ژمارەیەک کۆنگرێسمانی ئەمریکا بۆ رووداو: پشتیوانیی مافی کەمینەکانی سووریا دەکەین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای هێرشێکی ئەم دواییە بۆ سەر هێزەکانی وڵاتەکەیان لە سووریا، ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، دەرفەتێک بە دیمەشق دەدەن، بەڵام بە گومانیشەوە سەیری دۆخەکە دەکەن و دروشمی "متمانە بکە، بەڵام دڵنیاببەوە" پەیڕەو دەکەن. هاوکات، سەرجەمیان پشتیوانیی خۆیان بۆ مافی کورد، دروز و کریستیانەکان دووپاتکردەوە.
 
"متمانە بکە، بەڵام دڵنیاببەوە"
 
هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا پرسیاری لەسەر ئاستی متمانە بە حکومەت و هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە دروستکردووە. 
 
کێس سێڵف، ئەندامی کۆماریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، دەستەواژەکەی رۆناڵد رەیگنی بەکارهێنا و گوتی: "متمانە بکە، بەڵام لەم متمانەیە دڵنیاببەوە" بۆ قسەکردن لەبارەی دۆخی سووریا و ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی نوێی سووریا "کاری زۆری لەپێشە" بۆ یەکخستنی وڵات، چونکە هێشتا کورد بەشدارییەکی کارای نییە و هێرش لەلایەن ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی سووریاوە دەکرێ.
 
لانس گودن، ئەندامێکی دیکەی کۆماریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هۆشداری دا لەوەی  کە "زیاد لە پێویست متمانە نەکەین" باشە و گوتی: "ئەگەر داعش بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئێمە، ئەمە شتێکە بە تەواوی مایەی قبووڵکردن نییە." 
 
هاوکات فرێنچ هیڵ، ئەندامیی کۆماریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنەکەیە دۆخەکەی بە "ناسک" ناوبرد و رایگەیاند، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێ دەرفەتێک بە سووریا بدەن، بەڵام بە وردی چاودێریی دۆخەکەش دەکەن بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش یان هەر هەوڵێکی ئێران و رووسیا بۆ ناسەقامگیرکردنی وڵاتەکە.
 
پشتیوانیی بێمەرج لە مافی پێکهاتەکان
 
سەرجەم ئەندامانی کۆنگرێس کە قسەیان بۆ رووداو کرد، پشتیوانیی خۆیان بۆ مافەکانی کورد، دروز، کریستیانەکان و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا دەربڕی.
 
تۆم مککلینتۆک، ئەندامیی کۆماریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند: "بێگومان من پشتیوانی لە مافی چارەی خۆنووسینی هەموو گەلان دەکەم، لە هەر شوێنێک بتوانم." 
 
فرێنچ هیڵ هیواخواز بوو کە حکومەتی نوێ لە دیمەشق "پشتیوانی لە مافی کەمایەتییەکان، دروز، کریستیانەکان، سوننە و شیعە و عەلەوییەکانیش بکات" و گوتی: "پێویستە دەنگی هەموویان بیستراو بێت لە داهاتووی سووریادا."
 
لانس گوودن رایگەیاند: "پێویستە ئێمە لەوێ بین بۆ پشتیوانیکردن لە کەمینەکان لە سەرانسەری سووریا و دڵنیابینەوە لەوەی مافیان هەیە و پارێزراون." 
 
براد شێرمان، ئەندامیی دیموکراتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش کوردی بە "دۆستی دێرینی ئەمریکا" ناوبرد و گوتی: "پێویستە ئێمە لە پشتیوانیی کورد بەردەوام بین."
 
پرسی ئۆتۆنۆمیی کورد
 
لەوەڵامی پرسیاری رووداودا سەبارەت بە داوای کورد بۆ ئۆتۆنۆمی، کێس سێڵف رایگەیاند، "کورد کوردستانێکی لەو چوار وڵاتە دەوێ کە تێیاندا دەژین" و ئاماژەی بەوە کرد، هەموو گەلێک مافی چارەی خۆنووسینی هەیە.
 
بەڵام ئەو ئەندامەی کۆنگرێس ئاماژەی بە ئاڵۆزیی پرسەکەش کرد و گوتی: "دەبینیت هاوپەیمانەکانمان هەن، بۆ نموونە تورکیا."
 
پیت سێشنز، ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی: "ئەمە پرسێکی ئاڵۆزە، چونکە وەک دەزانن، تورکیا لەو نێوەندەدا هەیە."
 
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامی کۆنگرێسمانەکان: 
 
رووداو: بۆچوونتان سەبارەت بە مافی کەمینەکان لە سووریا چییە، وەک کورد، دروز و کریستیانەکان کە داوا لە ئەمریکا دەکەن پشتگیری لە خواستە سیاسییەکانیان بکات بۆ خۆبەڕێوەبەری. ئێوە چۆن دەڕواننە داواکارییەکەیان؟
 
تۆم مەککلینتۆک: بێگومان من پشتیوانی لە مافی چارەی خۆنووسینی هەموو گەلان دەکەم، لە هەرشوێنێک بتوانم؛ لەسەرانسەری جیهاندا پشتگیری لە ئازادی دەکەم. ئەمە ئەو شتەیە کە وادەکات مرۆڤایەتی بەرەو بەختەوەری و خۆشگوزەرانی بچێت. پێموایە حکومەتی نوێ لە سووریا بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕوات. ئایا بە خێراییەکی پێویست دەڕوات؟ لەوانەیە نا، بەڵام هەنگاو دەنێت.
 
رووداو: دوو رۆژ لەمەوبەر، هێرش کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا کە حکومەتی ئەمریکا دەڵێت حکومەتی سووریا بەرپرسیار نییە لە هێرشەکەدا، بەڵام دەزانین هێرشکارەکە بەشێک بوو لە هێزە ئەمنییەکانی سووریا. ئایا ئەمە هاوکێشەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی سووریا لە ئەمریکا دەگۆڕێ، کاتێک باس لە هاوبەشی ئەمنی لەگەڵ هێزە ئەمنییە نوێکانی سووریا دەکرێت؟

 

فرێنچ هیڵ: ئەمە کاتێکی ناسکە. ساڵێک بەسەر هەڵاتنی ئەسەد لە سووریا تێپەڕیوە کە گیانی خۆی رزگار کرد و هەڵات. سووریا بە شێوەیەکی نالەبار بە پارە و چەکی ئێران و رووسیاوە ئاراستە دەکرا،  هاوکات داعشیش زۆر چالاکە لە سووریا، بۆیە ئەم دۆخە بۆ حکومەتی نوێ لە دیمەشق زۆر سەختە. ئێستا  ئەمریکا، ئەورووپا، هاوپەیمانە هەرێمییەکان دەیانەوێ دەرفەتێک بە سووریا بدەن، بەڵام ئێمە بە ئاگاییەوە سەیری سەلامەتیی هاووڵاتییانی سووریا دەکەین، ئەمەش بۆ سنووردارکردنی هەر دەرفەتێکی سەرهەڵدانەوەی داعش، گەڕانەوەی سوپای پاسدارانی ئێران یان رووسەکان بە هەر شێوەیەک بێت بۆ سووریا کە هەوڵی ناسەقامگیرکردنی بدەن.
 
رووداو: بۆچوونتان سەبارەت بە مافی کەمینەکان لە سووریا چییە، وەک کورد، دروز و کریستیانەکان کە داوا لە ئەمریکا دەکەن پشتگیری لە خواستە سیاسییەکانیان بکات بۆ خۆبەڕێوەبەری. ئێوە چۆن دەڕواننە داواکارییەکەیان؟

 

فرێنچ هیڵ: من گەشبینم، خۆت دەزانی، من زۆر دژی حکومەتی بەشار ئەسەد بووم، لەماوەی کارەکەمدا، دژی حکومەتی پێشووی ئەسەدی باوکیش بووم. پێموایە ئەوان یەکێک لە وڵاتە هەر جوان و خۆشگوزەرەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان تێکدا. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆر گرنگە حکومەتی نوێ لە دیمەشق پشتیوانی لە مافی کەمایەتییەکان، دروز، کریستیانەکان، سوننە و شیعە و عەلەوییەکانیش بکات. پێویستە دەنگی هەموویان بیستراوبێت لە داهاتووی سووریادا، ئەمەش وەک ئاڵنگارییەکە، بەڵام دەتوانم پێتی بڵێمەوە، لێرە لەسەر ئاستی هەردوو پارت لە کۆنگرێسی ئەمریکا، ئێمەش پشتیوانی لە پێکهاتەکانی سووریا دەکەین.''
 
 
رووداو: دوو رۆژ لەمەوبەر بینیمان هێرشکرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا. ئێوە چۆن لەوە دەڕوانن و چۆن لە متمانەی نێوان ئەمریکا و حکومەتی نوێی سووریا دەڕوانن؟ پێتانوایە پەلەتان کرد لە متمانەکردن بە هێزەکانی حکومەتی نوێی سووریا؟
 
کێس سێڵف: من دەستەواژە کۆنەکەی رەیگن (سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا) بەکاردەهێنم، "متمانە بکە، بەڵام لەم متمانەیە دڵنیاببەوە". راشکاو بم، حکومەتی سووریا کاری لەپێشە، کارێکی زۆری لە سووریا لەپێشە، چونکە هێشتا هەسەدەی بەشداری پێنەکردووە و کورد لە هیچ شتێکدا بەشدار نییە. ئێمە ئەم هێرشانە لەلایەن ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی سووریاوە دەبینین. بۆیە، کارێکی زۆر ماوە بکرێ بۆ یەکخستنیان لە حکومەتێکی ئازادیخوازدا. بۆیە دەڵێم، ئێمە چاودێرییان دەکەین.
 
رووداو: چۆن لە داوای کورد بۆ ئۆتۆنۆمی لە سووریادا دەڕوانن؟ لەگەڵ سووریایەکی یەکگرتوودایت؟
 
کێس سێڵف: کورد کوردستانێکی لەو چوار وڵاتە دەوێ کە تێیدا دەژی. تەنیا لە سووریا نییە. کورد لە چوار وڵاتدایە و حەزدەکەن کوردستانێکیان هەبێت.
 
رووداو: پێتانوایە مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە؟
 
کێس سێڵف: پێموایە هەموو کەسێک ئەو مافەی هەیە.
 
رووداو: کوردیش دەگرێتەوە؟
 
کێس سێڵف: چونکە ملیۆنان کورد هەن، بۆیە رەنگە مەرجەکانیان تێدا هەبێت، بەڵام دواتر دەبینت هاوپەیمانەکانمان هەن، بۆ نموونە تورکیا یان سووریا. بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین پشتگیریی حکومەتە نوێیەکەی سووریا بکەین، ئەگەر بتوانین. ئەمەش پرسێکی زۆر ئاڵۆزە
 
پیت سێشنز:  ئەمە پرسێکی ئاڵۆزە؟ پرسێکی ئاڵۆزە، چونکە وەک دەزانن، تورکیا لەو نێوەندەدا هەیە. لەلایەکی دیکەوە هێزەکانمان هێرشیان کراوەتەسەر. هەفتەی رابردوو دوو سەربازمان کوژران. ئەمە پرسێکی هەستیارە و ئەە شتێکە کە وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی جەنگ ئێستا سەرنجیان لەسەریەتی، نەک تەنیا بۆ زیاتر یەکخستن، بەڵکو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانەی ماوەیەکی زۆر نییە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین. بۆیە پێموایە خەڵکی ئێران پێویستە ببینن کە ئەمریکا پاڵپشتیی بەردەوامی ئەوانە بۆ گۆڕینی رژێم، بەڵام پێویستە بەردەوام بین لە کارکردن بۆ پاراستنی ئەو متمانەیەی کە پێموایە لەگەڵ سەقامگیریدا یەکدەگرێتەوە، نەک خۆمان بچین و بەرەنگاریان ببینەوە. 
 
لانس گوودن: پێموایە کارێکی زۆرمان لەپێشە،  پێویستە دوودڵ بین و زیاد لە پێویست متمانە نەکەین. دیارە ئێمە هێشتا شەڕی دژی داعشمان تەواو نەکردووە. ئەگەر داعش هێشتا بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئێمە، ئەمە شتێکە بە تەواوی مایەی قبووڵکردن نییە. متمانەی تەواوم بە سەرۆک ترەمپ هەیە کە دڵنیابێتەوە ئەمە دووبارە نابێتەوە و تاوانباران سزا بدات. بەڵام پێموایە پرسیاری زۆریش هەن، سەبارەت بەوەی ئێران چ رۆڵێکی لە پشتیوانیکردنی تیرۆردا هەیە، نەک تەنیا لەوێ، بەڵکو لە سەرانسەری جیهان. پێموایە خەڵکی ئەمریکا نابێت بحەوێنەوە تاوەکو رژێم لە ئێران نەگۆڕدرێ. پێموایە ئەوەی لە جیهاندا روودەدات پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی بە ئێرانەوە هەیە. ئەوان وەکو پشتیوانی دەوڵەتیی تیرۆر سەلمێندراون و دەبێت رابگیرێن.
 
رووداو: چۆن دەڕواننە مافی کەمینەکان لە سووریا وەک کورد، دروز و کریستیانەکان کە داوای پاڵپشتییان بۆ خواستە سیاسییەکانیان لە سووریا کردووە؟
 
لانس گوودن، کۆنگرێسمان: پێموایە کاری زۆر ماوە بکرێ. پێمانوایە سەرۆک، سەرۆکەکەمان، گوتوویەتی دەیەوێت لەگەڵ سەرۆکە نوێیەکەی سووریا کار بکات و چەند هەوڵێکی نیازپاکیی نیشانداوە. بە دڵنیاییەوە، دۆخەکە باشترە لەوەی کاتێک ئەسەد لەوێ بوو. بەڵام پێموایە کاری زۆر ماوە بکرێ و پێویستە ئێمە لەوێ بین بۆ پشتیوانیکردنی لە کەمینەکان لە سەرانسەری سووریا و دڵنیابینەوە لەوەی مافیان هەیە و پارێزراون، تووندوتیژییەکان رادەوەستن.  من بەردەوام دەبم لە خەباتکردن بۆ بێبەشکراوان و کەمینەکان لە سەرانسەری جیهان. پێموایە ئێمە وەکو ئەمریکی پێویستە پشتگیرییان لەم کەمایەتیانە بکەین.
 
براد شێرمان: ئەم هێرشە نیشانی  دەدات تاوەکو ئێمە بەردەوام بین لە کارکردن لە دژی داعش لە رۆژهەڵاتی سووریا، باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
 
رووداو: چۆن دەڕواننە داواکاریی کورد بۆ ئۆتۆنۆمی لە سووریا؟
 
براد شێرمان: مەبەستم ئەوەیە ئەوە شتێکە کە دەبێت کاری لەسەر بکرێت، بەڵام کوردەکان ماوەیەکی درێژە دۆستی ئەمریکان، و پێویستە ئێمە لەپشتیوانی کورد بەردەوام بین.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

میخائیل ئۆنماخت، نوێنەری تایبەتی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سووریا

نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا بۆ سووریا بۆ رووداو: لە نزیکترین کاتدا سەردانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکەم

میخائیل ئۆنماخت، نوێنەری تایبەتی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سووریا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند هێشتا داعش هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر سووریا، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر دەستوورێکی نوێ دەبێت رەنگدانەوەی ویستی هەموو پێکهاتەکان بێت و زمان و کولتووری کوردی بە سامانێکی نیشتمانی وەسف دەکات