وەزیری دەرەوەی عێراق باسی هەواڵی دڵخۆشکەر دەکات؛ 'جۆرێک سەقامگیریی دۆلار و دینار هەیە'

10-02-2023
دیار کوردە @diyarkurda
هەڤپەیڤینی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ رووداو
هەڤپەیڤینی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ رووداو
A+ A-
 
رووداو - واشنتن

وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، "هەواڵی دڵخۆشکەر هەیە" و ئەو بەرپرس و کەسانەی لە ئەمریکا بینیویانن "هەموویان پشتگیریی سیاسەتی حکومەت و رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق دەکەن." دەشڵێت، جۆرێک سەقامگیریی هەیە هەم لە بواری دینار و هەم لە بواری دۆلاریش.
 
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو لە واشنتن باسی کۆبوونەوەکانی شاندی وڵاتەکەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کرد، ئاماژەی بەوە کرد، "تووندیم [لە بەرپرسانی ئەمریکا] نەبینی، بەڵام ئەوان باسی رێکاری خۆیانیان کرد و ئێمەش بیروڕای خۆمان. ئەوان ئەگەر تووندییان هەبێت سیاسەتی خۆیانە بەرامبەر بە وڵاتێک، بەڵام بەرامبەر ئێمە هیچ تووندییەک نەبوو."
 
لەبارەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا، وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، "ئێمە خەریکین کە شاندی هەردوولا، هەرێمی کوردستان و بەغدا، کۆببنەوە و رەشنووسێکی یاسای نەوت پێشکێش بکرێت بە پەرلەمان و هەروەها باسی بودجە کرا و نوێنەری هەرێمی کوردستانیش لە کۆبوونەوەکاندا بەشدار بوو و قسەی خۆی کرد و پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا زۆر باشە، کێشە هەیە، بەڵام چارەسەریش هەیە."
 
رووداو: هەواڵێکی دڵخۆشکەرتان پێیە بۆ عێراقییەکان؟
 
فوئاد حوسێن: بەڵێ. هەواڵی دڵخۆشکەر ئەوەیە کە راستی بڵێم، ئەمریکییەکان ئەوانەی کە بینیمان، کەسانێکی زۆرمان بینیوە، کەسانێکی دەسەڵاتدار، لە وەزارەتی گەنجینە، وەزارەتی دەرەوە، جۆن کێری و بەرپرسانی وزە، ئەوانەی تاوەکو ئێستا بینیومانن هەموویان پشتگیریی سیاسەتی حکومەتی عێراق دەکەن و پشتگیریی ئەو رێکارانە دەکەن کە بانکی ناوەندیی عێراق گرتوویەتیەبەر، هاوکارییەکی زۆر باش هەیە لەنێوان بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا.
 
رووداو: ئەو رێکارانەی ئێوە گرتووتانەتەبەر دۆخی دراو بەرەو باشتر دەبات؟ خەڵک لە نیگەرانی دێتە دەر؟
 
فوئاد حوسێن: بە رای من ئەو مەسەلەیە کە روویدا مەسەلەیەکی کاتی بوو و ئێستا تێپەڕیوە، ئێستا ئێمە لە دۆخێکداین کە جۆرێک سەقامگیری هەیە هەم لە بواری دینار و هەم لە بواری دۆلار.
 
رووداو: ئەمریکا لە چی تووندە بەرامبەر بە عێراق؟
 
فوئاد حوسێن: من تووندیم نەبینی، بەڵام ئەوان باسی رێکاری خۆیانیان کرد و ئێمەش بیروڕای خۆمان. ئەوان ئەگەر تووندییان هەبێت سیاسەتی خۆیانە بەرامبەر بە وڵاتێک، بەڵام بەرامبەر ئێمە هیچ تووندییەک نەبوو و بە پێچەوانەوە لەگەڵ هەموو وەزیرەکان و لە هەموو کۆبوونەوەکاندا ئەوەی کە تاوەکو ئێستا بینیومانە، هەموویان هاوکار بوون و پشتگیریی دۆخی عێراقیان دەکرد، بەڵام ئەگەر هەڵوێستێکیان هەیە بەرامبەر بە وڵاتێکی دیکە، ئەوە شتێکی دیکەیە.
 
رووداو: ئەو هەڵوێستە کێشەی بۆ عێراق دروست نەکردووە؟
 
فوئاد حوسێن: نا هیچ کێشە نییە.
 
رووداو: واتە ئێستا دەتوانن قەرزەکانتان بدەنەوە رووسیا؟
 
فوئاد حوسێن: ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە کە باسی دەکەین، بەڵام ئەوە کێشە نییە بۆ عێراق، واتە کێشەیەک نییە لەنێوان عێراق و واشنتن، هەڵوێستێک نییە لەلایەن ئەمریکاوە بەرامبەر عێراق و حکومەتی عێراق. هەڵوێستێکە خۆیان وەریانگرتووە بەرامبەر رووسیا، ئێمەش بەدواداچوونی ئەم هەڵوێستانە دەکەین و دەزانین دونیا لە چی حاڵەتێکدایە، بەڵام لە چوارچێوەی عێراق سیاسەتی خۆمان دەگرینەبەر.
 
رووداو: ئەو رێکارانەی کە ئەمریکا لەسەر عێراقی دانابوو، کەمکردنەوەی ناردنی دۆلار و خاوکردنەوەی پرۆسەی ناردنی دۆلار کە 15 رۆژی پێدەچێت، ئەو رێکارانە هەڵدەگیرێن لەسەر عێراق؟
 
فوئاد حوسێن: ئەو رێکارانەی تۆ باسی دەکەیت بەو شێوەیە نییە، ئەو رێکارانە پەیوەندیی نییە بە کەمکردنەوەی ناردنی دۆلار، بەڵکو پەیوەندیی هەیە بەو سیستمەی کە دایاننا، ئەم سیستمە بە رای من لە چوارچێوەی حکومەتی عێراق، لە چوارچێوەی دراوی عیراقدا و لە چوارچێوەی سیستمی بانکی ناوەندیی عێراقدایە، بەڵام چۆنێتیی جێبەجێکردنی، مەسەلەیەکی دیکەیە و ئەم گفتوگۆ تەکنیکییانە لەنێوان شاندی بانکی ناوەندی و شاندی وەزارەتی گەنجینە و بانکی فیدراڵیی ئەمریکاش باس دەکرێت و باس کراوە.
 
رووداو: لە کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ وەزیر بلینکن باسی کوردستانیش کرا، لەسەر کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا هەڵوێستی ئەمریکا چی بووە؟
 
فوئاد حوسێن: بەڵێ باسی کوردستان لە زۆربەی کۆبوونەوەکاندا کرا، باسی یاسای نەوت کرا، کە چۆنێتی چارەسەری کێشەکانە، ئێمە خەریکین کە شاندی هەردوولا، هەرێمی کوردستان و بەغدا، کۆببنەوە و رەشنووسێکی یاسای نەوت پێشکێش بکرێت بە پەرلەمان و هەروەها باسی بودجە کرا و نوێنەری هەرێمی کوردستانیش لە کۆبوونەوەکاندا بەشدار بوو و قسەی خۆی کرد و پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا زۆر باشە، کێشە هەیە، بەڵام چارەسەریش هەیە.
 
رووداو: بڕیارە هەندێک لیژنەی جێبەجێکردن دیاری بکرێت بۆ ئەو کارانەی کە دەکرێن، کەی ئەم لیژنانە کۆدەبنەوە و ئەرکی سەرەکییان چی دەبێت؟
 
فوئاد حوسێن: دیارە ئەوەمان باس نەکردووە، ئێمە جارێ لە کۆبوونەوەداین و چوار پێنج رۆژمان ماوە، بزانین کە دەگەینە کۆتایی، ئەوجا باس دەکەین چۆن بەدواداچوونی بۆ بکەین. ئەم بڕیارانە هەمووی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت هەم لەلایەن ئەوان و هەم لەلایەن ئێمە و هەم پێکەوەش.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە