رووداو دیجیتاڵ
حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر دەڵێ، "نادادپەروەری لە دابەشکردنی سامانی عێراق هەیە، هەولێر و بەغدا دەکرێت لەسەر شێوەیەکی هاوبەش رێکبکەون بۆ چارەسەری کێشەکان." ئاشکراشی دەکات یەکێکە لەوانەی وەکو سەرۆکوەزیرانی داهاتوو ناوی دێت.
عەبادی هەفتەی رابردوو لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە، نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بۆ رووداو ئاشکرا دەکات و دەڵێ: "لە جەژندا مووچە راگیرا، ( سەرۆک بارزانی) ئەمە بە کەموکوڕی دەبینێت، ئەمە بە ئازارێکی زۆر دادەنێت."
هەروەها دەڵێ: "کێشەکە ئەوەیە هەندێک جار بیرکردنەوەکە پۆپۆلیستییە، من نەتەوەکەی خۆم لەسەر ئەوانی دیکە رازی دەکەم، بەڵێ نەتەوەکەی خۆت رازی بکە، بەڵام رازیکردنی نەتەوەکەت نابێت لەسەر ئەوانی دیکە بێت.''
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ حەیدەر عەبادی:
رووداو: دکتۆر بەخێربێنەوە جارێکی دیکە، بەڵام ئەمجارەیان لە هەولێر.
د. حەیدەر عەبادی: بەخێربێن و هەروەها بینەرە بەڕێزەکانیش.
رووداو: با قسە لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بکەین کە لە عێراق بەردەوامە، بەڕای ئێوە، ئایا هەڵبژاردنی داهاتوو هێزی لایەنە سیاسییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا دەگۆڕێت؟
د. حەیدەر عەبادی: سیستمی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای حیزبی دامەزراوە، بۆیە دەزانن دیموکراسییەت تەنیا بە سیستمی حیزبی سەرکەوتوو نابێت، دیموکراسی پێویستی بە حیزبەکانە بۆ ئەوەی مامەڵەکردن لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ یاسادانان و چاودێری ئاسان بکەن. هەموو دیموکراسییەکانی جیهان لەسەر حیزب دامەزراون، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ئەم حیزبانە دروستن؟ ئایا حیزبەکان پەیڕەوێکی تەندروستییان هەیە؟ ئایا بەرنامەیەکیان بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک و پێشخستنی وڵات هەیە؟ ئەمە پرسیارە ستراتیجییەکەیە. کاری هەڵبژاردن کاری حیزبییە. تاکەکان، ئەگەر تەنیا تاک بن، ناتوانن لەسەر یەک پەیڕەو و یەک بەرنامە کۆببنەوە، دیموکراسی پێویستی بە کۆمەڵە مرۆڤێکی هاوئاهەنگە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەوەی داواکراوە بەدیبێنێت.
رووداو: باشە، ئەم کۆمەڵانە وەکو خۆتان ناوتان بردن، ئەم حیزبانە، با بڵێین حیزبە بچووکەکان یان نوێیەکان، ئایا سەردەکەون؟ حیزبە سەرەکی و گەورەکان قەبارەیان بچووک دەبێتەوە؟
د. حەیدەر عەبادی: من هیواخوازم رووخسارە نوێیەکان سەربکەون، بەڵام ئەوە بەس نییە. رووخسارە گەنجە نوێیەکان پێویستە بەرنامەی نوێیان هەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا من نابینم حیزبەکانی پێشوو پاشەکشە بکەن، ئەم پێشبینییە رەنگە بەهۆی لاوازی بەشداریی هەڵبژاردنەوە بێت. دەزانن ئەم حیزبانە جەماوەری خۆیان هەیە، جەماوەرەکەیان زۆربەی کات لە بەرژەوەندیی خۆیان ئایدۆلۆجی کراون. بۆیە بەشداریی لایەنەکانی دیکە لاواز دەبێت. بە دڵنیاییەوە حیزبە سەرەکییەکان دەنگی باش بەدەست دەهێنن.
رووداو: بەپێی هەڵسەنگاندن یان پێشبینیی ئێوە، کام لەم حیزبە سەرەکییانە زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت؟
د. حەیدەر عەبادی: من پێموانییە ئەگەر سیستمی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی دروست بەڕێوەبچێت، ئەگەر دەستکاری نەکرێت، گۆڕانکارییەکی گەورە لە نەخشەی هەڵبژاردندا رووبدات.
رووداو: مەبەستتان چییە؟
د. حەیدەر عەبادی: گۆڕانکارییەکی گەورە روونادات، رەنگە ئەم لایەنە دوو کورسی زیاد بکات و لایەنێکی دیکە دوو کورسی کەم بکات، بەڵام ئەگەر یاری بە پرۆسەکەوە کرا، پێموایە ئەمە کێشەیەکی راستەقینەیە، ئەگەر دەستکارییەکی گەورە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا هەبوو، ساختەکاری کرا، ئێمە لەو باوەڕەداین قەیرانێکی نوێمان بۆ دروست دەکات.
رووداو: ئایا هیچ ترستان هەیە لەوەی ساختەکاری لە هەڵبژاردندا بکرێت؟
د. حەیدەر عەبادی: بەڵێ، ترس هەیە، هۆشداریش دەدەین، هۆشداری دەدەینە ئەوانەی ئەم کارە دەکەن. کۆمیسیۆنیش دەبێت ئاگاداری بەرپرسیارێتیی خۆی بێت کە پاراستنی دەنگی دەنگدەرە، لە کۆتاییدا ئەگەر پرۆسەی هەڵبژاردن شکستیهێنا و ناکۆکییەکی راستەقینە دروست بوو، قەیرانێک لە وڵاتدا دروست دەبێت، هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە جگە لە هەڵبژاردن. ئێمە ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵاتمان هەیە. سوپاس بۆ خودا شانازیمان دەکرد، هەموو بەرپرسانی پێشوو ماون، واتە هیچ کامیان ئەوی دیکەیان لەنێونەبردووە، ئێمە ئەگەر ئاڵوگۆڕی نائاشتیانەی دەسەڵات رووبدات، خوا نەخواستە، نازانم بەرەو کوێ دەچین. سەلامەتیی هەڵبژاردن پێویستە و بەرپرسیارێتیی کۆمیسیۆن و حیزبەکانە ئاگاداری سەلامەتیی پرۆسەکە بن
رووداو: دکتۆر، من لە هەڵوێستی هاوپەیمانیی نەسر تێنەگەیشتم، پێشتر لێدوانێکتان هەبوو "بەشداریی هەڵبژاردن ناکەین و هیچ بەربژێرێکمان نییە"، من لەم هەڵوێستە تێنەگەیشتم؟
د. حەیدەر عەبادی: ئێمە هێشتا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکی هەڵبژاردنداین، بەڵام دوای ئەوەی گفتوگۆمان لەسەر بەربژێرەکانمان کرد، لیستێکمان هەبوو نزیکەی 50 بەربژێری تێدابوو، بەڵام دوای پێداچوونەوە، گوتمان: "پرۆسەی هەڵبژاردن لایداوە و بووەتە کڕینی دەنگ و بەکارهێنانی سەرچاوەکانی دەوڵەت لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەو پارەیەی خەرج دەکرێت زۆرە، بەڵام ئێمە نەمانویست ببینە بەشێک لەم جۆرە کێبڕکێیە، یەکەم: ئێمە نامانەوێت کێبڕکێی ئەوانی دیکە بکەین لە دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی دەوڵەتدا، من دژی ئەوەم، من سەرۆکوەزیران بووم، سەرچاوەی دەوڵەتم بەکارنەهێنا، ئایا ئەمجارە من لە دەرەوەی سەرۆکایەتیم، ئەوان سەرچاوەکانی دەوڵەت بەکاربهێنن؟ بۆ خۆمی قبووڵ ناکەم. شتێکی دیکە، ئەم شێوازەی کڕینی دەنگ شێوازێکی ناتەندروستە، ئەمە هەڵبژاردنەکان لادەدات، بۆیە ویستم ناڕەزایەتی لەسەر شێوازی خەرجکردنی پارە و بەکارهێنانی پارەی سیاسی بەم شێوەیە تۆمار بکەم. بۆیە گوتم من بەربژێر پێشکێش ناکەم، بەڵام هێشتا داوا لە خەڵک دەکەم باشترین کەس لە پرۆسەی هەڵبژاردندا هەڵبژێرن.
رووداو: بەڕای ئێوە کێ باشترینە؟
د. حەیدەر عەبادی: لایەنی جیاواز هەن، ئێستا من لەگەڵ " قوی الدولة"دام ،هاوپەیمانیی نەسر لەنێو هێزەکانی دەوڵەتدایە، زۆر بەربژێری باش لە هاوپەیمانێتیی هێزەکانی دەوڵەتدا هەن، خەڵک خۆی هەڵیان دەبژێرێت، ئێمە ئەو کارە ناکەین، بەڵام وەکو رێکخستن، ناوە باشەکان هەڵدەبژێرین و داوا لە خەڵک، خەڵکی خۆمان یان لایەنگرانمان دەکەین دەنگیان پێبدەن. تەنانەت ئەگەر بەربژێرێکی باشیش لە لایەنی دیکەدا هەبێت، هەر پشتگیریی دەکەین، چونکە هەرچەندە بەربژێرەکان باش بن، پرۆسەی سیاسی باشتر دەبێت و بەرەوپێش دەچێت.
رووداو: بەڕای ئێوە دۆخی لیستی بەڕێز سوودانی چۆن دەبێت؟
د. حەیدەر عەبادی: بەڕاستی ئێمە چاوەڕێی ئەنجامەکانین، بۆ من قورسە پێشبینی بکەم، چونکە من لەنێو بزوێنەری هەڵبژاردندا نیم.
رووداو: پشتگیریی دەکەیت؟
د. حەیدەر عەبادی: بەڵێ، لە کۆتاییدا ئەو سەرۆکوەزیرانە، بێگومان دژی نابم، پێشتریش پشتگیرییم کردووە، بەوپێیەی سەرۆکوەزیرانێکە ئەزموونی پێشووی هەیە، هەروەها لە حکومەتەکەی منیشدا وەزیر بووە، وەکو لەبیرتانە، ئەو پێشتریش وەزیر بووە، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بووە، قایمقام بووە، پاشان پارێزگار بووە، بۆیە پلهبهندی لەم پۆستانەدا بە سرووشتی خۆی کەسێکی وای شایستە کردووە لە کارەکەیدا سەرکەوتوو بێت. ئێمەش نەمانویست چەند کەسێک تاقی بکەینەوە. ئەو لە کۆتاییدا هەڵبژاردنێکی ئەرێنییە. سەرنەکەوتنی، خوانەخواستە، شکستێکی دیکە زیاد دەکات. خەڵکیش لە پرۆسەی سیاسی و پرۆسەی هەڵبژاردن دوور دەکەونەوە. بۆیە من هیواخوازم لەم چوارچێوەیەدا سەرکەوتوو بێت. ئێستا رەنگە ناکۆکی لەسەر ئەدای حکومەت بۆ هەڵبژاردنەکان هەبێت و هەموو لایەک هەوڵ دەدات شتێک بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەدەستبهێنێت، بۆیە هێرش دەکەنە سەر سەرۆکوەزیران. نامەوێت ببمە بەشێک لەم پرۆسەی هەڵبژاردنە. من بەربژێرم نییە. بەڵام هیواخوازم دەنگدان بە شێوەیەکی دروست بێت، واتە ئەو گرووپانەی لە بەڕێز سوودانییەوە نزیکن یان لەنێو لیستەکەیدان، پێیان وایە رەنگە 50 کورسی، کەمێک کەمتر یان کەمێک زیاتر لە 50 کورسی بەدەستبهێنن، ئاوا پێشبینی دەکەن. پرۆسەی دەنگدان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە چۆن دەبێت؟ ئەویش لیست هەیە لە پارێزگاکان دابەزیون، نەک تەنیا لە پارێزگاکانی باشوور، بەڵکو لە باکووریش، ئایا ئەم لیستە چەند دەنگ و کورسی بۆ کۆدەکاتەوە؟ چاوەڕێ دەکەین و دەبینین.
رووداو: کێبڕکێی نێوان ئەو و بەڕێز مالیکی چۆن دەبێت؟ کێ رێژەی دەنگی زیاتر لە بەغدا بەدەستدەهێنێت؟
د. حەیدەر عەبادی: قورسە، من لەو بابەتەم نەکۆڵیوەتەوە، لە کۆتاییشدا، وەکو باسم کرد، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە جەماوەریی نابەستێت، پشت بە خەرجکردنی پارە و کڕینی دەنگ دەبەستێت، ئەمەش جێگەی داخە.
رووداو: پرسیارێکی کەسی بەڕێز دکتۆر؟
د. حەیدەر عەبادی: هەردووکیان هاوڕێن، دەزانن
رووداو: لەنێوان بەڕێزان نووری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانی، پشتگیریی کامیان دەکەیت؟
د. حەیدەر عەبادی: چاوەڕێی ئەنجامەکان دەکەین.
رووداو: واتە پێش هەڵبژاردنەکان ناڵێن پشتگیریی کێ دەکەن؟
د. حەیدەر عەبادی: نەخێر، بەمشێوەیە نییە، ئێستا ئێوە دەزانن پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران لەڕێگەی گەورەترین کوتلەوە دەبێت، گەورەترین کوتلە سەرۆکوەزیران هەڵدەبژێرێت، جا ئێستا ئایا گەورەترین کوتلە هەیە؟ دوای هەڵبژاردنەکان گەورەترین کوتلە پێکدەهێنن و دەنگەکان کۆدەکەنەوە و گەورەترین کوتلە سەرۆکوەزیران بەربژێر دەکات.
رووداو: قسە و باس هەبوو بەڕێزتان یەکێک دەبن لەو ناوانەی بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێردرێن، ئایا ئەمە راستە؟ لە کاتێکدا ئێوە وەکو بەربژێر و وەکو حیزبیش، با بڵێین، بەشداریی هەڵبژاردنەکانتان نەکردووە؟
د. حەیدەر عەبادی: وەکو حیزب لەناو هاوپەیمانێتییەکدا هەین، بەڵام بە درێژایی مێژوو، سەرۆکوەزیران لەسەر بنەمای دەنگەکان هەڵنەبژێردراوە، بەڵکو لەسەر بنەمای رێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان هەڵدەبژێردرێت، بەڵێ، ئەمە خراوەتە روو، ئێمە نامانەوێت پێش رووداوەکان بکەوین، چونکە ئەگەر ئێستا پێش رووداوەکان بکەوین، ئەی کەواتە هەڵبژاردنەکان بۆچییە؟ دەبێت ببینین قەبارەی لایەنەکان چۆنە و کامیان بڕیار دەدەن، ئەوەش دوای ئەوەی خەڵک دەنگ دەدەن. پێموایە دەبێت چاوەڕێ بکەین، ئێستا هیچ کێبڕکێیەک بۆ بەربژێرکردنی سەرۆکوەزیران نییە، نە باسکراوە و نە گفتوگۆی لەسەر کراوە،من شتی وام نەبیستووە،بەڵێ، کەسانێک هەن خۆیان نمایش دەکەن.،کەسانێک لە پرۆسەی سیاسیدا هەن رەنگە خۆیان وەکو بەربژێر نمایش بکەن و هیواخوازن ببنە بەشێک لەم بەربژێرکردنە بۆ ئەوەی پشتیوانی بەدەستبهێنن، شێوەی جیاواز هەیە، من ناوی کەسەکان دەبیستم، بەڵام بە راشکاوی نازانم تاوەکو چەند قبووڵکراون، کێ پشتیوانییان لێ دەکات؟ بەربژێر لە ریزی یەکەم و ریزی دووەمیش هەن، بێگومان ناوی بەربژێر هەیە،ناوی منیش لەنێو ناوانەدایە، بەتایبەتی لە دوو بابەتی سەرەکیدا، تێڕوانینی لایەنە سیاسییەکان و خەڵکیش ئەوەیە ئاڵنگاریی داهاتوو، ئاڵنگارییەکی دارایی و ئابوورییە، وڵات کەوتووەتە نێو کێشەیەکی سەختی دابینکردنی داراییەوە، ئێستا داهاتەکان بەشی خەرجییەکان ناکات، تەنانەت رەنگە بەشی مووچەش نەکات. ئەمە کێشەیەکی راستەقینەیە،دەڵێن پێویستمان بە کەسێکە بتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و توانای هەبێت ،دیدگەی هەبێت بۆ چۆنیەتیی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە. خاڵی دووەمیش بریتییە لە هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ هەرێم (ـی کوردستان) و دۆخی نێودەوڵەتیدا، رەنگە هەندێک بەدوای کەسێکدا بگەڕێن بتوانێت بە شێوەیەکی سەرکەوتوو ئەو هاوسەنگییە لە بەرژەوەندیی عێراقدا رابگرێت، بۆیە بژاردە دێتە گۆڕێ، بێگومان لایەنەکان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەڵدەبژێرن، هەموویان دەیانەوێت پشکی گەورەتریان لە حکومەت و سەرچاوەکانی دەوڵەتیشدا بەربکەوێت،ئەمە دەبێتە بەشێک لە هاوکێشەکان، بێگومان خاڵی یەکەم بۆ بەرژەوەندیی وڵاتە؛ هاوسەنگی لەنێوان دۆخی نێودەوڵەتی، دۆخی هەرێمی و هەروەها بابەتی ئابووری و داراییدا رابگرین، ئەمە بابەتێکە لە بەرژەوەندیی خەڵک و وڵاتدایە، بەڵام لایەنەکان بەپێی بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان بیردەکەنەوە: ئەمە لەگەڵ منە، ئەمە دژی منە، ئەمە رێگرم دەبێت سوود لە دەوڵەت وەربگرم، یان رێگرم نابێت سوود لە دەوڵەت وەربگرم و تادوایی . ئەمانە بژاردەی ئاڵۆزن.
رووداو: پێش ئەوەی بچینە سەر دۆسیەی هەرێمی کوردستان، سێ چوار پرسیارم لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، با پرسیارێکی کەسی بکەم دکتۆر. کەمێک پێش ئێستا باست لەوە کرد بەڕێز سوودانی لە حکومەتەکەی ئێوەدا وەزیر بووە، و ئێستا بەڕێزیان سەرۆکوەزیرانی عێراقە. بەڕای تۆ، وەزیرێکی سەرکەوتوو بوو یان سەرۆکوەزیرانێکی سەرکەوتووترە؟
د. حەیدەر عەبادی: وەزیرێکی باش بوو، لەبیرمە،لەڕاستیدا لە هەندێک دۆسیەدا ئەرکم پێدەسپارد، چونکە بە کەسێکی رێکوپێک لە کارکردندا و کارگێڕێکی باشم دەزانی، سەرۆکایەتیی وەزیران تەنیا پێویستی بە بەڕێوەبردنێکی باش نییە، پێویستی بە سەرکردایەتی و دیدگە هەیە، لێرەدا پرسیارێک هەیە،پێویستی بە جۆرێک لە مامەڵەکردن و نەرمی نواندن هەیە، بەڵام نەرمی نواندن نەک بۆ بەرژەوەندیی کەسی، بەڵکو بۆ بەرژەوەندیی وڵات، دەزانن وڵات، ناتوانیت لەگەڵ هەموواندا بچیتە شەڕەوە و وڵات لەدەست بدەیت. دەبێت راست بیت و لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بەجۆرێک مامەڵە بکەیت لە بەرژەوەندیی وڵاتدا بێت، ئەمە پێویستی بە سەرکردە هەیە. سەرکردایەتیش دەبێت ژیرانە بێت،کێشەکە ئەوەیە کاتێک لە ئێستاوە بیر لە خولی دووەم دەکەیتەوە. کاتێک لە ئێستاوە بیر لەوە دەکەیتەوە "دەمەوێت دەستکەوتم هەبێت"،ئەمە دەتخاتە ناو ئاڵۆزییەکەوە هەندێکجار بەرژەوەندییەکانی وڵات بە شێوەیەکی گەورە بەدیناهێنێت، لەوانەیە بەرژەوەندییەکانی خۆی بەدیبێنێت، زۆربەی سەرکردەکان دەکەونە ئەم کێشەیەوە، بەرژەوەندیی خۆی یان ئەوەی بەڕاستی دەزانێت، دەخاتە پێش بەرژەوەندیی نیشتمانەوە، کاک سوودانی بێگومان سەرکەوتنی هەیە. یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکانی ئەوەیە بە قۆناخ بەرپرسیارێتیی وەرگرتووە، بەڵام لە پرسەکانی دیکەدا، پێموایە لەوانەیە دوژمنی بۆ خۆی کۆکردبێتەوە.
رووداو: واتە وەکو وەزیر 9 لە 10ـی پێدەدەیت؟
د. حەیدەر عەبادی: رەنگە وەکو وەزیر 9 لە 10ی پێبدەم
رووداو: وەکو سەرۆکوەزیران؟
د. حەیدەر عەبادی: قورسە نمرەی پێبدەم، چونکە ناکۆکییەکی قووڵ لەسەر ئەم بابەتە هەیە، بەتایبەتی لەبارەی خەرجکردن و شێوازی خەرجکردنەوە، ئێستا گەیشتووینەتە ئەوەی پارەمان نییە و ناتوانین خەرجییەکان دابین بکەین، پێموایە ئەمە یەکێکە لە کێشەکان، ئەو دەڵێت هیچ بژاردەیەکی دیکەم نەبوو جگە لە دامەزراندنی ئەم ژمارە زۆرەی خەڵک بۆ ئەوەی خەڵکی پێ رازی بکەم، بەڵام ئێستا کەوتووینەتە کێشەوە. واتە ئەمە کێشەیەکە دەبێت سەیری داهاتووی بکرێت. کەواتە دەبوو لە کاتی خۆیدا رەچاو بکرێت، بێگومان من دژی دامەزراندنی خەڵک نیم لەم بابەتەدا. پرسیارم لێبکە: بۆ ئەوەی دایبمەزرێنیت و داهاتوویەکی پێببەخشیت، دەبێت بیپارێزیت، بەڵام ئەگەر دایبمەزرێنم و پارەم نەبێت، دواتر ناچار بم مووچەی پێنەدەم، ئەمە ئازاردانی خەڵکە،ئەمە بەڕاستی فێڵە لە خەڵک.
رووداو: سەبارەت بە دۆسیەی هەرێمی کوردستان، پرسیاری یەکەمم کرد، لەگەڵ بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبوونەوە، گفتوگۆتان لەبارەی چییەوە کرد؟
د. حەیدەر عەبادی: لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق. دیدگەی من ئەوەیە، ئایا دەکرێت لەسەر شتێک رێکبکەوین؟ چونکە بابەتەکان یەکن، لەوانەیە لە وردەکارییەکاندا جیاواز بین، بەڵام پرسەکان لە هەرێم و هەموو عێراقدا هەمان شتن، ناڕەزایەتییەک لەلایەن خەڵکەوە هەیە. بەڕێوەبردنێکی خراپ و دابەشکردنێکی نادادپەروەرانە و نازانستییانەی سامان هەیە، بۆیە سامان لە زۆر شتی دیکەدا بەفیڕۆ دەدەین و شتە بنەڕەتییەکان فەرامۆشکراون، پرسی هاندانی کەرتی تایبەت و پاڵپشتیکردنی بۆ ئەوەی ئەرکی زۆری هەبێ،هەموو ئەمانەمان تاوتوێ کرد، بێگومان لەگەڵ پەیوەندیی نێوان بەغدا و کوردستان. ئەمە بابەتێکە دەتوانین بڵێین هەر لەدوای دەستوورەوە هەبووە، دەبێت پەیوەندی و نێوانی هەردوولا بەپێی ماددەی یاسایی و دەستووری رێکبخرێتەوە، ئەو ناڕەزایەتیی هەیە لەسەر زۆر پرس لە پەیوەندییەکەدا روویانداوە، بۆیە پێموایە ئاڵوگۆڕی بیروڕا سوودمان پێدەگەیەنێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک،واتە من لە کۆتاییدا بەدوای چارەسەردا دەگەڕێم. هەرێم چی دەوێت؟ من ناچمە ناو هەموو وردەکارییەکانەوە، وردەکارییەکانی دیکە ئاڵۆزن و لایەنی تایبەت هەیە کاری لەسەر دەکات، بەڵام با بنەمای کێشەکە چارەسەر بکەین، بنەماکە خەمی تۆیە.
رووداو: بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی چی گوت؟
د. حەیدەر عەبادی: ئەو باسی دادپەروەری دەکات،ئازاربەخشە، یەکێک لەو شتانەی وایکردووە ئەم بابەتە ناکۆکی لەسەر بێت، ئەوەیە بۆ نموونە لە جەژندا مووچە راگیرا ، دەڵێت باشە، کورد هاووڵاتیی عێراقی نییە؟ ئەمە بە کەموکوڕی دەبینێت، ئەمە بە ئازارێکی زۆر دادەنێت،من دەزانم گێڕانەوەیەکی دیکە لە بەغدا هەیە دەڵێت باشە ئێوە نەوت رادەست بکەن، مووچە وەربگرن، ئەگەر ئێوە نەوت هی خۆتانە. واتە گێڕانەوەیەکی دیکەش هەیە، بەڵام دەبێت ئەمە بە کردەیی چارەسەر بکرێت،من لە بەغدا دەڵێم ئەگەر مووچە بۆ هاووڵاتیی عێراقییە، بۆچی جیاوازی بکەم؟ ئەو هاووڵاتییە، لە ساڵی 2018دا، سەرەڕای ئەوەی روویدا، من مووچەی هەرێمم بەبێ رێککەوتن خەرج کرد،هیچ رێککەوتنێکم لەگەڵ هەرێم نەکرد، بەڵام بینیم هاووڵاتییان ماوەیەکی درێژە مووچەیان نییە و ئەگەریش هەبوو دۆخی ئابووری بڕووخێت، ئەگەر لە هەرێم بڕووخایە، کاریگەریی لەسەر هەموو عێراق دەبوو. ئێمە دوژمن نین، لە کۆتاییدا ئێمە یەک وڵاتین، خودی هاووڵاتییان بۆ من گرنگن. کاتێک تۆ سەرۆکوەزیرانی عێراقیت، دەبێت گرنگی بە هاووڵاتی بدەیت لە هەر شوێنێکی عێراقدا بێت، تۆ بەرپرسیاریت لێی، بەبێ گوێدانە ناسنامە، نەتەوە، ئایین و مەزهەبەکەی، دەبێ بەمشێوەیە بیربکەینەوە،وانیە ، کێشەکە ئەوەیە هەندێک جار بیرکردنەوەکە پۆپۆلیستییە، من نەتەوەکەی خۆم لەسەر ئەوانی دیکە رازی دەکەم، بەڵێ نەتەوەکەی خۆت رازی بکە، بەڵام رازیکردنی نەتەوەکەت نابێت لەسەر ئەوانی دیکە بێت.
رووداو: ئایا ئەمە ئەوەیە کە لە بەغدا روودەدات؟
د. حەیدەر عەبادی: پێموایە ئەمە لە هەموو لایەنەکانەوە روودەدات، هەر بۆیە هەستکردن بە نادادپەروەری دروست دەبێت، لە بەسرە هەست بە نادادپەروەری دەکات، دەڵێت من 90٪ی نەوتی عێراق هەناردە دەکەم، بەڵام نە 90٪ و نە 20٪ی داهاتەکەم بەدەست ناهێنم، منیش لە هەژاریدا دەژیم، وەرە بمبینە لە هەژاریدا دەژیم، پێویستم بە خزمەتگوزارییە و نیمە، بۆیە ئەمە بە نادادپەروەری دادەنرێت،لە هەرێمیش دەڵێن باشە ئێوە مووچەی هەموو عێراقتان دابەش کردووە، بەڵام ئەی من هاووڵاتیم لە هەرێمی کوردستان، مووچەم بۆ خەرج ناکەن، بۆچی من عێراقی نیم؟ تێدەگەیت؟ کەواتە هەریەک لە شوێنی خۆیەوە هەست بە نادادپەروەری و ستەم دەکات.
رووداو: واتە لەژێر رۆشنایی هەموو ئەم گۆڕانکاری و گفتوگۆیانەدا، ئاراستەی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چۆن دەبینیت؟
د. حەیدەر عەبادی: لە روانگەی منەوە، کەسانی ژیر و پیشەیی هەن، وڵات کەسانی ناپیشەیی ناتوانن بەڕێوەی ببەن ،با روون بێت، رۆیشتن بەبێ دیدگە لە ئامانج دوورمان دەخاتەوە و دەمانباتە لای دیکە، دەمانەوێت بگەینە خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن، بەڵام کەسێک دیدگە و زانستی نەبێت، نازانێت ، دەمانگەیەنێتە شوێنێکی هەڵە و لە رێگەکە لاماندەدات، بۆیە دەبێت ئەو کەسانە کۆبکەینەوە کە خاوەن دیدگە و پیشەیین، هەروەها کەسایەتییە سەرکردەکانیش، ئایا ئەمە خواست و ئاواتی منە؟ رەنگە بتوانین ژمارەیەکی پێویست لەوانە کۆبکەینەوە بۆ ئەوەی دابنیشین، لە سەرەتاوە نەخشە دابڕێژینەوە،لە کوێ هەڵەمان کرد؟ هەڵەکانی پێشوو چی بوون؟ نەدەکرا وڵاتەکەمان لەدەست بچێت، چەندینجار رووبەڕووی مەترسی بووینەوە، قاعیدە، داعش، قەیرانی ئابووری، قەیرانی دارایی، ناکۆکیی سیاسیی قووڵ لە قۆناخی دیاریکراودا روویاندا، لەگەڵ ئەوەشدا لێی دەرچووین، ئایا ئێستا بۆ ماوەی 20 ساڵ یان 23 ساڵی دیکە بە هەمان ئاراستە بەردەوام دەبین؟ ئێستا نزیکەی دوو نەوەیە، نەک یەک نەوە.
رووداو: باست لە 20 ساڵی رابردوو و 20 ساڵی داهاتوو کرد، ئایا عێراق هێشتا سیستمێکی فیدراڵییە یان ئێستا زیاتر ناوەندییە ئێستا؟
د. حەیدەر عەبادی: بەپێی دەستوور، دەبێت فیدراڵی بێت.
رووداو: بێگومان. بەڵام لە دۆخدا .
د. حەیدەر عەبادی: وەکو هەرێمی کوردستان، فیدراڵی سەیری دەکەم هەروەها فیدراڵیمان لە پارێزگاکانیشدا هەیە، بە واتای ئەوەی پارێزگاکان هەرچەندە هەرێم نین، بەڵام دەسەڵاتیان هەیە،ئێستا پارێزگارەکان بەپێی دەسەڵاتەکانی خۆیان کار دەکەن. بەڵام من هیواخوازم دامەزراوەکان لەناو پارێزگاکان و هەرێمەکاندا رۆڵی چاودێرییان هەبێت، باسی بابەتی ناناوەندی و فیدراڵیم کرد، ئەمانە وا دەخوازن تۆ لە هەرێم و پارێزگاکاندا دەزگای چاودێریی سەربەخۆت هەبێت، دەزانن دەوڵەتی عێراق هەر لە سەرەتاوە وەکو دەوڵەتێکی ناوەندی دروستکراوە، بۆیە زۆربەی دەسەڵاتە چاودێرییەکان لە بەغدان، راستە زۆربەیان، چونکە تۆ کاتێک هەرێم و پارێزگات هەیە، دەزگا چاودێرییە سەربەخۆکانت لە کوێن؟ ئەمە خاڵێکی جەوهەرییە، چونکە پێویستە لەناوەخۆدا دەزگەی چاودێریت هەبێت کە چاودێریی خەرجکردنی پارە، دابەشکردنی پارە و دادپەروەری لە دامەزراندندا بکات.
رووداو: ئەنجوومەنی دادوەری، ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەمانە مەبەستت؟
د. حەیدەر عەبادی: لە هەرێم، بەڵام ئایا پەرلەمان لە هەرێم کار دەکات؟ پەکخراوە، ماوەیەکی درێژە.
رووداو: راستە.
د. حەیدەر عەبادی: کێشە هەیە، باشە سەیری بکە، من تەنیا باسی هەرێمی کوردستان ناکەم. تەنانەت لە پارێزگاکانیش، ئەنجوومەنی پارێزگاکان، من دژی هەرێم نیم. کێشەکە لە هەموو شوێنێک هەیە. تەنیا لە هەرێم نییە، تەنیا لە پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا نییە،هەمان کێشەمان لە پەیوەندیی نێوان پارێزگاکان و بەغداشدا هەیە.
رووداو: پرسیاری کۆتایی: پێتوایە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق ئاسان دەبێت یان سەخت؟ ئایا دۆخەکە ئاسان دەبێت یان زیاتر لە 10-11 مانگمان پێدەچێت تاوەکو حکومەت پێکدەهێنرێت؟
د. حەیدەر عەبادی: ئێمە کێشەیەکمان هەیە، ئەویش ئەوەیە وا دانراوە لەگەڵ هەموو هەڵبژاردنێکدا هەنگاوێک بچینە پێشەوە، کەچی ئێمە پاشەکشە دەکەین، کێشە و ئاستەنگی زیاتر دروست دەبن. هیواخوازم قۆناخی داهاتوو بابەتەکە ئاسان بکەین و کەمێک نەرمی بنوێنین بۆ ئەوەی پەلە بکەین لە پێکهێنانی حکومەت، هەرچەندە زووتر حکومەت پێکبهێنرێت، کێشە و کەڵەکەبوونەکان کەمتر دەبنەوە، بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێت بە حکومەت کە چوار ساڵ کار بکات، ئەگەر ساڵێک لە تەمەنی حکومەت بڕوات، تەنیا سێ ساڵی دەمێنێتەوە، ساڵی کۆتاییش خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەکەن، بۆیە کات و دەرفەتی ئەوەی نابێت بتوانێت شتێک بە ئەنجام بگەیێنێت.
رووداو: ئایا بە ئاسانی پێکدەهێنرێت؟
د. حەیدەر عەبادی: هیواخوازم، بەڵێ هیواخوازم.
رووداو: زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ