وەزیرێکی ماڵدیڤ بۆ رووداو: مەترسیی هەیە وڵاتەکەمان لەسەر زەوی بسڕێتەوە

13-02-2025
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری خوێندنی باڵا و گەشەپێدانی ماڵدیڤ رایگەیاند، وڵاتەکەی یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، بە جۆرێک مەترسی سڕینەوەی لەسەر زەوی هەیە. دەشڵێت، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا مەترسی زۆری بۆ دانیشتووانی وڵاتەکەی دروستکردووە، بەڵام دەستەوەستان نەبوون لە رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان. 
 
عەلی حەیدەر، وەزیری خوێندنی باڵا و گەشەپێدانی ماڵدیڤ لە کۆڕبەندی لووتکەی حکومەتەکانی جیهان لە دووبەی لەبارەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر وڵاتەکەی بە رووداوی راگەیاند، "بێگومان، ماڵدیڤ کەوتووەتە ژێر کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا، ئەمەش بەهۆی ئەوەیەیە، کە بەرزترین شوێنی ماڵدیڤ تەنیا دوو مەتر و نیو لەسەر ئاستی رووی دەریاوە بەرزە." 
 
وەزیری خوێندنی باڵا و گەشەپێدانی ماڵدیڤ گوتی: "ژمارە و هێزی ئەو زریانانەی لە وڵاتەکەماندا روودەدەن لە زیادبووندان. پێویستمان بەوەیە بڕە پارەیەکی زۆر خەرج بکەین بۆ ئەوەی بتوانین دوورگەکانمان بپارێزین، چونکە ژمارەی لافاوەکان بەهۆی بارانی بەخوڕ و تێکچوونی کەناراوەکانمان بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاوە زیادی کردووە."
 
عەلی حەیدەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بە یەکێک لە مەترسییە گەورەکانی سەر وڵاتەکەی دەزانێت و دەڵێت: "هەر بەرزبوونەوەیەکی پلەی گەرما، پلەی گەرمای دەریاکانیش بەرزدەکاتەوە. ئەمە کاریگەری لەسەر گەشەکردنی رووەکی دەریایی لە کەناراوەکانمان هەیە، کە رۆڵێکی گرنگیان لە پاراستنی ئەو کەناراوانەماندا هەیە. پێشتر ئەو رووەکانە رەنگاوڕەنگ بوون، بەڵام ئێستا هەموویان سپی بوون. ئەو ماسیانەی لەسەر ئەو رووەکانەش دەژیان کەوتوونەتە ژێر کاریگەری نەمان و سپیبوونی ئەو رووەکانە." 
 
"ماڵدیڤ لە مەترسیدایە، بەڵام چارەسەریش هەیە"
 
ئەو وەزیرەی ماڵدیڤ، ئاماژەی بەوەدا هەرچەندە مەترسی هەیە، بەڵام دەستەوەستانیش نین، عەلی حەیدەر گوتی، "هەمیشە ئەو مەترسییە هەیە کە ماڵدیڤ بەتەواوی لەسەر زەوی بسڕێتەوە، چونکە ئاستی ئاوی دەریا بەردەوامە لە بەرزبوونەوە. بەهۆی ئەوەی لمێکی زۆر لەژێر ئاوی ئەو ناوچەیە هەیە، ئێمە بەردەوامین لە دروستکردنی دوورگەی نوێ." 
 
وەزیری خوێندنی باڵا و گەشەپێدانی ماڵدیڤ باسی لەوەشکرد: "دوورگەی زیاتر و زیاتر دروستدەکەین بە جۆرێک کە پارێززراوبن لە کاریگەربوون بە گۆڕانی کەشوهەوا. ئەوەش لە رێگەی بەکارهێنانی لمەکە و دروستکردنی دوورگەکان بە جۆرێک کە دوو بۆ سێ مەتر لە ئاستی رووی دەریا بەرزبن. بەم جۆرە هەوڵی پاراستنی دوورگەکانمان دەدەین."
 
ماڵدیڤ کەوتووەتە باشووری کیشووەری ئاسیا و بە زەریای هیندی دەورە دراوە. بەشێکی زۆری داهاتی وڵاتەکە پشت بە گەشتوگوزار دەبەستێت. بە گوێرەی وەزیری خوێندنی باڵا و گەشەپێدانی وڵاتەکەش تەنیا پار دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی ئەو وڵاتەیان کرد.
 
لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان رۆژانی 11 تاوەکو 13ـی ئەم مانگە، لە دووبەی بە بەشداریی زیاتر لە 30 سەرۆکی وڵات و سەرۆکوەزیرانی حکومەتەکان بەڕێوەدەچێت.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەلی حەیدەر، وەزیری خوێندنی باڵا و گەشەپێدانی ماڵدیڤ:
 
رووداو: چۆن سوود لە ژیریی دەستکرد یان تەکنەلۆژیای نوێ وەردەگرن بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ماڵدیڤ؟ 
 
عەلی حەیدەر: بێگومان، ماڵدیڤ کەوتووەتە ژێر کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا، ئەمە بەهۆی ئەوەیە، کە بەرزترین شوێنی ماڵدیڤ تەنیا دوو مەتر و نیو لەسەر ئاستی رووی دەریاوەیە. بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە مەترسییەکی گەورە لەسەر وڵاتەکەمانە. ژمارە و هێزی ئەو زریانانەی لە وڵاتەکەماندا روودەدەن لە زیادبووندان. پێویستمان بەوەیە کە بڕە پارەیەکی زۆر خەرج بکەین بۆ ئەوەی بتوانین دوورگەکانمان بپارێزین، چونکە ژمارەی لافاوەکان بەهۆی بارانی بەخوڕ و تێکچوونی کەناراوەکانمان بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاوە زیادی کردووە. ئەمە ئەو کێشانەن کە وەکو وڵاتێکی دوورگەیی بچووک و نزم لە ئاستی رووی دەریاوە رووبەڕوویان ببینەوە.
 
رووداو: ئایا مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ماڵدیڤ دەرکەوتوون؟ 
 
عەلی حەیدەر: بێگومان، ئەو مەترسیانە هەستیانپێکراوە، چونکە هەر بەرزبوونەوەیەکی پلەی گەرما، پلەی گەرمای دەریاکانیش بەرزدەکاتەوە. ئەمە کاریگەری لەسەر گەشەکردنی رووەکی دەریایی لە کەناراوەکانمان هەیە، کە رۆڵێکی گرنگیان لە پاراستنی ئەو کەناراوانەماندا هەیە. دیاردەی ئێڵ نینۆ لە زەریای هێمندا کاریگەری گەورەی لەسەر نەمانی ئەو رووەکانە هەیە. ئەمە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییەوە. پێشتر ئەو رووەکانە رەنگاوڕەنگ بوون رەنگێکی جوانیان بەو ناوچەیە بەخشیبوو، بەڵام ئێستا هەموویان سپی بوون. ئەو ماسیانەی لەسەر ئەو رووەکانەش دەژیان کەوتوونەتە ژێر کاریگەری نەمان و سپیبوونی ئەو رووەکانە.
 
رووداو: ئایە ئەوە راستە کە خەریکە ماڵدیڤ تەواو ژێرئاو بکەوێت؟ ئایا ئەو مەترسییە لەسەر ماڵدیڤ هەیە؟ 
 
عەلی حەیدەر: هەمیشە ئەو مەترسییە هەیە کە ماڵدیڤ بەتەواوی لەسەر زەوی بسڕێتەوە، چونکە ئاستی ئاوی دەریا بەردەوامە لە بەرزبوونەوە. بەهۆی ئەوەی لمێکی زۆر لەژێر ئاوی ئەو ناوچەیە هەیە، ئێمە بەردەوامین لە دروستکردنی دوورگەی نوێ. دوورگەی زیاتر و زیاتر دروستدەکەین بە جۆرێک کە پارێززراوبن لە کاریگەربوون بە گۆڕانی کەشوهەوا. ئەوەش لە رێگەی بەکارهێنانی لمەکە و دروستکردنی دوورگەکان بە جۆرێک کە دوو بۆ سێ مەتر لە ئاستی رووی دەریا بەرزبن. بەم جۆرە هەوڵی پاراستنی دوورگەکانمان دەدەین. خەڵکی لەو ناوچانەی زۆرترین کاریگەری گۆڕانەکەیان لەسەرە دەگوازینەوە ئەو دوورگە نوێیانەی دروستیان دەکەین. لە 20 ساڵی رابردوودا پرۆژەیەکمان دروستکردووە کە بەرزترین رێژەی چڕی دانیشتووانی هەیە. نزیکەی 250 هەزار کەس لەنێویدا دەژین لەکاتێکدا تەواوی دانیشتووانی وڵاتەکەمان تەنیا 380 هەزار کەسە. نزیکەی 40٪ی دانیشتووان لە پایتەختدا دەژین کە لە رێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی رووی دوورگەکەوە لە ئاستی رووی دەریاوە دەپارێزرێت، ئەمەش دوای هێنانی لمێکی زۆر و دروستکردنی دوورگەیەکی نوێ لەسەرەتاوە.
 
رووداو: ئایا هیچ دوورگەیەکی ماڵدیڤ هەیە مەترسی ژێرئاوکەوتنی لەسەر بێت؟ 
 
عەلی حەیدەر:  بە نزیکی هەموو دوورگەکان کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییەوە، بەڵام هیچ کام لە دوورگەکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە تەواو ژێرئاو نەکەوتوون. نابێت تسۆنامییەکەی کانوونی یەکەمی 2004مان لەبیربچێت کە لە ئیندۆزنیزیا روویدا، پێمانوابوو کاتێک ئەوە دەگاتە ماڵدیڤ، ئەوا شتێک بەو ناوە نامێنێت. تسۆنامییەکە بەنێو ماڵدیڤدا رۆیشت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ماڵدیڤ هەمووی دوورگەی بچووک بچووکە و ئاوێکی زۆر لە نێوانیاندایە، تسۆنامییەکە بەنێو ماڵدیڤدا رۆیشت و گەیشتە رۆژهەڵاتی ئەفریقا و زیانێکی زۆرتری بە رۆژهەڵاتی ئەفریقا گەیاند بەراورد بە ماڵدیڤ. ئەو کات دوو دوورگە وێران بوون، بەڵام یەکێکیانمان نۆژەنکردەوە و ئێستا خەڵکی تێدا دەژین. هەڕەشەی سەر ماڵدیڤ بەم جۆرەیە.
 
رووداو: هیچ ئامارێکتان هەیە کە ساڵی 2024 چەند گەشتیار سەردانی ماڵدیڤیان کردووە؟ 
 
عەلی حەیدەر: دوو ملیۆن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە