رووداو دیجیتاڵ
"سەیف هەیڤن" (Safe Haven) درامایەکی مێژوویی نوێیە کە لەلایەن کریس باوەرز، دیپلۆماتی پێشووی بەریتانی نووسراوە و تیشک دەخاتە سەر رووداوەکانی دوای شەڕی یەکەمی کەنداو لە بەهاری ساڵی 1991.
شانۆگەرییەکە باس لە ئۆپەراسیۆنی مرۆیی "نەوای ئارام" دەکات، کە ئەرکێکی بێ وێنە بوو بۆ رێگریکردن لە جینۆسایدی خەڵکی سڤیلی کورد دوای ئەوەی هێزەکانی سەدام حوسێن راپەڕینی گەلی کوردیان لە باشووری کوردستان بە دڕندانە سەرکوت کرد.
کریس باوەرز، دیپلۆماتکاری پێشووی بەریتانی لە هەرێمی کوردستان و نووسەری شانۆگەرییەکە بە رووداوی راگەیاند: "پێموابوو زۆر گرنگە چیرۆکە ناوخۆییەکە لە رێگەی کەسە راستەقینەکانەوە بگێڕدرێتەوە. چی پاڵنەریان بوو؟ بۆچی بڕیاریان دا ئەمە بکەن؟ چونکە ئەوان کارێکیان کرد کە ژیانی سەدان هەزار کەسی رزگار کرد. بۆچی؟ چۆن؟ ئەوەش چیرۆکی شانۆگەرییەکەیە."
کریس باوەرز دەشڵێت، بەلایەوە گرنگ بووە لە لەندەن شانۆگەرییەکە نمایش بکات، چونکە خەڵکێکی زۆری کورد لێرەن. "هەستێکی زۆر تایبەتە کە لەنێو کۆمەڵگەکەدا و بە شێوازێکی تایبەت بیگێڕیتەوە. بەڵام لەوانەیە پێویست بکات فیلمێکیشی لێ دروست بکەین."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەڕێز باوەرز، سوپاس بۆ ئەوەی لەگەڵماندایت. وەکو دیپلۆماتکارێکی پێشوو، نووسینی شانۆگەرییەک کارێکی سەرنجڕاکێشە. ئەمە چۆن روویدا؟
کریس باوەرز: دەزانی، بیرۆکەی ئەم شانۆگەرییە بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە سێر جۆن مەیجەر لە ساڵی 2011 سەردانی کوردستانی کرد. من کۆنسووڵی گشتی بووم، چەند خولەکێکم لەگەڵیدا هەبوو و لێم پرسی: "چۆن توانیت کارێکی ئەوەندە نائاسایی بکەیت؟" ئەویش گوتی: "دەزانی، لە پشووی کۆتایی هەفتەیەکدا سێ دیپلۆماتکار هاتنە لام و ئەم بیرۆکەیەیان بۆ هێنام، منیش بیرم کردەوە و گوتم، بەڵێ، دەبێت ئەمە بکەین." بەڵام گوتی کە ئەوان وەزارەتی دەرەوەیان تێپەڕاندبوو. بۆیە ئەوەم لەبیر مایەوە. دواتر، بە رێکەوت، یەکێک لەو دیپلۆماتکارانەم لە سەرەگرتنی قاوەیەکدا لە مەنامە بینی. قسەمان کرد و قسەمان کرد و قسەمان کرد. ئەوەشم لە مێشکمدا تۆمار کرد. پاشان لە ساڵی 2021، لە کاتی کەرەنتیندا، ساڵیادی یادکردنەوەی ناوچە ئارام هەبوو. منیش بۆم دەرکەوت، ئەگەر کەسێکی دیکە ئەم چیرۆکە نەگێڕێتەوە، ئەوا باشترە من بیگێڕمەوە. بۆیە بیرم کردەوە و گوتم باشە با من ئەم چیرۆکە بگێڕمەوە، چونکە زۆر گرنگە. پێموایە بۆ بەریتانیا زۆر گرنگە، بۆ کوردستان گرنگە. هەروەها ئەو خۆڕاگرییە نائاساییە کورد پێشاندەدات. پێویستە باشتر بناسرێت.
رووداو: بەڕێز باوەرز، رێگەی زۆر هەیە بۆ گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە. بۆچی بڕیاری شانۆگەریت دا؟ بابەتی ناوچەی ئارام زۆر ئاڵۆزە. شانۆگەریش بینەری تایبەتی خۆی هەیە لە ئەوروپا و جیهاندا. بۆچی شانۆگەری؟ بۆچی فیلم نا؟ بۆچی بەڵگەفیلم نا؟
کریس باوەرز: دەزانی، بۆ من وەکو رۆژنامەنووسێکی پێشوو ئاساییتر دەبوو کە وتارێک یان کتێبێک بنووسم. بەڵام راستییەکەی، من دیدێکم هەبوو. من چیرۆکە دیپلۆماسییەکەم بینی، رۆڵی رەوەندم بینی، هەروەها رۆڵی خەڵکی کوردم لە چیاکان بینی، کە لە چیاکان گیریان خواردبوو. بۆ من، هەر سێکیانم لەسەر شانۆیەک دەبینی. ئەمە یەکەم کاری منە وەک شانۆنووسێک، زیاتر وەکو دیدگەیەک هات، با ناوی بنێین خەونێک، کە ئەمە ئەو شێوازەیە کە دەکرێت چیرۆکەکەی پێ بگێڕدرێتەوە. منیش ئەو ئاڵنگارییەم بۆ خۆم دانا. ئێستاش خۆت لە شانۆی ئارکۆلا لە باکووری لەندەن دەبینیتەوە. ئەمەش لە نێوەندی کۆمەڵگەکەدایە، خەڵکێکی زۆری کورد لێرەن. بۆیە هەستێکی زۆر تایبەتە کە لەنێو کۆمەڵگەکەدا و بە شێوازێکی تایبەت بیگێڕیتەوە. بەڵام بێگومان، لەوانەیە پێویست بکات فیلمێکیشی لێ دروست بکەین.
رووداو: بەڕێز باوەرز، ئۆپەراسیۆنی ناوچەی ئارام بۆ من مانای زۆری هەیە. من لە ساڵی 1991 تەنیا هەشت ساڵان بووم کاتێک کۆڕەوەکە روویدا. بەهۆی ئۆپەراسیۆنی ناوچەی ئارامەوە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی یان ئەو هاوپەیمانییەی کە بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا و بە بەشداریی بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپی و رۆژئاوایی بوو، ژیانی ئێمەیان رزگار کرد. ژیانی من، ژیانی خێزانەکەم و ژیانی 100 هەزار کورد، دواتریش بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایش. بەڵام پرسیارەکە بۆ من ئەوەیە: کێ بینەر دەبێت؟ تارگێت گرووپی ئێوە کێیە؟ ئایا خەڵکی بەریتانیایە، یان هەموو خەڵکی جیهان دەتوانن بینەری ئەم شانۆگەرییە بن؟
کریس باوەرز: پێموایە هەموویانم بە تایبەتی لێرە، کۆمەڵگەی بەریتانی. هەندێک ناوەندی لێکۆڵینەوەشمان هەن کە دێن و گفتوگۆی لەسەر دەکەن. هەروەها کۆمەڵگەی کوردیش، چونکە نازانم ئەزموونی تۆ چۆن بووە، بەڵام هەندێک کەس بەهۆی ئەو چیرۆکەوە، بەهۆی ئەوەی کە بەسەریاندا هاتبوو، تووشی ترۆما ببوون و بۆیان قورسە بۆ منداڵەکانیانی باس بکەن. بۆیە هیوادارم ئەم شانۆگەرییە یارمەتیدەری هەندێک لەو گفتوگۆیانە بێت. نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر، قسەمان لەگەڵ ئەکتەرێکی کوردی عێراق دەکرد کە لە بەریتانیا دەژی، منیش گوتم: "چیرۆکەکە بۆ تۆ چۆن بوو؟ رۆڵگێڕانەکە چۆن بوو کاتێک ئامادەکارییمان بۆ شانۆگەرییەکە دەکرد؟" ئەویش گوتی، هەمان ئێوارە راستەوخۆ چووەتەوە ماڵەوە و قسەی لەگەڵ دایکی کردووە و گوتوویەتی: "بۆچی پێت نەگوتم؟ بۆچی هەموو شتێکت بۆ روون نەکردمەوە کە روویداوە؟" هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بۆ زۆر کەس ئەوەندە کاریگەر و خەمناک بووە کە قسەکردن لەبارەیەوە قورس بووە. بۆیە پێموایە بەشێک لە بینەران لە کۆمەڵگەی کوردین. بەڵام لەم کاتەدا ئێمە تەنیا گوێبیستی هەواڵی ناخۆش دەبین. گوێمان لێدەبێت کە خەڵک کاری راست ناکەن، یان کاری راست دەکەن بەڵام بۆ مەبەستی هەڵە. بۆیە پێموابوو زۆر گرنگە چیرۆکە ناوخۆییەکە لە رێگەی کەسە راستەقینەکانەوە بگێڕدرێتەوە. چی پاڵنەریان بوو؟ بۆچی بڕیاریان دا ئەمە بکەن؟ چونکە وەکو باست کرد، ئەوان کارێکیان کرد کە ژیانی سەدان هەزار کەسی رزگار کرد. بۆچی؟ چۆن؟ ئەوەش چیرۆکی شانۆگەرییەکەیە. باس لەوە دەکات چۆن و بۆچی. چونکە زانینی ئەو نهێنییە زۆر گرنگ و سەرنجڕاکێشە. تۆ راست دەکەیت، ژیانی سەدان هەزار کەسی رزگار کرد، پێموایە ئەمە بنچینەی پەیوەندیی نێوان بەریتانیا و کوردستانە.
رووداو: بەڕێز باوەرز، کاتێک باس لە هونەر دەکەین، وەکو رۆژنامەنووسێکی پێشوو و دواتریش وەک دیپلۆماتکارێکی پێشوو، باوەڕت وایە دەتوانین شتی بچووک یان کەمێک لەم جیهانە زۆر ئاڵۆزەی ئێستا لە رێگەی هونەرەوە بگۆڕین؟ یان دەبێت باسی سیاسەت، شەڕ، پیشەسازی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بکەین؟
کریس باوەرز: بەڵێ پێموایە بابەتەکە بریتییە لە قسەکردن لەسەر چیرۆکەکان و گێڕانەوەکان و ئەزموونەکانی خەڵک. ئایا ئەوە هەندێک کەس دەگۆڕێت؟ هیوادارم. ئەگەر کەمێک بوێری بە هەندێک کەس بدات، یان ئەگەر هەستێکی خۆڕاگری بدات، چونکە ئەوە یەکێکە لە بیرۆکە سەرەکییەکانی شانۆگەرییەکە. من سوپاست دەکەم کە چیرۆکی خۆتت باسکرد، نازانم چۆن رزگارت بوو، ئایا تۆ و خێزانەکەت پێش ئەوەی یارمەتییەکە بگات، بەهۆی هێزی نێوخۆ و خۆڕاگرییەوە رزگارتان بوو؟ پێموایە ئەوە چیرۆکێکی زۆر گرنگە، زۆر گرنگە باسی ئەوە بکرێت. بەڵکو ئەوە یارمەتیی سیاسەتڤانان بدات بگەنە هەندێک دەرئەنجامی جیاواز، کە دەتوانن شتەکان بکەن و کاری دروست بکەن.
رووداو: حەز دەکەیت شانۆگەریی "ناوچەی ئارام" بە زمانی کوردی نمایش بکرێت؟
کریس باوەرز: بێگومان حەز دەکەم. حەز دەکەم ئەوە رووبدات. حەز دەکەم شانۆگەرییەکە لە کوردستان نمایش بکرێت. حەز دەکەم بە کوردی بێت. حەز دەکەم لە کوردستان پەخش بکرێت، چونکە بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەوە چیرۆکی ئێوەیە، راستە؟
رووداو: راستە. ئەوە چیرۆکی ئێمەیە.
کریس باوەرز: ئەوە چیرۆکی ئێوەیە. بەڵێ مەبەستم ئەوەیە، منیش دەیگێڕمەوە، بۆیە ئەوە پرسیارێکی رەوایە. ئایا من دەتوانم چیرۆکەکە بگێڕمەوە؟ بەشێکیشی ئەوەیە کە ئەمە چیرۆکێکی بەریتانیشە، چونکە چیرۆکی ئەوە دەگێڕێتەوە کە چۆن ئەو کەسانە گەیشتنە ئەو بڕیارە. چی رێگری لێدەکردن؟ پاڵنەریان چی بوو؟ بۆیە بەشێکی چیرۆکێکی بەریتانییە و بێگومان، بەشێکیشی چیرۆکێکی کوردییە.
رووداو: لەکاتی نووسینی ئەم شانۆگەرییەدا، دەبێت چەندین چاوپێکەوتن و لێکۆڵینەوەت کردبێت. گرنگترین شت چی بوو کە دوای کارەکەت و کاتێک ئەم شانۆگەرییەت دەنووسی، بۆت دەرکەوت؟ چونکە خەڵکێکی زۆر نازانن ناوچەی ئارام چییە، کێ ئەم ناوەی دانا، بۆچی بەریتانیا رۆڵێکی سەرەکی لە ئۆپەراسیۆنەکە و لە بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا گێڕا؟
کریس باوەرز: بەڵێ، ئەوە پرسیارێکی زۆر باشە. من لێکۆڵینەوەیەکی زۆرم کرد، بە شێوەیەکی سەرەکی لە رێگەی قسەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بەشداربوون. یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکان، لەوانەیە دواتر بتوانیت قسەی لەگەڵ بکەیت، چونکە کەسێکی راستەقینەیە و ناوی کاترینە. ئەو چیرۆکەکەی بۆ گێڕامەوە، کە منیش لە رێگەی نووسینگەی تۆمارەکانی حکومەتەوە پشتڕاستم کردەوە. لێکۆڵینەوەیەکی زۆرم کرد، لەو کووچە تۆزاوییانەدا زۆر دانیشتم کە حکومەتی بەریتانیا ئەرشیڤەکانی خۆی تێدا هەڵدەگرێت. کاترین شتێکی زۆر سەرنجڕاکێشی پێگوتم. ئەو کۆبوونەوەیەی کە جۆن مەیجەر ئامادەکاری بۆ دەکرد، رۆژی دووشەممە بوو لە لۆکسمبۆرگ. جۆن مەیجەر رۆژی یەکشەممە بڕیاری دا کە رۆژی دووشەممە ئەو کارە بکات. پاشان فەرەنسییەکانی هێنایە سەر خەت، ئەڵمانییەکانی هێنایە سەر خەت، ئینجا چوو بۆ لای ئەمریکییەکان، ئینجا چوو بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان. کەواتە زنجیرەیەک بوولە کارکردن. تۆ راست دەکەیت کە دەڵێیت ئەمریکییەکان و فەرەنسییەکان بەخێرایی هاتنە سەرخەت و پشتیوانییان لێکرد. بەڵام لە رۆژانی سەرەتادا، واتە رۆژی یەکشەممە، بڕیار بوو ئەو بەڵگەنامەیە ناوی "ناوچەی دابڕاو" (enclave) بێت. کاتێک جۆن مەیجەر رۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەکەدا بوو لە لۆکسمبۆرگ، یەکێک لە دیپلۆماتکارەکان پەیوەندی بە نوێنەری بەریتانیا لە نیویۆرک کرد و گوتی: "پلانێکمان هەیە کە ئێمە ناوچەیەکی دابڕاو دروست دەکەین." ئەویش گوتی: "سەرکەوتوو نابێت." گوتی: "ئەمە روونادات و سەرکەوتوو نابێت. چونکە ناوچەی دابڕاو ئاماژەیە بۆ بڕیارێکی یاسایی یان سیاسی." لەو رۆژانەدا، پاراستنی سەروەریی دەوڵەت زۆر گرنگ بوو. بۆیە گوتیان: "باشە چی بکەین؟" هەستان بە کردەیی ناوەکەیان داتاشی. دەیانویست ناوی بنێن "ناوچەی سەلامەت" یان "ناوچەی ئارام". کاترین گوتی: "ناوچەی ئارام (safe haven) چۆنە؟" ئینجا بە پەلە چوونە ناو کۆبوونەوەکەی جۆن مەیجەر و گوتیان: "ناوی مەنێ ناوچەی دابڕاو، ناوی بنێ ناوچەی ئارام." هەروەها، گوتی ئەوان لە بنەڕەتدا بەشێکی زۆری حکومەتی بەریتانیایان تێپەڕاندبوو، چونکە رۆژی یەکشەممە بوو نەک رۆژێکی کارکردن. کاترین پێیگوتم کە ئەگەر ئەو کۆبوونەوەیە لە لۆکسمبۆرگ رۆژی چوارشەممە بووایە، زۆر جیاواز دەبوو. چونکە رۆژی دووشەممە، جۆن مەیجەر دەبوو بە وەزارەتی دەرەوە بڵێت: "ئێوە بیروبۆچوونتان چییە لەسەر ئەمە؟" خەڵکیش بیریان لێدەکردەوە و گفتوگۆیان دەکرد. لەوانەیە بیانگوتبا بەڵێ، بەڵام رەنگە بیانگوتبا: "باشە، نازانم، زۆر ئاڵۆزە." لەم نێوەندەشدا، خەڵک لەسەر چیاکان دەمردن. بۆیە ئەوەی کە رۆژی یەکشەممە و پاشان رۆژی دووشەممە بوو، چارەنووسساز بوو. چونکە هەر کە جۆن مەیجەر رازی بوو، ئەوە وەکو مۆری دەسەڵات بوو. سەرۆکوەزیران دەڵێت با بیکەین. ئەو وردەکارییە زۆر ترسناکە وانییە؟ بەڵام زۆر بەهێزیشە، هەروەها دەریدەخات کارەکە چۆن روویدا. چونکە تەنیا بەهۆی چەند کەسێکەوە بوو. ئەمە وانەیەکی گرن بوو بۆ من، کە شتەکان تەنیا بەهۆی چەند کەسێکی کەمەوە لە شوێن و کاتی گونجاودا روودەدەن. ئەوەش بەشێکە لەوەی شانۆگەرییەکە باسی دەکات.
رووداو: کارێکی گەورەت کردووە. زۆر سوپاس بۆ ئەوەی لەگەڵمان بوویت. زۆر بە پەرۆشم بۆ بینینی ئەو شانۆگەرییە.
کریس باوەرز: زۆر زۆر سوپاس. دەبێت ئەوەش بڵێم کە یەکێک لە رۆڵە هەرە گرنگەکان لەلایەن کەسێکی رەوەندی کوردی لە لەندەنەوە گێڕدرا، پێموایە قسەت لەگەڵ کاک دلاوەر کردووە. ئەوەش زۆر گرنگ بوو.
رووداو: زۆر سوپاس. سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ