رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی کوردانی رۆژئاوا دەڵێت، کوردەکان پێکهاتەیەکی رەسەنی سووریان و دەبێت لە حکومەتی نوێی سووریا نوێنەریان هەبێت. دەشڵێت، دوای ئەوە "دەبێت جۆرێک لە ئۆتۆنۆمیان هەبێت و دواتریش دەوڵەتی کوردی."
تێری ماریانی، ئەندامی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ دلبخوین دارا، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە کوردانی رۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی، "دەبێت لە حکومەتی داهاتوو نوێنەرایەتییان هەبێت. پاشان دەبێت جۆرێک لە ئۆتۆنۆمییان هەبێت لەو ناوچانەدا کە تێیدا زۆرینەن. ئەمەیە داوای ئێمەیە. دواتر دەوڵەتی کوردی، زۆر باش دەزانم خەونی زۆر لە کوردەکانە، بۆ ئێستا پێمان وایە دەبێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چارەسەر بکرێت و قسەی لەسەر بکرێت."
تێری ماریانی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش لە سووریا گوتی، هێزەکانی فەرەنسا هێشتا لە سووریا ئامادەییان هەیە. و گوتیشی، لەو باوەڕەدا نییە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی گەڕاندنەوەی هێزەکانی لە سووریا دەربکات، "چونکە ئاشکرایە ئەو ناوچەیەیە نەوتی تێدایە و پێموایە یەکێکە لە هاندەرەکانی بەڕێز ترەمپ بۆ مانەوە".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ تێری ماریانی، ئەندامی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا:
رووداو: بەڕێز ماریانی، سەرەتا دەمەوێت بزانم چەند جار بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریاتان بینیوە و چەند کۆبوونەوەتان لەگەڵ ئەنجامداوە؟
تێری ماریانی: ئەگەر یادەوەریم باش بێت و هەڵە نەبم، پێنج یان شەش جار، چونکە من لەگەڵ رێکخراوێک دەچووم، کە تایبەت بوو بە (پاراستنی مەسیحییەکانی رۆژهەڵات)، ساڵی جارێک دەچووینە سووریا، چونکە گرنگی زۆرمان بە دۆخ و پاراستنی کەمینەکان دەدا، بەتایبەتی کەمینە مەسیحییەکان.
رووداو: ئێوە پێشبینیاتان دەکرد بەم زووانە، بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا هەڵبێت و رژێمەکەی بڕووخێت؟
تێری ماریانی: نا دەبێ راستگۆ بین. سورپرایزێک بوو، سورپرایز بوو، بەڵام لەهەمان کاتیشدا لە دوایین سەفەرەکەماندا نیگەرانیمان دەبینی. بە باشی دەمانبینی کە خەڵک پشوویان نەماوە و ماندوو بوون.
دەزانی، کاتێک هەمیشە هەر هەمان کەس و هەمان گرووپ دەتپارێزێ، سەرەتا دەڵێن "سەردەکەوین و ئێمە بەهێزترین". بەڵام لە دواگەشتمدا، بە بیرمە یەکێک لە پاسەوانەکانمان دەیگوت: "تەنانەت ناتوانم شیر بۆ منداڵەکانم بکڕم. ئەگەر جاری داهاتوو هاتن و توانیتان تکایە شیر بۆ ساواکانم بێنن و سوپاستان دەکەم".
کەواتە بە ئاشکرا دەمانبینی خەڵک ماندوو بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سورپرایز بوو کە دەسەڵات بەو خێراییە رووخا، بەڵام نیشانەکانی ماندووبوونی وڵات دیار بوون، یان بەشێوەیەکی دیکە چاوەڕوانکراو بوون. پێموایە زۆربەی سووریاییەکان ئاشتییان دەویست، هەر چۆنێک و بەهەر نرخێک بێت، بەڵام ئاشتییان دەویست.
رووداو: بەڕێز ماریانی دەمەوێت شتێکی دیکە بپرسم، دوای تێکچوونی رژێمی بەشار ئەسەد، دەسەڵاتی ئێستای سووریا چۆن دەبینن؟
تێری ماریانی: پێموایە ئێستا گەشبینی زۆر هەیە، بەڵام ساویلکەیی زۆریش هەیە. زۆر گەشبینین، چونکە هەر دوێنێ لە کۆبوونەوەی لێژنەیەکدا بووم باسی حکومەتی فرەلایەنیان دەکرد کە ئافرەتیشی تێدایە. پێیان دەگوتین: "سەیرکەن، دەسەڵاتی نوێ ئافرەتێکی کردووە بە بەڕێوەبەری گەورەترین دامەزراوەی بانکی وڵات". بەڵام لەلایەکی دیکەوە، من هێشتا هاوڕێم هەیە لەو وڵاتە، کە لە رێی واتساپ و تەلەفۆنەوە هەواڵ و ئاماژەی نیگەرانکەرم پێدەگەیەنن.
بۆیە من خۆم زۆر وریام. دەزانن ئەمە ئەو کاتەم بیردێنێتەوە، کە ماوەیەک پێش ئێستا تاڵیبان دەستی بەسەر کابولدا گرتەوە، یەکێتیی ئەورووپا دەیگوت تاڵیبان تاڵیبانی جاران نەماوە، حکومەتێکی فرەلایەن پێکدێنن و دەتوانرێ گفتوگۆیان لەگەڵ بکرێ. کەچی زۆر بەخێرایی بینیمان کە گەڕانەوە سەر سرووشتی راستەقینەی خۆیان ، من لە بیری ناکەم کە دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا ئیسلامی کۆنن، یان باشتر بڵێم ئێستاش ئیسلامین، تەنها لەبەرئەوەی ئیسلامییەک بۆینباخ دەبەستێ مانای ئەوە نییە کە لەناکاو دەبێتە کەسێکی وا کە مامەڵەی لەگەڵ بکەی، یان دەبێتە کەسێکی هاوشێوەی سۆشیال دیموکراتی کریستیان، بۆیە من زۆر وریام، بۆ ئێستا پێموایە مانۆرێکی لێهاتووانە دەکەن و تاوەکو ئێستا هیچ رووداوێکی گەورەی خراپ نییە، بەڵام چاوەڕێی چی دەکەن؟ ئێستا چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە یەکێتیی ئەورووپا سزاکانی سەریان هەڵبگرێت! رەنگە یەکێتیی ئەورووپا وەک هاوبەشە بیانییەکانی دیکە پارەشیان پێبدەن بۆ راستەرێکردنەوەی وڵات.
بۆیە من زۆر وریام و لەلایەکی دیکەشەوە دڵتەنگم کە بۆچی یەکێتیی ئەورووپا دەستی بۆ سەرۆک بەشار ئەسەد درێژ نەکرد، سێ بۆ چوار ساڵ پێش ئێستا کە شەر کۆتایی هات؟
بمبوورن بەڵام ئەمڕۆ دەڵێن دەبێت حکومەتێک هەبێت کە رێز لە ژنان بگرێت. رێگەم پێبدەن بیرتان بهێنمەوە حکومەتی پێشوو، کە دەستی بە خوێن سوور بوو و تاوانی وای هەیە کە ناتوانین لە بیری بکەین و دەبێ بڵێم وەک ئیسلامیستەکان، بەڵام لانیکەم حکومەتی پێشوو ژن و پیاوی بەیەکسانی سەیر دەکرد. حکومەتی پێشوو پارێزگاریی لە کەمینەکان دەکرد. من وایدەبینم زۆر نەرمونیانین لەگەڵ ئەم حکومەتە نوێیەدا، چونکە دەمانەوێت باوەڕی پێ بکەین. هەست دەکەم وەک منداڵێک وایە لە بەردەم بابەنۆئێل، لە بن درەختی کریسمس و بە هەر نرخێک بێت دەیەوێت باوەڕ بە بابەنۆئێل بکات، ئەگەرچی لە ناخیدا دەزانێت ئەگەری هەبوونی بابانوئێل زۆر کەمە.
رووداو: بەڕێز ماریانی، ئێوە دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) یان ئیدارەی نوێێ سووریا هێشتا لە لیستی تیرۆر نەهاتووەتە دەرەوە، لەلایەکی دیکە بەرپرسانی جیهان، وڵاتانی دیکەی جیهان لەنێویاندا یەکێتیی ئەورووپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەچنە سووریا و لەگەڵیان کۆدەبنەوە، واتە لەلایەک وەکو تیرۆرست دەیانبینن و لەلایەکی دیکەوە لەگەڵیان کۆدەبنەوە، ئێوە هەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا و ئەندامانی چۆن دەبینن، کە خۆشت یەکێکی لە ئەندامانی پەرلەمای یەکێتیی ئەورووپا؟
تێری ماریانی: بەدڵنیاییەوە... بۆیە، وەک پێم گوتن، پێموایە سیاسەتی ئەورووپا زۆر ساویلکانەیە و پێوەرێکی دووفاقیی هەیە. ئەوەی بە تووندی رەتیان دەکردەوە لەگەڵ حکومەتی پێشوو، ئێستا لەگەڵ حکومەتی نوێ پێیان باشە لەبیری بکەن. هاوڕام لەگەڵ تۆ، تەنها لەبەرئەوەی بەڕێز جۆلانی بۆینباخ دەبەستێت کەسایەتیی ناگۆردرێت، ئەندامێکی تەحریر شام هەر ئەندامی تەحریر شام دەمێنێتەوە.
هاوڕێکانم لە حەلەب پێیان دەگوتم، زۆر بە روونی پێیان گوتووین، کە رێنماییان پێ دراوە بۆ ئەم قۆناغە زۆر لێبوردە و کراوە بن. بۆیە دووبارەی دەکەمەوە کە یەکێتیی ئەورووپا، وەک ئەوەی زۆر جار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیبینین، پێوەری دووفاقییان هەیە. هەموو شتێک لە هاوڕێکانیان قبووڵ دەکەن،
یان لەوانەی کە خەونییان پێوە دەبینن ببنە هاوڕێیان و هیچ لە ئەوانی دیکە نابەخشن. بەڵام لەگەڵتان هاوڕام، بۆ نموونە بەڕێز جۆلانی هێشتا لە لیستی تیرۆریستاندایە. کەواتە، بڕیارێکی پەرلەمانی ئەورووپا ناتوانێت بیکاتە کەسێکی مرۆڤدۆستی باش. چ ساویلکەییێکە!
رووداو: ئێوە لەو باوەڕەدان سووریا ببێتە وڵاتێکی دیموکراتی، هەموو پێکهاتەکانی سووریا مافی خۆیان وەربگرن و ئەو زووڵمەی ئەسەد لە خەڵکی دەکرد، نەمێنێت؟
تێری ماریانی: دەمەوێت باوەڕی پێ بکەم، بەڵام باوەڕناکەم. دەمەوێت لە پێناوی سووریادا باوەڕی پێ بکەم، چونکە هەموو کەمینە ئایینییەکان، هەموو گەلە جیاوازەکانی پێکهێنەری سووریا، بەتایبەتی کوردەکان، دەبێت شوێنی خۆیان هەبێت لە حکومەتی نوێ و لەو دەزگا نوێیانەی وڵات بەڕێوە دەبەن. ئەمانە چوون دەستی بەڕێز جۆلانییان گوشیوە و ئێستا بڕوایان پێی هەیە. خەون بەوەوە دەبینم کە ئەمە راستی بێت، هیوادارم راست بێت، بەڵام بەداخەوە لە سیاسەتدا، ساویلکەیی هەندێک جار گوناه و هەڵەیە. بۆ من، ئەو کەسەی کە تیرۆریستێکی مەترسیدار بوو، کە هێشتاش لە لیستەکاندا وەک تیرۆریستێکی مەترسیدار ماوەتەوە،
دووبارەی دەکەمەوە، زۆر زەحمەتە، زۆر زەحمەتە باوەڕ بکەم کە شتەکان دەگۆڕێن! یان رەنگە بگۆڕێن.
بۆ ماوەیەکی کەم، چونکە پێموایە ئەمڕۆ حکومەتی نوێ، بۆ نموونە پێویستی بە یارمەتیی مرۆیی و داراییە، بۆ ئەوەی بە سووریاییەکان نیشان بدات کە بە هۆی ئەوەوە، دۆخەکە باشتر دەبێت. وەک ئاماژەم پێدا دوایین جار کە لەوێ بووم، نموونەی ئەو سوورییانەم هێنایەوە کە پێیان دەگوتم "شیرمان بۆ منداڵەکانمان دەوێت".
پێموایە ئەم حکومەتە هەموو شتێک دەکات بۆ بەدەستهێنانی ئەوە. بەڵام بە بۆچوونی من، تەنیا بۆ قۆناغی یەکەم دەبێت. بۆ نموونە، هاوڕێکانم لە حەلەب و تەنانەت لە دیمەشقیش پێیان گوتم "لە کریسمسدا، رێگەیان پێداین نوێژی کریسمس بکەین، ئاهەنگی کریسمس بگێڕین". بەڵام پێیان گوتبوون لە دەرەوە نا، لە ژوورەوە بیکەن. کەواتە ئەوەتا و دیسان دووبارەی دەکەمەوە، هەندێک کات، دەمانەوێت هێشتا باوەڕ بە بابەنۆئێل بکەین، لە کاتێکدا کە لەناخەوە باوەڕمان پێی نییە و دەزانین کە نییە. بۆیە هیوادارم شەش مانگ یان ساڵێکی دیکە ، چاوپێکەوتنێکی دیکە بکەین و پێتان بڵێم کە من هەڵە بووم لەو بیرکردنەوانەم و ئێستا ئەوان گۆڕاون. بەڵام بەداخەوە، دەترسم ساڵێکی دیکەش پێتان بڵێم، ئیسلامیستێک هەر ئیسلامیستی دەمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەربۆینباخیش ببەستێت.
رووداو: ئێوە پلام بۆ کەمکردنەوەی سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا دادەنێن، بەڵام لە بەرامبەردا داوای چی لە حکومەتی نوێی سووریا دەکەن؟
تێری ماریانی: بەپێی ئەوەی من تێگەیشتووم، لەوانەیە زۆر بە خێرایی گەمارۆکان لەسەر سووریا هەڵبگیرێن. راستیتان پێ بڵێم، من دەنگ بۆ هەڵگرتنی ئەم گەمارۆیانە دەدەم. هەمیشە دژی بووم. هەمیشە دژی بووم، چونکە لەم گەمارۆیانەدا، هەمیشە گەل زەرەر دەکات و زەبر دەخوات و لێی دەدرێت. زۆر باش دەزانین کە سەرکردەکان هەرگیز زەبر ناخۆن. کاتێک ئێوە سەرۆکی حزبێک یان وەزیرێک یان بەرپرسێکی سیاسیت، تۆ شیرت بۆ منداڵەکانت هەیە، ئەگەر بە نموونەی پێشووی پاسەوانەکە بهێنمەوە. کەواتە هیوادارم بەزووترین کات گەمارۆکان هەڵبگیرێن.
چونکە هیچ نەبێ بۆ نموونە رێگە بە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان دەدات، بەڵام ئەگەر دوای هەڵگرتنی گەمارۆکان ملیۆنان دۆلار بدەی بەم حکومەتە نوێیە، ئەمە شتێکی دیکەیە. کەواتە هەڵگرتنی گەمارۆکان بە هەنگاوێکی باش دەزانم. دووبارەی دەکەمەوە، هەمیشە داوای هەڵگرتنی ئەم گەمارۆیانەم کردووە، هەمیشە. بەڵام پێموایە دەبێت زۆر وریا بین بۆ داهاتوو. بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان دەڵێم بەڵێ. بەڵام بۆ بابەتی یارمەتیدانیان بۆ بوژاندنەوەی وڵات، با کەمێک چاوەڕێ بکەین بزانین ئەوان چی دەکەن؟
رووداو: دێمە سەر پرسێکی دیکە، ئەویش پرسی کوردە لە سووریا، کە ئێمە پێی دەڵێن، رۆژئاوای کوردستان و ئێوەی ئەورووپیش پێی دەڵێن رۆژئاوا، هەڵوێستی پارتەکەی ئێوە لە بەرامبەر پرسی کورد لە سووریا چییە؟
تێری ماریانی: دەبێت کوردەکان لەبەرچاو بگیرێن. دەزانن تا ئێستا، ئێمە وەک زۆربەی فەرەنسییەکان، لایەنگری دەستکارینەکردن و نەگۆڕینی سنوورەکانین. بەڵام لە ناو سنوورەکاندا، چەندین رێگە هەن بۆ دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی و خۆبەڕێوەبەری هەرێمێک یان گەلێک.
کوردەکان پێکهاتەیەکی سووریان، پێکهاتەیەکی سەرەکی، پێکهاتەیەکی سەرەکی کە باجێکی قورسیان لەم شەڕەدا داوە. کەواتە دەبێت بەشێک بن لە چارەسەر، دەبێت لە حکومەتی داهاتوو نوێنەرایەتییان هەبێت. پاشان دەبێت جۆرێک لە ئۆتۆنۆمییان هەبێت لەو ناوچانەدا کە تێیدا زۆرینەن. ئەمەیە داوای ئێمەیە. دواتر دەوڵەتی کوردی، زۆر باش دەزانم خەونی زۆر لە کوردەکانە، بۆ ئێستا پێمان وایە دەبێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چارەسەر بکرێت و قسەی لەسەر بکرێت.
رووداو: سوپای نیشتمانیی سووریا کە هێزیکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایە، بە پشتگیریی تورکیا دوو مانگ زیاترە بە بەردەوامیی هێرشدەکەنە سەر بەنداوی تشرین، کۆبانێ و پردی قەرەقۆزاخ دەکەن و شەڕێکی دژوار لە دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن، ئێوە هێرشەکانی ئەوان و تورکیا بۆ سەر کوردەکان چۆن دەبینن؟
تێری ماریانی: ئەم هێرشانە بە تەواوی شەرمەزارکراون، بەڵام زۆر باش دەبینین لەو رەوش و ئاژاوەیەی سووریادا، هەر لایەنێک هەوڵ دەدات دارودەستەکانی خۆی بجوڵێنێت. زۆر باش دەبینین تورکەکان خەریکی شەڕن دژی کوردەکان، کە ئەمە شتێکی نوێ نییە. من لە بیرم نەچووە دوای ئەوەی هێزە کوردییەکان لە بەرەی پێشەوەی جەنگ بوون لە موسڵ و رەققە، رۆژئاوا چۆن پشتی تێکردن، کاتێک تورکەکان لە عەفرین هێرشیان کردنە سەریان. کەواتە زۆر باش دەبینین تورکیا هەوڵ دەدات ئەجێندای خۆی بباتە پێشەوە. زۆر باش دەبینین لەلای خۆمانەوە، ئیسرائیل هەوڵ دەدات ئەجێندای خۆی بباتە پێشەوە. کەواتە پێویستییەکی بەپەلە ئەوەیە رێگری بکرێت لەوەی سووریا ببێتە جۆرە بەڵقانێک، کە هەرکەس ئەوەی دەتوانێت بیڕفنێت و هەرکەس شەڕی بچووکی خۆی دژی نەیارەکانی دەکات.
بەرژەوەندیی سووریا، بەرژەوەندیی کوردەکان، سەرەتا دامەزراندنەوەی دەوڵەتێکە کە تێیدا نوێنەرایەتییان هەبێت. بەڵام وەک پێشتر گووتم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەمیشە پێوەرێکی دووفاقی و پشتکردنێکی زۆری لە پرەنسیپەکانیدا هەیە. ئەو شتەی لای هەندێک لایەن شەرمەزار دەکەین، لای هەندێکی دیکەیان قبووڵی دەکەین. هێرشەکانی تورکیا لە دەرەوەی خاکەکەی دژی کەمینە یان زۆرینەی کورد بەپێی ناوچەکان بە تەواوی نابەجێن، بەڵام دەبینن یەکێتیی ئەورووپا بێدەنگە، چونکە تورکیا هاوپەیمانیانە لە ناتۆدا.
رووداو: لەم کاتەدا دەڵێم فەرەنسا، چونکە فەرەنسا خۆی بە دۆستی کورد دەبینێت، بۆچی فەرەنسا و ئەورووپا بۆچی رۆڵێکی جیدی و چالاک ناگێرن و رێگە لە هێرشی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و تورکیا لە دژی کوردەکان ناگرن؟
تێری ماریانی: بەداخەوە چونکە پێموایە زۆر کەس وا تێگەیشتوون کە یەکێتیی ئەورووپا هێزێکی باشی سیاسی یان دیپلۆماسی نییە. یەکێتیی ئەورووپا چی دەکات؟ ئێمە بە تواناین لە دەنگدان بۆ بڕیارەکان، بۆ دەرکردنی بڕیار و دەنگدان لەسەر بڕیارەکان لە پەرلەمانی ئەورووپا، پێموایە ئێمە شایستەی میداڵیای زێڕین.
هەموو مانگێک بڕیار لەسەر چوار یان پێنج بابەت دەردەکەین، بەڵام دواتر هیچ سزایەک نییە. زۆر باش دەزانن یەکێتیی ئەورووپا هەرگیز سزا بەسەر تورکیادا ناسەپێنێت. سەرەتا چونکە ئەندامی ناتۆیە.
لە ناو یەکێتیی ئەورووپاشدا، کۆمەڵێک وڵات هەن کە بە تەواوی هاوتەریبن لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا و سیایەتی ناتۆ، دووەم، هەروەک دەزانن کە بەداخەوە، ئەردۆغان خەریکی سەوداکردنە بە کۆچبەرانەوەو یەکێتیی ئەورووپا چەندین ملیار دەدات بۆ ئەوەی تورکیا رێگری لە هاتنی کۆچبەران بۆ ئەورووپا بکات. کەواتە بەڕێز ئەردۆغان زۆر باش تێگەیشتووە کە یەکێتیی ئەورووپا ئەگەر بە قسەش بەهێز بێت، بەڵام لە کردەوەدا لاوازە، بۆیە رەنگە سەرکۆنەیەک هەبێت لەگەڵ راگەیەندراوێکی زۆر جوان، کە بڵێت داوای وەستاندنی شەڕ دەکەین دژی کوردەکان، یان گرووپەکانی دیکە، بەڵام ئێوەش زۆر باش دەزانن کە ئێمە هیچی دیکە ناکەین. ئەورووپا لەم ئاستەدا لاوازیی خۆی نیشان دەدات. ئەردۆغان بە تەواوی لەمە تێگەیشتووە.
رووداو: دەمەوێت ئەوەش بپرسم، ئایا ئەمریکی و ئەورووپیەکان بەبەردەوامی هاوکاری هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەن؟
تێری ماریانی: نازانم. ئەمە پرسێکە هێشتا باس نەکراوە. پێموایە ئەوەی گرنگە پشتگیریی بکرێت، فرەچەشنیی سووریایە. هەمیشە باسی فرەچەشنیی لوبنان دەکەین، بەڵام لە سووریاش فرەچەشنی هەبوو، فرەچەشنییەک کە لە شەڕی ناوخۆدا کەوتە ژێر هەڕەشە و بە هاتنی تەحریر شام بۆ دەسەڵات زیاتر لەژێر هەڕەشەدایە.
دووبارەی دەکەمەوە، ئەم فرەچەشنییە یەکێکە لە یەکەم پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی سیاسەتی حکومەتی نوێ لە سووریا.
بەڵێ دەبێت فەرەنسا و ئەورووپا پشتگیریی ئەم فرەچەشنییە بکەن، بەڵام بە بۆچوونی من، نابێت پەلە بکرێت لە پێدانی یارمەتی بە حکومەتی سووریا. سەرەتا دەبێت گەمارۆکان هەڵبگیرێن بۆ ئەوەی گەلی سووریا دەستی بە کاڵای زیاتر لە دەرەوە رابگات، بەڵام لەئێستاوە پێدانی یارمەتی بۆ بنیاتنانەوە، بۆ سوپایەکی نوێی سووریا و هتد، پێموایە بۆ ئێستا بە تەواوی ناواقعییە.
ئایا ئێمە ئێستا یارمەتیی دارایی بدەین بۆ دامەزراندنی سووپایەک؟ سووپایەکی نوێ کە بناخەکەی لە جیهادییەکان پێکهاتووە؟
رووداو: شتێکی دیکە کە زۆر گرنگە. ئایا ئەمریکا و ئەورووپا پشتیوانی لە هەرێمێکی فیدراڵی، بەڕێوەبرایەتیی خۆسەر، یان ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکان لە سووریا دەکەن؟
تێری ماریانی: فەرەنسا پشتگیریی نوێنەرایەتیی ئۆتۆنۆمی کوردەکان دەکات. دواتر کاتێک دەڵێین ئۆتۆنۆم، هەموو ئەمە لەچوارچێوەی وڵاتێکدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، زۆر ئاسانە ئامۆژگاریی دەوڵەتێک بکەیت، کە هی خۆت نییە. ئەوەی دەمانەوێت بە سادەیی، دووبارەی دەکەمەوە، ئەوەیە کە رێز لە فرەچەشنیی گەلی سووریا بگیرێت، چ کوردەکان بن یان پێکهاتەکانی دیکەی ئەم فرەچەشنییە. لەو ناوچانەی کە بەڕاستی کوردەکان زۆرینەن و ئاشکرایە لەناوچوارچێوەی دەوڵەتی سووریادان، پێمان باشە خۆبەڕێوەبەرییێکی راستەقینە هەبێت لە بابەتە نادەوڵەتییەکان، واتە لە پەروەردە، تەندروستی، لە هەموو ئەو شتانەی کە پێکهاتەی گەلێکدا هەن و بە باشی رەسەنایەتی و تایبەتمەندیی کوردی بتوانێت خۆی دەربخات، بەردەوام بێت و هەبوونی خۆی بپارێزێت.
رووداو: بەڕێز ماریانی، تورکیا هەمیشە بە ئاشکرا دەڵێت، نایەوێت حکومەتێکی کوردی لە سووریا هەبێت، و ئەگەرێکی بەهێز هەیە ئەگەر ئەوە رووبدات، دژایەتیی بکات و ئاستەنگی بۆ دروست بکات، ئایا هەڵوێستی فەرەنسا و ئەورووپا لەمبارەیەوە چی دەبێت؟
تێری ماریانی: دووبارەی دەکەمەوە، پێموایە لە بەرژەوەندیی فەرەنسایە کە پشتگیریی گەلی کورد بکات بە ئۆتۆنۆمییەک، کە کورد بتوانێت ناسنامەی خۆی بپارێزێت. دواتر جارێکی دیکەش دووبارەی دەکەمەوە، من لەو کەسانە نیم کە گەشبینن. ئێوەش وەک من باش دەزانن کە ئەو حکومەتەی ئەمڕۆ لە سووریا لە دەسەڵاتدایە، لە هەموو ئەو کەسانە پێکهاتووە کە لە ئیدلیب بوون، لەلایەن تورکیاوە دەپارێزران، لەلایەن تورکیاوە پڕچەک دەکران و ئەمڕۆش لە خولگەی سیاسەتی ئەردۆغاندان، کەواتە نازانم کاریگەریی یەکێتیی ئەورووپا لەسەر ئەم حکومەتە نوێیەی سووریا چەندە، بەڵام دەزانم کاریگەرییەکی راستەقینەی تورکیا هەیە لەسەریان. ئەم کاریگەرییەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەمینەی کورد دیسان خەبات بکات بۆئەوەی بتوانێت ئەو ناوچانە بەڕێوە ببات، کە تێیدا خۆیان زۆرینەن.
رووداو : کوردەکان، کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان چاوەڕێ دەکەن ئەورووپییەکان پشتیان تێ نەکەن و بە دۆستی خۆتان دەبینن، بەڵام ئەگەر ئەمریکا بڕیاریدا هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان بکشێنێتەوە، ئایا فەرەنسا هێزەکانی لە سووریا دەهێڵێتەوە؟
تێری ماریانی: ئێستا وەک ئامادەیی سەربازیی فەرەنسا هێشتا لەو ناوچەیە چاڵاکە، بەڵام بێگومان زۆر کەمترە لە ئامادەیی ئەمریکا. دواتر پێموایە ئامادەیی ئەمریکا لەم ناوچەیەدا بەردەوام دەبێت! بۆچی؟ با راشکاو بین چونکە ئاشکرایە ئەو ناوچەیەیە نەوتی تێدایە و پێموایە یەکێکە لە هاندەرەکانی بەڕێز ترەمپ بۆ مانەوە،
چونکە وەک خۆی دەڵێت، "هەڵکۆڵە، هەڵکۆڵە، هەڵکۆڵە"، دەتوانێت هانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بدات هێزەکانی لەم ناوچەیەدا بهێڵێتەوە. کاتێک دەڵێم دەتوانێت هانیان بدات، تەنانەت پێموایە ئەمە هۆکاری سەرەکی دەبێت بۆ مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان، کە ئەمەش لە کۆتاییدا شتێکی باشە بۆ گەلی کورد.
سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ