پەرلەمانتارێکی هۆڵەندا: دیمەشق کورد و پێکهاتەکان نەپارێزێت، نابێت پارەی بدەینێ

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەبدوڵڵا
هەڤپەیڤینی هێمن عەبدوڵڵا لەگەڵ دۆن سێیدەر، پەرلەمانتاری هۆڵەندی
هەڤپەیڤینی هێمن عەبدوڵڵا لەگەڵ دۆن سێیدەر، پەرلەمانتاری هۆڵەندی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی هۆڵەندی داوا دەکات یەکێتیی ئەورووپا دەستبەجێ یارمەتییە داراییەکانی بۆ حکومەتی سووریا رابگرێت، تاوەکو ئەو کاتەی بە کردەوە دەیسەلمێنێت کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا پارێزراون.
 
ئەو یارمەتییە داراییانەی ئەو پەرلەمانتارە باسی دەکات، 620 ملیۆن یۆرۆریە و پاریش ئەورووپا زیاتر لە 200 ملیۆن یۆرۆی بە حکومەتی سووریا داوە.
 
دۆن سێیدەر، پەرلەمانتاری هۆڵەندی و ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە دیبەیتێکدا لەنێو پەرلەمانی وڵاتەکەیان گوشاریان خستە سەر وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان بۆئەوەی هەڵوێستی روونتر و رژدتری هەبێت بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان و پێکهاتەکانی دیکەی نێو سووریا.
 
لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ بەرنامەی دیاسپۆرای رووداو، ئەو پەرلەمانتارە هۆڵەندییە دەڵێت، یەکێتیی ئەورووپا زۆر دڵسافانە مامەڵە لەگەڵ دیمەشقدا دەکات.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی دیاسپۆرای رووداو لەگەڵ دۆن سێیدەر، پەرلەمانتاری هۆڵەندی:
 
رووداو: ئێوە لە پەرلەمانی هۆڵەندا زەنگی هۆشیارکردنەوەتان لێدا سەبارەت بە کورد. هۆڵەندا و یەکێتیی ئەوروپا چییان پێدەکرێ؟
 
دۆن سێیدەر: پرسیارێکی زۆر باشە. پێش هەموو شتێک دەبێ گوشاری دیپلۆماسی بکرێ. یەکێتیی ئەوروپا بەڵێنی زۆری بە حکومەتی ئەلجۆلانی داوە. ئێمە وەک یەکێتیی کریستیانەکان گوتوومانە نابێ هیچ یارمەتییەکی دارایی بنێرین، ئەگەر بەڕوونی سەبارەت بە مەسەلە تەناهییەکان رێککەوتن نەکەین. ئەمەمان ساڵی رابردوو گوتووە. ئەوکات بینیمان هێرش کرایە سەر عەلەوی و کریستیان و درووزەکان. بۆیە گوتمان ئێمە هەروا پارەیان بۆ نانێرین. بەداخەوە لەنێو یەکێتیی ئەوروپادا دەبینین کە خواست هەیە بۆئەوەی هەنگاوی پشتیوانیی دارایی لە حکومەتی سووریا بنرێ. ئەمە مەترسیدار و نابەرپرسیارانەیە. هەفتەکانی رابردوو بینیمان کە کوردەکانیش هێرشیان کرایەسەر. بۆیە دەبێ یارمەتییە داراییەکانمان دەستبەجێ رابگرین، تاوەکو ئەوکاتەی ئاسایش ئەوانە گەرەنتی دەکرێ. بۆیەش بڕیارنامەیەکمان داوەتە پەرلەمانی خۆمان و تێیدا دەڵێن دەبێ یارمەتییە داراییەکان رابگیرێن. هیوادارم ئەمە ببێتە بڕیار، بۆئەوەی لە هۆڵەنداوە وابکەین یەکێتیی ئەوروپاش هەمان هەنگاو بنێت. پێموایە دەبێ یەکێتیی ئەوروپا کەمتر لەوەی ئێستا گەرموگوڕ بێ لەگەڵ دیمەشق. 
 
رووداو: کەواتە دەڵێی یەکێتیی ئەوروپا رێککەوتنی روونی سەبارەت بە کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا لەگەڵ دیمەشق نەکردووە؟
 
دۆن سێیدەر: رێککەوتن کراون، بەڵام یەکێتیی ئەوروپا زۆر دڵساف بووە لەوەدا. من پاریش سەبارەت بەوە هۆشداریم دا. ئەوروپا زۆر بەتامەزرۆییەوە دەیەوێ پاش رووخانی رژێمی ئەسەد پارەیەکی زۆر بداتە حکومەتی ئێستا. من ئەوکاتیش تامەزرۆی ئەمە نەبووم. دەمگوت بە لەبەرچاوگرتنی رابردووی ئەلجۆلانی لەگەڵ ئەلقاعیدە، دەبێ چاوەڕێ بکەین بزانین چی دەکات. ئێستا ساڵێک دواتر قسەکەم راست دەرچوو و دەرکەوت ئەو تامەزرۆییە پەلەپرووزەی تێدا بوو. چونکە دەبینین ئەلجۆلانی میلیشیاکانی پێ کۆنترۆڵ ناکرێ. بۆیەش میلیشیاکان کوشتار دەکەن و هێرش دەکەنە سەر کەمینەکان. یانیش دیارە پێی کۆنترۆڵ دەکرێن و ئەوەی روودەدات بە ئاگاداریی دیمەشقە. ئەمەش هێشتا خراپترە. بە هەردوو باردا گرنگە یەکێتیی ئەوروپا کەمتر دڵساف بێ و دەبێ پێشئەوەی پارەیان بۆ بنێرێ، رێککەوتنی زۆر روون بکات. چونکە ئەو یارمەتییە داراییانە حکومەتی دیمەشق بەهێزتر دەکەن بۆ سەرکوتکردنی کەمینەکان. 
 
رووداو: دەبێ کورد و کەمینەکانی دیکە جگە لە ئابلوقە داراییەکان بۆ سەر دیمەشق، چیی دیکە لە هاوڕێ و هاوپەیمانەکانیان و بۆنموونە لە هۆڵەندا چاوەڕێ بکەن؟
 
دۆن سێیدەر: ئێمە رۆژانی رابردوو پڕۆژە بڕیارمان پێشکەشی پەرلەمان کردووە بۆئەوەی یارمەتییە داراییەکان بۆ سووریا رابگیرێن. تاوەکو ئەوکاتەی گەرەنتیی تەواوەتی وەردەگرین کە کەمینەکان دەپارێزرێن. کەواتە لەتەنیشت گفتوگۆکردن و هیواداربوون بەوەی ئاگربەست بەردەوام بێ، گوتوومانە ئیدی بەسە و دەبێ ئێمەی ئەوروپی هیچ هەنگاوێکی دیکە نەنێین بۆ ئاساییکردنەوە لەگەڵ حکومەتی سووریا. هەروەها پێمان گرنگە یارمەتییەکی زۆری مرۆیی بچێتە هەرێمی کوردەکان. چونکە کێشەی زۆریان هەن. لەوێ خەڵک برسییەتی و سەرمایە. بۆیە دەبێ یارمەتی بدرێن و دەبێ هۆڵەنداش یارمەتی بنێرێت. 
 
رووداو: پێتوایە ئەو ئابلووقە ئابوورییانەی باسیاندەکەی هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر بڕیاری حکومەتی دیمەشق هەبێ؟
 
دۆن سێیدەر: پێموایە ئەگەر یەکێتیی ئەوروپا بڕیار بدات هیچ پارەیەکیان بۆ نەنێرێ، ئەوان تووشی دڵەڕاوکێ دەبن. هەروەها دەبێ لەگەڵ ئەمریکییەکان قسە بکەین بۆئەوەی پشتیوانیی کوردەکان بکەن. هەروەها گوتوومانە راستە دانمان بەو حکومەتەی سووریادا ناوە، بەڵام دەبێ هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەینەوە. دوای ئەوەی کە بینیمان چۆن مامەڵە لەگەڵ کەمینەکان دەکەن، دەبێ بزانین بەڕاستی ئەم حکومەتە شەرعییەتی هەیە؟ ئەمە ئەو شتەیە کە ئەو چەند هەفتەیە کردوومانە. هەندێک لەو شتانە لەلایەن پەرلەمانتارانی دیکەشەوە پشتیوانی دەکرێن و هەندێکیان پشتیوانی نەکراون. بەڵام زۆر پێداگیری دەکەین کە ئێمە بۆمان نییە خیانەت لە کوردەکان بکەین. چونکە لە دیبەیتی پەرلەمانیش گوتم، وڵاتانی رۆژئاوایی خیانەتیان لە کوردەکان کردووە. ئێمە پشتیوانیی ئەوانمان کرد و ئەوان قارەمانانە دژی داعشەکان (بە داعشە ئەوروپییەکانیشەوە) شەڕیانکرد. هەروەها ساڵەهایە زیندانییە داعشە ئەوروپییەکانیشیان لەلای خۆیان هێشتەوە و وڵاتانی رۆژئاوا چارەیەکیان لەو مەسەلەیە نەکرد. کەچی ئێستا کە داوای یارمەتیمان لێدەکەن، پشتیان تێدەکەین. ئەمە خیانەتە. بۆیە پەرلەمانتار پێموایە ئێمە نابێ ئەمە بکەین و دەبێ پشتی کۆمەڵگەی کوردی بگرین. 
 
رووداو: چەندە مەترسییەکی جیددی هەیە کە چەکدارەکانی داعش بگەڕێنەوە ئەوروپا؟
 
دۆن سێیدەر: وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا دانی پێدانا کە مەترسییەکە زۆر گەورەیە. چونکە کاتێک ئەوانە ئازاد دەبن، خاوەنی وەڵاتینامەی هۆڵەندی یان وڵاتێکی دیکەی ئەوروپین و دەتوانن بە پاسپۆرتە هۆڵەندییەکانیان بگەڕێنەوە. راستە دەکرێ دەستگیر بکرێن، بەڵام دەبێ دادگایی بکرێن. بۆ ئەمەش بەڵگەی زۆر لەدژیان لەبەردەست نابن. بۆیە وەزیر لە دیبەیتیدا لەگەڵ ئێمە گریمانەی ئەوەیکرد کە رەنگە ئەوانە ئازاد بکرێن. واتە نەیتوانی رەتیبکاتەوە کە ئەمە روونادات. من ساڵەهایە سەبارەت بەمە هۆشداری دەدەم و باسی ئەو داعشانە دەکەم کە کوردەکان دەستگیریان دەکەن. تەنانەت ئەوکاتەش کە تورکەکان هێرشیان کردە سەر ئەو ناوچانەی سووریا و مەترسی لەسەر ئەو زیندانانەی داعش دروستبوو داوای دانانی پلانی چارەسەرم کرد. بەڵام حکومەتی ئێمە بەردەوام ئەمەی پشتگوێخست و بۆیە ئێستا بووەتە کێشەیەک بۆ ئاسایشی نیشتمانیمان. بۆیە دەبێ ئێستاش خۆمان ئامادە بکەین و تەنانەت ئەگەر پێویست بوو یاساکانیشمان بگۆڕین بۆئەوەی خەڵکی ئێرە. تەنانەت کوردەکان و پێکهاتەکانی دیکەی هۆڵەنداش ئاسایشیان هەبێت. 
 
رووداو: ئەوەی لە دیمەشقەوە دەیبیستین. تەنانەت ئەوەش کە لە وڵاتە عەرەبییەکان و میدیا و مەکینە گەورەکەی پەیوەندییە جەماوەرییەکانیان باسیدەکەن، ئەوەیە کە دەڵێن بڕیاری سەرۆکایەتیی سووریا هەیە کە کورد هەموو مافە کولتوورییەکانیان پێدراوە. بۆیە دەبێ ئۆتۆنۆمی لەبیربکەن. ئەگەر لەگەڵ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان قسە بکەی، پەیامت چییە بۆیان و دەبێ لەمڕۆژانەدا چی بکەن؟
 
دۆن سێیدەر: من دەڵێم قسەی بێ کردار ئاسانە. ئەوەی دەیبینین گوتوویانە بەنیازی چین، بەڵام بەکردەوە هێشتا هیچ نەکراوە بۆئەوەی بزاندرێ کوردەکان و کەمینەکانی دیکە پارێزراو دەبن و مافی یەکسانیان دەبن. بۆیە من نیگەرانم. نابێ بەپەلە و دڵسافانە مامەڵە لەگەڵ ئەم حکومەتەدا بکەین. چونکە رەنگە ئەلجۆلانی قاتێکی لەبەر کردبێ و ریشیشی کەمێک تەنک کردبێ، بەڵام ئایدیۆلۆژیا وا لەپڕ ناگۆڕدرێ. بۆیە دەبێ گەرەنتی وەربگرین کە هەموو کەمینەکان لە سووریا پارێزراون. ئەگەر وا نەبێ، دەبێ هۆڵەندا و هەموو یەکێتیی ئەوروپا ئامادەبن کوردەکان بپارێزن. دیسانیش دەبێ هۆڵەندا و ئەوروپا و ئەمریکییەکانیش کارێک بکەن ئاسایشی کوردەکان پارێزراو بێ. چونکە هەموومان قەرزداری کوردەکانین. چونکە ئەوان دە ساڵە داعشەکانیان، کە هەندێکیان هاووڵاتیی ئێمەشن، لە زیندان کردووە و شەڕی ئەو داعشانەشیان کردووە. ئێمە بۆمان نییە ئەمە لەبیربکەین و لەبیریشی ناکەین.
 
رووداو: رازیت لەوەی ئەم دوو هەفتەیە هۆڵەندا سەبارەت بەو دۆخە کردوویەتی؟
 
دۆن سێیدەر: نا، زۆر کەمە. 
 
رووداو: زۆر کەمە!
 
دۆن سێیدەر: دەزانم دەبێ زۆرتر لەسەر ئاستی ئەورووپا گوشار دروست بکرێت، چونکە ئەگەر تەنیا هۆڵەندا بیکات کاریگەریی کەمترە. من لەوە تێدەگەم. بۆیە بە وەزیری دەرەوەی خۆمانمان گوتووە لەگەڵ وەزیرانی دیکەی دەرەوەی ئەوروپا قسە بکات. هاوکات گوێ لە پەرلەمانی خۆشمان بگرێ کە پێیدەڵێین دەبێ شتی زۆرتر بکرێ. دەبێ ئەو پەیامەی ئێمە کە دەبێ یارمەتییە داراییەکان مەرجدار بکرێن بە پاراستنی کەمینەکان وڵاتانی وەکو فەرەنسا و ئیتاڵیا و ئەوانیدیکەش هۆشیار بکاتەوە. چونکە ئەو دیمەنانەی دەیانبینین درۆ ناکەن. لەوێ منداڵان و ژنان و پیاوان قەتڵوعام دەکرێن. منداڵان لەبەر نەبوونی یارمەتیی پێویست گیانیان لەدەستدەدەن. زۆر گرنگە ئەوروپا هۆشیاربێتەوە و پشتیوانیی کوردەکان بکات.
 
رووداو: دوایین پرسیارم بۆ ئێوە بەڕێز سێیدەر. گەنجانی کورد لە هۆڵەندا پێیاندەگوتم: دۆن سێیدەر نوێنەرایەتیی ئێمە دەکات لە پەرلەمان. چۆنە وا خۆت تەرخانکردووە بۆ پشتیوانیی کورد؟
 
دۆن سێیدەر: لەو ساڵانەدا کە ئەندامی پەرلەمانم، هەمیشە لەگەڵ کوردەکان گفتوگۆم کردووە. هەم لەگەڵ ئەوانەی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە هاتوون و ئەوانەش لە عێراقەوە هاتوون. من پێم گرنگە هەموو کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پارێزراو بن و کوردیش یەکێکن لەوان. من کوردەکانم لەدڵەوە خۆشدەوێ. چونکە مێژووەکەشیان دەزانم. بۆیە پێم گرنگە ئەوروپا و پارتەکانمان و کەسی وەک من بتوانین وابکەین کوردەکان بپارێزین. چونکە گەرەنتی نییە کە پارێزراو بن. بۆیە هیوادارم دەنگی کۆمەڵگەی کوردستانیش بم. هیواداریشم کوردەکان هەم لە هۆڵەندا و هەم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بتوانن ئایندەیەکی پارێزراویان هەبێ. خۆشم بۆ ئەمە بەخۆشحاڵییەوە تەرخاندەکەم.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە