بەڕێوەبەری پێشووی CIA: سەرۆک بارزانی و نێردەی ئەمریکا دەتوانن چارەسەر بۆ کێشەی کورد لە سووریا بدۆزنەوە

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیار کوردە @diyarkurda
دەیڤد پەترەیۆس، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)
دەیڤد پەترەیۆس، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەیڤد پەترەیۆس رایدەگەیێنێت، "کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لە جیهاندا، ئەوەش راستییەکی خەمناکە." ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت حکومەتە نوێیەکەی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت و مافی هەموو پێکهاتەکان و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان بپارێزێت.
 
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، دەیڤد پەترەیۆس، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) تیشکی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی حەلەب و داهاتووی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دەڵێت، "پێزانینێکی زۆر بۆ قوربانییەکانی کورد لە شەڕی داعشدا هەیە و ئەمریکا پشتیان تێ ناکات."
 
ئەو جەنەڕاڵە ناسراوەی ئەمریکا، کە ئەزموونێکی درێژی لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کورد هەیە، جەخت لەوە دەکاتەوە، سەرۆک مەسعوود بارزانی و نێردەی تایبەتی ئەمریکا دەتوانن پێکەوە رۆڵێکی سەرەکی ببینن لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ پاراستنی مافەکانی کورد لە سووریایەکی نوێدا.
 
هاوکات لەبارەی ئێرانیشەوە، باسی ئەگەرەکانی کردەی سەربازی و گوشارە ئابوورییەکانی ئیدارەی ترەمپ دەکات بۆسەر تاران، لە ئەگەری بەردەوامبوونی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: جەنەڕاڵ، زۆر سوپاس بۆئەوەی ئەمڕۆ لەگەڵماندایت.
 
دەیڤد پەترەیۆس: خۆشحاڵم کە لەگەڵتانم.
 
رووداو: ئەمڕۆ دەمەوێت دەربارەی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر سووریا، ئاڵۆزییەکانی حەلەب، هێرشەکان بۆسەر هێزە کوردییەکان و لە هەمان کاتدا هێرشەکانی پێشوو بۆسەر کەمینەکان قسە بکەین. دەمەوێت بپرسم ئایا تێڕوانینی واشنتن بۆ حکومەتە نوێیەکەی سووریا دەگۆڕێت، یان واشنتن چۆن دەڕوانێتە رووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە. یەکەم پرسیارم ئەوەیە، سەرۆک ترەمپ دەرفەتێکی داوەتە سەرۆکی کاتیی سووریا، بۆئەوەی سووریایەکی گەشەسەندوو بۆ هەمووان دروست بکات؟
 
دەیڤد پەترەیۆس: بێگومان پشتگیری لەو بڕیارە دەکەم. لە راستیدا پێم وابوو بینینی ئەو زۆر باش بوو کاتێک بۆ یەکەمجار لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە ریاز کۆبووەوە، لەو کاتەی سەردانی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداوی دەکرد. بینینی ئەو کۆبوونەوەیە کە شازادەی جێنشینی سعودیە ئاسانکاریی بۆ کردبوو، ئەرێنی بوو. هەروەها بینینی ئەوەی کە سەرۆک ترەمپ سزاکانی سەر سووریا و سەر خودی شەرعی هەڵگرت هەتا ئەو شوێنەی بۆی دەکرا، کارێکی باش بوو. دواتر بینینی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەو لە ئەمریکا و هەڵگرتنی سزاکانی قەیسەر و سزاکانی دیکە لەلایەن کۆنگرێسەوە زۆر ئەرێنی بوو، چونکە ئەو سزایانە رێگر بوون لە وەبەرهێنان لە سێ کەرتی گرنگی سووریا: دارایی، بیناسازی و وزە. هەموو ئەمانە بە ئەرێنی دەبینم، هەروەها ئەو مەرجانەی کۆنگرێس بۆ هەڵگرتنی سزاکان دایناون زۆر ئەرێنین، جارێکی دیکە دەیڵێمەوە، ئامانجەکە هاندانی ئەحمەد شەرع و ئەو حکومەتەیە، کە لە قۆناخی دروستبووندایە، بۆئەوەی نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکان بکەن، نەک تەنیا مافی زۆرینە، بەڵکو مافی کەمینەکانیش بپارێزرێت.
 
رووداو: ئایا ئەوە لەسەر زەوی دەبینیت؟ ئایا دەبینیت حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع گشتگیرە و کوردەکان، جووەکان و عەلەوییەکان خۆیان لەناو ئەو حکومەتەدا دەبیننەوە؟
 
دەیڤد پەترەیۆس: نەخێر، هەندێک نیگەرانیم هەیە سەبارەت بەوەی خەریکە روودەدات. دەبێت ئاماژە بەوە بکەم، کە من ئەیلوولی رابردوو لە لووتکەی کۆنکۆردیا لە هەفتەی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک گفتوگۆم لەگەڵ ئەحمەد شەرع کرد. ئەوە بۆ من جۆرێک لە خەیاڵ بوو، چونکە ئەو لە عێراق دەستگیرکراو بوو کاتێک من جەنەراڵی چوار ئەستێرەی هێزەکان بووم لە عێراق و دواتریش فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بووم، کە بەرپرس بوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. رێگەی گەیشتنی ئەو بۆ سەرۆکایەتی زۆر ئاڵۆز بوو، ئەندام و سەرکردەی خانەیەکی قاعیدە بوو لە عێراق، پاشان بەرەی نووسرەی دروستکرد کە لقی قاعیدە بوو لە سووریا، دواتر لێیان جیابووەوە و حکومەتێکی دروستکرد، بێگومان هێزێکی سەربازیی راستەقینەی لە ئیدلب بنیات نا، نەک تەنیا چەند چەکدارێکی خێڵەکی. کاتێک گفتوگۆم لەگەڵ کرد، هاوڕا بوو کە سووریا پێویستی بە حکومەتێکە نوێنەرایەتیی هەمووان بکات و گشتگیر بێت بۆ هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە، چونکە سووریا وڵاتێکە هەموو ئەو جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینی و خێڵەکییانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەن، لە سووریاشدا هەیە. دەبێت دڵنیایی بدرێت، کە تەنیا مافی زۆرینە نییە، بەڵکو مافی کەمینەکانیشە. ئەمە هێشتا کارێکی بەردەوامە، چونکە چەندین گرووپی جیاواز هەن، کە تاوەکو ئێستا بە تەواوی بەشدار نەکراون یان رازی نەبوون بەشداریی ئەم حکومەتە بکەن. لایەنگرانی رژێمی پێشوو، عەلەوییەکان لە کەناراوەکان، هێزەکانی سوپای ئازاد لە باکوور کە هاوپەیمانی تورکیان، هەروەها هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە کوردەکانی سووریان و هەندێک هۆزی عەرەبیشیان لەگەڵە و هەندێک کێشەیان هەیە. لە باشووریش درووزەکان و هەندێک پێکهاتەی دیکە هەن، کە هاوسنوورن لەگەڵ ئوردن و تاوەکو ئێستا بە تەواوی نوێنەرایەتی نەکراون. هەر بۆیە من هاوڕام و هەروەها پێداگریم کرد کە کاتێک کۆنگرێس سزاکان هەڵدەگرێت، دەبێت مەرجیان لەسەر بێت.
 
رووداو: پێموایە ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ماوەیەکی درێژ دەیگوت ئێمە بڕیار لەسەر خەڵک و سەرکردە و وڵاتان دەدەین لەسەر بنەمای ئەوەی دەیکەن، نەک ئەوەی دەیڵێن. لە لایەکەوە گوتاری حکومەتە نوێیەکەی سووریا دەبینین کە دەڵێن، مافی کەمینەکانی وەکو کورد، مەسیحی و جووەکان دەدەن، بەڵام لەسەر زەوی دەبینین کۆمەڵکوژی دژی کوردەکان لەلایەن ئەو گرووپانەی لەناو سیستمی بەرگریی سووریادان ئەنجام دەدرێت.
 
دەیڤد پەترەیۆس: گومان لەوەدا نییە. ئەحمەد شەرع دانی بەوەدا نا، کە چی بەسەر درووزەکاندا هات، دانی بەوەدا نا کە چی بەرامبەر عەلەوییەکان کرا. پێموایە ئاگاداری ئەوەشە کە ئێستا لە نێوان سوپای رژێمی نوێ و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناوچەی حەلەب روودەدات، بەڵام دانپێدانان بەس نییە. دەبێت هەنگاوی چاکسازی بنرێت و ئێمە دەبێت وا بکەین بەرپرسیارێتی هەڵبگرن. دڵنیام باڵیۆزی ئێمە لە تورکیا، کە نوێنەری هەرێمییشە و سەرپەرشتی کاروباری لوبنان و سووریاش دەکات، وەکو باس دەکرێت گوشار دەخاتە سەر حکومەت و هەروەها تا رادەیەک لەسەر هەدەسەش، چونکە دەبێت ئەوانیش ئامادەبن سازشی زیاتر قبووڵ بکەن، ئەگەر دەیانەوێت بە جۆرێک لە جۆرەکان ببنە بەشێک لە سوپای سووریا.
 
رووداو: لەگەڵ هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هێزە کوردییەکان لە دوو گەڕەکی حەلەب، بینیمان نیگەرانیی کۆنگرێس زیادی کردووە. سیناتۆرەکانی وەکو لیندزی گراهام و ئەندامانی دیکەی کۆنگرێس کە خۆم گفتوگۆم لەگەڵ زۆریان کردووە، ئەو هێرشانە سەرکۆنە دەکەن و دەڵێن نیگەرانییەکانمان روو لە زیادبوونە. ئایا ئەمە کاریگەریی دەبێت لەسەر سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر سووریا؟
 
دەیڤد پەترەیۆس: لە خاڵێکدا دەکرێت کاریگەریی هەبێت. بێگومان کۆنگرێس دەتوانێت هەنگاو بنێت. دەتوانن سزاکان بگەڕێنێتەوە. هەندێک پێوەر و بابەت هەن لەو یاسایانەی سزاکانی قەیسەریان پێ هەڵگیراوە؛ ئەگەر ئەوە نەبینین کە هیوامان بۆ دەخواست، ئەگەری ئەوە هەیە سزاکان بگەڕێنرێنەوە سەر سووریا وەکو رێگەیەک بۆ گوشارخستنە سەر ئەحمەد شەرع. ئەمە پێویستی بە هەڵسەنگاندن هەیە. ئایا ئەو ئەو کارانە دەکات کە پێویستە بیانکات؟ ئێمە چۆن دەتوانین هاوکاری بین؟ چونکە ئەو نەک تەنیا خەریکی دروستکردنی حکومەت و دابینکردنی ئاسایشە، بەڵکو دەیەوێت ئابوورییش ببووژێنێتەوە، لە کاتێکدا پێشتر بەشە سەرەکییەکەی ئابووریی وڵاتەکە ماددە هۆشبەرە نایاساییەکان بوو.
 
رووداو: جەنەڕاڵ، هەفتەی رابردوو دەرفەتم بۆ رەخسا راستەوخۆ پرسیارێک لە سەرۆک ترەمپ بکەم دەربارەی ئاڵۆزییەکانی حەلەب و شەڕی نێوان کورد و سوپای عەرەبیی سووریا. ئەو گوتی کە ئاشتیی دەوێت و دەیەوێت ئەم شەڕە بوەستێت. بەڵام سەرەڕای ئەم پەیامە روونەی سەرۆک ترەمپ بۆ هەردوولا، شەڕەکە هێشتا بەردەوامە. سەرکردەکانی سووریا و ناوچەکە چۆن دەبێت لەم پەیامەی سەرۆکی ئەمریکا بڕوانن کاتێک دەڵێت "ئاشتیم دەوێت"؟
 
دەیڤد پەترەیۆس: دەبێت هەوڵەکانیان دوو هێندە بکەن. دیارە دەبێت زۆر زیاتر لەوە بکەن کە تاوەکو ئێستا کردوویانە بۆ ئەوەی جیاوازییەکان چارەسەر بکەن و هەنگاو بنێن بەرەو گشتگیربوون و بەشداریکردنی ئەو ناوچەیەی وڵات و ناوچەکانی دیکەش، بۆ ئەوەی هەست بکەن نوێنەرایەتی دەکرێن و حکومەتی ناوەندی خەمی کێشەکانی ئەوانی هەیە، بە تایبەتی جۆرێک لە نیمچە سەربەخۆیی یان شێوازێک لە ئۆتۆنۆمی. رەنگە نەک وەکو مۆدێلی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام رەنگە مۆدێلی دیکەش هەبن کە بتوانرێت لێیان بکۆڵرێتەوە، بەڵام دەبێت ئەوە رووبدات.
 
رووداو: پێتوایە کورد لە سووریا، یان هەرێمی ئۆتۆنۆمی کورد، شایەنی جۆرێک لە سەربەخۆیی بن لە نێو سووریایەکی یەکگرتوودا؟ 
 
دەیڤد پەترەیۆس: گوتنی ئەوە بۆ من قورسە. پێموایە هەموومان دەبێت بزانین کە تێگەیشتنمان بۆ بابەتە وردەکانی دۆخێکی وەها ئاڵۆز سنووردارە. لە بیرتان بێت تەنیا کورد لەو ناوچانە نین، کە هەسەدە دەیانپارێزێت، هۆزی عەرەبیش هەن و ئەوانیش نیگەرانییان هەیە. من تەنیا باسی کێشە گەورەکان دەکەم. کێشەی کامپی پەنابەرانی هۆل هەیە، کە نزیکەی 80 هەزار کەسی لێیە لە نزیک سنووری عێراق و ئوردن، کە هێزەکانی ئەمریکا لەوێ پارێزگارییان لێ دەکەن. چۆن ئەمانە دەخرێنە ناو حکومەتەوە؟ هەموو ئەمانە کێشەن. من چوار ساڵ لەسەر زەوی لە عێراق بووم و ساڵانێکی زۆریش لە ناوچەکە بووم، ئاگاداری کێشە نەتەوەیی و ئایینی و خێڵەکییەکانم. لە مووسڵیش هەمان شتمان هەبوو، ئەو کاتەی من فەرماندەی هێزەکان بووم لە باکووری عێراق لە یەکەم ساڵی ئازادکردنی عێراقدا. هەوڵدان بۆ رازیکردنی هەموو پێکهاتەکان و هێنانیان بۆ نێو ئەنجوومەنی پارێزگا ئەرکێکی گەورە بوو، ئەوە تەنیا یەک پارێزگا بوو، نەک وڵاتێکی گەورە کە ژمارەی دانیشتووانی زۆربێت. لەو کاتەدا من یەکەی 101ی ئاسمانیم لەگەڵ بوو، وەکو شێخی بەهێزترین عەشیرەت بووم لە نەینەوا، بەڵام شەرع ئەو توانایەی نییە.
 
رووداو: جەنەڕاڵ، سەبارەت بەوەی لە نێوان کوردانی سووریا و دیمەشق روودەدات بە بەشداریی ئەمریکا بۆ رێککەوتن؛ بلوومبێرگ بڵاوی کردەوە کە چەند رۆژێک پێش هێرشی حەلەب، جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی چووەتە دیمەشق و لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێ دانیشتووە بۆ قسەکردن لەسەر رێککەوتنی 10ی ئادار. بەڵام بلوومبێرگ دەڵێت هەر کە وەزیری دەرەوەی سووریا هاتووەتە ژوورەوە، دانوستانەکان تێکچوون و پێیان گوتوون بڕۆنەوە. ئەمریکا چۆن دەڕوانێتە ئەوەی لایەنێک ئامادە نییە لەگەڵ لایەنەکەی دیکە دابنیشێت؟
 
دەیڤد پەترەیۆس: بێگومان ئەوە تاکتیکێکی دروست نییە، ئەگەر بتەوێت لایەنی بەرامبەر رازی بکەیت لە بابەتێکی ئاڵۆزدا، کە بەرژەوەندیی گەورەی تێدایە. نابێت بڵێیت "یان بە قسەی من دەبێت یان هیچ". دەبێت دانیشیت و گوێ بگریت. دەبێت هەردوولا سازش بکەن. دەکرێت هەنگاوی کاتی بنرێت نەک راستەوخۆ بگەیتە ئەنجامی کۆتایی. دەبێت ئەوە رووبدات. من پێشتر لە دۆخی هاوشێوەدا بووم هەرچەندە بە قەبارەیەکی بچووکتر، لە ئاستەنگییەکانی ئەم جۆرە کارانە تێدەگەم. ئێستا ئیدی ئەو کاتەیە کە نێردەی هەرێمایەتیی ئێمە بەدڵنیاییەوە کاریان لەسەر دەکات، هەر وەکو چۆن لە میدیاکانیشدا هاتووە.
 
رووداو: هەردوولا هێزی خۆیان لە ئەمریکا وەردەگرن؛ هەم سووریا و هەم هەسەدە هاوبەشی ئەمریکان. ئێوە چ گوشارێکتان لەسەر ئەم گرووپانە هەیە بۆ ئەوەی ئاشتی لە نێوانیاندا دروست بکەن؟
 
دەیڤد پەترەیۆس: کەرەستەی گوشاری زۆرمان لەبەردەستە. پشتگیریی سەربازیی ئێمە بوو، کە یارمەتی هێزە ئازاکانی سووریای دیموکراتی دا بە سەرکردایەتیی سەرنجڕاکێشی جەنەڕاڵ مەزڵووم، کە رێزێکی زۆرم بۆی هەیە، بۆ ئەوەی بتوانن داعش تێکبشکێنن. ئەوان بوون لەسەر زەوی شەڕیان کرد و گیانیان بەخشی بۆ تێکشکاندنی خەلافەتی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. ئێمە زۆر هاوکاریمان کردن و تاوەکو ئێستاش بەردەوامین بۆ ئەوەی گوشار لەسەر داعش بمێنێت و پارێزگاری لەو دەستگیرکراوانە بکرێت، کە لە کەمپی هۆلن. بۆیە ئێمە کەرەستەی گوشاری راستەقینەمان هەیە، جا بە بەردەوامبوونی پشتگیری یان کشانەوەی. هەروەها گوشارمان لەسەر حکومەتی سووریاش هەیە لە رێگەی هاوکارییەکان یان سزاکان، بەڵام ئاڵنگارییەکە ئەوەیە دەبێت پڕۆژەیەکی روونت هەبێت، کە دەمانەوێت چی بکەین، ئاڵنگارییە راستەقینەکە ئەوەیە، ئەوە کێشەی سەرەکی بوو لە عێراقیش، دەمانەوێت بەرەو کوێ بڕۆین؟ دەمانەوێ چ شێوازێکی هەبێت؟ تەنیا بەشێوەیەکی گشتیش نا، هەروەکو گوتوومە دەبێت حکومەتێک هەبێت کە نوێنەرایەتی هەموو خەڵک بکات و دڵنیایی مافی پێکهاتەکان بدات. دەبێ ئەوە دروستبکرێت. چۆن دەتوانین دڵنیایی بدەینە هەسەدە، بەتایبەتی کورد؟ لە هەمان کاتدا چۆن دەتوانیت شەرعیەت بدەی بە خواستەکانی حکومەتی سووریا کە سوپاکەی دەتوانێ هێز بەکاربهێنێت لەو وڵاتەدا؟
 
رووداو: چۆن دەڕوانیتە ئەم کۆبوونەوانەی لە هەرێمی کوردستان لە نێوان باڵیۆز باراک و جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی ئەنجام دەدرێن؟
 
دەیڤد پەترەیۆس: پێموایە ئەم کۆبوونەوانە زۆر زۆر گرنگن. من دوو مانگ لەمەوبەر لە هەرێمی کوردستان بووم. دەرفەتم هەبوو سەرۆک مەسعوود بارزانی ببینم، کە ئێستا وەکو سەرۆکی فەخری وایە. کاتێک من لەوێ بووم ئەو سەرۆک بوو. هەروەها نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئێستای هەرێم، سەرۆک وەزیران بارزانی و جێگری سەرۆک وەزیرانم بینی. چاوم بە سەرکردەکان لە هەولێر و سلێمانی کەوت. بۆ خوێندنەوەی وتاری دەرچووان لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی لەوێ بووم، کە مێژوویەکی درێژم لەگەڵیان هەیە و یەکەم دکتۆرای فەخریم لەوێ وەرگرت. سوپاسی ئەو رێزە دەکەم. پێموایە ئەمە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ نێردەی ئێمە باڵیۆز باراک کە لەگەڵ کاک مەسعوود دابنیشێت، چونکە ئەو لەم بابەتانەدا زۆر ژیرە و دەتوانێت هاوکاریی جەنەڕاڵ مەزڵووم بکات بۆ دۆزینەوەی رێگەیەکی گونجاو، کە خواستەکانی کورد لە ناو هێزەکانی سووریای دیموکرات بپارێزێت و لە هەمان کاتدا رێگە بە سەرۆکی سووریا بدات ئەو ناوچانە بخاتەوە سەر سووریا. دەبێ ئەوەش بڵێم، کاتێک لە باکووری عێراق وەکو جەنەراڵێکی دوو ئەستێرە فەرماندەی یەکەی ئاسمانیی 101 خزمەتم دەکرد، ئەو شانازییەم هەبوو کە لانیکەم مانگی جارێک کاک مەسعوودم دەبینی. دوای چەند کۆبوونەوەیەک لە ئۆفیسەکەی خۆی، ئیدی ئەو شوێنێکی دیاری دەکرد و ئێمە بە هێلیکۆپتەر دەچووین و لەو شوێنە دەنیشتینەوە، لەوێ دادەنیشتین و سەیری ئەو دۆڵانەمان دەکرد کە ئەو وەکو پێشمەرگە شەڕی تێدا کردبوون. بەدەم خواردنی خۆشی کوردییەوە چیرۆکی شەڕمان بۆ یەکدی دەگێڕایەوە و پرسیارم لێ دەکرد دەربارەی ئەزموونی شەڕکردن لەگەڵ رژێمی پێشووی عێراق. مانگانە چاوەڕێی ئەو دیدارەم دەکرد، هەندێکجار زیاتریش دەبوو لە مانگی جارێک. 
 
رووداو: هیوادارم بگەڕێیتەوە کوردستان و دووبارە بیبینیتەوە.
 
دەیڤد پەترەیۆس: دیدارێکی زۆر خۆشم لەگەڵی هەبوو کاتێک دوو مانگ پێش ئێستا لەوێ بووم. هیوادارم لە ساڵانی داهاتوودا زۆر جاری دیکەش بیبینمەوە.
 
رووداو: سەبارەت بە متمانە لە سووریا، سیناتۆر لیندزی گراهام دەڵێت متمانە بە سووپای تورکیا و سووریا ناکرێت بۆ پاراستنی ئەو زیندانانەی چەکدارانی داعشیان تێدایە. ئایا پێتوایە ئەو گرووپانەی لەگەڵ سووپای سووریان جێی متمانەن بۆ پاراستنی ئەو زیندانانە؟ ساڵی رابردوو رووداوێک هەبوو کە یەکێک لە پاسەوانەکان تەقەی لە هێزە ئەمریکییەکان کرد و سێ کەسی کوشت.
 
دەیڤد پەترەیۆس: دیارە کەسێک بووە خاوەن بیری تووندڕەوی بووە. ئەو جۆرە هێرشانە زۆر مەترسیدارن، چونکە متمانەی نێوان سەربازانی ئێمە و هێزە ناوخۆییەکان تێکدەدەن. من رێزێکی زۆرم بۆ لیندزی گراهام هەیە، دەزانی ئەو کۆلۆنێل بوو لە هێزی یەدەگی ئاسمانیی ئەمریکا کاتێک من فەرماندەی سێنتکۆم بووم و لە عێراق و ئەفغانستان بووم. چەندین جار  بۆ ماوەی هەفتەیەک یان 10 رۆژ دەهات و خزمەتی دەکرد. لەماوە ئەو چوار ساڵ و نیوەی من جەنەراڵی چوار ئەستێرە بووم، نزیکەی 15 جار هاتە ناوچەکە. زۆر زیرەک بوو، کێشەیەکی دەبینی کە ئێمە نەماندەبینی و چارەسەری بۆ پێشنیاز دەکردین، سەرمان سووڕ دەما بۆچی پێشتر بیرمان لەو کێشەیە نەکردبووەوە.
 
رووداو: ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە هاوڕایت لەگەڵ ئەوەی لەسەر سووریا دەیڵێت؟
 
دەیڤد پەترەیۆس: بەشێوەیەکی گشتی بەڵێ، منیش هەمان نیگەرانیم هەیە. نیگەرانم لەوەی هێزێک جێی متمانە نەبێت و ئەرکی پاراستنی ئەو دەستگیرکراوانەی پێبدرێت، کە ژمارەیان تەنیا لە کەمپی هۆل دەیان هەزار کەس دەبێت. بەڕاستی نازانم بۆچی حکومەتی سووریا ئەوەندە سەرقاڵە بەوەی کێ پاسەوانیی ئیسلامییە تووندڕەوەکان دەکات، هەروەها ئەو ژن و منداڵانەی کە سۆزیان بۆیان هەیە و کاریان لەگەڵدا کردوون. ئەو دۆخە وەکو خۆیەتی و تێکنەچووە، با دەست لەوە نەدەین. با سەرنج بخەینە سەر پەیوەندیی نێوان سوپای سووریا و هەسەدە و رێگەیەک بدۆزینەوە بۆ پاراستنی خواستەکانی ئەو هێزانە، کە جەنەڕاڵ مەزڵووم رێبەرایتییان دەکات. بێگومان ئەویش کەسێکی زۆر بەڕێزە. دەزانی ئێمە ساڵانێک زۆر بەدوای ئەو جۆرە کەسانەدا دەگەڕاین، بەدوای سەرکردەی ستراتیژیدا دەگەڕاین، ئەوانەی لەسەری سەرەوەن و دەتوانن کاری زۆرباش و زۆر گرنگ بکەن. بۆیە دەبێ لە بنەماکان و کێشە بنچینەییەکان و نیگەرانییەکانی هەسەدە و نیگەرانییە رەواکانی حکومەتی سووریا و سووپاکەی تێبگەین، بۆ ئەوەی بزانین چۆن کەلێنەکان پڕ بکەینەوە. دەیڵێمەوە کە تەنیا کەس کە بتوانێ چارەسەرێک بدۆزێتەوە، نێردەی ئێمە و مەسعوود بارزانین کە پێکەوە دەتوانن ئەو چارەسەرە بدۆزنەوە. 
 
رووداو: بەهۆی خزمەتە درێژخایەنەکەت لە سووپا و CIA، سوپاست دەکەین. کورد هەمیشە ئەو ترسەیان هەیە، بە تایبەتی لە رۆژئاوا کە ئەمریکا جارێکی دیکە پشتیان تێ بکات. پێتوایە ئەمریکا پشت لە کورد دەکات؟ لە کاتێکدا ئەوان بەهێزترین هاوپەیمان بوون و 12 هەزار شەهیدیان دا لە شەڕی داعشدا.
 
دەیڤد پەترەیۆس: پێم وانییە. پێزانینێکی زۆر باش هەیە بۆ ئەو قوربانییە گەورەیە و ئەو خزمەتە ناوازەیەی هەسەدە کردوویەتی. ئەوان بوون لە هێڵەکانی پێشەوە شەڕیان دەکرد. ئێمە بە چەندین شێوە هاوکاریمان دەکردن، بە زانیاریی هەواڵگری، هێرشی ئاسمانی، لۆجیستیک و مەشق. بەڵام ئەوان بوون کە شەڕەیان دەکرد و ژمارەیەکی زۆریان لەپێناوی بەدەستهێنانی ئامانجی هاوبەشمان، کە بریتی بوو لە لەناوبردنی خەلافەتی تووندڕەویی ئیسلامی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، گیانیان لەدەست دا. 
 
رووداو: یەک پرسیاری دیکە لەسەر سووریا و دوو پرسیار لەسەر ئێران. لەگەڵ ئەو رووداوانەی لە سووریا روویان دا، وەکو هێرش بۆ سەر جووەکان لە سوەیدا، عەلەوییەکان لە لازقییە و ئێستاش کورد لە باکوور؛ سەرۆک ترەمپ تا چەند بەرگەی ئەم پێشێلکارییانە دەگرێت دژی کەمینەکان؟
 
دەیڤد پەترەیۆس: ویلایەتە یەکگرتووەکان بە تووندی ناڕەزایەتی دەربڕیوە و هەڕەشەی لە حکومەت کردووە. چی روویدەدا ئەگەر ئەوە کۆنترۆڵ نەکرابایە؟ لە دوای ئەو رووداوە ناخۆشانەوە شتی دیکە نەبینراوە. لێکۆڵینەوەیەکی گەورە بەردەوامە. ئیسرائیلییەکانیش کە ماوەکی درێژە پشتگیریی درووزەکان دەکەن، نیگەرانییان دەربڕی و هێرشیان کردە سەر بنکەکانی هێزە ئەمنییەکان لە دیمەشق. حکومەتی سووریا ئاگادار کراوەتەوە، کە نابێت ئەمە دووبارە ببێتەوە. دەبێت ئەو لایەنە بکوژانەی خۆیان لە ژێر ناوی حکومەتی نوێدا حەشار داوە، کۆنترۆڵ بکرێن. پێموایە ئێستا ئەوە دەکەن و لە گرنگی ئەنجامدانی ئەوە تێدەگەن. لەماوەی داهاتوودا دەیبینین ئەگەر کۆنترۆڵی ئەوە بکەن و حکومەت و ئاسایشێکی وەها دروستبکەن، کە بتوانێت ئابوورییەکەیان بنیاتبنێتەوە. دەتوانم ئەوە بڵێم کە دیاسپۆرای سووری لە ئەمریکا زۆر دڵخۆشن بە کۆتاییهاتنی رژێمی تاوانکاری بەشار ئەسەد، کە لەدوای رژێمی تاوانکاری باوکی، حافز ئەسەد هاتە سەر حوکم. ئەوان دەیانەوێت هاوکاریی حکومەتی نوێی سووریا بکەن، وەبەرهێنان لە سووریای نوێدا بکەن، بەڵام حکومەتی سووریا دەبێت ئەو متمانەیە بسەلمێنێت. دەبێت لەو رووەوە زۆر روون بن. 
 
رووداو: با بچینە سەر ئێران. ئایا گۆڕینی رژێم لە ئێران ئامانجی کۆتایی ئەمریکایە؟ چی وا لە ترەمپ دەکات دوودڵ بێت لە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران؟
 
دەیڤد پەترەیۆس: ناتوانم لەبری حکومەتی ئەمریکا قسە بکەم، لەبارەی ئەوەی ئایا گۆڕینی رژێم ئامانجە یان ئامانجێکی دیاریکراوی دیکە هەیە، بەڵام پێموایە هۆکاری ئەوەی وەک ئەوەی لە هەواڵەکاندا باسکراوە، ئەگەری هێرشکردن ئێستا کەمترە، ئەوەیە کە هۆشداری هەبووە لەلایەن وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و ئیسرائیلەوە سەبارەت بە پەلەکردن لەم کارەدا، هەروەها سەبارەت بەوەی چی دەبێت ئەگەر ئەوە رووبدات. هەروەها هۆشداری لەلایەن سوپای ئەمریکاوە هەبووە، کە بەڵێ، ئێمە دەتوانین ئێستا ئەم کارانە بکەین، بەڵام زۆر باشتر دەبوو ئەگەر توانای ئەوەمان هەبووایە کاری زۆر زیاتر بکەین، چ لە رووی هێرشبردنەوە دژی ئێران و چ لە رووی بەرگرییەوە لە ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران بە مووشەک، یان هەندێک لە رۆکێتە دوورمەوداکان یان ئەو توانایانەی دیکەی کە هەیانە، وەکو مینڕێژکردنی کەنداو، دەستێوەردان لە ئازادیی کەشتیوانی و کاراکردنی ئەو گرووپە نزیکانەیان کە ماونەتەوە. بێگومان، زۆربەی گرووپە نزیکەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو لاوازکراون و رەنگە لە ئەنجامدا هیچ نەکەن. پێموانییە حیزبوڵڵا دژی ئیسرائیل هیچ هەنگاوێک بنێت، لەبەرئەوەی ئەگەر ئەمریکا لە بارەگای دەزگا ئەمنییەکان دەدات، یان هەندێک لە سەرکردەکانی دەزگا ئەمنییەکان لەنێو دەبات، یان پاشماوەی پرۆگرامی مووشەکی و سەکۆی هەڵدان و تواناکانی دیکەی تۆڵەسەندنەوەیان تێکدەشکێنێت و هتد. پێموایە ئەمە لۆژیکییە. بێگومان سەرۆک ئەوەشی گوتووە کە پەیامێکی ناڕاستەوخۆی لە ئێرانەوە پێگەیشتووە، کە تێیدا هاتووە ئەو لەسێدارەدانە روونادات، کە سەرۆک نیگەران بوو رووبدات و هەروەها کوشتنەکان رادەگرن. ئەوە هێشتا رووینەداوە. بۆیە پێموایە ماوەیەکی کاتی هەیە کە تێیدا ئەگەری کردەی سەربازیی ئەمریکا کەمترە، رەنگە گرتنەبەری رێوشوێنی دیکەش، جا چ دیپلۆماسی بێت یاخود ئابووری، زانیاری، سایبێری، یان هەموو ئامرازەکانی دیکەی بەردەستمان جگە لە کردەی سەربازی هەبن، ئەوە بۆ ماوەیەک کەمکراوەتەوە، بەڵام پێموایە کاتێک کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن و هێزە یاوەرەکەی لە کەشتییەکان دەگەنە کەنداو، لەو کاتەدا ئەگەرێکی زیاتر بۆ جۆرێک لە کردە دەبێت، ئەگەر کوشتنی خۆپێشاندەران بەردەوام بێت.
 
رووداو: دوایین پرسیارم؛ نزیکەی 8 بۆ 10 ملیۆن کورد لە ئێران دەژین. ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکان دانی ناوە بە مافی کوردانی ئێراندا؟
 
دەیڤد پەترەیۆس: جارێکی دیکە، من ناتوانم لەبری حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەڵام بدەمەوە. مەبەستم ئەوەیە پێموایە هۆشیارییەکی زۆر هەیە کە کورد، ئازەری، تورکمان، عەرەب و کەمینەکانی دیکە لە ناوچەکەدا هەن. نازانم مەبەستت لە مافەکانیان چییە. ئەگەر باسی مافی خۆبەڕێوەبەری یان مافی سەربەخۆیی یان شتێکی لەو جۆرە دەکەیت، پێموایە ئەوە لەوە زیاتر دەبێت، کە بە ماف سەیر بکرێت. با رووبەڕووی راستییەکان ببینەوە، راستییەکەی ئەمڕۆ ئەوەیە کە کورد گەورەترین گەلی جیهانە کە وڵاتی نییە. جارێکی دیکە، ئاماژەکردن بەوەی کە ئەمە ئەو شوێنە دەبێت کە تۆ ببینیت...
 
رووداو: ئایا ئەمە لای تۆ راستییەکی تاڵە؟
 
دەیڤد پەترەیۆس: بەڵێ، بۆ ئێستا وایە. تۆ باسی ئەوە دەکەیت کە...
 
رووداو: دەربارەی کورد کە گەورەترین گەلن لە جیهاندا کە وڵاتی خۆیان نییە. ئایا ئەوە راستییەکی خەمناکە بۆ تۆ؟
 
دەیڤد پەترەیۆس: ئەوە بێ گومان راستییەکی خەمناکە. بەڵێ، ئەوە باسکردنێکی دروستی دۆخەکەیە. دیسانەوە ئەوەتان لەبیر بێت، پێم وا نییە کەسی دیکەی زۆر هەبن کە هێندەی من کاریان لەگەڵ کورد کردبێت؛ چ لەو کاتەی کە جلی سەربازیم لەبەردابوو، چ وەکو بەڕێوەبەری سی ئای ئەی و وەکو هاوبەشێک لە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان لە جیهاندا.
 
رووداو: پێموایە کورد رێز لەو خزمەتە دەگرێت کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووتە.
 
دەیڤد پەترەیۆس: ئەمە لە چاکەی خۆتانە. سوپاست دەکەم. ئەوە گەورەترین شانازی بوو.
 
رووداو: زۆر سوپاست دەکەم.
 
دەیڤد پەترەیۆس: خۆشحاڵبووم بە دانیشتن لەگەڵتدا. سوپاس.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە