هەڤپەیڤین
لەمیا قدۆر، ئەندامی فراکسیۆنی سەوزەکان لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا قسەی بۆ زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو کرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا هۆشداری دەدات لە پشتگوێخستنی مافی نەتەوەکان و پێکهاتەکانی سووریا لەلایەن حکومەتی راگوزەر و فیدراڵیش بۆ سووریا بە چارەسەری گونجاو دەزانێ.
لەمیا قدۆر، ئەندامی فراکسیۆنی سەوزەکان لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا بە زنار شینۆ، پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "بۆ ئێستا بیر لەوە بکرێتەوە سووریایەکی ناناوەندی و فیدراڵیی دابمەزرێت.''
بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە، سیستمی فیدراڵیی دروستیش بکرێت دەبێ کار بۆ پاراستنی و باشترکردنی بکرێت، نموونە بە عێراق دێنێتەوە و دەڵێت: "هێشتا هەموو شت بەپێی فیدراڵیی کار ناکات".
لەمیا قدۆر هەروەها دەڵێت: "هەموو گرووپێکی دانیشتووان لە سووریا بە یەکسانی سەیر بکرێن، تەواو یەکسان بن، مافی تەواویان هەبێ و دڵنیا بکرێنەوە، ئەگەر ئەوە نەکرێت و سەرکەوتوو نەبێ، سووریا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخەی تازە لێی هاتووەتە دەرەوە."
لەبارەی بانگهێشتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا بۆ بەرلین و کۆبوونەوە لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا، پەرلەمانتارەکەی ئەڵمانیا دەڵێت: "منیش هەست بەوە دەکەم کە بە هەر شێوەیەک بێ بەشێکی سووریاییەکان بنێردرێنەوە وڵاتەکەیان.'' مەرجەکانی وڵاتەکەشی بۆ پشتیوانی لە سووریا ئاشکرا دەکات.
دەقی گفتوگۆی رووداو لەگەڵ لەمیا قدۆر:
رووداو: لەمیا خان، سوپاس بۆ ئێوە، هەڵوێستی ئێوە وەکو پارتی سەوز لەبەرامبەر دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق چییە؟
لەمیا قدۆر: ئێمە لانیکەم تاڕادەیەک چاوەڕوانی و هیوامان هەیە بۆ ئەوەی سووریا سەقامگیر بێ، واتە دەسەڵاتی راگوزەر بتوانێ وڵاتەکە، دانیشتووان یەکگرتوو و سەقامگیر بکات، بێگومان دوای 54 ساڵ لە دیکتاتۆری ئەو یەکگرتووییە سەخت بووە، هەروەها دوای 13 ساڵ جەنگ و بەهاری عەرەبی، بۆیە چاوەڕوانییەکە لە هەر سەرۆکێک بێ، ئەحمەد شەرع یان هەر یەکێکی دیکە ئەوەیە وڵاتەکە ئارام ببێتەوە، کۆمەڵگە یەک بخرێت، بە گشتی لە ناوچەکەدا هەندێک ئارامی هەبێ، بەشێوەیەک ئێران و هێزەکانی، ئەگەر بە نموونە بڵێین حیزبوڵڵا پاشەکشەی پێ بکرێت، ناوچەیەک رووسیا رۆڵێکی ئەوەندە گەورەی تێدا نەبێ، بەڵام ویستیش ئەوەبوو لە کۆتاییدا لەنێوان دووکەوانەدا وڵاتەکە لە داگیرکاری تورکیا رزگاری ببێت، لە هەمان کاتدا ئیسرائیلیش لە باشووری سووریا هێرشەکانی بوەستێنێت، بۆ ئەوەی دیدێکمان هەبێ و بزانین ئەو وڵاتە بەرەو کوێ دەڕوات؟ بۆیە بە بڕوای من و پارتی سەوز هێشتا سووریا لە لێواری مەترسیدایە،سەقامگیر نییە، یان سەقامگیرییەکەی لەرزۆکە، من زۆر وریام لە ناوهێنانی وڵاتەکە بەمشێوەیە.
رووداو: مارلن ستوتسمان، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا بە هاوکارانی منی گوت لە واشنتن، دوای ئەوەی سەردانی سووریای کرد، بێ گومان ئێوەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا چووبوونە سووریا، ئەو گوتی خەڵکێکی زۆر کە لە نەتەوەی عەرەبن داوا دەکەن ناوی کۆمار بکرێتە کۆماری سووریا و حکومەت و دەسەڵات ناوەندی بێ، ئێوە وەکو پەرلەمانتارێکی ئەڵمانی-سووری چۆن دەڕواننە ئەو داوایە؟
لەمیا قدۆر: من وەکو ئەڵمانییەک تەنیا فیدراڵیزم بۆ سووریا بە باش دەزانم، واتە لانیکەم ئێمە ئاوێتەی ئەو سیستمەین، من لێرە لەدایکبووم و گەورەبووم، لە بنەڕەتدا تەنیا فیدراڵی دەزانم، ناوەندیی بوون تەنیا لە سووریای پێشوو هەبوو و دەمزانی، بۆ ئێستا بیر لەوە بکرێتەوە سووریایەکی ناناوەندی و فیدراڵیی دابمەزرێت، بێگومان ئەوە رێگەیەکی زۆر سەرنجڕاکێشە، بەڵام لەو بڕوایەدام پەیوەندی نێوان هەرێـمە فیدراڵییەکان و حکومەتی ناوەندی پێویستە، دەبێ پەیوەندییەکی باش بێ، بەرپرسیارێتییەکە لە کوێیە؟ پێویستە ئەمە لە ئەڵمانیاش روون بکرێتەوە.
ئێمە لە ئاستەکانی، شارەوانی، سیاسەتی هەرێمی، سیاسەتی فیدراڵیی کار دەکەین، ئاستی جیاوازمان هەیە، لەو باوەڕەدام پێویستە ئەوە لە دەستووری سووریا جێگیر بکرێت، بەڵام فیدراڵیی هەروا دروست نابێ، سەیرکە لە عێراق سیستمەکە خۆکارانە دۆخێکی باشتر ناهێنێت، هەر لە عێراق لە هەرێمە فیدراڵییەکاندا هێشتا گەندەڵی هەیە، هێشتا هەموو شت بەپێی فیدراڵیی کار ناکات، بۆ نموونە ژێرخان، بۆیە ئەوە بەتەنیا گەرەنتی ئەوە نییە بۆ ئەوەی گرووپی جیاوازی دانیشتووان لە سووریا، بۆ نموونە کورد، عەلەوی و دروستی بەپێی پێویست بپارێزرێن، ئەوە ئەگەرێکە، سیستمەکە ئەوکاتە کاردەکات حکومەتی ناوەندی بە هاوکاری هەرێمەکان بڕیار بدات، من ئێستا ئەوە لە سووریا نابینم، ناشزانم رەنگە هەنگاوی داهاتوو بێ، یان یەکێک بێ لە هەنگاوەکان، من ئەمە لە حکومەتی راگوزەر نابینم، بۆ ئەوەی بڵێی باشە ئەمە دیدێکی گەورەیە، ئێمە پێویستە سووریا بۆ ناوچە یان بەش یان هەرێمی جیاواز بتوانین دابەش بکەین، وەکو ئێرا ( ئەڵمانیا) هەرێمی فیدراڵیی هەبێ، پاشان هەر هەرێمێک کەمێک بتوانێ بۆ خۆی کاربکات، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا لە هەرکاتێك کە دۆخێکی سیاسی دروست بێ، یان ئۆپۆزیسیۆنێك بەشێوەیەکی بەهێز دەربکەوێت لە سووریا بە پشتیوانییەکی زۆرەوە لە دانیشتووان، دەکرێت هەموو شت بگۆڕێت؟، من بڕوایە ئەوە بۆ ئێستا ساڵێک دوای ئەسەد روونادات، پرسیاری دیکەش هەن، مرۆڤ چاوەڕوانی چی دەکات، من وەکو ژنێکی سووری کە ساڵانە دەچوومە سووریا، بێگومان جگە لە 15 ساڵی رابردوو کە نەمتوانی بچم، یەکەم شت چاوەڕوانی ئەوە ناکەم هەموو شت بە باشی کار بکات، دوای ئەو ساڵانەی جەنگ کە روویدا، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەم تاوانباران بدۆزرێنەوە و سزا بدرێن،لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت، چاوەڕوانی ئەوەم هەموو بەشەکانی سووریا، هەموو گرووپێکی دانیشتووان بە یەکسانی سەیر بکرێن، تەواو یەکسان بن، مافی تەواویان هەبێ و دڵنیا بکرێنەوە، ئەگەر ئەوە نەکرێت و سەرکەوتوو نەبێ،سووریا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخەی تازە لێی هاتووەتە دەرەوە .
رووداو: بەڕێز قدۆر، فریدریچ مێرتز بە رای گشتی راگەیاند کە ئەحمەد شەرعی بۆ بەرلین بانگهێشت کردووە، ئێوە چی بە ئەحمەد شەرع دەڵێن ئەگەر لە بەرلین بیبینن، بەتایبەت لەبارەی رەوشی سووریا، رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق، دەربارەی دۆخی دروزییەکان و عەلەوییەکان و تاوەکو دوایی ؟
لەمیا قدۆر: رەنگە من خۆم وەکو کەسێك قسەی لەگەڵ نەکەم، بەڵام ئەگەر قسەم لەگەڵی کرد، یان لانیکەم لەگەڵ ئەندامانی حکومەتەکەی، پێویستە بابەتەکە بەمشێوەیە بێ، بۆ من گرنگە وەکو ئەندامێک کە خێزانەکەم لە عەرەبی سوننەیە، چاوەڕوانی ئەوە دەکەم کە یەکسانی هەبێ بۆ هەموو دانیشتووان و ئەو ئامانجە بەدی بێ، نازانم داهاتووی سووریا چۆن دەبێ، بەڵام ئەگەر هەموویان هەمان مافیان نەبێ و هەمان دەرفەتی بەشدارییان نەبێ، دڵنیاییش نەبێ بۆ ئەوە، وڵاتەکە پارچە پارچە دەبێ، چونکە هێزی جیاوازی تێدایە، عەرەبی سوننە ئێستا بەشێوەیەکن دەڵێن با کورد پشتگوێ بخەین، عەلەوی و دروزیش بە هەمان شێوە، کوردیش هێزی هەیە،ئەوانیش دەڵێن بەرژەوەندیمان لەو وڵاتە هەیە، ئەو دۆخە بەردەوام ئامادەیە بۆ تەقینەوە، بە راستگۆییی بڵێم ئەگەر ئەوە رووبدات کارەساتبار دەبێ، نەک تەنیا بۆ سووریا بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکەش، ناوچەکە ئاسایشی نابێ، ئەگەر ئۆتۆنۆمی بدرێتە کورد، بەراستی دەبێ شێوەیەکەی بەتەواوی دیاری بکرێت، هێشتا داگیرکاری تورکیا لە عەفرین هەیە، ماوەیەکی زۆرە ئەمە چارەسەر نەکراوە، بەڵام بۆ کورتخایەن ناتوانین لەسەر فیدراڵیی قسە بکەین، من ئێستا ئەوە نابینم، بەڵکو پێویستە سەرەتا بابەتەکە ئەوە بێ وڵاتەکە بە تەواوی سەقامگیر بێ ، بۆ مەودای درێژخایەنیش دەبێ دیدگەیەک هەبێ، پێویستە حکومەتی ئێستا کار بکات کە دیدگەی بۆ داهاتوو چییە؟ چوار بۆ پێنج ساڵی داهاتو دۆخی سووریا چی لێ دێت؟
رووداو: دوایین پرسیارم، لەوباوەڕەدان بانگهێشتی ئەحمەد شەرع بۆ بەرلین تەنیا بۆ سیاسەتی کۆچ و پەناخوازان بێ، کە ئێستا پرسێکی گەرمە لە ئەڵمانیا، بۆ ئەمەش داوا دەکرێت بە هەر شێوەیەک بێ هەندێک کەس، تاوانبار یان بێ تاوان بۆ سووریا رەوانە بکرێنەوە ؟
لەمیا قدۆر، ئەندامی پەرلەمانیی ئەڵمانیا: راستی بڵێم منیش هەست بەوە دەکەم،ئەوەشی لە پەرلەمانی فیدراڵیی تێیدەگەم لە پارتە هاوپەیمانەکانیش ( هەردوو پارتی دەستەخوشکی کریستیان)، سیاسەتی دەرەوە بە یەکگرتوویی لە سیاسەتی نێوخۆیی هەردوو حیزب دیاری دەکرێت، واتە سیاسەتڤانانی نێوخۆیی لەوێ دەنگیان بەرزترە لەبارەی سووریا و سووریاییەکانەوە، ئەمە روونی دەکاتەوە کە بۆچی ئەوەندە دژایەتی دژی یۆهان ڤادەفول وەزیری دەرەوە هەبوو،چونکە سیاسەتڤانانی CDU یان هەردوو حیزب، گوتیان بوەستە ئێمە دەمانەوێت گۆڕانکاری لە سیاسەتی کۆچ بکەین، واتە رەوانەکردنەوەی خەڵک و چیرۆکەکانیان، ئەو ناڕەزایەتییانە چیرۆکەکەی تێدا، بڕوام وایە بەڕێز مێرتز بیر لەوە دەکات کە ئێمە وەکو ئەڵمانی یارمەتی مرۆیی پێشکێش بکەین، ئەوە ئاشکرایە، ئێمە پشتگیریمان هەیە بۆ دادپەروەری لە گواستنەوەیاندا، لە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانیش، وەکو ئەوەی بۆ نموونە سیدنایا بکرێتە مۆزەخانەیەک، ئێمە وەکو ئەڵمانیا بەداخەوە ئەزموونمان هەیە لەو چیرۆکانەدا، بەڕێز مێرتز لەبەرامبەردا دەڵێت، ئێمە بە مەرج ئەمە دەکەین کە گەڕانەوەی سووریاییەکانە، رەنگە داواکاری سێیەم و چوارەم و پێنجەم لەبارەی دانیشتووان و کەمینەکان بێ، لەکاتێکدا پێویستە زیاتر لەبەرچاو بگیرێن، گومانم هەیە زیاتر مەسیحییەکان بخرێنە پێش، کەمتریش عەلەوی و دروزی و ئێزدییەکان، پێکهاتەی دیکەش لە سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ