رووداو دیجیتاڵ
میتحەت سانجار دەڵێت، سبەی هەینی، لە ساڵیادی بانگەوازەکەی 27ـی شوباتیدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی دەبێت. دەشڵێت، "دەبێ یاسایەکی گشتگیر دەربچێت بۆ زیندانییەکان و گەڕانەوەی گەریلاکان و ئەوانەی ئەورووپا."
میتحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا دوایین پێشهاتەکان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری ئاشکرا دەکات.
سانجار لەبارەی پێدانی مافی هیوا بە ئۆجەلان، دەڵێت: "مافی هیوا بەگوێرەی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایە. ئایا مرۆڤ بەم شێوەیە دەریدەبڕێت یان نا، ئەمە یەکێکە لە بابەتەکانی گفتوگۆ لە کاری کۆمیسیۆنەکەدا. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە مافی هیوا کراوە. واتە دەبێت بەو ئاراستەیەدا رێسا و یاساکان دەربچوێنرێن."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: با بە پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان دەست پێ بکەین؛ ئایا بۆ 27ی شوبات پەیامێکی هەیە؟
میتحەت سانجار: بێگومان، بەڵام لەبارەی نێوەڕۆکەکەی نامەوێت قسە بکەم.
رووداو: بەڵام پەیامێکی هەیە؟
میتحەت سانجار: بێگومان پەیامێکی هەیە و دەخوێندرێتەوە. بەڵام ئایا لە نێوەڕۆکی ئەو پەیامەدا چی هەیە، بۆ کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی دەهێڵینەوە. لە 27ی مانگ دا، لە ساڵیادی بانگەوازەکەی 27ی شوباتی 2025، جارێکی دیکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازدەکەین و پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان لەگەڵ رای گشتی دا بەش دەکەین.
رووداو: پەرلەمانی تورکیا راپۆرتی کۆمیسیۆنەکەی پەسند کرد، قۆناخی داهاتوو چییە، بە چ شێوەیەک بەردەوام دەبێت؟ دەگوترا کە قۆناخی یەکەم راپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەمانە و قۆناخی دووەم بە دوایدا دێت؛ ئایا هیچ نیشانەیەکی قۆناخی داهاتوو هەیە؟
میتحەت سانجار: کاتێکی دیاریکراو هێشتا نییە یان دەتوانم بڵێم هێشتا دەستنیشان نەکراوە. قۆناخی یەکەم نزیکەی ساڵ و نیوێک لەمەوبەر دەستی پێکرد. واتە بە دەسپێشخەریی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دەستی پێکرد. ئەو بەشێوەیەک بانگەوازی بۆ بەڕێز ئۆجەلان کرد و بەڕێز ئۆجەلانیش قبووڵی کرد. پاشان شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کۆبوونەوە. لەوکاتەدا بانگەوازێک ئامادە کرا. بانگەوازە بەنێوبانگەکەی 27ی شوبات؛ بانگەواز بۆ ئاشتی و دیموکراسی؛ ناونیشانەکەی بەم شێوەیەیە. بەڕێز ئۆجەلان بانگی پەکەکەی کرد...
رووداو: خۆیان هەڵبوەشێننەوە...
میتحەت سانجار: خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەک دابنێن یان بڕیارێک بۆ چەکدانان بدەن.
رووداو: بەڕێز سانجار، پەکەکە لە 12ی ئایاردا هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند...
میتحەت سانجار: لە 5-7ی ئایاردا کۆنگرەی پارتەکە هەبوو و راگەیێندراوەکە لە 12ی ئایاردا بڵاوکرایەوە.
رووداو: دەوڵەت باخچەلی دەڵێت دەبێ کەجەکەش خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، ئایا پێتانوایە ئەم داواکارییە لەلایەن ئۆجەلانەوەش بکرێت؟
میتحەت سانجار: ئەم قسەیەی باخچەلی پێش سەردانەکەی ئێمەبوو. کاری ئێمە نییە لەسەر هەموو لێدوانێک لێکدانەوە بکەین. ئێمە گومان و قسەوباس لەسەر ئەم لێدوانانە بە دروست نازانین.
رووداو: چەکی گەریلاکان چی لێدەکرێت، ئایا جارێکی دیکە دەسووتێندرێن؟
میتحەت سانجار: ئەم پرۆسەیە وەک پرۆسەی چەکدانان ناودەبرێت. بێگومان بۆ ئەو مەبەستە مرۆڤ پێویستی بە چوارچێوەی یاساییە. واتە ئێستا پەکەکە بڕیاریداوە چەک دابنێت و ئەمە تەنیا بڕیارێکە. دوای ئەوە، لە 11ی تەممووزدا هەنگاوێک نرا کە لە هەنگاوێکی سیمبوولی زیاتربوو.
رووداو: بەڵێ... تەممووز...
میتحەت سانجار: گرووپێک لە چەکدارەکان (میلیتانەکان) چەکەکانی خۆیان سووتاند.
رووداو: چەکیان سووتاند...
میتحەت سانجار: بێگومان دەبێت ئەم پرۆسەیە بەردەوامبێ، چەکدانان لە قۆناخی یەکەم دا وێستگەیەکی گرنگە؛ شتێکی گرنگە. زۆر کەس چاوەڕێی راپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەمان بوون. نامەوێت بڵێم راپۆرتەکە بە تەواوی چوارچێوە و نەخشەڕێگەکەی دەستنیشان کردووە، بەڵام باسیکردووە. واتە ئێستا دەبێت بنەمای یاسایی پرۆسەی چەکدانان لەلایەن پەرلەمانەوە دەربچووێنرێت. بێگومان زۆر پرسیار هەن، کە چ لەو کەسانە دەکرێت...
رووداو: ئایا رێگەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە وڵات؟
میتحەت سانجار: نەک تەنیا ئەوانەی لە شاخ و قەندیلن، بەڵکو ئەوانەش کە لە ئەورووپان.
رووداو: ئایا رێگەی گەڕانەوە بۆ وڵاتیان پێدەدرێت؟
میتحەت سانجار: لەسەر ئەوە گفتوگۆ دەکرێت کە کام شێواز بۆ ئەمە گونجاوە. ئێمە دەڵێین دەبێ یاسایەکی گشتگیربێت و هەمووان بگرێتەوە. ئێوە دەزانن کە هەزاران کەس لە زیندانەکاندان.
رووداو: چەند پرسیارێکی کورتم هەیە لەبارەی دەستوور و چوارچێوە یاساییەکان. ئایا بڕواتان وایە چوارچێوەی یاسایی پێشکەش بکرێن تاوەکو هەموو گەریلاکان بێنەوە و فەرماندەکانی گەریلا جارێکی دیکە بگەڕێنەوە و لەوانەیە بەشداری کاری سیاسیش بکەن؟
میتحەت سانجار: لە نێوان دەسەڵات و سیاسەت دا مشتومڕێک هەیە. دەسەڵات خۆی مەبەست نییە بەڵکو هۆکار هەیە. هەندێک هەن خۆیان رێکدەخەن و بڕیاری خەباتی چەکداری دەدەن. بۆچی؟ ئامانجی سیاسییان هەیە. ئەوان دەڵێن ئێمە بۆ ئەم ئامانجە سیاسییانە خەباتی چەکداری دەکەین. چەکدانان بەگشتی بەو مانایە نییە کە ئەوان دەست لە ئامانجە سیاسییەکانیان هەڵدەگرن. مرۆڤ بە کورتی و روونی دەڵێت؛ کاتێک چەک دادەنرێت و خەباتی چەکداری کۆتایی دێت، ئامانجەکان لە ئاستی سیاسی، یاسایی و دیموکراسی دا شوێنگیری دەکرێن. هەر بۆیە ئەوانەی چەک دادەنێن دەیانەوێت بێنە ناو سیاسەتەوە. ئەمە بە کام فۆرمۆڵ دەستنیشان دەکرێت، بێگومان لەوبارەیەوە گفتوگۆ دەکرێت.
رووداو: گۆڕانکاری لە دەستووردا دەکرێت؟
میتحەت سانجار: بۆ ئەوە پێویست بە گۆڕانکاریی دەستووری نییە. بۆ هەندێک پرس لەم پرۆسەیەدا پێویست بە گۆڕینی دەستوور ناکات. بە ئەگەرێکی زۆرەوە پاشان گۆڕانکاریی دەستووری دەکرێت...
رووداو: دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا دەنووسرێتەوە؟
میتحەت سانجار: دەبێ ئێستا زەوینەسازی بۆ ئەوە بکرێت. واتە؛ ئازادیی رادەربڕین، نەمانی تووندوتیژی، واتە پرۆسەی چەکدانان، ئازادیی رێکخراوەیی و هەبوونی دیموکراسی، ئازادیی بیروڕا و دەربڕین؛ دەبێت ئەمانە بەشێوەیەکی باشتربن. واتە مرۆڤ دەبێ لە کەشێکی ئاشتییانەدا بتوانێت زیاتر گفتوگۆ بکات تاوەکو بتوانرێت بۆ داهاتوو دەستوورێکی باش ئامادەبکرێت.
رووداو: دوو پرسیاری کۆتایی، گوشاری کاتمان لەسەرە؛ ئایا "مافی هیوا" (Hope right) دەدرێتە بەڕێز ئۆجەلان؟
میتحەت سانجار: مافی هیوا بەگوێرەی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایە. ئایا مرۆڤ بەم شێوەیە دەریدەبڕێت یان نا، ئەمە یەکێکە لە بابەتەکانی گفتوگۆ لە کاری کۆمیسیۆنەکەدا. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە مافی هیوا کراوە. واتە دەبێت بەو ئاراستەیەدا رێسا و یاساکان دەربچوێنرێن.
رووداو: پێتانوایە مافی خوێندن بە زمانی کوردی بۆ منداڵانی کورد لە تورکیا دەدرێت، یان هێشتا زووە؟
میتحەت سانجار: ئێمە بۆ ئەوە کار دەکەین و لە مێژە ئەو داوایە دەکەین. بۆ ئەوەی کوردی وەک زمانی دایک بە فەرمی لە قوتابخانەکاندا بخوێندرێت، پێویستمان بە گۆڕانکاریی دەستوورییە، بەڵام مەرج نییە راستەوخۆ بەوە دەست پێبکرێت . تاوەکو ئەوکاتەی دەستوور دەگۆڕدرێت دەبێت رێگە بۆ مافی زمانی دایک بکرێتەوە و بەردەوامی پێبدرێت.
رووداو: بەڕێز سانجار، زۆر سوپاس .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ