رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دامەزراوەی ئاشوورییەکان بۆ دادپەروەری دەڵێت، بەڵێنی دروستکردنی مۆنیومێنتێکیان بۆ یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی ئاشوورییەکان لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە. مۆنیومێنتەکە لە سێمێل لە پارێزگای دهۆک دەبێت.
سام دەرمۆ، سەرۆکی دامەزراوەی ئاشوورییەکان بۆ دادپەروەری لە هەڤپەیڤینێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکەی رۆژی 14ی ئەم مانگەیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە شەهیان تەحسینی راگەیاند:" نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی گوتم ، کوردستان خاک و زێدی ئاشوورییەکانە، وڵاتی خۆیانە و نابێ بەجێیبێڵن" .
سام دەرمۆ ئاماژەی بەوەشکرد:"سەرۆکوەزیران بەڵێنی داوە بەدوای کێشەی زەوی و زاری ئاشوورییەکاندا بچێ و چارەسەری بکات.''
سام دەرمۆ سوپاسی سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش دەکات بۆ پشتیوانیکردنی ئاشوورییەکان.
رووداو: دەتوانیت باسی ئامانجی سەردانەکەتان بکەیت بۆ هەرێمی کوردستان؟
سام دێرمۆ: پێش هەموو شت، من لە ژیانمدا قەت پێشتر سەردانی هەرێمی کوردستانم نەکردووە. بۆیە پێم وابوو کات هاتووە بۆ سەردانیکردنی زێدی باوباپیرانم. هەروەها ئێمە ئەرکێکمان هەبوو بۆ گەلەکەمان لێرە، ئەویش بریتییە لە بونیاتنانی پەیوەندییەکی باشتر لەنێوان ئاشوورییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، هەر بۆ ئەم مەبەستەش لێرەین.
رووداو: یەکەم سەردانت چۆن بوو بەلاتەوە؟ ئایا نزیک بوو لەو وێنایەی لە خەیاڵتدا بوو؟
سام دێرمۆ: بەڕاستی قەت پێشبینی ئەوەم نەدەکرد، ئەوەندە جوان بێت. ئەو پێشکەوتنەی لێرە بەدەستهاتووە، سەرنجڕاکێشە. بە هاوڕێکانم دەگوت، وا هەست دەکەین لە ئەمریکاین. راشکاوانە بڵێم، هەستمان نەکرد لە ئەمریکا چووینەتە دەرەوە، بۆیە، ستایشی ئەو پێشکەوتنە دەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستان لێرە بەدەستی هێناوە.
رووداو: تۆ چەندین دەرفەتی کۆبوونەوەت هەبوو لەگەڵ چەندین کەسایەتی، بۆ نموونە، سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و زۆر کەسایەتی دیکە. ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانە چی بوو؟
سام دێرمۆ: کۆبوونەوەکان زۆر باش و بەرهەمدار بوون. پێش هەموو شتێک و بۆ یەکەمجار توانیمان سەرکەوتوو بین لە وەرگرتنی رەزامەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەڕێز عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، بۆ تەرخانکردنی پارچە زەوییەک بۆ یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی سێمێل لە ساڵی 1933، کە لەلایەن سوپای عێراق و حکومەتی ئەوکاتی عێراقەوە دژی خەڵکی مەدەنیی ئاشووری لە سێمێل کرا. بۆیە یەکەمجارە زەوییەک لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تەرخان بکرێ بۆ ئەوەی بتوانین مۆنیومێنت و پێشانگەیەکی لێ دروست بکەین.
رووداو: لە سێمێل؟
سام دێرمۆ: لە سێمێل بەڵێ، کۆمەڵکوژییەکە لەوێ دەستیپێکرد، هەرچەندە 62 گوندی دیکەی ئاشووری لەژێر کاریگەری ئەو رووداوانە بوو، بەڵام لە سێمێل دەستیپێکرد، بۆیە، ئەو کارە دەستکەوتێکی گەورە بوو، زۆر شانازی پێوە دەکەین.
رووداو: هیچ داواکارییەکی تایبەت بە ئاشوورییەکان لێرە لە کوردستان هەبوو بیگەیێنە ئەو کەسایەتی و شاندانەی بینیوتانن؟
سام دێرمۆ: لە ساڵی 2003، کاتێک شەڕ دەستیپێکرد، راستەوخۆ دوای شەڕ، ژمارەی دانیشتوانی ئێمە لە عێراقدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکرد، بۆ نموونە، لە بەسرە کەنیسە و یانەیەکمان هەبوو، بەڵام ئێستا یەک ئاشووری لە بەسرە ناژی، لە بەغداش، 95%ی دانیشتوانەکەمان ناوچەکەیان جێهێشتووە وچوونەتە دەرەوەی عێراق.
رووداو: هەموویان؟
سام دێرمۆ: بەڵێ، زۆربەشیان لەبەر سەلامەتی هاتوونەتە ئێرە؛ هاتوونەتە ئێرە، چونکە هیچ کەسێک هێرش ناکاتە سەر کەنیسە، کەس هەڵناکوتێتە سەر ماڵی ئاشورییەکان و منداڵەکانیان ناکوژێ، کەس ناچاریان ناکات ئایینیان بگۆڕن، لەبەرئەوە لێرەن. بەڵام ئێمە چەند کێشەیەکمان هەبوو. ئامانجی سەرەکیمان لە هاتن بۆ ئێرە ئەوە بوو چۆن یارمەتی ئاشوورییەکان بدەین لێرە بمێننەوە، وڵات جێنەهێڵن، ئەمە خاک و زێدی باوباپیرانمانە و بۆ ئەم هۆکارەش لێرەین، بۆ ئەوەی بتوانین وابکەین کۆچ نەکەن، پێویستمان بە یارمەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەوەدا.
رووداو: چ جۆرە یارمەتییەک؟ چیتان پێویستە؟
سام دێرمۆ: ئەگەر بتەوێ خەڵک کۆچ نەکات، پێویستیان بە چییە؟ پێویستیان بە کارە، ئاسایش هەیە و دابینکراوە.
رووداو: خزمەتگوزاری و ئاسایش؟
سام دێرمۆ: کێشەی ئاسایش نییە، بەڵام پێویستییان بە کارە، بە قوتابخانە؛ دۆخیان باشتر بێ لەو بوارانە، پێویستییان بە کار، خوێندن، نەخۆشخانەیە. ئەمانە خاڵە سەرەکییەکانن، هەروەها چەند کێشەیەکی دیکەش هەبوون باسمان کردن سەبارەت بە سیستمی کۆتا و هەڵبژاردنەکان. چۆن پێویستە ئەمە بگۆڕدرێ؟ ئەوان ناوی دەنێن کۆتای مەسیحیی، بەڵام مەبەستم ئەوەیە، ئەگەر بۆ مەسیحییەکانە، دەبێت مەسیحییەکان دەنگ بدەن بەو کەسەی دەیانەوێ نوێنەرایەتییان بکات. بەم شێوازەی ئێستا، نوێنەرایەتیی مەسیحییەکان لە بەغدا بەڕاستی نوێنەرایەتیی مەسیحییەکان ناکات، چونکە ئەوان لەلایەن مەسیحییەکانەوە هەڵنەبژێردراون، بەڵکو لەلایەن خەڵکی دیکەوە هەڵبژێردراون. بۆیە ناتوانن ناوی بنێین کۆتای مەسیحییەکان، بۆیە ئەم کێشەیەشمان تاوتوێ کرد، ئەم کێشەیە دەبێت لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە چارەسەر بکرێ. حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵی بەسەردا نییە، بۆیە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەمریکا بۆ ئەوەی بزانین ئایا دەتوانین داوا لە حکومەتەکەمان بکەین گوشار بخاتە سەر حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەمە.
رووداو: پلانتان هەیە سەردانی بەغداش بکەن؟
سام دێرمۆ: نا، نەخێر.
رووداو: سەبارەت بە ئاشوورییەکان لێرە، پێم وایە ئەوەی لە قسەکانت تێگەیشتم ئەوەیە تۆ دڵخۆشیت بە دۆخیان لێرە، بەڵام بێگومان پێویستتان بە زیاترە. ئایا هیچ پەیامێکت هەیە بۆ ئەو ئاشووریانەی لێرە لە کوردستان یان بە گشتی لە عێراق ماونەتەوە؟ ئەگەر هەبن،چییان پێ دەڵێی؟
سام دێرمۆ: چەند کێشەیەکی دیکەش هەبوون لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان باسمان کردن. ئێمە بە تایبەتی سوپاسی تایبەتی کاک مەسعود دەکەین کە پێداگری لەسەر ئەوە کرد پێویستە ئاشوورییەکان لێرە بمێننەوە و نابێت هیچ هۆکارێک وا بکات بڕۆن و گوتی ئێمە هەموو شتێکیان بۆ دابین دەکەین، دەبێت لێرە بمێننەوە، ئەمە وڵاتی خۆیانە، ئەوان لە وڵاتێکی بیانی نین، بەڵکو ئەمە وڵاتی خۆیانە و بۆ ئەم هۆکارەش دەبێت لێرە بمێننەوە. هەروەها نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەدا ئەمە زێدی ئەوانە، ئەوان دانیشتووی رەسەنی ئەم خاکەن، ئەمە وڵاتی خۆیانە و نابێت جێیبهێڵن. بۆیە، چەند کێشەیەکی پەیوەندیدار بە دەستدرێژیکردنە سەر زەوی تاوتوێکران. من ئەمڕۆ زۆر دڵخۆش بووم کاتێک ئەم کێشانەم خستنەڕوو لەبەردەم مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران کە بەڵێنی دابەدوایاندا بچێت.
رووداو: ئایا کێشەیەکی یاساییە؟
سام دێرمۆ: پێش هەموو شتێک چەند فەرمانێکی دادوەری هەن. گەلەکەمان پەنایان بردووەتە دادگەکان کاتێک زەوییەکانیان دەستیان بەسەردا گیراوە.
رووداو: دۆسیەکەیان بردووەتەوە؟
سام دێرمۆ: دۆسیەکەیان بردووەتەوە، بەڵام قەت جێبەجێ نەکراوە؛ بۆیە ئێستا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دۆسیەکانی لایە و گوتی خۆی بە تایبەت گرنگییان پێ دەدات. ئێمە سوپاسی دەکەین، هەروەکو خاوەن زەوییە ئاشوورییەکانیش زۆر سوپاسگوزارن. کێشەی دیکەش هەن سەبارەت بە دەستدرێژیکردنە سەر زەوی و نەگەیشتوونەتە دادگەکان و دوای تەواوبوونی ئەم کێشانە، مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، هەنگاو بە هەنگاو، هەموو شتێک چارەسەر دەکرێت.، دڵنیام لەوە.
رووداو: کورد و ئاشوورییەکان پەیوەندییەکی مێژووییان هەیە.
سام دێرمۆ: بەدڵنیاییەوە.
رووداو: دەتوانیت باسی ئەو پەیوەندییەم بۆ بکەیت؟ چۆن لێی دەڕوانن؟ چۆن ئێستا هەڵی دەسەنگێنن؟
سام دێرمۆ: بە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها بە کاک مەسعودم گوت، ئامانجی ئێمە ئێستا بریتییە لە نوێکردنەوەی ئەو پەیوەندییەی لە سەردەمی خوالێخۆشبوو عەبدولسەلام بارزانی و شەهیدە ئاشوورییەکەمان، پاتریاک مار بنیامین شەمعون هەبوو، پەیوەندییەکی زۆر بەهێزیان هەبوو، پێکەوە کاریان کردووە بۆ دامەزراندنی کۆنفیدراسیۆنێکی ئاشووری-کوردی-ئەرمەنی، بەڵام ئەمە بەهۆی چەندین هۆکاری جیاوازەوە نەکراوە. ئێمە پێمان وایە کورد و ئاشوورییەکان لەم ناوچەیەدا چارەنووسی هاوبەشیان هەیە. بۆیە، دەبێت پێکەوە کار بکەین و یەکدی قبووڵ بکەین، یەکدیش بپارێزین، بە ئاشتی لەگەڵ یەکدی بژین. بۆیە، دەبێت هەموو شتێک بکەین بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بکەین. من تەواو دڵنیام سەرکردایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەم ئامانجەدا لەگەڵمان هاوبەشە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ