نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا بۆ سووریا بۆ رووداو: لە نزیکترین کاتدا سەردانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکەم

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
میخائیل ئۆنماخت، نوێنەری تایبەتی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سووریا
میخائیل ئۆنماخت، نوێنەری تایبەتی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سووریا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

میخائیل ئۆنماخت، نوێنەری تایبەتی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سووریا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند هێشتا داعش هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر سووریا، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر دەستوورێکی نوێ دەبێت رەنگدانەوەی ویستی هەموو پێکهاتەکان بێت و زمان و کولتووری کوردی بە سامانێکی نیشتمانی وەسف دەکات.
 
داعش هێشتا هەڕەشەیە
 
لەبارەی دۆخی ئەمنی و مەترسییەکانی تیرۆر، ئۆنماخت ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای گۆڕانکارییەکان، هێشتا رێکخراوی داعش وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سووریا و ناوچەکە ماوەتەوە، ناوبراو گوتی "بەدڵنیاییەوە داعش هێشتا مەترسییە، هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەم دواییەی سەر کەنیسەیەک لە دیمەشق بەڵگەی ئەوەیە، زەحمەتە بە وردی قەبارەی مەترسییەکان بزانین، بەڵام گرنگە ئێمە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە هێزەوە کار بکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی."
 
گەڕانەوەی پەنابەران، مافێکی ئارەزوومەندانە
 
سەبارەت بە پرسی گەڕانەوەی پەنابەران کە یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی وڵاتانی ئەورووپا، نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا روونیکردەوە کە گەڕانەوە مافێکی بنچینەیی هەر هاووڵاتییەکە، بەڵام دەبێت "ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانە" بێت.
ئۆنماخت گوتیشی"زیاتر لە سێ ملیۆن پەنابەر و ئاوارە گەڕاونەتەوە، بەڵام هێشتا بەربەست هەن وەک نەبوونی سەقامگیری و قەیرانی ئابووری و خزمەتگوزاری، ئێمە لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران کار دەکەین بۆ رەخساندنی زەمینەیەک کە گەڕانەوەیەکی شکۆمەندانە مسۆگەر بکات."
 
دەستوور و مافی کورد
 
دەربارەی مافی کورد و دەستووری داهاتووی سووریا، میخائیل ئۆنماخت رایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا دەستوەرناداتە وردەکاریی گفتوگۆ نێوخۆییەکان، بەڵام پرەنسیپێکی نەگۆڕیان هەیە ئەویش ئەوەیە کە "دەستووری هەموو وڵاتێک دەبێت دەربڕی ویست و ئیرادەی هەموو پێکهاتەکانی گەل بێت."
 
سەبارەت بە خوێندن بە زمانی کوردی، دەڵێت "زمان و کولتوور سامانن و دەوڵەت دەتوانێت سوودیان لێ ببینێت، لە ئەورووپا فرەیی زمانی هەیە و ئێمە شانازی پێوە دەکەین، مافە کولتوورییەکان بەشێکی دانەبڕاون لە مافەکانی مرۆڤ."
 
ئۆنماخت ئاشکراشیکرد ئاگاداری بوونی گفتوگۆی جددییە لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتی لە دیمەشق و بە پێویستی دەزانێت لایەنەکان گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر بکەن.
 
سیستمی حوکمڕانی و کۆنفرانسی دیالۆگ
 
سەبارەت بە داواکارییەکان بۆ سیستمی فیدراڵی یان لامەرکەزی، ئۆنماخت ئاماژەی بەوە دا کە دیاریکردنی شێوازی حوکمڕانی کاری یەکێتیی ئەورووپا نییە، بەڵکو دەبێت دەرەنجامی گفتوگۆی سووری-سووری بێت.
 
لەبارەی کۆنفرانسی 'رۆژی گفتوگۆ' کە لە دیمەشق بەڕێوەچوو، گوتی "سیمبولی جوان لەو کۆنفرانسەدا هەبوو، بۆ نموونە وەرگێڕان بۆ زمانی کوردیش هەبوو بۆ هەموو گفتوگۆکان، ئەمەش داننان بوو بە فرەیی سووریا."
 
سەردانی رۆژئاوای کوردستان (باکووری رۆژهەڵاتی سووریا)
 
لە کۆتایی هەڤپەیڤینەکەدا، نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا دڵنیایی دا کە یەکێتییەکە هیچ جیاکارییەک لە دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لەنێوان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت و ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵات (رۆژئاوای کوردستان) ناکات، لە وەڵامی پرسیاری رووداو دەربارەی کاتی سەردانیکردنی بۆ ناوچە کوردییەکان، ئۆنماخت گوت: "جیاکاریمان نییە بەرامبەر ناوچەکانی سووریا و لە نزیکترین کاتدا سەردانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکەم."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ میخائیل ئۆنماخت، نوێنەری تایبەتی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سووریا:

رووداو: سڵاوتان لێ بێ بۆ ئەم هەڤپەیڤینە تایبەتە لەگەڵ نێردەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سووریا، بەڕێز میخائیل ئۆنماخت، دیدارمان لە کاتێکدایە سووریا گۆڕانکاریی سیاسی و مرۆیی ئاڵۆزی تێدایە ، تێیدا پێویستیی بەهێزکردنی گفتوگۆ لەنێوان هەموو لایەن و پێکهاتەکان، لەگەڵ رۆڵی یەکێتیی ئەورووپا لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی سیاسی بەپێی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان لە خۆدەگرێت، گفتوگۆ دەکەین لەسەر هەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی بە دۆسیە هەستیارەکانی وەکو گەڕانەوەی پەنابەران، ئاوەدانکردنەوە، مەترسیی داعش، پرسەکانی ژنان، هەروەها پرسی کورد لە سووریا و دۆسیەی باکووری رۆژهەڵاتی  سووریا، بەڕێز میخائیل سڵاو، دووبارە سوپاس بۆ تۆ.
 
میخائیل ئۆنماخت: بەخێربێن، سڵاو لە ئێوەش.
 
رووداو: سوپاس بەڕێز میخائیل، پرسی کۆچبەران و پەنابەران لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا یەکێکە لە پرسە گەورەکان، ئێوە خۆتان لێرەن، ئایا بەڕاستی پێتانوایە دۆخی سووریا گونجاوە بۆ گەڕانەوەی پەنابەران؟
 
میخائیل ئۆنماخت: یەکەم شت گەڕانەوەی پەنابەران بە مافێکی بنچینەیی هەر کەسێکە، ئێمە لە یەکێتیی ئەورووپا، بە هاوکاری لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) و رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، جەخت لەوە دەکەینەوە گرنگە ئەم گەڕانەوەیە ئارەزوومەندانە بێ، ئەمەش بڕیارێکی کەسییە و دەگەڕێتەوە بۆ خودی پەنابەرەکە، بەڵام دەبێت گەڕانەوەکە شکۆمەندانەش بێت، لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا بەربەست هەن وەکو نەبوونی سەقامگیری و قەیرانی ئابووری  ئێمە بینیمان زۆرێک لە پەنابەران یان ئاوارەکان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، وەکو ئاماژەشم پێ دا، ئەمە بە مافی هەموو کەسێکی دەزانین، بەڵام دەستەبەرکردنی بارودۆخی گونجاویش گرنگە، یەکێتیی ئەورووپا دەیەوێت لەگەڵ دەسەڵاتداران و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کار بکات بۆ دروستکردنی کەشێک بتوانرێت رێگە بە گەڕانەوەیەکی شکۆمەندانە و ئارەزوومەندانە دەدات.
 
رووداو: بەڕێز میخائیل، ئایا دۆخی ئێستای سووریا تا ئەو ئاستە گونجاوە بڕیارێکی یەکێتی ئەورووپا دەربچێت بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران ؟
 
میخائیل ئۆنماخت: نەخێر، پێموانییە ئێمە هەڵوێستی خۆمانمان لەوبارەیەوە گۆڕیبێت، گەڕانەوە دەبێت شکۆمەندانە بێت و بارودۆخەکە گونجاو بێ،وەک بینیمان، زیاتر لە 3 ملیۆن پەنابەر و ئاوارە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان، بەڵام ئاگاداری ئەوەین بەربەست و کێشە هەن، بۆ نموونە لە کەرتی خزمەتگوزاری یان پەروەردە و قوتابخانەکان،گرنگترین شت ئەوەیە دەرفەت بۆ ئەو بژاردە کەسییە بەردەست بێت.
 
رووداو: ئایا هێشتا هەوڵەکانی یەکێتیی ئەورووپا تەنیا لە چوارچێوەی هاوکارییە مرۆییەکاندایە، یان چووەتە قۆناخی بنیاتنانەوەی ژێرخان و ئاوەدانکردنەوەی سووریا؟
 
میخائیل ئۆنماخت: ئەمە ئامانجە گەورەکەیە، بەمدواییە لە کۆنفرانسی "رۆژی دیالۆگ" بەشداربووین کە بۆ یەکەمجار لە سووریا بەڕێوەچوو،  ئێمە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا، وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەران و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کارمان دەکرد، زۆر گفتوگۆمان کرد و ئەمە یەکێک بوو لە بابەتە سەرەکییەکان.. سەرەڕای ئەوەش، بێگومان پێویستمان بەوەیە دەست بەو گۆڕانکارییە بکەین لە تەنیا هاوکاریی مرۆییەوە بۆ بووژانەوەی زوو، هەروەها بووژانەوەی ئابووری، ئەمەش ئامانجێکی هاوبەشی هەمووانە، بەڵام ئێستا، هێشتا پێویستییەکی زۆر بە هاوکاریی مرۆیی هەیە و نابێت ئەوە لەبیر بکەین.
 
رووداو: ئایا هێشتا رێکخراوی داعش بە مەترسی دەزانن بۆ سەر سووریا و ناوچەکە؟
 
میخائیل ئۆنماخت: بەدڵنیاییەوە، ئەمە شتێکی نوێ نییە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ماوە ،چەندین پێکهاتەرۆڵیان هەیە لەوبارەوە، یەکەم شت ئێمە چاودێریی چوونی سووریا دەکەین بەم هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەوە بۆ شەڕی دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی،، پێمانوایە مەترسی رێکخراوەکە هێشتا ماوە، بێگومان زەحمەتە بە وردی قەبارەی مەترسییەکان بزانین، بەڵام گرنگە ئێمە لە یەکێتیی ئەورووپا و لایەنی  دیکەش بە هێزەوە کار بکەین و هەموو هەوڵێک لەوبارەوە بدەین، تەنیا لە بەرژەوەندیی ئێمە نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندیی گەلی سووریایە لە هەر شوێنێک بن، بەم شێوەیەش بە رۆڵی هەندێک هێز لە  رابردوودا لەوبارەوە دەزانین، ئێمە هێرشە تیرۆریستییەکەی مانگی حوزەیرانمان بینی دژی کەنیسەی مار ئەلیاس لە دیمەشق، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر مەترسیی رێکخراوی داعش کە خەڵکێکی زۆری بێتاوانی بێ هیچ هۆکارێک کوشت، بۆیە جارێکی دیکە بینیمان ئەو مەترسییە تا ئێستاش هەیە.
 
رووداو: کورد و درووز و عەلەوییەکان راگەیاندنی دەستووریی دەسەڵاتی کاتییان لە سووریا رەتکردەوە، تێبینیی ئێوە چییە لەسەر راگەیاندنی ئەم دەستوورە؟
 
میخائیل ئۆنماخت: بینیم کۆنگرەی کوردی هەڵوێستی هەبوو لەسەر ئەوە، نازانم ئایا دەتوانین بڵێین عەلەوییەکان و درووزەکان رەتیان کردووەتەوە یان نا، بەڵام یەکێتیی ئەورووپا دەست وەرناداتە ئەو گفتوگۆ سووری-سووری و نێوان پێکهاتەکان، بەڵام دەستووری هەر وڵاتێک دەبێت رەنگدانەوەی ئیرادەی گەل بێت بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، سەبارەت بەوەی ئایا یەکێتیی ئەورووپا ئەمە بە گونجاو دەبینێت یان نا؟ پێموایە گرنگە هەر دەستوورێک رەنگدانەوەی مافەکانی مرۆڤ و رۆڵی ژن بێت و دەرەنجامی ویستی هەموو گەل بێت، ئێمە لە قۆناخێکی راگوزەرداین، نابێت ئەوە لەبیر بکەین.
 
رووداو: بەڵام تێبینییەک بەڕێز میخائیل، راگەیاندنی ئەم دەستوورە وەکو دەستوورێکی کاتییە بۆ سووریا ،ناسنامەی عەرەبیی بۆ وڵاتەکە هێشتووەتەوە، واتە هیچ مافێکی نەتەوەیی یان کولتووری بۆ کورد تێدا نییە، من پرسیارت لێ دەکەم سەبارەت بە ئەزموونی خۆتان لە نووسینەوەی دەستوورەکان، بە رای تۆ دەبێت دەستوور لە سووریا چۆن بێت؟
 
میخائیل ئۆنماخت: ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ویستی گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە،  ئەمە گرنگە، پێموایە مافەکانی مرۆڤ و مافە کولتوورییەکان بەشێکی گرنگن، ئەگەر بە باشی تێگەیشتبم، رێککەوتنێک لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سووریا لە دیمەشق لە دەی ئادارەوە هەیە، پێویستمان بە جێبەجێکردنیەتی، ئێستا گفتوگۆ و دانوستاندنی جیدی هەیە،    ئەگەر بە باشی تێگەیشتبم  لەوباوەڕەدام هەموو لایەنەکان خەریکی دانوستاندنی جیدین، وەکو گوتم، ئێمە لە قۆناخی راگوزەرداین، هەمیشە گۆڕانکاری دەکرێت، پێشموایە دانوستاندن و گفتوگۆکان لەنێوان هەمووان بەشێکی گرنگە و دەرەنجامەکەی بەپێی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و پرەنسیپەکانی یەکێتیی ئەورووپا دەبینین.
 
رووداو: بەپێی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و پرەنسیپەکانی یەکێتیی ئەورووپا، ئایا پشتیوانی لە مافی کورد لە سووریا دەکەن؟
 
میخائیل ئۆنماخت: پێویستە مافەکانی مرۆڤ بەدی بێن و جیاکاریی رەگەزی نەبێت، من لە راگەیاندن بینیومە و لە دیدارەکانم لەگەڵ هەسەدە و نوێنەرانیان لێرە لە دیمەشق و لەگەڵ حکومەتیش تێگەیشتووم، گفتوگۆ و پێشنیار هەیە سەبارەت بە سیستمەکە و چۆنیەتیی تێکەڵبوون، ئەمە شتێکە ئێمە چاودێریی دەکەین،دەبێت لایەنەکان قسە لەگەڵ خەڵک بکەن.
 
رووداو: من لەبارەی کورد وەکو دووەم گەورەترین نەتەوە لە سووریا پرسیارم کرد دەیانەوێت منداڵەکانیان بە زمانی کوردی بخوێنن، ئایا ئێوە پشتیوانی لەو مافانە دەکەن؟
 
میخائیل ئۆنماخت: ئەمە دەستوەردانی ئەورووپی نییە، چونکە تەنانەت لە ئەورووپاش سیستمی جیاواز هەن لەڕووی زمانەوە، بەڵام پێموایە زمان و کولتوور سامانن، دەوڵەت دەتوانێت سوود لەو سامانە وەربگرێت، بەڵام ئەمە دەبێت دەرەنجامی لێکتێگەیشتنی هەموو پێکهاتەکان بێت، من خەڵکی ئەڵمانیام و دۆخی ئەوێ جیاوازە لە دۆخی فەرەنسا یان وڵاتانی دیکە، بەڵام لە ئەورووپا فرەیی زمانی و کولتووری و شارستانیمان هەیە و ئێمە سوودی لێ دەبینین.
 
رووداو: داواکاریی نێوخۆیی و دەرەکی هەن بۆ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لە سووریا بۆ سیستمێکی ناناوەندی و فیدراڵی، بۆچی یەکێتیی ئەورووپا ئەم بابەتەی نەخستە نێو بابەتەکانی "رۆژی دیالۆگ" لە دیمەشق؟
 
میخائیل ئۆنماخت: "رۆژی دیالۆگ" و خشتەکەی دەرەنجامی هاوئاهەنگی سەرەتایی نێوان ئێمە و کۆمەڵگەی مەدەنی و دەسەڵاتداران بوو، هەروەها دەرەنجامی لێکۆڵینەوەی هەندێک دامەزراوە بوو لەماوەیەکی کەمدا،بژاردەی هەمووان بوو، ئەگەر سەیری بابەتەکانی دیکە بکەن ئەوانیش بابەتی زۆر گرنگن،وەک لە کۆنفرانسەکەدا نووسرا، ئەمە هەنگاوی یەکەمە، و پێموایە گفتوگۆکردن لەسەر سیستمی سیاسی لە داهاتوودا زۆر گرنگە، کاری یەکێتیی ئەورووپا نییە هەڵوێست وەربگرێت؛،لە ئەورووپا وەک گوتم، وڵاتمان هەیە پەیڕەوی سیستمی فیدراڵی دەکەن و هی دیکەش پەیڕەوی سیستمێکی زیاتر ناوەندی دەکەن، بۆیە، دەبێت ئەمە دەرەنجامی گفتوگۆکان بێت، ئێمەش وەک گوتمان، لەبەردەم راگەیاندنێکی دەستووریداین و بەمزووانە ئەنجوومەنی گەل دەبێت، بینیمان رۆڵەکان دیاری کراون و بەمزووانە تەواو دەبێت.
 
رووداو: هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەل ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی  سووریا و سوەیدای نەگرتەوە، واتە ناوچەی کەمینەکان.
 
میخائیل ئۆنماخت: بێگومان، هەموو پێکهاتەکان پێویستیان بە نوێنەرایەتییە، دەبینین دۆخەکە چۆن دەڕوات، ئێمە بەربەستەکانی بەردەم بەدیهێنانی ئەوەمان بینی، لە داهاتوودا ئەوە دەبینین، پێشموایە ئەمەش یەکێک دەبێت لە دەرەنجامەکانی دانوستاندنی نێوان هەسەدە و حکومەت، هەمان شت بۆ سوەیداش، بێگومان دۆخەکە باشتر دەبوو ئەگەر بەشداریکردن لەو پارێزگایانەوە هەبووایە، پێشم وایە هێشتا لەوە تەواو نەبووین.
 
رووداو: تێڕوانینی ئێوە بۆ مافەکانی ژنان لە سووریا دوای رووخانی رژێمی ئەسەد چییە؟
 
میخائیل ئۆنماخت: ئەمە بەشێکی بنچینەییە لە مافەکانی مرۆڤ،ئێمە دژی هەموو جۆرە جیاکارییەکین چ لەسەر بنەمای رەگەز یان ئایین یان نەتەوە بێت، گرنگە مافەکانی مرۆڤ بەدیبێن، ئێمە لە قۆناخێکی سەختداین، بەڵام پێموایە دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە ژن رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت، نەک تەنیا لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا، بەڵکو لە سووریای نوێشدا، لە "رۆژی دیالۆگ"دا جەختمان لەوە کردەوە مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆن، بنەمای نێودەوڵەتیمان لەوبارەیەوە هەیە، منیش هیچ رەتکردنەوەیەک بۆ ئەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە نابینم.
 
رووداو: رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەڵێن لە "ڕۆژی دیالۆگ"دا بایەخی پێویستیان پێ نەدراوە، بۆچی؟
 
میخائیل ئۆنماخت: نازانم، بۆ نموونە بە شێوەیەکی سیمبولی و بە قبووڵکردنی حکوومەتی سووریا، بینیمان وەرگێڕانی بەردەوام بۆ هەموو گفتوگۆکان لە عەرەبی و ئینگلیزییەوە بۆ کوردی هەبوو، لە کوردیشەوە بۆعەرەبی و ئینگلیزی، بە بۆچوونی من "رۆژی دیالۆگ" سیمبولێکی جوان بوو بۆ ئەو فرەییە و رۆڵی باکووری رۆژهەڵاتی  سووریا، ئێمە هیچ جیاکارییەکمان نەکردووە، راستە ژمارەی بەشداربووان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەهۆی پێویستیی لۆجیستی و داراییەوە سنووردار بوو، بەڵام وەک گوتم، ئەمە هەنگاوی یەکەمە و کۆتایی نییە، لە "رۆژی دیالۆگ"ـی داهاتوودا بەشداریکردنی زیاتر دەبینین، هەروەها بەشداریکردن لە سوەیداوە کە بەداخەوە ئامادەبوونیان بۆ نەڕەخسا، پێشموایە بەرپرسیارێتییەکە لەسەر یەک لایەن نەبوو بەڵکو بڕیارێکی کەسیی هەندێک کەسایەتی بوو، پێموایە "رۆژی دیالۆگ" سەرکەوتنێکی گەورە بوو، بەڵام هەمیشە دەکرێت لە داهاتوودا باشتر بێت.
 
رووداو: ئایا یەکێتیی ئەورووپا گرنگی دەدات بە کەمپەکانی خێزانەکانی رێکخراوی داعش کە دەکەونە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات؟
 
میخائیل ئۆنماخت: بێگومان، یەکەم شت لەم دۆسیەیەدا، چاودێریی بەشداریکردنی فەرمیی سووریا دەکەین، باسی دانوستاندنەکانی نێوان هەسەدە  و حکومەتمان کرد بۆ جێبەجێکردن  و بەدیهێنانی رێککەوتنەکان، پێموایە ئەمە بەشێکە لەو بابەتە، بەڵام بەشە مرۆییەکەش هەیە جگە لە بەشە سیاسییەکان، یەکێتیی ئەورووپا لە رێگەی ئاژانسی هاوکارییە مرۆییەکانمانەوە بە هاوکاری لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) یارمەتی دەدات، ئەمە بەشێکە لە بەرنامەکانی دیکە کە یەکێتیی ئەورووپا تێیدا هاوکارە، چونکە ئەمە قەیرانێکی مرۆییە و پێویستە وەڵامدانەوە هەبێت، گرنگییەکی تایبەتمان بەوە دەدەین.
 
رووداو: ئایا یەکێتیی ئەورووپا گرنگی بە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی  سووریا دەدات؟ واتە ئایا ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لەنێو پڕۆژەکانتاندایە؟
 
میخائیل ئۆنماخت: بێگومان، ئێمە جیاکاری ناکەین لە سووریا، ئەمە تەنانەت پێش رووخانی ڕژێمیش هەروا بوو، تەنیا لەگەڵ ڕژێمی پێشوو (ڕژێمی بەعس) کارمان نەدەکرد، بەڵکو لە باکوور چ ڕۆژهەڵات یان ڕۆژئاوا بە هاوکارییە مرۆییەکانمان کارمان دەکرد، هیچ جیاکارییەکمان لە بەرنامەکاندا نییە، سووریا لە هەموو لایەکەوە هەر سووریایە، بەم شێوەیە، ئێمە خۆمان لە هیچ پڕۆژەیەک لە باکووری ڕۆژهەڵات یان باکووری ڕۆژئاوا بێبەش ناکەین، سووریا یەکە و ئەمە گرنگە.

رووداو: رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی  سووریا دەڵێن، یان ڕەنگە بترسن لەوەی دوای رووخانی رژێم گرنگیدان زیاتر روو لە دیمەشق بکات و لە پەراوێزخستن دەترسن.
 
میخائیل ئۆنماخت: پێموانییە ئەمە راست بێت، بەڵام بێگومان مەترسییەکە هەیە و دەبێت هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی تووشی ئەوە نەبین، ئێمە لە دیمەشقین، بەڵام سەردانی تایبەتمان هەبووە لەلایەن رێکخراوی هاوکاریی مرۆیی (ECHO)  ، ئەوان لەوێن، سەردانی ئاژانسەکانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپاشمان هەبووە، ئێمە گرنگی بە هەموو ناوچەکان دەدەین؛ تواناکان بە سنوورەکانەوە قەتیس نەکراون.
 
رووداو: کەمپی نێوخۆیی بۆ ئاوارەکان هەن، بە دیاریکراوی لە ناوچەکانی سەرێکانی و گرێ سپی، ئایا هیچ پشتیوانییەکیان پێشکەش دەکەن؟
 
میخائیل ئۆنماخت: بێگومان، وەکو گوتمان، پەنابەران و ئاوارەکان مافی گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان هەیە، جێبەجێکردنی ئەوە دەبینین، ئەمەش دەبێتە دەرەنجامی دانوستاندنەکان، هیچ جیاکارییەکمان نییە، خەڵک مافی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانیان هەیە لە هەر پێکهاتەیەک بن، کورد بن، عەرەب، سوننە، عەلەوی یان درووز، گرنگ ئەوەیە هەمان ماف بۆ هەمووان بێت، کێشە هەیە، بەڵام بینیمان نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە لە هەندێک ناوچەی سووریا گەڕاونەتەوە، و بەمزووانەش دەبینین ئاوارەکانی باکووری رۆژهەڵات و باکووری رۆژئاواش دەگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان، ئێمە ئەوەمان دەوێت، بەدیهێنانەکەی زەحمەتە، وەکو گوتمان جیاوازییەکان لەنێوان ناوچەکان زۆر گەورە نین، رەنگە کێشەی تایبەت هەبێت لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاواز بێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە هەموو پێکەوەبن، بەرپرسیارێتیی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتداران بۆ رێگەدان بەم گەڕانەوەیە، بەمزووانە دەبینین هەموو ئاوارەکان لە هەر شوێنێکەوە بن و لە هەر کەمپێکن دەگەڕێنەوە، ژیان لە کەمپەکاندا ژیانێکی شکۆمەندانە نییە، و پێموایە پێویستە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ گۆڕینی ئەوە،،یەکێتیی ئەورووپا هەمیشە بەبێ جیاکاری پشتیوانیی لەوە کردووە، ناوچەکە لەسەر رێگەمانە و لەگەڵ هاوبەشە مرۆییەکانمانین لەم دۆسیەیەدا.
 
رووداو: کەی سەردانی ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی  سووریا دەکەن؟
 
میخائیل ئۆنماخت: لە نزیکترین کاتدا، دەمەوێت سەردانی هەموو سووریا بکەم، بێگومان لێرە لە دیمەشق دەستمانپێکرد، سووریا وڵاتێکی بچووک نییە، بەڵام بەمزووانە سەردانی هەموو ناوچەکان دەکەین.
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ تۆ ئەم دەرفەتەت پێداین بەڕێز میخائیل ئۆنماخت.
 
میخائیل ئۆنماخت: سوپاس بۆ ئێوە.
 
رووداو: خواتان لەگەڵ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە