رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا دەکات، هەموو حیزبە کوردستانییەکان فراکسیۆنێکی هاوبەش بۆ پەرلەمانی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێنن؛ دەشڵێت: "با جیاوازییەکانمان لە پەرلەمانی کوردستان بن".
ئامینا زکری، ئەندامی مەکتەبی ساسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەراوێزی کۆنگرەی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرا لە ئەڵمانیا، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی تۆڕی میدیایی رووداودا کە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە گەڵی ئەنجامیدا، باسی لە کۆنفرانسەکە و دۆخی ژنانی کورد بە گشتی، هەروەها دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان کرد.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێ: "ئەو چاکسازییە کۆمەڵایەتییانەی لەسەردەمی شێخی نەمر شێخ عەبدولسەلام بارزانی لەسەر پرسی ئافرەت کران، وەک نەهێشتنی بەزۆر بەشوودانی کچان و نەهێشتنی شیربایی، بووە رێبازێک لەنێو رێبازی بارزان. ئێستاش رێبەر و سەرۆکی ئێمە جەنابی سەرۆک بارزانی یەکێکە لەو کەسایەتییانەی کە بەردەوام پاڵپشتی هێزی ئافرەتان و بەشداربوونیانە لە ناوەندی بڕیارداندا".
لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامینا زکری گوتی: "هەر شتێک لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان بێت، پارتی ئەو بڕیارە دەدات. ئێمە سەرۆکێکی حەکیممان هەیە. بڕیاری ئێمە ئەو بڕیارە دەبێت کە شاندی دانوستاندنکاری پارتی دەیدات و دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە. هیوادارین هەڤاڵانی ئێمە لە یەکێتیش ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییە و بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان لەبەرچاو بگرن".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی ساسیی پارتی داوای لە هەموو ئەو حیزبانە کرد کورسییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بردووەتەوە کە یەک فراکسیۆنی کوردستانیی هاوبەش پێکبهێنن.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: ئامینا خان، سڵاوت لێ بێ و خۆشحاڵین بەم دیدارە.
ئامینا زکری: زۆر سوپاس.
رووداو: بەڕێزتان ئەمڕۆ لە یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرا ئامادەن. ئەمە چەند گرنگە و ژنانی دیاسپۆرا چۆن دەتوانن هاوکاریی کوردستان بکەن؟
ئامینا زکری: خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بەڕێوەدەچێ. ئەو خانمانەی سەرپەرشتی ئەم کارە دەکەن پێشتر بە سەردانێک هاتنە هەرێمی کوردستان و ئێمە پێکەوە کۆبووینەوە و بیرۆکەکە ئەوەبوو فیدراسیۆنێک دروستبکرێ و ژنانی هەر چوارپارچەی کوردستان تێیدا ئەندام بن و گرووپەکە بە هێزەوە لە دیاسپۆرا کاربکەن. بابەتەکە زۆر دڵخۆشکەربوو بۆ ئێمە و پێمانگوتن بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی مەعنەوی فیدراسیۆنەکە دەکەین و ئەوەشی پێمان بکرێ هاوکاری دەکەین. زۆر دڵخۆشین ئەو هەنگاوە ئەمڕۆ بووە بە کرداری و ئەمڕۆ دەستەی خۆیان دادەمەزرێنن. بێگومان هەبوونی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرا کاریگەریی سەرەکیی دەبێ بۆ دۆزی گەلی کوردستان لە ناوەندەکانی ئەورووپا. ئێمە دەزانین ژن واتە نیشتمان، نیشتمان واتە دایک، دایک واتە ئافرەت، بۆیە هەمووی پێکەوە گرێدراون. هەرچی گرێدراوی وڵات بێ گرێدراوە بە رۆحی ئافرەتەوە، بۆیە ژن و خاک و ئاڵا و کوردستان لێک جیاناکرێنەوە. ئەم فیدراسیۆنە لە ئەورووپا و ئەمریکا دەبێتە لۆبییەکی بەهێز بۆ دۆزی گەلی کوردستان، دەتوانێ ئافرەتانی گەنج لە ناوەندەکەدا پەروەردەبکات و لەگەڵ کولتوور و زمانی کوردی ئاشنایان بکات. پەروەردەکردنی ئەو ئافرەتانە بۆ ناوەندەکانی بڕیاری ئەورووپا، هەروەها حکومەتە خۆجێییەکان کاریگەریی زۆری دەبێ، چونکە هەموویان دەبنە باڵێۆزی کوردستان لە حکومەتە خۆجێییەکانی شارەکان و ناوەندەکانی بڕیار لە ئەورووپا. ئەوان دەبنە باڵیۆزی گەیاندنی دۆزی کوردستان، بۆیە هەنگاوەکەیان زۆر بەرز دەنرخێنم.
رووداو: دەتانەوێ چ پەیامێک بدەنە ژنانی کورد لە دیاسپۆرا؟
ئامینا زکری: هەڵبەتە پرسی ئافرەت گرێدراوە بە جیهانبینیی شێخانی بارزانەوە. ئەو چاکسازییە کۆمەڵایەتییانەی لەسەردەمی شێخی نەمر شێخ عەبدولسەلام بارزانی لەسەر پرسی ئافرەت کران، وەکو نەهێشتنی بەزۆر بەشوودانی کچان و نەهێشتنی شیربایی، ئەو پرسە لەو کاتەدا کرا و بووە رێبازێک لەنێو رێبازی بارزان. ئێستا رێبەر و سەرۆکی ئێمە جەنابی سەرۆک بارزانی یەکێکە لەو کەسایەتییانەی کە بەردەوام پاڵپشتی هێزی ئافرەتان و بەشداربوونیانە لە ناوەندی بڕیاردان، هەروەها بەشداربوونیان لە ئۆرگانەکانی حیزب، پەرلەمان، حکومەت و کۆمەڵایەتیدا بووە بە هاندەرێک کە ئەمڕۆ بەتایبەت لە ناوەندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ژن رۆڵێکی کاریگەری هەیە. یەکێک لە کاریگەرییە سەرەکییەکان ئەوەیە لە پەرلەمانی کوردستان رێژەی ژنان 30%ـە و رێژەکەش بەرەو زیادبوون دەچێ، بۆیە ژن خاوەن توانایە بەڵام دەرفەتی دەرخستنی تواناکانی نەبووە. ئێستا ئەو دەرفەتە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئافرەتانی کوردستان رەخسێندراوە. لەم ئەزموونەدا ئێمە پێمانخۆشە هاوکاریی هەموو ئافرەتانی هەڤاڵ و هاوبەشمان بکەین لە هەموو پارچەکانی کوردستان؛ هاوکارییەکی مەعنەوی، هزری یان هەر توانایەکی ئێمە هەبێ هاوکاریی ئەم فیدراسیۆنە دەکەین بۆ ئەوەی بتوانێت سەرکەوتوو بێت و بتوانێ ببێتە جێگەی کۆکردنەوەی هەموو ژنان بەبێ جیاوازی لە هزری حیزبی، چونکە بەردەوام جەنابی سەرۆک ئەو رێنماییەی ئێمە دەکات و دەفەرموێت حیزب وەسیلە و کوردستان ئامانجە؛ بۆیە دەبێ ئێمە ئێستا خەبات بۆ کوردستان بکەین و ئەمەش بە ژنان دەکرێ و دەتوانن لە ناوەندەکانی ئەورووپا دەنگیان زیاتر بگەیێنن، ئومێدەوارین فیدراسیۆنەکە ببێتە دەنگی کوردستان.
رووداو: ژن لە هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی حکومی گەیشتووەتە ئاستی پێویست؟
ئامینە زیکری: خەبات بە قۆناخە؛ لە قۆناخێکدا ئەگەر ئافرەتی کورد خەباتی نهێنی و دواتر چەکداری و پاشان شۆڕشێکی هزری و دواتر راپەڕینی کردبێ، ئێستا ئامانجی ژنی کورد بووە بەوەی لە ناوەندەکانی بڕیاردا بەشدار بێ و یاسایەک لە بەرژەوەندی خێزان و ئافرەتدا نەبێ هەمواری بکاتەوە، واتە ئامانجەکە گۆڕاوە؛ یەکەم، هەمواری یاساکان؛ دووەم، بتوانێ لە ناوەندەکانی بڕیارداندا بێ. خۆشبەختانە حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان ئەو دەرگایەیان کردووەتەوە یەک لە دوای یەک. لە کابینەی پێشوودا زۆر شێواز بۆ رێگری لە تووندوتیژی گیرانەبەر؛ هەمواری یاسا لە کابینەکانی پێنج، شەش، حەوت و هەشتیش. ئەگەر سەیری کابینەی نۆیەم بکەین، دەستکەوتی بەشداربوونی ژنان زۆر زۆر زیاتر دیاربووە. لە بواری چیدا؟ ژن لە ناوەندی بڕیارداندا زیاتر جێگەی خۆی گرت، لە حوکمڕانیدا زیاتر جێگەی خۆی گرت، وەک راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی ژمارەیان زیادی کرد. لە مانگی پێنج کۆنفرانسێکمان بەست کە بەتایبەت کار بۆ ئەوە دەکات ئافرەت لە دامەزراوەکانی حکومەت و حوکمڕانیدا زیاتر جێگەی خۆی بکاتەوە، پڕۆژەمان هەبوو، سەردانی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک نێچیرڤان بارزانی و بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاک مەسرور بارزانیمان کرد و راسپاردە یاساییەکانمان بۆ هەمواری یاساکان و بۆ بەشداربوونی زیاتری ئافرەتان لە ناوەندەکانی حکومەت پێدان، خۆشبەختانە هەردوو بەڕێز، یەکێک لەوانە بەربژێری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک نێچیرڤان و بەربژێری سەرۆکی حکومەت بۆ کابینەی 10یەم کاک مەسرور بارزانی پڕۆژەیەکەیان لێ وەگرتین. زۆر سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەوان دەکەین کە بەردەوام پاڵپشتی هێزی ژنن بۆ ناوەندی بڕیار. ئەمە لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە ئێمە هێزێکی مەعنەوی و سەرەکییمان هەیە کە جەنابی سەرۆک بارزانییە و بەردەوام پشتگیریی سەرەکییە بۆ ئەوەی ئافرەت لە ناوەندەکانی بڕیاردا رۆڵی خۆی بگێڕێت. بۆیە ئێمە کاتێک پشتیوانی جەنابیان دەبینن، زیاتر هێزی خۆمان بۆ دەردەکەوێت و زیاتر خۆمان ماندوو دەکەین بۆ ئەوەی بچینە پێشەوە و داوا حیزبی و حکومییەکانمان زیاتر بن. خەباتێکمان لە باشوور دەستپێکردووە و سوپاسی هەڤاڵەکانمان دەکەم کە پێکەوە پڕۆژەمان هەیە. بیروباوەڕمان کوردستانییە و لەسەر رێنمایی جەنابی سەرۆک بۆ هەر چوارپارچەی کوردستانە و کارەکانمان بەردەوام دەبن. سوپاس بۆ ئەم فیدراسیۆنە کە ژنانی چوار پارچەی بە زاراوە و رەنگی جیاوازی جلوبەرگەوە کۆکردووەتەوە.
رووداو: کابینەی دەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای ساڵیک و مانگێک پێکنەهێندراوە. بڕیارە لەم هەفتەیەدا پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، لەو بڕوایەدان پارتی نەرمی بنوێنێت؟
ئامینە زکری: هیچ کاتێک ئامانجی پارتی پۆست نەبووە. لە هەموو مێژووی خەباتی کوردستان و قۆناخەکانی شۆڕش بڕوانن، لە هەر شوێنێک بەرژەوەندی باڵای کوردستان و گەلی کوردستان هەبووبێ، ئامادەیی پارتی هەبووە، دەنگ و رەنگی پارتی تێیدا بەهێز بووە. بۆیە هەر شتێک لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان بێ، پارتی ئەو بڕیارە دەدات. ئێمە سەرۆکێکی حەکیممان هەیە. بڕیاری ئێمە ئەو بڕیارە دەبێت کە شاندی دانوستاندنکاری پارتی دەیدات و دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە. هیوادارین هەڤاڵانی ئێمە لە یەکێتی بێنە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییە و بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان لەبەرچاو بگرن. حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش. ئێمە لە قۆناخێکی نوێداین. عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئایندە دەچێ. ئەگەر هێزەکانی هەرێمی کوردستان یەکدەنگ نەبن، ناتوانین کاریگەییەکی باش و دەنگ و رەنگی خەڵکی هەرێمی کوردستان بین. پێمان باشە یەک فراکسیۆنی کوردستانی پێکبهێندرێت بەتایبەت بۆ عێراق و هەموو یەک بەرنامە و یەک سیاسەتمان هەبێت. لە هەرێمی کوردستان بیروباوەڕی جیاواز تەندرووستە و دەتوانین پەرلەمانی کوردستان بکەینە گۆڕەپانی بیروبۆچوونی جیا، بەڵام پەرلەمانی عێراق بکەینە شوێنی یەک دەنگی و یەکهێزیی خەڵکی کوردستان، یەکدەنگ نەبین دەستوور جێبەجێ ناکرێ. دەبێ هێزی هەرێمی کوردستان لە هەموو لایەن و حیزبێک گەورەتر بێ. هیوادارین لایەنەکان وەڵامی ئەرێنییان هەبێ بۆ ئەو دەستپێشخەرییانەی پارتی لە دوای هەڵبژاردنی کوردستان کردنی و ئێستاش دوای هەڵبژاردنی عێراق گەڕێکی دیکەی دەستپێکردووە، بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان وەڵامی ئەرێنییان هەبێ. دەبێ کورد ئامادەیی باشی هەبێ لە گۆڕانکارییەکی ناوچەکەدا.
رووداو: لایەنە عێراقییەکان کار بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستەکانی حکومەتی نوێ دەکەن. ئایا یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی دیکە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتن و یەکدەنگی کۆبوونەوە ناکەن؟
ئامینا زکری: هەوڵ هەیە و من گەشبینم و ئومێدم هەیە. هەموو دەزانن پارتی لەسەر ئاستی عێراق یەکەم حیزبە و دەنگی یەکەمی بەدەستهێناوە. لەسەر ئاستی هاوپەیمانییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ هاوپەیمانییەکی نەبووە. سوپاس بۆ خەڵکی کوردستان کە دیسان متمانەیان بە پارتی دایەوە؛ بەو حیزبەی بەردەوام بەرگریکاری دۆزی نەتەوەیی و نیشتمانییەکانە و سەرکێشیی ئەوە دەکات. سوپاسی خەڵک دەکەین، بێگومان ئەمەش ئاسان نەبووە. ئەگەر ئێمە حکومەتێکی خۆڕاگرمان نەبوایە و لەسەر ئاستی داواکاری خەڵکی کوردستان و بەهێز نەبوایە. سەرەڕای هەموو شەڕە سیاسییەکان کە لەگەڵ حکومەت و خەڵکی کوردستان کرا، حکومەت بە بەهێزی مایەوە.
رووداو: پێتان وایە کۆبوونەکەوە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بکرێ؟
ئامینا زکری: بۆ نا. هیچ بژاردەیەکی دیکە لەبری گفتوگۆ و رێککەوتن نییە؛ ئەوە باشترین رێگەی چارەسەریی هەموو پرسەکانە، گرێیەکیش نابینم نەکرێتەوە.
رووداو: باس لەوە دەکرێ سەرۆک بارزانی ساڵی لە نەورۆزی شاری کوێلنی ئەڵمانیا بەشدار دەبێ؟
ئامینا زکری: پێش رووداوەکان ناکەوین، بابمێنێ بۆ بابەتی پلانی ئەو کاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ