تونجەر باکرهان: یەکێتیی کوردان بۆ رۆژئاوای کوردستان مێژووییە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی دەم پارتی سوپاسی رۆڵی سەردەکانی باشووری کوردستان دەکات بۆ رۆڵی ئەرێنییان لە پرسی رۆژئاوای کوردستان و دەشڵێت: ''پاراستنی مافەکانی کورد و بوونیان لەنێو سوپا و ئیدارەی سووریادا، هەنگاوێکی گرنگە.''
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە شەوی چوارشەممە 11-02-2026 پەخشکرا، هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان، رێککەوتنی سووریا و پرۆسەی سیاسی لە تورکیا کرد. 
 
باکرهان، جەختی لە گرنگیی یەکێتیی نەتەوەیی کورد کردەوە و داوای لە دەسەڵاتی تورکیا کرد کە بۆ چارەسەری، هەنگاوی بەرجەستە بنێت.
 
تونجەر باکرهان، سەبارەت بە رێککەوتنی 30ی کانوونی دووەمی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە و دیمەشق، سوپاسی سەرکردەکانی کورد لە باشووری کوردستان دەکات و دەڵێت، رۆڵێکی ئەرێنییان هەبووە.
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەوەشی خستەڕوو، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەم پرۆسەیەدا رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی گێڕاوە و دیدگای ئەو بۆ "بەشداریکردنی کورد لە ئیدارەی گشتیی سووریادا" بووەتە بنەمای چارەسەری.
 
دەقی هەڤپەیڤینی تونجەر باکرهان:
 
رووداو: رۆژئاوای کوردستان بۆ هەر کوردێک و بۆ هەمووان بووەتە ئەزموونێکی کاریگەر. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ئەزموونە و پرۆسەی سیاسی لە تورکیا، بزووتنەوەی سیاسیی کورد بە گشتی و کاری ئێوە بەتایبەتی لە چ دۆخێکدایە؟ هەروەها، وەکو هاوسەرۆکی گشتی، لە رووی دەروونییەوە چۆن لە کارەکەتان بەردەوامن؟
 
تونجەر باکرهان: ئێستا دەم پارتی سێیەم گەورەترین هێزی تورکیایە و سێیەم گەورەترین پارتی پەرلەمانە. زۆرینەی دەنگدەرانمان کوردن و لەگەڵ ئەوانیشدا کرێکار و چەوساوەکان هەن. بۆیە تێکۆشانی ئێمە تەنیا بۆ تورکیا نییە، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی مافی کوردی وڵاتانی دیکەی ناوچەکەشە. قەیران و ئاڵۆزییەکانی ئەو ناوچانە یان رووداوە ئەرێنی و باشەکان، کاریگەرییان لەسەر ئێمەش هەیە، چونکە باسی خەڵکی هەمان نەتەوە دەکەین کە بە هەمان زمان قسە دەکەن، خاوەنی هەمان ناسنامەن و لە پشت سنوورە دەستکردەکانی 100 ساڵ لەمەوبەر ماونەتەوە.
لە تورکیا پرۆسەیەک هەبوو کە لە 27ی شوبات دەستیپێکرد و دواتر بڕیاری پەکەکە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری و هەنگاوی دیکەی بەدوادا هات. پرۆسەکە بە هەنگاوی جیاواز بەردەوام بوو و لە پەرلەمان لیژنەیەک پێکهێنرا. لیژنەکە گوێی لە لایەنە جیاوازەکان گرت و بەناوی لیژنەکەوە، کۆمەڵێک پەرلەمانتار لە دوورگەی ئیمرالی لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کۆبوونەوە. واتە هەرچەندە بە سەختی و بە هێواشی بووبێت، پرۆسەیەک بەڕێوەدەچوو.
 
بێگومان لە سووریاش 14 بۆ 15 ساڵ شەڕێکی ناوخۆیی هەبوو کە دەستوەردانی هەرێمی و هەژموونگەری تێدابوو. دوای ئەوەش، دروستکردنی سیستمێکی نوێ لە سووریا هاتە ئاراوە. هەموومان بینیمان کە هەردوو پرۆسەکە پێکەوە بەڕێوەدەچوون، چونکە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەمیشە پرۆسەی سووریایان دەخستە پێش پرۆسەی چارەسەریی ئێرە و چاوەڕێی پێشهاتەکانی سووریا دەمانەوە. دەیانپرسی: "کورد لە سووریا چی دەوێت؟ چی بەدەست دەهێنێت؟ کێشەکە چۆن چارەسەر دەکات؟" هەموو ئەمانەیان دەکردە مەرج بۆ پرۆسەی چارەسەری. ئێمە رەخنەمان لەمە گرت و گوتمان، لە تورکیا پرۆسەیەک بەڕێوەدەچێت و با چاومان لەسەر ئەوە بێت. پێمانگوتن، ئەگەر لێرە پرۆسەکە بەشێوەیەکی ئەرێنی و باش بەڕێوەبچێت، کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش دەبێت.
 
گەیشتینە ئەم قۆناخەی ئەمڕۆ. لە سووریا هێرش و شەڕێک کە لە حەلەبەوە دەستیپێکرد و تاوەکو رۆژئاوای کوردستانی گرتەوە، روویدا. دیاربوو کە لەسەر ئەم هێرشە رەزامەندیی هێزە هەژموونگەرە نێودەوڵەتییەکانیش هەبوو. سەرەڕای ئەمەش، کاردانەوەی کوردی سووریا، کوردی دیاسپۆرا، ئەوانەی لە ئەورووپا و دۆستەکانیان، هەروەها رای گشتیی دیموکراتیکی جیهان، هەڵوێست و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی جەماوەرییان دژی ئەو هێرشانە کرد. بە بڕوای من، ئەمە تاوەکو رادەیەک کاریگەریی هەبوو و ناچاری کردن کە بەدوای رێبازێکی دیکەدا بگەڕێن. ئێمە لێرەوە بینیمان کە رژێمی سووریا، هەروەها بەڕێوەبەرانی هەسەدە و تورکیاش بیریان لە گەڕان بەدوای چارەسەرێکدا دەکردەوە، چونکە گەورەترین کاردانەوەکان لە ناوچە کوردییەکانی تورکیاوە، وەکو نسێبین و سرووج، دەرکەوتن. من هەفتەیەک لە ناوچەکە مامەوە و چاودێریی زۆر شوێنم کرد.
 
بارودۆخی سووریا گەیشتووەتە قۆناخێک، کە لە 30ی کانوونی دووەمدا رێککەوتنێک کرا و نووسراوێکی لێکتێگەیشتن ئامادە کرا. بێگومان نووسراوەکە بە تەواوی دڵی هەردوولای ئاسوودە نەکردووە. سووریا لەو خەیاڵەدا بوو کە دەسەڵاتێکی بێ کورد دابمەزرێنێت، لە کابینەی حکومەتەوە تاوەکو دەستووری کاتی، بە شێوەیەک کە کورد و مافەکانیان تێیدا لەبەرچاو نەگیرابێت. کورد، 14 ساڵە لەوێ لەگەڵ گەلانی دیکەدا لەسەر بنەمایەکی زۆر دیموکراتییانە پێکەوە ژیاون، کە دەکرێت ببێتە نموونە بۆ جیهان، بەڵام هەندێکجار راستییەکانی سەر زەوی، شتی دیکە دەخەنە بەردەم مرۆڤ.
 
لەوێ رێککەوتنێک کرا کە دەتوانین بڵێین تێیدا کورد و هەروەها دەسەڵاتی سووریاش سەرکەوتوو بوون؛ بەڵام جێبەجێکردنی دروستی ئەم رێککەوتنە زۆر گرنگە. واتە، هەندێکجار باشترین شتەکان لەسەر کاخەز دەنووسرێن، بەڵام لە واقیعدا بە شێوەیەکی دیکە جێبەجێ دەکرێن. هەندێکجاریش ئەو خاڵانەی کە بە دڵی ئێمە نین یان پێمان وایە کەمن، ئەگەر عەقڵییەتی بەڕێوەبردن بە تێگەیشتنێکی زیاتر و بە مەنتیقێکی دیموکراتی و بەرفراوانترەوە مامەڵە بکات، دەکرێت ئەنجامی ئەرێنیتری لێ بکەوێتەوە.
 
راستە ئەمە هێشتا سەرەتایە، بەڵام راستییەک هەیە: ئاسایشی کوردانی ئەوێ (سووریا) دابین دەکرێت و لە شێوەی لیوادا رێکدەخرێن، کە بێگومان لە چوارچێوەی سوپای سووریادا یەکدەگرن، چونکە نابێت لەنێو دەوڵەتێکدا دوو سوپای جیاواز و سەربەخۆ هەبن. ئەگەر دوو سوپا هەبن، مرۆڤ ناتوانێت باسی یەکبوون بکات. لە بەردەمماندا بنەمایەکی وەکو پاراستنی زمان، کولتوور و دیموکراسیی خۆجێیی هەیە، کە بەڕێوەبردنی هەرێمەکە لەلایەن نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانیانەوە دەبێت. لە لایەکی دیکەوە، ئەمە وادەکات رۆژئاوای کوردستان ببێتە بەشێکی دیموکراتی سووریا و لە سەرانسەری سووریادا کاریگەری و قسەی خۆی هەبێت. بە بڕوای من، ئەگەر ئەم رێککەوتنە بە باشی جێبەجێ بکرێت، بۆ داهاتووی سووریا گرنگ دەبێت.
 
کورد، بەشێکی حاشاهەڵنەگری سووریان و سەدان ساڵە لەوێ دەژین. دڵنیابن، سووریایەکی بێ کورد، وەک ئەو رژێمە دەبێت کە سەدان ساڵە لەوێ بەردەوامە. ئەگەر سووریا سەرلەنوێ دابمەزرێتەوە، دیموکراتی بێت و ببێتە وڵاتێکی بەهێز لە ناوچەکەدا، دەبێت کورد لە هەموو قۆناخەکاندا بەشدار بێت.
 
من، تەنیا باسی رۆژئاوای کوردستان ناکەم؛ ئەمڕۆ نزیکەی یەک لەسەر سێی کوردەکان لە شام، حەلەب و دەرەوەی ناوچەکانی رۆژئاوا دەژین. لەبەرئەوە، دەبێت کورد تەنیا بە ناوچەکانی خۆی سنووردار نەکرێت، بەڵکو دەبێت لە بەڕێوەبردنی سووریادا خاوەن قسە بێت و بۆ گەشەپێدان، پێشکەوتن و دیموکراتیزەکردنی سووریا، هەموو ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی سەرشانی خۆی بەدڵەوە جێبەجێ بکات.
 
ئێمە، وەکودەم پارتی، پشتگیری لەم پرۆسەیە دەکەین و چاودێریشی دەکەین. ئەگەر کاری ئەرێنی و باش بکرێت، ئێمە لێرە بەرگری لێ دەکەین، بەڵام ئەگەر هەڵوێستێکی نەرێنی بەرامبەر ئەو مافانەی کورد کە لە رێککەوتنەکەدا پێناسە کراون بێتە ئاراوە، ئێمە لەسەر بنەمایەکی دیموکراتییانە، بۆچوونی خۆمان دەردەبڕین.
 
دوای ئەم رێککەوتنەی سووریا، لە راستیدا هیچ بیانوویەک بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا نەما کە دەیانگوت "سووریا، سووریا". ئەوان دانیشتوون و لەنێو خۆیاندا گەیشتوونەتە رێککەوتنێک. ئێستا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ تورکیا. بێگومان شام، قامشلۆ، کۆبانی و رۆژئاوا لە رۆژەڤی کورداندان، بەڵام لە رۆژەڤی تورکیاش دان. دەبێت لە زووترین کاتدا، بە کۆکردنەوەی کارەکانی ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمانی ئەنقەرە پێکهێنرابوو و ئامادەکردنی راپۆرتێک بۆ بە یاساییکردن، دەست بە چارەسەری بکرێت.
 
رووداو: باشە، لەسەر ئەم بەشانە بە وردی قسە دەکەین. لە تەواوی ئەم پرۆسەیەدا ئێوە لەسەر شەقامەکان بوون، لە دەرەوە بوون و لەسەرپێ بوون، لە راستیدا لە تەواوی جیهان کورد لەسەرپێ بوو. بەتایبەتی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و لە بواری دیپلۆماسیدا هەندێک هەنگاوی گرنگ نران و کاریان بۆ کرا، بەڵام رەخنەیەک لە پارتەکەتان دەگیرێت کە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا لاواز بووە و بە نێوەندگیری (لۆبی) و دیپلۆماسی کاری نەکردووە. ئایا ئێوە نەتاندەتوانی دیپلۆماسییەکی باشتان بکردایە کە جیهان زیاتر کاری پێ بکردایە؟
 
تونجەر باکرهان: ئێستا بەم شێوەیەیە، رەخنە لە پارتەکەمان هەیە. لە راستیدا، رەنگە لە هەموو بابەتەکاندا کەموکوڕیمان هەبێت و مرۆڤ دەتوانێت رەخنە لە خۆیشی بگرێت، بەڵام لەم بابەتەدا ناحەقییەک دەکرێت. لەو کاتەوەی هێرش بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد، ئێمە لە ناوچەکە و لەسەر شەقامەکان بووین. کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەمان لە ئەورووپا و لە زۆر شوێنی جیهان دیپلۆماسییەکی زۆر بەهێزی بەڕێوەبرد. هەندێکجار بابەتەکە تەنیا پەیوەست نییە بە تۆ و کارەکانی تۆوە. لە پاریس رێککەوتنێک واژۆ کرابوو؛ رێککەوتنێک کە ئەمریکا و ئیسرائیلیشی تێدا بوون، تورکیاش لەوێ بوو و بڕیار درابوو. بڕیارەکە زۆر روون بوو: سووریایەکی یەکپارچە، سووریایەکی بێ کورد، بێ دروز و عەلەوی. زۆر بە روونی دەیڵێم، ئەگەر لەسەر ویژدانی رێککەوتنی پاریس بووایە، ئەمڕۆ لەوێ شتێکی دیکە دەبوو.
 
بە بڕوای من، کورد لە هەر وڵاتێک کە تێیدا دەژی، هەڵوێستی دیموکراتییانەی خۆی نیشان دا و ئەوەش بەرپرسانی بەرەو گەڕان بەدوای رێگەیەکی دیکەدا برد؛ ئەو هێزانەی کە رێککەوتنی پاریسیان کرد و هەروەها حکومەتی سووریا. من لە ژیانی خۆمدا بۆ یەکەمجار بینیم کە هەموو کورد لە بابەتێکدا یەک بوون. من 35 ساڵە لەنێو سیاسەتدام؛ لە بابەتی کەرکووک و گشتپرسیدا کاردانەوەمان هەبوو، بەڵام لە جیهاندا شتێکی وا رووی نەدا و هەرگیز نەگەیشتە ئەو ئاستە. یان لە هێرشی سەر شنگالدا بێگومان شتێک روویدا و لە گەمارۆی پێشووی کۆبانێشدا بە هەمان شێوە، بەڵام من لەو کاتانەدا شایەتحاڵی شتێکی وا نەبووم.
 
واتە لە دهۆکەوە تاوەکو زاخۆ، لە سلێمانییەوە تاوەکو هەولێر، لە ئامەدەوە تاوەکو قەرس، لە پرسووسەوە تاوەکو هەر گوندێکی نسێبین، لە تەواوی جیهان، لە هەر شوێنێک کوردێک یان دۆستێکی کورد هەبووبێت، هەڵوێستی خۆی نیشانداوە. ئەمە شتێکی زۆر باشە. ئەم هەڵوێستە کاریگەریی لەسەر ئەو هێرشانە هەبوو کە کرانە سەر رۆژئاوای کوردستان و ئەمەش زۆر بەنرخ بوو.
 
بێگومان، کورد زۆر ستەملێکراون و ناتوانین لێرەدا زۆر بەدرێژی باسی بکەین؛ ئەو شتانەی لە هەرێمی کوردستان لە عێراق روویاندا. لە ئێرانیش هێشتا سێدارە هەیە. لێرەش هێشتا نزیکەی 4 هەزار بەرپرس و کەسمان کە چەکیان هەڵنەگرتووە، لە زیندانەکاندان. زیاتر لە ملیۆنێک دۆسیە هەن و کورد بە زیاتر لە ملیۆنێک دۆسیە دادگایی دەکرێن. ئەم گەلە لە هەر کوێیەک و لە هەر وڵاتێک بێت، هەستانە سەرپێ لە دژی ستەم و جووڵانەوەی هاوبەش، نیشانەی ئەو یەکێتییە دیموکراتییەیە کە هەیە و ئەمەش زۆر بەنرخە. ئەمە لە دروستکردنی دەوڵەتێکیش بەنرخترە. ئەمە دۆخێکە کە زۆر لە سەرووی دۆخە گەورەکانەوەیە. کاتێک برای مرۆڤ کەوتووەتە تەنگانەوە، نیشاندانی هەڵوێستی دیموکراتی و دیپلۆماسی بۆی، بە بڕوای من گەورەترین هەڵوێستە و کوردیش ئەمەی کرد و سەرکەوتوو بوو.
 
بەم بۆنەیەوە و لە رێگەی ئێوەوە، من بەناوی خۆم و پارتەکەمەوە سوپاسی هەموو کورد و دۆستەکانیان لە زاخۆ، دهۆک، مهاباد، سلێمانی، ئامەد، دێرسیم، سێرت، قامشلۆ و کۆبانی دەکەم، کە ناحەقی و پێشێلردنی ماف قبووڵ ناکەن و 24 کاژێر هۆشیارن، لەسەر پێ وەستاون و کاردانەوەی دیموکراتییانەی خۆیان نیشان دەدەن.
 
رووداو: ئەم ناڕەزاییەی کە باست کرد، واتە ناڕەزایی کوردان لە ئاستی جیهانیدا، لەنێوخۆدا وەکو هۆشیاربوونەوەیەکی نەتەوەیی یان بووژانەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی هەڵدەسەنگێندرێت. ئەمە چ کێشەیەک بۆ هەڵوێستی ئایدیۆلۆژیی پارتەکەتان دروست دەکات؟
 
تونجەر باکرهان: بۆ ئێمە کێشە دروست ناکات. هەندێک لایەن لە تورکیا لەسەر ئەو بابەتە قسە دەکەن. یەکگرتنی کوردان دژی ستەم و بەرزکردنەوەی دەنگیان، زیانی بۆ هیچ کەسێک نییە. ئێمە هەوڵ دەدەین سیستمی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین، دیموکراتی بن. داواکارییەکانی کورد زۆر روون و ئاشکران. ئەگەر کورد لە تورکیا داوای سیستمێکی لەسەر بنەمای خاک بکردایە، رەنگە لەم بابەتەدا نیگەرانی هەبووایە. ئەو کوردانەی لە تورکیا دەژین و ئەو بزووتنەوە کوردییەی لێرە تێدەکۆشێت، دەیانەوێت لە زەوینەیەکی دیموکراتیدا ببنە هاووڵاتیی یەکسان.
 
ئەگەر کوردانی عێراق و ئێرانیش لە رووبەڕووبوونەوەی ستەمکاریی سەر کوردان رۆڵێکی چارەسەرکەر بگێڕن، زیانی بۆ هیچ کەسێک نابێت. یەکێتیی کوردان هەڕەشە نییە بۆ هیچ کەسێک و بۆ پارتەکەی ئێمەش شتێکی زۆر ئەرێنی و گرنگە. پارتەکەمان لە بەرامبەر ستەمکاریی دژی کورد، عەلەوی و دروزەکان و هەروەها لە بەرامبەر ئەو ستەمەی کە لە فەلەستینییەکانی غەززە کرا، هەڵوێست و کاردانەوەی خۆی لە هەمان چوارچێوەدا نیشان داوە. ئێمە پارتێکین کە بۆ ماف و ئازادییە دیموکراتییەکانی کورد، کرێکاران، چەوساوەکان و مافەکانی ژینگە، سرووشت و ژنان تێدەکۆشین. بۆیە، ئەم وێنەیەی کە دەرکەوتووە بۆ ئێمە زیانبەخش و نەرێنی نییە، بەپێچەوانەوە، ئەم هەڵوێستە ئەرێنییە هێزێکی سەرەکییە کە ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا بەرەو دیموکراتیکبوون دەبات، دەیانگۆڕێت و، دەبێت بەو شێوەیە سەیر بکرێت.
 
رووداو: بەڕێز باکرهان، من زیاتر لە 20 ساڵە لە نزیکەوە چاودێریی سیاسەتی ئێوە دەکەم و تاوەکو رادەیەکیش لە ناوەوە ئاگاداری سیاسەتتانم. لەم ماوەیەی دواییدا، بەتایبەتی بەو دۆخەی کە هاتە ئاراوە، بینیمان کە داواکارییە نەتەوەییەکانی کورد زیاد بوون. وەکو ئەوەی هەموو ئەم رووداوانە لەژێر ئاڵای کوردستاندا کرابن. لەنێو جەماوەرەکەی ئێوەشدا لە بەرامبەر دروشمی "برایەتیی گەلان" کاردانەوەیەکی بەهێز دەبینین. ئێوە چۆن لەمە دەڕوانن؟ بەتایبەتی کە ئەم بابەتە بۆ گۆڕەپانێکی فراوانتر بڵاوبووەتەوە، ئێوە چۆن بیری لێ دەکەنەوە؟
 
تونجەر باکرهان: بیرۆکەی ئێمە راستە. سەپاندنی سیستم لەم بابەتەدا بووەتە هۆی شکان و داڕمانی هەستەکان لەنێو کورددا و تاوەکو رادەیەکیش بەرزبوونەوەی کاردانەوەی نەتەوەیی. ئەمە بۆ ئێمە خاڵێکی نەرێنی نییە. ئەگەر لەنێو کورددا هۆشیارییەکی نەتەوەیی هەبێت، ناتوانین ئەمە وەکو خاڵێکی نەرێنی یان کەمکورییەک هەڵبسەنگێنین. کورد نەتەوەیەکە، بەڵام دەیەوێت لەگەڵ ئەو گەلانەی کە لەگەڵیاندا دەژی، بە یەکسانی، پێکەوەژیان و هاوبەشی بژی. ئەو شتەی کە لە تورکیا بە هەڵە لێی تێدەگەن ئەمەیە. پرۆسەیەک هەیە؛ کورد بۆچی دەڵێت "من کوردم"؟ کورد بۆچی دەڵێت "من دژی لەسێدارەدانم لە ئێران"؟ کورد بۆچی دەنگی خۆی لە بەرامبەر هێرشی سەر حەلەب بەرز دەکاتەوە؟ ئەمە شتێکی سروشتییە. کاتێک تورکەکان لە قوبرس شەڕیان دەکرد، خزمێکی خۆم چوو و دەتوانم ناويشی بڵێم، هێشتا مووچەی خانەنشینی وەردەگرێت و لە قەرس دەژی. لە شەڕی رزگاریدا بەو شێوەیە بوو. لە بابەتی گەمارۆ و هێرشەکانی سەر غەززەدا بە هەمان شێوە، ئەو پارتەی کە زۆرترین ئەندامی دەستگیرکراوە، پارتەکەی ئێمەیە. ئێمە بەم شێوەیەین و کەس ناتوانێت شتێکی دیکەمان لێ نیشان بدات.
 
لەبەر ئەوە، بەڵێ راستە، لەنێو جەماوەرەکەماندا شکستێکی دەروونی و کاردانەوەیەک هەیە کە لە سەپاندنی سیستمەکەوە سەرچاوە دەگرێت. دەپرسێت: "کوا پرۆسەی چارەسەری، کوا هەنگاوەکانی؟". پێویستە ئەم دەسەڵاتە لەبری ئەوەی رەخنەمان لێ بگرێت، ئەو هەستەی کورد کە بەڕێزتان کەمێک لەمەوبەر باستان کرد، ببینێت و هەنگاوی بۆ بهاوێژێت. ساڵ و نیوێکە دێین و دەچین و هیچمان بەدەستەوە نییە. خەڵک دەپرسێت: "بۆچی رۆڵەکەم دەرناهێنرێت؟ چەکی داناوە، بۆچی بەشداری لە ژیانی کۆمەڵایەتی-سیاسی ناکات؟ هاوژینەکەم بۆچی بە ناحەق سزادرا و لە دوورخراوەییدا دەژی؟ بۆچی لەگەڵ ئێمە و منداڵەکانیدا نییە؟". دەم پارتی، راستی و دروستیی تورکیایە. دەپرسێت ئەم زمانە رەگەزپەرستانە، ئەم زمانە جیاکارییکەرە و ئەوەی کە پەراوێزخستن دروست دەکات، بۆچی هەیە و کاردانەوە نیشان دەدات.
 
 
رووداو: وەکو درێژەپێدەری پرسیاری پێشوو، واتە شکستی دەروونی لەنێو جەماوەرەکەتاندا و هەروەها گۆڕانی هەڵوێستی کورد لەبارەی "برایەتیی گەلان"، لە راستیدا رەخنەکە لەوەوە دێت کە نەتەوەپەرستییەک لەنێو دەوڵەت و هەروەها لەنێو کۆمەڵگەدا تاوەکو دێت زیاد دەکات. تەنانەت ئەگەر پێی بگوترێت رەگەزپەرستی، لەوانەیە دروستتر بێت. خەڵک دەڵێت، "ئێوە بینیتان چۆن جێیان هێشتین و رۆیشتن". ئایا رەنگە گۆڕانکارییەک لە بابەتی برایەتیی گەلاندا رووبدات؟
 
تونجەر باکرهان: نەخێر، ئێمە لەسەر رێگەیەکی زۆر راستین. ئێمە ناڵێین "با گەلان شەڕ بکەن و بێنە شەڕ، گەلان دوژمنی گەلانی دیکە بن". ئێمە وا نین و ئێمە پارتی بەهاکانین. لایەنی بەرامبەر چەند لە ئێمە تێدەگات؟ وەکو بەرپرسێکی رۆژئاوا دوێنێ گوتبووی، "ئێمە لە رەققە تێنەگەیشتین، بەڵام نەمانویستووە تێبگەین". ئەمە شتێکی زۆر گرنگە و بابەتەکە پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە. ئێستا تۆ لە ئیستەنبوڵ چی دەکەیت؟ کاتێک تۆ گەلێکی دیکە وەکو دوژمن رادەگەیەنیت، کورد چۆن لەوێ یان لە شارە گەورەکاندا دەژین؟ پێویستە بە هەڵە لەمە تێنەگەین. ئەم هۆشیارییە دیموکراتییەی کە لەنێو کورددا هەیە، هۆشیاریی نەتەوەیی، کاردانەوە بەرامبەر خراپەکارییەکان و ئەو کاردانەوانەی کە نیشانی دەدەن، نابێت وەکو لایەنێکی نەرێنی شیکاریی بۆ بکرێت.
 
رووداو: باشتر نییە لەجیاتی ''برایەتیی گەلان''، بگوترێت ''دراوسێیەتیی گەلان''؟
 
تونجەر باکرهان: لە هەموو جیهاندا گەلان پێکەوە دەژین. ئەگەر بۆ هەر گەلێک نەتەوەیەک دروست بکرێت، تۆ دەڵێیت ''هەموو کەسێک شتێکی خۆی هەیە، با ببێتە دراوسێیەکی باش''. ئێمە پێکەوەین، بۆیە لەمەوە هیچ شتێک بۆ ئەو کەسانەی جیاواز بیردەکەنەوە دەرناچێت. شتێکتان پێدەڵێم: پێش ئەم بابەتە، پرسیاری هاوشێوە دەکرا. دەیانگوت، ''ئەمریکا دەوڵەتێکی کوردی دروست دەکات، بەڵام بزووتنەوەی کورد نایەوێت؛ ئیسرائیل لە راستیدا ئامادەیە دەوڵەتێکی کوردی دروست بکات؟'' ئایا ئەمە روودەدات؟ لە هەموو شوێنێک، لە چوار لای تورکیا و جیهان، خەڵک بە ئاڵای کوردستانەوە لەگەڵ ئاڵای ئیسرائیلدا دەگەڕان و ئێمە ئەوەمان بینی، بەڵام کاتێک کورد بە تۆپ و تفەنگ و بۆمب رووبەڕووی هێرش بووەوە، ئەو دەوڵەتانەی کە دەگوترا دەوڵەت دروست دەکەن، لە گۆڕەپانەکەدا نەبوون. لە راستیدا پەسەندکردنی هێرشەکەیان، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بێت، لە پاریس دەرخست. مرۆڤ نابێت هەڵە بکات؛ هۆشیاریی نەتەوەیی کورد بەنرخە، بەڵام دەبێت لەگەڵ ئەو گەلانەی کە پێکەوە دەژین، ژیانی برایەتی و یەکسانی بپارێزین. بە پێچەوانەوە، رەنگە ببێتە هۆی کۆمەڵکوژییەک یان شەڕ و پێکدادانێک کە چارەسەر ناکرێت و کۆتایی نایەت.
 
کاردانەوەی نێو کوردان پەیوەندی بەوەوە هەیە کە سیستەم و دەسەڵات سەرەڕای ئەم پرۆسەیە هەنگاو نانێن. پەیوەندی بەوەوە هەیە کە بەرامبەر بە رەگەزپەرستی دژی کورد و زەختە فاشیستییەکان دەنگیان بەرز ناکەنەوە. ئامەدسپۆر کە تەنیا یانەیەکی تۆپی پێیە، نزیکە نەتوانێت یاری بکات. کاردانەوەی خەڵک لێرەدایە؛ کاتێک دەچێتە شارێک، وەکو یاریی پێشوو کە 500 کەس ئامادە بوون، ئامەد دەچێتە یاریگا و رووبەڕووی دروشمی رەگەزپەرستانە، تەکفیری و پەراوێزخەرانە دەبێتەوە. دواتر ئامەد دەگەڕێتەوە و یانەیەکی دیکە دەچێتە هەمان شار و دیسان لەگەڵ 500 کەسدا یاری دەکات.
 
رووداو: راستە کورد لەگەڵ چەندین پێکهاتەی دیکە دەژیت و ئەمە لەنێو کورددا شتێکی سرووشتییە. راستە ئێوە وەکو پارتی سێیەم، خاوەن هێز و جەماوەرن، بەڵام کاتێک قەییومێک دێت و هەموو شتێک دەخاتە ژێر دەستی خۆی، هیچ هێزێک لە دەستی ئێوەدا نامێنێت؛ کاردانەوەکەش بۆ ئەمەیە. لە لایەکی دیکەوە، لەم دواییەدا بەهۆی کۆبوونەوەی هەموو کوردان لە دەوری کوردایەتی، دەنگدانەوەیەکی جیهانی دروستبوو. باشتر نییە کورد لەنێو خۆیاندا کوردایەتی بخەنە پێشەوە؟
 
 
تونجەر باکرهان: وایە، لە راستیدا کوردبوون لە دواوە نییە. لەنێو ئێمەدا پێکهاتەی چەپ و سۆسیالیستیش هەن کە ئێوە دەزانن؛ کوردبوون لەنێو ئێمەدا هەرگیز لە دواوە نەماوە، چونکە ستەمی سەر کورد زۆر خێرایە، رۆژانەیە و هەمیشە لە پێشەوەیە. دۆخی ئێستا دەبێت ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئەرێنی بخاتە سەر شانمان.
 
بۆ نموونە، دەبێت بڵێین: "سەیرکەن، لەبەرئەوەی ئێوە هەنگاوتان نەنا، کورد لە هەموو شوێنێک لەسەر پێی خۆی وەستا. چیتر سیاسەتی توانەوە و یەکڕەنگیی ئێوە، گوشارەکانتان و ئەو سیاسەتە تووندەی کە لە هەموو جوگرافیایەک بەسەر کورددا سەپاندووتانە، ئەنجامی نییە." ئێمە لە دهۆک و سلێمانی تێگەیشتین؛ ماڵیان ئاوابێت بە تەمەنی 77 ساڵییەوە بەرەو رۆژئاوا. سەیری دهۆک، کەرکووک، خانەقین و ئاکرێ بکەن، ئەمە شتێکی زۆر باشە. چەند جوانە! با دەسەڵاتداران سەیری بکەن. هەروەک چۆن ئێمە وانەی لێوەردەگرین، دەبێت دەسەڵاتداران و بەڕێوەبەرانی ئەو وڵاتانەی کوردی تێدا دەژین، لێرەوە وانە وەربگرن. چیتر پشتگوێخستن، رەشکردن بە ناوی "تیرۆریست" و دەستپێکردنی پرۆسەیەک بە درۆ و هەنگاونەنان، کۆمەڵگە تێر ناکەن. ئەگەر بەڕاستی دیموکرات بین، تێدەگەین کە برایەتیی گەلان چەندە بەنرخە.
 
من، لێتان دەپرسم: بە کام ویژدان...؟ لە گەمارۆی یەکەمی کۆبانێ کە 15 ساڵ لەمەوبەر بوو، باوەڕ بکەن لێرە بە هەزاران گەنجی تورک، عەرەب، چەرکەس، چەپە سۆسیالیست و دیموکراتەکان کە لە زانکۆکان دەیانخوێند، گیانیان لەدەستدا. لە پرسووس، 35 هاووڵاتیی تورک گیانیان لەدەستدا. ئێستا لەم جیهانە گەردوونییەدا کە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو سنوورەکانی لابردووە، راستی بریتییە لە برایەتی، تێکۆشانی هاوبەش و پاراستنی بەهاکان. بۆ ئەوەی بەهاکان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، گرنگ نییە کێ دەبێت یان کام گەل و نەتەوە دەبێت؛ جیهان گەورە بووە. کەس ناتوانێت خۆی تەنیا بە گەلێک یان سنوورێکەوە سنووردار بکات. دەبێت هەمووان پەیوەندییان پێکەوە هەبێت. پەیامی من لە رێگەی ئێوەوە ئەمەیە: یەکەم، دەبێت بەڕێوەبەرانی ئەو وڵاتانەی کورد تێیاندا دەژی، لەم پێشهاتە دواییانە وانە وەربگرن. دووەم، دەبێت کوردیش بۆ دروستکردنی زەمینەیەک تێبکۆشێت کە بتوانن مافە دیموکراتییەکانی خۆیانی تێدا بەدەست بهێنن. دەبێت لەو وڵاتانەی کە تێیاندا دەژین تەنیا بە هەرێمەکانی خۆمان رازی نەبین؛ دەبێت ببینە هاوبەشی دەسەڵات، هاوبەشی بەڕێوەبردن و بەشداریی داڕشتنی داهاتووی ئەو شوێنانە بین. دەبێت دیموکراسی تەنیا بۆ کورد نەبێت، بەڵکو با هەموو لایەنێک سوودی لێ ببینێت. کاتێک ئێمە لە تورکیا دەڵێین زمانی دایک، تەنیا باسی کورد ناکەین؛ چەرکەس، لاز و گەل و کۆمەڵگەی دیکەش هەن. کورد وەکو ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەفر پاک دەکەنەوە، خۆی خستووەتە پێشەوە و بەردەکانی بەردەم دیموکراسی و رێگاکان پاک دەکاتەوە. ئەمە زۆر بەنرخە و باجەکەشی دەدات.
 
بەڵام من شتێکتان پێ دەڵێم: 20 ساڵ لەمەوبەر وا نەبوو. لە 10 بۆ 15 ساڵی رابردوودا، من بۆ 22 بۆ 23 وڵات چووم. سوێند دەخۆم، کاتێک مرۆڤ دەڵێت "کورد" یان "ڕۆژئاوا"، لە جیهاندا بە سەرسامییەوە سەیری دەکرێت.
 
رووداو: راستە، لەو کاتەدا سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گەورەیان گرتە ئەستۆ. بینیمان ئازادی چییە؛ تەنانەت ئەگەر نیوەئازادیش بێت و دەوڵەتیش نەبێت، بینیمان ئازادبوون چ واتایەک دەبەخشێت؟
 
تونجەر باکرهان: بەڵێ وایە. با ئەم قسەیە لە من وەربگرن، کورد ئازادە. ناتوانین بڵێین بەپێی ئەو مافانەی سیستمەکان بە ئێمەیان داوە، نیو یان چارەکە ئازادین. کورد لە بنەڕەتدا ئازادە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێستا و سیستم مافەکانی کورد ناناسن. واتە، ئێمە ئازادیی خۆمان بە پێوانەی ئەوان ناپێوین. ئەمە شەرمی ئەوانە. لەسەدەی 21دا لە تورکیا نزیکەی 25 ملیۆن کورد هەن، لەوانەیە زیاتر یان کەمێک کەمتر بن، بەڵام کاتێک مرۆڤ ئەم ژمارەیە دەڵێت، نەتەوەپەرست و رەگەزپەرستەکان تووڕە دەبن، بەڵام ئەمە راستییەکە و ئێمە چی بکەین؟ شەرمی سەرەکیی ئەوان ئەوەیە کە بۆچی کورد ئەو وڵات و هەرێمانەی تێیدا دەژین، وەکو ماڵی خۆیان نابینن و هەمیشە لە ترس و نیگەرانیدان؟ با ئەم پرسیارە لە سیستمەکە بکەن.
 
رووداو: هەم بەڕێز میتحات سانجار و هەم بەرپرسانی دیکەتان گوتوویانە کە لەم بابەتەی دوایی رۆژئاوای کوردستاندا، ئۆجەلان رۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە. لە رۆژانی هێرش و گەمارۆکاندا دیدارتان لەگەڵ ئۆجەلان کردووە. ئایا هیچ گوشارێک لە دوورگەی ئیمراڵییەوە هەبوو؟
 
تونجەر باکرهان:، وایە. لەڕاستیدا کاتێک ئێمەش چووینە دوورگەی ئیمراڵی، بەڕێز ئۆجەلان قسەیەکی کرد کە هەرگیز لەبیرم ناچێت. من خۆم ئەم پرسیارەم لێکرد و گوتم: "ئەم پرۆسەیە کاریگەریی چۆنی لەسەر رۆژئاوا و سووریا دەبێت؟"، ئەو چوارچێوەیەکی زۆر بەرفراوانی دانا و گوتی: "بۆچی کورد تەنیا بە ناوچەکانی خۆیان رازی بن؟ بۆچی سووریا بەڕێوە نابەن و نابنە هاوبەشی بەڕێوەبردن؟"، من ئێستا دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک، کاتێک سەیری ئەمڕۆ دەکەم، تێدەگەم چی گوتراوە. کۆمەڵگە مەیلی لەسەر شتی وایە. هەندێکجار لە کەشێکی ئارامدا و بە وەرگرتنی هەندێک شتی "باڵا" بەبێ لەبەرچاوگرتنی ناکۆکییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان، رەنگە بکەونە نێو ئەو سیستمەوە، بەڵام راستی شتێکی دیکەیە. راستی ئەوەیە سووریا تەنیا موڵکی شام نییە، بەڵکو پلانی بەریتانیا، پێشەنگیی ئەمریکا، ئاسایشی ئیسرائیل و بەرژەوەندیی هێزە هەرێمی و هەژموونگەرەکانی دیکەی تێدایە. بۆیە ئەو شتەی شام بە تەنیا باسی دەکات، هەندێکجار رەنگە بەتەواوی وەڵامی خۆی وەرنەگرێت. سەیرکە، تورکیاش لەوێیە؛ ئەو هێزانەی سەر بە تورکیان و ئەو هێزانەی ئەنقەرە پشتیوانییان دەکات، ئەوانیش لەوێن، لە سەرێکانی، عەفرین و گرێ سپی.
 
بە کورتی، ئۆجەلان بە مەنتقێکی فراوانەوە لە بابەتەکەی دەڕوانی. دەیویست کورد لە ناوچەکانی خۆیان ئاسایشی خۆیان بپارێزن و هەروەها ببنە بەشێک لە گشتی. ئەو یەکێتییە دیموکراتییە شتێکە کە لە دوورگەی ئیمراڵییەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەمڕۆش ئێمە پێیەوە پابەندین، چونکە بەو پێکهاتە دیمۆگرافییەوە، نیوەی کورد لە حەلەب، شام و شوێنەکانی دیکەی دەرەوەی رۆژئاڤا دەژین. پێویستە مرۆڤ بەدوای چارەسەرێکی گشتیدا بگەڕێت. لەبەر ئەوە، رۆڵی ئۆجەلان لەوێدا یەکلاکەرەوە بوو. وەکو وتم، لە رێککەوتنی پاریسدا بیریان لە شتێکی دیکە کردبووەوە، بەڵام ئەو ئیرادەیەی ئۆجەلان لە ئیمراڵی داینا، بە بڕوای من دەوڵەت و هەروەها هێزە هەرێمییەکان و هێزە هەژموونخوازەکانی ناچار کرد کە بەدوای فۆرمولەیەکی نوێدا بگەڕێن. لەم رێککەوتنەی ئێستادا، واتە رێککەوتنی 30ی کانوونی دووەم، من بەهایەکی گەورە دەبینم، چونکە وەکو دەزانن، لە 18ی مانگدا خۆبەدەستەوەدانێک دەسەپێنرا و دەیانگوت "قڕیان بکەن و پاکیان بکەنەوە". بە بڕوای من، کاریگەریی ئۆجەلان بەهێزییەوە دیارە. ئێمە هێشتا دیسان نەچووینەتەوە، بەڵام بێگومان شاند دێن و دەچن و هاتوچۆ هەبووە و دیدار لەگەڵ دەوڵەت هەیە. باوەڕ ناکەم ئەو هاتوچۆ و دیدارانە پچڕابن. لە ئەنجامدا، ئێمە باسی ئەکتەرێکی کاریگەر دەکەین کە رێگە نیشان دەدات. بە بڕوای من، کاریگەرییەکی ئەرێنیی کردووە و لەو رێککەوتنەدا ماندووبوونێکی گەورەی ئەوی تێدایە.
 
رووداو: باشە، با بێینە سەر پرۆسەی چارەسەری. ماوەی 1.5 ساڵە ئەو پرۆسەیە هەیە، بەڵام هێشتا هیچ هەنگاوێک نەنراوە. دەوڵەت باخچەلی لە دوایین گوتاریدا، قسەکانی هاوشێوەی قسەکانی ئێوە بوون. وا دیارە کە چیتر هیچ ئاستەنگێک نەماوە، دەوڵەت چاوەڕێی چییە و ئێوە چاوەڕوانن لە ماوەیەکی کورتدا دەوڵەت چ هەنگاوێک بنێت؟
 
تونجەر باکرهان، تاوەکو ئێستا کەس پێش ئێمە هیچ شتێکی نەگوتووە. باخچەلی هەندێکجار بە قسەکانی، کۆمەڵگە سەرسام دەکات و لە دەرەوەی ئەو رۆڵ و ئەرکەی دەیگێڕێت، لێدوان دەدات. ئێمە لە سەرەتاوە باسمان لە ئازادی، ژیان و مەرجەکانی پەیوەست بە بەڕێز ئۆجەلان کردووە. خەڵک بۆ ئازادیی ئەو رێپێوانیان کرد. ئێمە ساڵانێکە بۆ ئازادکردنی سەرۆک سەلاحەدین، سەرۆک فیگەن و هاوڕێیانی دیکەی زیندانیی سیاسی تێکۆشاوین. ئەوە بەنرخە، بەڵام بەڕێز راوین، سەیری بکە؛ لە راستیدا باخچەلی ماوەی ساڵێکە کۆمەڵێک شت دەڵێت کە دۆخی ئێستا دەڕووخێنێت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ یەکێکیان جێبەجێ نەکراوە. ئەو وەکو سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن قسە دەکات. ماوەیەک لەمەوبەر لەگەڵ سەرۆککۆمار، بەڕێز ئەردۆغان، دیداری ئەنجام دا، واتە دەیتوانی ئەو شتەی لەسەر ئەو کورسییەوە گوتی، راستەوخۆ لە دیدارەکەدا بە سەرۆککۆماریش بڵێت، چونکە ئەو هاوبەشی دەسەڵاتە.
 
رووداو: ئایا ئێوە ئەمەتان پێ دەڵێن؟
 
تونجەر باکرهان، بێگومان، ئێمە لە هەموو دیدارەکانماندا ئەمە دەڵێین. هەر بۆیە، ئەو قسەیەی کراوە بە نرخە و شتێکی راستە؛ بەپێی ئەرکی خۆی دۆخی ئێستا هەڵدەوەشێنێتەوە و ئەمە شتێکی زۆر باشە. لە بەرامبەر ئەم زمان و پراکتیکە رەگەزپەرستانە و نەتەوەپەرستانەیەی کە خەڵک لە دەرەوەی خۆی دەهێڵێتەوە، بە بڕوای من، لێدوانەکانی دەبنە قەڵغان و گوشارێکی باش. مرۆڤ دەبێت حەقی ئەمە بدات، بەڵام بە هیچ شێوەیەک قسەکانی ناچنە بواری جێبەجێکردنەوە. ئێمە زۆر بێهیواش نین، چونکە سووریا هەمیشە لەپێش هەموو شتێکەوە دادەنرا. دوای ئەمە، سووریا تاوەکو رادەیەک لەسەر رێگەی خۆی و بە دینامیکی خۆی بەردەوامە. هیوادارم هەندێک لەو شتانەی باخچەلی ماوەی نزیکەی ساڵێکە دەیڵێت، بەتایبەتی ئەوانەی زۆر گرنگن، زۆر بەنرخن و ئێمەش تێیدا بەشدارین، ببنە هۆی پێشهاتێک لەنێو ژیاندا.
 
سەیر بکە، کاردانەوەی هەرێمیش بە هەنگاوی کۆنکرێتییەوە بەستراوەتەوە. تۆ لەگەڵ ئەحمەد تورک دەست دەخەیتە ناو دەستی یەکتر، تۆ لەگەڵ ئەحمەد ئۆزەر وێنە دەگریت. یەکێک لە گرنگترین پارتە سیاسییەکان کە حکومەتی لەسەر پێ راگرتووە، مەهەپەیە. بەڵێ، شتێکی بەرچاو ناگرێتەبەر؛ واتە کاتێک هاوبەشی حکومەت و هاوبەشی دەسەڵات شتێک دەڵێت، ئایا مرۆڤ گوێی لێ ناگرێت؟
 
رووداو: ئاستەنگەکە کێیە یان لە کوێیە؟
 
تونجەر باکرهان، من ئەوە دەڵێم و دوێنێش گوتم، بەڕێز باخچەلی، تۆ قسەی باش دەکەیت، بەڵام لایەنی پەیوەندیداری ئەم پرسە ئێمە نین، بەڵکو دەسەڵاتە. تۆش هاوبەشی ئەوانیت، پێیان بڵێ با بیکەن و دەبێت ئەوان ئەوە جێبەجێ بکەن. لەبەرئەوە، رەنگە ئەمە دواتر بکرێت. بێگومان ئەمانە شتی گرنگن، بەڵام تورکیا بەڕاستی پێویستی بەمانە هەیە؛ چیتر نابێت زیندانییانی سیاسی لە زیندانەکاندا بمێننەوە. فەرموو سەیر بکە، لە هەموو جیهاندا ئایا لایەنی گفتوگۆ لە زینداندایە یان لە شوێنێکی دیکە؟ نموونەی ماندێلا و نموونەکانی دیکەی هاوشێوەی، دوای پێشهاتەکان یان پێشتر، ماندێلا بۆ ماڵێک گواسترایەوە و ئازادیی خۆی بەدەستهێنا. چیتر با ئەمە وەکو ئاستەنگ نەبینرێت. واتە، لە تورکیا کاتی هەنگاونان بۆ دیموکراتیزەکردن و گەیاندنی ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتن هاتووە. ئێستا کاتی ئەوەیە کە بەرهەمی ئەو قسە باشانەی تاوەکو دوێنێ دەکرا، لەسەر زەمینەی پراکتیکی دروست بکەین. ئێمە ئەمە دەبینین و دیسان رۆڵی بونیادنەرانەی خۆمان دەگێڕین. بۆ ئەوەی حکومەت لە بابەتی دیموکراتیزەکردن، چارەسەرکردنی پرسی کورد و دەرکردنی یاسای تایبەتدا لە زووترین کاتدا هەنگاو بنێت، ئێمە تێکۆشانی خۆمان دەکەین. دەم پارتی لێرەدا رۆڵێکی بونیادنەرانە دەگێڕێت.
 
رووداو: محەممەد ئوچوم، راوێژکاری سەرۆککۆمار لە دوایین گوتاریدا چەند شتێکی گوت. دەبینین کورد هێشتا وەکو بەشێک لە تورک هەژمار دەکرێت و پرۆسەکەش لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە بەڕێوەدەچێت. ئایا تێڕوانینی دەوڵەتیش هێشتا بەم شێوەیەیە؟
 
تونجەر باکرهان: بەو شێوەیەیە؛ ئێمە ناتوانین بەپێی گوتەی ئەو بیرۆکراتانە هەڵوێستی خۆمان دیاری بکەین. واتە، ئەوەی بیرۆکراتێک دەیڵێت زۆر گرنگ نییە و لایەنی پەیوەندیداری ئێمە خودی دەسەڵاتە. لایەنی پەیوەندیداری بەڕێز ئۆجەلانیش دەوڵەتە، کە دەسەڵاتیش لەخۆدەگرێت. جار جارە هەندێک نوێنەر و ئەندامی پارتە سیاسییەکانیش قسەی توند دەکەن. ئێمە ناتوانین بڵێین، "کام بیرۆکرات چی گوتووە، با ئێمە لەسەر ئەوە سیاسەت و زمانمان بگۆڕین". ئەم بیرۆکراتانەی نەوەی نوێن، ئاگاداری پەیوەندیی مێژوویی نێوان تورک و کورد نین. لەبەر ئەوەی بە تێگەیشتنێکی تەسک و لە چوارچێوەی ئینکار، رەتکردنەوە و بەتورککردنی کورد پەروەردە کراون، ئەم راستییانە نازانن. برام، کورد کوردە و دەبێت تۆ وا قبووڵی بکەیت. مافەکانی بەهۆی کوردبوونییەوە چین؟ دەبێت ئەو مافانەی پێبدەیت. بابەتەکە بەم شێوەیەیە و پێویست ناکات مرۆڤ زۆر درێژەی پێبدات. هەمیشە پێمان دەڵێن تورکی زمانی فەرمییە. برام، ئێمەش دەڵێین زمانی فەرمی تورکییە. بەیانی باش! واللە بیرۆکرات، تۆ چ شتێکی گرنگت گوت؟ وەکو ئەوەی ئێمە تازە ئەوەمان بیستبێت! لەبەرئەوە، با کەس شتی نوێمان بۆ ئاشکرا نەکات و هەڕەشەشمان لێنەکات. کورد کوردە و دەیەوێت ببێتە هاووڵاتییەکی یەکسان و ئازادی ئەم وڵاتە. بابەتەکە بەم سادەییەیە.
 
رووداو: دەوڵەتی تورک چەندین هێڵی سووری هەیە کە هەمیشە باسیان دەکات. باشە، هێڵە سوورەکانی ئێوە چین کە ئەگەر جێبەجێ نەکرێن، پرۆسەکە سەرکەوتوو نابێت؟ دەزانین ئازادیی ئۆجەلان و ئازادکردنی گیراوە سیاسییەکان هێڵی سووری ئێوەن، جگە لەوانە چی دیکە هەیە کە پێتان وایە مەرجی سەرەکییە؟
 
تونجەر باکرهان: راستە، ئەو خاڵانەی باست کردن، چەند بابەتێکی دیکەش لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن کە دەبێت جێبەجێ بکرێن. پێویستە لە تورکیا پێناسەیەکی فراوانی هاووڵاتیبوون هەبێت. وەکو گوتم، ئێمە هەموومان تورک نین. ئەگەر کۆماری تورکیا تەنیا کۆماری تورکەکان بووایە، دەیانگوت "کۆماری تورکەکان". لەبەرئەوە پێویستە مامەڵەیەک هەبێت کە ئەم مۆزایکە لەخۆبگرێت. ئەمەش نەک تەنیا بە پێناسەی هاووڵاتیبوون و مێژووەوە پەیوەستە، بەڵکوو بە ئەدەب و کولتووریشەوە پەیوەستە. بۆچی دەبێت منداڵەکانمان کەسایەتییە دیارەکانی مێژووی کورد و ئەدەب و کولتوورەکەی نەناسن؟
 
ئەوە دەوڵەمەندییە.دەگوترێت لەنێو کورددا شکانێکی سۆزداری نییە؛ چۆن نییە؟ کاتێک تۆ بۆ جاری سێیەم قەییووم بەسەر ئیرادەی خەڵکی سێرتدا دەسەپێنیت و تاڵانی دەکەیت، ئایا پێت وایە کورد چەپڵەت بۆ لێدەدات؟ نەخێر، بەڵکو شکانێکی سۆزداریی گەورە روودەدات، کە ئاکامەکانی گەیشتوونەتە ئێرە. من باسی ئەوە دەکەم؛ کورد دەیەوێت لە شارەکانی خۆیدا بەڕێوەبەرەکانی خۆی هەڵبژێرێت. ئایا ئێمە گەندەڵیمان کردووە، دزیمان کردووە، یان لە سنوورە یاساییەکان دەرچووین؟ نەخێر. بۆیە کاتێک تۆ بە خواستی خۆت قەییووم دادەنێیت، هەستی ئەو خەڵکە بریندار دەکەیت و رق و کینەیان بەرامبەر بە خۆت زیاد دەکەیت.
 
وەکو گوتم؛ ئازادیی زمان، دیموکراسی، پێناسەی نوێی هاووڵاتیبوون و ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی، تورکیا دەگەیێننە کەشێکی ئارام و ئاشتیخوازانە کە کەس باوەڕی پێ نەدەکرد؛ وڵاتێک کە هەموو هاووڵاتییانی بۆ پێشکەوتن و دیموکراسی تێبکۆشن. تەنانەت هۆکاری قەیرانی ئابووریی تورکیاش هەر بەم بابەتانەوە پەیوەستە.
 
رووداو: ئێوە باسی دابڕانێکی سۆزداریتان کرد. ئێمە وەکو کورد هەموومان ئەو دابڕانە دەبینین و هەستی پێ دەکەین. راستە دابڕانێک هەیە. لە بەرامبەر ئەم دابڕانە سۆزدارییەی نێو جەماوەرەکەتاندا، ئێوە چ سەختییەک دەبینن؟ چونکە ئەرکی چاککردنەوەی ئەو دابڕانەش دەکەوێتە سەر شانی ئێوە. لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا ئێوە چ مەترسی و کێشەیەک دەبینن؟
 
تونجەر باکرهان، ئێستا بەم شێوەیەیە؛ ئەو بنەمایانەی ئێمە داکۆکییان لێ دەکەین راستن، بەڵام بەهۆی ئەو سیاسەتانەی کە سیستم سەپاندوویەتی، جەماوەرەکەمان کاردانەوەی خۆی بەرامبەر بە ئێمەش نیشان دەدات و دەڵێت: "ساڵێکە بە شێوەیەکی تاکلایەنە هەنگاو دەنرێت، بۆچی دەسەڵات هەنگاو نانێت؟". ئەمەش کێشەی سیستم و دەسەڵات خۆیەتی. واتە، ئەگەر تۆ گوشار لەسەر دەم پارتی دروست بکەیت، جەماوەر بەو شێوەیە دادەبڕێت و دوور دەکەوێتەوە. لەبەر ئەم هۆکارە من ئەمە دەڵێم: دابڕانێکی سۆزداری هەیە، بەڵام وەکو پێشتریش گوتم، ئەمە دەکرێت چاک بکرێتەوە. ئەگەر تۆ فراوانبیر و دیموکرات بیت، ئەگەر تۆ ئەو سیاسەتە سەپێنراوانە لە پراکتیکدا لە زووترین کاتدا راست بکەیتەوە، ئەگەر تۆ ماف و یاسای کورد لەنێو رێسا دەستوورییەکاندا جێگیر بکەیت، بۆچی دەبێت ئەو دابڕانە سۆزدارییە دروست ببێت؟ ئێمە دەڵێین تورکیا ماڵی ئێمەیە، با بەڕاستی ببێتە ماڵی ئێمە. ئێمە دەمانەوێت ئاسایشمان هەبێت. ئایا داواکارییەکی لەمە بێتاوانتر و رەواتر هەیە؟ لەبەرئەوە، ئەگەر دابڕانێک هەبێت، هۆکارەکەی ئێمە و سیاسەتەکانی ئێمە نین، بەڵکو سیاسەتەکانی دەسەڵاتن، کە دژی کوردە. با ئەوان کەمێک سەیری خۆیان بکەن. ئێمە لە هەموو قۆناخێکدا سەیری خۆمان دەکەین، رەخنە لە خۆمان دەگرین و پرۆسەکە سەرلەنوێ هەڵدەسەنگێنینەوە.
 
ئاسانترین شت ئەوەیە پێت بڵێم، من لە گەنجیدا وەرزشوان بووم و لە تیپی باسکەدا یاریم کردووە. پەیوەندیم بە وەرزشەوە هەیە، وەکو تێنسی سەرمێز و چەندانی دیکە. لەبەر ئەوەی قەرس شارێکی بەفر و سارد بوو، پەیوەندیم بە وەرزشەوە هەبوو. لە هەمان کاتدا من هاندەری تۆپی پێم. کاتێک دەرفەتم هەبێت، سەیری یارییەکانی تۆپی پێی جیهان و تورکیا دەکەم.
کاتێک سەیری یارییەکانی ئامەدسپۆر دەکەم، دابڕانێکی گەورە لەنێو خۆمدا دەبینم، چونکە وەکو ئەوەی هێزێکی دوژمن هاتبێت، مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
 
رووداو: با شتێک بڵێم؛ من لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئێوە لە دەهەپەوە چاودێریی کارەکانتان دەکەم. ئێوە 35 ساڵە بەشێوەیەکی پیشەیی لەنێو سیاسەتدان؛ شارەوانیتان کرد، پەرلەمانتاری و هاوسەرۆکایەتیتان کرد، بەڵام لەو 35 ساڵەدا هەمان شت دووبارە دەکەنەوە؟
 
تونجەر باکرهان، زۆر راستە. شتێکت گوت کە زۆر لەجێی خۆیەتی. من لە راستیدا 35 ساڵە لەنێو سیاسەتدام. بەڵێ، لە لاوێتیی هەدەپەوە تاوەکو ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی شارەکانی پارتەکەمم کردووە، واتە کارێک نییە نەمکردبێت. کاتێک لە رێکخستنەکانی گەنجان بووم، ئێرە ژێرزەمین بوو؛ شوێنێکی بێ هەوا و بێ پەنجەرە بوو. ئێمە لێرە دەخەوتین لەبەر کەم دەرەتانی. لەم ژێرزەمینەدا زۆرێک لەو هاوڕێیانەی کە پێکەوە دەماینەوە، ئێستا نەماون. زۆرێک لە بەڕێوەبەرەکانمان بوونە قوربانیی تاوانەکانی بکەر نادیار. بڕوا بکەن، لە یەکەم رۆژەوە کە لەم ژێرزەمینانە دەرچووین تاوەکو ئێستا، ئێمە لە راستیدا هەمان شت دەڵێین. تۆ راست دەکەیت؛ ئەو شتانەی ئێمە دەیڵێین، کۆمەڵێک بیرۆکەی کۆن و رزیو نین. دیموکراسی، برایەتی و ژیانێکی یەکسان و مرۆڤانەی هاووڵاتییان لەسەر زەمینەیەکی دیموکراتی، بۆ هەموو کەسێک پێویستن.
 
هەندێکجار وەکو گوتم و بۆ ئەوەی ببێتە وەڵامی پرسیارەکەت، کاتێک سەیری یارییەکانی ئامەدسپۆر دەکەم، منیش زۆر ناڕەحەت دەبم، ورەم دادەبەزێت و تووڕە دەبم. نەک تەنیا لەبەر دۆڕان یان بردنەوە، بەڵکو ئایا ئەمە ئەرکی ئەم دەسەڵاتە نییە؟ ئایا فیدراسیۆنی تۆپی پێ ناتوانێت بەرامبەر بەم هەڵوێستە رەگەزپەرستانەیەی کە بەرامبەر ئامەدسپۆر دەکرێت بڕیارێک بدات؟ دەسەڵات لەم بوارەدا ناڵێت: "برام گیان، ئەمانە منداڵی ئەم وڵاتەن؛ باوکیان باج دەدات، منداڵەکانیان دەخوێنن و دەچنە سەربازی. سبەی ئەگەر دۆخێکی خراپ رووبدات، ئێمە پێکەوەین و یەکین". سەرەڕای هەموو ئەمانە، وەکو کەسێک کە لەم ژێرزەمینانە دەرچووە، بە پشتیوانیی خودا ئێمە ئەم پرۆسەیە دەگەیەنینە سەرکەوتن. هەمووان بینییان کە ئینکارکردن و رەتکردنەوەی کورد هیچ مانایەکی نییە.
 
ئێستا کاتی ئەوەیە کورد لە تورکیا مافە دیموکراسییەکانی بەدەستبهێنێت و مافەکانی بخاتە ژێر پاراستنی یاسایی و دەستوورییەوە. بە یارمەتیی خودا، منداڵەکانمان لەو دۆخەدا ناژین کە ئێمە تێیدا ژیاین. دەڵێم با منداڵی هیچ کەسێک ئاوا نەژیێت. ئێمە بەهیواین و تێدەکۆشین. راستە سەختی هەیە، بەڵام هەوڵدەدەین سەختییەکان تێپەڕێنین. من سێ جار بۆ ماوەیەکی درێژ لە زینداندا ماومەتەوە؛ ئاوا سەیری مەکەن، ئێمە زۆر شتمان بینیوە. دوورخستنەوە، بەڵێ من لە 10 زیندانی جیاوازدا ماومەتەوە و ئەشکەنجە دراوم. ئەگەر باسی ئەو شتانە بکەین، رۆژێک بەس نییە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، سەیری بکەن، ئێوە گوتتان و من زۆر باش تێدەگەم ئێوە چی دەڵێن؛ ئێمە هێشتاش سوورین لەسەر داواکردنی ژیانی هاوبەش، پێکەوەیی، کۆمارێکی دیموکراسی و هاووڵاتیبوونی یەکسان لە چوارچێوەی کۆمارێکی دیموکراسیی هاوبەشدا. با کەمێک رێز لەم هەستە بگیرێت و لێی تێبگەن.
 
رووداو: لەو کاتەی رۆژئاوای کوردستان رووبەڕووی گەمارۆ و هێرش بووەوە، بەرپرسان، میدیا و خەڵکی باشووری کوردستان هەڵوێستێکی گەورەیان نیشاندا. بەتایبەتی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگیان گێڕا و کاریگەرییەکەی لە ئاستی جیهاندا دەرکەوت. پەیامی ئێوە لەبارەی ئەم بابەتەوە چییە؟
 
تونجەر باکرهان: من لە ئامەدیش لە یەکێک لە چالاکییەکانماندا، کە پێموایە ئێوەش ئامادەبوون، لە گوتارەکەمدا وەڵامی ئەو پرسیارەم دایەوە. من یەک بە یەک سوپاسی هەموو سەرکردەکانی کوردم کردووە لەبەر ئەو پشتیوانی و هاوکارییەی لە هەموو شارەکانی کوردستانەوە پێشکێشیان کردووە. هەروەها سوپاسی گەلەکەشم کردووە. ئەمە زۆر گرنگ و ئەرێنییە و پێویستە مرۆڤ لەسەری بەردەوام بێت. ئەمە چ پەیامێک دەگەیێنێت؟ بۆ نموونە، کاتێک لە کەرکووک ستەمێک لە کورد دەکرێت، پێویستە مرۆڤ بڵێت، ''ئەمە ستەمە و دەبێت بوەستێت.'' ئەگەر دەسەڵاتیشی هەبێت، دەبێت لە بواری دیپلۆماسیشدا بەکاری بهێنێت. ئەم هەڵوێستانە گرنگن و جێگەی دڵخۆشین. ئەم یەکڕیزییەی ئەم دواییەی کورد و هەڵوێست و کاردانەوە هاوبەشەکانیان زۆر بەنرخن و پێویستە هیچ دەوڵەتێک لێیان نەترسێت.
 
من لەپێش هەمووانەوە سوپاسی بەڕێزان مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دەکەم. سوپاسی بافڵ تاڵەبانی دەکەم کە لە سەرەتاوە لەگەڵمان بوون. هەروەها سوپاسی سەرۆک، پێشەنگ و رێبەرانی کورد لە ئێران و ئەو رۆشنبیر، کارساز و کرێکارە کوردانەی ئەوروپا دەکەم کە ساڵانێکە لەوێ دەژین و لەوانەیە بیانناسین یان نا.
 
لێرەوە سڵاو، خۆشەویستی و رێزی خۆم پێشکێشی هەموو ئەو خوشک و برایانەم دەکەم کە لە هەر شوێنێکی جیهانن و بینەری رووداون. ئەو شتەی ئێمە لەسەر پێی خۆمان رادەگرێت و مافەکانمان مسۆگەر دەکات، ئەو هەستە هاوبەشەیە کە نیشانمان داوە. پێویستە ئەم بیرە هاوبەشە بەردەوام بێت، چونکە زۆر بەنرخە. جارێکی دیکە سڵاو، رێز و خۆشەویستیی خۆم بۆ هەموو لایەک دەنێرم.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گفتوگۆ لەگەڵ کریس باوەرز، دیپلۆماتکاری پێشووی بەریتانی لە هەرێمی کوردستان

نووسەری شانۆگەریی Safe Haven: خۆڕاگریی کورد پێشان دەدات و گرنگە لە کوردستان و بەریتانیا ببیندرێت

کریس باوەرز، دیپلۆماتکاری پێشووی بەریتانی لە هەرێمی کوردستان و نووسەری شانۆگەرییەکە بە رووداوی راگەیاند: "پێموابوو زۆر گرنگە چیرۆکە ناوخۆییەکە لە رێگەی کەسە راستەقینەکانەوە بگێڕدرێتەوە. چی پاڵنەریان بوو؟ بۆچی بڕیاریان دا ئەمە بکەن؟ چونکە ئەوان کارێکیان کرد کە ژیانی سەدان هەزار کەسی رزگار کرد. بۆچی؟ چۆن؟ ئەوەش چیرۆکی شانۆگەرییەکەیە."