پەرلەمانتارێکی ئەورووپا: دەرفەتی زۆرمان دایە حکومەتی ئێستای سووریا و ئیدی بەسە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەبدوڵڵا
هەڤپەیڤینی هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری رووداو لەگەڵ عەبیر ئەلسەهلانی، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا
هەڤپەیڤینی هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری رووداو لەگەڵ عەبیر ئەلسەهلانی، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کاتێک زۆر کەس ئەم هەفتەیە لەنێو پەرلەمانی ئەورووپا بینییان عەبیر ئەلسەهلانی بە جلوبەرگی کوردییەوە قسە دەکات و لەسەر پشتکردنە کوردستان سەرزەنشتی ئەورووپییەکان دەکات، وایانزانی کوردە؛ دوایی دەرکەوت عەرەبە و کوردی خۆشدەوێت. ئەو لەبارەی پۆشینی جلوبەرگی کوردییەوە گوتی، "بۆ من پشتیوانیکردن لە دۆزی کورد و خەڵکی کوردستان زۆر زۆر گرنگترە لە پابەندبوون بە پرۆتۆکۆلەکانەوە."
 
ئەلسەهلانی و هاوڕێکانی دیکەی ئەم هەفتەیە سەرکەوتوو و دڵخۆش بوون، لەوەدا کە بڕیارنامەیەک لە پەرلەمانی ئەورووپا بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان بە زۆرینەی دەنگ دەربچووێنن.
 
عەبیر ئەلسەهلانی، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا و بە رەچەڵەک عەرەبی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو بە بڕوابەخۆبوونەوە دەڵێت، دەبێت کورد مافی بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی هەبێت؛ کاریش بۆ سەرخستنی دەکات. دەشڵێتم پشتیوانی لە کوردستان سەرەتا لەڕووی بڕوابوونی بووە بە رەوایەتیی دۆزەکە، بەڵام دوای ئەوەی بووەتە بووکی دهۆکییەکان و منداڵەکانی نیوە کورد و نیوە عەرەبن، پشتیوانییەکە بووەتە پرسێکی ماڵباتییش.
 
ئەلسەهلانی لەبارەی خەباتی کورد بۆ مافی چارەنووس ئاماژەی بەوە کرد، "هەمیشە یەکێک بوو لەو مژارانەی لەنێو ماڵی ئێمە لەسەر مێزی نانی ئێوارە گەنگەشە دەکرا." هەروەها مەترسیی داعش بە "زۆر راستەقینە" ناودەبات و دەڵێت، "تەنها سەربازی نییە، بەڵکو ئایدیۆلۆژیشە."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەبیر ئەلسەهلانی، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا:
 
رووداو: با باسی هەڵوێستێکی زۆر سیمبولیکی تۆ بکەین، کە ئەم هەفتەیە لەنێو پەرلەمانی ئەورووپا و لەکاتی دیبەتدا کردت و جلوبەرگی کوردیت لەبەر کردبوو. ئەوەت لەنێو ئەو کەسانەدا کرد کە قات لەبەر بوون و لێرە لەم باڵەخانەیەدا پرۆتۆکۆڵی دیپلۆماسییش هەن. پەیامت چی بوو و بۆچی پێتوابوو دەبوایە ئەو رۆژە جلی کوردیت لەبەر بێت؟
 
عەبیر ئەلسەهلانی: بۆ من پشتیوانیکردن لە دۆزی کورد و خەڵکی کوردستان زۆر زۆر گرنگترە لە پابەندبوون بە پرۆتۆکۆڵەکان. کاتێک بینیم لە بانگهێشتنامەی دیبەیتەکەدا بە هیچ شێوەیەک ناوی کورد یان هەرێمی کوردستان نەهاتووە، بۆ من گرنگ بوو کە سەرنجی هەمووان بۆ مەسەلە هەرە گرنگەکە رابکێشم. ئەویش کوردەکانن.
 
رووداو: گوێمان لەوەش بوو کە دەتگوت کورد هەمیشە دەڵێن تەنیا چیاکان هاوڕێمانن، بەڵام بزانن کە ئێمەشتان هەیە لێرە. ئەوەی کە گوتت بە کردەوەی کۆنکرێتی مانای چییە؟
 
عەبیر ئەلسەهلانی: بۆ من گرنگ بوو بیری پەرلەمانی ئەورووپای بهێنمەوە کە کوردەکان چی دەڵێن و چییان کردووە. هەموو کەس ئاگای لە مێژووی خەباتی ئەوان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی نییە. ویستم ئەم ماڵی دیموکراسییە ئەوەی بیربێتەوە کە گەلی کورد چ قوربانییەکی داوە. ئەوەش چەندین دەیەیە و شتێکی نوێ نییە. هەروەها دەمەویست کۆمیسیۆنی ئەورووپاش هانبدەم شتی کردەیی بکەن. دەزانی هەمووان لێرە کەمێک پێیان خراپ نەبوو کاتێک شەرع هاتە سەر حوکم لە سووریا، چونکە وا بیردەکرایەوە مادام بەشار ئەسەد نەماوە، بەڵکو ئاشتی بەرقەرار بێت، بەڵام ئەمە لە روانگەی بەرژەوەندییەکانی ئەورووپاوە بوو و بیر لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئەوێ نەکرابووەوە، چونکە هەموو کەس لەوە تێدەگات هاتنی شەڕکەرێکی پێشووی ئیسلامی بۆسەر حوکم، گەرەنتییەکی باش نییە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی دیموکراسییانە، بە بەشداریی هەمووان. ئاخر ئەگەر ئەو بنەمایانەت وەکو ئایدیۆلۆژیا تێدا نەبێت و بڕوات پێی نەبێت، ناتوانیت بونیادیان بنێیت. بۆیە گرنگە ئەمە بیری دامەزراوە ئەورووپییەکان بهێندرێنەوە، بەتایبەتییش ئەوانەی کاروباری دەرەوە بەڕێوەدەبەن. راستییەکەی لێدوانەکانی ئەورووپا لەوبارەیەوە زۆر بێلایەنانە بوون، بەڵام ئەوانەی پێویستن کردەوەی کۆنکرێتین. بۆ نموونە بۆ دانی ئەو پارە زۆرە بە سووریا، دەبێت یەکێتیی ئەورووپا داوای راگرتنی شەڕ بکات لە کۆبانێ و رۆژئاوا[ی کوردستان]. لە لایەکی دیکەشەوە کۆتایی بهێنێت بەو گەمارۆیەی ئێشێکی مرۆیی یەکجار زۆر سەختی دروستکردووە.
 
رووداو: ئێوە دەنگتان بە بڕیارێکی پەرلەمان داوە لەسەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. پێتوایە بڕیارێکی ئەم پەرلەمانە ددانێکی تیژ بێ بۆئەوەی رێگە لە کۆمەڵکوژیی کورد لە سووریا بگرێت؟
 
عەبیر ئەلسەهلانی: پێموایە دەکرێت یارمەتیدەر بێت.
 
رووداو: دەکرێت یارمەتیدەر بێت؟
 
عەبیر ئەلسەهلانی: دەکرێت یارمەتیدەر بێت، چونکە ئێمە تەنیا دامەزراوەی فەرمیی ئەورووپین کە راستەوخۆ لەلایەن هاووڵاتییانمانەوە هەڵبژێردراوین، وەکو نوێنەری ئەوان. بەرپرسانی کۆمیسیۆن و جڤاتی ئەورووپا دامەزرێندراون، بەڵام ئێمە راستەوخۆ هەڵبژێردراوین. هەروەها ئەوانەی کاروباری دەرەوەمان بەڕێوەدەبەن زۆر گوێ لەوە دەگرن کە ئێمە لە پەرلەمان چ جۆرە پەیامێکیان بۆ دەنێرین. بۆیە بڕوام وایە ئەمە دەتوانێت زۆر یارمەتیدەر بێت.
 
رووداو: یەکێتیی ئەورووپا کام کەرەستەی گوشارانەی بەدەستەوەیە بۆئەوەی بەرامبەر حکومەتی دیمەشق بەکاریانبهێنێت؟
 
عەبیر ئەلسەهلانی: ئێمە باڵیۆزخانەکانمان لەوێن. هەروەها نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپاش لەوێ هەیە. لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەوەی بەدەستمانەوەیە ئەو پارەیەیە کە دەیدەینە ئەو حکومەتە. ئەمە توانای ئێمەیە، بەڵام پێموایە پێکەوە کارکردنیشمان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی وەکو ئێمە بیر لە سووریا دەکەنەوە، گرنگە. هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکانیش گوشار دەخاتە سەر سووریا.
 
رووداو: سووریا دەبێت کام مەرجانە جێبەجێ بکات و کام گەرەنتییانە بدات بۆئەوەی ئەورووپا پارەیان بۆ بنێرێت؟
 
عەبیر ئەلسەهلانی: زۆر گرنگە ئاگربەست هەبێت و گەرەنتی بدەن کە هیچ هێرشێکی سەربازی ناکەنەوە سەر ئەو ناوچانە و پێکهاتەی کوردیی ئەوێ. هەروەها گەمارۆکان هەڵبگیرێن و رێگە بدەن یارمەتیی مرۆیی بچنە ئەوێ. بۆئەوەی خەڵک لەو ناوچانە لەبرسان نەمرن و رەق نەبنەوە. ئەوانە زۆر زۆر گرنگن. هەروەها دەبێت لەو وڵاتانەی کوردەکان بۆی رادەکەن، ناوەندی پێشوازی هەبن. لەو ناوەندانە یارمەتیی ئەوانە بدەن. وەکو جلوبەرگ و خۆراک. هەروەها یارمەتییان بدەن بۆ گرتنەبەری هەنگاوەکانی دواتر.
 
رووداو: لەکاتی دیبەیتەکەدا گوێم لە هەندێک ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا بوو دەیانگوت، دەبێت چانس بدەینە شەرع بۆئەوەی ئاشتی و سەقامگیری دروست بکات لە سووریا. بۆچی چانسێکی نادەنێ؟
 
عەبیر ئەلسەهلانی: پێمخۆشە چانس بدەمە کەسێک کە بەڕاستی دەیەوێت شتێک بکات و تێدەگات لە بەهاکانی هەبوونی کۆمەڵگەیەک بۆ هەمووان. شوێنێک کە هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بن. واتە هەم خۆیان و هەم مافەکانیان بپارێزرێن و داکۆکییان لێ بکرێت. هەروەها رێگەیان بدرێت ئەوانیش لەسەر مێزی بڕیاردان بە شێوەی یەکسان دابنیشن. بۆ سەرکردەیەکی سیاسیی وا دەمەوێت نەک چانسێک، بەڵکو سێ چانسیشی بدەمێ، بەڵام سەرۆکی سووریا بەشی خۆی چانسی دراوەتێ لەو مانگانەی رابردوودا. زۆرتر لە ساڵێکە. ئێمە ساڵێک زۆرترە پارەیان دەدەینێ. کەچی دەبینین ئەو تاوانانە بەرامبەر گەلی کورد دەکرێن و لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەش کراون. کەواتە ئەو یان توانای سەرۆکایەتیی نییە، یانیش حکومەتەکەی بڕوای بەوە نییە کە ئێمە داوای دەکەین.
 
رووداو: من لە هەندێک خەڵک لێرە و لەنێو میدیای رۆژئاواییش دەبیستم دەڵێن، پارتە چەپەکان و کریستیانەکان زێدەگاڤی دەکەن. لەوەدا کە باسی مەترسیی گەڕانەوەی چەکدارە داعشەکان دەکەن بۆ ئەورووپا، چونکە ئەوان ئێستا کۆنترۆڵ کراون لەلایەن دیمەشق و حکومەتی عێراق و هێشتاش لەلایەن هەسەدەوە و رەنگە لە ئاییندەدا لەلایەن هەرێمی کوردستانیشەوە. ئەوان دەڵێن، مەترسییەکە راست نییە و ئەوانە بەکاریدەهێنن بۆئەوەی لەنێو پەرلەمانەکاندا نمایش بکەن. تۆ لەسەر ئەمە دەڵێی چی؟
 
عەبیر ئەلسەهلانی: ئەوانەی ئەمە دەڵێن، تەنیا لەوە دەترسن کە کۆچبەران بێنە ئێرە. دەبێت ئەوە بزانیت کە هەندێک سیاسیی راستئاژۆ هەن کە دەڵێن، بە هەر نرخێک بێت، تەنانەت بەوەی کۆمەڵکوژییش بکرێت، جینۆسایدیش بکرێت، دەبێت رێگە لە خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگیرێت وەکو پەنابەر بێنە ئەورووپا. ئەوان ئاوا لە خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەترسن. هیچی دیکەیان بۆ گرنگ نییە… مەترسیی داعش زۆر راستەقینەیە. مەترسییەکە هەر سەربازی نییە، بەڵکو ئایدیۆلۆژیشە. بەڵگەیەکیش بۆ قسەکەم ئەوەیە 300 چەکداری داعش لە سوێد لەدایک ببوون و گەورە ببوون، هەروەها چووبوونە قوتابخانە و باخچەی منداڵان، هاوسەرگیرییان کردبوو لە سوێد و هەموو ژیانیان لە سوێد ژیابوون. ئەوانە بۆچی شەڕیان بۆ داعش دەکرد؟ بۆ ئەوە روویدا؟ هۆیەکەی شکستی سیاسیی یەکێتیی ئەورووپایە، چونکە رێگەی داوە ئەو تووندئاژۆیانە لەنێو ئەورووپا گەشە بکەن. هەروەها لەنێو ئەورووپا کۆمەڵگەی وا دروستنەکران کە بۆ هەمووان بن. بۆ نموونە کەسی وەکو ئێمە کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هاتووین، هەست بکەین بەخێرهێندراوین یان هەست بکەین بەشێکین لە دیموکراسی و یاسا دەمانپارێزێت.
 
رووداو: باسی کۆچبەریت کرد. ئەوانە دەڵێن، ئەگەر چانس بدەینە شەرع، کۆچبەری کەمتر دێنە ئەورووپا. رەنگە ئەوان راست بکەن!
 
عەبیر ئەلسەهلانی: تەنیا ئەوە نییە.
 
رووداو: ئەوان دەڵێن، سەقامگیری لە سووریا هاتنی کۆچبەری کەمتری بەدواوەیە..
 
عەبیر ئەلسەهلانی: ئەوان هەر بیر لە رێگەگرتن لە کۆچبەران ناکەنەوە، بەڵکو بیر لە دامەزراندنی سەنتەرەکانی کۆچبەرانیش دەکەنەوە لە سووریا، بۆئەوەی لێرەوە خەڵک بۆ ئەوێ دیپۆرت بکەنەوە.
 
رووداو: مەبەستت زۆنێکی کۆچبەرییە لە سووریا؟
 
عەبیر ئەلسەهلانی: بەڵێ.. هەستدەکەم ئەوە ئەو کارەساتەیە کە ئەوپەڕی راستئاژۆکانی ئەورووپا تێیدان. دەبێت زۆر زۆر ئاگاداری ئەوە بین، لەوەی کە ئەوپەڕی راستئاژۆکان ئاوا بیردەکەنەوە. پێیان خۆشە یارمەتیی تیرۆریستێکی پێشوو بدەن، نەک یارمەتیی دروستکردنی دیموکراسییەکی راستەقینە بدەن.
 
رووداو: با بگەڕێینەوە بۆ رەگ و ریشەی تۆ. باسی بەسرە بکەین. بێگومان شارێکی جوانە. مێژوویەکی زۆر دەوڵەمەندی هەیە. من کەمێکیش مێژووی ماڵباتەکەت دەزانم. خەباتکارانی راستەقینە بوون بۆ ئازادی و لە دژی دیکتاتۆری. لە تەنیشت ئەوەوە ئێوە لە ئەورووپاش خەبات دەکەن بۆ مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان. ئەمە یەکەمجاریش نییە پشتیوانی لە دۆزی کورد دەکەیت لەنێو پەرلەمان و لە دەرەوەش. ئەوەی ئێستا دەیکەی هیچ پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە لە بەسرەوە هاتووی یان زۆرترە لەوە؟
 
عەبیر ئەلسەهلانی: نا نا، رەنگە تەنیا بەسرە نەبێت، بەڵام ئەو راستییەی کە..
 
رووداو: مەبەستم لە باکگراوندە سیاسییەکەی ئەوێتە..
 
عەبیر ئەلسەهلانی: بێگومان.. باوکم و مامەکانم و دایکیشمە. لەبیرمە کاتێک تەمەنم چوار ساڵان بوو، دایک و باوکم بۆ یەکەمجار جلوبەرگی ناوچەیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان بۆ کڕیبووم. ئەو جلانە کوردی بوون. خۆت دەزانی ئێمە عەرەبین و هیچ باکگراوندێکی کوردیمان نەبوو. هەروەها خەباتی کورد بۆ مافی چارەنووس هەمیشە یەکێک بوو لەو مژارانەی لەنێو ماڵی ئێمە لەسەر مێزی نانی ئێوارە گەنگەشە دەکرا. ئەوە هەمیشە بەشێک بووە لە مێژووی من، هەروەها ئێستاش، چونکە من لەگەڵ هاوژینە کوردەکەم هاوسەرگیریم کردووە. خەڵکی دهۆکە. منداڵەکانیشم نیوە کوردن. بۆیە پێشتر پشتیوانی لە کورد بۆ من شەڕی بیروباوەڕ بوو، چونکە بەڕاستی بڕوام بەوە هەیە کە دەبێت خەڵک مافی بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان هەبێت. ئێستا بووەتە شەڕێکی شەخسیش، چونکە منداڵەکانم نیوە کوردن و هاوژینەکەم کوردە. واتە ماڵباتەکەشم کوردن. جگە لەوە مەسەلەیەکی سیمبولیشە. کورد هەمیشە ئەوە سیمبولیزە دەکەن کە چۆن لە سەردەمی کۆڵۆنیالیزمەوە تاوەکو مێژووی نوێ مامەڵەیان بەرامبەر کراوە. هەروەها چۆنیش لەبیرکردنیان قەدەری ئەوانی دیاریکردووە. ئەوەش کە چۆن دەکرێت لەلایەن ئەورووپی و سپی پێستەکانەوە لەبیر بکرێن یان بەکاربهێندرێن بۆ ئامانجەکانیان.
 
رووداو: خانم ئەلسەهلانی، زۆر سوپاس بۆ ئەم گفتوگۆیە. سوپاسیش بۆ پشتیوانیت لە کوردستان. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە