەبیی فەڵەستینی بوو و دامەزرێنەر و سەرنووسەرەکەی مەحموود دەروێش بوو. هەروەها بەرەکات چاودێریی دەزگای چاپ و پەخشی فەڵەستینی (بیسان)ی دەکرد، کە سەر بە کەرمل بوو.
زمانی سەلیم بەرەکات بەخۆی بەرخۆدانێکە لە دژی لەنێوبردن و سووربوونێکە لەسەر ئیرادە و هەبوون، لەسەر وڵاتێک کە ئەگەر تەنانەت ئێستا تەنیا لە زمانێکی یاخیدا هەبێت، ئەوا لە دوای خۆی راستی دەگۆڕێت. خۆ لە کۆتاییدا، بە وتەی هاوڕێیەکەی مەحموود دەروێش، فەڵەستینی، وەکو کورد، "لە با بەولاوە هیچی دیکەیان نییە." [1]
پێشەکیی وەرگێڕ بەسام مستەفا
لەم وەڵامانەدا، سەلیم بەرەکات جگە لە پۆترێتی نووسەرێک، نەخشەی رۆحێکمان لەبەر دەکات. ئەو بەرەکاتەی کە ئێمە وەک ئەندازیاری کاتدراڵەکانی زمان دەمانناسی، لە هەمان کاتدا وەستایەکی دارتاشە کە بۆ کوڕەکەی دۆڵابێکی دارین دروست دەکات و ئەو پیاوەی نێوماڵە کە دوای گفتوگۆ قووڵە ئەدەبییەکان، بە ئاسوودەیی دەڵێت: "وەڵامی پرسیارەکانتم دایەوە، ئێستا دەچمە باخچەکە بۆ برژاندنی گۆشت!"، ئەم دوالیزمەی نێوان گەردوونی و شەخسییە، لە نێوان هەیبەتی ئافراندن و سادەیی ژیان دا، کلیلی تێگەیشتنی ئەوە.
بەرەکات لێرەدا بە ئاشکرا رەچەڵەکی خۆی لە داهێنان دا ئاشکرا دەکات. ئەو باوکە ئەدەبییەکان یەک بە یەک رەتدەکاتەوە و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو سینەما وەک "باوکی" راستەقینەی خۆی بە ناو دەکات. ئەمە ئەوە نیشاندەدات کە سەرچاوەی ئەو تەنیا کتێب نییە، بەڵکو سیحری وێنەی جووڵاو و دیمەنەکانە کە لە ژیریی نائاگای ئەودا بوونەتە زمانێکی شیعری. ئەو زمانی عەرەبی نەک وەک میرات، بەڵکو وەک ئامێرێک هەڵدەبژێرێت و تاوەکو کۆتایی سنوورەکانی رایدەکێشێت و زیندووی دەکاتەوە.
ئەو خۆی دەڵێت، "تەنیایی تاکە راوێژکاری منە". ئەم تەنیاییە نەک تەنیا لە ژیانی ئەودا بەڵکو لە پرۆسەی داهێنانەکەشیدا باڵادەستە. ئەو بە قەڵەمی دار دەنووسێت، بە پێنووس پاکنووسی دەکات، بەرگی کتێبەکانی خۆی دیزاین دەکات و رێگە بە هیچ وەشانگەرێک نادات دەستکاری نووسینەکەی بکات. ئەو تەنیا نووسەر نییە، لە هەمان کات دا ئیدیتۆر و هونەرمەندی بەرهەمەکەیەتی.
لە کۆتاییدا، ئەم وەڵامانە دەمانگەیێننە رەگی هەموو شتێک: ئەو منداڵەی کە هەرگیز منداڵ نەبووە، ئەو گەنجەی کە لە دیمەشقی خنکێنەر هەڵاتووە و ئەو پیاوەی کە "جگە لە برینێک کە لەسەر پێ دەڕوات" هیچی دیکە نییە. سەلیم بەرەکات خۆی دەبێتە گوند، دەبێتە بیرەوەری و دەبێتە ئەو وڵاتەی کە تەنیا لە زمان دا ماوەتەوە.
بەرەوڕووبوونەوەیەک بەرەو دەق [2]
سەلیم بەرەکات، شاعیر و رۆماننووسێکی کوردی رۆژئاوای کوردستانە، ساڵی 1951 لە قامشلۆ لە دایکبووە، ئەو شارەی کە لەڕووی نەتەوەیی، ئایینی و زمانییەوە فرەڕەنگە لە رۆژئاوای کوردستان. ئەو لە لوبنان و دواتر لە قوبرس لە ئاوارەییدا ژیاوە، پێش ئەوەی لە سوید نیشتەجێ ببێت کە لە ساڵی 1999ەوە لەوێ دەژی. ئەو تائێستا زیاتر لە 50 بەرهەمی شیعر و پەخشانی بڵاوکردووەتەوە، لە ناویشیاندا سێ ئۆتۆبیۆگرافی، بیرەوەرییەک لە کاتی جەنگ و چەند کتێبێکی منداڵان. ئەو لە جیهانی عەرەبی دا، لە نێو رەخنەگران، ئەکادیمییەکان و شاعیرانی دیکەدا، خاوەن ناو و دەنگێکی تایبەتە.
بەرەکات بە کەسایەتییە ورووژێنەرەکەی و پەیوەندییە شەڕەنگێزەکەی لەگەڵ زمانی عەرەبی دا دەناسرێت. سەلیمۆ (سەلیم) سووربوونی خۆی لەسەر ئەوە نیشاندەدات کە ئەو وەک کوردێک بە عەرەبی دەنووسێت. لە ناساندنی پەیوەندییە بێسنوورەکەی لەگەڵ زمان دا، وەک کەسێک لە ناوەوە و هەروەها وەک کەسێک لە دەرەوە، زۆر ئاشکرایە. عەرەبی زمانی دایکی ئەو نییە، بەڵام ئەو دەستی خستووەتە بینەقاقای زمانی عەرەبی و بۆ خۆی کردوویەتی بە ماڵ.
شاعیر و نووسەرانی دیکەش ئەمەیان پشتڕاست کردووەتەوە. لەسەر بەرگی دووەمی بەرهەمە کۆکراوەکانی، (الديوان) کە لە ساڵی 2017دا دەرچوو، ئەم گوتانەی ستایشکردن لەلایەن زۆر شاعیر و نووسەری عەرەبەوە دەردەکەون. مەحموود دەروێش دەڵێت: "لەوکاتەوەی کە هێرشیکردە سەر گۆڕەپانی شیعری عەرەبی، سەلیم بەرەکات مژدەی شیعرێکی جیاوازی دا". نزار قەبانی لە نووسینەکەیدا بانگی بەرەکات دەکات و داوای لێدەکات: "مەولانا! تۆ چیت بۆ ئێمە هێشتەوە؟ دەستت لەسەر شیعری عەرەبی هەڵگرە". سەعدی یوسفیش خۆی پێ ناگیرێت و بەرەکات وەک "گەورەترین کورد دوای سەلاحەدینی ئەیوبی" ناو دەبات. ئەدۆنیس ئەم راستییە بە کورتترین و بەهێزترین شێوە دەردەبڕێت و دەڵێت: "ئەم شاعیرە کوردە (سەلیم بەرەکات) زمانی عەرەبی لە گیرفانی خۆیدا هەڵدەگرێت."[3]
لە درێژەی نووسینەکانیدا، بەرەکات کەم جار وەک شاعیرانی دیکەی نەوەی خۆی هەڵسوکەوتی کردووە. بەپێچەوانەوە، وەک کەسێکی زۆر تایبەت کە کەم جار لە میدیاکاندا دەردەکەوێت، ئینجا بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست، ناوی بەرەکات نەک تەنیا وەک شاعیرێکی "زەحمەت" بەڵکو وەک مرۆڤێکی "زەحمەت"ـیش دەرکەوتووە. تەنیایی و نەویستنی ئەو بۆ تێکەڵبوون بە ناوەندە ئەدەبییەکان، لە پێش چوونی بۆ سوێد دەستی پێکرد. تەنانەت کاتێک لە بەیروت بوو، هاوڕێ و ناسیاوەکانی زۆر چیرۆک لەسەر رەفتارە تایبەت و زۆر جار بێسەروبەرەکانی دەگێڕنەوە. مەحموود دەروێش لە کتێبی (ذاكرة للنسيان) بەسەرهاتێکی لەو شێوەیە بەبیر دەهێنێتەوە:
ئەو (سەلیم بەرەکات) لە شەوێکدا ژیانی رۆشنبیریی بەیروتی سەرەوژێر کرد. ئەو نووسینەکانی خۆی بە شێوەیەکی دڕندانە، بە مستەکانی دەپارێزێت، چونکە ئەو باوەڕی بە دیالۆگی نێوان رۆشنبیران نییە، ئەمە تەنیا وەک گاڵەگاڵ دەیبینێت. دەمانچەکەی و ماسوولکە دیارەکانی هەڵدەگرێت، دەچێتە قاوەخانەی گونجاو و کەمین دادەنێت بۆ رەخنەگرە پلە نزمەکان کە بۆ لاپەڕە کولتوورییەکانی رۆژنامەکان دەنووسن و قسەکانی خۆی سەبارەت بەو شتانەی لە دژی نووسیبوویان، ناشارێتەوە. جارێک پێم گوت، "ڤلادیمێر مایکۆڤسکیش لە شەقامی گۆرکی بە هەمان شێوە لەگەڵ رەخنەگرانی خۆیدا هەڵسوکەوتی دەکرد". ئەو وەڵامی دایەوە، "ئەمە تاکە رەخنەی راستەقینەیە"'.[4]
سەلیم بەرەکات لە شیعر و لە پەخشانی خۆیدا، بە شاردنەوەی واتای بە مەبەست لە پشت پەردەی زمانەوە دەگاتە "شیعری بوون"؛ زمانێک کە بە ئەنقەست وا تێر و چڕ هۆنراوەتەوە کە دەگاتە ئاستی نەناسرانەوە. ئێمە هەمیشە لە بەردەم دەرگای تێگەیشتنین و ئێمە بە شێوەیەکی زیاد ئاگامان لە خۆمانە، نەک وەک قسەکەری عەرەبی بەڵکو وەک دۆزەرەوەی ئەو شتەی کە تائێستا لە دەستمان دەرچووە.
نێوەڕۆکی هەڤپەیڤینەکە:
"وەڵامی پرسیارەکانتم دایەوە، ئێستا دەچمە باخچەکە بۆ برژاندنی گۆشت"!
هودا فەخرەدین: وەک منداڵ چۆن خۆت بەبیر دێتەوە؟
سەلیم بەرەکات: من هەرگیز منداڵ نەبووبم. من هەرگیز بە پێی منداڵێک لەسەر زەوی نەڕۆیشتووم. گەورەکانی دەوروبەرمان، ئێمەیان ناچار دەکرد کە ببینە پیاو یان گەورە، تەنانەت پیرەمێردیش. وەک منداڵ، ئێمە ژیانێکی بێ هەستێکی راستەقینەی هەبوونمان بەسەر دەبرد.
هودا فەخرەدین: لە خێزانەکەتدا پەیوەندییەک هەبوو کە کاریگەریی هەرە گەورەی لەسەرت کردبێت؟
سەلیم بەرەکات: بەڵێ. قەرەباڵخیی ماڵ. ماڵی ئێمە پڕ لە پشێوی بوو، بەبێ هیچ نیشانەیەکی هاتووچۆ.
هودا فەخرەدین: تۆ پەیوەندیت لەگەڵ دایکت چۆن وەسف دەکەیت، ناوی چییە؟ چیت لەو لەبیر ماوە؟
سەلیم بەرەکات: ناوی دایکم فەتوومە (کورتکراوەی فاتیمەیە). ئەو بە باشی نەهاتووەتە بیرم، بەڵام من هەرگیز خۆشەویستیی ئەو بۆ شیرینی، بەتایبەت بۆ شعیبیات و قەتایف (شیرینییە بەنێوبانگەکان، کە بە هەویر و شیلە دروست دەکرێن و زۆر جار لەگەڵ گوێزدا پێشکەش دەکرێن) لەبیر ناکەم. دەبووایە من بە دوای شیرینی فرۆشی گەڕۆک بکەوتمایە تاوەکو بۆی بکڕم. شیرینی فرۆش سینییە گەورە کانزاییەکەی دەخستە سەر سەری و لە کۆڵانەکاندا دەگەڕا. ئەو زۆر ماندووی دەکردم.
هەروەها خۆشەویستیی دایکم بۆ سڵقی سوورکراو بە پیازەوە دێتەوە بیرم. هەموو بەهارێک، دەبووایە من بە سەبەتە و چەقۆیەکی بچووکەوە لە دەشت و دەر بگەڕێم تاوەکو بەدوای ئەو گیایەدا بگەڕێم. سەبەتەیەکی گەورە لەم گیایە کاتێک سوور دەکرایەوە، بە زۆر بەشی پڕکردنی قاپێکی دەکرد. بەڵێ، دێتەوە بیرم چۆن رۆژ لە دوای رۆژ، بە کاژێر لە دەشت دا بۆ دایکم سڵقی (دێمی)ـم کۆدەکردەوە.
هودا فەخرەدین: پەیوەندیت لەگەڵ باوکت چۆن بوو؟
سەلیم بەرەکات: شتێکی تایبەت نەبوو. باوکم پیاوێکی سادە و دیندار بوو و سەری بە تێرکردنی ئێمەی 11 منداڵەکەیەوە سەرقاڵ بوو. هەندێک جار، من لەگەڵی دەچووم بۆ راو. ئەو تفەنگە 12-ملیمەکەی خۆی دەهێنا. بەداخەوە، باوکم راوچییەکی باش نەبوو.
هودا فەخرەدین: چەند خوشک و برات هەیە؟
سەلیم بەرەکات: ئێمە 9 خوشک و براین. چوار خوشک، چوار برا و من.
هودا فەخرەدین: پەیوەندیی ئێوە وەک خوشک و برا چۆن بوو؟
سەلیم بەرەکات: وەک سێرک بوو! 11 کەس لە خانوویەکی دوو ژووری دا، بە حەوشەیەکی فراوان و دارێکی زەیتوونەوە کە هەرگیز گەورە نەدەبوو.
هودا فەخرەدین: چی لە پەیوەندیی تۆ بە خوشک و براکانتەوە ماوەتەوە؟
سەلیم بەرەکات: هیچ نەماوەتەوە. ئەوان لە من زیاتر لە یەکتر نزیکن. من لە سەرەتای 20 ساڵیمدا لە ماڵ دەرچووم، بەهۆی یاخیبوون و بەهۆی پێویستیی رزگارکردنی خۆم لە خنکانی ئەو ماڵە. ئەمڕۆ، خوشک و براکانم بە سەرتاسەری جیهان دا بڵاوبوونەتەوە، دووانیان لە بەهەشت دا پەناگەیەکیان دۆزیوەتەوە، ئەو شوێنەی کە هیوادارین گیان تێیدا پەنایەک بدۆزێتەوە.
هودا فەخرەدین: تۆ یەکەم جار کەی لە ماڵ دەرچوویت؟
سەلیم بەرەکات: من ساڵی 1970 لە قامشلۆوە چووم بۆ دیمەشق. خێزانەکەم دواتر بەدوامدا هاتن. ساڵ و نیوێک دواتر، من لەوێش دەرچووم و هەڵاتم بۆ بەیروت.
هودا فەخرەدین: چی لە گوند دێتەوە بیرت؟
سەلیم بەرەکات: ئەو شتەی کە لە گوند لەبیرم ماوە، ئەوەیە کە من خۆم لە بیر ماوە. مەگەر من خۆم بیرەوەریی گوند نیم؟ من گوندنشین نیم، من خۆم گوندم.
هودا فەخرەدین: تۆ لە ماڵ چیت دەخوێندەوە؟
سەلیم بەرەکات: باوکم خاوەنی کتێبخانەیەکی بچووکی کتێبە ئایینییەکان بوو، چەند تەفسیرێکی قورئان و هەندێک شیعری سۆفییەکان، بەڵام من هەموو شتێکی کتێبخانەی قوتابخانەم دەخوێندەوە، هەروەها رۆمانە وەرگێڕدراوەکان بەتایبەت کلاسیکەکان کە ئامۆزایەکم کە دڵداری ئەوان بوو، کۆی کردبوونەوە. بێگومان، من هەموو شیعرە مۆدێرنەکانی ناوەندی رۆشنبیریی قامشلۆشم هەڵلووشیبوون. ئەمانە سەرچاوە سەرەتاییەکانی من بوون.
هودا فەخرەدین: ئێوە لە ماڵ بە چ زمانێک قسەتان دەکرد؟
سەلیم بەرەکات: ئێمە تەنیا بە کوردی قسەمان دەکرد.
هودا فەخرەدین: قوتابخانە چۆن بوو؟
سەلیم بەرەکات: قوتابخانە؟ مەبەستت دۆزەخە. بەگشتی منداڵان سکاڵایان هەیە لە چوونە قوتابخانە، با بچنە باشترین قوتابخانەش. ئایا دەتوانیت خەیاڵی ئەوە بکەیت کە بچیتە سەربڕخانەیەکی سووکایەتی؟ هەندێک جار چاوەکانم دەنووقێنم و خۆم وەک شۆفڵێک (بلدۆزەرێک) خەیاڵ دەکەم کە هەر قوتابخانەیەک چوومەتە ناوی، دەیڕووخێنم.
"کوردی لە سووریا قەدەخە بوو"
هودا فەخرەدین: خێزانەکەت بە کوردی قسەیان دەکرد و قوتابخانەی عەرەبیش دۆزەخ بوو، کەواتە بۆچی بڕیارت دا بە عەرەبی بنووسی؟
سەلیم بەرەکات: هیچ کتێبێکی کوردی لە بەردەستم نەبوو و کوردیی قسەکردنیش یارمەتی نەدەدام کە پێی بنووسم. سەرباری ئەوەش کوردی لە سووریا قەدەخە بوو. لە کتێبخانە بچووکەکەی باوکمدا تەنیا دوو کتێبی پەیوەست بە کوردی هەبوون، یەکێکیان وەرگێڕانی کوردیی (قصيدة البردة)ی بوسیری بوو، شیعرە بەنێوبانگە عەرەبییەکەی سەدەی سێزدەهەم کە ستایشی پێغەمبەر دەکات. کتێبی دووەمیش وەرگێڕانی عەرەبیی (مەم و زین)ی ئەحمەدی خانی بوو، داستانە کوردییەکەی سەدەی حەڤدەم.
هودا فەخرەدین: تۆ لە چ تەمەنێکدا دەستت بە بیرکردنەوە لە نووسین کرد؟ یەکەمین نووسینت دێتەوە بیر؟
سەلیم بەرەکات: من لە 15 ساڵی دا هەندێک شیعرم نووسیبوون، لەژێر کاریگەریی شیعری کلاسیک دا. پڕیشکی داهێنان یەکەم جار لە 17 ساڵیمدا، ساڵی 1968، بە شیعرێک بە ناوی (نشيد الانشاد الحوراني) داگیرسا. کاتێک ئەم شیعرە لە رۆژنامەی (الثورة) دا، لەسەر نیو لاپەڕە لەگەڵ وێنەیەکی هونەرمەندی بەنێوبانگ نەزیر نەبعە بڵاوکرایەوە، من خەریک بوو لە خۆشیاندا لە هۆش خۆم بچم.
هودا فەخرەدین: دێرێک لەو شیعرەت لەبیر ماوە؟
سەلیم بەرەکات: تەنیا دێری یەکەمم لەبیرە. "رووی ئاگرینی تۆ، خاتوونەکەم، سەهۆڵ و رمن."
"چ خەونێکی داماو بوو"
هودا فەخرەدین: تۆ سەردانی یەکەمت بۆ دیمەشق چۆن بەبیر دێتەوە، دۆخەکە چۆن بوو؟
سەلیم بەرەکات: دیمەشق هەڵاتن بوو بەرەو "جیهانە گەورەکە". هەموو سەرقاڵییەکانی من بە هونەر و ئازادییەوە منیان بەرەو ئەوێ برد. بۆ من، دیمەشق، وەک پایتەخت، مانای هەموو نووسەران، رۆژنامەکان، گۆڤار و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی دەگەیاند کە خەونم پێوە دەبینین. چ خەونێکی داماو بوو! من شارەکەم بە هەموو شێوەیەک سست و سەرکوتکراو بینی. ترس لە دەسەڵات بەرچاو بوو، تۆقین و پشێوی لە هەوادا بوو. من پێویستیم بە تووندیی ئازادی هەبوو، بۆیە دوای یەک ساڵ و نیو لە دیمەشق -ئەو برینەی کە خوێنی لێدەهات- دەرچووم و چووم بۆ بەیروت.
کاتێک خوێن لە پایتەختەوە دێت، مانای ئەوەیە تەواوی وڵات برینە و ئێمەش شتێک نین جگە لە ژمارەیەک برین کە بەسەر پێوە دەڕۆین.
"نەچوومە تەنانەت یەک وانەش"
هودا فەخرەدین: تۆ ئەو ساڵ و نیوەت لە دیمەشق چۆن بەسەر برد؟ دەتخوێند یان کارت دەکرد؟ چیت لەو بەسەرهاتە وەرگرت؟
سەلیم بەرەکات: دەبووایە من لە زانکۆ ئەدەبی عەرەبی بخوێنم، بەڵام عەشق و دڵداریی من بۆ شیعر، بانگەوازی راستەقینەی من بوو. من یاخی بووم و خۆم خستە نێو خواردنەوە، پەیوەندی و پێشبڕکێی شیعرەکان و هەموو ئەمانە منیان لە زانکۆ دوورخستەوە. من نەچوومە تەنانەت یەک وانەش!
دواتر گورزی وشیارکردنەوەی کۆتایی هات، رژێم. ئەوکاتە، هەر پۆلیسێک لە دیمەشق مەقەسێکی لە گیرفان دا بوو و دەسەڵاتی بڕینی قژی ئەو گەنجانەی پێدرابوو کە قژیان وەک درێژییەکی نەشیاو دەبینرا، "لە رێگە دەرچووەکان تەربییەت بکات."
ئەو ئازادییەی کە ئێمە خەونمان پێوە دەبینی لە شیعردا، رووبەڕووی مەقەسەکانی سانسۆر دەبووەوە. جگە لە هەڵاتن بەرەو لوبنان، لە گەڕان بەدوای ئازادی دا، هیچ رێگەیەکی دیکە بۆ من نەمابووەوە. یەکەم شت کە کردم کاتێک گەیشتمە ئەوێ، ئەوەبوو قژم تاوەکو سەر شانەکانم درێژ کرد.
تەنانەت وێنەیەکی من لەگەڵ مەحموود دەروێش هەبوو، قژی هەردووکمان درێژ بوو. رۆژنامەڤان سەمیر سایخ ساڵی 1973 ئەم وێنەیەی لە ماڵی ئەدۆنیس گرتووە. برایەکی بچووکم وێنەکەی بە قەرز وەرگرتبوو، دواتر کاتێک لێم داوا کردەوە، گوتی پۆلیسەکانی سووریا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەمان و لەگەڵ شتەکانی دیکەی برایەکی گەورەماندا کە چالاک بوو لە دژی رژێم ، دەستیان بەسەر ئەو وێنەیەش دا گرت. ئەو برایە و وێنەکەش ونبوون، جارێکی دیکە نەبینرانەوە. ئەو کوژرا، وەک برایەکی دیکەی بچووکم.
هودا فەخرەدین: تۆ بۆ چوونی بەیروت ئامادەکاریت کردبوو یان هەڵاتنێکی بێ پلان بوو؟ هاوڕێت لەوێ هەبوو؟
سەلیم بەرەکات: بەڵێ، من بۆ ئەم کۆچە کۆتاییە لەگەڵ هاوڕێیەکی سووری-ئەرمەنی خۆم ئامادەکاریم کردبوو. ئەو چەند مانگێک پێش من لە سووریا دەرچووبوو. ئەو ژوورێکی بچووکی بە مەتبەخێکەوە لە کەسانێک کە بە رەچەڵەک خەڵکی ناوچەی حۆران بوون لە سووریا بە کرێ گرتبوو، ئەوان لە بەیروت وەک حەمال کاریان دەکرد. ئەو، هاوڕێیەکەم، لە نانەواخانەیەک کارێکی دۆزیبووەوە. کاتێک ئەو جێگیر بوو، پەیامی بۆ ناردم و منیش چووم بۆ لای. ئەمە ساڵی 1971 بوو و لەوکاتەوە من نەگەڕاومەتەوە سووریا.
"شیعرەکەت منی سەرلێشێواو کرد"
هودا فەخرەدین: گەیشتنی تۆ بۆ بەیروت، دیداری یەکەمت لەگەڵ شارەکە دێتەوە بیر؟ پەیوەندی یان ناسیاوت لە بواری ئەدەبی دا هەبوون؟
سەلیم بەرەکات: کاتێک یەکەم جار گەیشتمە بەیروت، من بە دوای ئەو نانەواخانەیەی بورج حەمود گەڕام، کە گەڕەکی ئەرمەنییەکانە و هاوڕێیەکەم لەوێ دەژیا. ئێمە لە خواردنگەیەک مریشکێکی برژاو و پیپسیمان خوارد. دێتەوە بیرم چەندە خۆش بوو، خۆشییەکی لەڕادەبەدەر!
رۆژی دواتر چوومە سەردانی نووسینگەی رۆژنامەی (الأنوار) تاوەکو سەمیر سایخ ببینم کە ئەو لە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (مواقف) بوو. یەکترمان دەناسی چونکە مەواقیف شیعرێکی منی بە ناوی (قنصل الاطفال) بڵاوکردبووەوە کە من لە دیمەشقەوە بە پۆستە بۆم ناردبوون. کاتێک گەیشتبووە دەستیان، ئەدۆنیس، کە سەرنووسەر بوو، بۆی نووسیبووم و گوتبووی "شیعرەکەت منی سەرلێشێواو کرد و من کەم جار سەرلێشێواو دەبم."
من سەمیر سایخم لە نووسینگەی ( الأنوار) دا بینی و ئەو منی بردە ماڵی ئەدۆنیس. ئەدۆنیس، خالیدە سەعید و کچەکانیان، سەرسام مان. "وەی چەندە بچووکە!" هەموویان پێکەوە دەیانگوت.
تاکە پەیوەندیی پێشووم بە مەواقیفەوە ئەو شیعرە بوو کە لە سووریاوە بۆم ناردبوون. ئەوان شیعرەکەی منیان دەناسی. کاتێک گەیشتمە بەیروت، زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێکردم.
"سەلیم بەرەکات ناوێکە کە دەبێت لەبەر بکرێت"
هودا فەخرەدین: دیوانی یەکەمت، (کل داخل سیهتف لأجلی وکل خارج أیضا) ، دەستپێکێکی بە هەرا بوو. لەبارەی بارودۆخی بڵاوکردنەوەی ئەم دیوانە بۆم باس بکە. تۆ شیعرەکانت کەی نووسی؟ تۆ بە ئەنقەست ئەوانت بە شێوەیەکی دیار ریز کرد؟
سەلیم بەرەکات: کاتێک من شیعرەکانم دەنووسی، بیرم لە نووسینی کتێبێک نەدەکردەوە، بەڵام ئەدۆنیس پێداگریی کرد کە پارچە پێویستەکان کۆبکەمەوە و بیانکەمە دیوانێک. بۆیە، من خۆم شیعرەکانم هەڵبژارد و بەرگەکەیم دیزاین کرد. دیوانی یەکەمم بەم شێوەیە دروستبوو و مەواقیف بڵاویکردەوە. نزیکەی هەموو رۆژنامە و گۆڤارە لوبنانییەکان ستایشی دیوانەکەیان کرد. رستەیەکی شاعیر و رەخنەگر عیسام مەحفوز هێشتاش لە مێشکمدا دەزرینگێتەوە. ئەو هەڵسەنگاندنەکەی خۆی بەم رستەیە دەست پێکردبوو، "سەلیم بەرەکات ناوێکە کە دەبێت لەبەر بکرێت."
"ئێمە هەموو شتێکمان هەڵلووشی، بەڵام من زوو بێ هیوا بووم"
هودا فەخرەدین: ئایا دەتوانیت بۆمان باسی ئەو شاعیرە یان ئەو شیعرە بکەیت کە لەم خوێندنەوە سەرەتاییانەی تۆ بۆ شیعری مۆدێرن کاریگەریی هەرە قووڵی لەسەرت کرد؟
سەلیم بەرەکات: جۆش و خرۆشی سەرەتایی، لە کۆتایی ساڵانی 1960دا، لە بیرۆکەی نوێکردنەوە یان بووژانەوەوە سەری هەڵدا کە ئێمە، وەک یاخیبووان، هەوڵمان دەدا لە شیعری مۆدێرن دا بەدیبێنین. من دیوانی شیعرەکانم کە لە هاوڕێیان قەرز دەکرد و ئەوانەی دیکە کە لە ناوەندی رۆشنبیریی دیمەشق دەمدیتن، دەخوێندەوە. ئەو شاعیرانەی کە ئێمە ئەوکاتە دەمانخوێندنەوە ئەوانە بوون کە بەهۆی کەمیی وردبینیی رەخنەییەوە، وەک "پێشەنگ" ناو دەنرێن.
ئەوان بابەتی خوێندنەوەی ئێمە بوون پێش ئەوەی ئێمە تووشی سەرچاوەکانی ئەوان، وەک تی. ئێس. ئەلیۆت و ئێزرا پاوەند ببین. من لە وتارێکدا کە لە ساڵی 1995دا لە رۆژنامەی (الحياة)دا بڵاوکرایەوە لەسەر ئەمەم نووسی. پێموایە ناوی (شیعری بێ پێشەنگ) بوو.
نووسین و ئەزموونەکانی ئێمە بەهۆی بایەخدانی قووڵی ئێمە یان بەڵکو بەهۆی سەرسامیی ئێمە بە رێبازە هزرییە جۆراوجۆرەکانی وەک سوریالیزم، سیمبووڵیزم، دادایزم، رۆمانتسیزم... دەرکەوتن. ئێمە هەموو شتێکمان هەڵلووشی.
بەڵام من زوو لە ئیدیعاکانی نوێکردنەوەی بزووتنەوەی مۆدێرنیستی عەرەبی بێ هیوا بووم. یاریی تەفعیلە، ئەزموونەکان بە شکاندنی رێساکان و وازهێنان لە هەندێک کۆت و بەندی کێش (وەزن) هەنگاوی ئاسان بوون. مەیدانی راستەقینەی داهێنان لەوە زۆر زیاتری دەویست. قووڵایی سەرنجڕاکێشی ئەم پڕۆژەی مۆدێرنیزەکردنە لە شوێنێکی دیکە بوو، لە بەرهەمی شاعیرانی ئەمریکی و هەروەها ئینگلیز، فەرەنسی، ئەڵمان و ئیسپانییەکان دا.
"من نامەوێت وەک نانکۆرێک دەرکەوم"
هودا فەخرەدین: ئایا ناڕەزایی تۆ لەسەر پۆلێنکردنی شاعیرانی بزووتنەوەی مۆدێرنیستی سەرەتایی عەرەبی وەک "پێشەنگ"، بەهۆی دۆزینەوەی کاریگەرییە بیانییەکانە لەلایەن تۆوە؟ ئایا ئەمە رۆڵی پێشەنگایەتیی ئەوان لە شیعری عەرەبی دا رەتدەکاتەوە؟
سەلیم بەرەکات: من نامەوێت بە رەتکردنەوەی هەوڵ یان رۆڵی پێشەنگایەتیی هەندێک شاعیر لە شیعری عەرەبیی مۆدێرن دا وەک نانکۆرێک (بەدنمەکێک) دەرکەوم. لەنێو نەوەی یەکەم دا شاعیرانی "پێشەنگ" بە هەنگاوی دوودڵ هەن، هەروەها شاعیرانێک کە هێشتا تەسلیمی رێبازە کۆنەکان بوون. وەرگێڕانی شیعرەکان لە زمانەکانی دیکەوە کە لە سەرەتای سەدەی بیستەم دا کران، ئاشکرایان کرد کە مۆدێرنیستەکانی ئێمە خاوەن پڕۆژە یان بینینێکی یەکگرتوو نەبوون.
هودا فەخرەدین: کێ بوون ئەو شاعیرە مۆدێرنانەی کە لە سەرەتادا سەرنجی تۆیان راکێشا؟
سەلیم بەرەکات: لە سەرەتادا شاعیری عێراقی بەدر شاکر سەیاب سەرنجی راکێشام. بەداخەوە، ژیان و نووسینی ئەو کورت بوون. لە کۆتاییدا، سەرنجم چووە سەر بەرهەمەکانی ئەدۆنیس، خەلیل حاوی و تەنانەت نزار قەبانیش.
هودا فەخرەدین: ئەدۆنیس لە سەرەتادا پشتیوانیی لێکردیت و کاریگەریی لەسەر بەرهەمە سەرەتاییەکانت هەبوو. تۆ پەیوەندیی خۆت لەگەڵ ئەو یان بەرهەمەکەی چۆن دەبینیت؟
سەلیم بەرەکات: کاتێک من گەنج بووم، سەرسامی ئەدۆنیس بووم، بەڵام دواتر شیعر و نزیکایەتیی ئەو لەبەر چاوی من زۆر "ئاسان" هاتنە بەرچاو.
هودا فەخرەدین: مەبەستت لە "ئاسان" لێرەدا چییە؟
سەلیم بەرەکات: من ئاسانی لە نووسین دا وەک پشتگوێخستنی تواناکانی رەخنەیی خوێنەر پێناسە دەکەم. کاتێک نووسەر پێش بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکەی، کەمتەرخەمی لە هەڵسەنگاندنی دروستیی خۆی بۆ شیعر دەکات، ئەمە روودەدات. رەنگە ئەم پشتگوێخستنە لە لەخۆباییبوون یان لەو گریمانەیەوە سەرچاوە بگرێت کە زمان و خەیاڵی ئەو بەسن و بێگومان شتێک بەرهەم دەهێنن کە خوێنەر قبووڵی دەکەن و لەوانەیە سوپاسگوزاریش بن. مەبەستی من لە ئاسانی لە نووسین دا ئەمەیە. واتە کاتێک شاعیر بە متمانە بە ناو و دەنگی خۆی یان ئەو گەرەنتییەی کە پێشتر لەلای خوێنەرانی هەیەتی، بەبێ ترس و نیگەرانی دەنووسێت.
هودا فەخرەدین: ئایا زەحمەتی یان ناڕوونی پێچەوانەی ئەم ئاسانییەیە کە تۆ وەسفی دەکەیت؟ من دڵنیام تۆ ئاگاداریت کە نووسینی تۆ زۆر جار وەک زەحمەت ناودەبرێت. ئایا تۆ ئەمە بە ئەنقەست دەکەیت؟
سەلیم بەرەکات: نەخێر، ئامانجی من ئەوە نییە کە زەحمەت بم یان بە ئەنقەست بەدوای ئاڵۆزیدا بگەڕێم، بەڵکو خەیاڵی من، پەیوەندیی من بە خۆمەوە -چ روون بێت چ ناڕوون- و دۆزینەوە یان لێکۆڵینەوەی من بۆ زمان، لەوانەیە کاتێک لە دەقێکدا دەگەنە یەک، هەستێکی ئاڵۆز دروست بکەن. ئاگام لەمەیە. من دوودڵ نابم لەوەی زمان بەرەو ئەو فۆرم یان شێوەیە پاڵ پێوەبنێم کە شتێکی پێشتر لە ناخی ئەودا (زمان) جێگیربوو یان نوستوو ئاشکرا دەکەن. مافی منە کە زمان تاوەکو سنوورەکانی رابکێشم. هەر داهێنانێک پێکهاتەیەکی ئاڵۆزە و هیچ شتێک لە خانەی سادە -رەگی هەموو داهێنانەکان- تێکەڵتر و ئاڵۆزتر نییە.
"شیعر یەکپارچەیە"
هودا فەخرەدین: لە دیوانی یەکەمی خۆتدا، تۆ تاقیکردنەوەت بە کێش و سەروا (قافیە) کرد. تۆ لەو کتێبە یەکەمەدا دەتویست لەڕووی فۆرمەوە بگەیە چی؟
سەلیم بەرەکات: قسەکردن لەسەر فۆرم بە تەنیا، پارچەکردنی رۆحی شیعرە بەشێوەیەکی تووند و بێسەروبەر. شیعر یەکپارچەیە، تەواوکارییەکە.
هودا فەخرەدین: باشە، بەڵکو نەک فۆرم بەڵکو بونیاد. ئاشکرایە کە تۆ بە بونیاد و دیزاینەوە سەرقاڵیت.
سەلیم بەرەکات: شیعر ئاواکردنێکە کە من هەوڵدەدەم لەسەر بنەمایەکی قووڵ بنیادی بنێم و تاوەکو دێت لەسەری فراوان بکەم، زۆر دەچێتە سەر زیادکردنی پاشکۆی قورس بۆ کاتدراڵێک، بەبێ ترس لە داڕمان.
"خەیاڵێکی مەحاڵە، بەڵام من وازی لێناهێنم"
هودا فەخرەدین: من سەرنج دەدەمە ئەم کاتدراڵانەی تۆ، شیعرە درێژەکانی وەک بۆ نموونە سووریا و هەموو دەرگاکان. تۆ بونیادی ئەوان چۆن دادەنێیت؟
سەلیم بەرەکات: من مەیلم بۆ شیعرە درێژەکان هەیە. خواستێکم هەیە کە تەواوی گەردوون، هەمووی بە یەکجار، بگرم. دەزانم کە ئەوە بۆ دەقێک خەیاڵێکی مەحاڵە، بەڵام من وازی لێناهێنم. من بەردەوام هەوڵی خۆم دەدەم. لە رۆمانەکاندا و هەروەها لە شیعرەکانیشدا، دەمەوێت هەر یەکێکیان ببێتە دیزاینێکی وەستایانە، بەڵێ، وەک کاتدراڵێک. لە شیعردا هەروەها لە پەخشاندا، من خۆم بە ئەندازیارییەکی تووندەوە گرێدەدەم، بەبێ سازش. من خوێنەرانی خۆم باش دەناسم. ئەوان زیرەکن. من ناتوانم ئەوان هەڵخەڵەتێنم.
"باوکێکم هەیە کە لە راستی دا باوکی هیچ کەس نییە"
هودا فەخرەدین: تۆ سووربوون نیشاندەدەیت کە لە نووسین دا باوک یان پێشینەکانت نین. من باوەڕناکەم ئەمە کردەنی بێت، بەتایبەت کە تۆ خوێنەرێکی تێرنەبووی. کەواتە، بۆچی تۆ بەرگری دەکەیت لەوەی پڕۆژە شیعرییەکەی خۆت لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا یان میراتێکی بەوشێوەیەدا جێگیر بکەیت؟
سەلیم بەرەکات: بۆچی هەرگیز پرسیار لەسەر "دایکم لە نووسین دا" یان "هۆزی من لە ژنانی نووسەر یان پێشینە ژنەکانم" لێ ناکرێت؟ بەڵام من پرسیارەکەت تێدەگەم و من تۆ سەرسام دەکەم. باوکێکم هەیە کە لە راستی دا باوکی هیچ کەس نییە. چەندە لەسەر ئەم رەچەڵەکە سووربم ئەوەندە ئەم باوکە هەرگیز نابێتە باوکی من. ئەو لە بنەڕەتدا باوک نییە. من دەتوانم ئەو لە باوکایەتییەکەی بێبەش بکەم. ئەگەر بمەوێت، دەتوانم لەجیاتی ئەمە بیکەمە کوڕی خۆم...
با من چیرۆکێکت بۆ بگێڕمەوە. من چوار ساڵان بووم کاتێک ئامۆزاکەم یەکەم جار منی برد بۆ سینەما. فیلمێکی رۆژئاوایی (وێستێرن) بوو. جارێکی دیکە ئێمە تەماشای فیلمێکی ترسمان کرد.
"من ئینسیکلۆپیدیای فیلمەکانم"
دوای ئەوە، من هەموو رێگەیەکی کە دەگونجا بەکارم دەهێنا تاوەکو پارە کۆبکەمەوە و بچم بۆ سینەما. هەوڵم دەدا تەماشای هەموو فیلمێک بکەم. کاتێک چووم بۆ بەیروت، من ئەو فیلمانەی لە وڵاتەکەم قەدەخە کرابوون قەرەبووم دەکردنەوە و هەموو رۆژێک، بەبێ بواردن، دەچووم بۆ سینەما. رۆژانی یەکشەممە من تەماشای سێ فیلمم دەکرد. جگە لە چەند رۆژێک لە کاتی شەڕی ناوخۆدا، من هەرگیز بەبێ تەماشاکردنی فیلمێک نەنووستووم. من دوودڵ نابم لەوەی ئیدیعا بکەم کە من "ئینسیکلۆپیدیای فیلمەکان"ـم.
من دەزانم کە مەبەستی تۆ لە "باوکەکان" بەرهەمی نووسەرە وەستاکانی پێش من و کاریگەریی ئەوان لەسەر من بوو. من لەمە تێدەگەم. هەفتەیەک دوای گەیشتنم بۆ بەیروت، من لە دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوە کارێکم دۆزییەوە، سەرەتا وەک هەڵەچن (copyeditor) و دوای ماوەیەکی کورت وەک ئیدیتۆر لەلای (دار العودە)، دەزگا بەنێوبانگەکە کە بەرهەمە کۆکراوەکانی زۆر شاعیری گەورەی عەرەبی ئەوکاتەی چاپ و بڵاودەکردنەوە. ئەمە منی گەیاندە گەنجینەیەک. وەک ئیدیتۆر، دەمتوانی بە هەرزان کتێب لە دەزگاکانی دیکە بکڕم.
"من برسیی خوێندنەوە بووم"
من وەک کەفی دەریا کە هەر بەردێکی کەنار دەریاکە بە پارچەیەک لە ئازاری خۆی خەڵات دەکات، برسیی خوێندنەوە بووم. من لە وڵاتێکەوە هاتبووم کە رژێمەکەی بە شێوەیەکی وەستایانە لە قەدەخەکردن دا، بە رێبازە رەنگاوڕەنگەکانی سنووردارکردن و سانسۆر، لێهاتوو بوو. دیسانەوە، ئەو کتێبخانەیەی کە من لە سووریا بەجێم هێشتبوو، هەرچەندە گەورە نەبوو، بەڵام هەڵبژاردەیەک لە بەرهەمە بنچینەییەکانی فەلسەفە، شانۆ، ئەدەب و رۆمانە وەرگێڕدراوەکانی رۆشنبیرە بەنێوبانگەکان و چەند دیوانێکی شیعری تێدا بوو. لە شیعردا، میزاجی من هەمیشە دژوار بووە.
"هەست دەکەم کە من قەرزاری شتێکم"
من دڵنیام ئەو شتەی کە سەبارەت "رەچەڵەکی ئەدەبی" تووشی سەرسووڕمانت دەکات کە هەر نووسەرێکی سەر رووی زەوی بە ئینتیمایەک یان دڵسۆزییەک بە رەگێکەوە دەبەستێتەوە، ئەوەیە کە من بە شێوەیەکی قووڵ خۆم گرێدراوی سیحری سینەما دەبینم. هەست دەکەم کە من قەرزاری شتێکم لە سیحری وێنەی جووڵاو، کاتێک دەبێتە زمانی خۆی، کاتێک دەبێتە خاوەنی قاڵبە شیعرییە ناوازەکانی خۆی.
من دەزانم کە ئەوە سەرکێشییەکە یان رەنگە ریسکێکە کە مرۆڤ ئیدیعا بکات کە لە پارچەی دیمەن و وێنەکان باوکێک دروست دەکات، بەڵام من قەناعەتم هەیە کە هەر فیلمێکی گەورە کە بینیومە، پردێک بووە کە هێشتوویەتی من دەربازی نێو شیعر ببم.
رێگە هەن بەرەو ئەو شتەی کە لە دەرەوەی پەلکەزێڕینەی "رەگ"ـەکانە، ئەو رێگەیانەی کە رەخنەی بەپەلە لە ریزبەندیی خۆیدا تێبینیی ناکات. بەڵکو من سەر بە سەدەی نۆزدەیەم یان هەژدەیەمم. من وا هەست دەکەم. کەواتە، دەی تۆ پێم بڵێ، هودای ئازیز، کام باوک باوکی منە و کام دایک دایکی منە!
"من ستایشی چاوەکانی ئەوم کردبوو"
هودا فەخرەدین: تۆ لە کوێ لە هەوژینەکەت راست هاتی؟
سەلیم بەرەکات: لە قوبرس. من و سیندی لە قوبرس یەکتریمان بینی. من ستایشی چاوەکانی ئەوم کردبوو و بانگهێشتم کرد بۆ ئێوارەخوانێک، بەڵام ئەو قبووڵی نەکرد. من چەند مانگێک دواتر جارێکی دیکە هەوڵم دا، ئەم جارە قبووڵی کرد. ئێمە ئێستا، دوای 35 ساڵ، هێشتا لەسەر ئەو ئێوارەخوانەین و من هێشتا سەرسامی چاوە سەوزە دڵڕفێنەکانیم.
"ئێمە لەم ماڵەدا هۆزێکین لە هاوڕێیان"
هودا فەخرەدین: ئەو زمانەی کە ئێوە لەگەڵ کوڕەکەت بەشی دەکەن چییە؟ تۆ هەست دەکەیت کە ئەو تۆ دەناسێت؟ تۆ لەم دوورییەی نێوان دایک و باوک و منداڵان دەترسیت؟
سەلیم بەرەکات: ئێمە لەم ماڵەدا هۆزێکین لە هاوڕێیان. "ران" لە ژیانی دا هەرگیز پێینەگوتووم "بابە". ئەو تەنیا بە ناو بانگم دەکات، لەسەر زمانی ئەو رووت و بێ نازناو. من هەرگیز داوام لێنەکردووە یان ئاماژەم نەکردووە کە واز لەو وشەیەی "بابە" بهێنێت، بەڵام من دڵخۆشم. وشەی "باوک" گوتارێکی دەسەڵاتداری، باوکسالارییە. لە سەرەتای گەنجییەوە، من هەوڵمداوە کە ببمە نزیکترین هاوڕێی ران. راستگۆییەکی تەواو لەنێوانمان دا هەیە. من گوێی لێدەگرم و ئەو لە رەخنە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکانیدا تێگەیشتووە. جیهانێکی سەربەخۆی هەیە، خاوەن توانا و زۆر ئامرازە کە هەرگیز لەلای من نەبوون. یاری تۆپی پێ دەکات و زۆر تێیدا باشە. کۆمەڵێک هاوڕێی هەیە. من بە ئامێرەکانی دارتاشیی خۆم دۆڵابێکی دارینم بۆ دروست کرد تاوەکو هەموو کەلوپەلە وەرزشییەکانی تێدا هەڵبگرێت. کوڕەکەم ران ئێستا 32 ساڵە.
"برژاندنی گۆشت"
هودا فەخرەدین: عەشقی تۆ بۆ خواردن دروستکردن کەی دەستی پێکرد؟ لەبارەی پەیوەندیت بەم جۆرەی پێکهاتن (کۆمپۆزیسیۆن)ـەوە بۆم بدوێ.
سەلیم بەرەکات: من لە قوبرس دەستم بە فێربوونی خواردن دروستکردن کرد. لە بەیروت، ئێمە لە باڵەخانەیەکی تەنیشت خواردنگەی هاوڕێیەکم دەماینەوە، بۆیە من بۆ خواردن پشتم بەوان بەستبوو، بەڵام کاتێک چووینە قوبرس، پایتەختی دوورگەکە زیاتر لە گوندێک دەچوو کە تەنیا چەند خواردنگەیەکی لێ بوو و کۆتایی هەفتە هەموو شوێنێک دادەخرا. من دەستم بە ئامادەکردنی خواردنە ئاسانەکان کرد و زۆر گۆشتم دەبرژاند. تەنانەت دوای ئەوەی هاتینە سوێدیش، حەزم لە برژاندنی گۆشت دەکرد. من هێشتاش نزیکەی هەر هەفتەیەک یان دوو هەفتە جارێک و لە سەرتاسەری ساڵ دا ئەمە دەکەم. لە بەردەم ماڵەکەدا کەپرێکم هەیە کە تێیدا کیسەی خەڵوز و ئامێرەکانی برژاندن دادەنێم. هەروەها سێتێکی ئامێری دارتاشیم هەیە لەگەڵ هەندێک سەتڵی بۆیە و فڵچەکان، تاوەکو ئەگەر پێویست بکات بتوانم بۆیەی ماڵەکە بکەم یان وەک دارتاشێک کار بکەم.
هودا فەخرەدین: لەبارەی پرۆسەی نووسینی خۆت کەمێک زیاترم پێبڵێ. نەریتی نووسینت هەیە؟
سەلیم بەرەکات: نەخێر، نەریتی نووسینی تایبەتم یان رۆتینێکی نووسینی رێکخراوم نییە. بۆ من، خواردنەوەیەکی بەهێز بەسە بۆ کردنەوەی ئیشتیهای وشەکان، بۆ هەڵلووشینی دیمەنەکان و چێژوەرگرتن لە واتاکان.
"من پەشیمانم"
هودا فەخرەدین: لە پەیام گۆڕینەوەکانی ئێمەدا، تۆ هەموو وەڵامەکانت بە دەستوخەت نووسی. تۆ هەمیشە بەم شێوەیە، بە دەست دەنووسیت؟ بۆچی رێگەکانی دیکەی نووسین کە رەنگە کردەییتربن، بەکار ناهێنی؟
سەلیم بەرەکات: من دان بەوە دادەنێم، هودا، کە من پەشیمانم بەهۆی بەرگریی سەرەڕۆیانە و بە ئەنقەستی خۆم لە بەرامبەر نووسین لەسەر ئامێر، کات و ماندووبوونی بۆ دەگەڕاندمەوە، بەڵام هیچ سوودێک لە وەستان لە بەردەم پەشیمانییەکاندا نییە، ئێستا ئیدی زۆر درەنگە.
هودا فەخرەدین: تۆ چەند کاتی خۆت بە پاکنووسکردن و دەستکاریکردن بەسەر دەبەیت؟
سەلیم بەرەکات: من نیوەڕۆیان بە قەڵەمی دار دەنووسم، ئێواران بە پێنوس پاکنووسی دەکەم. بەگشتی، ئەوەی دەینووسم زۆر دەستکاریکردنی پێویست نییە.
هودا فەخرەدین: ئایا ئەمە لە نێوان شیعر و رۆمانەکان دا دەگۆڕێت؟
سەلیم بەرەکات: جگە لە درێژی، بۆ من هیچ جیاوازییەک لە نێوان شیعر و رۆمان دا نییە.
"کەس دەستکاریی نووسینەکانی من ناکات"
هودا فەخرەدین: ئایا وەشانخانەکان دەستوەردان لە نووسینەکانت دا دەکەن، ئەگەر پێشنیاز بکەن، تۆ لەبەرچاویان دەگری؟
سەلیم بەرەکات: لە کتێبی یەکەمەوە تائێستا، هیچ وەشانکارێک هەرگیز دەستوەردانی لە نووسینی من دا نەکردووە. کەس پێشنیازی نەکردووە. تەنانەت بەرگی کتێبەکانیش، من خۆم هەموویان دیزاین دەکەم.
هودا فەخرەدین: تۆ لەبارەی رەشنووسەکانی خۆت راوێژ بە کەس دەکەی و بۆچوونەکانیان لەبەرچاو دەگریت؟
سەلیم بەرەکات: تەنیاییم تاکە راوێژکاری منە. من راوێژی پێدەکەم و بەپێی ئامۆژگارییەکانی دەجووڵێمەوە.
"من سەرەتا دەنووسم ئینجا خەون دەبینم"
هودا فەخرەدین: نووسینێک هەیە کە تۆ هێشتا خەونی نووسینی دەبینیت؟
سەلیم بەرەکات: نەخێر، نووسینێکی دیاریکراو لە مێشکمدا نییە کە خەونی پێوە ببینم. من سەرەتا دەنووسم ئینجا خەون دەبینم. من خەون بە پاڵەوانەکانی خۆمەوە دەبینم کاتێک لە رۆمانەکەم دەردەچن، لە جیهانەکانی خۆیاندا بەدوای خەونەکانی خۆیان دەکەون. لەبارەی شیعر... نووسینی شیعر مەلەکردنە لەنێو تەقینەوەی گەردوون دا.
هودا فەخرەدین: شتێک هەیە کە تۆ هێشتا چاوەڕێی بیت؟
سەلیم بەرەکات: ژیان جگە لە چاوەڕوانی چییە و ئێمە ئافەریدەی ئەڤین، ئەوانەی کە چاوەڕێ دەکەن و ئەوانەی کە چاوەڕێ دەکرێن. دەستوخەتم پێشتر خۆش بوو. ئێستا دەستم کەمێک دەلەرزێت.

هودا فەخرەدین
هودا ج. فەخرەدین ئەکادیمیست، وەرگێڕ، نووسەر و چالاکڤانێکی سیاسی لوبنانی-ئەمریکییە. ئەو بە کارەکانی لەسەر ئەدەبی عەرەبیی مۆدێرن، بەتایبەت شیعری عەرەبی، دەناسرێت. ئێستا پرۆفیسۆری یاریدەدەرە (Doçent) بۆ ئەدەبی عەرەبی لە زانکۆی پێنسیلڤانیا.
جگە لە کارە ئەکادیمییەکانی، بە چالاکییە سیاسییەکانی، بەتایبەت لەبارەی ململانێی ئیسرائیل-فەڵەستینیش بەنێوبانگە. فەخرەدین لە لوبنان لەدایکبووە و گەورە بووە.
بەکالۆریۆس و ماستەری لە ئەدەبی ئینگلیزی دا لە زانکۆی ئەمریکیی بەیروت وەرگرتووە و، ساڵی 2011 دکتۆراکەی لە زانکۆی ئیندیانا (Bloomington) تەواو کردووە.
هودا لە زانکۆی پێنسیلڤانیا وەک پرۆفیسۆری یاریدەدەری ئەدەبی عەرەبی کار دەکات. چەندین کتێبی نووسیوە، لەنێویشیاندا "Metapoesis in the Arabic Tradition" (مێتاپۆێتیکا لە کەلەپووری عەرەبی دا) و "The Arabic Prose Poem" (شیعری پەخشانیی عەرەبی). هەروەها ئیدیتۆری "The Routledge Handbook of Arabic Poetry" (دەستنامەی راوتلێج بۆ شیعری عەرەبی)ـیە و لە زۆر گۆڤار و دامەزراوەی ئەدەبیی گرنگ دا کار دەکات.
لە بواری وەرگێڕان دا، بەرهەمەکانی باوکی، شاعیر جەودەت فەخرەدین و هەروەها بەرهەمەکانی سەلیم بەرەکاتی وەرگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. وەرگێڕانەکانی ئەو لە گۆڤارەکانی وەک (بانیپاڵ)، (وۆڵد لیتەرەچەر تودەی) و (ئارابلیت کوارتەرلی) بڵاوکراونەتەوە.
تێبینی:
[1] " کورد لە با بەولاوە هیچی دیکەی نییە" شیعرێکە کە مەحموود دەروێش پێشکێشی سەلیم بەرەکاتی کردووە. بڕوانە: مەحموود دەروێش، (لا تعتذر عما فعلت [داوای لێبووردن مەکە بۆ ئەوەی کردت]، بەیروت: دەزگای ریاز ئەلرییس، 2004.
[2] لە کتێبی هودا فەخرەدین، "The Arabic Prose Poem: Poetic Theory and Practice"، ئێدینبەرە، 2021، وەرگیراوە و دەستکاری کراوە.
[3] بەرەکات، (الديوان) (دیمشق: دار المدى، 2017). زۆربەی ئەم نووسینانەی ستایشکردن لە ژمارەیەکی تایبەتی گۆڤاری (حجلنامة)لەبارەی سەلیم بەرەکات وەرگیراون : حجلنامة 11 - 12 (2007)، ل 181 - 223.
[4] دەروێش، مەحموود. "Memory for Forgetfulness" (ذكرا للنسيان)، وەرگێڕانی. ئیبراهیم موحاوی (لۆس ئەنجلس: زانکۆی کالیفۆرنیا پرێس، 2013)، ل 78 - 9.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ