راوێژکارێکی وەزیری دەرەوەی سووریا: خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتن ئەوەیە هەسەدە بچێتە نێو چوارچێوەی دەوڵەت

21-10-2025
شەهیان تەحسین
شەهیان تەحسین @Shahyan_Tahseen
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ نەجیب غەزبان، راوێژکاری وەزیری دەرەوەی سووریا
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ نەجیب غەزبان، راوێژکاری وەزیری دەرەوەی سووریا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی وەزیری دەرەوەی سووریا دەڵێت، سوپایەکی نیشتمانی لەسەر بنەما و بیروباوەڕێکی نوێ دروست دەکەن. دەشڵێت، "خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتن ئەوەیە کە هەسەدە بچێتە نێو چوارچێوەی دەوڵەتی سووریا" و نابێت چەکیش لە دەرەوەی دەوڵەت هەبێت.
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، نەجیب غەزبان، راوێژکاری وەزیری دەرەوە سووریا باسی پرۆسەی هەڵبژاردن، دۆخی ئاسایشی پارێزگا دوورخراوەکان و پەرەسەندنی گفتوگۆکانی نێوان حکومەت و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدەی کرد.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا غەزبان باسی پرۆسەی هەڵبژاردنی لە رەققە و حەسەکە کرد و گوتی، "پەیوەستە بە پێشکەوتنی دانوستانەکان لەگەڵ هەسەدە." ئاماژەی بەوەش کرد، تێبینییان کردووە کە نوێنەرایەتیی ژنان و کەمینەکان لاوازە، بە پێویستیشی دەزانێت "کولتوورێک دروست بکەین کە خەڵک ژنانی شایستە هەڵبژێرن."
 
سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییەی سوەیدا راوێژکارەکەی وەزیری دەرەوەی سووریا گوتی، "ئەوەی لەوێ روویدا، کارێکی زۆر جێی داخە،" هیچ رێگەیەکیش بۆ چارەسەری کێشەکان بە گونجاو نازانێت جگە لە گفتوگۆکردن.
 
نەجیب غەزبان باسی لەوەش کرد، "سەرسامم بەو پێشکەوتنەی لە هەرێمی کوردستان بینیم."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ نەجیب غەزبان، راوێژکاری وەزیری دەرەوەی سووریا:
 
رووداو: بەڕێز نەجیب، زۆر بەخێربێیت بۆ تۆڕی میدیایی رووداو.

نەجیب غەزبان: سوپاس، سوپاس بۆ میوانداریکردنم.
 
رووداو: با لە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە دەست پێبکەین کە لە کۆتاییدا ئەنجامدرا، چۆن ئەم پرۆسەیە هەڵدەسەنگێنن و چۆن بەڕێوەچوو؟
 
نەجیب غەزبان: راستییەکەی، زنجیرەیەک لە چەند ئەڵقە بوو، سەرەتا بە گفتوگۆیەکی نیشتمانی دەستی پێکرد کە بووە هۆی راگەیاندنێکی دەستووری، بەشێک لەم راگەیاندنە دەستوورییە ئەوە بوو کە دەسەڵاتێکی یاسادانان لە قۆناخی گواستنەوەدا هەبێت. ئاڵنگارییە گەورەکە بۆ سووریا ئەوە بوو کە نیوەی گەلی سووریا بە شێوەی پەنابەر ئاوارە بوون، نزیکەی 6.5 ملیۆن، حەوت ملیۆنیش ئاوارەی نێوخۆی سووریا بوون، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی راستەوخۆ لە هەر دۆخێکدا قورس بوو. بۆیە ئەم شێوازە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ پێشنیاز کرا. لەسەر بنەمای ناوچەیی، نزیکەی 17 هەزار کەسایەتی لە کەسایەتییە دیارەکان و چالاکوانان و گەورەکانی ئەو شوێنانە هەڵبژێردران بۆ ئەوەی کۆمەڵێک هەڵبژێرن کە دەستەیەکی دەنگدەر بێت، پاشان ئەم دەستە دەنگدەرە نوێنەرانی خۆیان هەڵدەبژێرن. ژمارەکە 140 کەس دەبێت، ئەم ژمارەیە دوو لەسەر سێی ئەنجوومەنی یاسادانانە، پاشان سەرۆک یەک لەسەر سێیەکەی دیکە دادەنێت بۆ ئەوەی هەندێک پێکهاتە تەواو بکات کە نوێنەرایەتییان نەبووە. بە کورتی پرۆسەکە ئەمە بوو.
 
رووداو: تێبینیمان کرد کە نوێنەرایەتی ژنان و کەمینەکان لاوازە، ئایا بەڕێز ئەحمەد شەرع ئەم نوێنەرایەتییە قەرەبوو دەکاتەوە؟
 
نەجیب غەزبان: ئەمە ئەو شتەیە کە هیوای بۆ دەخوازین و چاوەڕێی دەکەین. بێگومان لە قۆناخەکانی دوای ململانێکان، دەوڵەتەکە لە 10 ساڵ جەنگەوە دەرچووە، جەنگێک کە زیاتر لە ملیۆنێک قوربانی هەبوو، نیوەی گەلی سووریا ئاوارە بوون. ئێمە لە ناوچەکەمان پێویستیمان بەوەیە کە کولتوورێک دروست بکەین، کە خەڵک ژنانی شایستە هەڵبژێرێت. لە راستیدا لە سەردەمی ئۆپۆزسیۆن و شۆڕشدا، نوێنەرایەتییەکی روونی ژنان لە دامەزراوەکانی ئۆپۆزسیۆندا هەبوو، تەنانەت هەندێک لە دامەزراوەکانی ئۆپۆزسیۆن لانیکەم نوێنەرایەتی 30%ی ژنانیان پەسەند کرد. بەڵام ئەمە پێویستی بەوەیە کە لەم قۆناخی گواستنەوەیەدا بیرۆکەی کۆتا هەبێت، کە بیرۆکەی ژمارەیەکی دیاریکراوە، چونکە بە تەواوی روونە کە بەو شێوەیەی ئەنجامدرا، ئەم بابەتە جێبەجێ نەکرا. سووریا تاکە وڵات نییە، زۆرێک لە وڵاتە عەرەبییەکان مافی نوێنەرایەتی ژنانیان تێدابوو، بەداخەوە تەنانەت ژنانیش ژنانیان هەڵنەدەبژارد، بۆیە جارێکی دیکە بابەتی کۆتای ژنان زیادکرایەوە، پێموایە لە قۆناخی راگوزەردا ئەوە پێویستە بۆ ئەوەی بەسەریدا زاڵ بین.
 
رووداو: رێژە و کورسییەکانتان بۆ کۆتا دیاریکردووە؟
 
نەجیب غەزبان: لانیکەم رێژەی 20% باسکراوە.
 
رووداو: بۆ ژنان و کەمینەکان؟
 
نەجیب غەزبان: نەخێر، تەنیا بۆ ژنان.
 
رووداو: بۆ ژنان.
 
نەجیب غەزبان: بێگومان، چاوەڕوان دەکرا نوێنەرایەتی جوگرافی کەمینەکان لەم بابەتەدا رەنگبداتەوە. بەڵام لێرەش وەکو باسمان کرد، چونکە زۆرێک لە پێکهاتەکان بەهۆی ئاوارەبوونی نێوخۆییەوە لە ناوچەکانی خۆیان نین، بۆیە پرۆسەکە نموونەیی نابێت، بەڵام زۆر هاندەر بوو بۆ ئەوەی دەسەڵاتێکی یاسادانانمان هەبێت کە ئەرکەکانی یاسادانان و چاودێری جێبەجێ بکات، پاشان گرنگترین شت ئەوەیە کە ئامادەکاری بۆ دەستوورێکی هەمیشەیی بکات.
 
رووداو: کاتێک دەڵێین لە قۆناخی داهاتوودا، ئایا مەبەستتان هەڵبژاردنەکانی داهاتووە یان لەم قۆناخەدا بۆ دیاریکردنی ئەم رێژەیە لەلایەن بەڕێز شەرعەوە و، رێژەی ئەو کورسییانەی کە دیارییان دەکات؟
 
نەجیب غەزبان: رێژەکە ئێستا بەو دراوە، ئەویش رێژەی سێیەکە، واتە ئەو ئەم دانانە ئەنجام دەدات.
 
رووداو: مەبەستم 20%ی ئەم سێیەکە بۆ ژنان دەبێت؟
 
نەجیب غەزبان: ئەمە ئەوەیە کە خستراوەتەڕوو. من لە گفتوگۆکانم لەگەڵ هەندێک لە هاوڕێیان کە لە لێژنەی پێکهێنەری ئەو ئەنجوومەنەدان، لێیان بیستووە کە پێشبینی دەکەن رێژەکە بیست لەسەت بێت، بۆیە بە پێشبینی من، ئەمە بە شێوازی دانان پڕ دەکرێتەوە.
 
رووداو: مەبەستم ئەوەیە ئایا شەش کورسی بۆ ژنان کە ئێستا دەنگیان لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوە، زیاد دەکات؟
 
نەجیب غەزبان: ئەمە ئەوەیە کە هیوادارین و پێشبینی دەکەین.
 
رووداو: سێ پارێزگا بە هۆکاری ئەمنی دوورخرانەوە، بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا نەکرد، چارەسەر بۆ ئەم پارێزگایانە چییە؟ ئایا هەڵبژاردنەکان لە قۆناخی داهاتوودا لەو شوێنانە، لە سوەیدا و حەسەکە و پارێزگاکان بەڕێوەدەچن؟
 
نەجیب غەزبان: بێگومان، هیوادار بووین کە لە هەمان کاتدا بەڕێوەبچن. هەوڵ هەبوو بۆ رەققە و حەسەکە، بەڵام ئەمە پەیوەستە بە پێشکەوتنێکەوە کە لە دانوستاندنەکان لەگەڵ هەسەدەدا روودەدات. بەڵام بەڕاستی لە دیدگەی ئێمەوە، ئەم ئەنجوومەنی یاسادانانە تەواو نابێت ئەگەر ئەم سێ پارێزگایە نوێنەرایەتی نەکرێن. سەبارەت بەوەی لە سوەیدا روویدا، کارێکی زۆر جێی داخە، پێشێلکاری و سەرپێچی هەبوون کە پێکهاتەکان بەتایبەتی درووزییەکانی سوەیدای ناچار کرد هەندێک هەڵوێستی تووند بگرنەبەر و ئاستی داواکارییەکانیان بەرز کردەوە تا گەیشتە ئەوەی، بێگومان ئەمەش بە هاندانی وڵاتێکی دەرەکی کە ئیسرائیلە، داوای سەربەخۆیی بکەن، پێمان وایە شتی وا ناکرێت. ئێمە هیوادارین کاتێک دۆخەکە کەمێک ئارام دەبێتەوە و دڵەکان ئارام دەبنەوە، بگەڕێینەوە سەر گفتوگۆ و بگەڕێینەوە سەر نەخشەڕێگەیەکی راستەقینە کە خراوەتەڕوو، رەنگە ئەمە خاڵێکی گرنگ بێت کە ئاماژەی پێبکەین، کە ئوردن و ویلایەتە یەکگرتووەکان بەشدارییان تێدا کردووە بۆ چارەسەر لە سوەیدا، لە چوارچێوەی ئەم چارەسەرەدا لێپرسینەوە، لێپێچینەوە، هاوکاری مرۆیی دەبێت، پاشان دووبارە پێکهێنانەوەی دامەزراوەکان لە سوەیدا، لەو نێوەندەشدا هەڵبژاردن لە سوەیدا دەکرێت کە پشکی لە کورسییەکاندا دەبێت، هەروەها لە پارێزگەکانی باکووری رۆژهەڵاتیش.
 
رووداو: و حەسەکە و رەققەش؟
 
نەجیب غەزبان: بەڵێ، بێگومان کورسییان دەبێت. هەر کە بارودۆخ رێگە بدات، ئەو کەسانە لەو پارێزگەیانە هەڵدەبژێردرێن.
 
رووداو: واتە دوای ئەم سی مانگە هەڵبژاردن دەکرێت؟ هەڵبژاردنی تایبەت بۆ ئەم پارێزگەیانە، حەسەکە و رەققە و سوەیدا ناکرێت؟
 
نەجیب غەزبان: من پێموایە ئەم هەڵبژاردنانە دەکرێت لە هەر کاتێکدا ئەنجام بدرێن هەر کە بارودۆخی ئەمنی رێگە بدات، وەک بەڕێزتان ئاماژەتان پێدا، بەڵام ئەو سی مانگەش شیاوی نوێکردنەوەیە تاوەکو دەگەینە داڕشتنی پڕۆژە دەستوورێکی هەمیشەیی، پاشان دەگەینە هەڵبژاردنێکی راستەقینە. بێگومان ئەمەش پەیوەستە بە گەڕانەوەی زۆرێک لە سوورییەکان، بە ئەنجامدانی سەرژمێرییەک. ئێمە هێشتا، بۆ نموونە ئەم ژمارە کورسییە لەسەر بنەمای دوایین سەرژمێری پێش شۆڕش، کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2011 هەڵبژێردراوە، دابەشکردنەکەش لەسەر بنەمای ئەم داتایانە بووە. بۆیە پێموایە هەنگاوی زۆر هەن، بەڵام لانیکەم ئیرادەیەک هەیە، نیازێک هەیە بۆ ئەوەی لەسەر ئەمە بەردەوام بین.
 
رووداو: سەبارەت بە کورد و گفتوگۆکانی نێوان حکومەت و هەسەدە، با لەو پێکدادانە ئەمنییانەوە دەست پێبکەین کە لە حەلەب لە گەڕەکە کوردییەکان روویاندا، هۆکاری ئەم رووداوانە چی بوو؟
 
نەجیب غەزبان: بە راستی من هیچ وردەکارییەکم نییە، بەڵام تاوەکو ئێمە نەگەینە چارەسەری تەواو و گشتگیر و ورد بۆ پەیوەندیی نێوان هەسەدە و حکومەت، ئەگەری پێکدادان لە نێوان هەندێک پێکهاتەدا هەیە، وەک ئەوەی شێخ مەقسوود یان ئەشرەفییە لە حەلەب، کە دەکرێت گەشە بکات بۆ تێکهەڵچوون، ئەمەش ئەوە نییە کە ئێمە دەمانەوێت. بۆیە ئەوە شتێکی باش بوو کە بووە هاندەر بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆ، کاتێک لە نێوان بەڕێز مەزڵوم عەبدی و بەڕێز سەرۆک بە نێوەندگیریی ئەمریکی کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا، ئەمەش لە روانگەی ئێمەوە ئەوەیە کە هیوای بۆ دەخوازین بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە کە لە 10ی ئاداری ئەم ساڵدا واژۆ کرا، لەسەر ئەو بنەمایەی کە خاڵە سەرەکییەکانی ئەم رێککەوتنە ئەوەیە کە هەسەدە بچێتە نێو چوارچێوەی دەوڵەتی سووریا، کە جۆرێک لە هاوبەشی هەبێت لە بەڕێوەبردنی ناوچەکان و سامانی ئەو ناوچەیەدا، بێگومان لە پشتەوەی وردەکارییەکانی ئەم بابەتە، لە لە کۆتاییدا پێموایە لە لایەن پێکهاتەی کوردەوە گرنگی بەوە دەدرێت کە شێوازێک لە شێوازەکانی لامەرکەزی هەبێت، بەڵام ئەم شێوازە بەسەر هەموو سووریادا جێبەجێ دەکرێت، پێموایە کرانەوەیەک لەسەر ئەمە هەیە. بێگومان گفتوگۆکە پێویستی بە کەمێک کات هەیە، بە لیژنەی پسپۆڕ و تەکنیکی هەیە، بەڵام خاڵی هاندەر ئەوەیە کە ئیرادەیەک لە هەردوو لایەنەوە هەیە کە هیچ رێگەیەک جگە لە گفتوگۆکردن نییە.
 
رووداو: ئەنجامی ئەو گفتوگۆ و دانوستان و کۆبوونەوانەی کە لە دیمەشق ئەنجامدران لە نێوان بەڕێز مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع و شاندی کوردی، چی بوو؟
 
نەجیب غەزبان: وردەکارییەکانم پێنەگەیشتووە، بەڵام لانیکەم لێدوانەکانی نێوەندگیرە ئەمریکییەکە، تۆم باراکم، بیستووە، کە هاتە دەرەوە و دەستەواژەی "نایاب"ی بەکارهێنا، ئەمەش شتێکە.
 
رووداو: حکومەت بۆچوونی چی بوو؟ وەکو بەڕێز تۆم باراک، نایاب بوو؟
 
نەجیب غەزبان: راستییەکەی لە پێکهاتەی کوردیم بیستووە لە رێگەی هەندێک هاوڕێوە لێرە کە هەستیان ئەرێنی بووە. هیوادارین شتێکی ورد و نووسراو ببینین کە ببێتە هۆی پرۆسەیەکی بەردەوام بە جۆرێک کە جارێکی دیکە پچڕان روونەدات کە ببێتە هۆی کێشە. ئەمە ئەوەیە کە هیوادارین، پێموایە هەستێک هەیە کە دەرفەتێک هەیە دەبێت ئەم رێککەوتنە لە رێگەیەوە جێبەجێ بکرێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکانە، لەوانەش هەندێک وڵاتی دراوسێ، مەبەستم تورکیایە.
 
رووداو: تورکیا؟ ئایا رۆڵی لەم رێککەوتنەدا هەیە؟
 
نەجیب غەزبان: تورکیا هەموو دەرفەتێکی رەخساند بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە ئەنجام بدرێت. پێموایە تورکیا رۆڵێکی ئەرێنی هەبوو بەوەی کە گەیشتە جۆرێک لە رێککەوتن لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان لەسەر پرۆسەی چەکداماڵین، بەمەش رەنگە ئەمە ببێتە هۆی پرۆسەیەکی سیاسی لەناو تورکیادا.
 
رووداو: ئەمە چۆن کاریگەری لەسەر سووریا دەبێت؟
 
نەجیب غەزبان: زۆر ئەرێنییە، چونکە راستییەکەی پەکەکە لەناو هەسەدەدا بوونی هەیە. پێموایە ئەگەر ئەوە نەمێنێت، بەڕێز مەزڵوم عەبدی یەکێکە لەو کەسانەی کە دەیانەوێت بگەنە چارەسەرێک. ئێستاش لەگەڵ ئەم ئاراستە هەرێمییە بە گشتی بۆ وازهێنان لە توندوتیژی، وازهێنان لە چەک، پێموایە ئەمە شتێکی زۆر ئەرێنییە.
 
رووداو: واتە مەرجەکانی حکومەتی سووریا چی بوون؟ بەڕێز مەزڵوم عەبدی چی گوت؟
 
نەجیب غەزبان: بۆ حکومەتی سووریا، بابەتی سەرەکی...
 
رووداو: مەبەستم دوای ئەم گۆڕانکارییانەیە.
 
نەجیب غەزبان: راستییەکەی ئەوەیە، داواکاریی سەرەکیی حکومەتی سووریا ئەوەیە کە ناتوانرێت هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەوڵەت هەبێت، بۆیە دەبێت هێزەکانی هەسەدە لە سوپا و هێزەکانی ئاسایشدا یەکبگرن. پێموایە ناکۆکییەکە لە کاتێکدا ئەوە بوو کە هەسەدە دەیویست وەک یەکەیەکی گەورە یەکبگرێت نەک وەک تاک. سەبارەت بە دەوڵەت، دەوڵەت دەڵێت ئێمە ئێستا سوپایەکی نیشتمانی لەسەر بنەما و بیروباوەڕێکی نوێ دروست دەکەین، ئەمەش زۆر گرنگە. ئێمە سوپایەکمان لە رژێمی پێشوو بۆ نەماوەتەوە، بە هەسەدەمان گوت وەرن و وەک تاک بێنە ژوورەوە، بەڵکو ئێمە سوپایەک دروست دەکەین، ئەم سوپایە پێکهاتەکەی هەندێک لەو گرووپانە بوون کە رژێمی پێشوویان رووخاند، بەڵام ئەوان وەکو گرووپ نەهاتنە ناوەوە، ئێستا وەکو تاک دێنە ناوەوە و پرۆسەی راهێنان و بیروباوەڕێکی نوێیان بۆ دروست دەکرێت کە لەسەر پاراستنی نیشتمان دامەزراوە، بۆیە هەسەدە دەبێت ملکەچی هەمان پێوەر بێت.
 
رووداو: ئایا ئەمە میکانیزمی یەکگرتنە؟
 
نەجیب غەزبان: بە تەواوی. بە تەواوی. سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ئاسایش و کێشەکانی دیکەی پەیوەست بە لامەرکەزیی ئیداری، ئەمانە پێویستیان بە گفتوگۆیەکی گرنگ هەیە. خاڵێکی دیکە کە دەمانەوێت ئاماژەی پێبدەین: باکووری رۆژهەڵاتی سووریا تەنیا هەسەدە نییە. واتە پێکهاتەی دیکەی کوردی تێدایە، بێگومان پێکهاتەی عەرەبی، پێکهاتەیەکی زۆر سەرەکی لەوێ هەیە...
 
رووداو: مەسیحی...
 
نەجیب غەزبان: پێکهاتەی مەسیحی، پێکهاتەی دیکەش هەن، هەسەدە هێزی باڵادەستە، هێزی دۆخی ئێستایە، ئەو هێزەیە کە بۆ ماوەیەکی درێژ ناوچەکەی بەڕێوەبردووە، ئەمەش دەبێت لەبەرچاو بگیرێت. بەڵام بێگومان خاڵی دەستپێک رێککەوتنە مێژووییەکەیە کە لە نێوان بەڕێز مەزڵوم عەبدی و بەڕێز شەرع لە مانگی ئاداردا روویدا.
 
رووداو: بۆچی ئەم رێککەوتنە تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە؟
 
نەجیب غەزبان: هەندێک جار ئەم جۆرە بابەتانە پێویستیان بە بنیاتنانی متمانە هەیە. دەبوو هەندێک هەنگاو بنرێن کە تەنانەت کشانەوەی هەسەدە لە هەندێک شوێن، رادەستکردنی هەندێک ناوچە بە دەوڵەتی سووریاشی تێدابوو. کۆبوونەوەیەک روویدا کە من لێی ئاگادارم، داواکاریی زۆری کوردی هەبوون کە زۆربەیان رەزامەندییان لەسەر درا، هەروەها دەوڵەتیش داواکاریی هەبوو، بۆ نموونە رادەستکردنی هەندێک ناوچە لە دێرەزوور بە ئیدارەیەکی هاوبەش، بەڕێوەبردنی دەروازەکان و شتی دیکە. بۆیە پێموایە ئەم بابەتە پێویستی بە جۆرێک لە سازشی دوولایەنە هەیە تاوەکو بتوانین متمانە بنیات بنێین و بەرەو پێشەوە بچین. ئەوەی لە چەند رۆژی دواییدا روویدا پێموایە هەنگاوێکی زۆر گرنگە و دەبێت لەسەری بنیات بنرێت.
 
رووداو: ئایا نیگەرانی هەیە کە ئەوەی روویدا دووبارە ببێتەوە؟
 
نەجيب غەزبان: هیوادارم وانەبێت، پێموایە هەموو لایەنەکانی سووریا لە جەنگ ماندوو و بێزارن و جەنگیان ناوێت. لەلایەن حکومەتەوە ئێمە رووبەڕووی ئەوە بووینەوە کە لە کەناراوەکان و سوەیدا روویدا، بە دڵنیاییەوە نامانەوێت هیچ جۆرە توندوتیژییەک لە هیچ ناوچەیەکی دیکەدا دووبارە ببێتەوە. بێگومان، بەداخەوە ناتوانین فاکتەری ئیسرائیلی لە پرسی سوەیدا دوور بخەینەوە، لەنێو پێکهاتەیەکی سوەیدا کەسێکی توندڕەو هەبوو لە بۆچوونەکانیدا و لەلایەن ئیسرائیلەوە هاندرا.
 
رووداو: ئایا گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل هەیە؟
 
نەجيب غەزبان: بەڵێ.
 
رووداو: لەسەر چی گفتوگۆ دەکەن؟ باسی چی دەکەن؟
 
نەجيب غەزبان: بە روونی، ئەمە یەکێکە لەو شتانەی لە سووریا گۆڕاوە، بە شەفافیەتەوە قسە دەکەین. باسەکە لەسەر رێککەوتنێکی ئەمنییە، رێککەوتنێکی ئەمنی کە داوا لە ئیسرائیل دەکات بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی دوای 8ی کانوونی یەکەم چووەتە ناویان...
 
رووداو: گۆڕینی دەسەڵات...
 
نەجيب غەزبان: بەڵێ، هەروەها لەسەر راگرتنی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لەنێو سووریادا، راگرتنی پشتیوانیکردنی هەندێک لایەن، بەتایبەتی لە سوەیدا. لە بەرامبەردا ئیسرائیل هەندێک نیگەرانیی تایبەتی هەیە کە دەتوانین تاوتوێیان بکەین، و بەپێی زانیارییەکانی من...
 
رووداو: نیگەرانییەکانی ئیسرائیل چین؟
 
نەجيب غەزبان: ئیسرائیل دەڵێت کە ئەوان یەکەم جار دەترسن لەوەی هەندێک لە گرووپەکان لە سایەی لاوازیی رژێمی دیمەشق دا بگەڕێنەوە سەر سنوور، بۆیە نیگەرانیی سەرەکییان حەوتی ئۆکتۆبەرە و نایانەوێت ئەو رووداوە دووبارە بێتەوە. هەروەها هەندێک جار باس لە شتانێک دەکەن کە پەیوەندییان بە رابردووی بەڕێز شەرع و رابردووی هەیئەی تەحریری شامەوە هەیە و دەڵێن کە متمانە بەوان ناکرێت. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە ئێمە هیچ شتێکمان بەرامبەر بە ئیسرائیل دەستپێنەکردووە. ئیسرائیل زیاتر لە 1400 هێرشی کردووەتە سەر سووریا، بە بۆمبارانکردنی هەر شوێنێک کە چەکی تێدابووبێت، تەنانەت ئەگەر چەکەکە بەکارنەهێنرابێت، بۆمبارانی کردووە و چووەتە ناو خاک و پێشێلی کردووە. تەنانەت رێکخراوی هیومان رایتس وۆچیش رایگەیاندووە کە ئەوەی ئیسرائیل کردوویەتی تاوانی جەنگە، رێگری لە جووتیاران دەکات بچنە سەر زەوییەکانیان لەو ناوچانەی کە چووەتە ناویان، چووەتە ناوچە بێچەککراوەکان کە لە رێککەوتنی ساڵی 1974 دا لەسەری رێککەوتبوون. بۆیە ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو دۆخە لەگەڵ هێورکردنەوەی نیگەرانییەکانی لایەنی بەرامبەر. پێشکەوتن لەم بابەتەدا هەبووە، بەڵام بە راشکاوی، ئێمە مامەڵە لەگەڵ حکومەتێکی توندڕەو لە ئیسرائیل دەکەین، گەیشتن بە رێککەوتنی خێرا لەگەڵیان ئاسان نییە، بەڵام لانیکەم بە شێوەیەکی راستەوخۆ و بە یارمەتیی ئەمریکا هەوڵ دەدەین.
 
رووداو: بەرپرسیارێتییەکە گەورەیە...
 
نەجيب غەزبان: بێگومان...
 
رووداو: سوەیدا و ئەوەی لە حەلەب روویدا، ئێستا دانوستاندن هەیە...
 
نەجيب غەزبان: بەڵێ.
 
رووداو: کورد، ئایا لامەرکەزیی سیاسییان دەوێت یان ئیداری؟ ناکۆکییەکە لەسەر چ خاڵێکە؟
 
نەجیب غەزبان: من لەوە تێدەگەم کە لایەنی کورد گەورەترین ئاستی لامەرکەزیی دەوێت. بۆ نموونە فیدراڵیەت باسکرا، راستییەکەی لەلایەن هەسەدەوە نەخرایەڕوو، بەڵکو بۆ لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردەوە خرایەڕوو کە لە کاتێکدا هاوپەیمانمان بوون لە ئۆپۆزسیۆن دا.
 
رووداو: قبووڵتان نەکرد؟
 
نەجیب غەزبان: نەخێر، بیرۆکە سەرەکییەکە، واتە لامەرکەزییەت بریتییە لە رووبەرێکی فراوان، دەکرێت هەندێک دەسەڵات لە هەندێک شوێن بدرێت تا دەگاتە کۆنفیدراڵیەت کە بوارێکی زۆر فراوانە. فیدراڵیەت مۆدێلێکە کە ئێمە پێمان وایە لە سووریا، بۆ نموونە کاتێک فیدراڵیەت لە عێراق جێبەجێ کرا، لۆژیکێکی هەبوو کە لەسەر ئەوە بنیات نرابوو کە هەرێمێک هەیە زۆرینەی کوردە و بوونێکی گەورەی مێژوویی هەیە، لە حەفتاکانەوە بەڵێن هەبوو بە پێدانی ئۆتۆنۆمی بەم هەرێمە. بۆیە هەموو ئەم پێکهاتانە هانی فیدراڵیەتیان دا. ئێمە لە سووریا دەتوانین سیستەمێکی لامەرکەزیی ئیداری دروست بکەین کە من دەزانم زۆرینەی پێکهاتەی کورد دەیەوێت وەک پێکهاتەیەکی سەرەکیی گەلی سووریا دانپێدانراو بێت، مافی کولتووری دەوێت، زمانی دەوێت، بێگومان جگە لە مافە سیاسییەکان و هاووڵاتیبوونی یەکسان و دەوڵەتی یاسا. ئەگەر ئەم مەرجانە بەدی هاتن، دەکرێت باس لەوە بکرێت کە چ رووبەرێک دەکرێت بە هەموو ناوچەکانی سووریا بدرێت، واتە لە ناوچەکاندا رەنگە پەیوەست بێت بە ئاسایشی ناوخۆ، پەیوەست بێت بە پەروەردە، بە تەندروستی، بە هەموو ئەم پرسانەوە. هەڵبژاردنی نوێنەری هەر پارێزگایەک لەسەر ئاستی شارەوانییەکان و لەسەر ئاستی پارێزگا، ئەمە هەمووی کراونەوەی تێدایە، لە ماوەی رابردووشدا بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی سووریا لە کاتی جەنگدا دابەشکرابوو، ئەوا تاقیکردنەوەی ئیدارەی خۆجێیی و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان هەبوون، دەکرێت سوودیان لێ وەربگیرێت.
 
رووداو: ئایا ئەزموونی ئیدارەی خۆسەر سەرکەوتوو بوو؟ ئێستا دانی پێدا دەنێن؟
 
نەجیب غەزبان: بەڕاستی لایەنی ئەرێنی تێدا بوو، بەڵام بە راشکاوی، نموونەیی نەبوو. هەندێک لایەنی کورد هەبوون کە هەندێک جار سکاڵایان دەکرد کە بواری کاری سیاسییان پێنادرێت، هەروەها زۆر پێکهاتەی عەرەبی هەبوون کە ناڕازی بوون. ئەوەی روویدا ئەوەیە کە ئەزموونی هەسەدە زۆر شەرعییەتی واقیعی پێنەدا، چونکە بەشێک بوو لە شەڕی دژی تیرۆر، دژی داعش و، ئەو پشتیوانییە ئەمریکییەی وەرگرت.
 
رووداو: ئێستا دانی پێدا دەنێن؟
 
نەجیب غەزبان: دانی پێدا دەنێین؟
 
رووداو: ئیدارەی خۆسەر؟
 
نەجیب غەزبان: ئەوە نییە گفتوگۆی لەگەڵ دەکەین، بە دڵنیاییەوە.
 
رووداو: بەو شێوەیە دەمێنێتەوە؟ مەبەستم وەک خۆی؟
 
نەجیب غەزبان: ئەمە بەڕاستی بوارێکە بۆ دانوستاندن، من ناتوانم بڵێم ئایا بەو شێوەیە دەمێنێتەوە یان نا.
 
رووداو: یان گەشە دەکات؟
 
نەجیب غەزبان: بێگومان، لە رووی دیمۆگرافییەوە ناوچەی باکووری رۆژهەڵات فرەچەشنییەکی زۆر گرنگی تێدایە، لە هەندێک شوێنیش کە زۆرینەی کوردن زۆر ئاساییە ئەگەر لە زۆر بواردا دەسەڵاتی لامەرکەزییان پێبدرێت، سیستەمی پەروەردەیی خۆیان، زمان و زۆر شتی گرنگی دیکە هەڵبژێرن. بەڵام هەروەها بوونی عەرەب و تێکەڵاوییەکە سەختە کە بۆ نموونە خودموختارییەکی تەواو بە ناوچەیەکی لەو شێوەیە بدرێت. هەروەها لەسەر پرسی ئەوەی کە ئەم ناوچەیە بەشێک لە نەوت و زەوییە کشتوکاڵییەکان دەگرێتەوە، ئەمانە دەگەڕێنەوە بۆ هەموو سووریا. چۆن سامان دابەش دەکرێت؟ ئەمە یەکێکە لەو ئاڵنگارییانەی کە ئێوە لە عێراق تاوەکو ئێستا نەتوانراوە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە...
 
رووداو: لە کۆتاییدا توانیمان، لە کۆتاییدا...
 
نەجیب غەزبان: لە کۆتاییدا نزیکبوونەوە، نزیکبوونەوە، بەڵێ. بەڵام کاتی دەوێت.
 
رووداو: باسی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئەمە یەکەم جارە سەردانی کوردستان دەکەیت؟ نەجیب، ببورە، بەڕێز نەجیب، یەکەم جارە سەردانی کوردستان دەکەیت؟
 
نەجیب غەزبان: بەڵێ.
 
رووداو: کوردستان چۆنە؟ لەگەڵ سەرکردایەتی کورد کۆبوویتەوە؟
 
نەجیب غەزبان: من هەمیشە پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ هاوکارانم لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردیدا هەبووە، چەندین جار بانگهێشت کراوم، بەڵام بارودۆخەکە رێگەی نەداوە. سەرسامم بەو پێشکەوتنەی کە لە هەرێمەکەدا بینیم، پێموایە رۆڵی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە زۆر بواردا ئەرێنی بووە، پێموایە هەڵوێستێکی مرۆیی باشیان بەرامبەر بە سوورییەکانی ئێرە هەبووە، ئەمەش شایەنی سوپاسە. هەروەها توانیویەتی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەڕێوەببات، هەموو ئەوانە دەرفەتێکمان پێدەدەن بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی باش و گونجاو لەگەڵیان دروست بکەین. من دەزانم کە بەڕێز سەرۆکی هەرێم لە پەراوێزی هەندێک کۆبوونەوەدا لەگەڵ سەرۆکمان کۆبووەتەوە، هیوادارین ئەم کۆبوونەوانە نوێ ببنەوە و زیاتر بن. دەرفەتەکانی هاوکاری زۆر گەورەن، دەرفەتگەلێک کە بە شێوەیەکی ئەرێنی بۆ هەردوو لا دەگەڕێنەوە.
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
 
نەجیب غەزبان: زۆر سوپاس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە