رووداو دیجیتاڵ
د.پیتەر گالبرێت، ئێستا مامۆستایە لە زانكۆی پەنسلڤانیا. ماوەیەكی زۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كاریكردووە و باڵیۆزی ئەمریكا بووە لە كرواتیا دوای رووخانی یەكێتی سۆڤیەت.
هاوكاری زۆری سەركردەكانی كوردی كردووە و رێگەی وەزارەتی دەرەوەی بۆ كردوونەتەوە. هەروەها كاری لەسەر گواستنەوەو پاراستنی سەدان هەزار تۆن بەڵگەنامەی رژێمی عێراق كردووە لەسەر كورد لە دوای راپەڕینی 1991 . راوێژكاری تیمی كوردستان بووە لەكاتی نووسینەوەی دەستووردا.
لەو هەڤپەیڤنەدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، باسی ئایندەی كورد لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان دەكات.
دڵبخوین دارا : د.پیتەر، تۆ شارەزای رەوشی کوردی. كورد باش دەیانناسی. ئێستا رەوشی ناوخۆی کورد و رەوشی کورد بەگشتی لە ناوچەکە چۆن دەبینی؟
پیتەر گالبرێت: سەرەتا، خۆزگە توانیبام لەنێو ستودیۆ لەگەڵ تۆ بووام لەجیاتی ئەوەی لە ماڵی خۆمەوە قسەت لەگەڵ بکەم. بێگومان ڤایرۆسی کۆرۆنا گەشتکردنی سەخت کردووە و شێوازی ژیانی هەموومانی گۆڕیوە.
پێموایە ئەوە راستە کە هەرێمی کوردستان توانی لە عێراق باشتر رەوشەکە بەڕێوەببات. بێگومان باشتر لە ئێران و تورکیا، زۆر باشتریش لەو رەوشەی لە ئەمریکا تێیداین . ڤایرۆسەکە هەموو شتێکی گۆڕیوە. دەزانم ئەم رەوشە کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان داناوە. یەکێک لە دەرەنجامەکانی خراپبوونی رەوشی ئابوورییە. ئەوەش بەهۆی دابەزینی خواست لەسەر نەوت. نەبوونی خواستیش نرخی نەوتی دابەزاند، دابەزینی نرخیش بووە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی نەوت بۆ بەغدا و هەرێمی کوردستان.
ئێستا کوردستانی عێراق بە ماوەیەکی ئارامدا تێدەپەڕێت. ساڵی 2017 کە گشتپرسی کرا، رووداوی دراماتیکی بەدواداهاتن. لەوکاتە بەدواوە ئاگربەست هەیە (لەنێوان هەولێر و بەغدا). ئێستا دوو سەرۆکوەزیرانی نوێ لەکاردان. پێموایە سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق کەسێکە دەیەوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی نوێ و سەرۆکی هەرێمی کوردستان کار بکات. پێموایە پێشڤەچوون بەدیهاتووە، بەڵام ئارەزووی گەورەی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی کاڵنەبووەتەوە. بە رای من درەنگ یان زوو سەربەخۆیی بەدیدێت.
دڵبخوین دارا: د.پیتەر، لە شوێنی جیاواز و لەکاتی جیاوازدا لەگەڵ کورد کارت کردووە. بە تێڕوانینی تۆ ناکۆکی نێوان حیزبە کوردییەکان بەراورد بە رابردوو چۆنە؟ ناکۆکییەکە قووڵتر بووە یان کەمبووەتەوە؟ مەبەستم پەیوەندی سیاسی نێوان حیزبە کوردییەکانە.
ئەگەر بەرەیەكی یەكگرتووی كورد لە 2017 هەبووایە ئێستا كوردستان سەربەخۆبوو
پیتەر گالبرێت: قسەیەکی بەنێوبانگ هەیە دەڵێ ''کورد دۆستی نییە جگە لە چیاکان''، من هەمیشە چەند وشەیەک بۆ ئەم دێڕە زیاد دەکەم و دەڵێم کورد دوژمنی زۆری هەن و خراپترینیشیان کوردە. کوردستان بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان حیزبە کوردییەکان زیانی زۆری بەرکەوتووە، هەروەها بەهۆی ئەوەی کە ئامادەن قوربانی بە بەرژەوەندی نیشتمانی بدەن لەپێناو بەرژەوەندییەکی سیاسی کاتی. ئەوەمان بە باشی لە ئۆکتۆبەری 2017 بینی. ئەگەر بەرەیەکی یەکگرتوو هەبووایە پێموایە هەرێمی کوردستان دەیتوانی بەرگری لە کەرکووک و ئەو ناوچانە بکات. ئەگەر یەکگرتووبووان رەنگە ئێستا کوردستان سەربەخۆبووایە. بەبۆچوونی من ئەوە کێشەیە. دەبینم کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەوڵیانداوە ئەو ناکۆکیانە کەمبکەنەوە لە رێی دانیشتن لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی نیشتیمانی كوردستان . ململانێ لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیدارەی کوردی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاش هەیە. کاتی ئەوتۆ هەبووە ناکۆکییەکان تووند بوون. تەنانەت گەیشتووەتە خاڵێک کە سنوور دابخرێت. زۆر خۆشحاڵم کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و ژەنەڕاڵ مەزڵووم پێکەوە کاردەکەن و پێشڤەچوون بەدیهاتووە بۆ بونیادنانی پەیوەندی باشتر لەنێوان ئەو دوو بەشەی کوردستان.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی و ژەنەراڵ مەزڵووم پەیوەندی باشیان لەنێوان دوو بەشی كوردستان دروستكردووە
دڵبخوین دارا: باشە د.پیتەر ئێستا بۆ نموونە، رەوشی کورد لە عێراق جیاوازە. سەردەمێک کورد لە عێراق یەکێک لە بڕیاربەدەستە سەرەکییەکان بوو. ئێستا داوای نیو مووچە لە عێراق دەکەن، بەڵام بەغدا ئەوەش نانێرێت. بە تێڕوانینی تۆ رەوشی کورد بۆ گەیشتە ئێرە؟
لە ئۆكتۆبەری 2017 بینیمان كورد ئامادەن قوربانی بە بەرژەوەندی نیشتیمانی بدەن
پیتەر گالبرێت: خاڵی یەکەم ئەوەیە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت عێراق داهاتی سنووردارە. واقیعەکە ئەوەیە کاتێک عێراق ئەو داهاتە سنووردارە دابەش دەکات، سەرپەڕی بە کورد نادات. عێراق بەوجۆرە خۆی دەبینێت و بەوجۆرە خۆی دەناسێنێ کە پێشتر لە دەستووردا نووسرابوو "عێراق دەوڵەتێکی عەرەبییە". لەکاتێکدا کورد عەرەب نین. هەرگیز کورد وەک هاووڵاتی پلە یەکی عێراق نەبینراوە. بۆیە ئەگەر عێراق دەوڵەتێک بووایە کە تێیدا کوردستان بەشێکی یەکسانی هەبووایە، ئەوە پێشبینی دەکرا ئەگەر بودجە ببڕدرێت، بە یەکسانی بودجەی هەموو وڵات ببڕدرێت، بەڵام کوردستان پشکی سەتا حەڤدەی خۆی هەر پێدەگەیشت. ئێستا بەوجۆرە نییە. بەشێوەیەکی دراماتیکی، ئەمەتان لە ساڵانی نێوان 2014 بۆ 2017 بینی. لەکاتێکدا کە داعش هەڕەشەیەکی مەزن بوو لەسەر عێراق، حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی ئەوکات چی کرد؟ پارەی هەرێمی کوردستانی بڕی. سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان تاکە هێزی مەیدانیی شەڕی دژی داعش بوو. عێراق کوردستانی وەک بەشێک لە عێراق و خەڵکەکەی وەک هاووڵاتی عێراقیی نەدەبینین. رەفتاریان لەگەڵ کوردستان وەکو رەفتارکردن بوو لەگەڵ دەوڵەتێکی جیاواز. بە بۆچوونی من ئەوە کێشەی بنچینەییە. بێگومان پێویستە هەرێمی کوردستان پشکی خەرجییەکانی بەربکەوێت. بەڵێ، رەنگە پێویستبێت بڕین لە هەندێک لە خەرجییە سیادییەکاندا بکرێت، بەڵام زۆربەی ئەو پارەیەی عێراق بۆ خەرجییەكانی سەروەری دەیدات پشکی کوردستانیشی تێدایە. بۆ نموونە خەرجییەكانی سوپای عێراق، پێشمەرگەش خەرجی هەیە. پێویست ناکات لە پارەی هەرێمی کوردستان بدرێتە سوپای عێراق لەکاتێکدا دەبێ پارەی پێشمەرگەش بدات. کوردستان لە دەرەوە نووسینگەی دیپلۆماسی هەن، نابێ لە پارەی کوردستان بدرێتە نووسینگە دیپلۆماسییەکانی عێراق و پارەی نووسینگەکانی خۆیشی بدات.
دڵبخوین دارا : تۆ وەک راوێژکارێک بەشداربووی لە نووسینی دەستووری عێراق دا. کورد 54 ماددەی دەستووریان دەستنیشانکردوون کە تائێستا جێبەجێنەکراون. عەمار حەکیم دەڵێ سیستم و دەستووری ئێستای بەڕێوەبردنی عێراق سەرکەوتوو نییە. ئایا دەستووری عێراق هەڵەیە یان شێوازی جێبەجێکردنی راست نییە؟
پیتەر گالبرێت: پێموانییە دەستوور کێشەی هەبێت. کێشەکە لە جێبەجێنەکردنی دەستوورە. لەڕاستیدا، لەگەڵ براندن ئۆلێریی هاوکارم لە زانکۆی پەنسلڤانیا، قسەمان لەسەر ئەوە کرد و 54 مادەی دەستووری عێراقمان دەستنیشانکردن کە جێبەجێنەکراون. هەندێکیان گرنگترن لە ئەوانی دیكە. ئەگەر دەستوور جێبەجێکرابا و هاوبەشیی راستەقینە لە وڵاتدا هەبووایە، ئەوە پێموایە ئەو کێشانەی ئێستا نەدەبوون. جارێکی دیکە هاتییە سەر باسی خاڵە بنەڕەتییەکە. ئەوکاتەی رەشنووسی دەستوور نووسرا، کورد بایەخیان بە بونیادنانی عێراقێکی یەکگرتوو یان عێراقێکی بەهێز نەدەدا. تاکە بایەخیان بۆ پاراستنی سەربەخۆیی دیفاکتۆیی هەرێمی کوردستان بوو. عێراقیش نەیدەویست دەوڵەت بونیاد بنێت، هێندەی خوازیاری پاراستنی بەرژەوەندیی سوننە و شیعە بوو. کەواتە مادام ناسنامەیەکی هاوبەشتان نییە و پابەندییەکی هاوبەشتان نییە بەو وڵاتەوە، هەرچییەک لە دەستووردا بنووسرێت پێناچێ هیچ جیاوازی دروست بکات. بەرای من دەستوورێکی زۆر باشە، بەڵام پێویستە جێبەجێبکرێت. تەنیا ئەوکاتە جێبەجێدەکرێت کە پێیەوە پابەند بن. لە بنەڕەتدا، بەرپرسانی بەغدا پابەندنین بە دەستوور.
دڵبخوین دارا: لەکاتی نووسینی دەستووردا، تۆ لەو باوەڕەدابووی مادەی 140 جێبەجێبکرێت و، کێشەی کەرکووک و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان تاوەكو کۆتایی 2007 چارەسەر بکرێن؟ ئەو کێشانە هێشتا لەنێوان هەولێر و بەغدا ماون و چارەسەر نەکراون.
كێشەی دەستووری عێراق ئەوەیە جێبەجێ ناكرێت
پیتەر گالبرێت: پێموابوو ماددەی 58ی سەردەمی ئەنجوومەنی کاتی کە دواتر کرا بە مادەی 140ی دەستوور، جێبەجێدەکرێت. بەو مانایەی پێموابوو هەموو لایەنەکان هاوڕا دەبن و پێش 31ی دیسێمبەری 2007 گشتپرسی دەکرێت. ئێستا پتر لە 12 ساڵ بەسەر ئەو کاتەدا تێپەڕیوە. بەغدا ئیرادەی نەبوو بۆ جێبەجێکردنی مادەیەک کە گرنگبوو بەلای کوردەوە. جارێکی دیکە دەڵێم هۆکارەکە ئەوەیە کورد بە هاووڵاتی پلە یەکی عێراق دانانرێن.
لێرەدا، پێویستە لۆمەی بەشێکی سەرکردایەتی کوردیش بکەم، چونکە مادەی 140 کە پێشتر مادەی 58 ی سەردەمی ئەنجوومەنی حوکم بوو، دەڵێت: سێ سەرۆکایەتییەکە، کە ئەوکات جەلال تاڵەبانی یەکێکیان بوو، دەیانتوانی پێشنیاز بخەنەڕوو لەبارەی دەستکاریکردنی سنووری کەرکووک و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گۆڕانکاریانەی سەددام حوسێن لە سنوورەکاندا کردبوونی. ئەوە پێیدەگوترێ پرۆسەی ئاساییکردنەوە. لەکاتی هاوڕانەبوونی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، پێویستدەکات نێوبژیوانێکی بێلایەن دەستنیشان بکەن بۆ ئەوەی بڕیاریان بۆ بدات. لە ئەگەری رازینەبوون بە بڕیاری ئەو نێوبژیوانە بێلایەنە ئەوا پەنا دەبرێتە بەر سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان. هیچ کام لەم هەنگاوانە نەنران. پێشنیازکردن بۆ ئەو هەنگاوانە لە سنووری دەسەڵاتی سەرۆککۆماردایە. بەسادەیی، هیچ هەوڵێک نەدرا بۆ جێبەجێکردنی ئەو مادەیە. بۆیە پێموایە کورد بەشێک لە بەرپرسیارێتی جێبەجێنەکردنی ئەو مادەیەی دەستووری لە ئەستۆیە.
دڵبخوین دارا : عێراق بودجەی کوردستانی راگرتووە. داوای غاز و پەتڕۆڵ و داهاتی دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی کوردستان دەکات. ئایا لە قازانجی کوردستانە دەستبەرداری ئەوانەبێ و رادەستی عێراقیان بکات بۆ ئەوەی بودجە بنێرێت؟
پیتەر گالبرێت: بەدڵنیاییەوە، یەکێک لە گرنگترین تواناکانی کوردستان توانای کۆنتڕۆڵکردنی سنووری زەوی و ئاسمانییە. ئەگەر کوردستان دەستبەرداری ئەوەبێت ئەوا بەڕووی جیهاندا دادەخرێت. کارەسات دەبێت. پێموایە ئەوە شتێکە نابێ هەرگیز پێی رازیبن. سەبارەت بودجە، تایبەتمەندییەکی گرنگی دەستووری عێراق ئەوەیە مافی کۆنتڕۆڵی بەرهەمهێنانی نەوت دەداتە کوردستان. بابەتی چۆنیەتی هەناردەکردن زۆر گرنگ نییە. دەكرێت نەوت لە کوردستان بەرهەمبهێنرێت و لەلایەن سۆمۆوە هەناردە بکرێت. دواتر داهاتەکەی بەشبکرێت. هۆکاری ئەوەی ئێوە دەتانەوێ بەرهەمهێنانی نەوت کۆنتڕۆڵ بکەن ئەوەیە ئەگەر پشت بەوە ببەستن بەغدا چێکێکی پارەتان بۆ بنێرێت ئەوە ئۆتۆنۆمی یان خۆبەڕێوەبەری مانای نامێنێت. ئەگەر هەر خۆتان نەوت بەرهەمبێنن سەرچاوەی داهاتی خۆتان دەبێت، بەڵام چۆنیەتی فرۆشتنی نەوتەکە پرسێکی کەمتر گرنگە.
دڵبخوین دارا: ئەمریکا سەرپەرشتی نووسینی دەستووری عێراق و دانانی سیستمی نوێی کرد، بەڵام لەبەرامبەر بڕینی بودجەی کوردستان لەلایەن بەغداوە بێدەنگ بوو. ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا چۆن دەبینی؟
پیتەر گالبرێت: پێموایە باشترین شت ئەوەیە کێشە نێوخۆییەکانی عێراق لەلایەن عێراقییەکان خۆیانەوە چارەسەر بکرێن. واتە لەلایەن کورد و حکومەتی ناوەندی لە بەغدا. هێزێکی دەرەکی دەتوانێ یارمەتیدەر بێت، بەڵام نابێ پێشبینی بکرێت هێزێکی دەرەکی، تەنانەت ئەمریکاش، بێتە ناوەوە و ئەو کێشانە چارەسەر بکات.
دڵبخوین دارا: دێمە سەر مژارێکی دیکە. بەرێز گالبرێت، جۆن بۆڵتن لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو گوتی: عێراق جارێکی دیکە لە هەژموونی ئێران رزگاری نابێت. بۆ بەرژەوەندی ستراتیژیی ئەمریکا و ناچەکەش باشترە عێراق هەڵبوەشێتەوە و ئەمریکا دان بە سەربەخۆیی کوردستاندا بنێت. تۆ چۆن لەو بۆچوونەی بۆڵتن دەڕوانی؟
پیتەر گالبرێت: هاوڕام لەگەڵ جۆن بۆڵتن کە پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان دەکات. ئەوەی 2003 لە عێراق روویدا، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، جۆرج بوش، عێراقی داگیر کرد. عێراق و ئێرانی بە دوو وڵاتی خراپەکار هەژمارکرد، بەڵام بێگومان ئەوکات ئەو دوو وڵاتە گەورەترین دوژمنی یەکتربوون لە جیهاندا، دوژمنایەتی سەدام و ئایەتوڵڵاکان. دوای داگیرکرانی عێراق، لەرێی پرۆسەیەکی تەواو دیموکراسی و دادپەروەرانەوە هێزە شیعییەکان کە هاوپەیمانی ئێرانن، دەسەڵاتیان گرتە دەست. رێکخراوی بەدر لە ساڵی 1982 لە تاران دروستکرا. حیزبی دەعوەش چەندین دەیەیە ئێران پشتگیری دەکات. ئەمڕۆ، بەغدا نزیکترین هاوپەیمانی تارانە لە جیهاندا. من نکوڵی لێناکەم و گلەییش ناکەم. ئەوە بژارەی هێزی زۆرینەیە لە عێراق. ئەوەی هەڵەیە ئەوەیە پێشبینی بکرێت کوردستان کە بەخۆی خۆی بەرێوەدەبات، ببێتە بەشێک لەو هاوپەیمانییە لەگەڵ ئێران. کوردستان، بەشێوەیەکی سرووشتی نزیکترە لە ئەمریکا. لەبەر چەندین هۆکار سەربەخۆیی کوردستان، کە ئاواتی خەڵکی کوردە، لە بەرژەوەندی ئەمریکادایە. هەروەها بۆ سەقامگیریی ناوچەکەش سوودی دەبێت. سەربەخۆیی کوردستان بۆ کوردستان و بۆ عێراقیش باشترە.
دڵبخوین دارا : تۆ لەو باوەڕەدای رۆژێک لە رۆژان ئەنجامی گشتپرسیەکەی 2017 وەک چارەسەرێک ببینرێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی عێراق و کوردستان؟
سەربەخۆیی کوردستان بۆ کوردستان و بۆ عێراق باشە و لە بەرژەوەندی ئەمریكایە
پیتەر گالبرێت: بەڵێ. گشتپرسیەکەی 2017، بڕیاری یەکگرتووی خەڵکی کوردستان بوو بۆ سەربەخۆیی. مانای ئەوە نەبوو راستەوخۆ سەربەخۆیی رابگەیێندرێت، چونکە سەربەخۆیی دەبێ لەنێوان هەولێر و بەغدا دانوستاندنی لەسەر بکرێت. تاوەکو ئەو بڕیارەی خەڵک پێچەوانە دەکرێتەوە ئەوە وەکو خۆی دەمێنێتەوە. مەحاڵە پێشبینی بکرێت خەڵکی کوردستان بیرکردنەوەیان بگۆڕن، لەکاتێکدا سەتا 93ی خەڵک دەنگیان بە سەربەخۆیی دا. مەحاڵە بتوانرێ خەڵکێک لە سنوورێکی جوگرافی وەک کوردستاندا لە وڵاتێکدا بهێڵدرێنەوە کە نایانەوێ بەشێک بن لێی. تەماشای یەکێتی سۆڤێت بکە، بۆ ماوەی پتر لە پەنجا ساڵ لیتوانیا، لاتڤیا و ئیستۆنیای کۆنتڕۆڵکرد. لە 1940 تاوەکو 1991، بۆ ماوەی پەنجاو یەک ساڵ. بەڵام ئەوە ئارەزووی خەڵکی ئەو وڵاتانەی بۆ سەربەخۆیی نەگۆڕی. کاتێک یەکێتی سۆڤیەت بەرەو لاوازی چوو، ئەو وڵاتانە سەربەخۆییان راگەیاند. من یەکەم باڵیۆزی ئەمریکا بووم لە کرواتیا. ئەو وڵاتەش بۆ ماوەیەکی درێژ هەوڵی سەربەخۆیی دەدا و بە تێپەڕینی کات بەدەستیهێنا. پێموایە ئەوە بەڵگەیە بۆ ئەوەی کوردستان زوو یان درەنگ سەربەخۆیی بەدەستدەهێنێت. کەس ناتوانێ نکوڵی لەوە بکات کە خەڵکی کوردستان سەربەخۆییان دەوێت. هیچ دەوڵەتێک خودا دروستی نەکردووە، تەنانەت ئەمریکاش. ئەگەر دەوڵەتێک نوێنەرایەتی خواستی خەڵک نەکات بۆچی یەکپارچە بمێنێتەوە؟
دڵبخوین دارا: کورد ئەو قسانەی تۆیان بەدڵە. دەمەوێ بچمە سەر باسی رۆژئاڤای کوردستان. دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەیخواست هێزەکانی لە رۆژئاڤای کوردستان بکشێنێتەوە، دواتر بڕیارەکە گۆڕا. تۆ لەو باوەڕەدای ئەمریکا چۆن باشووری کوردستانی لە ساڵی 1991 پاراست، بەهەمان شێوە لە رۆژئاڤای کوردستانیش بمێنێتەوە؟
ترەمپ خیانەتی لە رۆژئاڤا كرد
پیتەر گالبرێت: پێش هەموو شتێک، پێموایە کوردستانی عێراق تەواو پارێزراوە. هیچ گۆڕانێک لە پێگەکەیدا روونادات و لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک هەرێمێک دانی پێدانراوە. لەوبارەوە نیگەران نیم. سەبارەت رۆژئاڤا، سەرۆکی ئەمریکا کە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئەردۆغان کرد، بەسادەیی خیانەتی لەو خەڵکە کرد کە هاوشانی ئەمریکا لەدژی دەوڵەتی ئیسلامی شەڕیانکرد. یازدە هەزار کوژراو لە ریزەکانی هەسەدە هەبوون. لەکاتێکدا پێنج ئەمریکی کوژران. سەرەڕای ئەوەش، رێز لەو قوربانیدانە نەگیرا و خیانەتیان لێکرا. هەواڵی خۆش ئەوەیە دەکرێ کەمێک دڵنیابین لەوەی دۆناڵد تڕەمپ لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتووەوە چیدی سەرۆکی ئەمریکا نابێت. لە ئەمریکا جەماوەری زۆر کەمە. راپرسییەکان پیشانیدەدەن جۆ بایدن بە دە خاڵ لەپێشەوەیە. لە هەموو ویلایەتە سەرەکییەکان لەپێشەوەیە. جۆ بایدن کەسێکە لە ساڵی 1990ەوە کورد دەناسێت. من ئەوە دەزانم چونکە من جۆ بایدنم بە جەلال تاڵەبانی، سامی عەبدولرەحمان، هۆشیار زێباری و نەجمەدین کەریم ناساند. ئەوە لە ساڵی 1990 ، رێک دوای داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە. تەنانەت پێشتریش لە ساڵی 1988 پشتگیری یاسای پێشگرتن لە جینۆسایدی کرد دوای کیمیابارانی کورد. لەو بوارەدا تۆمارێکی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ 32 ساڵ لەمەوبەر.
دڵبخوین دارا: دەکرێ سووریاش ببێتە خاوەنی سیستمێکی فیدڕاڵی و رۆژئاڤای کوردستان لە سووریای ئایندەدا ببێتە هەرێمێکی فیدڕاڵ هاوشێوەی باشووری کوردستان؟
ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەنێوچووە
پیتەر گالبرێت: بەدڵنیاییەوە چارەسەرێک بەدیدێت کە لامەرکەزیکردنی سووریا لەخۆدەگرێت، لەگەڵ رێژەیەکی بەرچاو لە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری بۆ کورد. جا زاراوەی فیدڕاڵیزم لە سووریا بەکاربهێنرێت یان نا، نازانم، سەختە پێشبینی هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئەسەد یان ئۆپۆزیسیۆن بکرێت، هەرچەند ئۆپۆزیسیۆن لەنێوچووە. بەڵام پێموایە چارەسەرێک کە رێژەیەکی بەرچاو لە خۆبەڕێوەبەری بداتە کورد، بەدیدێت. رەوشی کوردی سووریا جیاوازە لە کوردستانی عێراق. پەیەدە کە حیزبی باڵادەستە، خوازیاری سەربەخۆیی نییە. بەشێوەی کرداریش، بەلەبەرچاوگرتنی جوگرافیای ناوچەکە، سەربەخۆیی یەکێک نییە لە بژارەکان بۆ کوردی سووریا. ناوچەکەیان بەسەر یەکەوە نییە و دانیشتووانی تێکەڵەیەکن لە چەندین پێکهاتەی نەتەوەیی. بەبۆچوونی من چارەسەری دروست چارەسەرێکە کە ئاستێکی بەرچاو لە خۆبەڕێوەبەری لەخۆبگرێت و بتوانن لە سایەیدا درێژە بە ئەزموونی سیاسییان بدەن، لەگەڵ یەکسانیی جێندەری و پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکان.
دڵبخوین دارا: کۆمپانیای دێلتای ئەمریکی، بە پشتگیری حکومەتی ئەمریکا، گرێبەستێکی 25 ساڵەی بەرهەمهێنانی نەوتی واژۆ کردووە. ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا بۆ ماوەیەکی درێژ لە رۆژئاڤای کوردستان دەمێنێتەوە؟
جۆ بایدن كوردی خۆشدەوێت و پابەندی زیاتری دەبێت بەرامبەر خەڵكی رۆژئاڤا
پیتەر گالبرێت: ئەمە گرێبەستێکە لەنێوان کۆمپانیایەکی ئەمریکی بەناوی دێڵتا کرێسێنت ئینێرجی و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. زۆری لەبارەوە نازانم، بەڵام ئەوەی لە میدیاکان خوێندوومەوە، گرێبەستەکە چاککردنەوەی هەندێک لە کێڵگە نەوتییەکان لەخۆدەگرێت لەگەڵ هەناردەکردنی بەشێک لە نەوتەکە. سوودمەندانی ئەو گرێبەستە کۆمپانیاکە و خەڵکی رۆژئاڤا دەبن کە داهاتی نەوتیان دەستدەکەوێت. ئەمە بڕیاری حکومەتی ئەمریکا نییە، چونکە کۆمپانیاکە تایبەتە، بەڵام بۆئەوەی کۆمپانیایەکی تایبەت بتوانێ لەو ناوچەیە کار بکات پێویستی بە مۆڵەتی حکومەتی ئەمریکایە. پێموایە ئەمە لەڕووی سیاسییەوە گرنگە بۆ دۆناڵد تڕەمپ، چونکە ئاشکرایە کە ئەو کەسێکە نەوتی بەلاوە گرنگترە لە خەڵک، بەڵام ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا پابەندیی زۆرتری دەبێت بەرامبەر خەڵکی رۆژئاڤا. چونکە جۆ بایدن، سەرۆکی داهاتوو، کورد دەناسێت، کوردی خۆشدەوێ و بایەخیان دەزانێت. وایدەبینم کە ئەمریکا لە داهاتوودا بەبایەخی زۆرترەوە هەوڵی پاراستنی دەستکەوتەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەدات.
دڵبخوین دارا : هیوادارین رۆژێک لە ستودیۆی رووداو لە هەولێر بتبینین. سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ