رووداو دیجیتاڵ
نیکۆلاس گرانگەر، بەرپرسی دۆسیەی سووریایە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رایدەگەیێنێت: ئەمریکا پشتیوانی لە بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەکات لە حکومەتی نوێدا و هانی گفتوگۆ و دیالۆگی نێوان دەسەڵاتی نوێی وڵاتەکە و هەسەدە دەدات.
گرانگەر لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو، باسی لابردنی خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاری لەسەر ئەحمەد شەرع، مانەوەی هەتەشە لە لیستی تیرۆر، دەوڵەت و حکومەتی نوێی سووریا، پاراستنی کەمینەکان و رێگەگرتن لە دەسەڵاتی ئێران لە سووریا دەکات.
گرانگەر رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان بە تەواوی پشتیوانی لە حکومەتێکی داهاتووی سووریا دەکات کە لە پرۆسەیەکی سیاسیی فراوان و شەفاف سەرهەڵبدات و ویستی گەلی سووریا تێیدا رەنگبداتەوە، لەوانەش ئەندامانی هەموو گرووپە جیاوازەکانی سووریا، وەکو کورد. "هەروەها پێمانوایە رۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پرۆسەی راگوزەری سیاسیدا گرنگە. بۆیە لەلایەنی ئەمریکاوە، ئێمە دان بە حکومەتی داهاتووی سووریا دەنێین و پشتیوانی تەواوی لێدەکەین."
ئەمریکا پشتیوانی سەرەکیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدەیە لە شەڕی دژی داعش، گرانگەر ئاماژەی بەوە کرد، "بەردەوام دەبین لە گرنگیدان بە هاوبەشیمان لەگەڵ هەسەدە، نەک تەنیا بۆ شەڕی دژی داعش بەڵکو بۆ پاراستنی بەندکراوەکان و کەمپەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. ئەمە شتێکە کە دەبێت دەوڵەتی داهاتووی سووریا بەرپرسیارێتیی بگرێتە ئەستۆ. بۆیە گرنگە کە هەسەدە و دەسەڵاتی کاتی لە دیالۆگێکی زۆر جدیدا بن لەسەر ئەوەی داهاتووی سووریا بۆ لایەنەکان چۆن دەبێت و، دڵنیابوون لەوەی دەتوانن هەموویان پێکەوە کاربکەن بۆ شەڕکردن دژی داعش."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ نیکۆلاس گرانگەر، بەرپرسی دۆسیەی سووریا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
رووداو: نیکۆلاس گرانگەر، زۆر سوپاس کە لەگەڵمانیت. دەمەوێت پرسیارێکت لێبکەم سەبارەت بە بڕیاری ئەم دواییەی وڵاتەکەت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ سووککردنی سزاکانی سەر سووریا. دەکرێت روونی بکەیتەوە ئەمە چییە، هەروەها لە چوارچێوەی حکومەتی نوێی سووریادا چی رێگەپێدراوە؟
نیکۆلاس گرانگەر: سەرەتا سوپاس بۆ میوانداری کردنم، خۆشحاڵم کە لێرەم. سەبارەت بە مۆڵەتی گشتی، پێموایە مەبەستت مۆڵەتی گشتی ژمارە 24ـە کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دووشەممەی هەفتەی رابردوو، واتە 6ـی کانوونی دووەم دەریکرد. ئەم مۆڵەتە گشتییە ناردنی پەیامێکی روون بوو کە سزاکانی ئەمریکا رێگر نین لە بەردەم پڕکردنەوەی پێداویستییە ئابووری و مرۆییەکانی گەلی سووریا. ئێمە دەزانین کە ئابووری کۆڵەکەیەکی گرنگە بۆ سەقامگیری. دوای زیاتر لە دەیەیەک ململانێ و چەندین دەیە بەڕێوەبردنی خراپ و گەندەڵی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە، دۆخی مرۆیی و ئابووری لە سووریا لە بارودۆخێکی زۆر خراپدایە. بۆیە، بەو هۆیەوە ئەم مۆڵەتە گشتییەمان دەرکرد بۆ یارمەتیدانی راستەوخۆی گەلی سووریا. پێمانوایە لەم کاتە هەستیارەدا دابینکردنی خزمەتگوزارییە حکومییەکان، خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و کارکردنی دامەزراوە حکومییەکان زۆر گرنگە. بۆیە مۆڵەتە گشتییەکەمان روونی دەکاتەوە کە دابینکردنی کارەبا، وزە، ئاو، خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی دیکە دەبێت بەردەوام بن و سزاکان رێگر نین لە بەردەمیاندا. هەروەها رێگە دەدات بە هەندێک هاوبەشی ناوچەکە کە باسیان لە دابینکردنی وزە و کارەبا بۆ سووریا کردووە، لەم کاتە هەستیارەدا مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی بدەن. بەشێکی سەرەکی دیکەی مۆڵەتە گشتییەکەمان رێگەدانە بە ئاڵوگۆڕی بانکی کەسی، نەک بازرگانی، لەڕێگەی بانکی ناوەندیی سووریاوە. بۆ هەموو ئەم هۆکارانە، ئەمە بە هەنگاوێکی گرنگ دەبینین بۆ یارمەتیدانی گەلی سووریا لە دووبارە بنیاتنانەوەی ئابوورییەکەیان، پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان و دڵنیابوون لە پڕکردنەوەی پێداویستییە مرۆییەکان. بێگومان مۆڵەتە گشتییەکە بۆ ماوەی شەش مانگ دانراوە، کە لەو ماوەیەدا بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی دۆخەکە لە سووریا.
رووداو: دەمەوێت پرسیارت لێبکەم سەبارەت بە هۆکاری بڕیارەکەتان بۆ هەڵگرتنی خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلارییەکە لەسەر ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە). هۆکاری پشت ئەو بڕیارە چی بوو؟
نیکۆلاس گرانگەر: دڵنیام دەزانیت، لە 20ـی کانوونی یەکەم، لە یەکەم سەردانی دیپلۆماسی ئەمریکا بۆ دیمەشق دوای زیاتر لە دەیەیەک، باڵوێز باربارا لیف لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆمەڵێک پرس کە چەند رۆژێک پێشتر لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکان لە عەقەبە لەسەری رێککەوتبووین. لە سەردانەکەی و گفتوگۆکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع روونی کردەوە کە ئێمە چاوەڕێی پێشکەوتنی کرداریین لە دەسەڵاتی کاتی لەسەر ئەو پرەنسیپانە، نەک تەنیا بە قسە. سەبارەت بە خەڵاتەکەش کە پرسیارت لێکرد، حکومەتەکەم بڕیاریدا هەڵی بگرێت، چونکە بڕیارمان دابوو راستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵدا بکەین. لە روانگەی ئێمەوە، مانای نەبوو خەڵاتێک بەسەر سەرییەوە بێت کاتێک لە راستیدا لە دیالۆگی دیپلۆماسیدا لەگەڵی سەرقاڵین. بڕیاری هەڵگرتنی خەڵاتەکە هیچ پەیوەندی بە ناساندنی ئەحمەد شەرعەوە نییە وەک تیرۆریستێکی جیهانیی تایبەت لەژێر فەرمانی جێبەجێکاری 13224. ئەو ناساندنە راستەوخۆیە دژی ئەو هێشتا بەردەوامە. هەروەها ناساندنی هەتەشە وەکو تیرۆریست لە جێی خۆیەتی و هەر بڕیارێک لەسەر ئەو ناساندنە پرۆسەیەکی جیاواز دەبێت.
رووداو: بەڵام ئایا حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بیر لە لابردنی هەردوو شەرع و هەتەشە دەکاتەوە لە لیستی گرووپی تیرۆریستی؟
نیکۆلاس گرانگەر: وەکو گوتم، هەر بڕیارێک لەسەر ئەو ناساندنە لە پرۆسەیەکی جیاوازدا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
رووداو: یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانتان لە سووریا هێزە کوردییەکان، یان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوون. هێزێکی تەواو کوردی نییە، بەڵام لەلایەن کوردەوە سەرکردایەتی دەکرێت و رۆڵێکی گرنگیان لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش هەبووە. ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکان دڵنیایی دەدات کە کورد رۆڵێکی گرنگی لە سووریای نوێدا دەبێت؟
نیکۆڵاس گرانگەر: راستییەکەی، پێمانوایە هەموو سوورییەکان، کورد، عەرەب، هەر ناسنامەیەکیان هەبێت، هەموویان رۆڵیان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی سووریادا هەیە. دوای زیاتر لە 50 ساڵ لەژێر رژێمی دڕندەی ئەسەد و زیاتر لە دەیەیەک ململانێ، گەلی سووریا، هەموو سوورییەکان، ئێستا دەرفەتێکی تایبەتیان هەیە بۆ ئەوەی داهاتوویەکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان دیاری بکەن. ویلایەتە یەکگرتووەکان شانازی دەکات بە پشتیوانیکردن لە گەلی سووریا، هەموو گەلی سووریا، لە هەوڵەکانیان بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی یەکگرتوو کە ئازاد و سەقامگیر و گەشەسەندوو و سەربەخۆ بێت، ویستی هەموو سوورییەکان رەنگبداتەوە و رێز لە مافی هەموو سوورییەکان بگرێت. پێشتر باسی پەیوەندییەکانمانم لە دیمەشق کرد و دەمەوێت روونی بکەمەوە کە ئێمە پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی و بەشێکی فراوان لە سوورییەکان لە سەرانسەری وڵاتەکە دەکەین بۆ روونکردنەوەی پشتیوانیمان بۆ گواستنەوەیەکی سیاسی بە رابەرایەتیی سووری کە دووربێت لە تایفەگەری و نوێنەرایەتی هەموو سوورییەکان بکات، ژن و پیاو، لە هەموو بەشەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سووریا. چاوەڕوانی ئێمە وەکو حکومەت ئەوەیە کە دەسەڵاتەی کاتی بەشێوەیەکی بنیاتنەر بەشداری لەم راگوزەرە سیاسییەدا بکەن و پشتیوانی لە دروستکردنەوەی حکومەتێکی نیشتمانی لە دیمەشق بکەن کە حکومەتێکی بەرپرسیار بێت، بەرامبەر بە هاووڵاتییانی خۆی بەرپرسیار بێت و بەرامبەر بە دراوسێکانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیار بێت، لەوانەش شەڕ دژی تیرۆر، دژی داعش و لایەنەکانی دیکە.
رووداو: تاوەکو ئێستا حکومەتی نوێی سووریا چ هەنگاوێکی ناوە بۆ دڵنیابوون لە نوێنەرایەتی یەکسان بۆ گرووپە ئیتنی و ئایینییە جیاوازەکانی سووریا؟
نیکۆلاس گرانگەر: ئێمە بە وردی چاودێری ئەو هەنگاوانە دەکەین کە دەیاننێن و، وەکو گوتم لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵیاندا، بەردەوام روونی دەکەینەوە کە چاوەڕێ دەکەین نەک تەنیا بە قسە بەڵکو بە کردەوەش جێبەجێیان بکەن. ئەوان پابەند بوون بە دەوڵەتێکی مەدەنی فراوان لە سووریا کە شوێنێک بێت هەموو سوورییەکان بتوانن بە شکۆوە پێکەوە تێیدا بژین. بۆیە چاوەڕێین ئەمە جێبەجێ بکەن. وەکو باسم کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکان نەک تەنیا لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی، بەڵکو لەگەڵ بەشێکی فراوان لە سوورییەکانیش پەیوەندی دەکات. ئەمە بە هەنگاوێکی گرنگ دەبینین چونکە لە کۆتاییدا، بەلای ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە، ئەوە گەلی سووریایە کە بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان دەدەن. رۆڵی ئێمە وەکو ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیوانیکردنە لە گەلی سووریا لە هەوڵەکانیان بۆ ئەنجامدانی ئەوە.
رووداو: دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر کورد و هەسەدە. پێموایە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە بوو کە گوتی پێیان باشە یان دەیانەوێت شێوازێکی ناناوەندی حوکمڕانی، سیستمێکی فیدراڵی لە سووریا ببینن هاوشێوەی عێراق. ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیوانی لە پێشنیازێکی لەو جۆرە دەکات؟
نیکۆلاس گرانگەر: وەکو وەزیر ئەنتۆنی بلینکن لە 10ـی کانوونی یەکەم گوتی، گەلی سووریا بڕیار لەسەر داهاتووی سووریا دەدات. ئەمەش هەر شێوازێکی حوکمڕانی دەگرێتەوە کە دەیانەوێت. بۆیە، بۆ وەڵامی پرسیارەکەت، ویلایەتە یەکگرتووەکان بە تەواوی پشتیوانی لە حکومەتێکی داهاتووی سووریا دەکات کە لە پرۆسەیەکی سیاسیی فراوان و شەفاف سەرهەڵبدات و ویستی گەلی سووریا تێیدا رەنگبداتەوە، لەوانەش ئەندامانی هەموو گرووپە جیاوازەکانی سووریا، وەکو کورد. هەروەها پێمانوایە رۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پرۆسەی راگوزەری سیاسیدا گرنگە. بۆیە لەلایەنی ئەمریکاوە، ئێمە دان بە حکومەتی داهاتووی سووریا دەنێین و پشتیوانی تەواوی لێدەکەین کە لە پرۆسەیەکی فراوان و شەفافی لەم جۆرە سەرهەڵبدات. ئێمە ئامادەین هەموو پشتیوانییەک پێشکەش بە هەموو کۆمەڵگە و پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا بکەین، لەوانەش کورد، لە درێژایی ئەم پرۆسەیەدا.
رووداو: ئەی سەبارەت بە تێکەڵکردنی هەسەدە وەک هێزێکی سەربازی لەگەڵ سوپای سووریا؟ ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکان داوای لە سەرکردەکانی هەتەشە کردووە ئەوە بکەن؟
نیکۆلاس گرانگەر: ئەوەی دەتوانم پێتبڵێم ئەوەیە کە ئێمە هانی هەموو لایەنەکانی سووریامان داوە لە دیالۆگدا بن لەگەڵ یەکدی. ئەمەش دەسەڵاتی کاتی دیمەشق و سەرکردەکانی هەسەدە و ئەوانی دیکە لە باکووری رۆژهەڵات دەگرێتەوە، بەڵام نەک تەنیا ئەوان، لایەنی دیکە هەن لە باشوور، باکووری رۆژئاوا و سەرانسەری سووریا. لەلایەنی ئەمریکاوە، پێمانوایە گرنگە بۆ ئەوەی گواستنەوەیەکی سیاسی بە رابەرایەتی سووری، پرۆسەیەک بە رابەرایەتی سووری هەبێت، هەموو لایەنە سوورییەکان لەگەڵ یەکدی قسە بکەن. پێمانوایە گرنگە بۆ حکومەتی سووریا، هەر حکومەتێکی داهاتووی سووریا بێت، رۆڵ و بەرپرسیارێتییەکانی حکومەتێکی نیشتمانی بگرێتە ئەستۆ و دامەزراوی نیشتمانیی هەبێت، چ لە دەزگا ئەمنییەکان، سوپا یان دامەزراوە مەدەنییەکان بێت. دەبێت شوێنێک بۆ هەموو گەلی سووریا هەبێت. ئەمەش هەسەدە و لایەنەکانی دیکەی ناوچەکە دەگرێتەوە. بۆیە ئەوە گەلی سووریایە بڕیار دەدات ئەوە چۆن کار دەکات، بەڵام ئێمە بێگومان هانی دیالۆگمان داوە بەرەو ئەو ئامانجە.
رووداو: زۆرێک لە کەمینەکانی سووریا دڵنیا نین لە داهاتوویان، بەتایبەتی عەلەوییەکان کە بنەماڵەی ئەسەد سەر بەوان بوون. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆی هێرشکردنە سەر ئەم کەمینەیەمان بینیوە. ئایا دڵنیاییتان لە شەرع یان سەرکردەکانی دیکەی سووریا وەرگرتووە کە هێرشی تۆڵەسەندنەوە دژی کەمینەکان وەک عەلەوییەکان ئەنجام نادەن؟
نیکۆلاس گرانگەر: لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی و لە لێدوانە گشتییەکانیاندا، پابەندبوونیانمان بینیوە لەوەی ئەم جۆرە تۆڵەسەندنەوانە روونادەن. دەتوانم پێتبڵێم لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی روونمان کردووەتەوە کە هەر ئەنجامدەرێکی ئەم جۆرە کردەوە تووندوتیژییانە دەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت. هەروەها جەختمان لەسەر پێویستی دادپەروەریی راگوزەر کردووەتەوە، چونکە دادپەروەریی راگوزەر لە دۆخێکی وەکو سووریا گرنگە کە ئەوەندە ململانێ و هەوڵی دابەشکردنی گرووپە جیاوازەکانی بەخۆیەوە بینیوە. پێمانوایە مامەڵەکردن لەگەڵ دادپەروەریی راگوزەر کلیلە بۆ سەقامگیری داهاتووی سووریا، بۆ پاراستنی گەلی سووریا، چ عەلەوی بن یان ئەوانی دیکە، بێ گوێدانە ئەوەی لە چ کۆمەڵگەیەکەوە دێن. دەبێت پاراستن بۆ هەموو گەلی سووریا هەبێت. بۆیە روونمان کردووەتەوە چاوەڕوانیمان لە دەسەڵاتی کاتی چییە و بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی وردی دۆخەکە لە سەرانسەری سووریا بۆ دڵنیابوون لە لێپرسینەوە بۆ هەر هێرشێک کە روودەدات.
رووداو: لەدوای ئەو سەردانەی بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکاوە، لەوانەش باربارا لیف، بۆ دیمەشق، ئایا پەیوەندی تەلەفۆنیتان لە ئاستی باڵا لەگەڵ ئەحمەد شەرع و بەرپرسانی دیکەی سووریا هەبووە؟
نیکۆلاس گرانگەر: ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە لەو سەردانەی یەکەمەوە لە 20ـی کانوونی یەکەم، چەندین جار سەردانی دیمەشقمان کردووە. دەرفەتم هەبوو بەشداری لەو سەردانانە بکەم و لە چوارچێوەی دیالۆگی بەردەواممان لەگەڵیان، لەگەڵ نوێنەرانی دەسەڵاتە کاتییەکان کۆبووینەتەوە. هەروەها لەگەڵ کۆمەڵێکی فراوان لە سوورییەکان کۆبووینەتەوە، کۆمەڵگەی مەدەنی، چالاکوانان، خەڵکی بازرگان و کۆمەڵێکی فراوان لە سوورییەکان، بەڵام دەتوانم پێتبڵێم ئەم دیالۆگە بەردەوامەمان لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی هەیە و بەکارمان هێناوە بۆ روونکردنەوەی چاوەڕوانییەکانمان، رەنگدانەوەی ئەو چاوەڕوانییانە کە لە خودی گەلی سووریامان بیستووە. ئەمانە چاوەڕوانین کە پرۆسەی راگوزەر لە سووریا، راگوزەری سیاسی، دەبێت بە رابەرایەتی سووری بێت و دەبێت موڵکی سووری بێت. دەبێت حکومەتێکی فراوان و نوێنەرایەتی دروستببێت. چاوەڕوانی ئەوەین مافی هەموو سوورییەکان، لەوانە ژنان و ئەندامانی هەموو گرووپەکان رێزیان لێبگیرێت و هاوکاریی مرۆیی بگاتە ئەو کەسانەی پێویستیانە. چاوەڕوانی ئەوەین دامەزراوەکانی دەوڵەت خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ گەلی سووریا دابین بکەن و سووریا لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە وەکو بنکەیەک بەکارنەهێنرێت بۆ هەڕەشەکردن لە گەلی سووریا، دراوسێکانی یان جیهان. هەروەها چاوەڕوانی ئەوەین کۆگەی چەکە کیمیاییەکان لە سووریا پارێزراو بن و بە سەلامەتی لەناوببرێن، دەسەڵاتی کاتی لەو بارەیەوە لەگەڵ رێکخراوی چەکە کیمیاییەکان (OPCW) کاربکەن. بێگومان چاوەڕوانییەکەمان کە روونمان کردووەتەوە ئەوە بوو کە سووریا دەبێت پەیوەندی ئاشتییانەی لەگەڵ دراوسێکانی هەبێت و رێکخراوە پەیوەندیدارەکان دەبێت دەستیان بە شوێنەکان رابگات بۆ یارمەتیدان لە دیاریکردنی چارەنووسی سوورییە بێسەروشوێنەکان و هاووڵاتییە بیانییەکان، لەوانەش ئەمریکییەکان و، لە کۆتاییشدا لێپێچینەوە لەگەڵ پێشێلکاران بکرێت. ئەمانە هەموو ئەو شتانەن کە لە دیالۆگە بەردەوامەکەمان لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی باسمان کردوون و بۆ داهاتووی نزیک پلان دادەنێین بەردەوام بین لەسەریان.
رووداو: بە پشتبەستن بە پەیوەندی و گفتوگۆکانتان لەگەڵ سەرکردەکانی سووریا، تا چەند گەشبینیت؟ چەند گەشبینیت بە داهاتووی سووریای نوێ؟
نیکۆلاس گرانگەر: پێموایە ئەمە پرسیارێکە بۆ گەلی سووریا کە تا چەند گەشبینن. بەلای ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە، وەکو پێشتر گوتم، ئێمە ئامادەین پاڵپشتی لە گەلی سووریا بکەین کاتێک رێڕەوێکی نوێ بۆ داهاتوویان دیاری دەکەن. ئەمە کاتێکی پڕ لە نادڵنیاییە، هەروەها کاتێکی مەترسیدارە، بەڵام کاتی هیواشە. بۆیە لەلایەنی ئەمریکاوە، بەردەوام دەبین لە پەیوەندیکردن لەگەڵ گەلی سووریا بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانیمان کاتێک رێڕەوی داهاتوو دیاری دەکەن. هەروەها بەردەوام دەبین لە پەیوەندیکردن لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی بۆ روونکردنەوەی چاوەڕوانییەکانمان کە قسەکانیان بە کردەوەی بەرجەستە جێبەجێ بکەن.
رووداو: با بگەڕێینەوە سەر سووککردنی سزاکان، ئێوە بێگومان هەموو سزاکانتان هەڵنەگرت. تەنیا هەندێک لەو سزایانەتان سووک کرد، وەکو پێشتر باستکرد. گوتت، ماوەیەکی شەش مانگی دەبێت، دواتر هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەن. دەکرێت سیناریۆیەکمان بۆ روون بکەیتەوە کە رەنگە وا لە ئێوە بکات ئەو سزایانە هەڵپەسێرن یان نوێیان بکەنەوە؟
نیکۆلاس گرانگەر: راستییەکەی زۆر زووە بۆ من تەنانەت باسی ئەوەش بکەم. دیسانەوە، مۆڵەتە گشتییەکە کە هەفتەی رابردوو دەرمانکرد بۆ دابینکردنی هاوکاریی خێرا بوو بۆ گەلی سووریا. پێداویستیی گەورە لە تەواوی ئابووری سووریادا هەیە. بۆیە مۆڵەتە گشتییەکەی ئێمە بۆ ئامانجگرتنی بوارە زۆر دیاریکراوەکان بوو: وزە، کارەبا، ئاو، کردنەوەی بانکی ناوەندیی سووریا بۆ مامەڵەی کەسی. ئەمانە هەموویان شتی گرنگن، بەڵام دیسانەوە، ماوەی شەش مانگمان هەیە. بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی دۆخەکە. هەروەها دەمانەوێت لە گەلی سووریا و هاوبەشانی ناوچەکە تێبگەین کە چ بوارێکی دیکە پێویستە چارەسەر بکرێت؟ بەڵام ئەوە پرسیارێک دەبێت بۆ کاتێکی دیکە.
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ حکومەتی سووریا چۆن شەڕی دژی داعش لە سووریا دەگۆڕێت، یان ئایا سرووشتی شەڕەکەتان دەگۆڕێت؟ وەکو دەزانن، شەڕەکەتان سەرەتا بە هاوبەشی لەگەڵ هەسەدە، لەگەڵ کورد بووە. ئایا ئەمە دەگۆڕێت؟ بۆ نموونە، با بڵێین لە جیاتی هەسەدە لەگەڵ دیمەشق کار دەکەن بۆ بەدواداچوونی داعش؟
نیکۆلاس گرانگەر: پێموانییە پرسی ئەمە یان ئەوە بێت، بەڵکو پرسی کارکردنە لەگەڵ دەسەڵاتەکانی سەر زەوی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو شێوەکانی، چ داعش بێت یان گرووپەکانی دیکە. بێگومان، لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی، وەکو پێشتر باسم کرد، چاوەڕوانییەکانمان روونکردووەتەوە کە رێگەنەدەن سووریا ببێتە بنکە بۆ تیرۆریستان، بۆ هەڕەشەکردن لە گەلی سووریا، هەڕەشەکردن لە ناوچەکە و هەڕەشەکردن لە جیهان. ئەوان پابەندبوون، پابەندبوونی خۆیان راگەیاندووە بۆ شەڕکردن، بۆ بەردەوامبوون لە شەڕی دژی داعش و ئێمە چاوەڕێ دەکەین ئەو پابەندبوونەیان جێبەجێبکەن. لە هەمان کاتدا، بەردەوام دەبین لە گرنگیدان بە هاوبەشیمان لەگەڵ هەسەدە، نەک تەنیا بۆ شەڕی دژی داعش بەڵکو بۆ پاراستنی بەندکراوەکان و کەمپەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. ئەمە شتێکە کە دەبێت دەوڵەتی داهاتووی سووریا بەرپرسیارێتیی بگرێتە ئەستۆ. بۆیە، گەڕانەوە بۆ ئەوەی پێشتر باسمان کرد، گرنگە کە هەسەدە و دەسەڵاتی کاتی لە دیالۆگێکی زۆر جیددیدا بن لەسەر ئەوەی داهاتووی سووریا بۆ لایەنەکان ئەوێ چۆن دەبێت و دڵنیابوون لەوەی دەتوانن هەموویان پێکەوە کاربکەن بۆ شەڕکردن دژی داعش.
رووداو: دوا پرسیار. دەمویست لەبارەی ئێران لێتبپرسم. وا دەردەکەوێت ئێران بە رووخانی رژێمی ئەسەد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر لاواز بووبێت. هەڵسەنگاندنی حکومەتی ئەمریکا بۆ کاریگەریی ئێران لە ناوچە فراوانەکەدا چییە؟
نیکۆلاس گرانگەر: کاتێک دێینە سەر سووریا، زۆر روونە کە ئێران لە زیاتر لە دەیەی رابردوودا رۆڵێکی زۆر ناسەقامگیرکەری گێڕاوە. رۆڵی ناسەقامگیری ئێران بێگومان تەنیا لە سووریا سنووردار نەبووە، بەڵکو لە. تەواوی ناوچەکەشدا. پێمانوایە ئێستا لەگەڵ رووخانی رژێمی ئەسەد و دەرچوونی ئێران لە سووریا، زۆر گرنگە کە رێگە بە ئێران نەدرێت خۆی دووبارە لە سووریا جێگیر بکاتەوە، رێگەی پێ نەدرێت سوود لە دۆخی سووریا وەربگرێت یان بیقۆزێتەوە بۆ دووبارە سەپاندنەوەی خۆی. پێمانوایە ئەمە زۆر گرنگە. ئەمەمان بۆ دەسەڵاتی کاتی روونکردووەتەوە. لە گەلی سووریامان بیستووە کە هیچ ئارەزوویەکیان نییە ئێران بگەڕێتەوە و ئەو رۆڵە بگێڕێت کە لە رابردوودا گێڕاویەتی. بۆیە پێمانوایە ئەمە شتێکی گرنگە بۆ بەردەوامبوون لە چاودێریکردنی، نەک تەنیا بۆ سووریا، بەڵکو بۆ ناوچەکە بەگشتی.
رووداو: نیکۆلاس گرانگەر، زۆر سوپاس کە لەگەڵ رووداو قسەت کرد.
نیکۆلاس گرانگەر: زۆر سوپاس، خۆشحاڵ بووم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ