رووداو دیجیتاڵ
مارلن ستوتزمان، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن، تیشک دەخاتە سەر دۆخی سووریا دوای رووخانی رژێمی ئەسەد و هاتنە سەرکاری دەسەڵاتی نوێ بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع.
ستوتزمان ئاشکرای دەکات، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا داوای پارە و هێزی سەربازی لە ئەمریکا ناکات، بەڵکو تەنیا داوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی دەکات و گوتوویەتی، "ئێمە دەمانەوێت وڵاتی خۆمان بنیات بنێینەوە."
کۆنگرێسمان مارلن ستوتزمان رۆژی 03-12-2025 لە نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن هەڤپەیڤینی لەگەڵ کرا، تێیدا باسی وردەکاریی سەردانەکەی ئەحمەد شەرع بۆ واشنتن و دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی، پێویستە دەرفەت بە حکومەتی نوێی سووریا بدرێت بۆئەوەی وڵاتەکە بەرەو دیموکراسی ببات.
هەروەها ئەو کۆنگرێسمانە جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە حکومەتی داهاتووی سووریا هەمەلایەن بێت و مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، لەنێویاندا کورد، کریستیان و درووزەکان بپارێزێت؛ ئازادیی ئایینی بە بەشێکی سەرەکیی سەرکەوتنی ئەو وڵاتە دادەنێت. هەروەها دەڵێت، دەبێت شەرع وشەی عەرەبی لە ناوی کۆماری سووریا بکاتەوە، چونکە "ئەو ناوەی کە تۆ خۆتی پێ ناودەنێیت، نیشانی دەدات کە تۆ کێیت."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مارلن ستوتزمان، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا:
رووداو: مانگێک دەبێت سەرۆک ترەمپ میوانداری ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریای بۆ قۆناخی راگوزەر لە کۆشکی سپی کردووە. کۆبوونەوەکە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و سووریای داڕشتەوە و قۆناخێکی نوێی دیپلۆماسی کردەوە. لە کاتێکدا هەردوو حکومەت باس لە گۆڕانکارییەکە دەکەن، خەڵکی نێو سووریا باس لەوە دەکەن کە ئەو گۆڕانکارییانە چ واتایەکیان بۆ کۆمەڵگەی ئاڵۆزی ئەوێ هەیە، بەتایبەتی بۆ کۆمەڵگەکانی وەک کورد، عەلەوی، دروزەکان و کریستیانەکان. ئەوان بەردەوام لەبارەی چاکسازیی سیاسی، ناناوەندێتی و ئاشتبوونەوەی نیشتمانی پرسیار دەکەن کە تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراون. داهاتووی ئەم کۆمەڵگەیانەش کۆڵەگەی سەقامگیریی سووریا دەبێت. ئەمڕۆ لە ستۆدیۆکەمان لە واشنتن دی سی میوانداری مارلن ستوتزمان، ئەندامی کۆنگرێس دەکەین. زۆر سوپاس جەنابی ئەندامی کۆنگرێس کە ئەمڕۆ لەگەڵمانی.
مارلن ستوتزمان: سوپاس دیار، دڵخۆشم لەگەڵتانم.
رووداو: ئێوە چوونەتە سووریا، بەڵام بە سەردانی سەرۆکی سووریا بۆ واشنتن دەستپێدەکەم. نزیکەی مانگێک دەبێ سەرۆک ترەمپ میوانداری سەرۆکی سووریای کردووە. ئاراستەی جووڵەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و سووریا چۆن پێناسە دەکەن؟
مارلن ستوتزمان: بەخێرایی دەڕوات. کەمتر لە ساڵێک یان کەمێک زیاتر لە ساڵێک تێپەڕیوە بەسەر رووخانی رژێمی ئەسەد لە سووریا و هەڵاتنی بۆ رووسیا و، ئەو راستییەی کە شەرع لە سووریا دەسەڵاتی گرتووەتە دەست. یەکێک لەو شتانەی کە دەڵێم لەم دۆخەدا باشە ئەوەیە کە بە دەگمەن تەقەیەک کرا، مەبەستم ئەوەیە شەڕێکی نێوخۆیی گەورە لەنێوان دەستەی تەحریری شام و حکومەتی ئەسەد رووینەدا. بۆیە پێموایە ژیانی خەڵکێکی زۆر پارێزرا. ئێستا حکومەتی سووریا دەرفەتی هەیە وڵاتەکە بنیاد بنێتەوە، ئەمەش بەڕاستی دەکەوێتە سەر سەرکردایەتیی شەرع. ئایا باوەش بۆ هەموو دانیشتووانی سووریا دەکاتەوە یان باوەش بۆ پێکهاتەیەکی دیاریکراو دەکاتەوە؟ دەزانن دابەشبوون هەمیشە ململانێی لێدەکەوێتەوە. بۆیە هیوای من ئەوەیە شەرع رێچکەیەک بگرێتەبەر کە هەموو پێکهاتەکان و هەموو خەڵکی سووریا لەخۆبگرێت. سووریا مێژوویەکی مەزنی هەیە. چیرۆکێکی هەیە کە زۆر کەس حەزدەکەن بیگێڕنەوە، بەڵام لە هەمان کاتیش دا ململانێی ئەو وڵاتە بەهۆی رژێمی ئەسەدەوە وڵاتێکی دروستکردووە کە پێویستییەکی زۆری بە ئاوەدانکردنەوەیە. کاولکارییەکی زۆر لەو وڵاتە هەیە و هەربۆیە سەرۆک شەرع دەرفەتێکی گەورەی هەیە و منیش هانیدەدەم، چونکە خەڵکی سووریا بەڕاستی لە شەڕ ماندووبوون و خۆشگوزەرانییان دەوێت.
رووداو: کۆنگرێسمان، ئێوە چوونەتە سووریا و گوتتان نزیکەی ساڵێک بەسەر رووداوەکان تێپەڕیوە. پێموانییە کە ئێستا زۆر زووبێت ئەگەر هەڵسەنگاندنێک بۆ دۆخی سووریا بکەین. تاوەکو ئێستا چ هەنگاوێکی کۆنکرێتیان بینیوە لە سووریا کە دەرخەری چاکسازی و گۆڕانکاریی راستەقینە بێت لەو وڵاتەدا؟
مارلن ستوتزمان: ئەوە پرسیارێکی باشە. ئەوەی هەر لە سەرەتاوە گوتوومە ئەوەیە کە ئێمە زیاتر چاودێریی کردارەکانی سەرۆک شەرع دەکەین، نەک قسەکانی. پێموایە لە کاتێکدا کوشتار لە ناوچە کەناراوییەکان و لە سوەیدا هەبووە، تەقوتۆق لە حمس و بەشەکانی دیکەی وڵات هەبووە، بەڵام ئەوەش تێدەگەم کە کەمێک کاتی دەوێ بۆ ئەوەی حکومەت پێکبێنێت. ئەو لە چەندین لاوە گوشاری لەسەرە. تووندئاژۆکان گوشاری لەسەر دەکەن و ئەویش هەوڵی خۆی دەدات. کاتێک لە مانگی نیسانی رابردوودا لەگەڵی کۆبوومەوە، یەکێک لەو شتانەی لێم وەرگرت و هەستم کرد زۆر ئومێدبەخش بوو، ئەوەبوو کە پێیگوتم حەزی لە گفتوگۆ نییە لەگەڵ چینییەکان. گرێبەستێک لەسەر مێزەکەی بوو کە لەلایەن رووسەکانەوە هاتبوو، بەڵام بەڕاستی دەیویست لەگەڵ رۆژئاوا قسە بکات، دەیویست لەگەڵ سەرۆک ترەمپ قسە بکات. ئینجا بۆیە شازادە سەلمان لە سعودیە کۆبوونەوەکەی بۆ ئەو دووانە رێکخست، بۆ ئەوەی سەرۆک ترەمپ و سەرۆک شەرع لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەکدی ببینن، کاتێک سەرۆک ترەمپ سەردانی ئەوێی کرد لە سەرەتای ئەم ساڵ دا. ئەوان دەرفەتیان هەبوو سڵاو لە یەکدی بکەن. ئەو راستییەی کە سەرۆک شەرع هات بۆ ئەمریکا بۆ سەردان و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان، زۆر شتم پێدەڵێت. مەبەستم ئەوەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوانەی لە سووریا دەڵێن "مەرگ بۆ ئەمریکا" ، ئەوان سەرۆک شەرع دەخەنە دۆخێکی زۆر سەختەوە. بۆیە سەرۆک شەرع بەدڵنیاییەوە لای ئەمریکای گرتووە و ئامادەیە لەگەڵ ئەمریکا کار بکات. ئێمە چاوەڕوانییمان هەیە. ئازادیی ئایینی یەکێکە لەو شتانەی هەست دەکەم زۆر گرنگە. دەبێت حکومەتی سووریا رێز لە هەموو ئایینەکان بگرێت لە سووریا. دەبێت رێز لە تاک بگرێت. دەبێت رێز لە کەلەپوور و مێژوو بگرێ و خەڵک لە دەوری یەک کۆبکاتەوە، لەجیاتی ئەوەی باوەش بۆ پێکهاتەیەکی دیاریکراو بکاتەوە.
رووداو: دواتر دێمە سەر باسی ئازادییە ئایینییەکان و ئازادی پێکهاتەکان. بەڵام شەرع سەردانی مۆسکۆیشی کردووە؟
مارلن ستوتزمان: راستە.
رووداو: کەواتە چی لە سەردانەکەی دەخوێنیتەوە؟
مارلن ستوتزمان: بەدڵنیاییەوە ئەو زۆر سەردانی وڵاتانی جیهان دەکات. هەڵسەنگاندنی من ئەوەیە کە هێشتا کاری ناتەواوبوو لەگەڵ رووسیا هەیە. دیارە کە ئەسەد لە رووسیایە. گومانی من ئەوەیە کە دەکرێ لەبارەی ئەسەد قسەیان کردبێت. من لێرە لە واشنتن دی سی لەگەڵ شەرع نانی ئێوارەم خوارد و بۆچوونم ئەوەیە کە سووریا نابێ زۆر لەبارەی ئەسەد نیگەران بێت. سووریاییەکان دەستیان کردووە بە سەرنج خستنە سەر ئاوەدانکردنەوەی سووریا و گوتەکانی شەرعیش هەر بەوجۆرە بوون کە دادپەروەردی لەکاتی خۆیدا رێگەی خۆی دەگرێتەبەر، لەو بابەتەی کە پەیوەندی بە ئەسەدەوە هەیە و ئەوەی ئەسەد بەرامبەر خەڵکی سووریای کردووە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پێموایە ئەم دۆخە زۆر هەستیارە و دەکرێ بە هەر ئاراستەیەکدا بڕوات، ئەوەش پشت بەوە دەبەستێت کە چی روودەدات. پێموایە شەرع کەسێکی خاکییە و ئامادەبووە گوێبگرێ و ئامادەش بووە گفتوگۆی زەحمەتی هەبێ. ئەگەر کەسێکیش هەبێ چاوەڕوانییەکی زۆری هەبێ، ئەوە سەرۆک ترەمپە. سەرۆک ترەمپ بەهێزترن دانوستاندنکارە و بەهێزترین دیپلۆماتە کە ئەمریکا لە سەردەمی رۆناڵد ریگنەوە هەیبووبێ. هەربۆیە لەوباوەڕدام کە سەرۆک ترەمپ ئەو دیدگە و هەستەی هەیە کە بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ سەرۆک شەرع بکات، ئەگەر دۆخەکە خراپ بێت.
رووداو: ئەمریکا بە دڵێکی کراوەوە لە سووریا دەڕوانێت، بەڵام با لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا پرسیار بکەین. ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەو جۆرە لە سووریای دوای ئەسەد دەڕوانێت کە وڵاتێکی یەکگرتوو و یەکپارچەیە؟ ئەگەر بەو جۆرەبێ، ئەمە چ مانایەکی هەیە بۆ پێکهاتەکانی دیکەی سووریا، پێکهاتە ئایینییەکان و خواستی سیاسیی کۆمەڵگە جیاوازەکان لە سووریا؟
مارلن ستوتزمان: بەدڵنیاییەوە. راستییەکەی پێموایە ئەوە دەبێت هەڵوێستی حکومەتی ئەمریکا بێت کە ئێمە دان بە سووریا دادەنێین وەک سووریا. ئەوەی بەلای منەوە سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە سووریا فرەڕەنگییەکی زۆری هەیە و بەوجۆرەش زۆر لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەچێت. ئێمە خەڵکمان لە باکگراوندی جیاوازەوە زۆرە. خەڵک هاتوون بۆ ئەمریکا بۆ "خەونی ئەمریکی". ئینجا پێموایە پێویستە سەرۆک شەرع جەخت لەسەر "خەونی سووری" بکاتەوە و "خەونێکی سووریایی" دروست بکات کە باش بێت بۆ هەموو خەڵک. ئەگەر ئامادەبن بە رژدی کار بکەن، ئەگەر ئامادەبن رێز لە یەکدی بگرن، ئەوا وڵاتەکە دەکرێت بنیاد بنرێتەوە. ئینجا بێگومان بەهۆی ئەو شوێنەی سووریای تێدا هەڵکەوتووە، شوێنێکی ناوازەیە کە لەنێوان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەورووپا و ئاسیادایە، دەکرێ گواستنەوە و ژێرخان بەنێو سووریادا تێپەڕێت و ئەوەش لەڕووی ئابوورییەوە زۆر گەورە دەبێت. گەشتیاری بۆ دیمەشق زۆر گرنگە، کە دەکرێ کریستیانەکان بچن بۆ ئورشەلیم- قودس، بچنە دیمەشق بە گرتنەبەری رێگەی دیمەشق کە نوێژی تێدا خوێندرا. کاریگەریی ئابووریی ئەوەش زۆر مەزن دەبێت. ئینجا بۆیە دەرفەتە ئابوورییەکان لەوێن، بەڵام ئەوە هەمووی بە رێزگرتن لە یەکدی دەست پێدەکات. جارێکی دیکە دەگەڕێمەوە سەر باسی ئازادیی ئایینی کە بەڕاستی بناخەی سەرەکییە بۆ سەرکەوتنی سووریا.
رووداو: پرسیارێک لەبارەی ئازادی ئایینی دەکەم. ئێوە و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکاش دەڵێن، ئەمریکا سەیری کارەکانی حکومەتی سووریا دەکات نەک گوفتارەکانی، بەڵام بینیمان، ئەم حکومەتە کاتییە، دەستوورێکی کاتی دەرکرد، سووریای وەک کۆمارێکی عەرەبی ناساند و تاوەکو ئاستێک گەرەنتیەکی ئەوتۆی مافی نەتەوە و ئایینیەکانی نەدا و تەنانەت هەندێکیشیان مافی خوێندنیان بە زمانی خۆیان نییە. ئێوە ئەمە چۆن دەبینن و چی لێدەخوێننەوە؟ ئەمە ئەو شتانەن کە ئەمریکا چاوەڕێی دەکرد سووریای نوێ هەنگاویان بۆ بنێت؟
مارلن ستوتزمان: دەزانی ئەوە شتێکی گرنگە بۆ من . ئەو ناوەی کە تۆ خۆتی پێ ناودەنێیت، نیشانی دەدات کە تۆ کێیت. پێموایە شتێکی ژیرانە دەبێت بۆ سەرۆک شەرع ئەگەر چاو بە ناوی وڵاتەکەیدا بخشێنێتەوەو پێداچوونەوە بۆ وشەی عەرەبی لەنێو ناوەکەدا بکات. پێموایە دەبێت تەنیا "کۆماری سووریا" بێت. ئینجا دەبێت سەرۆک شەرع بەڕاستی خەڵک لە دەوری یەکدی کۆبکاتەوە، ئیدی ئەگەر کورد بن یان دروز، عەلەوی یان کریستیان یان موسڵمان یان دەشتەکی. مەبەستم ئەوەیە، هەندێک باکگراوندی زەحمەت لەوێ هەن و پەیوەندییەکانیان دژوار بوو، بەڵام پێموایە ئەمە گرنگە. مەبەستم ئەوەیە، ئێمە لە سەدەی بیستویەکدا دەژین. خەڵک دەتوانن بە کەمتر لە 24 کاژێر گەشت بە دەوری جیهان دا بکەن. خەڵک دەتوانن دەستبەجێ پەیوەندی بکەن. ئەگەر سووریا مێژووەکەی قبووڵ بکات و لە هەمان کاتدا تەکنەلۆژیا و توانای بەرهەمهێنان و بنیادنان و گەشتکردنیش قبووڵ بکات، ئەوا هەمووان لە سووریا سوودمەند دەبن. هەروەها پێموایە ئەوەی گرنگە، ئەو سووریاییە ئەمریکییانەن کە لێرە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەژین و ئەزموونی خەونی ئەمریکییان بینیووە. زۆربەی خەڵک لە سووریا خوێندەوارن و دەزانن لێرە دۆخەکە چۆنە. راستە هەمیشە شتێکی خۆش نییە، بەڵام لە هەمان کاتدا، نابێت هەرگیز دەست بۆ کوشتنی یەکدی ببەین. نابێت هەرگیز یەکدی بکوژین لەبەر ئەوەی ناکۆکین. بۆیە پێموایە سووریا توانای ئەوەی هەیە ببێتە وڵاتێکی نایاب لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا.
رووداو: پێموایە سووریا زۆر گوێڕایەڵی ئەمریکایە و پشت بە هاوکاری و پاڵپشتییە سیاسییەکانی ئەمریکاش دەبەستێت. ئێوە دەبینن خاڵێکی ناکۆکی زەق لەنێوان پێکهاتەکانی وەک کورد و دروز و کریستیانەکان و عەلەوییەکان و ئێزدییەکان لەگەڵ حکومەتی سووریا ئەوەیە زۆربەی ئەو پێکهاتانە هەر لەسەرەتاوە داوای سیستمێکی فیدراڵی و ناناوەندی بۆ سووریا دەکەن. ئێوە پێتانوایە سیستمێکی فیدراڵی بۆ سووریا گونجاوە؟
مارلن ستوتزمان: پێموایە دەبێ خەڵکەکە خۆیان بڕیار بدەن کە دەتوانن بە چ شێوەیەک بژین و لە کوێ هەست دەکەن دەنگیان دەبیسترێ. دیارە کە مێژووی سووریا بەوشێوەیە نەبووە، بەڵام بەڕاستی ئاواتەخوازم لە دەوری مێزێک کۆببنەوە و سازش بکەن. نابێ تەنیا باس لەوە بکرێ کە کێ دەبێت چی وەربگرێت. دەبێت باس لە بەخشینیش بکرێت. هەموومان دەتوانین چی ببەخشینە ئەمریکا؟ گوتە بەنێوبانگەکەی جۆن کێنەدی کە گوتی: "مەپرسە وڵاتەکەت دەتوانێت چیت بۆ بکات، بەڵکو بپرسە تۆ دەتوانیت چی بۆ وڵاتەکەت بکەیت". ئەوە دەبێت مۆدێلی سووریا بێت. ئێستا دۆخەکە سەختە، چونکە هەژاری زۆرە. زۆر شت هەن. مەبەستم ئەوەیە، ئەسەد وڵاتەکەی وێرانکرد، بەڵام لاپەڕەیەکی سپیش لە ئارادایە. بۆیە ئەگەر ئەوان لە سووریا هەنگاوی دروست بنێن، دەتوانن خاوەنی نوێترین تەکنەلۆژیا و کشتوکاڵ بن، دەتوانن باڵەخانەی نوێ و وەبەرهێنانیان هەبێت لە وڵاتەکەدا؛ دەتوانن پەیوەندییان هەبێت لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان، لەگەڵ ئیسرائیل، لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی دیکە لە ناوچەکە، لەگەڵ ئەورووپا و ئەوانی دی کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقان. بەهۆی ئەوەی سووریاییەکان هەیانە بەشێوەیەکی سرووشتی، دەکرێ دۆخەکە بێوێنە بێت ئەگەر پێکەوە کاربکەن. بۆیە هەندێک جار دەبێت لە خۆت بپرسیت: ئایا جەنگ ئەوە دەهێنێت؟ بۆچی دەبێت ئەم جەنگە بکەم؟ ئایا دەتوانم رێگەیەک بدۆزمەوە بۆ کارکردن لەگەڵ هاووڵاتییەکانم لەجیاتی ئەوەی رێگە بدەم رابردوو لێکمان جیابکاتەوە؟
رووداو: بەڵام ئێوە دەزانن کە سووریا، ئەمریکا نییە. ئەو دیموکراسییەی لە ئەمریکا هەیە لە سووریا نییە، هەندێکجار هەندێک لەو پێکهاتانە بەو چاوە تەماشا ناکرێن کە بەشێکن لە سووریا و بۆ ئەو وڵاتە تێدەکۆشن. ئێوە دەبینن کە پێکهاتەکانی سووریا وەکو کورد، دروز و کریستیانەکانیش دەڵێن، ئێمە کوردین، دروزین، کریستیانین، بەڵام سووریاییشن. ئێوە پێتانوانییە کە بەهێزکردنی کۆمەڵگە نێوخۆییەکان دەبێتە هەوێنی سەقامگیری زیاتر لە سووریا و یەکگرتوویی سووریاش؟
مارلن ستوتزمان: با یەکەم شت بیرتان بخەمەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان شەڕی نێوخۆیی خۆی هەبووە. ئێمە شەڕێکی نێوخۆییمان هەبوو کەمتر لە 150 ساڵ لەمەوبەر. ناچاربووین بەو دۆخەدا تێپەڕین. ئەوە شەڕی برا دژی برا بوو؛ ئامۆزا دژی ئامۆزا. کاتێکی زۆر تاریک بوو بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەوە راستییەکە کە ئێمە بەنێو شەڕی نێوخۆییدا تێپەڕین. دەزانن ئێرلەندا بەنێو شەڕی نێوخۆییدا تێپەڕی. وڵاتانی زۆر خاوەن شارستانی بەنێو کاتی وێرانکەردا تێپەڕیون. بۆیە ئەوە نییە کە پێشتر نەکرابێت، بەڵام لە خاڵێکدا دەبێت بڵێیت: ئێمە ماندووبووین لە شەڕکردن، با پێکەوە دابنیشین و رێگەیەک بەرەو پێشەوە بدۆزینەوە بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵگەکانمان. لە ئەمریکا ئەفریقی-ئەمریکیمان هەیە، سپی پێستمان هەیە، چینی-ئەمریکیمان هەیە، هەموومان لە ئەڵمانی-ئەمریکییەوە هاتووین. خێزانەکەی من لە ئەڵمانیا و سویسراوە هاتوون، بۆ ئازادی ئایینی هاتوون بۆ ئێرە. بۆیە پێموایە ئەمریکا نموونەیەکی مەزنە. هەر بۆیە باوەڕم وایە کە ئازادی بەشێکی زۆر گرنگە لەمە، رێزگرتن لە یەکدی و دۆزینەوەی چارەسەر لەجیاتی شەڕکردن. مەبەستم ئەوەیە کوشتن وەڵام نییە.
رووداو: ئەی لەوباوەڕەدان ئەگەر مافی پێکهاتەکان و هەموولایەک نەدرێت، هیچ شەڕێک روونادات لە سووریا، چونکە ئێوە لە ئەمریکا وانەتان لە شەڕی نێوخۆیی وەرگرت و هەمیشە ئەو وانەیە بەبیرخۆتان دەهێننەوە و دەزانن لە کوێوە هاتوون، بەڵام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست شەڕی نێوخۆیی زۆر روویداوە، کودەتا و مانەوە لە دەسەڵات شتێکی باوە. هەندێک دێنە سەر دەسەڵات و بەجێیناهڵێن، وەکو چۆن بنەماڵەی بەشار ئەسەد لە سووریا کردیان. پێتوایە سووریا رووبەڕووی شەڕی نێوخۆیی نابێتەوە و وانەیان لە شەڕی نێوخۆیی و گرژییەکان وەرگرتووە؟
مارلن ستوتزمان: مێژوو پێشانیداوین کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دیکتاتۆرەکانی پێ باشترە، بەهۆی هەموو ئەو دابەشبوونانە و هەموو ئەو پێکدادانانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روودەدەن. ئێمە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان گەشەمان کرد بۆ ئەو وڵاتە گەورەیەی کە هەیە، بەڵام هۆکاری ئەوەی ئەمریکا خۆشگوزەرانە ئەوەیە کە ئەمریکا ئازادە و بەلامانەوە ئاساییە کێشەکانمان ببەینە سەر سندووقی دەنگدان. ئێمە گولـلە بەکارناهێنین. ئینجا هەر کاتێک دەستت کرد بە بەکارهێنانی گولـلە، دۆزەخ دروست دەبێت. ئەمە ئەو شتەیە کە بینیومانە و روویداوە. بۆیە دەبێ ئەمە ببێتە عەقڵییەتێک. دەزانم سەختە بڵێین ئەمە دەکرێ زوو رووبدات، چونکە وانییە. تێدەگەم لەو تاوانانەی لە خێزانێکەوە بەرامبەر خێزانێکی دیکە، لە ئایینزایەکەوە بەرامبەر ئایینزایێکی دیکە کراون، بەڵام یەکێک لەو شتانەی سەرۆک شەرع بۆی باسکردم و پێموابوو زۆر قووڵ بوو، ئەوەبوو کە ئاماژەی بەوە کرد پێویستە لێبووردەیی هەبێت. ئینجا پێموایە ئەوە شتێکە زۆر گرنگە بۆ هەموو مرۆڤێک کە هەموومان لە خاڵێکدا لە ژیانماندا لەلایەن کەسێکەوە ئازار دراوین و دەتوانین...
رووداو: ئەو بۆ خۆی نزا دەکات یان خەڵکەکەی و وڵاتەکەی؟
مارلن ستوتزمان: ئەو گوتی پێویستە دادپەروەری هەبێت، بەڵام گوتی پێویستە لێبووردەییش هەبێت. ئینجا ئەوە شتێکە دەبێت هەر یەکێک لە ئێمە وەکو مرۆڤ گرنگی پێبدات. بێگومان مەبەستم ئەوەیە، هەر کاتێک ئەندامێکی خێزانەکەت لەدەستدەدەی بە کوشتن لەلایەن هۆزێکی دیکە یاخود ئایینزایەکی دیکەوە، داوای دادپەروەری دەکەیت. زۆر جار ئێمە تۆڵەمان دەوێت. ئەگەر بتوانین دادپەروەریمان دەستبکەوێت و دواتر لێبووردەیی، ئەوە تاکە رێگەیە بۆ چوون بەرەو پێشەوە، بۆ لێبووردەیی.
رووداو: زۆر باشە، لە چەند مانگی رابردوودا، گفتوگۆی زۆر لە نێوان کورد و حکومەتی دیمەشق کران. ئێوە دەزانن کە کورد دووەم گەورەترین نەتەوەیە لە سووریا، لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە حکومەتێکی خۆجێییان دروستکردووە و وەکو هاوبەشێکی ئەمریکا 12 هەزار شەهیدیان لە شەڕی دژی داعش بەخشی. پێتوانییە نکۆڵیکردن لە خواستی سیاسییان دەبێتە هۆکاری ناسەقامگیری زیاتر لە سووریا؟
مارلن ستوتزمان: بەڵێ، وایە. تاوەکو سووریا زیاتر دابەش بێت، زیاتر ناسەقامگیر دەبێت. دەزانی من بەم دواییانە لە قەتەر بووم، دیارە قەتەر وڵاتێکی زۆر بچووکە، 300 هەزار قەتەری و نزیکەی دوو ملیۆن کەسی دیکە کە لەوێ دەژین، پارەیەکی زۆریان لە گازەوە دەست دەکەوێت و دەتوانن خۆیان بژێنن. وەک دیارە قەتەر وڵاتێکی خاوەن دەسەڵاتێکی تاکڕۆییە. قەتەر کەمێک جیاوازە بەهۆی ئەوەی نیمچە دوورگەیە، بەڵام سووریا بەڕاستی پێویستی بەوەیە یەکگرتووبێت و سەرجەم سەرچاوە سرووشتییەکانی بەکاربێنێت و، دەبێت لەگەڵ یەکدی بەشی بکەن. مەبەستم ئەوەیە، نابێت تەنیا گرووپێک لە خەڵک سوودمەندبن لەسەر حیسابی خەڵکی دیکە. بۆیە ئێمە هەمان ئەم گفتوگۆیانەمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەیە، دڵنیابوونەوە لەوەی ئابووری بۆ هەموو ئەمریکییەکان بێت، دڵنیابوونەوە لەوەی دەرفەت بۆ هەموو ئەمریکییەکان هەیە. پێویست ناکات ئەنجامەکە دیاری بکەیت. حکومەت نابێت ئەنجامەکە دیاری بکات. دەبێت هەر تاکێک بە رژدی کاربکات و ئامانجی ژیانی بەدەستبێنێت. پێموایە ئەمە بۆ کوردیش گرنگە. کورد هاوپەیمانی گەورەی ئەمریکان و دەتوانن کاریگەرییەکی زۆریان هەبێت و هیوادارم سەرۆک شەرع ئەو دەرگایە بکاتەوە بۆ پەیوەندیمان لەگەڵ کورد. دیارە کە ئەوان جەنگاوەری نایابن، هێزێکی نایابن، ئەگەر بتوانن بەشێک بن لە پێکهاتەی سووریا، دەتوانن لە زۆر رووەوە بەرگری لە وڵاتەکە بکەن، بەڵام دەبێت رێگەیەک بدۆزنەوە، ئەمە دەبێت ئەو نەوەیە بێت کە بڵێت: تەواو، با تاوانەکانی رابردوو لەبیر بکەین و رێگەیەک بدۆزینەوە بۆ کارکردن پێکەوە و بۆ ئاشتەوایی.
رووداو: ئەگەر ساڵێک بەر لە ئێستا ئەو پرسیارەم لێکردبان دەتانگوت، کورد تاکە هاوبەشی ئێمەن لە سووریا، بەڵام ئێستا گۆڕاوە. ئێوە داهاتووی پەیوەندی و هاوئاهەنگی نێوان کورد و ئەمریکا چۆن دەبینن، بەتایبەتی کە سزاکان هەڵگیراون و ئەمریکا پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق دروستکردووە؟
مارلن ستوتزمان: بەڵێ، پێموایە ئێمە هەمیشە لەبیرمان دەبێت کە کورد دۆستمان بوون و ئامادەبوون یارمەتیمان بدەن لە شەڕی دژی داعش. ئەوان دۆستی زۆر باشی سەرۆک ترەمپ بوون لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی. بۆچوونی ئەوان زۆر بەهێزە، دەبێت گوێ لە بۆچوونی ئەوانیش بگرین و، بێگومان با گوێ لە رای دروزەکانیش بگرین. با گوێ لە رای کریستیان، موسڵمان و عەلەوییەکان بگرین. مەبەستم ئەوەیە، هەمووان دەبێت دەنگیان هەبێت. لە کاتێکدا هەرگیز بە تەواوی ناکۆک نابین یان بە تەواوی هاوڕا نابین، با لەسەر ئەوە رێکبکەوین کە ئەوان لە سووریادا یەکگرتوو دەبن. سووریا لە هەموو جیهان دا وەک یەکێک لە کۆنترین وڵاتانی جیهان ناسراوە. ئەو مێژووەی لەوێ هەیە دەبێت جێگەی شانازی بێت، نەوەک لێی دووربکەونەوە. زۆر کەس ناچنە سووریا، چونکە نایانەوێت بچنە ناوچەیەکی مەترسیدار، بەهۆی هەموو ئەو شەڕە نێوخۆییانەی کە لەوێ روودەدەن. ئەگەر یەکبگرن، دەتوانن هێزێکی بێوێنە بن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا.
رووداو: کاتێک قسە لەبارەی سووریا دەکەین، دەزانین کە لایەنی دەسەڵاتداری ئێستای سووریا پەیوەندییان بە گرووپە تووندڕۆکانەوە هەبووە، وەک قاعیدە و دواتریش داعش. بە بۆچوونی ئێوە، بوونی سووریایەکی ناوەندی لەژێر حوکمی ئەو کەسانەدا چ کاریگەرییەکی لەسەر داهاتووی سووریا و مافی پێکهاتەکان دەبێت؟
مارلن ستوتزمان: دەبێت شەڕکەرە بیانییەکان، داعش، قاعیدە، رێکخراوە تیرۆریستییەکان نەتوانن بەشێک بن لەوە. مەبەستم ئەوەیە، ئەوە سەرناگرێت. ئەگەر سووریایەکی یەکگرتوو هەبێت و بتوانن جۆرە رێکخراوێکی تیرۆریستی لەنێوبەرن، ئەوە رێگەیەکە بۆ سوود گەیاندن بە وڵاتەکە. مەبەستم ئەوەیە، خۆشگوزەرانی کاتێک دروست دەبێت کە خەڵک یەکگرتووبن. خۆشگوزەرانی ئەو کاتە دروست نابێت کە دابەشبووبن. بۆیە ئەگەر ئەوەیان دەوێت کە بۆ منداڵەکانیان ئەوە لە هەمووی باشترە، ئەگەر ئەوەیان دەوێت کە بۆ نەوەکانیان باشترینە، دەبێت بیر لە داهاتوو بکەنەوە. رابردوو لە سووریا ناشیرینە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانن داهاتوویەکی نوێ بۆ منداڵ و نەوەکانیان دروست بکەن کە دەکرێت ناوازەبێت. حەزدەکەم خێزانەکەم ببەم بۆ سەردانی دیمەشق و سەردانی سووریا، بۆ بینینی ئەو شوێنەی پۆڵ پیاسەی تێدا کرد و ئەو شوێنەی مەسیح پێیدا رۆیشت، هەروەها بۆ بینینی مێژوو و شوێنەوارەکانی رابردوو؛ ئەوە شتێکی بێوێنەیە. ئینجا بۆیە هیوادارم و هانی گەلی سووریا دەدەم کە هەموو ئەمانە لەبەرچاو بگرن، سەرەڕای هەموو جیاوازییەکان رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ پێکەوە کارکردن و یەکدییان خۆش بوێت.
رووداو: هەست بە سەلامەتی دەکەی ئەگەر ئێستا ماڵ و منداڵەکانت ببەیە سووریا یان هێشتا پێویستیت بە دڵنیایی ئەمنی زیاترە؟
مارلن ستوتزمان: بۆ من دیارە وەک ئەندامێکی کۆنگرێس، ئاسایشی تایبەتم دەبێت، بەڵام بۆ خێزانێکی ئاسایی ئەمریکی، پێموایە کاتی دەوێت. ئێمە خەریکین نزیک دەبینەوە لەوە. هەربۆیە گرنگە بۆ سەرۆک شەرع کە ئاسایش بۆ هەموو سوورییایەکان دەستەبەر بکات، چونکە سەیری شارەکانی خۆمان دەکەین لێرە لە ئەمریکا، کاتێک گوێمان لە رووداوی تەقەکردن دەبیت لە شیکاگۆ، یان تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان و ئەو کەسانەی کێشە دروست دەکەن لە شارە گەورەکانمان، دەزانم کەسانێک هەن خۆیان بەدوور دەگرن لە چوون بۆ شارە گەورەکانمان، چونکە هەست بە ئاسایش ناکەن. دەبێت ئاسایش بۆ هەموو کەسێک دابین بکرێت.
رووداو: ئەمریکا چ لایەنێکی سەلامەتی و ئەمنی بە باش دەزانێت تاوەکو دڵنیابێت لەوەی چەکدارە تووندڕۆکانی سووریا دەست بەسەر داهاتووی سووریا و حکومڕانی سووریادا ناگرن؟
مارلن ستوتزمان: پێموایە بەشێک لەوە گەشەی ئابوورییە، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر سزاکان لابدەین. یەکێک لەو شتانەی کە دەبێت بیزانین ئەوەیە سەرۆک شەرع داوای پارە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ناکات، داوای هێزی سەربازی ناکات، بەڵکو تەنیا داوا دەکات سزاکان لابدرێن و گوتی: ئێمە دەمانەوێت وڵاتی خۆمان بنیاتبنێینەوە. سەرۆک شەرع داوای خێر ناکات. ئەمەش کارێکی زۆر بەرزە لەلایەن ئەوەوە. ئینجا دەزانم ملیۆنان دۆلار وەبەرهێنان ئامادەیە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە نێو سووریا، چونکە ئەوانیش باوەڕیان بە وڵاتەکە هەیە. بۆیە پەیامی من بۆ گەلی سووریا ئەوەیە، خەڵکێکی زۆر هەن دەیانەوێت باوەڕ بە سووریا بکەن. ئەوان دەبێت باوەڕیان بە خۆیان هەبێت و رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ پێکەوە کارکردن و پێکەوەژیان بە ئاشتی و تەبایی.
رووداو: ئەمە مانای ئەوەیە کە سووریا ئامادەیە بۆ چاکسازی سیاسی و گەرەنتیکردنی مافی پێکهاتەکان و چارەسەرکردنی پرسی حکومەتی ناناوەندی و ئاشتەوایی گشتی؟
مارلن ستوتزمان: دەبێت وابێت. مەبەستم ئەوەیە دەبێت بتوانن رێگەیەک بدۆزنەوە. تێدەگەم، کاتێک کەمینەیەکی بچووکت هەیە، رەنگە ئەوان دەستەی فەرمانڕەوا یاخود حیزبی فەرمانڕەوا نەبن، بەڵام هەربۆیە هەڵبژاردنەکان گرنگن بۆ ئەوەی هەمووان دەنگیان هەبێت. هەمووان دەبێت بتوانن لەسەر مێزەکە بن و بەشداری بکەن. مەرج نییە هەمووان ئەوەی دەیانەوێ بۆیان بچێتە سەر. هیچ کەس هەمیشە هەموو شتێکی بۆ ناچێتەسەر، بەڵام ئەگەر تەنیا یەک کەس هەموو شتێکی بۆ چووەسەر، ئەوە دیکتاتۆرییە. بۆیە ئەگەر بتوانن رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی دیموکراسی بن لە چوارچێوەی کۆمارێکدا، من ناڵێم دەبێت وەک ویلایەتە یەکگرتووەکان بن، من تەنیا باوەڕ و نیگەرانی و خەمخۆریم بۆ خەڵکەکەیە. نامەوێ ببینم منداڵێک باوکی لەدەستبدات بەهۆی جەنگەوە. نامەوێت ببینم ژنێک بێوەژن کەوتووە، چونکە هاوژینەکەی لە لایەن تیرۆریستەکانەوە کوژراوە. ئاشتی زۆر باشترە لە جەنگ. ئینجا بۆیە جیهان چاوی لە سووریایە و ئەگەر ئەوانیش بتوانن رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیان بە جۆرێک لە سیستمی فیدراڵی کە رێز لە مافەکانی کۆمەڵگە نێوخۆییەکان و ئایینە جیاوازەکانی وڵاتەکە بگرێت، پێموایە ئەوە نایاب دەبێت. ئەگەر پێویست بە جۆرە سیستمێکی دیکە بکات، دەبێت بتوانن دابنیشن و رێگەیەک بدۆزنەوە، بەڵام لە کۆتاییدا دەگەڕێینەوە بۆ بنەما سەرەکییەکانی ئازادی رادەربڕین و ئازادی ئایینی. بەڕاستی باوەڕم وایە ئازادی ئایینی گەورەترین بەشی ئەمەیە.
رووداو: ئەمریکا پێویستە چ پێوەرێکی هەبێت تاوەکو پێوانەی ئەوە بکات و بزانێت سووریا بەرەو وڵاتێکی هەمەلایەن و سەقامگیری سیاسی دەچێت کە مافی پێکهاتەکان تێیدا پارێزراوبێت؛ پێکهاتەی نەتەوەیی و هەروەها ئایینی لە سووریا؟
مارلن ستوتزمان: پێموایە یەکێک لە شتە گرنگەکان ئەوەیە کە دەبێت لەگەڵ رۆژنامەگەری ئازاد دا، روونی هەبێت. دەبێ رۆژنامەڤانان بتوانن لەوێ بن و راپۆرت لەسەر ئەوە بکەن کە دەیبینن و دەیبیستن، نەک تەنیا بۆ وڵاتەکە، بەڵکو بۆ جیهانیش. پێموایە روونی لە حکومەت دا گرنگە. دووبارەی دەکەمەوە، هەندێک جار ئێمە کارەکان لەسەر خۆمان قورس دەکەین. تێدەگەم حوکمڕانی سەختە، پرۆسەیەکی ئاسان نییە، بەڵام بوونی زۆرترین روونی گرنگە. پێموایە ئەو راستییەی کە سەرۆک شەرع گەشت دەکات و سەردانی سەرکردەکانی دیکەی جیهان دەکات، پێشانیدەدات کە ئەو ئامادەیە و بەدوای هاوبەشیدا دەگەڕێت. کاتێک سەرۆک شەرع گوتی دەیەوێت لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان قسە بکات، هەستم کرد ئەوە ئاماژەیەکی زۆر گەورەیە کە ئەگەر بتوانین هاوبەشیمان هەبێت، ئەگەر بتوانین پەیوەندیمان هەبێت، باوەڕم وایە بەهاکان لە ئەمریکا، هەرچەندە هەندێک جار سەخت و ئاڵۆزن لەگەڵ ئازادی دا، هەندێک جار باجێک هەیە کە لەگەڵ ئازادی دا دەدرێت، باجێک هەیە لەگەڵ ئازادی دا دێت و هەمیشە بەو پاک و خاوێنییە دەرناکەوێ کە ئێمە دەمانەوێت دەربکەوێت،بەڵام لە دوور مەودادا، باوەڕم وایە سووریاییەکان ئەگەر بتوانن رێگەیەک بەرەو پێشەوە بدۆزنەوە بە جۆرە سیستمێک کە بۆ هەمووان گونجاوبێت، بەڵام دەبێت سووریای یەکگرتووبێت و بتوانن ئاڵای سووریا بەرز بکەنەوە، ئەوە ئەو شتەیە کە بەڕاستی یارمەتییان دەدات سەرکەون.
رووداو: گوتم دوا پرسیار دەکەم، بەڵام ئەو پرسیارەشی بۆ زیاد دەکەم. ئێوە بەلاتانەوە چۆن دەبوو، ئەگەر ئەحمەد شەرع بهاتبایە واشنتن یان بچووایەتە وڵاتانی دیکە بە شاندێک کە کورد، کریستیان، دروز و پێکهاتەکانی دیکەی لەگەڵ بووایە. ئەمە کاریگەرتر نەدەبوو؟
مارلن ستوتزمان: دەتوانم هەمان شت لەسەر سەرۆکەکەی خۆمان بڵێم. سەرۆکەکەمان بە تەنیا چوو بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. مەبەستم ئەوەیە شاندێکی لە هەموو وڵاتەکەوە لەگەڵ نەبوو.
رووداو: بەڵام ئەو (دۆناڵد ترەمپ) لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراوە، نەک خۆی وەک سەرۆک ناساندبێ.
مارلن ستوتزمان: بەڵێ، ئەوە خاڵێکی دروستە، ئەوە راستە، بەڵام پێموایە سەرۆک شەرع حکومەتەکەی دادەمەزرێنێت. ئەو سەرۆکە، هەرچەندە لەلایەن هەموو خەڵکەوە هەڵنەبژێردراوە. راستە، بەڵام ئەو دەیەوێت هەڵبژاردن لە پێنج ساڵی داهاتوودا بکات. لێم پرسی: "بۆچی پێنج ساڵ؟" گوتی: "چونکە کاتی دەوێ تاوەکو پەنابەرەکان دەگەڕێنەوە و نیشتەجێ دەبنەوە". گوتی: "تەماشای جۆبا بکە، جۆبا بە تەواوی وێران بووە". خەڵک دەبێت وڵاتەکەیان بنیاد بنێنەوە. بۆیە ئەگەر بتوانێت بەڕاستی پەیڕەوی ئەوە بکات کە دەیڵێت و دەخوازێت پێیبگات، هەروەها ئەگەر توانای ئەوە بداتە خەڵک وڵاتەکەیان بنیاد بنێنەوە تاوەکو کاتی هەڵبژاردنەکان، من ئامادەم ئەو دەرفەتەی پێبدەم. پێموایە ئەوە گرنگە. پێموایە سەرۆک ترەمپ دەرفەتی پێدەدات. زۆر لە ئێمە لە کۆنگرێس دەمانەوێ دەرفەتی پێبدەین بۆ ئەوەی حکومەتێک دابمەزرێنێت کە بەرەو پرۆسەی دیموکراسی بڕوات، بەڵام لەو ماوەیەدا تەنیا بە لابردنی سزاکان توانای ئەوە دروست دەبێت کە خەڵک وڵاتەکەیان بنیات بنێنەوە. ئێستا ناتوانیت کرێدت کارد لە سووریا بەکاربێنیت. هەمووی پارەی کاشە و مامەڵەکردنە لە شەقامەکان. کوڕانی گەنج لەسەر شەقامەکان بە کاش بەنزین دەکڕن و دەیکەنە ئۆتۆمبێلەکانەوە. سیستمێکی ئابووری باشیان نییە. دووبارەی دەکەمەوە، من ئەسەد بە هۆکاری ئەوە دەزانم. شەرع کارێکی گەورەی لەپێشە، کارێکی گەورە بۆ 25 ملیۆن کەس و ملیۆنان کەسی دیکە کە رەنگە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکە. ئەوە کارێکی زۆرە بۆ هەمووان. ئینجا ئەگەر ئەمە بە دروستی دابەش بکات و خەڵک دڵسۆزبن و پێکەوە کار بکەن، پێموایە دەتوانێت سەرکەوتووبێت.
رووداو: زۆر سوپاس کۆنگرێسمان بۆ ئەم دەرفەتە.
مارلن ستوتزمان: زۆر سوپاس، دڵخۆش بووم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ