بەرپرسێکی دیمەشق بۆ رووداو: دان بە هیچ بەشێکی کوردی لە سووریادا نانێین

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
 محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری کاروباری عەرەبی لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا میوانی رووداو بوو.
محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری کاروباری عەرەبی لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا میوانی رووداو بوو.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کاروباری عەرەبی لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا دەڵێت، ئەوان دان بە هیچ بەشێکی "کوردستان"دا نانێن لەنێو خاکی سووریادا و جەخت دەکاتەوە دەستپێشخەریی پێشوو بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ پێکهێنانی سێ لیوا هەڵوەشاوەتەوە و ئێستا تەنیا "تێکەڵبوونی تاکەکەسی" قبووڵ دەکرێت.
 
محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری کاروباری عەرەبی لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە سیما ئابخزر پێشكێشی کرد، هۆکاری درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ 15 رۆژی دیکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "رەزامەندیی دیمەشق تەنیا بۆ ئەوە بوو رێگە بە ئەمریکا بدرێت زیندانیانی داعش لە سووریاوە بگوازێتەوە بۆ عێراق، چونکە نیگەرانی هەبوو لەوەی هەسەدە ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات".
 
"مەرجی مانەوەی هەسەدە وەک هێز نەماوە"
 
سەبارەت بە چارەنووسی هەسەدە و دانوستاندنەکان، بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی سووریا بە رووداوی راگەیاند، مەرج و ئۆفەرەکانی دیمەشق گۆڕاون.
 
محەممەد ئەحمەد گوتی: "پێشتر پێشنیازێکمان بۆ هەسەدە ناردبوو کە سێ لیوا بە سەرکردایەتیی هاوبەش لە حەسەکە، دێرەزوور و رەققە پێکبهێنن، بەڵام ئێستا بەهۆی گۆڕانکارییەکانی سەر زەوی، ئەو ئۆفەرە نەماوە و قبووڵی ناکەین". 
 
ئەو بەرپرسەی دیمەشق گوتیشی: "مەرجی ئێستا ئەوەیە هێزەکانی هەسەدە بەشێوەی تاکەکەسی (فرادى) بخرێنە سەر سوپای عەرەبیی سووریا و دامەزراوە ئەمنییەکان، نەک وەک یەکەی سەربازیی سەربەخۆ یان فیرقە". ئاماژەی بەوەشکرد کە لە بەرامبەردا ئۆفەری ئەوەیان داوەتە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کە چەند کەسایەتییەک بۆ پۆستە سیادییەکان، پەرلەمان و تەنانەت پۆستی پارێزگاری حەسەکەش بەربژێر بکات.
 
"دان بە هیچ بەشێکی کوردستاندا نانێین"
 
لە وەڵامی پرسیاری رووداو سەبارەت بە بوونی هەرێمێکی کوردستان یان ناوچەی کوردی لە سووریا هاوشێوەی عێراق، محەممەد ئەحمەد بە تووندی ئەوەی رەتکردەوە و گوتی: "دان بە هیچ بەشێکی کوردستاندا نانێین، ئێمە تەنیا دان بە سووریادا دەنێین".
 
ئەو بەرپرسەی دیمەشق گوتیشی: "من ناڵێم ناوچەی کوردی نییە، بەڵام ئەو ناوچانە تێکەڵن و عەرەب و کوردیان تێدایە. ئێمە دژی هەرێمی سەربەخۆ، ئۆتۆنۆمی و فیدراڵین. دەبێت یاسای سووریا بە ناوەندێتی لە هەموو خاکەکەدا جێبەجێ بکرێت".
 
محەممەد ئەحمەد رەتیکردەوە کە دانوستاندن لەگەڵ کورد نەکەن و رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا پێشوازی لە شاندێکی ئەنەکەسە دەکەن.
 
رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل و دۆخی مەیدانی
 
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە رێککەوتنی دیمەشق و تەلئەڤیڤ دەکەن بۆ دەستبەرداربوون لە بەرزاییەکانی جۆلان بەرامبەر رێگەدان بە هێرشکردنە سەر هەسەدە، محەممەد ئەحمەد ئەو دەنگۆیانەی بە "دوور لە راستی" وەسف کرد و گوتی: "رێکناکەوین لەسەر رادەستکردنی یەک بست لە خاکی سووریا".
 
سەبارەت بە ترس لە هێرشکردنە سەر ناوچە کوردییەکان دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە، بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی سووریا رایگەیاند، وەزیری بەرگریی سووریا رێنمایی دەرکردووە هێزەکانیان نەچنە نێو هیچ کۆمەڵگەیەکی ئیداری کە کوردی تێدا نیشتەجێیە، ئەوەش وەک دڵنیاییەک بۆ دانیشتووان، بەڵام جەختی کردەوە کە "سوورن لەسەر کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی هەسەدە و گەڕاندنەوەی هەموو خاک بۆ ژێر دەسەڵاتی دیمەشق".
 
محەممەد ئەحمەد باسی لەوەش کرد، دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە کوردییەکان، سوپای سووریا هەوڵی گەڕاندنەوەی سوەیداش دەدات بۆ ژێر رکێفی حکومەتی ناوەندی.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ محەممەد ئەحمەد
 
رووداو: درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ 15 رۆژ تەنیا بۆ ئەوەیە رێگە بدرێت بە ئەمریکا زیندانیانی داعش لە سووریاوە بگوازێتەوە عێراق؟
 
محەممەد ئەحمەد: سڵاو لە تۆ، بەیانیت باش بۆ تۆ و هەموو بینەرانی بەڕێز. رەزامەندیی دیمەشق بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بۆ ماوەی 15 رۆژ لەبەر چەند هۆکارێک بوو، لە سەرووی هەموویانەوە ئەو راستییەیە کە جێی نیگەرانیی زۆر لە وڵاتانە سەبارەت بە گواستنەوەی زیندانیانی داعش لەو زیندانانەی رێکخراوی هەسەدە بەڕێوەیان دەبات بەرەو عێراق. هەروەها دەوڵەتی سووریا کاردەکات بۆ کردنەوەی رێڕەوی ئارام بۆ دەرچوونی کەسوکارمان لە حەسەکە و قامیشلۆوە بەرەو ناوچە ئارامترەکان، دوور لەو گوشارەی لەلایەن رێکخراوەکەوە دەخرێتە سەر خەڵکە سوورییەکەمان لەو ناوچانە.
 
رووداو: ئایا ئێوە ئەم 15 رۆژە بەکارناهێنن بۆ دانوستاندنی زیاتر لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات؟
 
محەممەد ئەحمەد: بە دڵنیاییەوە، ئێمە بەردەوام دەبین لە بابەتی دانوستاندن لەگەڵ رێکخراوی هەسەدە سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 18ـی کانوونی دووەم تایبەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانی رێکخراوی هەسەدە بەشێوەی تاکەکەسی لەنێو دامەزراوەی سەربازی و ئەمنیدا. هەروەها لێکتێگەیشتن لەسەر بابەتی پارێزگاری حەسەکە و ئەو کورسییانەی پەرلەمان کە لەنێو ئەو سێیەکدان کە لەلایەن بەڕێز سەرۆکەوە دیاری دەکرێن، هەروەها ئەو کەسایەتییانەی بەربژێر دەکرێن بۆ پۆستە سیادی یان سەرکردایەتییەکان لە دەوڵەتی سووریادا. ئەم ماوەیە دەبێت بە باشترین شێوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان دەوڵەتی سووریا و ئەم رێکخراوە و جێبەجێکردنی یاسای سووریا لەم ناوچانە و یەکخستنی خاکی سووریا لەژێر چەتری دەوڵەتی سووریادا، بەکاربهێنرێت.
 
رووداو: بۆچی لەو زیندانانەی داعش کە کەوتوونەتە بەر دەستی حکومەتی عەرەبیی سووریا ، ژمارەیەک زیندانیی هەر یەکسەر ئازاد کران؟
 
محەممەد ئەحمەد: ئەوەی لەو زیندانانە ئازاد کران کە دەوڵەتی سووریا ئازادی کردوونەتەوە، وەک زیندانی ئەقتان، بریتی بوو لە ئازادکردنی ئەو مێردمنداڵانەی تەمەنیان لە خوار 18 ساڵە و داعشیان ئازاد نەکردووە. رەنگە دەوڵەتی سووریا کاراترین لایەن بێت لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم رێکخراوە و لە راستیدا لە هەمووان زیاتر بەدەستییەوە ناڵاندوویەتی. دەوڵەتی سووریا سوورە لەسەر کۆتاییهێنان بەم رێکخراوە لە سووریا و هاوپەیمانی کۆمەڵێک دۆستیشە بۆ شەڕکردن دژی ئەم رێکخراوە لە دەرەوەی سنوورەکانی سووریا.
 
رووداو: حکومەتی سووریا رایگەیاند کە 120 گیراوی خوار تەمەن 18 ساڵی لە ئەقتان ئازاد کرد، بەڵام بەشێکی چەکدار و ئەندامانی داعش خوار تەمەن 18 ساڵن؟
 
محەممەد ئەحمەد: وەزارەتی داد لیستی ناوی ئەو کەسانەی بڵاوکردەوە کە ئازاد کراون و کامێراکانی میدیاکانیش ئەوەیان بەڵگە کردووە کە ئەوانەی ئازاد کراون منداڵی خوار 18 ساڵن و پەیوەندییان بە رێکخراوی داعشەوە نییە. لە بەرامبەردا ئەو لایەنەی دەرگای زیندانەکانی کردەوە بۆ دەرچوونی چەکدارانی رێکخراوەکە و دروستکردنی پشێوی لە سووریا و وڵاتانی دراوسێی سووریا، پاسەوانانی زیندانی شەدادیی سەر بە رێکخراوی هەسەدە بوون پێش ئەوەی دەوڵەت کۆنترۆڵی بکات. سوپاس بۆ خودا، دەوڵەتی سووریا بە هەوڵی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ توانی ئەو داواکراوانە دەستگیر بکاتەوە و بیانگەڕێنێتەوە زیندانەکان. ئەمڕۆش بژاردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی زیندانییەکان لە سووریاوە بۆ عێراق، وەک ئامادەکارییەکە بۆ رێگری لە هەر هەنگاوێکی هاوشێوە لەلایەن رێکخراوی هەسەدەوە سەبارەت بەو زیندانانەی هێشتا لەژێر دەستیدان، کە بەداخەوە زۆرترین ژمارەی زیندان و زیندانییان تێدایە.
 
رووداو: وەزارەتی بەرگریی سووریا لە راگەیێندراوێکدا لە رۆژی 22ی ئەم مانگەدا رایگەیاند، ژمارەیەک پێشێلکاری لەلایەن هێزەکانییەوە کراون. دوای ئەوەی ژمارەیەک لەڤیدیۆی ئەو کوشتن و تەرم فڕێدان و پێشێلکاریانەی دیکەی بینی کە لەلایەن سەربازانی سووپای عەرەبیی سووریاوە تۆمارکراون لەکاتی هێرشدا بۆ سەر هەسەدە و پارێزگاکانی حەلەب و حەسەکە و رەققە و دێرەزۆر ، ئێستا زۆر کەس لە جیهان دەنووسێت و دەڵێن ئەم سوپایە ناکرێت ببێتە هاوبەشی وڵاتانی دیموکراتیی جیهان لە هاوپەیمانی دژی داعشدا . رای ئێوە چییە؟
 
محەممەد ئەحمەد: کێ پێشێلکاری و بەڵگەکانی تۆمار کردووە؟
 
رووداو: سەربازەکانتان بە خۆیان بڵاویان کردوونەتەوە.
 
محەممەد ئەحمەد: ئەو لایەنەی پێشێلکاری و بەڵگەکانی تۆمار کردووە، رێکخراوی مافی مرۆڤی سووریایە لە رێگەی وێنەگرتنی چەکدارانی رێکخراوی هەسەدە لەکاتێکدا 21 سڤیل کۆمەڵکوژ دەکەن.. ئەو ڤیدیۆیانەی باسی دەکەیت هی شەڕەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودە بۆ چەکدارانی رێکخراوی هەسەدە، نەک بۆ خەڵکی سڤیل وەک ئەوەی ئەم رێکخراوە دەیکات. بەپێچەوانەوە، سوپای عەرەبیی سووریا زۆر بە پیشەییەوە شەڕەکە بەڕێوە دەبات، بەجۆرێک پێشوەختە ئەو کەرتانە دیاری دەکات کە دەکرێنە ئامانج، جا بە بۆردوومان بێت یان بە هەڵکوتانە سەر لەلایەن سەربازانی سوپای عەرەبیی سووریاوە، ئاگاداری سڤیلەکان دەکاتەوە کە لەو ناوچانە دووربکەونەوە بۆ ئەوەی تووشی هیچ مەترسییەک نەبن. رەنگە دەوڵەتی سووریا بەڕاستی زۆر بە باشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە سووریا بەڕێوەبردبێت کە بووە هۆی ئازادکردنی بەشێکی زۆر فراوان لەم رێکخراوە، ئەمەش بووە جێگەی سەرسامیی هاوپەیمانان و دواتر هاوپەیمانیکردن لەگەڵ ئەم سوپایە بۆ درێژەدان بە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی ئەم رێکخراوە. لەسەر ئەو بنەمایەش، ئیدارەی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا دا، ئەوەش دوای سەرکەوتنە بەردەوام و یەک لەدوای یەکەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە ئازادکردنی بەشێکی فراوان و ئاڵۆزی جەزیرەی عەرەبیی سووریا.
 
رووداو: رۆژنامەی زە ئیکۆنۆمیست لە زمانی سەربازانیی سوپای عەرەبیی سووریاوە نووسیویەتی، کە ئەوان دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر قامشلۆ، چونکە ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرزی لەو شارە کوردییەدا هەن، هەروەها دوێنێ ئەمنی ناوخۆی سووریا لە بانگەوازێکدا داوا لە خەڵک دەکات، چەک و ئۆتۆمبێلە تاڵانکراوەکان بگەڕێننەوە. ئایا چۆن دەتوانن ئەم تاڵانکردنە راگرن؟
 
محەممەد ئەحمەد: هیچ پرۆسەیەکی تاڵانکردن نییە. هەروەها دوای ئازادکردنی ناوچەکان لە دەستی رێکخراوی هەسەدە، هێزەکانی ئەمن و پۆلیسی سەربازی بڵاودەبنەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و پۆلیسی سەربازی بەدواداچوون بۆ هەر کەسێک دەکات، سەرپێچیی رێنماییەکان بکات. بەڕێز وەزیری بەرگری رێنمایی تووندی لەم بارەیەوە دەرکردووە بۆ پاراستنی موڵک و ماڵ و گیانی ئەو سوورییانەی لەو ناوچانەدان، کە ئۆپەراسیۆنی سەربازییان تێدایە.
 
رووداو: ئایا حکومەت بۆچی تائێستا هیچ بانگەوازێکی ئاشکرای بۆ عەشیرەتە عەرەبەکان بڵاونەکردووەتەوە کە هاندانی چەکدارانیان لە هێرشکردن بۆ سەر ناوچە کوردییەکان رابگرن، چۆن دەبێ حکومەتێکی مەدەنی رێگە بە هێرشکردنی هۆزگەرایی بدات؟
 
محەممەد ئەحمەد: بێگومان دەوڵەتی سووریا چاودێریی جموجۆڵی عەشیرەتەکان دەکات و جموجۆڵەکانیانی لە چوارچێوەی ناوچەکانی خۆیاندا هێشتووەتەوە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیانی راگرتووە. ئەمڕۆ چەکدارانی عەشیرەتەکانی دێرەزوور لە رەققە نین و چەکدارانی عەشیرەتەکانی رەققە لە حەسەکە نین، بەڵکو ئەوەی روودەدات ئەوەیە کە گرووپێکی عەشیرەتیی عەرەبی سەر بە رێکخراوی هەسەدە هەبوو، لەو رێکخراوە جیابووەوە و ئەو ناوچەیەی ئازاد کرد، کە تێیدا بوو و هاوئاهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا دەکات، بەڵام ئەو بانگەوازەی دەبێت ئاراستەی هێزەکانی رێکخراوی هەسەدە بکرێت، ئەوەیە کە چەکدارانی پەکەکە لە خاکی سووریا دەربکەن و ئەو سەرکردانەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەڕێوەدەبەن، کە خەڵکی دەرەوەی سووریان و زۆربەیان خەڵکی ئێران و تورکیان و سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەن، دووربخەنەوە. دەبێت ئەم بانگەوازانە بکرێن و نیشتمانپەروەرانی کورد بێنەوە پێشەوە بۆ رابەرایەتیکردنی رای گشتیی پێکهاتەی کورد، بەپێچەوانەی ئەوەی ئەم رێکخراوە کردی لە گوشارخستنە سەر ئەو کەسایەتییە نیشتمانییە کوردییەکان. ئەوەی عەرەب و کورد کۆدەکاتەوە مێژوویەکی درێژ، خاکێکی هاوبەش، کولتوورێکی هاوبەش، ئایینێکی هاوبەش و ئابوورییەکی هاوبەشە، جگە لەو مەینەتییە هاوبەشەی کە هەریەک لە عەرەب و کورد لە دەست کردەوەکانی رژێمی پێشوو چەشتیان، کە بەداخەوە رێکخراوی هەسەدە و رێکخراوی پەکەکە لە ساڵانی درێژی شۆڕشدا هاوپەیمانییان لەگەڵ کرد و گوشارێکی زۆر و فراوانیان خستە سەر هەردوو پێکهاتەی عەرەب و کورد.
 
رووداو: پارتە کوردییەکان لە کۆنگرەیەکی گشتی دا لە نیسانی 2025 لە قامشلۆ داوایان کرد مافی ئۆتۆنۆمی بدرێتە کوردستانی سووریا و لەسەر ئەو بنچینەیە دانوستاندن بکەن. ئایا ئێوە ئامادەن دانوستاندن لەسەر فیدرالی، یان ئۆتۆنۆمی یاخود ناناوەندێتی بکەن؟
 
محەممەد ئەحمەد: بێگومان ئەمڕۆ دەبێت یاسای سووریا لەسەر تەواوی خاکی سووریا جێبەجێ بکرێت. ئێمە کە گفتوگۆ دەکەین، لەگەڵ خەڵکی ناوچەکان دەیکەین و رای ناوچەیەک یان پێکهاتەیەک یان توێژێکی فراوان لە رای کۆمەڵێک رێکخراو یان حیزبدا کورت ناکەینەوە.  من پێمگوتیت کە تاکە گەرەنتی بۆ مافەکانی عەرەب و کورد و هەموو پێکهاتە سوورییەکان، دەوڵەتی سووریایە. ئەگەر باسی بابەتی لامەرکەزییەت بکەین، ئەوا یاسای بەڕێوەبردنی خۆجێیی دەقی لەسەر ئەوە هەیە، بۆیە ئەم داواکارییانە داواکاریی بێ بنەمان. رەنگە مەرسوومی ژمارە 13 مافی خۆیانی بە کورد دابێت لە خوێندن و پاراستنی ناسنامەی کولتوورییان و مافی هاووڵاتیبوون، دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی ئەمە ببێتە بەشێکی روون و ئاشکرا لەو دەستوورەی کە دەنووسرێتەوە و پەسند دەکرێت دوای گرێدانی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی گەل، کە بەداخەوە بەهۆی رووداوەکانی ئێستا و رێگریی رێکخراوی هەسەدە لە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆچوونیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ژینگەیەکی دیموکراتی و ئارامدا، دواکەوت.. هەرچەندە بەداخەوە ئەم رێکخراوە شانازی بەو دروشمەوە دەکات، بەڵام زۆر دوورە لە جێبەجێکردنی ئەو پرەنسیپە کە پرەنسیپی دیموکراسییە.
 
رووداو: لە کۆنگرەی نیسانی 2025 شاندێکی هاوبەش لە پارتەکانی کورد دروستکرا بۆ دانوستاندن لەگەڵ دیمەشق. بۆچی ئێوە تائێستا رازی نین پێشوازی لەو شاندە بکەن بۆ دانوستاندن لەسەر مافە سیاسییەکانی کورد؟
 
محەممەد ئەحمەد: راستییەکەی ئێمە لەگەڵ کوردە سوورییە نیشتمانپەروەرەکان دادەنیشین، ئەوان بەڕاستی نوێنەرایەتیی پێکهاتەی کورد دەکەن. پێکهاتەی کورد لە چەند حیزبێکدا کورت ناکرێتەوە و لە چەند رێکخراوێکدا کورت ناکرێتەوە کە فەرمانەکانیان لە دەرەوەی سنوورەوە پێدەگات و دوورن لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی کورد لە نێو سووریا. لێگەڕێن با کورد خۆیان بڕیار لە چارەنووسیان بدەن دوور لەو گوشارانەی رێکخراوی پەکەکە دەیکات.

 

رووداو: کوردانی رۆژئاوا دەڵێن کە..
 
محەممەد ئەحمەد: ئەگەر دەتانەوێت بە راستی لەسەر ئەم بابەتە قسە بکەن، دەبێت ببینین کێ ئەم ناوچانە لە قامیشلۆ و حەسەکە بەڕێوە دەبات، رەگەزنامەیان چییە؟ ئایا بەڕاستی سوورین؟ یان ئەوانەی ئێوە بە کادیر و سەرکردە ناویان دەبەن، لە تورکیا و ئێرانەوە هاتوون؟ زۆربەیان خەڵکی دەرەوەی سنووری سووریان، بە چ مافێک پێکهاتەی کورد و عەرەب لەم ناوچەیە بەڕێوە دەبەن؟
 
رووداو: لەو کۆنگرەیەدا زیاتر لە 50 پارتی کوردی بەشدار بوون و شاندێک لە ئەنەکەسە، پەیەدە و پارتەکانی دیکە پێکهێنرا، بەڵام ئێوە تاوەکو ئێستا ئامادە نین پێشوازیان لێ بکەن.
 
محەممەد ئەحمەد: نەخێر، بەپێچەوانەوە، لە رۆژانی داهاتوودا لە سووریا پێشوازی لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد دەکرێت وەک یەکێک لە پێکهاتەکان یان یەکێک لە حیزبە نیشتمانییە کوردییەکان. هەر حیزب یان ئاراستەیەک هەڵگری بیری نیشتمانیی سووری بێت، پێشوازیی لێدەکرێت بۆ گفتوگۆ، بەڵام هەر حیزب یان رێکخراوێک فەرمانەکانی لە دەرەوەی سنوورەوە وەربگرێت، جا لە ئێران یان عێراق یان تورکیاوە بێت، لە دەوڵەتی سووریادا و تەنانەت بۆ گفتوگۆش پێشوازیی لێ ناکرێت. من لەم مینبەرەوە و لەم کەناڵەوە داوا لە مەزڵووم عەبدی دەکەم بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی خۆی وەک کوردێکی سووری لە ئەستۆ بگرێت و بڕیارێکی ئازایانە بدات بە پابەندبوون بەو رێککەوتنەی لە 18ـی کانوونی دووەم واژۆی کردووە.
 
رووداو: کورد لە رۆژئاوا دەڵێن دوای 12 هەزار شەهید، مافی هاووڵاتیبوون بۆ ئەوان بەس نییە، داوای مافی سیاسی و ئیداری دەکەن. ئێوە ئامادەن ناناوەندێتی و مافی خوێندنی پرۆگرامەکانی خوێندن لە سەرەتاییەوە تاوەکو زانکۆ بدەنە کورد؟
 
محەممەد ئەحمەد: بێگومان مافی کوردە ناسنامەی کولتووری و پەروەردەیی خۆیان بپارێزن و ئەم مەرسوومە ئەوەی راگەیاندووە، بەڵام من وا دەبینم کە ئەو داواکارییانەی بە ناوی پێکهاتە کوردییەکانەوە دەکرێن و رێکخراوی هەسەدە دەیانخاتە روو، هەوڵێکن بۆ رێگریکردن لە جێبەجێکردن و پیادەکردنی ئەو رێککەوتنەی کراوە. واتە بەداخەوە هەمان ئەو کردەوانە دەبینین لە دواخستن و کات کوشتن و دانانی بەربەست، بەبێ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.
 
رووداو: سوپای عەرەبیی سووریا لە ژمارەیەک فیرقە پێکهاتووە کە لە گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دروستکراون کە هەندێکیان لە لیستی تیرۆری وڵاتاندان. بۆ نموونە محەممەد جاسم (ئەبو عەمشە) بەر لە مانگێک لەلایەن بەریتانیاشەوە خرایە لیستی تیرۆرەوە و پێشتریش لەلایەن ئەمریکاوە خرابووە لیستی تیرۆرەوە، ئەو ئێستا فەرماندەی فیرقەی 25ی سوپای سووریایە. بۆچی رازی نین هەسەدە ببێتە فیرقەیەکی سوپای سووریا و دەڵێن دەبێ تاک بە تاک ببنە سەربازی سوپای سووریا؟
 
محەممەد ئەحمەد: ئێمە پێشتر بەمە رازی بووین و (پێشنیارەکەمان) نارد، مەبەستم دوا پێشنیار نییە، بەڵکو ئەوەی پێشتر و پێشتریش بۆ هەسەدە نێردرا، ئەوە بوو سێ لیوا بە سەرکردایەتیی هاوبەش پێکبهێنن، لیوایەک لە حەسەکە، لیوایەک لە دێرەزوور و لیوایەک لە رەققە، بەڵام هەسەدە وەک پیشەی هەمیشەیی کات دەکوژێت و بەربەست دروست دەکات و پاساو دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی پابەندی ئەو ئۆفەرانە نەبێت کە دەوڵەتی سووریا پێشکەشی دەکات. دەوڵەتی سووریا لە دوا ئۆفەردا بۆ مەزڵووم عەبدی پێشنیازی کرد کە چەند کەسایەتییەک بۆ ئەنجوومەنی گەل بەربژێر بکات، کەسایەتی بەربژێر بکات بۆ پۆستە سەرکردایەتییەکان لە دەوڵەتی سووریادا، کەسایەتی بەربژێر بکات بۆ ئەوەی یەکێکیان پۆستی پارێزگاری حەسەکە وەربگرێت، هەروەها کار بکەین بۆ تێکەڵکردنی ئەو دامەزراوانەی ئەم رێکخراوە بەڕێوەیان دەبات لەنێو پەیکەری حکومەتی سووریادا. بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێک بۆ ئەم ئۆفەرە نییە کە داوای مۆڵەتی پێنج رۆژیان کرد و بەشێوەی زیمنی بە مەزڵووم عەبدی درا، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا وەڵامێک نییە.
 
رووداو: ئێوە هێشتاش ئامادەن کە هەسەدە وەک فیرقەیەک قبووڵ بکەن؟
 
محەممەد ئەحمەد: بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، کە ئێمە تیرۆریستان لەنێو سوپای عەرەبیی سووریادا قبووڵ دەکەین. ئەم ئۆفەرە پێشتر پێشکەش کرا، ئەگەر ئێمە رازی نەبووینایە پێشکەشمان نەدەکرد، بەڵام ئێستا مەرجەکە ئەوەیە هێزەکانی رێکخراوی هەسەدە بەشێوەی تاکەکەسی (فەردى) بخرێنە سەر سوپای عەرەبیی سووریا، ئەوەش بەپێی دوا رێککەوتن کە لە نێوان جەنابی سەرۆک ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری عەرەبیی سووریا و مەزڵووم عەبدی واژۆ کراوە.
 
رووداو: واتە ئێوە رازی نین کە هەسەدە بە سێ لیوا ببێتە بەشێک لە سوپای سووریا و فەرماندەکەشیان کورد بێت؟
 
محەممەد ئەحمەد: پێشتر قبووڵمان کرد، بەڵام ئێستا قبووڵی ناکەین.. پێشتر قبووڵمان کرد و ئێستا گۆڕانکاری لەسەر زەوی رووی داوە و لەسەر ئەو بنەمایە ئۆفەرەکە گۆڕاوە.
 
رووداو: ئێوە قبوول ناکەن لیوایەکی هەسەدە لە کۆبانێ هەبێت و سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا بێت؟
 
محەممەد ئەحمەد: ئێمە وەک سووری؛ عەرەب، کورد، چەرکەس و هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا، رازی نابین بەوە نەبێت کە چەک تەنیا بەدەست دەوڵەتی سووریاوە بێت کە لە وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆدا بەرجەستە دەبێت. پێشوازی لە هەر سوورییەک دەکرێت کە ناسنامەی نیشتمانیی سووریی هەبێت و بەرژەوەندیی گشتی بخاتە پێش بەرژەوەندیی تایبەتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە کارمەندێک لە دەوڵەتی سووریا، جا لە وەزارەتی بەرگری بێت یان دەرەوە یان ناوخۆ و دامەزراوەکانی دیکەی حکومەت. ئەمە ئەو پرەنسیپەیە کە هەموو سوورییەکان لەسەری کۆکن و هەر ئەمەشە کە لە مێژووی کۆنەوە تاوەکو ئەمڕۆ سوورییەکانی کۆکردووەتەوە.
 
رووداو: بە کورتی، ئێوە قبووڵ ناکەن لیوایەکی هەسەدە لە کۆبانێ هەبێت و سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا بێت؟
 
محەممەد ئەحمەد: من کەمێک پێش ئێستا وەڵامی ئەم پرسیارەم دایەوە؛ ئەم ئۆفەرە پێشتر پێشکەش کرا: لیوایەک لە حەسەکە، لیوایەک لە رەققە و لیوایەک لە دێرەزوور. ئێستا دۆخەکە لەسەر زەوی گۆڕاوە. ئەو چەکدارە سوورییانەی لەژێر چەتری رێکخراوی هەسەدەدان و دەستیان بە خوێن و پارەی سوورییەکان پیس نەبووە، دەتوانن بەشێوەی تاکەکەسی لەنێو دامەزراوەی سەربازی و ئەمنیدا ببنە سەرباز/کارمەند. من زۆر بە کورتی وەڵامم دایتەوە.
 
رووداو: کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان و جیهان ناڕەزایی دەردەبڕن دژی تێکدانی ئازادی خاک و خەڵکی ناوچە کوردییەکان لە سووریا. ئایا ئێوە گوێنادەنە ئەو ناڕەازییە گشتییەی کورد؟
 
محەممەد ئەحمەد: ناڕەزایی کورد ئەنجامی وروژاندنی هەستی تایفەگەری و نەتەوەییە کە رێکخراوی پەکەکە ئەنجامی داوە و گوزارشت لە هەڵوێستی راستەقینەی خەڵکە کوردەکەمان ناکات، چونکە ئەوان بەشێوەیەکی زۆر گەورە لە راستیی ئەوەی لەسەر زەوی روودەدات، بێئاگا کراون. ئەمڕۆ زیاتر لە ملیۆنێک کوردی سووری لەو ناوچانە دەژین کە دەوڵەتی سووریا بەڕێوەیان دەبات و خاوەنی هەموو مافەکانی خۆیانن و پابەندن بە هەموو ئەرکەکانیان بەرامبەر بە دەوڵەتی سووریا. ئەوان لە دیمەشق، حومس، حەما، لازقییە و بە چڕییەکی زۆر لە حەلەب هەن. ئەم کوردە سوورییانە خاوەنی هەموو مافێکن و پابەندن بە هەموو ئەرکێک بەرامبەر دەوڵەتە سوورییەکەیان. بەپێی مێژووی خۆیان، ئەوان هەرێمێکی حوکمڕانیی تایبەت بە خۆیانیان ناوێت، بەڵکو دەیانەوێت سووریا بە یەکگرتوویی ببینن، دەیانەوێت هاوبەش بن لە بونیادنانی دەوڵەتی سووریا هەروەک چۆن لە رابردوودا ناسیومانن، ئەوان نەوەی سەلاحەدینی ئەییووبین کە ئێمەی عەرەب شانازیی پێوە دەکەین پێش ئەوەی سووری و کورد بین.
 
رووداو: ئەم خۆپێشاندانانەی کە لە هەرێمی کوردستان و لە سەرانسەری جیهان هەن، دژی هێرشەکانتانن بۆ سەر ناوچە کوردییەکان، ئایا ئێوە گوێ بەمە نادەن؟
 
محەممەد ئەحمەد: چاومان لەو خۆپێشاندانانە دانەخستووە و فەرامۆشمان نەکردوون، چاومان لەو دەستدرێژییانەش دانەخستووە کە کردوویانە لە دەرەنجامی ئەو وێنە چەواشەکارییەی رێکخراوی پەکەکە لە هزری ئەم توێژەی کوردانی تاراوگە لە دەرەوەی سنوورەکانی نیشتمان دروستی کردووە. ئەوەی کوردی لە سووریا کۆچبەر کرد، رژێمی بەعس؛ رژێمی بەشار ئەسەد و حافز ئەسەد بوو کە رێکخراوی پەکەکە دژی رۆڵەکانی شۆڕشی سووریا، ئەوانەی ستەمکاری سەردەم بەشار ئەسەد و رژێمە بەعسییەکەیان رووخاند، هاوپەیمانیی لەگەڵ کرد.
 
رووداو: پێچەوانەی تێڕوانینی ئێوە، کورد داوا دەکەن هەرێمێکی ئۆتۆنۆمییان هەبێت، وەک ئەوەی لە کۆنگرەی قامشلۆ لە نیسانی 2025 بە ئامادەبوونی مەزڵووم عەبدی و نوێنەری سەرۆک بارزانی داوا کرا.
 
محەممەد ئەحمەد: خاتوونی بەڕێز، ئەم کۆنگرەیە لەژێر چاودێریی رێکخراوی هەسەدە بوو کە لەلایەن سەرکردەکانی رێکخراوی پەکەکەوە بەڕێوە دەبرێت و حوکم دەکرێت. هەر ئەوان بوون کۆنگرەکەیان بەڕێوە برد، بانگهێشتنامەکانیان نارد، بەیاننامەی کۆتاییان داڕشت، میواندارییان کرد و ئۆتۆمبێلیان بۆ گواستنەوە و گەیاندنی میوانەکان دابین کرد. بۆیە ئەگەر بە شێوەیەک سەیری دەرەوەی ئەم کۆنگرەیە بکەین کە لە بەرژەوەندیی سوورییەکان بێت؛ عەرەب و کورد و نەتەوەکانی دیکە.
 
رووداو: بۆ زانیاریی ئێوە، ئەو کۆنگرەیە لە لایەن ئەنەکەسە و تەڤدەمەوە ئامادە کرابوو؟
 
محەممەد ئەحمەد: بە سەرپەرشتیی هەسەدە نا، بەڵکو بە گوشاری ئەو.. بە سەرپەرشتیی هەسەدە نا بەڵکو بە گوشاری هەسەدە، راستە لەم وشەیەدا راستت کرد. بە گوشار و ئاراستەکردنی هەسەدە.
 
رووداو: ئەنەکەسە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی و هەروەها پارتەکانی لەگەڵ پەیەدە، واتە تەڤدەم.
 
محەممەد ئەحمەد: هەسەدە کە لەلایەن سەرکردەکانی رێکخراوی پەکەکەوە بەڕێوە دەبرا.. گەورەترین بەڵگەش بۆ ئەوە، ئەو خۆشییە گەورەیە بوو کە سوورییەکان دوای دەرچوونی ئەم رێکخراوە دەریانبڕی. ئەو نامانەی لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییە دیارەکانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەوە پێمان دەگەیشتن کاتێک ستەمیان لەسەر هەڵگیرا، کاتێک ئەم هەورە رەشە رۆیشت، نامەکانمان لەو سەرکردە کۆمەڵایەتییانەوە پێ دەگەیشت.
 
رووداو: ئەنەکەسە و نوێنەری سەرۆک بارزانی بە رێنماییەکانی هەسەدە هەڵناسوڕێنەوە، ئەم کۆنگرەیەش لە ساڵی 2025 لە قامشلۆ کرا.
 
محەممەد ئەحمەد: ئەو رێکخراوەی.. ئەو رێکخراوەی سەرپەرشتیی دەکات.. ئەگەر رێگەم بدەیت.. مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە لە عێراق، چۆن رێگە دەدەن کۆنگرەیەکی سووری لە سووریا بەڕێوە ببات؟ مەسعود بارزانی رێکخراوێکی هەیە کە تاوەکو چەند رۆژێک پێش ئێستا قەدەخە بوو بچێتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە لە جەزیرەی سووریا، تاوەکو رێگە بەم رێکخراوە درا لەنێو خاکی سووریا کار بکات و رێکخراوی دەوڵەت (مەبەستی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە) بەڕێوە ببات.
 
رووداو: نوێنەری سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەکەدا بەشدار بوو، نەوەک خۆی بەڕێوەی بردبێت. ئەوانەی کۆنگرەکەیان بەڕێوە برد، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد و تەڤدەم بوون.
 
محەممەد ئەحمەد: تۆ گوتت، تۆ گوتت بە سەرپەرشتی، تۆمارەکە لێ بدەرەوە..
 
رووداو: من دەڵێم بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی بوو.
 
محەممەد ئەحمەد: تۆمارەکە لێ بدەرەوە.. تۆ گوتت ئەم کۆنگرەیە بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی بووە، مەگەر وەرگێڕانەکەت تەواو نەبێت.
 
رووداو: ئایا راستە ئێوە لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتوون بەرزاییەکانی گۆلان و جەبەل شێخ بدەنە ئیسرائیل، بەرامبەر رێگەدان بە هێرشەکەتان بۆ سەر هەسەدە لە کۆبوونەوەی پاریس دا. لەبەرئەوە گۆلان لە نەخشەی نوێی سووریادا نەبوو؟
 
محەممەد ئەحمەد: کێشەی ئێوە ناوچەکانە.. ئێمە لەگەڵ ئیسرائیل رێککنەکەوتووین و رێکناکەوین لەسەر رادەستکردنی یەک بست لە خاکی سووریا، بەڵام دەتوانن پێداچوونەوە بە قسەکانی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا بکەن کە داوای لە دوژمنی ئیسرائیلی کرد دەستوەردان بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی رێکخراوی پەکەکە و ببێتە فریادڕەسی رێکخراوی پەکەکە لە سووریا. ئێمە دەستمان بە هەموو بستێکی خاکی سووریاوە گرتووە و هەموو بستێکی سووریا دەگەڕێنینەوە ژێر رکێفی دەوڵەتی سووریا.
 
رووداو: کاتێک کە من پرسیارت لێدەکەم وەک رۆژنامەڤان پرسیارت لێدەکەم نەک وەک کوردێک.
 
محەممەد ئەحمەد: منیش وەک بەرپرسێک لە دەوڵەتی سووریا وەڵامت دەدەمەوە.. بە ناوی سوورییەکانەوە قسە دەکەم.. ئەم قسەیە راست نییە و دوورە لە راستییەوە، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ دوژمنی ئیسرائیلی نەکراوە. بەڵام سەرکردە هەن کە گوایە دیموکرات و نیشتمانین، کەچی داوا لە دوژمنی ئیسرائیلی دەکەن بۆ ئەوەی دەستوەردان بکات.

 

رووداو: دوای ئەم 15 رۆژە، ئێوە هێرش دەکەنە سەر ناوچە کوردییەکان؟
 
محەممەد ئەحمەد: بۆچی ناوی دەنێیت ناوچە کوردییەکان؟ بۆچی ناوی دەنێیت ناوچە کوردییەکان؟ زیاتر لە 60%ـی حەسەکە عەرەبە، قامیشلۆش بە هەمانشێوە. بەڕێز وەزیری بەرگری رێنمایی دەرکردووە بۆ نەچوونە نێو هەر کۆمەڵگەیەکی ئیداری کە برایانی کوردی تێدا نیشتەجێیە، ئەوەش بۆ دڵنیاییدانە نەک لەبەر ئەوەی ئێمە نەمانەوێت... دەوڵەتی سووریا بە نوێنەرایەتیی وەزارەتی بەرگری بە تەواوی پیشەییبوونەوە پرۆسەی سەربازی پەیڕەو دەکات و ئەو ناوچانە دیاری دەکات کە چەکدارانی رێکخراوی هەسەدە و رێکخراوی پەکەکەی تێدا جێگیر بوون و رێڕەوی ئارام بۆ سڤیلەکان دەکاتەوە. راستیەکەی ئێمە ناوچە کوردییەکان داگیر ناکەین، ئێمە خاکی سووریا لە رێکخراوی هەسەدە و رێکخراوی پەکەکە رزگار دەکەین.
 
رووداو: واتە ناوچەی کوردی لە سووریا نییە؟
 
محەممەد ئەحمەد: من نەمگوت ناوچەی کوردی نییە. تۆ دەڵێیت ناوچە کوردییەکان... بەڵکو حەسەکە کورد و عەرەبی تێدایە. قامیشلۆ کورد و عەرەبی تێدایە. چیای عەبدولعەزیز کورد و عەرەبی تێدایە، عەین ئەلعەرەب (کۆبانێ) کورد و عەرەبی تێدایە، مێژوو و خاک و جوگرافیا و ئابووری و مەینەتی کۆمان دەکاتەوە، ئەوەی عەرەب و کورد وەک سووری کۆدەکاتەوە. من نەمگوت.. شتێک مەخەرە دەمم کە نەمگوتووە، بەڵام رێنمایی هەیە لەلایەن بەڕێز وەزیری بەرگرییەوە بۆ نەچوونی هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ نێو هەر کۆمەڵگەیەکی ئیداری کە کوردی تێدا نیشتەجێیە، ئەوەش بۆ دڵنیاییدان بە برایانی کورد و بۆ پووچەڵکردنەوەی بانگەشەکانی رێکخراوی هەسەدە کە هەوڵدەدات لە مێشکی ئەو خەڵکەدا ئەوە جێگیر بکات کە گوایە سوپای عەرەبیی سووریا هاتووە بۆ ئەوەی بتانکوژێت و ماڵ و موڵکتان تاڵان بکات. بۆیە رێنماییەکانی بەڕێز وەزیری بەرگری لەم بارەیەوە روونن.
 
رووداو: هیچ بەشێکی کوردستان لە سووریا نییە؟
 
محەممەد ئەحمەد: دان بە هیچ بەشێکی کوردستاندا نانێین، ئێمە دان بە سووریادا دەنێین. ئێمە دان بە سووریادا دەنێین و نکۆڵی لە مافی هیچ پێکهاتەیەک ناکەین، نە کورد و نە هیچ پێکهاتەیەکی دیکە، لە مافی خوێندن، مافی رۆشنبیری و مافی هاووڵاتیبوون. ئێمە دان بە سووریادا دەنێین هەروەک چۆن هەموو نیشتمانپەروەرانی کورد پێش عەرەب دانی پێدا دەنێن.
 
رووداو: لە عێراق هەرێمی کوردستان هەیە و لە نێو دەستووردا دانیپێدانراوە. ئێوە لە سووریا ئەمەتان پێ قبوول ناکرێت؟
 
محەممەد ئەحمەد: خاتوونی بەڕێز.. ئەمڕۆ دەوڵەتی سووریا سەرەتا بیر لە بەرژەوەندیی سوورییەکان دەکاتەوە. ئەو دابەشبوونەی لە عێراق هەیە، چ پەرەپێدان و گەشەسەندنێکی بۆ عێراقییەکان هێناوە؟ باشە؟ ئەمڕۆ دەوڵەتی سووریا گەرەنتییە بۆ هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووری و لە سەرووی هەموویانەوە پێکهاتەی کورد. ئێمە بەڕاستی دەمانەوێت بەڕێوەبردنێکی یەکگرتوو بۆ هەموو سەرچاوە سرووشتی و مرۆییەکان لە سووریا هەبێت تاوەکو سووریای نوێ بونیاد بنێین، ئەو سووریایەی دەبێت لە پێگەی سرووشتیی خۆیدا بێت لە ریزبەندیی پێشەوەی وڵاتان، ئەمەش لە رێگەی جیاکردنەوەی هەرێمێک لەملا و هەرێمێک لەولا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لێرە و حوکمی زاتی لەوێ و تێگەیشتنی هەڵە بۆ ئەو لامەرکەزییەی داوای دەکەن، نایەتە دی. ئەمڕۆ سووریا درێژبوونەوەیەکی جوگرافیی سرووشتیی هەیە و دەبێت هەموو سوورییەکان بە هەموو رەنگ و دەنگەکانیانەوە لە خێری ئەم سەرچاوانە و خێری ئەم وڵاتە سوودمەند بن.
 
رووداو: دوای ناوچە کوردییەکان، ئێوە هەوڵدەدەن سوەیداش بگەڕێننەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆتان؟
 
محەممەد ئەحمەد: بێگومان.. مادام ئەمڕۆ ئامانجەکە جێبەجێکردنی یاسایە لە هەموو خاکی سووریا و یەکپارچەیی خاکی سووریا، بە دڵنیاییەوە دوای گەڕاندنەوەی خاکی سووریا، دەبێت خاکی سووریا لە هەموو ناوچەکان؛ لە باکوور، رۆژهەڵات، باشوور و رۆژئاوا بگەڕێنرێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە