رووداو دیجیتاڵ
یۆست هیڵتەرمان بە رووداوی گوت: "سەرکردایەتیی نوێی سووریا و ئەحمەد شەرع رووبەڕووی ئاڵنگاریی ئابووری بوونەتەوە، لەژێر گوشاری ئەمریکادان بۆ رێککەوتن لەگەڵ کورد." هەروەها دەڵێت، ئیسرائیل هەوڵی لاوازکردنیان دەدات.
یۆست هیڵتەرمان، شرۆڤەکاری باڵای گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداو دا کە رۆژی هەینی، 25ـی نیسانی 2025 بەخشکرا، رایگەیاند، رووخانی رژێمی ئەسەد دەرەنجامی کاردانەوەیەکی زنجیرەیی بوو کە لە غەززەوە دەستیپێکرد و لوبنان و پاشان سووریای گرتەوە.
هیڵتەرمان دەڵێت، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا، "هەوڵدەدات خۆی وەک کەسێکی پراگماتیک نیشان بدات نەک ئایدۆلۆژی، بەڵام بەهۆی رابردووی رێکخراوەکەیەوە شەرعیەتی نێودەوڵەتی نییە و رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورەی ئابووری بووەتەوە لەژێر گەمارۆکانی رۆژئاوادا، کە ئەگەر هەڵنەگیرێن، رەنگە دۆخەکە بەرەو ئاژاوە بچێت."
لەبارەی دۆخی ناوخۆی سووریا و حکومەتە نوێیەکەی شەرع، هیڵتەرمان نیگەرانیی دەربڕی لە "گشتگیرنەبوونی حکومەتەکە و ئەو دەسەڵاتانەی شەرع بەخۆی داون بۆ دیاریکردنی ئەندامانی پەرلەمان لە رێگەی دەستوورە کاتییەکەوە، کە مەترسی هەیە ببێتە هەمیشەیی."
پرسی رێککەوتنی سەرەتایی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، هیڵتەرمان گوتی، "شەرع لەژێر فشاری ئەمریکادایە و پێویستی بە شەرعیەتە، هەسەدەش نیگەرانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هێرشی تورکیایە."
هیڵتەرمان پێی وایە ئیسرائیل "بەشێوەیەکی سیستماتیک توانای سەربازیی ستراتیژیی سووریا"ـی تێکشکاندووە و دەڵێت: "کار بۆ دابەشکردنی کۆمەڵگەکانی وەک درووز و عەلەوی و کورد دەکات دژی دەسەڵاتی ناوەندی."
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: بەخێربێیت یۆست هیڵتەرمان بۆ رووداو.
یۆست هیڵتەرمان: زۆر سوپاس.
رووداو: دەزانم تۆ بە وردی چاودێریی گرووپی قەیرانەکان دەکەیت لەبارەی سووریا و غەززەوە. لەبیرمە پار باسی غەززەمان کرد، بەڵام ئێستا دوای ساڵێک، سووریاشمان هەیە. چۆن دۆخی سووریا دەبینیت؟ هەڵسەنگاندنت چییە؟
یۆست هیڵتەرمان: ئەوەی لە سووریا روویدا بەهۆی ئەو رووداوانەوە بوو کە لە لوبنان روویاندا، ئەویش بەهۆی ئەو شتانەوە بوو کە لە غەززە لەگەڵ حەماس لە 2023 روویاندا. کاردانەوەیەکی زنجیرەیی بوو بە دەرەنجامی چاوەڕواننەکراوەوە کە دڵنیام حەماس پلانی بۆ دانەنابوو.
ئێستا رژێمی سووریا نەماوە. ئێران لە سووریا نەماوە. رووسەکان هێشتا لەوێن، بەڵام لە دۆخێکی زۆر سنووردار دا. ئەوەی ئێستا هەیە سەرکردایەتیی هەیئەتی تەحریری شامە کە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی دادەنرێت، چونکە پێشتر پەیوەندیی بە قاعیدە و داعشەوە هەبووە. بۆیە شەرعیەتی نێودەوڵەتیی نییە. بەڵام سەرکردەکەی، ئەحمەد شەرع، زۆر چالاکانە هەوڵدەدات نیشانی بدات کە کەسێکی پراگماتیکە، نەک ئایدۆلۆژی و، رابەری راستەقینەی سووریایە، نەک تەنیا سەرکردەی گرووپێکی یاخیبوو لە ئیدلب. تا رادەیەکیش سەرکەوتوو بووە لە قایلکردنی گوێگرەکانی کە بەڕاستی ئەو جۆرە کەسەیە - کەسێکی پراگماتیکە نەک جیهادییەک کە پلانی تەقاندنەوەی پاریس یان نیویۆرکی هەبێت.
بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە سەرۆکی وڵاتێکە و هاوکات بنکەی دەسەڵاتی خۆی زۆر بەرتەسکە، بۆیە ناتوانێت کاریگەریی و سەروەریی خۆی بەسەر هەموو سووریادا پەرە پێبدات. لەوەش زیاتر، رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورەی ئابووری بووەتەوە. بە شێوەیەکی بنەڕەتی پارەی نییە مووچەی کەرتی گشتی بدات.
بەگشتی ئابوورییەکە لەژێر گەمارۆی رۆژئاوادایە. حکومەتە رۆژئاواییەکان، هەرچەندە دەبینن شەرع پراگماتیکە، بەڵام هێشتا ئامادە نین بڵێن گەمارۆکان هەڵدەگرین. دەیانەوێت هەندێک هەنگاوی ئەرێنی ببینن لە پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر کە هێشتا نەمانبینیوە. حکومەتێک هەیە بەڵام مەرج نییە گشتگیر بێت.
هەروەها دەیانەوێت پرۆسەیەکی سیاسیی فرەلایەن و داڕشتنی دەستوورێک ببینن کە هێشتا نەهاتووەتە ئاراوە. لەسەر بنەمای ئەم مەرجانە، لەوانەیە بەشێک لە گەمارۆکان هەڵبگیرێن کە ژیان دەبەخشێتە دەسەڵاتە نوێیەکان و سووریا و رێگە دەدات ئابوورییەکەی چاک ببێتەوە. بەڵام ئەگەر ئەمە روونەدات، ئەوا ئەنجامەکە لەوانەیە ببێتە ئاژاوە، چونکە لەوانەیە ئەم رژێمە بەردەوام نەبێت، لەبەر ئەوەی چەندین ئاڵنگاری هەیە.
رووداو: دیارە تۆ لە 2011ـەوە ئاگاداری سووریایت و هەموو ئەو رووداوانەی تێیدا قەومان. بەڵام مەبەستم ئەوەیە، ئەگەر سەیری راگەیاندنە دەستوورییەکەی ئەحمەد شەرع بکەین کە پێنج ساڵی بۆ خۆی دیاریکرد، لەگەڵ حکومەتێکی زۆر ناوەندی، بێ هیچ ئۆتۆنۆمییەک و هەموو شتێک لە دیمەشقە. ئەمەش هەمان شێوازی حکومەتی بەشار ئەسەد بوو - حکومەتێکی ناوەندی. پێتوایە قەیرانەکە، واتە هۆکارە بنەڕەتییەکانی قەیرانەکە، بەم شێوەیە چارەسەر دەکرێن؟ دەیڵێمەوە: حکومەتێکمان هەیە کە بەتەواوی گشتگیر نییە، سەرکردەیەک پێنج ساڵی بۆ خۆی دیاری کردووە و حوکمڕانییەکی ناوەندی.
یۆست هیڵتەرمان: پێموایە زۆر زووە بۆ هەڵسەنگاندن، بەڵام نیشانەکان بە شێوەیەکی پێویست باش نین، چونکە حکومەتەکە گشتگیر نییە. ئەحمەد شەرع دەسەڵاتی داوە بە خۆی کە سێیەکی ئەندامانی پەرلەمان دابنێت، هەروەها گوتوویەتی دوو لەسەر سێی تریان دەبێت لەلایەن کۆمیسیۆنێکەوە هەڵبژێردرێن کە ئەندامەکانی خۆی دایاندەنێت. بە واتایەکی تر، دەتوانێت بڕیار بدات کێ دەچێتە پەرلەمان. ئەمەش دیارە نابێت وابێت. بەڵام ئەمانە دامەزراوەی کاتین. ئەمە دەستوورێکی کاتییە. وەک دەڵێیت پێنج ساڵی بۆ خۆی دیاریکردووە. من دەڵێم لە قۆناخێکی گواستنەوەی وا دژواردا - کە لە شوێنی تری جیهانیشدا بینیومانە - ئەوەی کە یەکسەر هەڵبژاردن نەکرێت و کات بۆ گواستنەوەکە دابنرێت، مەرج نییە شتێکی خراپ بێت، بەڵکو باشە. بەڵام دیارە نیگەرانی هەیە لەوەی کە ئەوەی ئێستا کاتییە - دەستووری کاتی و حکومەتی کاتی - ببێت بە هەمیشەیی و هیچ گواستنەوەیەکی راستەقینە روونەدات. ئەمەش خراپ دەبێت.
کەواتە پێویستە هێزە دەرەکییەکان لە کەنداو، ئەورووپا، ویلایەتە یەکگرتووەکان و، خەڵکی سووریا خۆی - چ لە تاراوگە و چ لە ناوخۆ - فشار بخەنە سەر ئەم سەرکردایەتییە نوێیە بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر کە لە کۆتاییدا بگاتە حکومەتێکی هەمیشەیی کە بەڕاستی نوێنەرایەتیی خەڵکی سووریا بکات.
رووداو: کوردی سووریا بڕیاریاندا رێگەیەکی سیاسی لەگەڵ ئەحمەد شەرع بگرنەبەر. ئێستا رێککەوتنێک هەیە، هەرچەندە پێموایە هێشتا تەنیا باسی سەردێڕەکان دەکرێت. هیچ پاشکۆیەک یان وردەکارییەکی زۆری نییە. چۆن هەڵیدەسەنگێنیت؟
یۆست هیڵتەرمان: رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە ...
رووداو: بەڵێ، هەسەدە.
یۆست هیڵتەرمان: رێککەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع رێککەوتنێکی سەرەتایی بوو. پێموایە هەردوولا هەست بە پەلەپەلێک دەکەن. ئەحمەد شەرع لەژێر فشاری ئەمریکادایە بۆ رێککەوتن لەگەڵ کورد، چونکە ئەمریکا دوای هەموو شتێک و خەباتی دژی داعش، دەیەوێت سووریا بەجێبهێڵێت، بەڵام دەیەوێت دڵنیا بێت کە کورد بە هەڵواسراوی و بێ پشتیوان نامێنێتەوە و رووبەڕووی هێرشی تورکیا نابێتەوە. بۆیە فشار دەخەنە سەر شەرع بۆ رێککەوتن لەگەڵ کورد.
ئینجا دوای توندوتیژییەکانی ناوچە عەلەوییەکان، ئەحمەد شەرع پێویستی بەو شەرعیەترەوایەتییە هەیە. بۆیە هەنگاوی نا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ مەزڵوم عەبدی. مەزڵوم عەبدیش لەلای خۆیەوە پێویستی بە رێککەوتنە، چونکە دەترسێت هێزەکانی ئەمریکا ئەم ساڵ بکشێنەوە و ئەو کات رووبەڕووی هێرشی تورکیا ببێتەوە. بۆیە پێویستە لەگەڵ دیمەشق رێکبکەوێت. کەواتە هەردوولا هەست بە پەلەپەل دەکەن.
لە هەمان کاتدا، هەردوولا کە رەنگە دژیەکیش بێت، وا بیردەکەنەوە کە کات لە بەرژەوەندیی ئەوانە. ئەگەر کەمێک چاوەڕێ بکەن، دەتوانن رێککەوتنێکی باشتر بەدەست بهێنن. چونکە مەزڵوم عەبدی وا بیردەکاتەوە کە عەلەوییەکان دژی ئەحمەد شەرعن، ئێمە دژینی، دروزییەکان دژینی، ئیسرائیل دژیەتی و، ناتوانێت بەردەوام بێت. کەواتە کەسێکی دیکە دێتە دیمەشق. بۆچی لەگەڵ کەسێک رێکبکەوین کە دوای چەند مانگێک نامێنێت؟ ئەمە حیساباتەکەیە.
ئەحمەد شەرعیش وا بیردەکاتەوە کە ئەمریکییەکان لە سووریا دەکشێنەوە، چونکە خۆیان گوتوویانە. رێک نازانین کەی، بەڵام ئەمساڵ. ئەو کات کورد و مەزڵوم دەکەونە بەردەست و بەپەلە دێن بۆ لای ئەو. لەوانەیە هەردوولا هەڵە لە حیساباتەکانیاندا بکەن، وابزانن لایەکەی دیکە لە پێگەیەکی لاوازتردایە، لە کاتێکدا هەردوولا شتێکیان هەیە نیگەرانی بن. ئێستا کاتی رێککەوتنە. بەڵام دیارە دانوستاندنەکان زۆر قورس دەبن، چونکە کێشەکان زۆر ئاڵۆزن کە لەبارەی خۆسەریی کوردی و شتی دیکەوەن کە تا چ رادەیەک هێزە کوردییەکان دەخرێنە ناو سوپای سووریاوە و شتی دیکەیش.
رووداو: باسی ئیسرائیلت کرد. ئیسرائیل متمانەی بە ئەحمەد شەرع نییە و لە رووی ستراتیژییەوە سوپای سووریا و هێزی ئاسمانیی تێکشکاند. سووریا کراوەیە بەرامبەر ئیسرائیل و، وادیارە ئیسرائیل پشتگیریی هەندێک لە کەمینەکانیش دەکات لە سووریا. ئامانجی ئیسرائیل لەم کارە چییە؟
یۆست هیڵتەرمان: ئیسرائیل لە 8ـی دیسەمبەرەوە سێ جۆر کاری کرد. یەکەم، ئەوەی کە باست کرد، تێکشکاندنی تەواوی توانا سەربازییە ستراتیژییەکانی سووریا بوو. دووەم، داگیرکردنی سووریا و ئێستا هێزەکانی نزیکن لە دیمەشق و ناوچەیەکی ناسەربازیی لە باشووری دیمەشق راگەیاندووە. سێیەم، چالاکانە هەوڵی دابەشکردنی کۆمەڵگەکانی سووریای داوە - دروز و عەلەوی و کورد - دژی دەسەڵاتی ناوەندی.
هەموو ئەمانە دەکات بۆ لاوازکردنی سووریا. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی؟ وەک دەپرسیت. پێموایە بەشێکی ئەو هۆکارەیە کە خۆیان دەیڵێن - بۆ بەرگری لە خۆیان، نایانەوێت سووریایەکی بەهێز سەرهەڵبدات کە هەڕەشە بێت بۆ ئیسرائیل، چ لەژێر ئەم سەرکردایەتییە یان سەرکردایەتییەکی داهاتوودا، چونکە کەس نازانێت ئەم سەرکردایەتییە تا کەی دەمێنێت. رەنگە زۆر بمێنێت یان کەم، کەواتە نازانرێت کێ دوای ئەو دێت و ناکرێت متمانەی پێبکرێت، بۆیە دەتەوێت سووریایەکی لاواز بەرامبەرت هەبێت.
تا ئێستا، ئەحمەد شەرع زۆر نەرم بووە، هیچ رەخنەیەکی لە ئیسرائیل نەگرتووە، جگە لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نەبێت کە ئەوەش تەنیا نامەگۆڕینەوەیە. بەڵام ئامانجی درێژخایەنی دیکەی ئیسرائیل ئەوەیە کە دەبینێت تورکیا کاریگەریی خۆی لە سووریا پەرەپێداوە، چونکە تا رادەیەک پشتگیریی ئەحمەد شەرعیان کردووە و بێگومان پشتگیریی ئەو گرووپە یاخیبووانەیان کردووە کە ئێستا لە دیمەشقن.
بۆیە دەبینن کاریگەریی تورکیا پەرەی سەندووە لەو شوێنانەی کە پێشتر ئێران تێیاندا بوو. تورکیا وەک ئێران دوژمنی ئیسرائیل نییە، بەڵام هەر وەک خۆی ئیسرائیلییەکان دڵخۆش ناکات. بۆیە دەیانەوێت تورکیا پاشەکشە پێبکەن. بە درێژکردنەوەی کاریگەرییان تا دیمەشق ئەم پەیامانە دەنێرن، دەڵێن هێڵێکی سوور لێرە هەیە. دەبێت وریا بین چونکە رووبەڕووبوونەوەی نێوان تورکیا - کە ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی ئەمریکایە - و ئیسرائیل - کە هاوپەیمانی ئەمریکایە - دەکرێت زۆر ئاڵۆز بێت.
رووداو: بەڵێ راستە. بۆیە بنیامین نەتەنیاهوو داوای لە دۆناڵد ترەمپ کرد بە جۆرێک نێوەندگیری بکات لەنێوان تورکیا و ئیسرائیل.
یۆست هیڵتەرمان: ترەمپیش پەیامێکی سەرنجڕاکێشی نارد بۆ نەتەنیاهوو لە تەلەفزیۆن، لە پەخشی راستەوخۆدا، گوتی من هاوڕێی ئەردۆغانم. بە واتایەکی تر پێی گوت دەبێت هەڵسوکەوتت باش بێت. ئەوەیش لە پەخشی راستەوخۆدا.
رووداو: هەموو شتێک لە پەخشی راستەوخۆدایە.
یۆست هیڵتەرمان: بەڵێ، بەڵام نازانین باوەڕ بە چی بکەین، چونکە نازانین لە پشت پەردەوە چی روودەدات و ترەمپ دەتوانێت لە رۆژێکەوە بۆ رۆژێکی تر بیروڕای بگۆڕێت.
رووداو: لەبارەی غەززەوە، لە 18ـی ئادارەوە کە هێرشەکان دەستیان پێکردەوە، زیاتر لە 1500 کەس کوژراون. ئێستا نیشانەی ئاگربەست هەیە، هەر هیچ نەبێت لە هەفتەی رابردووەوە کە گفتوگۆ لە قاهیرە هەبوو. پێتوایە ئەم ئاگربەستە دێتە دی؟
یۆست هیڵتەرمان: بێگومان دەنگوباسی ئاگربەستێکی دیکە هەیە. فشار لەسەر نەتەنیاهوو لەناو ئیسرائیل زۆر گەورەیە بۆ رازیبوون بە ئاگربەست. بەر لە هەر شتێک، هێرشە سەربازییەکە ئامانجەکانی بەدەست نەهێناوە، حەماسی تێکنەشکاندووە. تەنیا زیاتر وێرانکاری و ئازاری بۆ خەڵکی غەززە دروستکردووە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئیسرائیل زۆر خراپ دەردەکەوێت و ئەمەش کاریگەریی لەسەر دۆخی ناوخۆی ئیسرائیلیش هەیە. سوپا سنوورداریی تواناکانی خۆی دەزانێت.
ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ئیسرائیلی، بەتایبەت یەدەگەکان، رەتی دەکەنەوە خزمەت بکەن. ئەمەش گوشارەکان لەسەر نەتەنیاهوو زیاد دەکات بۆ رازیبوون بە ئاگربەست. حەماس لەلایەن خۆیەوە ئامادەیە بەردەوام بێت لە ئاگربەست، بەڵام تەنیا ئاگربەستێکی ناوێت کە ناچاری بکات بارمتەکان ئازاد بکات لە بەرامبەر زیندانییە فەلەستینییەکان کە ئەوانیش بە بارمتە ناویان دەبات، بەڵکو دەیەوێت باسی کۆتایی شەڕی غەززە بکرێت. ئەمەش شتێکە نەتەنیاهوو ئامادە نییە بیری لێبکاتەوە. بۆیە ئەمە هێشتا خاڵی پچڕانە. کەواتە دەبێت بزانین ئەگەر ئاگربەستێکی دیکە هەبێت، لەوانەیە دیسان کورتخایەن بێت، رەنگە هەندێک بارمتە ئازاد بکرێن، بەڵام حەماس هەموو بارمتەکان ئازاد ناکات یان تەرمی ئەوانەی مردوون رادەست ناکات تا کۆتایی شەڕی غەززە و رێککەوتنێک لەسەر بەڕێوەبردنی دوای شەڕ نەکرێت کە هەموو لایەک بتوانن رازی بن پێی، ئەمەش ئاڵنگارییەکی گەورەیە.
رووداو: زۆر سوپاس. بەخێربێیتەوە بۆ رووداو.
یۆست هیڵتەرمان: زۆر سوپاس، مایەی خۆشحاڵیم بوو.
رووداو: سوپاس
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ