سەرکردەیەکی سۆسیال دیموکراتەکانی هۆڵەندا: دەبێ حکومەتە ئەورووپییەکان گوێ لە دیاسپۆرای کوردی بگرن

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەبدوڵڵا
هەڤپەیڤینی هێمن عەبدوڵڵا لەگەڵ کاتی پیری، سەرکردەی سۆسیال دیموکراتەکانی هۆڵەندا
هەڤپەیڤینی هێمن عەبدوڵڵا لەگەڵ کاتی پیری، سەرکردەی سۆسیال دیموکراتەکانی هۆڵەندا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرکردەیەکی سۆسیال دیموکراتەکانی هۆڵەندا دەڵێت، حکومەتە ئەورووپییەکان دەیانەوێت زوو بگوترێت سووریا سەقامگیرە، بۆئەوەی کۆچبەرانی بۆ بنێرنەوە؛ بەڵام دەشڵێت، نابێت کورد لە رۆژئاوای کوردستان باجی ئەمە بدەن.
 
کاتی پیری، سەرکردەی سۆسیال دیموکراتەکانی هۆڵەندا لەنێو کوردی دیاسپۆرادا ناوێکی ناسراوە و ساڵانێکی زۆر لە پەرلەمانی ئەورووپا راپۆرتەر و بەرپرسی دۆسێی تورکیا بوو. لەو ساڵانەدا بەوە ناسرا کە هەڵسەنگاندنی بە ویژدانانەی بۆ دۆخی کورد لە تورکیا و بەشەکانی دیکەی کوردستانیش کرد.
 
پیری لەنێو سۆسیال دیموکراتەکانی ئەورووپا دا و لەنێو پارتەکەی خۆیشیدا لە هۆڵەندا سەبارەت بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر گوێی لێدەگیرێت. ئەو کەسایەتییە ئێستا وەک پەرلەمانتار دەنگی هەرە دیاری نێو گەورەترین فراکسیۆنی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی هۆڵەندایە. ئەندامی ئەو لیژنە پەرلەمانییەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپایە کە بۆ کاروباری ناتۆ دروستیانکردووە.
 
پیری هەروەها ئەندامی ژمارەیەک کۆمیسیۆنی پەرلەمانی هۆڵەنداشە، لەوانە کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوە و کۆمیسیۆنی بەرگری.
 
لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ بەرنامەی دیاسپۆرای رووداو، کاتی پیری دەڵێت، پێویستە وڵاتانی ئەورووپا و رۆژئاوایی بەگشتی گوێ لە دیاسپۆرای کوردی بگرن؛ دەشڵێ کورد لەنێو پەرلەمانەکانی ئەورووپادا پشتیوانی زۆرە، بەڵام ئەجێندای حکومەتە ئەوروپییەکان جیاوازە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی دیاسپۆرای رووداو لەگەڵ کاتی پیری، سەرکردەی سۆسیال دیموکراتەکانی هۆڵەندا:

رووداو: خانم پیری ئێوە ساڵانی زۆرە دۆخی سووریا و شوێنەکانی دیکە کە کوردی لێ دەژین دەشۆپێنن و کارتان لەسەر کردووە. خۆتان ریپۆرتەری پەرلەمانی ئەوروپا بوون لەسەر تورکیا. ئێستە لە سووریا حکومەتێک هاتووەتە سەرکار کە دەڵێ لاپەڕەیەکی نوێی هەڵداوەتەوە و سووریا بۆ هەمووان دەبێ. کورد لەلایەن هاوپەیمانەکانییەوە بەرەو ئەوە پاڵدەدرێ کە خۆی لەو سووریا نوێیەدا بگونجێنێ و بگەڕێتەوە بۆی. ئەو دۆخەی ئەمڕۆژانە دەیبینن هی ئەوەیە بە کورد بگوترێ بڕۆن خۆتان بگونجێنن؟
 
کاتی پیری: من زۆر بەپەرۆشم سەبارەت بە دۆخی ئەوێ. پێموایە هەموومان دڵخۆشین کە بەشار ئەسەد رۆیشتووە. ئەمە هەواڵێکی خۆش بوو. بەڵام زۆر بەپەرۆشین سەبارەت بە هەڵسوکەوتی دەسەڵاتدارە نوێکانی دیمەشق. بینیمان چییان بەسەر درووزەکان هێنا لە سوەیدا. بینیمان چییان بەسەر عەلەوییەکان هێنا لە ناوچە کەناراوییەکان. ئەو چەند هەفتەیەش بینیمان چییان بەسەر کوردەکان هێنا. کە بە حەڵەب دەستیپێکرد و دواتر بۆنموونە ئەوەی ئەو چەند رۆژانە لە کۆبانێ روویدا. بۆیە پەرۆشی و نیگەرانیمان بۆ ئەوەیە کە ئەو حکومەتە راگوزەرە لە سووریا چەندە دێموکراسییانەیە؟ هەروەها چ مامەڵەیەک لەگەڵ کەمینەکان لە سووریادا دەکەن؟ ئەوەی بینیومانە کە کوردەکان لە ساڵی 2012ەوە جۆرە ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەرییەکیان لە رۆژئاوا دامەزراندووە. هەروەها هاوپەیمانەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بوون. شەڕیانکرد لەدژی جیهادییەکان و داعش. کەچی ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینم و لێی دەترسم خیانەتکردنە لە کورد. بەوەی کە وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەتیش ئەمریکا تەنیا پێیان گرنگە سووریایەکی سەقامگیر هەبێ. بۆیەش وا هەڵسوکەوت بکەن کە پێکهاتەی دیکە لەو وڵاتە ناژین. هەروەها ئەوروپاش ئەمە بەکاربهێنێ بۆئەوەی بتوانێ کۆچبەرە سوورییەکان دیپۆرت بکاتەوە. بۆیەش ئەوە لەبیر بکرێ کە کێ هاوپەیمانە راستەقینەکەی ئێمەیە لەو ناوچەیە. 
 
رووداو: تۆم باراک بە تویتێک بە کورد لە سووریای گوت ئیتر ئێوە ئێکسپایەر بوون و پێویستمان پێتان نەما. بەڕاستیش ئۆتۆنۆمیی کوردی و هاوپەیمانێتیی وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ کورد لە سووریا پێویست نەماوە؟
 
کاتی پیری: پێموایە پەیامەکەی ئابڕووبەرانە بوو. خۆشحاڵیشم کە لە ئەمریکاش هەم لەنێو ئەنجوومەنی پیران و هەم لەنێو کۆنگرێسیش دەنگی رەخنەگرانە دەبیسترێن. زۆر سیاسی هەن کە باش دەزانن کوردەکان چ رۆڵێکی گەورەیان گێڕا لە بەرەنگاربوونەوەی تووندئاژۆیی. خۆشبەختانە هەموو کەسێک ئەمەی لەبیرنەکردووە. ئەمە ئومێدم دەداتێ. با راستگۆش بین، خۆ لەخۆوە نییە کە ئێستا ئەمریکا زیندانییەکانی داعش دەگوازێتەوە بۆ عێراق. چونکە هیچ متمانەیەکیان نییە کە لەژێر چاودێریی ئەو حکومەتەی ئێستا لە دیمەشق هەیە ئەو زیندانییە داعشانە بەرنادرێن. ئەمەش بەڵگەیە کە لەنێو ئیدارەی ئەمریکیشدا دوودڵی هەیە سەبارەت بەوەی کە متمانە بە دەسەڵاتدارانی دیمەشق نەکەن و دڵنیا نەبن لەوەی یارمەتییە جیهادییەکان نادەن. 
 
رووداو: باشە، دوودڵی هەیە و زیندانییەکانی داعش دەگوازرێنەوە، بەڵام کورد هەن ئەوە وەک ئاماژەیەک دەبینن کە گواستنەوەکە بۆ ئەوەیە کە کۆتایی بە ئۆتۆنۆمییەکەیان بهێندرێ و هیچ پاساوێک بۆ پاراستنیان نەمێنێتەوە..
 
کاتی پیری: ئەمە سەیر دەبێ، بەڵام هەندێک ئاماژەی واش لە ئەمریکاوە دەبیندرێن. پێموایە زۆر کەس لە وڵاتانی رۆژئاوا زۆر باش لە شتێک تێناگەن. ئەویش ئەو هەستە هاوبەشە گەورەیە کە لەنێوان کوردەکاندا هەیە. نەک تەنیا لەنێو کوردەکانی رۆژئاوا، بەڵکو لە هەولێریش خۆپیشاندانی زۆر گەورە دەبینیت سەبارەت بەوەی لە سووریا روودەدات. تەماشای باشووری تورکیا بکە و ببینە چۆن هاوسۆزن لەگەڵ کوردەکانی سووریا. کوردەکان لە زۆر وڵاتدا مافەکانیان زەوتکراون. بۆیە ئەو ئۆتۆنۆمییەی ئەو ساڵانە لە سووریا بۆخۆیان بونیادیان ناوە، پێویستە وەکو خۆبەڕێوەبەرییەک لەژێر دەسەڵاتی ناوەندیی سووریادا و بەو مافانەوە کە وەک هەر هاووڵاتییەکی سووریا هەیەتی و کوردەکان نییانە، پێویستە بمێنێتەوە. بۆیە تێدەگەم کە ئێستا زۆر کورد لە رۆژئاوا ئەو هەستەیان هەیە کە لەسایەی ئەلشەرع و حکومەتەکەی گەرەنتی نییە کە پارێزراو بمێنن. 
 
رووداو: ئێوەش پێتانوایە کە هەقیانە وا بیربکەنەوە؟
 
کاتی پیری: با وا بیڵێم کە منیش هەمان نیگەرانیی ئەوانم هەیە. منیش هەمان نیگەرانیم هەیە. ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە کە ئاگربەست هەیە. ئەوەی کە بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنێک کە پار کراوە نەک ئەوەی کە ئەمڕۆژانە کراوە. لەوێ روونکراوەتەوە کە چۆن کوردەکان بێنە نێو حکومەتی ناوەندییەوە لە دیمەشق. ئەوەش روونکراوەتەوە کە چۆن جۆرە ئۆتۆنۆمییەک و مافەکانی کوردەکان جێگیر بکرێن و وەدیبێن. بۆیەش لێرە لەنێو پەرلەمانی هۆڵەندا پڕۆژەبڕیارێکمان بەو ئاراستەیەدا پەسندکرد، کە زۆرینەیەکی گەورە، لە چەپەوە بۆ راست، دەنگیان بۆ دا.
 
رووداو: هۆڵەندا و یەکێتیی ئەوروپا چۆن دەتوانن وابکەن ئاگربەست نەشکێندرێ و پێیەوە پابەندبن؟
 
کاتی پیری: بە بڕوای من گرنگە لەسەر ئەمە سیاسی و بڕیاردەرەکانمان لەگەڵ دیاسپۆرای کوردی قسە بکەن. ژمارەیەکی یەکجار زۆری کوردەکان لێرەن کە چەند هەفتەیە خۆپیشاندان دەکەن. دەبێ پێشوازییان لێبکەن و قسەیان لەگەڵ بکەن. بۆئەوەی بزانن ئەوان کام زانیاری و پەیامانەیان پێیە. هەستدەکەم حکومەتی ئێمە لێرە بە باشی نازانێ چی لەو ناوچەیەدا روودەدات. هەر ئەو راستییەی کە بایەخی کەم درا بەوەی کە کۆبانێ چەند هەفتە ئاو و کارەبا و ئینتەرنێتی لێ بڕدرابوو، گەمارۆی سەربازی درابوو و کام گرووپانە ئەو کارەیان کرد. بۆیە یەکەمین شت ئەوەیە کە دەبێ لەڕێگەی دیاسپۆرای کوردییەوە زانیاری وەربگیرێ. دووەمیش دەبێ لە مانای مێژوویی رووداوەکانی سووریا و مێژووی کوردەکانیش تێبگەیت. ئەوکات دەزانیت راستە ئاسانە بڵێی با لە سووریاش وەکو هۆڵەندا حکومەتێکی ناوەندیی وەک دێنهاخ هەبێ. بەڵام کاتێک تەماشای مێژووی ئەوێ دەکەیت و وەک گوتم لە ساڵی 2012ەوە کە کوردەکان جۆرێک لە ئۆتۆنۆمییان هەبووە، ناتوانیت بڵێیت لە سبەیەوە دەبێ هەمووی کۆتایی پێبهێندرێ. ئەمە سەرکەوتوو نابێ. 
 
رووداو: بەڵام دەکرێ ئەمە لە رۆژانی داهاتوودا رووبدات!
 
کاتی پیری: وایە، بەڵام من پێموانییە ئەمە ئاسایش بۆ سووریا دەهێنێ. پێموانییە بۆ ناوچەکەش بەگشتی ئاسایش دەهێنێ. هەستدەکەم لە وڵاتانی رۆژئاوا باش ئەوە لێکنەدراوەتەوە کە شتێکی ئاوا چەندە دەرهاویشتەی گەورەی بۆ تەواوی ناوچەکە دەبێت.
 
رووداو: ئێوە ساڵانی زۆر کارتان لەسەر تورکیا کردووە. بەردەوامیش پەیوەندیتان لەگەڵ کوردی ئەوێ هەبووە. ئێستا لە تورکیاوە ئەو دەنگانە دەبیستین کە دەڵێن ئەگەر ئەوەی ئەوان پێیدەڵێن (کێشەی رۆژئاوا) نەمێنێ، جا بە رێگەی سەربازی بێ یان هەر رێگەیەکی دیکە، ئەوکات پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا باشتر بەرەپێش دەچێ. ئێوە چۆن بیردەکەنەوە؟
 
کاتی پیری: من بڕوام بەوە نییە کە ئەگەر لە شوێنێک ماف لە کوردەکان بستێنیتەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی لە شوێنێکی دیکە مافی زۆرتر بدەیتە کوردەکان. پێموایە لە تورکیا کوردەکان هەوڵی راستگۆیانەیان داوە بۆئەوەی ئاشتی سەربگرێ. ئەویش لەڕێگەی بانگەوازەکەی ئۆجەلانەوە. هێشتا حکومەتی تورکیا وەڵامی ئەو هەوڵەی نەداوەتەوە. دەشبینیت کە حکومەتی سووریا کاریگەریی زۆرتری هەیە بەسەر سیاسەتی حکومەتی دیمەشقەوە. ئەمەمان لە رۆژانی رابردوودا بینیوە. پێموایە دەبێ لە تورکیاش گۆڕانکاری لە شێوازی بیرکردنەوەدا بکرێ. ئەویش بەوەی کە هەمیشە کوردەکان وەک هەڕەشە نەبیندرێن. بەڵکو وەک هاونیشتمانی ببیندرێن کە شایانی مافی یەکسانن. ئەوەی دە ساڵ پێش ئێستا گوتوومە بۆ ئێستاش هەمان شتە. ئەویش ئەوەیە دێموکراسی لە تورکیاوە بەوە دەکرێ کە چارەسەرێکی دێموکراسییانەی کێشەی کورد بکرێ. 
 
رووداو: ئەگەر باسی چەکدارانی داعش بکەینەوە، چەندە ئەو هەڕەشەیە جددیە کە ئەوانە جارێکی دیکە بگەڕێنەوە ئەوروپا و هۆڵەندا؟
 
کاتی پیری: پێموایە نیگەرانییەکی جیددیە. بۆیەش کوردەکان ناهەقیان نەبوو کە ساڵەها بوو ئەوەیان دەگوت. چونکە داعش شەڕکەری ئەوروپی و هۆڵەندیشی هەبوون. قوربانیی گەورەش لەو شەڕەدا کوردەکان دایان. زۆرتر لە دە تاوەکو دوازدە هەزار کورد لە شەڕی داعشدا گیان لەدەستدا بۆئەوەی ئێمەش لێرە پارێزراو بین. واتە هەر بۆخۆیان نەیانکرد، بەڵکو ئێمەشیان پاراست. زۆر لە حکومەتەکانی ئێرە گوێیان لە داواکاریی کوردەکان نەگرت کە دەیانگوت ئەو داعشانە ببەنەوە وڵاتەکانتان و لەوێ دادگاییان بکەن. بۆیە ئێستا تووشی ئەو دۆخە بووین کە تێیداین و زیندانییەکان لەدەست هەسەدەدا نەماون.
 
رووداو: زۆریان نەماون.
 
کاتی پیری: زۆریان نەماون. هەروەها بینیمان هەندێکیان هەڵاتوون. یان بەردراون. چونکە نازانن بەوردی چی لەوێ روویداوە. بۆیە بێگومان ئەمە بۆ ئاسایشی هۆڵەندا ریسکێکە.
 
رووداو: تۆ لەسەر ئاستی سیاسییەکانی ئەوروپا زۆر پەیوەندی و هاوڕێت هەن. هەستدەکەی کورد لەسەر ئاستی ئەوروپا پشتیوانیی پێویستیان هەبێ؟
 
کاتی پیری: خۆشییەکە ئەوەیە کە ئەگەر باسی پەرلەمانی هۆڵەندا یان پەرلەمانی ئەوروپاش بکەی، کورد پشتیوانیی پێویستیان هەیە. زۆربەی جار ئەوە حکومەتەکانمانن کە بەرژەوەندیی دژیەکیان هەن. با سەیری حکومەتە ئەوروپییەکان بکەین، کە بەمدواییانە زۆر هەڵبژاردنی پەرلەمان مژاری کۆچبەری تێیاندا یەکلاکەرە بوون. بۆیە یەکێک لەو بەرژەوەندییانەی حکومەتەکانی ئەوروپا هەیانە ئەوەیە کە هەرچی زووە کۆچبەرە سوورییەکان بنێردرێنەوە بۆ سووریا. بۆیە هیچ باش نییە کە بڵێن سووریا ئاسایشی تێدا نییە یان لەوێ کۆمەڵکوژی کراوە یانیش ئەو داعشانەی لێن کە بەرەڵڵا کراون. بەڵکو حکومەتەکان دەیانەوێ بڵێن لەوێ سەقامگیری هەیە. هەروەها لەوێ کاردەکرێ بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوە. بۆیەش دەکرێ کۆچبەران بنێردرێنەوە. بەڵام پێموایە نابێ کوردەکان باجی ئەمە بدەن.
 
رووداو: سەرەتا پێمگوتی دۆستێکی گەورەی کوردیت، بەڵام زۆریش راشکاو و رەخنەگرانەیت بەرامبەرمان..
 
کاتی پیری: زۆر هۆڵەندییانەم!
 
رووداو: راستە، زۆر هۆڵەندییانەیت! ئێمەی کورد لە ساڵانی رابردوودا چ شتێکمان بە هەڵە کرد؟
 
کاتی پیری: دەزانی… پێموایە ناکرێ بڵێی کورد شتێکی هەڵەیان کردووە. لە دوازدە ساڵی رابردوودا کوردەکان لە شەڕی جیهادییەکاندا پیشانیاندا چەندە وەفادار و راستگۆن. پێموایە هەندێکجار کورد هیوایان بەوەوە دەبەستنەوە کە وەڵامی ئەو وەفادارییەیان بدرێتەوە و هەقیشیانە. بەڵام جارێک لەلایەن رووسیاوە، جارێک لەلایەن ئەمریکییەکان و رەنگە جاری سێیەمیش لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە ئەو وەڵامە وەرناگرن. بۆیە لەوە تێدەگەم کە دوای ئەوە دڵیان دەشکێ. بەڵام ئەوەش دەبینم کە زۆر لەو کوردانەی لە کوردستان ناژین و لە وڵاتانی رۆژئاوایین، کوردستانیان لەبیر نەکردووە. بۆیەش هەموو رۆژێک لێرەن، خۆپیشاندان دەکەن و داوای بایەخپێدان دەکەن. خۆشبەختانە ئەوەش دەبینم کە زۆر سیاسەتمەدار هەن لە وڵاتەکانماندا کە کوردەکانیان لەبیرنەکردووە. دەزانن ئەوان هاوپەیمانە گرنگەکانمانن لە شەڕی دژی جیهادییەکان. ئومێدەوارم ئێمەش بتوانین لە رۆژانی داهاتوو کارێک بکەین کە پاراستنی کوردەکان گەرەنتی بکەین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە