ئیلهام ئەحمەد: چەکدانان لە رۆژەڤی ئێمەدا نییە چونکە کۆمەڵکوژیی هەن

27-07-2025
دلبخوین دارا
دلبخوین دارا @dilbixwindara
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی دیپلۆماسیی رۆژئاوای کوردستان (لای چەپ) و دلبخوین دارا، پێشکەشکاری رووداو.
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی دیپلۆماسیی رۆژئاوای کوردستان (لای چەپ) و دلبخوین دارا، پێشکەشکاری رووداو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی دیپلۆماسیی رۆژئاوای کوردستانە، لە ئەمریکا، وڵاتانی ئەورووپا و بەریتانیاوە دەردەکەوێت و داوای دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد لە سووریا دەکات. ئەو ژنە کوردە ئیلهام ئەحمەدە.
 
دوای چەند ساڵێک گەڕامەوە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، ئەم جارە بۆ هەڤپەیڤینە لەگەڵ ئەو خانمەی کە هاونیشتمانییان پێیدەڵێن، "دیپلۆماتکارەکەمان". رۆژی 23ی تەممووزی 2025، ئەو باسی گفتوگۆکانیان لەگەڵ دیمەشق، دۆخی رۆژئاوای کوردستان، داواکارییەکانیان لە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و چەندین پرسی دیکەی بۆ کردم. 
 
حکومەتی ئێستای سووریا دەیەوێت هێزەکانی سووریای دیموکرات چەکەکانیان رادەستی حکومەتی نوێ بکەن و هەسەدە نەمێنێت، ئیلهام ئەحمەد لەبارەوە پێیگوتم "کاتێک گفتوگۆکان دەستیان پێکرد، لەسەر چ شێوازێک رێکدەکەوین، ئەوە بە بنەما دەگیرێت. هەروا نییە کە بێن و بڵێن 'وەرن چەکەکانتان تەسلیم بکەن' یان 'ئەم شەڕڤانانەی لاتانن هەموویان بێنن تەسلیمیان بکەن و خواحافیز، تەواو بوو.' بابەتەکە ئاوا نییە."
 
رای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وەکو ئیلهام ئەحمەد باسی دەکات، ئەوەیە کە "پێویستە ئیدارەکە دان بە ئیرادەی ئەم خەڵکەی ئێرە دابنێت. لە رووی ئاسایشەوە، ئەم گەلە چۆن خۆی دەپارێزێت؟ یان ئێمە لەگەڵ شام چۆن دەگەینە نەخشەڕێیەک کە پێکەوە بەرپرسیارێتی هەڵبگرین؟ دەبێت شام خەڵکی ئێرە هەمووی وەک سووری ببینێت. لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەی دەرکەوت، ئەوەندەی ئێمەش تێگەیشتین، کاتێک خەڵک لێرە لەناو دامەزراوەکاندان - با بڵێین ئەمڕۆ دامەزراوەکان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن، سبەی رەنگە ناوێکی دیکەیان لێ بنرێت، بەڵام دامەزراوەن، خزمەتی ئەم کۆمەڵگەیە دەکەن، خزمەتی ئەم گەلە دەکەن. کاتێک ئەم خەڵکە لەناو ئەم دامەزراوانەدا جێدەگرن، لەلایەن ئیدارە کاتییەکەی شامەوە وەک ئەندامانی دەوڵەت یان فەرمانبەرانی دامەزراوەکانی دەوڵەت قبووڵ ناکرێن، دەڵێن: "ئەم خەڵکە لێرەن، ئێمە دێین شوێنیان دەگرینەوە، ئێمە بەڕێوەی دەبەین. ئیدی تەواو، ئێوە هیچ ئیشێکتان نییە."
 
ئیلهام ئەحمەد باسی گفتوگۆ لەگەڵ تورکیاش دەکات، گوتی، "دانوستاندنێک هەیە. لەم دانوستاندنەدا، ئێمە وایدەبینین کە شتێکی باشە، ئەرێنییە. ئێمە لەم بوارەدا دەمانەوێت بزانین چۆن ئەو بەربەستانەی کە هەن لایانبەرین. لەسەر ئەوە دانوستاندنەکان درێژە پێدەدەین."

 

 
هەڤپەیڤین: دلبخوین دارا 
 
رووداو: بینەرانی بەڕێز، ئەم کاتەتان باش، لە قامشلۆوە ئەم کاتەتان باش، لە قامشلۆم، لە رۆژئاوای کوردستان، بێگومان، هەڤپەیڤینێکی زۆر گرنگ لێرە پێشکەش دەکەم، میوانێکی بەڕێزم هەیە، بەرپرسی دیپلۆماسیی رۆژئاوای کوردستانە، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئیلهام ئەحمەدە.
 
رووداو: ئیلهام خان، بەخێربێیت.
 
ئیلهام ئەحمەد: زۆر سوپاس، ئێوەش بەخێربێن.
 
رووداو: ئێمە هەردووکمان خەڵکی قامشلۆ نین، تۆ خەڵکی عەفرین و منیش خەڵکی کۆبانێم، بەڵام لەیەکدییەوە نزیکین، زۆر سوپاس کە ئەم هەڤپەیڤینەت قبووڵ کرد، ئیلهام خان، هەمیشە کە دەتانبینم زۆر چالاک و، زیندوویت لە کارەکەتدا، بارێکی قورس لەسەر شانتە، وانییە؟
 
ئیلهام ئەحمەد: بەرپرسیارێتیی نەتەوەیەکە، شۆڕشێکە گەیشتووەتە ئاستێک کە ئیدی پێویستە ئەنجامی هەبێت، ئێمە ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین. 
 
رووداو: دەبینم و دەزانم کە کاری دیپلۆماسی شتێکی ئاسان نییە. ئیلهام خانم، ویستم سەرەتا لەم دانوستاندن و هاتووچۆیەی نێوان ئێوە و شامەوە دەستپێبکەم، چین ئەو شتانەی کە لە شام روودەدەن، دانوستاندنە، دیالۆگە؟ چییە ئەو شتەی لە شام روودەدات؟
 
ئیلهام ئەحمەد: بەڵێ، لە راستی دا ئەوەی لە شام روودەدات، لە بنەڕەتدا ماوە ماوەیە، بەڵام مرۆڤ ناتوانێت بە تەواوی ناوی گفتوگۆی لێ بنێت، جۆرێکە لە دانوستاندن، واتە لە چوارچێوەی ئەوەی چۆن بتوانین ئەم کێشەیەی سووریا چارەسەر بکەین، کاتی خۆی کە رژێم هەبوو، رژێم لایەنێک بوو، دیار بوو، رژێمی بەعس. 
 
رووداو: لەگەڵ ئەوانیش دانوستاندنتان هەبوو؟
 
ئیلهام ئەحمەد: بەڵێ هەبوون، لەگەڵ ئەوانیش هەوڵی زۆر هەبوون بۆ ئەوەی سووریا لەو گێژاوە رزگار بکەین، بەڵام ئەوانیش گفتوگۆ نەبوون ئەوانیش جۆرێک لە دانوستاندن بوون کە چۆن بتوانین لە قەیرانەکە دەربچین، بەڵام نەکرا، ئێستاش بە هاتنی ئیدارە نوێیەکە، ئەم ئیدارە کاتییەکە دەیەوێت لایەنەکانی دیکەی سووریاش بخاتە ژێر چەتری خۆی و هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان، واتە فرەڕەنگیی ناو کۆمەڵگە تێبگات و، لەخۆیان بگرێت و بەگوێرەی ئەوەش سووریایەکی نوێ پێکەوە دابمەزرێنین، لەنێو ئەم دانوستاندنانەدا ئێمە بەدوای هاوبەشی دا دەگەڕێین، هاوبەشی لەم وڵاتەدا، گەڕانی ئێمە ئەوەیە کە ئێمە سووریایین، کوردین، سووریایین؛ عەرەبین، سووریایین؛ سریانیین، سووریایین؛ ناسنامە گشتییەکەمان کە هەموومان پێکەوە کۆدەکاتەوە، سووریایبوونە، لەم چوارچێوەیەدا چۆن دەتوانین پێکەوە سووریای نوێ دابمەزرێنین؟ بۆ ئەمە، ئەوەی روودەدات دانوستاندنە، لەنێو ئەم دانوستاندنانەدا رێگەی چارەسەری، واتە سووریا لە بنەڕەتدا لە قەیران دەرنەچووە، خۆی لەم دۆخە رزگارنەکردووە، ئێمە دەڵێین چۆن دەتوانین سووریا لەم قەیرانە دەرباز بکەین، بیگەیێنینە دۆخێکی ئارام، دۆخێکی رێککەوتن لەسەرکراو، لەم ئاستەدا ئێستا دانوستاندنەکان لەو چوارچێوەیەدان.
 
رووداو: کێ دەیکات؟ کەسێک هەیە سەرپەرشتی یان چاودێریی ئەو دانوستاندنانە بکات؟
 
ئیلهام ئەحمەد: بەڵێ نێوەندگیر هەن، ئەم جارە یەکەم جار بوو نوێنەری ئەمریکا بەشدار بوو، هەروەها نوێنەری فەرەنساش بەشدار بوو و بەریتانیاش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ تێیدابوون، بەڵام ئەو لایەنانەی دانیشتبوون، ئێمە و ئیدارەی کاتیین، واتە حکومەتی کاتی، پێکەوە لەسەر بنەمای چەند خاڵێکی سەرەکی دانیشتین کە تێیاندا بگەینە چارەسەر، واتە لە کۆبوونەوەیەکی ئاوادا چ بڕیارێک دەتوانین بدەین؟ بەتایبەتی دوای رێککەوتنی 10ی ئادار کە لە شام واژۆکرا، بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی ئەو رێککەوتنەش، چۆن دەتوانین جێبەجێی بکەین؟ بە چ رێگەیەک جێبەجێی بکەین؟ لەسەر ئەم بنەمایە گفتوگۆ کرا.
 
رووداو: ئێوە لە رۆڵی تۆم باراک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا رازین؟ یان، ئیلهام خان، رۆڵی ئەو لەو دانوستاندنانەدا چییە؟ ئەو چی دەکات؟
 
ئیلهام ئەحمەد: ئەوە یەکەم جار بوو، ئەومان بینی و لە کۆبوونەوەکەدا بینیمان، یەکەم جار بوو خۆیشی لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو، بە بڕوای من، ئەو لە کۆبوونەوەکەشدا ئاوای باسکرد، واتە بۆ ئەوەی بتوانێت رۆڵێکی ئەرێنی و باش بگێڕێت، ناسینی لایەنەکان زۆر گرنگە. ئەوە یەکەم جار بوو، دیدارەکە روویدا، هەروەها بەشداریی کۆبوونەوەکەی کرد. پێموایە هیوایەکی هەبوو کە لەنێو کۆبوونەوەکەدا هەندێک بڕیار دەربچن، ئێمەش گوتمان دەبێت بڕیارێک، دوو بڕیار لەم کۆبوونەوەیە دەربچن، بەڵام دەرنەچوون.
 
رووداو: بۆچی؟
 
ئیلهام ئەحمەد: لەبەر شێوەی تێگەیشتن لە "تێکەڵبوون". ئێمە لە رێککەوتنی 10ـی ئاداردا لەسەر تێکەڵبوون، بەشداربوون رێککەوتبووین، تێکەڵبوون... ئەمە هەر لایەنێک لەلای خۆیەوە جیاواز لێکیدەداتەوە، پێناسەی ئێمە بۆ تێکەڵبوون ئەمەیە: تێکەڵبوون دەبێت یەکترناسینێکی دوولایەنە بێت، واتە حکومەتی شامیش دەبێت دان بە ئێمە دابنێت و ئێمەش ئەوان قبووڵ بکەین، قبووڵکردنێکی چۆن؟ ئێستا ئەوان ئیدارەی کاتین، ئەوان خۆیان هاتن، بوونە ئیدارەی کاتی، هەڵبژاردن نەکراوە، گەل یان کۆمەڵگەی سووریا هەمووی لەسەری رازی نەبووە، بەڵام ئەوان ئێستا هاتن، ئەسەدیان لەسەر کورسی لابرد و بوونە ئیدارە، بوونە ئیدارەی کاتی، بۆ نموونە، لەلای خۆیانەوە دەستووری کاتییان دەرکرد، هەروەها حکومەتی کاتییان پێکهێنا و ئێستا ئامادەکاری بۆ راگەیاندنی پەرلەمان دەکرێت، ئەمانە هەمووی هەنگاوی تاکلایەنەن، هەنگاوی ئەوانن!
 
رووداو: واتە لەکاتی ئەو کارانەدا راوێژ بە ئێوە ناکەن؟ 
 
ئیلهام ئەحمەد: راوێژکردن نییە، نەک تەنیا لەگەڵ ئێمە، بەڵکو لەگەڵ گەلی دیکەی سووریا یان لایەنەکانی دیکەی سووریاش راوێژ نەبوو، ئەم هەنگاوانە هەمووی بە تاکلایەنە دەنرێن، لایەنێک هەیە، ئەمڕۆ خۆی وەک ئیدارەی کاتی راگەیاندووە، ئێمەش لەگەڵ ئەوان دا لەنێو گفتوگۆداین بۆ ئەوەی رێککەوتنی 10ـی ئادار چۆن بە شێوازێکی راستەقینە جێبەجێ بکەین.
 
رووداو: دەیانەوێت هەسەدە بچێتە نێو سوپای سووریاوە؟ ئێوە چۆن لەوە دەڕوانن؟ ئایا ئێوە قبووڵی ناکەن هێزەکانی سووریای دیموکرات ببێتە بەشێک لە سوپای سووریا؟ تۆم باراک ئەمەی لە ئێوە دەوێت، وانییە؟ کە بچنە نێو سوپای سووریا و چیتر هەسەدە نەمێنێت.
 
ئیلهام ئەحمەد: بڕیارێکی وا لە رێککەوتنی 10ـی ئاداردا هەیە، دەڵێت تێکەڵبوون، واتە پێویستە هەسەدەش ببێتە بەشێک لە سوپا، بڕیارێکی وا هەیە، رێککەوتنێک هەیە.
 
رووداو: هەر لەژێر ناوی خۆی؟
 
ئیلهام ئەحمەد: ئەمە بابەتی گفتوگۆیە، کاتێک گفتوگۆکان دەستیان پێکرد، لەسەر چ شێوازێک رێکدەکەوین، ئەوە بە بنەما دەگیرێت. هەر ئەوها نییە کە وەرن و بڵێن "وەرن چەکاکانتان تەسلیم بکە" یان "ئەم شەڕڤانانەی لاتانن هەموویان بێنن تەسلیمیان بکەن و خواحافیز، تەواو بوو." مەسەلەکە ئاوا نییە. ئەو تێکەڵبوونەی باسی دەکەین، ئێمە دەڵێین پێویستە ئیدارەکە دان بە ئیرادەی ئەم خەڵکەی ئێرە دابنێت. لە رووی ئاسایشەوە، ئەم گەلە چۆن خۆی دەپارێزێت؟ یان ئێمە لەگەڵ شام چۆن دەگەینە نەخشەڕێیەک کە پێکەوە بەرپرسیارێتی هەڵبگرین؟ دەبێت شام خەڵکی ئێرە هەمووی وەک سووری ببینێت. لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەی دەرکەوت، ئەوەندەی ئێمەش تێگەیشتین، کاتێک خەڵک لێرە لەنێو دامەزراوەکاندان - با بڵێین ئەمڕۆ دامەزراوەکان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن، سبەی رەنگە ناوێکی دیکەیان لێ بنرێت، بەڵام دامەزراوەن، خزمەتی ئەم کۆمەڵگەیە دەکەن، خزمەتی ئەم گەلە دەکەن. کاتێک ئەم خەڵکە لەنێو ئەم دامەزراوانەدا جێدەگرن، لەلایەن ئیدارە کاتییەکەی شامەوە وەک ئەندامانی دەوڵەت یان فەرمانبەرانی دامەزراوەکانی دەوڵەت قبووڵ ناکرێن، دەڵێن: "ئەم خەڵکە لێرەن، ئێمە دێین شوێنیان دەگرینەوە، ئێمە بەڕێوەی دەبەین. ئیدی تەواو، ئێوە هیچ ئیشێکتان نییە."
 
رووداو: ئێوەش ئەمە قبووڵ ناکەن. کەواتە، ئێوە قبووڵی ناکەن کە حکومەتی سووریا بێت و ئەو ئەم ناوچەیە بەڕێوەببات؟
 
ئیلهام ئەحمەد: نەخێر ئەوە شتێکی راست نییە. ئێستا مەسەلەی تێکەڵبوون هەیە. کورد تاوەکو ئێستا بەبێ ناسنامەیە، بە شێوەیەکی فەرمی وەک پێکهاتەیەک و  نەتەوەیەک کە لەنێو کۆمەڵگەی سووریادایە و مێژوویەکی هەیە، قبووڵ نەکراوە. ئەمە لە دەستووردا نییە، هەروەها مافی خۆبەڕێوەبەرییان نییە. 13 ساڵە خەڵکی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لەنێو سیستمێکدان، خۆی پاراستووە، هەروەهاش خۆی بەڕێوەبردووە. قوربانییەکی زۆر گەورەی داوە، شەهیدی داوە، ئازاری زۆری بینیوە، ئاوارە بووە. وەک ئەوان دەڵێن، "ئێمە لە بەرامبەر رژێم دا ئازارمان بینی"، گەلی ئێرەش لە بەرامبەر ئەو رژێمەدا ئازاری بینی، قوربانیی دا و دژی داعشیش شەڕیان کرد. بۆ ئەمە، لە پرسە نەتەوەییە گشتییەکانی سووریادا، کەس ناتوانێت بڵێت "من زیاترم کردووە و من شایەنی ئەوەم هەموو شتێک بگرمە دەست". بابەتەکە ئاوا نییە. ئەویش ماندووبووە، ئەویش قوربانیی داوە، هەموو کەسێک قوربانیی داوە، کەواتە پێویستە پێکەوە دابنیشن و بزانین، "ئەم وڵاتە چۆن ئاوەدان دەکەینەوە، چۆن بەڕێوەی دەبەین". دەبێت بیرکردنەوەیەکی هاوبەش دروست ببێت.
 
رووداو: ئایا هیچ نیازێکی ئێوە بۆ پارچەکردنی سووریا نییە، چونکە زۆر لایەن تۆمەتبارتان دەکەن و دەڵێن ئێوە دەتانەوێت لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە سووریا دابەش بکەن؟
 
ئیلهام ئەحمەد: دابەشکردن یان پارچەکردن دەبێت بناخەی هەبێت. واتە بۆچی پارچەکردن؟ بۆ ئەوە دەبێت هۆکار هەبن. ئەو هۆکارانەی دەبنە بنەما بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەک بیر لە جیابوونەوە بکاتەوە. دوولایەنەیە، هۆکارە سەرەکییەکان لە ناوەندەوە دێن. ئەگەر ناوەند بەڕاستی دان بە مافی ئەم کۆمەڵگەیە دابنێت، وەک یەک دەستیان بگرێت، رێز لە ویستیان بگرێت، ئەوکاتە بۆچی جیادەبێتەوە؟ ساڵانێکە هەمیشە لەسەر ئەم کۆمەڵگەیە، یان لەبارەی کورد، گوتراوە کە "ئەمانە سووریا دابەش دەکەن." ئەمڕۆ بۆ سوەیداش هەر ئەوە دەگوترێت. بۆ نموونە، سوەیدا لە سەردەمی رژێمی ئەسەدی بەعسی دا، ئەو گەلەی کە زۆرترین بێلایەنیی نواند، بەشداریی شەڕی نەکرد، کەسیان نەکوشت، ئاشتیخواز مانەوە، خەڵکی درووز بوون، بەڵام ئەمڕۆ ئەوەی بەسەر ئەو گەلە دێت، چییە؟ رووبەڕووی قڕکردن دەبنەوە، بە تۆمەتی ئەوەی "کافرن و پێویستە قڕ بکرێن" و "ئەوانە سووریا دابەش دەکەن،" واتە سوەیدا شارێکە، رۆژێک ئەگەر لەوێوە دابەش ببێت، بۆ کوێ دەچێت؟ سوەیدا دابەش ببێت، بۆ کوێ دەچێت؟ 
 
رووداو: واتە خەڵکی سوەیدا نایەوێت جیاببێتەوە، وانییە؟ 
 
ئیلهام ئەحمەد: نەخێر، پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ درووزییەکان زۆر باشن. تاوەکو ئێستا لە هیچ کەسێکیان گوێمان لێنەبووە بڵێن ئێمە دەمانەوێت سووریا دابەش بکەین. هیچ شتێکی وا نییە. دوێنێیش هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، گوتی "ئێمە رێگە بە دابەشبوون نادەین." دەڵێت ئەگەر سووریا دابەش ببێت، بەو واتایەیە کە تورکیا دابەش ببێت. بۆچی لێدوانی لەم شێوەیە دەدرێت، کاتێک گەلێک دەیەوێت بە ئارامی بژی و دەیەوێت لەگەڵ ئەو حکومەتەی ئێستا هەیە بگاتە رێککەوتنێک؟ بگەڕێ و بزانە بیری جیابوونەوەی گەلی کورد تاوەکو ئێستا لە دەمی کەس دەرنەچووە، لە نییەتی کەسدا نییە، بەڵام ئەگەر کاتێک داوای ماف دەکرێت و ئەمە ناوبنرێت "جیابوونەوە"، ئەمە مانای وایە نییەتی ئەو کەسەی بەم شێوەیە قسە دەکات، خراپە.
 
رووداو: ئێوە داوای سووریایەکی چۆن دەکەن؟ ئێوە سووریایەکی فیدراڵیتان دەوێت؟ سووریایەکتان دەوێت کە ئێوە تێیدا ئۆتۆنۆم بن؟ سووریایەکی ناناوەندیتان دەوێت؟ ئێوە سووریایەکی چۆنتان دەوێت؟
 
ئیلهام ئەحمەد: ئێمە هەمیشە لە پڕۆژەکانمان یان ئامانجەکانماندا بە شێوەیەکی کراوە گوتوومانە: دەوڵەتی ناوەندی لە دەیان ساڵی رابردوودا جگە لە ئێش و ئازار هیچی بۆ ئەم کۆمەڵگەیە نەهێناوە. ئێمە، ئەو خەڵکانەی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەژین، لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەدا، بە پێشکەوتنی دیموکراسی، بە پێشکەوتنی سیستمە جیاوازەکان کە گوزارشت لە دیموکراسی دەکەن، ئەمە ئەوە دەخاتەڕوو کە سیستمێکی ناناوەندی، کە دەسەڵاتەکانی دەوڵەت، واتە ئەرکەکانی دەوڵەتی ناوەندی، لەگەڵ هەرێمەکاندا دابەش دەکات، لە بنەڕەتدا باری خۆی سووک دەکات.
 
رووداو: کەواتە ئێوە پێداگیری دەکەن لەسەر سیستمێکی ناناوەندی؟ 
 
ئیلهام ئەحمەد: بەڵێ، سیستمێکی ناناوەندی کە ئەرکی ناوەندێتیی شام سووک بکات. بەرپرسیارێتی بدرێتە هەرێمەکان. سبەی ئەگەر کێشە دروست بوو، بڵێت "ئێمە بۆ ئێوەمان جێهێشتبوو". ئیدی چی هەیە، ئێوە خۆتان کێشەکانی خۆتان چارەسەر بکەن. خوێندنە، تەندروستییە، ئاسایشی ناوخۆیە، هەروەها ئابووری. ئەمانە هەمووی دەبێت بە شێوازێکی ناناوەندی بن، ئەرکەکان بدەنە هەرێمەکان، شارەکان، پارێزگاکان، بۆ نموونە، بڵێن بیدەنە ئەوان تاوەکو بتوانن خۆیان بەڕێوەببەن و خەڵکی ئەوێ بەرپرسیارێتی هەڵبگرن. ئەگەر وەک پێشوو سیستمێکی ناوەندی هەبێت، کەسێک بڵێت ئەو بڕیارەی من دەیدەم بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەکرێت، ئەمە قەیرانەکە قووڵتر دەکات. سیستمەکەی پێشوو وایکرد کە قەیران دروست بوو. ئەگەر ئەوانەش وابکەن دیسان کێشەکان قوڵتر دەبنەوە.
 
رووداو: ئێوە نە سوپاکەتان، واتە هەسەدە، تەسلیم دەکەن، نە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەدەنە دەستیان، نە دامەزراوەکانتان دەدەنە شام، نە سنوورەکانتان دەدەنە شام، نە فڕۆکەخانەکان دەدەنە شام. ئێوە چی دەدەنە شام؟ ئایا ئێوە و شام گەیشتوونەتە هەندێک خاڵی هاوبەش لەنێوان خۆتاندا؟
 
ئیلهام ئەحمەد: بەڵێ هەن. واتە ئەو بابەتانەی کە ئێمە بە راست دەیانبینین، بەڵام کاتێک ئێمە دەڵێین ناناوەندی بەو واتایە نییە کە هیچ شتێک ناوەندی نییە، دەزانین کە هەندێک شت هەیە ناوەندین: سنووری وڵاتان، بۆ نموونە با بڵێین دەروازەکان، فڕۆکەخانە، پاسپۆرت، ناسنامە، ئەمانە هەمووی لە هەموو وڵاتە فیدراڵەکاندا بە ناوەندەوە بەستراونەتەوە. ئێمەش ناڵێین "دەبێت هەموو شتێک ناناوەندی بێت". نەخێر، بەڵام لایەنی خزمەتگوزاری، لایەنی کولتووری، لایەنی زمان، ئەمانە هەمووی دەبێت ناناوەندی بن، بۆ نموونە، ئەمڕۆ لێرە کورد زۆرە، دەکرێت لێرە زمانی کوردی سەرەکی بێت، بەڵام لە شارێکی دیکە، لە شوێنێکی دیکە، مەرج نییە کوردی هەبێت.
 
رووداو: واتە، تۆ دەڵێی لە رۆژئاوای کوردستان زمانی کوردی یەکەم بێت؟
 
ئیلهام ئەحمەد: بەڵێ با یەکەم بێت لە تەنیشت عەرەبییەوە زمانی کوردی یەکەم بێت. سریان هەن، زمانی سریانی تێیدابێت، بەڵام ئەو کولتوورانەی لێرە هەن، رەنگە لە ئیدلب نەبن. لە ئیدلب زمانی عەرەبی بەسە، لە کەناراوەکان زمانی عەرەبی بەسە، بەڵام لە عەفرین زمانی کوردی سەرەکییە، واتە، کاتێک سیستمی ناناوەندی هەبن، لە بنەڕەتدا دۆخەکە زۆر ئاسان دەکەن، کێشە ناوخۆییەکان لەنێو دەبات، دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک هەست بکات کە بەڕاستی خاوەنی مافە، خاوەنی کەسایەتییە، خاوەنی ئیرادەیە، هەروەها هەست بکات بە ویستی خۆی بەشداریی ئەم دەوڵەتە دەکات، واتە لەنێو ئەم دەوڵەتەدایە، وا نەبێت کە هەمیشە بە زۆربێت، بەو جۆرەی "نەخێر، دەبێت تۆ عەرەب بیت!" ئێ من عەرەب نیم. نەخێر، ئەگەر بە عەرەبی قسە بکەم رەنگە من باش نەتوانم گوزارشت لە خۆم بکەم، واتە بە زۆر نابێت کۆمەڵگە بەڕێوەببرێت. واتە دەبێت شام و ئەو دەوڵەتانەش کە دەستوەردان دەکەن لە شام دەبێت لەوە تێبگەن، ئێمە نەمانگوتووە تەسلیمی ناکەین، کێشەکە پرسی "تەسلیمکردن"ە. دەبێت ئێمە "تێکەڵبوون" بە بنەما بگرین؛ بەشداربوونی بە ئیرادە، هەسەدە بەشداری سوپا دەکات. کام سوپا؟ بۆ نموونە، ئێستا لە شام چی هەیە؟ ئێمە پێکەوە دروستی دەکەین. باشە، با پێکەوە دروستی بکەین. ئێمە سیستمی ئاسایشی ناوخۆیی دروست دەکەین؟ دڵی ئێمە چۆن لەسەر قامشلۆیە، لە هەمان کاتدا لەسەر حەما، حومس و لازقیەش بێت، ئاسایشی ئەوانیش وەک ئاسایشی خۆم ببینم، یان ئاسایشی ئێرە ببینم، بۆ ئەوەش، سیستمی ناوخۆیی ئاسایش، ئێمە بە ویستەوە بەشداریی تێدا دەکەین، پێکەوە دروستی دەکەین، ئەنجوومەنی هەرێمەکان پێکەوە دروست دەکەین، واتە، ئەم شتە قورس نییە، تەنیا ئەو بیرەی کە "تەنیا من هەم، من دەوڵەتم، من هەموو شتێکم"، دەبێت ئەم بیرە بگۆڕدرێت.
 
رووداو: من باسم لە فڕۆکەخانە کرد، ئیلهام خان، فڕۆکەخانەی قامشلۆ، ناوەکەشی بە کوردی نووسراوە، بە سێ زمانە، کوردییەکەش لە سەرووی زمانەکانی دیکەوەیە، پێشتر تەنیا عەرەبی و ئینگلیزی بوو، ئێوە لە داهاتوودا فڕۆکەخانەکە بەڕێوەدەبەن؟
 
ئیلهام ئەحمەد: نیازێکی یەکلایی بەوشێوەیە نییە. ئێمە دەزانین کە فڕۆکەخانە بابەتەکی سیادییە، واتە ئەوانە پەیوەستن بە حکومەتی ناوەندییەوە و بەڕێوەدەبرێن، بەڵام لێرە، لە کام پارێزگادایە، جۆرێک لە گەرەنتی یان با بڵێین شێوازێک هەیە کە ئەم فڕۆکەخانەیە چۆن بە باشترین شێوە دەکەوێتە خزمەتی کۆمەڵگەوە؟ لەم بوارەدا پێویستی بە گفتوگۆ هەیە.
 
رووداو: ئێمە باسمان لە ناناوەندێتی کرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانیش لەگەڵ شەرع قسەی کردووە، لەگەڵ تۆم باراک، نوێنەری ئەمریکا، قسەی کردووە و گوتوویەتی دەبێت سووریایەک هەبێت کە ناناوەندی بێت. تۆ سەردانی هەولێتر کرد، من بینیم کە ئێوە لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانیش کۆبوونەوە. حەزم کرد رۆڵی ئەو بزانم، ئێوە چۆن رۆڵی ئەو دەبینن؟
 
ئیلهام ئەحمەد: رۆڵی ئەو بەڕاستی جێگەی سوپاسە. رۆڵەکەی ئەرێنییە بەتایبەت بەو کێشانەی کە ئێستا رۆژئاوای کوردستان یان باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا پێیدا تێدەپەڕێت. ئەو پەیوەندی تایبەتی لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان، هەروەها دانوستاندنی لەگەڵ حکومەتی کاتیی شام هەیە. تاوەکو ئێستا ئەوەندەی ئێمە چاودێریمان کردووە و هەندێک جار پەیوەندیی تەلەفۆنیی راستەوخۆمان هەیە و دەکرێن، تاوەکو ئێستا دەتوانین بڵێین بەڕاستی رۆڵی ئەرێنییە، جێگەی سوپاسە. داواکاری یان هیوامان هەیە کە لەم بوارەدا هێشتا زیاتربێت، ئاوا چاوکراوەبێت، بۆ ئەوەی لە دۆخە هەرە هەستیار و سەختەکاندا چۆن بتوانین باشتر پێکەوە یارمەتیدەری یەک بین، چۆن باشتر بتوانین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووریا و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا هاوکاربین.
 
رووداو: پرسیارێکی هەستیار دەکەم. ئەم دواییە گوێم لە قسەیەکت بوو کە گوتبووت "پەیوەندیی راستەوخۆمان لەگەڵ تورکیا هەیە". ئایا تۆ چوویتە تورکیا، ئیلهام خان؟
 
ئیلهام ئەحمەد: دانوستاندن هەیە، کەناڵێکی کراوە هەیە. دانوستاندن و گفتۆگۆی راستەوخۆ هەیە و پێویستیش بەو گفتوگۆیانە هەیە و ئێمە بە گرنگیان دەبینین. بەتایبەتی لە کاتێکدا کە لەنێوانماندا شەڕ هەبوو و قیامەت هەڵدەگیرسا. هێرشی زۆر تووند دەکرا، بەرخۆدانێکی زۆر دەکرا. ئێستا لە ئاستی دانوستاندن دا، هەر هیچ نەبێت لەجیاتی ئەوەی راستەوخۆ چەک بەکاربهێنرێت، قسە هەیە. دانوستاندنێک هەیە، کێشەکە چییە، ئەمە چۆن چارەسەر دەبێت، چۆن لە یەکدی تێبگەین؟ ئەمە هەیە.
 
رووداو: بەڵام ویستم وەڵامی پرسیارەکەم وەربگرم، ئایا تۆ چووی بۆ تورکیا؟ بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلای منن، تۆ لەگەڵ جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) کۆبوویەوە، شتێکی وا هەیە؟
 
ئیلهام ئەحمەد: با زۆر ئاشکرای نەکەین، دانوستاندنێک هەیە. لەم دانوستاندنەدا، ئێمە وادەبینین کە شتێکی باشە، ئەرێنییە. ئێمە لەم بوارەدا دەمانەوێت بزانین چۆن ئەو بەربەستانەی کە هەن لابدەین. لەسەر ئەوە دانوستاندنەکان درێژە پێدەدەین.
 
رووداو: باشە، ئەو پەیوەندییانە بەردەوام دەبن؟
 
ئیلهام ئەحمەد: بەڵێ، ئێمە لە بنەڕەتدا دەمانەوێت گفتوگۆکان هێشتا باشترببن لەو بوارەدا. لەجیاتی ئەوەی بە زمانی هەڕەشە لەگەڵ یەکدی قسە بکەین، لە شوێنێک دابنیشین، لە یەکدی تێبگەین، بزانین ئەم کێشەیە چییە، چیان دەوێت، چونکە دانوستاندنەکانی ئەوان لەگەڵ شام بەڕاستی زۆر پتەو و قووڵن. ئێمە ئەمە دەزانین. تاوەکو ئاستێکیش، هەندێک جار، لەجیاتی ئیدارە کاتییەکەی شام ئەوان زیاتر لێدوان دەدەن. ئێمە لەمەش تێدەگەین، بەڵام لانیکەم، ئەمڕۆ ئێمە بیر لە سووریای گشتی دەکەینەوە. ئەوانیش دەڵێن سووریای گشتی. کەواتە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریاش بەشێکن لە سووریا. دەبێت لەم ئاستەدا بتوانن پەیوەندییەکان باش بکەین.
 
رووداو: هیچ دانوستاندنێکی بەڕێزتان لەگەڵ بەرێز عەبدوڵلا ئۆجەلان هەبووە؟ 
 
ئیلهام ئەحمەد: ئێمە زانیاری وەردەگرین، زانیاری و هەواڵی راستەوخۆ وەردەگرین بەتایبەتی کە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا دەرفەت دروستبوو کە رێبەر ئۆجەلان بێتە سەر خەت و دەستپێشخەرییەکی ئەوەندە بوێرانە و گەورە نیشانبدات. بە بڕوای من، ئەم دەستپێشخەرییە تەنیا بۆ کورد نییە، بۆ گشت رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. پرۆسەیەکی ئاشتییە کە نموونەی لە مێژوودا نییە. بەم شێواز و بەم رەنگە، کاتێک هەمووان دەیانگوت "لەناوچوو و تەواوبوو، لاواز بووە"، لە کاتێکدا کە بەرخۆدان و بەرگریکردنیش زۆر بەهێز بوو، بەڵام لەو ئاستەش دا بڵێت، "باشە، شەڕی چەکداری کاتی تەواو بوو، شەڕەکە رۆڵی خۆی گێڕا و حیزبەکەش رۆڵی خۆی گێڕا، بەڵام ئیدی پێویستە گۆڕانکاریی تێدا بکرێت" دەستپێشخەرییەکی وای خستەڕوو بەلای ئێمەوە زۆر گرنگ بوو.
 
رووداو: دیسان وەڵامەکەم سەت لە سەت وەرنەگرت، دانوستاندنی ئێوە راستەوخۆ لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان روویداوە، تەلەفۆنی کردبێت و قسەتان لەگەڵ کردبێت؟
 
ئیلهام ئەحمەد: دەکرێ روویدابێت و دەشکرێ رووینەدابێت، بەڵام دەتوانم بڵێم دانوستاندن و گفتوگۆ هەبووە و زانیاریمان پێدەگات، بەڵام ئێمە وایدەبینین کە بەڕاستی ئەم دەستپێشخەرییەی کە ئەو خستیەڕوو، بۆ رۆژئاوا، بۆ باکوور و رۆژهەڵاتی سووریاش زۆر ئەنجامی گرنگی لەگەڵ خۆیدا هێنا. لەم چوارچێوەیەدا، بۆ گشت پڕۆژەی چارەسەری، لە باکووری کوردستان، هەروەها بۆ چوار پارچەی کوردستان بنەڕەتییە.
 
رووداو: ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت. داوای لە ئێوە کردووە چەک دابنێن؟
 
ئیلهام ئەحمەد: چەکدانان بۆ ئێمە لە رۆژەڤ دا نییە، بە هیچ شێوەیەک لە رۆژەڤ دا نییە. دۆخی سووریا دۆخێکە ئەوەندە دڕندایەتیی تێدا هەیە کە لەبەرچاوی هەمووان، لەبەرچاوی دنیادا، مرۆڤ دەکوژرێت، کۆمەڵکوژی روودەدات. لەم دۆخەدا داواکردنی چەکدانان لە هێزی سووریای دیموکرات وەک ئەوەیە بەخۆت بڵێیت "بڕۆ بۆ مردن". بۆیە زۆر مەترسیدارە، بەڵام لە چوارچێوەی چارەسەریی گشتیی سووریادا، واتە کورد و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هەسەدە، دەبێتە خاوەنی رۆڵێکی چۆن، هەروەها لە دروستکردنەوەی سووریادا رۆڵێکی چۆن وەردەگرێت، هەروەها پێگەی چ دەبێت، ئەمە لەنێو گفتوگۆکاندا زیاتر دیار دەبێت.
 
رووداو: بەڕێز ئیلهام ئەحمەد، لەبەرئەوەی ئۆجەلان ئەم دواییە گوتبووی کە دەیەوێت لەگەڵ هەندێک سەرکردەی کورد کۆببێتەوە، لەگەڵ ئێوەش، هیچ پلانێک هەیە؟ بەڕاستی ئەمە بۆ کورد زۆر گرنگە. پلانێک هەیە لە داهاتوودا ئێوە بچن ئۆجەلان ببینن؟
 
ئیلهام ئەحمە: بەراستی دەمەوێت بیبینم. بینینیش رووبدات، زۆر باش دەبێت، بەڵام تائێستا بە فەرمی پێمان نەگوتراوە، بەڵام من خۆم ئەوە وەک پێویستییەک دەبینم و ئەگەر رووبدات، لە رووی ئەرێنییەوە کاریگەرییەکی زۆر باشی دەبێت.
 
رووداو: ئێوە ئۆجەلانتان لە ڤیدیۆدا دیت لەکاتی پێشکەشکردنی قسەکانی لە ئیمراڵییەوە، پێتان چۆنبوو؟
 
ئیلهام ئەحمەد: زۆر جیاواز بوو، واتە ئەو شتانەی دەیانخاتەڕوو، هەروەها ئەو ورە و مۆڕاڵەی دەیدات... مرۆڤ سەیری تەمەنی دەکات و هەروەها ئەو پڕۆژەیەی پێشکەشی دەکات بەو سووربوون و ئیرادەیەی کە بۆ ئاشتی، دیموکراسی، دادپەروەری نیشانی دەدات. بە سووربوونەوە نیشانی دەدات. ئەو شتانەی دەیانخاتەڕوو زۆر گرنگن و، بەبێ ئەوەی بڵێت "تەنیا بۆ کورد". نەخێر، بۆ کۆمەڵگەیە، لە سەرووی هەمووشیانەوە کورد کە هەمیشە مافیان پێشێلکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو گەلانی دیکە، لە چوارچێوەی سیستمێکی نوێی دیموکراتی دا. دەڵێت پێویستە وڵاتان لە نوێوە رێکبخرێنەوە؛ کۆمارەکان دابمەزرێندرێنەوە.
 
رووداو: کۆنفرانسی یەکڕیزیی کورد لێرە، لە قامشلۆ بەڕێوەچوو. هەمووان چاوەڕێبوون. ئیلهام خان، کە شاندێکیش پێکهێنرا بۆ ئەوەی بچێت دانوستاندن لەگەڵ شام بکات، شاندەکە نەچوو. شاندی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چوو. جەنابتان رۆیشتن، بەڕێز مەزڵووم عەبدی چوو، بەڵام ئەو شاندەی هەمووان چاوەڕێ بوون بچێتە شام، نەچوو، شاندەکە ئامادە نەبوو بچێت، یان شام پێشوازیی لە شاندەکە نەکرد؟
 
ئیلهام ئەحمەد: شاندەکە ئامادەیە، کاخەزەکەشیان ئامادەیە. ئەو شتانەی پێشکەشی دەکەن، ئەو شتانەی گفتوگۆی لەسەر دەکەن، هەموو شتێکی شاندەکە ئامادەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هێشتا شام خۆی ئامادە نەکردووە بۆ پێشوازیکردن. کار لەسەر ئەمەش دەکرێت. بە تایبەتی، پێشبینی دەکەین کە لە داهاتوودا پێویستە کاتێک دیاری بکرێت بۆ ئەوەی دیدارێک رووبدات. ئەگەر شام ئامادەبێت، تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەک لە شاندی هاوبەش دا نییە .
 
رووداو: کەواتە چوونی ئێوە بۆ شام نابێتە رێگر لە چوونی ئەو شاندە کوردییە؟ لەبەرئەوەی هەندێک کەس لەو باوەڕەدان کە ئێوە کە بە تەنیا دەچنە شام بەبێ شاندە کوردییەکە، ئەوە رۆڵی شاندەکە ناهێڵێت؟ 
 
ئیلهام ئەحمەد: نەخێر، من باوەڕناکەم. ئەو شاندەی ئێستا دانوستاندن دەکات، ئەو شاندەی ئێستا دەچێت، لەسەر چوارچێوەی گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە. شاندی کوردی بۆ مافی کورد ئامادەکرا، واتە ئەو بابەتانەی  قسەی لەسەر دەکەن، مافەکانی کورد دەبن: شوێنی کورد لە دەستووردا، لە سیستمی نوێ دا، لە سووریای نوێ دا چی دەبێت. کاتێک ئێمە دەچینە شام لەسەر خۆسەری دیموکراتی و هەسەدەیە ، بەڵام ئێمەش بۆ مافەکانی کورد و بۆ سیستمی گشتیی ناناوەندی و هێزی هەسەدە گفتوگۆ دەکەین، واتە سیستمی ئیداریی سووریا چی دەبێت. ئێمە ئەو گفتوگۆیە دەکەین. هەروەها گفتوگۆی ئەوە دەکەین کە بابەتی هەسەدە، چۆن لەنێو سووریای نوێ دا خاوەنی رۆڵ دەبێت. لەسەر ئەوانەیە.
 
رووداو: هیچ ترسێک هەیە کە شەڕ رووبەڕووی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ببێتەوە؟ ئێوە هیوادارن شەڕ روونەدات؟
 
ئیلهام ئەحمەد: بەڕاستی ئێمە هیوادارنین شتێکی وا رووبدات، چونکە سووریا بەشی خۆی شەڕی بینیوە. هێشتاش ئەم شەڕانە هەن. هەندێک هەن گەرمی دەکەن. واتە ئەو لایەنانەی کە بە هەر شێوەیەک بێت دەیانەوێت شەڕێک هەڵبگیرسێنن هەن. بۆ نموونە، "فەزعەتولعەشائیر"، ئەو بانگەوازەی بۆ عەشیرەتەکان کرا و چوونە سوەیدا. لەم ناوچەیەشەوە چوون، ئەوە رووحیەتەکەیە. بە فیکەیەک،بە فیکەیەک خۆیان کۆدەکەنەوە و دەچن، ئەوە دۆخێکی زۆر مەترسیدارە. ئەم مەترسییە هەیە. دەتوانین بڵێین، لە ناوچەی ئێمەدا ئەوە زۆر رووینەدا، یان وەک وەڵامدانەوەیەک، بەشداریکردن لەم بانگەوازەدا، لەم فیکەیەدا، زۆر رووینەدا. هەبوون چوون، ئەوانەی چوون، تەرمەکانیان گەڕانەوە. ئەم مەترسییە بەڕاستی هەیە. لێرەشدا دەمەوێت بڵێم، براکانمان، بەتایبەتی برا عەرەبەکانمان، لەم بابەتەدا وریابن. ئەم ناوچەیە سەقامگیرە، سەیری ژیانی خۆیان دەکەن، شتەکان ئەگەر بە زەحمەتیش بێت، بۆیان دابین دەکرێن. ئەوان خۆیان بە ئیرادەی خۆیانەوە خۆیان بەڕێوەدەبەن. بۆچی خۆیان لەم شوێنەوە هەڵبگرن و بچنە سوەیدا خۆیان بە کوشت بدەن؟ لێرە بۆچی دۆخەکە تێکبدەن؟ لەم بوارەدا هەن ئەوانەی لەسەر ئەمە یاری دەکەن. لەنێو ئیدارە کاتییەکەشدا کەسانێک هەن کە لەسەر ئەم ژێیە یاری دەکەن. لە وڵاتانی دراوسێش ئەوانە هەن کە لەسەر ئەم ژێیە یاری دەکەن. ئەمە خراپ دەبێت. لێرەشدا هۆشداری دەدەم، کە نەچوونە ناو ئەم یارییەوە زۆر گرنگە.
 
رووداو: ئیلهام خان، با باسی ئەگەرە ناخۆشەکان بکەین. ئەگەر هێرشێک کرایە سەرتان، وەک چۆن کرایە سەر سوەیدا، کرایە سەر عەلەوییەکان، بینیمان کۆمەڵکوژی لەو شوێنانە روویاندا، کێ پشتتان دەگرێت؟ ئێوە چی دەکەن؟
 
ئیلهام ئەحمەد: تاوەکو ئێستا ئێمە بە هێزی هاوپەیمانان و هێزی سەرەکی و بنەڕەتیی خۆمان لێرە پارێزگارییمان لە خۆمان کردووە، بە پشتگیری و پاڵپشتیی هێزە کوردییەکان. بۆ ئەوەی خۆمان بپارێزین، کۆمەڵگەکەمان هەیە، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان هەن، پەیوەندییە کوردییەکانمان هەن. واتە لە دۆخێکی وادا، پێموایە پشتیوانییەکی گشتی لەنێو کورددا بەتایبەتی و گەلی سووریا پێویستیی پێیەتی، پێموایە ئەو رووحیەتی کوردایەتی و بەرپرسیارێتییە هەیە.
 
رووداو: ئەوەی تێگەیشتم ئەوەیە کە تۆ کەمێک بەدووری دەزانیت هێرشێک بکرێتە سەر رۆژئاوای کوردستان. ئەو وڵاتەی کە ئێوە زیاتر بە نزیکی خۆتانی دەزانن، ئیلهام خان، کام وڵاتە؟ لە ئەورووپا، وڵاتانی رۆژئاوا؟
 
ئیلهام ئەحمەد: ئەگەر ناوی بهێنم رەنگە زۆر بابەتی نەبێت. تاوەکو ئێستا، بۆ نموونە، لەگەڵ فەرەنسا دانوستاندنەکانمان باشن، لەگەڵ هەندێک وڵاتی دیکەدا، بۆ نموونە لەگەڵ ئەڵمانیا، هەندێک دانوستاندنمان هەن. واتە ئەگەر زۆر ناویان بهێنم، رەنگە بابەتی نەبێت، بەڵام هەن، پەیوەندیی باشمان هەن. لە کاتە سەختەکاندا ئەوان خۆیان پەیوەندی دەکەن، دەڵێن "ئەرێ دۆخەکە چییە، چۆنە، چۆن دەتوانین یارمەتیتان بدەین". واتە ئەو دۆخانە هەن.
 
رووداو: ئەگەر دۆخێکی لەناکاو هاتە پێشەوە و ئێوە ناچاربوون، ئایا ئێوە پەیوەندی راستەوخۆتان هەیە لەگەڵ ئاستی باڵای ئەو وڵاتانە؟
 
ئیلهام ئەحمەد: بەڵێ لەگەڵ زۆر وڵات هەمانە. بۆ نموونە لە ئەمریکا لە ئاستی کۆشکی سپی و پێنتاگۆن. لە زۆر ئاستی جیاواز و لە ئاستە باڵاکاندا لەگەڵ وڵاتان پەیوەندیمان هەیە.
 
رووداو: دەمەوێت بێمە سەر پرسی عەفرین، عەفرین، سەرێکانی، گرێسپی. بە بڕوای ئێوە، داهاتووی ئەمانە چی دەبێت؟
 
ئیلهام ئەحمەد: ئێستا بۆ عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی دانوستاندن هەن. ئێمە رێککەوتبووین کە لیژنەیەکمان هەبێت. هەر لە رێککەوتنی 10ی ئاداریشدا هەبوو. خاڵێکی تایبەت بوو بۆ ئەو کەسانەی ئاوارە بوون، بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان. ئێمە لیژنەیەکمان بۆ عەفرین پێکهێنا، بەڵام دوای ئەوە، لایەنی شام دانەنیشت. پێویست بوو دانیشتنێک بکرایە بۆ ئەوەی پرسی گەڕانەوە بە شێوەیەکی فەرمی گفتوگۆی لەسەر بکرایە، بەڵام شتێکی واش هەیە، بۆ نموونە تاوەکو ئێستا هەندێک گرووپی تایبەت کە خەڵکی دێرەزوورن، لەوێن. دەبێت ئەوانیش بچنەوە. ئێمەش گوتوومانە، ئەوان دەتوانن بگەڕێنەوە. ئێمە گەرەنتییش دەدەین کە هیچ لە کەس نەکرێت. ئەوان دەتوانن بگەڕێنەوە، بەڵام لە بەرامبەردا، ئەو خەڵکەی ئێمە کە ئاوارەبوون و ئێستا لەنێو چادرەکاندان و لە سەختترین دۆخدا دەژین، پێویستە بگەڕێنەوە، بۆ سەرێکانی و گرێسپی بە هەمان شێوە. ئەمانە ئێمە لەگەڵ تورکیا قسەیان لەسەر دەکەین، هەروەها لەگەڵ شامیش قسەیان لەسەر دەکەین، بۆ ئەوەی خەڵک بگەڕێتەوە بۆ عەفرین. تورکیا دەڵێ "ئێمە رادەستمان کردووەتەوە".  جارێک راشیانگەیاند، بەڵام بە بڕوای ئێمە هەندێک گرووپ کە لەوێن، هێشتا پێشێلکاری دەکەن، هێشتا دەستدرێژی دەکەن، سەرێکانی و گرێسپی هێشتا رادەستی حکومەت نەکراون، هێشتا ئەم هێزە چەکدارە بیانییانە تێیدا ماون. ئەو چەکدارانەی کە خۆیان بە تورکیاوە دەبەستنەوە، ئەوان لەوێن. بۆیە، داهاتووی ئەوێش پێویستە رێکبخرێتەوە و، خەڵک بتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
 
رووداو: کەی لە عەفرین دەتبینین؟
  
ئیلهام ئەحمەد: دەمەوێ لە زووترین کات دا بڕۆم و ئەوە هیوای منە. ئێمە هەموو قورسایی خۆمان دەخەینە سەر ئەوەی ئەم دۆخە لە زووترین کات دا چارەسەر ببێت.
 
رووداو: واتە تۆ باوەڕت وایە، هیوا هەیە کە خەڵکی عەفرین بگەڕێنەوە و ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەی کە کراوە نەمێنێت. ئێمە عەفرینی پێشتر دەبینینەوە؟
 
ئیلهام ئەحمەد: دەگەڕێنەوە، خەڵکەکەی دەگەڕێتەوە. چارە نییە، ناچارن بگەڕێنەوە. راستە کاولکاریی زۆری تێداکراوە، بەڵام باوەڕمان بە خەڵکەکەمانە و دەزانین کاتێک بگەڕێنەوە سەرلەنوێ ئاوەدانی دەکەنەوە.
 
رووداو: ئیلهام خان تۆ زۆر لە شارەکانی کوردستان گەڕاوی و بەتایبەتی رۆژئاوای کوردستان، ئەو شارەی کە حەزت لێکرد و پێت خۆشە چ شارێکە؟

 

ئیلهام ئەحمەد: عەفرین زۆر خۆشە، سرووشتەکەی، خەڵکەکەی. زۆر خۆشە. خەڵکی ئێمە هەمووی باشن، بەڵام عەفرین زۆر تایبەتە، جوگرافیاکەی، خۆشییەکەی. شارەکانی دیکەی کوردستانیش، من زۆر شار گەڕاوم، بینیومن، لە باشوور، لە باکوور، چوومە هەندێک شاری رۆژهەڵات، شاری زۆر خۆش هەن.
 
رووداو: چ شارێک لە دڵتدا جێگەی گرتووە؟
 
ئیلهام ئەحمەد: دیارە، عەفرینە، مرۆڤ دەبێت شاری خۆی خۆشبوێت، مێژووە، یادەوەرییە بۆ من، بەڵام لە بنەڕەتدا، هەموو شوێنێکی کوردستان خۆشە.
 
رووداو: کەواتە دەتەوێت لە ماوەیەکی نزیکدا بچیت بۆ عەفرین و بیبینیت؟ ئێستا ناتوانی بڕۆیت بۆ عەفرین، ئیلهام خان؟ 
 
ئیلهام ئەحمەد: سەختە، لایەنی ئەمن و ئاسایش کێشەیە و تاوەکو ئێستا شتێکی فەرمی لەو لایەنەوە نییە تاوەکو مرۆڤ بتوانێت بڕوات.
 
رووداو: تۆ زۆر دەگەڕێیت، لە کوردستان، لە ئەورووپا و ئەمریکا، بۆ تورکیاش پێتنەگوتم کە چووی یان نا. من هەر سوور بووم کە پێمبڵێی.
 
ئیلهام ئەحمەد: من پێشتر چووم.
 
رووداو: بەڵام من باسی ئەو دواییانە دەکەم، باسی ئەم رۆژانەی دوایی دەکەم. مەترسی لەسەر ژیانت نییە لەم هاتووچۆیانەدا؟
 
ئیلهام ئەحمەد: بەڵێ هەیە، بەڵام ئێمەش خۆمان دەپارێزین.
 
رووداو: بەڕاستی دڵخۆش بووم. ببوورن کاتمان گرتن. زۆر خۆشبوو کە ئەو هەڤپەیڤینەمان لە قامشلۆ کرد. هەمیشە لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە تۆم بینیوە، یەکەم جارە رووبەڕوو دەتبینم. کورد زۆر پەسنت دەدەن و ناسناوی جوانیشیان بۆ داناوی، بۆ نموونە دەڵێن دیپلۆماتکارەکەمان. کورد ئەرکی سەرشانت قورستر دەکەن بەو بەرپرسیارەتییەوە.
 
ئیلهام ئەحمەد: 100٪ وایە، بەرپرسیارێتییەکی قورسە کە لە ئێمە داوادەکرێت.
 
رووداو: ئیلهام خان، تیمە دیپلۆماسییەکەت بەهێزە؟
 
ئیلهام ئەحمە: بەڵێ، دەبێت باشترببێت، بەهێزتر دەبێت. ئێمە وا دەڵێین: ئێمەی ژن چ هێزێکمان هەبێت، دەیخەینە خزمەتەوە. چ وزە، چ هێزێک هەبێت، دەیخەینە خزمەتی گەلی خۆمانەوە. ئێمە خزمەتکارین، ئێمە وا خۆمان دەبینین، واش پێناسەی خۆمان دەکەین. بۆیە لەم کاتە مێژووییانەدا ئێمە وادەزانین کە ئەرکێکی مێژوویی کەوتووەتە سەر شانمان و ناچارین ئەمە تاوەکو کۆتایی ببەین. حیسابی ئەم کۆتاییەش زۆر قورسە، دەزانین. لەبەر ئەم هەستیارییە، بەم رووحیەتی بەرپرسیارێتییەوە نزیک دەبینەوە و هیوادارین لە ئاستی داواکارییەکانی گەلی خۆماندا بین.
 
رووداو: بینەرانی بەڕێز، ئەمە هەڤپەیڤینی ئێمە بوو لە شاری قامشلۆ لەگەڵ بەرپرسی دیپلۆماسیی رۆژئاوای کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، ئیلهام ئەحمەد. تاوەکو هەڤپەیڤینێکی دیکە، لە خۆشیدا بن و خواتان لەگەڵ. زۆر سوپاس.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە