ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حەماس: ئامادەین دەسەڵات بەجێبهێڵین

19-05-2025
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
گفتوگۆی سەنگەر عەبدولرەحمان لەگەڵ باسم نەعیم
گفتوگۆی سەنگەر عەبدولرەحمان لەگەڵ باسم نەعیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس رایدەگەیێنێت، ئامادەن هەرچی زووە دەسەڵات بەجێبهێڵن و پێشتریش ئەوەیان گوتووە، ئامانجیشیان "کۆتاییهێنانە بە داگیرکاری و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی سەربەخۆ."
 
لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو، نەعیم باسی ئازادکردنی دیلەکان، کۆتاییهێنان بە جەنگ و ئاگربەست، چەکدانانی حەماس و گواستنەوەی خەڵکی غەززە دەکات.
 
لەبارەی مەرجەکانی ئاگربەست، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حەماس دەڵێت: "مەرجەکانمان روون و ئاشکران، ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆکردن یاخود چوونە نێو هەر رێککەوتنێک بە مەرجێک لە کۆتاییدا بگاتە بڕیاری راگرتنی شەڕ و راگرتنی دوژمنکاری و جینۆساید و کشانەوەی هەموو هێزە ئیسرائیلییەکان و کردنەوەی دەروازەکان بۆ مەبەستی دووبارە بنیاتنانەوە."
 
لە رۆژانی رابردوودا حەماس بارمتەیەکی ئیسرائیلی - ئەمریکی بەناوی عێدان ئەلێکساندەر ئازاد کرد. باسم نەعیم دەڵێت، دوو مانگ بووە داواکاری پێشکێشکراوە و ئەوان لارییان نەبووە، تەنیا داوای ئەوەیان کردووە ئازادکردنەکەی لە چوارچێوەی رێککەوتنێک بێت کە جەنگی پێ رابگرن. 
 
هۆکارێکی دیکەشی بە گوتەی نەعیم، ئەوە بووە کە "سەرۆک ترەمپ گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل و ناچاری بکات بۆ چوونە ناوەوەی هاوکارییەکان لە رۆژی دواتردا. ئەمە ئامانجێکی گەورە بوو بۆ ئێمە. گەلی فەلەستینی ئەمڕۆ [17-5-2025] بۆ زیاتر لە 70 رۆژە لە غەزز گەمارۆی تەواوی لەسەرە و، خەڵک لە برسدا دەمرن." 
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە: 
 
رووداو: گفتوگۆکانی بزووتنەوەی حەماس لەگەڵ ئەمریکییەکان لە چ ئاستێکدا بووە و وردەکارییەکان چین؟
 
باسم نەعیم: زۆر سوپاس. سەرەتا و پێش قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە گرنگە، بە ناوی خۆم و لە جیاتی سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس و لە جیاتی گەلی فەلەستینی، سڵاو دەنێرم بۆ سەرکردە و سەرۆکە عەرەبەکان کە لە بەغدای پایتەختی دەوڵەتی عێراق لە لووتکەی عەرەبی کۆبوونەتەوە. هەروەها سڵاویش دەنێرین بۆ گەلی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە و، بۆ سەرکردایەتی عێراق بە هەموو جیاوازی و پێکهاتەکانیەوە، سڵاومان هەیە لە فەلەستینی خۆشەویستەوە، هیوای سەرکەوتن و بەختیاری بۆ ئەم لووتکەیە دەخوازین. پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لە ماوەی نزیکدا روویداوە، چەند هەفتەیەکە، چ بە شێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ و بە نێوانگیری لایەنی دیکە. ئەم پەیوەندییانە هەندێک جار بە شێوەی راستەوخۆ روویانداوە، وەکو دیدارمان لەگەڵ بەڕێز بۆلەر چەند هەفتەیەک پێش ئێستا، یاخود بە شێوازی دیکە، لە رێگەی نامە و رێگەی دیکە. ئەوەش بە مەبەستی گەیشتن یاخود گوشار بۆ گەیشتن بۆ راگەیاندنی هەمیشەیی ئاگربەست. یەکەم، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە نێوان دوو کەوانەدا، یەکێکە لە نێوەندگیرەکان کە لە نێوان بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامی حەماس و گرووپەکانی دیکەی بەرگری و، لایەنەکەی دیکە کە دوژمنی زایۆنییە جموجووڵ دەکات. چۆن دەتوانین بەو ئامانجە بگەین، چونکە ئەمریکا ئەو هێزەیە کە دەتوانێت گوشارێکی راستەقینە بخاتە سەر کیانی ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە راگەیاندنی ئاگربەست. ئەم پەیوەندییانە، وەکو گوتم، چەندین هەفتەیە بەردەوامن، جارێک بە شێوەی راستەوخۆ، جارێک بە شێوەی ناڕاستەوخۆ، هەندێک جار بە دیداری رووبەڕوو، هەندێک جاریش لە رێگەی پەیوەندیکردن بە شێوە جیاوازەکانیەوە.
 
رووداو: ئەو گفتوگۆ راستەوخۆیانە لە کوێ ئەنجامدراون و لە چ ئاستێکدا بوون؟
 
باسم نەعیم: ئەمانە بە شێوەیەکی سەرەکی لەگەڵ شاندی ئەمریکی کە راسپێردراوە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی شەڕی غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەکان ئەنجامدراون، واتە بەڕێز ویتکۆف و تیمەکەی. وەکو گوتم، لەگەڵ ئەو تیمە پەیوەندی کراوە، چەندین جار چاومان بە بەڕێز بۆلەر کەوتووە،  چەندین جار بە شێوازی جیاواز پەیوەندی لەگەڵ بەڕێز ویتکۆف کراوە. وەکو باسم کرد، هەندێک جار دیداری رووبەڕوو هەبووە وەکو لەگەڵ بەڕێز بۆلەر.
 
رووداو: وردەکاریی گفتوگۆکان چی بوو؟ ئەمریکییەکان چ داواکارییەکیان هەبوو، بۆچوونیان چییە لەسەر راگرتنی شەڕ؟ هەروەها ئێوە مەرجتان چییە لەسەر راگرتنی شەڕ؟
 
باسم نەعیم: مەرجەکانمان روون و ئاشکران، ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆکردن یاخود چوونە نێو هەر رێککەوتنێک بە مەرجێک لە کۆتاییدا بگاتە بڕیاری راگرتنی شەڕ و راگرتنی دوژمنکاری و جینۆساید و کشانەوەی هەموو هێزە ئیسرائیلییەکان و کردنەوەی دەروازەکان بۆ مەبەستی دووبارە بنیاتنانەوە. لەم چوارچێوەیەدا، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان روودەدات، ئەوان هەموو دیلەکانیان وەردەگرنەوە و، بەشێک لە دیلەکانی ئێمەش لە زیندانەکانی داگیرکەردا ئازاد دەکرێن. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەندێک جار پەیامی ئەرێنی دەنارد کە ئەمە قسەی دروست و قسەی لۆژیکییە و دەکرێت بنیاتی لەسەر بنرێت، بەڵام بەداخەوە لە زۆربەی کاتەکاندا پێکهاتەکانی دیکەی ئیدارەی ئەمریکی یاخود کاتێک تیمەکە دەگەڕانەوە، هەمان قسەی ئیسرائیلیان دووبارە دەکردەوە، ئەوەی کە دەڵێن ناکرێت بگەینە راگرتنێکی هەمیشەیی ئاگربەست ئەگەر هەموو دیلە ئیسرائیلییەکان ئازاد نەکرێن و چەکی بزووتنەوەی حەماس دانەماڵرێت و هەندێک لە سەرکردەکان دوور نەخرێنەوە و حەماس لە دەسەڵات دەرنەهێنرێت. بێگومان هەڵوێستی ئێمە روون بووە، پێش هەموو شتێک ئێمە دەمانەوێت شەڕ رابگیرێت، راگرتنێکی هەمیشەیی شەڕ و کشانەوەی هێزەکان. ئەو کات ئێمەش ئامادەین هەموو دیلەکان ئازاد بکەین. بەڵام حەماس وەکو بزووتنەوەیەک، ئامادەین دەسەڵات بەجێبهێڵین ئەمڕۆ پێش سبەی، دوێنێ پێش ئەمڕۆ، ئەمەش ئەوەیە کە لە ماوەی ساڵانی رابردوو گوتوومانە. ئێمە پێداگری لەسەر دەسەڵات ناکەین، ئێمە بزووتنەوەی بەرگرین و حیزبێکی سیاسی نین کە ئامانجە سەرەکییەکەی گەیشتن بێت بە دەسەڵات. ئێمە بزووتنەوەی بەرگرین لە گەلێک کە لەژێر داگیرکاریدایە. بۆیە مانەوەی حەماس لە دەسەڵاتدا شتێکە کێشەی تێدا نییە، گوتوومانە کە هەڵوێستمان روونە، ئێمە رازین بە هەر حکومەتێکی فەلەستینی، چ حکومەتی یەکڕیزیی نیشتمانی بێت یان حکومەتی رێککەوتنی نیشتمانی یاخود حکومەتێکی تەکنۆکرات. هەروەها رازی بووین بە پێشنیازی میسر بۆ پێکهێنانی دەستەیەک یاخود لیژنەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە تاوەکو رێککەوتنێکی فەلەستینی لەسەر شێوازی کۆتایی دەکرێت. بەڵام بزووتنەوەی حەماس وەکو بزووتنەوەیەک و مانەوەی، پەیوەستە بە مانەوەی داگیرکارییەوە. مەبەستم مانەوەی وەکو موقاوەمە، ئەمە پەیوەستە بە داگیرکارییەوە. حەماس بە شێوەیەکی روون هەڵوێستی دەربڕیوە، ئامانجی ئێمە کۆتاییهێنانە بە داگیرکاری و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی، کاتێک ئەم ئامانجە دێتە دی، حەماس دەتوانێت ببێتە حیزبێکی سیاسی و چەکی بەرگری دەکرێت بگوازرێتەوە بۆ دەوڵەتی داهاتووی فەلەستینی، هەموو چەکدارە بەرگریکارەکان دەتوانن ببن بە بەشێک لە سوپای داهاتووی فەلەستین. بەڵام ئێستا، لەم ساتەدا، ناکرێت قبووڵی بکەین کە پرسی چەکی بەرگریکردن لەسەر هیچ مێزێک لە مێزەکانی گفتوگۆ بێت. وەکو گوتمان، ئەمە بەندە بە بەدیهێنانی دەستکەوتی گەورە کە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی و گەڕانەوەی پەنابەرانە، بەڵام بابەتی دوورخستنەوەی سەرکردە فەلەستینییەکان، ئەمە بێگومان شتێکی قبووڵنەکراوە و تەنیا هێڵی سوور نییە، بەڵکو زیاترە لە هێڵی سووریش، چونکە فەلەستینی لەسەر زەوی خۆی، لە وڵاتی خۆی و لە نیشتمانی خۆی و لە نێو خەڵکی خۆیدایە. کێ مافی ئەوەی هەیە داوا لە فەلەستینی بکات کە خۆی خۆی دوور بخاتەوە و قبووڵی بکات بۆ شوێنێکی دیکە دوور بخرێتەوە؟ بێگومان فەلەستینییەکان ماوەی 76 ساڵە بەرگری دەکەن و  لە پێناوی مانەوە لەسەر ئەم زەوییە قوربانی دەدەن و باجی زۆر دەدەن، بۆیە ناکرێت رازی بین بە دەرچوون یاخود دوورخستنەوەی هیچ فەلەستینییەک، چ سەرکردە بێت لە حەماس یاخود ئەندامێک بێت لە قەسام یاخود تەنانەت هەر هاووڵاتییەکی دیکە.
 
رووداو: واتە ئێوە ئامادەن لە بەرامبەر راگرتنی شەڕ و بنیاتنانەوە غەززە دەستبەرداری دەسەڵات بن لە غەززە؟
 
باسم نەعیم: ئێمە ئەم کارەمان لە 2014 کردووە کاتێک حکومەتمان رادەستی حکومەتی یەکڕیزیی نیشتمانی کرد، هەروەها لە 2017 کاتێک لیژنەی کارگێڕیمان رادەستی حکومەتی فەلەستینی لە رامەڵڵا کرد. لە رێککەوتنی پەکین لە نیسانی 2024دا، بە ئامادەبوونی هەموو لایەنەکان، رازی بووین کە هەنگاوی یەکەم بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزی فەلەستینی، پێکهێنانی حکومەتی یەکڕیزی نیشتمانییە کە نوێنەرایەتی هەموو فەلەستینییەکان بکات و پەیوەست نەبێت بە هیچ لایەنێکەوە و، ئێمەش ئامادەین دەسەڵات جێبهێڵین. هەروەها رازی بووین بە پێشنیازی میسری بۆ پێکهێنانی دەستەیەک یاخود لێژنەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کەرتی غەززە لە 10 تاوەکو 15 فەلەستینی خەڵکی غەززە کە بەڕێوەبردنی هەموو کاروبارەکانی کەرتی غەززە لە ئەلفەوە تاوەکو یا بگرنە دەست، وەکو تەندروستی و پەروەردە و ئەوقاف و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئاسایش و دەروازەکان و سنوورەکان و هتد، تاوەکو ئەو کاتەی رێککەوتن لەسەر حکومەتێکی فەلەستینی دەکرێت. بە هەموو ئەوانە رازی بووین. بەڵام وەکو گوتم، نەتانیاهوو بە شێوەیەکی روون دەڵێت: "من حەماسستان و فەتحستانم ناوێت"، نە حەماس و نە فەتح و نە هیچ بوونێکی سیاسی فەلەستینی لەسەر زەوی مێژوویی فەلەستین ناوێت، چ لە غەززە یاخود لە کەناری رۆژئاوا. ئەمەیە ئەوەی کە ئەوان ئەمڕۆ دەیکەن، تەنانەت لەگەڵ دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستینی، سەرەڕای پەیڕەوکردنی رێبازی گفتوگۆ و ئاشتی و دیالۆگ و هتد، ئەوان باسی ئەوە دەکەن کە ئەم جەستەیە لە شێوە سیاسییەکەیدا پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە. بۆیە ئێمە بەڵێ رازی بووین و هێشتا لەسەر هەڵوێستی خۆمانین، بەڵام ئەمە پەیوەندی نییە بە مانەوەی حەماس وەکو بزووتنەوەیەکی بەرگری و بەردەوامبوونی لەم ئامانجەدا تاوەکو دەگەینە ئامانجی گەورەمان کە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینە.
 
رووداو: هەوڵەکانی ئێوە و ئەمریکییەکان لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل دەستی کردووە بە ئۆپەراسیۆنێکی نوێ لە غەززە، پێتوایە ئەمریکییەکان لە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو دەبن بۆ راگرتنی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەستێکی دیکە؟
 
باسم نەعیم: یەکەم شت، ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەمریکییەکان ئەو لایەنە بەهێزەن کە کارتەکان و ئامرازەکانیان بۆ راگرتنی ئەم شەڕە لە دەستدایە، ئەگەر ئیرادە و بڕیاریان هەبێت. چونکە ئیسرائیل وەکو کیانێک بەبێ پشتیوانی رۆژئاوا بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناتوانێت لەم شەڕەدا بەردەوام بێت. لە ماوەی ئەم شەڕەدا، لە 18 مانگی رابردوودا، وێستگەی زۆر هەبوون کە ئیسرائیل هاواری کردووە بۆ ناردنی پارە و چەک و، داوای یارمەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە بۆ پشتیوانیکردنی بە ڤیتۆ لە ئەنجوومەنی ئاسایش، یاخود بە بڕینی هاوکاری دارایی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی بۆ ناچارکردنی بە پاشەکشە. واتە بەبێ ئەم پشتیوانییە، ئەم حکومەتە و دەوڵەتی ئیسرائیل ناتوانێت بەردەوام بێت. بەڵێ، ئەمریکا ئەگەر بیەوێت، دەتوانێت. بەڵام لەلایەکی دیکەوە، نەتانیاهوو و حکومەتە توندڕەوەکەی هەستدەکەن کە پارێزبەندییان هەیە و وەکو دەوڵەتێکی یاخی مامەڵە دەکەن، هەروەکو ئەوەی لە دارستاندا بن، لێرە و لەوێ دەدەن بەبێ هیچ لێپرسینەوە هەبێت، یاخود هیچ بەدواداچوون و سزادانێک هەبێت. نەک تەنیا لە غەززە، لە کەناری رۆژئاوا راگواستن و کوشتن و رووخاندنی ماڵەکان و بە جووکردنی قودس و پێشێلکردنی پیرۆزی مزگەوتی ئەقسا هەیە، لە لوبنان، لە سووریا، لە یەمەن. کێشەکە تەنیا لە غەززە و لەگەڵ فەلەستینییەکاندا نییە. ئەوانە بەو هێزەی هەیانە مەست بوون، بە پشتیوانی نێودەوڵەتی بێسنوور بەتایبەت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە مەست بوون، وایان لێهاتووە لە ناوچەکەدا بە لۆژیک و یاسای دارستان و وەکو دەوڵەتێکی یاخی مامەڵە دەکەن. بۆیە ئەمە بەرپرسیارێتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە لە ماوەی 76 ساڵدا شکستی هێناوە کە سنوورێک بۆ ئەم تراژیدیایە دابنێت و یارمەتی گەلی فەلەستین بدات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینی بە پایتەختی قودس و گەڕانەوەی پەنابەران. ئەم شکستە گەورەیەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تەنیا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرێت. تەنیا وشە و لێدوان بەس نییە، بەڵکو پێویستە رێوشوێن و هەنگاوی کردەیی هەبێت بۆ کۆتاییهێنان بەم تراژیدیایە.
 
رووداو: لە ماوەی رابردوو بارمتەیەکی ئەمریکیتان ئازاد کرد، ئایا ئەوە لە بەرامبەر چی بوو؟
 
باسم نەعیم: لە راستیدا، داواکاری بۆ ئازادکردنی ئەم زیندانییە ئەمریکییە ماوەیەکە باسدەکرێت، نزیکەی دوو مانگە. ئێمە لە سەرەتاوە کێشە یاخود رێگرییەکمان بۆ ئازادکردنی نەبوو، بەڵام داواکاریمان ئەوە بوو کە ئازادکردنی لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدا بێت، لەو چوارچێوەیەدا بێت کە لە کۆتاییدا بگەین بە راگرتنی شەڕ. بێگومان ئەم گفتوگۆیانە کێشەیان بۆ دروستبوو تاوەکو گەیشتینە چەند رۆژێک پێش سەردانی سەرۆکی ئەمریکی ترەمپ بۆ ناوچەکە. پێشنیازێک هەبوو لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بۆ ئازادکردنی سەربازی دیل ئەلێکزاندەر عیدان کە ئەمریکی-ئیسرائیلییە، لە بەرامبەر ئەوەی کە سەرۆک ترەمپ گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل و ناچاری بکات بۆ چوونە ناوەوەی هاوکارییەکان لە رۆژی دواتردا. ئەمە ئامانجێکی گەورە بوو بۆ ئێمە. گەلی فەلەستینی ئەمڕۆ بۆ زیاتر لە 70 رۆژە لە غەزز گەمارۆی تەواوی لەسەرە و، خەڵک لە برسدا دەمرن. هۆکاری دووەمیش ئەوەیە کە سەرۆکی ئەمریکا بانگەشە بۆ گفتوگۆی جددی دەکات بۆ گەیشتن بە راگەیاندنی هەمیشەیی ئاگربەست. بێگومان بە داخێکی زۆرەوە، سەرەڕای ئەوەی کە راستی و دروستی هەڵوێست لە نێوان ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان تاوەکو ئەم ساتەش روون نییە، هەندێک دەڵێن کە ئەمریکییەکان لەم هەڵوێستەیان لەگەڵ ئیسرائیلییەکان هاوئاهەنگ بوون و هەندێکی دیکەش دەڵێن نا، بەڵام دیارە ناکۆکییەکی راستەقینە لەنێوان هەردوو لادا هەیە. بێ گوێدانە هەڵسەنگاندنی هەڵوێستەکە و هۆکارەکەی، ئەوەی کە بڕیاری لەسەر درابوو رووی نەدا، چ ناردنی هاوکارییەکان بێت بەشێوەیەکی دەستبەجێ بۆ خەڵکی کەرتی غەززە، یاخود راگەیاندنی گفتوگۆ بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی.
 
رووداو: ئێستا چەند بارمتەی ئیسرائیلی لای بزووتنەوەی حەماسن و دۆخیان چۆنە؟
 
باسم نەعیم: دروست ژمارەیان نازانم، باسی نزیکەی 50 دەکرێت لەنێوان زیندوو و مردوودا، بەڵام ژمارەی دروستم لا نییە. بێگومان بارودۆخیان وەکو بارودۆخی گەلی فەلەستینییە، گەنجانی موقاوەمە و سەرکردایەتییەکەی هەوڵدەدەن بەپێی توانا بیانپارێزن، بەڵام کەرتی غەززە هەمووی لە بارودۆخێکی زۆر مەترسیداردایە، ئەوەی بە بۆردومان لە شەودا نەمرێت، لە بەیانیدا بە برسێتی دەمرێت. ئەم دۆخە بۆ گەلەکەمان و بۆ دیلەکانیش هەمان شتە. بەڵام لێرەدا دەبێت ئاماژە بە شتێک بکەم. زۆربەی میدیای نێودەوڵەتی و ئەوانی دیکەش پرسیار لەسەر ژمارە و دۆخی ئەو دیلانە دەکەن. گەلی فەلەستینی ئەمڕۆ زیاتر لە 15 هەزار دیلی لەنێو زیندانەکانی داگیرکاردا هەیە، پیاوان و ژنان و منداڵان و کەمئەندامان و نەخۆش و هتد. ئەوانە خراپترین ئەشکەنجە دەدرێن، ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی و دەستدرێژی سێکسی، تەنانەت دەستدرێژیی سێکسی و برسیکردن و رێگریکردن لە نووستن و شتی دیکە، هەموو رۆژێک هەواڵی ئەوانە دەبیستین کە لەنێو زیندانەکاندا دەمرن. نزیکەی 3 هەزار فەلەستینی کەرتی غەززە لەنێو ماڵەکانیان و لە نەخۆشخانەکان یاخود لە سەنتەرەکانی حەوانەوەدا رفێندراون، پیاوان و ژنان و منداڵان کە هیچ شتێک لەسەریان نازانین، هیچ زانیارییەکمان نییە و نازانین ئایا زیندوون یاخود مردوون. لە رێگەی سەنتەرەکانی مافی مرۆڤەوە هەواڵی قەبارەی ئەشکەنجەدانیان دەبیستین. بیر لەوە بکەرەوە کە لە کاتی دەستگیرکردنیانەوە چەند مانگێکە لە گرتووخانەی سیدیتماندان، بە تەواوی رووتدەکرێنەوە و دەست و پێیان بەستراون، شەو و رۆژ لەو حاڵەتەدان، رووبەڕووی هەموو ئەم ئەشکەنجانە دەبنەوە بەبێ ئەوە جلوبەرگیان لەبەردا بێت، تەنیا کەمێک خواردنیان پێدەگات. بۆیە ئێمە ئومێد دەکەین کە باسکردنی هەندێک لە دیلەکان کە سەربازن و هاتوون بۆ کەرتی غەززە بۆ کوشتنی فەلەستینییەکان، لە بەرامبەردا باسی قەبارەی پێشێلکارییەکانیش هەبێت. ملیۆنێک و زیاتر فەلەستینی لە پیاوان و ژنان و منداڵان لە ساڵی 67ـەوە تاوەکو ئێستا چوونەتە نێو زیندانەکانی ئیسرائیلەوە. بەداخەوە فەلەستینییەکان، وەکو گوتمان، مافیان هەمیشە پێشێلدەکرێت و تیشکخستنە سەر ئازار و کێشەکانیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە پێشینەی کارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نییە بەتایبەت لە رۆژئاوا.
 
رووداو: لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، میدیای ئەمریکی باسیان لەوە کرد کە گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت یەک ملیۆن فەلەستینی دەگوازرێنەوە بۆ لیبیا، ئایا ئەوە راستە؟ ئێوە بەوە رازی دەبن؟
 
باسم نەعیم: پێمانوایە ئەم هەواڵانە لە چوارچێوەی جەنگی دەروونی و گوشارخستنە سەر گەلەکەمان و سەر گفتوگۆکاندایە. ئێستا گەلی فەلەستین بۆ ماوەی 18 مانگە لەم دوژمنکارییەدا خۆڕاگرە، ئاڵای سپی بەرز نەکردووەتەوە، نەک تەنیا موقاوەمە خۆڕاگرە، هەموو راپرسییەکانی رای گشتی دەڵێن کە گەلی فەلەستینی بە تووندی رەتی دەکاتەوە کە دەربچێت. من هەمیشە دەڵێم رۆژی 6ی ئایاری 2024 ملیۆنێک و نزیکەی 200 هەزار فەلەستینی لە شاری رەفحدا بوون. کاتێک نەتانیاهوو بڕیاری چوونە ناو رەفحی دا، رۆژی دواتر کە دەکاتە 7ی ئایار، یەک فەلەستینیش نەجووڵا و وێنەی یەک فەلەستینیشمان نەبینی کە بەرەو باشوور بڕوات، واتە بەرەو نیمچە دوورگەی سینا یان میسر، سەرەڕای ئەوەی کە ئەمە کارێکی قورس نییە. ئەگەر 10 هەزار کەس بڕیاریان دابا بەرەو سنوور بڕۆن، کە تەنیا دیوارێکی سادەیە. بەڵام ملیۆن و دووسەد هەزارەکە هەموویان بەرەو باکوور چوون، بەرەو خان یوونس و ناوچەی ناوەڕاست و شاری غەززە، سەرەڕای ئەوەی کە دەیانزانی بەرەو مەرگ و وێرانکاری و برسێتی دەڕۆن. گەلی فەلەستین رەگی داکوتاوە و دەستی بە زەوییەکەیەوە گرتووە و بە تووندی ئەم بیرۆکانە رەتدەکاتەوە. ئێستا هەوڵێک هەیە، بەڵێ دەزانین کە هەوڵ و گوشار و پەیوەندی لە کیانەوە هەیە، هەروەها لە ئەمریکییەکانەوە لەسەر هەندێک دەوڵەت بۆ قبووڵکردنی کۆچبەری نوێ، واتە کۆچبەرانی فەلەستینی لە غەززەوە چ بە ویستی خۆیان بێت یاخود بە زۆرەملێ. بەڵام بەپێی ئەوەی کە دەیزانین، تاوەکو ئەم ساتە هیچ دەوڵەتێک بە فەرمی بە هیچ کام لەم هەنگاوانە رازی نەبووە. رۆژانە هەواڵ لە میدیای ئیسرائیلییەوە بڵاودەکرێتەوە لەسەر فەلەستینییەکان کە بە خواستی خۆیان کەرتی غەززەیان جێهێشتووە. ئێمە دەزانین کە ئەوانەی ئەمڕۆ لە کەرتی غەززە دەردەچن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ خاچی سووری نێودەوڵەتی، منداڵی نەخۆشن لەگەڵ یاوەرەکانیان، بریندارن لەگەڵ یاوەرەکانیان، هەندێک هاووڵاتی کە دوو رەگەزنامەیان هەیە و، لەلایەن باڵیۆزخانەی دووەمیانەوە پەیوەندییان پێوەدەکرێت، هەندێکیان رەگەزنامەی ئیسپانی یان بەریتانی یان فەرەنسی یان رووسی یاخود رەگەزنامەی دیکەیان هەیە، پەیوەندییان پێوە دەکرێت لە باڵیۆزخانەکانیانەوە و هانیان دەدەن دەربچن و، هەندێکیان رازی دەبن. بەڵێ ژمارە هەیە بەڵام ژمارەی سنووردار، بە دەیان کەسن. وەکو گوتمان زۆربەیان نەخۆش یاخود بریندارن، هەندێک قوتابیش هەن. بەڵام بێگومان رای گشتی ئارەزووی بەجێهێشتنی نییە، فەلەستینییەکان لە ماوەی 76 ساڵی رابردوودا باجی زۆریان داوە بۆ گەڕانەوە بۆ فەلەستین نەک بۆ دەرچوون لێی.
 
رووداو: زۆر سوپاس
 
باسم نەعیم: زۆر سوپاس بۆ ئێوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە