رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، هێزی زەیتوون وەک دۆستێک کاری زۆری بۆ خەڵکی کوردستان کرد. ئاماژە بەوەش دەکات، "هیچ بەربەستێکی تایبەت بۆ پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان نییە".
سنچۆل لیم، کۆنسووڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، باس لە ئەزموونی ژیانی لە کوردستان، لێکچوونی کولتووریی نێوان هەردوو گەل و ئەو پێشکەوتنانە دەکات کە لەم ساڵانەی دواییدا بەدیهاتوون.
سنچۆل لیم رایگەیاند، لە دوای هاتنی هێزی زەیتوونەوە بۆ هەولێر، پەیوەندییەکانی نێوان کورد و کۆریای باشوور پێ دەنێتە قۆناخێکی نوێوە و ئێستا جگە لە پەیوەندیی دیپلۆماسی، ئاڵوگۆڕی کولتووری و بازرگانیش رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن.
کۆنسووڵی کۆریا سەرسامە بە سرووشت و میواندۆستیی کورد و دەڵێت، "لە رێگەی کۆیکاوە دەرفەتی خوێندنی ماستەر بۆ کارمەندانی هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنین".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سنچۆل لیم:
رووداو: بەخێرهاتی، بەیانیت باش.
سنچۆل لیم: بەیانیت باش، کاک دارا.
رووداو: چۆنی؟ باشی، بەڕێز لیم؟ باشی؟
سنچۆل لیم: بەڵێ، بەڕاستی لێرە لە هەولێر، چێژ لە ژیانی کوردستان وەردەگرم. هەموو رۆژێک شتی نوێ لەم هەرێمە دەبینم. هەربۆیە، زۆر دڵخۆشم کە لێرەم. سوپاس.
رووداو: دڵخۆشم کە دەبیتە میوانی میوانی من. کاتێک لە نووسینگەی بەڕێوەبەری گشتیی رووداوەوە دەهاتینە خوارەوە، هاوڕێیەکمان هات و پێمانگوت "وەرە". بەڕێز لیمیش گوتی بە کۆریش هەر "وەرە"یە. واتە هەمان شتە. ئایا وشەی زۆری وەک یەک لەنێوان زمانی کوردی و کۆری دا هەن؟ بۆ نموونە، "وەرە" لە زمانی کۆری دا واتا چی؟
سنچۆل لیم: چەندین وشەی هاوشێوە هەن، بۆ نموونە، ژمارە دوو لە کوردی دا هەیە و ئێمەش هەر دەڵێین دوو. ئێوە بە ژمارەی دوای دوو دەڵێن سێ و ئێمەش لە کۆریا هەر سێ دەڵێین. پاشان، وەرە، وەرە هەیە و لە کۆریشدا هەمان شتە. ئێوە لە کوردی دا وشەی پەلە پەل بەکاردێنن و ئێمەش وشەی پەڵی پەڵی بەکاردێنین کە لە دەربڕیندا نزیکن.
رووداو: لە کوردستان زۆر گەڕاویت.،کەست بینیوە، کوردت بینیوە کە بە کۆری قسە بکات؟
سنچۆل لیم: زۆر کورد هەن کە وشەی کۆری دەزانن. ژمارەیەکی زۆر کەسیش کاتێک لێم نزیک دەبنەوە، وشەکانی وەک "ئەنیغاسیۆ، کامسامیدا و سارانگهیۆ" بەکاردێنن. ئەمانە هەموویان وشەی کۆرین کە خەڵکی کورد دەیانەوێ بەکاریان بێنن. ئەنیغاسیۆ بە واتای بەیانی باش یان چۆنیت دێت. کامسامیدا بە واتای زۆر سوپاس و، سارانگهیۆ بە واتای ئەڤین یان خۆشویستن دێت. بەڵێ، خۆشەویستی. هەربۆیە زۆر کەس وشەی کۆری بە باشی بەکاردێنن. سەرەتا کە هاتم، سەرسام بووم.
رووداو: دڵخۆش بوویت کاتێک زانیت کورد خەڵکی کۆریای باشووریان خۆشدەوێ؟
سنچۆل لیم: بەڵێ، بەڵێ، بەڵێ. هەست بەوە دەکەم...ئێوە بەمە دەڵێن میواندۆستی. خەڵکێکی زۆر لە جیهان دا زۆرکات دەڵێن "خانمان لەپێشن – لەیدیس فێرست"، بەڵام هێندەی من تێبینیم کردبێ، خەڵکی کورد دەڵێن "میوان لەپێشە". ئەوان میوانداریی زۆر باشی میوانەکانیان دەکەن و ئەوەش شتێکی سەرنجڕاکێشە. میوانداریی کورد بەوشێوەیە.
رووداو: کورد میواندۆستن. جەژنی کریسمس هاتووە. بەڕێز لیم، سەرەکیترین جەژن لە کۆریای باشوور چییە؟
سنچۆل لیم: ئێمە لە کۆریا دوو وەرزی سەرەکی پشوومان هەیە. یەکێکیان سەرەتای ساڵە لە ساڵنامەی هەیڤی و ئەوی دیکەیان وەک جەژنی سوپاسگوزاریی وڵاتانی رۆژئاوایە کە ناوی (چوسۆک)ە. چوسۆک لە وەرزی پاییزدایە و تێیدا سوپاسی خوا دەکەین لە بەرامبەر ئەو بەرهەم و میوەیەی پێمان دەبەخشێت. هەربۆیە ئەمانە دوو پشووی سەرەکین لە کۆریا.
رووداو: بەڕێز لیم، هیچ خزمێکت لە کۆریای باکوور هەیە؟
سنچۆل لیم: بەڵێ، ژمارەیەکی زۆر خێزان لەنێوان کۆریای باکوور و کۆریای باشووردا دابەشبوون، بەهۆی هەندێ رووداوی تراژیدییەوە. ئێستا ئەندامانی ئەو خێزانانە تەمەنێکی زۆریان کردووە و ژمارەیەکی زۆریشیان کۆچی دواییان کردووە، سەرەڕای ئەوەش زۆر خێزان هەن کە بە هۆی جەنگی کۆریاوە لە یەک دابڕاون. ئەندامانی ئەو خێزانانە بەتەمەن بوون، بەڵام هێشتاش زۆر چیرۆکی خەمناک هەن.
رووداو: ئەم چیرۆکە ناخۆشانە لەنێو کوردیش هەن. بەڕێزت دەزانیت کە کوردستان چوار پارچەیە. خەڵکی ئێمە لە باکوور هەیە، لە باشوور هەیە، لە رۆژهەڵات و رۆژئاواش هەیە. ئێوە دەتوانن سەردانی یەکدی بکەن؟ بۆ نموونە، تۆ و خزمەکانت لە کۆریای باکوور دەتوانن سەردانی یەکدی بکەن؟
سنچۆل لیم: سەردانکردنی یەکدی ئاسان نییە. کاتێک خەڵکی کۆریای باکوور دەیانەوێ سەردانی کۆریا(ی باشوور) بکەن، ئەو کارە لەبەر هۆکاری سیاسیی قەدەخە دەکرێت. ئەگەر کەسانێکیش لە کۆریای باشوورەوە بیانەوێ سەردانی کۆریای باکوور بکەن، دەبێ مۆڵەتی تایبەتی وەربگرن. هەربۆیە دۆخەکە هاوشێوەی خەڵکی کورد نییە و یاسای تووندتر بۆ خەڵکی کۆریاکان دانراون. هەربۆیە ئاسان نییە.
رووداو: با پرسیارێکی دیکەت لێ بکەم. بەڕێز کۆنسووڵ، بازاڕی کۆریا لە کوردستان چۆنە؟ باشە؟ وەستاوە یان پاشەکشەی کردووە؟
سنچۆل لیم: کاتێک گەیشتمە کوردستان سەرسام بووم. زۆر کەس هەن کۆریایان خۆشدەوێ. هەربۆیە پرسیار زۆر لە هاووڵاتیی کورد دەکەم: "کۆریا چۆن دەناسن؟"، ئەوان دوو شت بە من دەڵێن. یەکەم، یەکەی زەیتوون، چونکە یەکەی زەیتوون وەک دۆستێک کاری زۆری بۆ خەڵکی کورد کرد. دووەم، درامای کۆری. خەڵکێکی زۆر لە رێگەی تەلەڤزیۆنەوە سەیری درامای کۆرییان کردووە و هەربۆیە ئاشنای کۆریا بوونە. لەبەر ئەم دیاردەیە، کەسانێکی زۆر حەزیان لە بەرهەمی کۆرییە. هەربۆیە بازاڕەکە بۆ بەرهەمی کۆری گونجاوە. لەوانەیە لەبەرئەوە بێ کە ئامێری کارەبایی، ئۆتۆمبێل، کوتاڵ و کەرەستەی جوانکاری کۆری بەکاردێنن. شتی زۆر باش لە بازاڕ دەبینم.
رووداو: ئایا بازاڕەکە گەورە دەبێ؟ مەبەستم ئەوەیە، ئایا گەورەبوون یان گەشەی بازاڕەکە لە داهاتوودا دەبینی؟
سنچۆل لیم: مەبەستت بازاڕی بەرهەمی کۆریایە؟
رووداو: بەڵێ، بەرهەمی کۆری.
سنچۆل لیم: چاوم بە هەندێ بازرگانی کۆری کەوتووە، لەنێویاندا ئەوانەی لە بواری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و ئۆتۆمبێل دا بازرگانی دەکەن. [پرسی فراوانبوونی بازاڕی بەرهەمەکانی کۆریا] لە بوارێکەوە بۆ بوارێکی دیکە دەگۆڕێ، بەڵام [بەرهەمە کۆرییەکان لە بازاڕی هەرێمی کوردستان] هێشتا زۆرن، واتە لە بەرهەمێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێ، بەڵام ئەوەی من تێبینیم کردووە ئەوەیە کە لەنێو بازاڕدا نێوبانگی زیاتریان پەیداکردووە و هێشتا بەنێوبانگن.
رووداو: وەک کۆنسووڵی گشتی و کۆنسووڵخانەی کۆریای باشوور لە هەولێر، ستراتیژیی دوورمەوداتان بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە؟ بۆ نموونە، بیر لە چ پڕۆژەیەک لە کوردستان دەکەنەوە؟
سنچۆل لیم: ئێستا کۆنسووڵخانە سەرقاڵی ژمارەیەک چالاکییە بۆ ناساندنی ئەزموونی کۆری یان بەشکردنی مێژووی پێشکەوتنی ئابووری کۆریا بە خەڵکی کورد، حکومەتی کوردستان و شارەزایانی کورد. هەروەها ئێمە سەرنجمان لەسەر گەنجی کورد و نەوەی گەنجی کوردستانە کە خۆشەویستییان بۆ خەڵکی کۆریا هەیە. ژمارەیەکی زۆر گەنج هەن کە حەزیان لە کولتووری کۆریایە و دەیانەوێ لەبارەی مێژووی پێشکەوتنی ئابووریی کۆریا بزانن. هەربۆیە، خۆشبەختانە، ئەو دەرفەتەم بۆ رەخساوە کە شتە باشەکانی هەردوولا بەشبکەم. هەربۆیە دەڵێم بەڵێ، کۆنسووڵخانە دەیەوێ ئەم جۆرە دیاردەیە بۆ باشەی خەڵکی کوردستان پەرەپێبدات. ئەمە جۆرێکە لە هەنگاوێکی دوورمەودا لە پەیوەندییەکانی هەردوولادا.
رووداو: لێرە ماڵی زەهاوی هەیە، بەڕێز کۆنسووڵ. ماڵی میوزیکی زەهاوی لەلایەن هەژار زەهاوییەوە سەرپەرشتی دەکرێ. ئەوان زۆرجار هونەرمەند لە دەرەوەی کوردستان دەهێنن و ساڵانە چەند کۆنسێرتێکی باش سازدەکەن. بۆ نموونە، ئەگەر لە داهاتوودا هونەرمەندانی کۆریای باشوور بهێننە ئێرە و پێکەوە کۆنسێرت سازبکەن، ئەوە زۆر خۆش دەبێ. ئەو کارە دەبێتە پردێکی باش لە بواری کولتووری و هونەریی نێوان کوردستان و کۆریای باشووردا.
سنچۆل لیم: ئەوە بیرۆکەیەکی زۆر باشە، چونکە بەم دواییە کاتێک سەردانی هەندێک ناوچەی کوردستانم کرد، جگە لە هەولێر، بۆم روونبووەوە کە خەڵکێکی زۆر ئاشنای کولتووری کۆرین. هەربۆیە هەوڵدەدەن هەندێک تێکەڵەی کولتووری بکەن. بۆ نموونە، ساڵی رابردوو چالاکییەکمان هەبوو کە تێیدا هەندێک هاووڵاتیی کوردستان هەوڵیاندا دەف، کە ئامێرێکی میوزیکی کوردییە، لەگەڵ تەپڵی کۆری بەکاربێنن. واتە پێکەوە ئامێری میوزیکیان ژەنی. هەروەها، زۆر هاووڵاتی کوردستان کە جلوبەرگ دەدوورن، گۆڕانکاری لە جلوبەرگی کەلەپووری کۆریدا دەکەن و دەیکەنە جلوبەرگی کوردی، واتە ئەم دوو جۆرە جلوبەرگە بە یەک دیزاین تێکەڵ دەکرێن. بەم دواییە جلی وەهام بینیوە کە زۆر جوان بووە. هەربۆیە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی زیرەکی کوردستان دەستیان بە تێکەڵكردنی کولتوورەکان کردووە. کولتووری کۆری و کولتووری کوردستان وەک یەکە و، هەربۆیە دەکرێ پێکەوە تێکەڵ بکرێن. من ئەوە وەک بەڵگەیەک دەبینم، واتە بیرۆکەیەکی باشە.
رووداو: بیرۆکەیەکی باشە. ئەگەر دیزاینی کۆری و کوردی لە یەک شێوەدا بێ، دیزاینێکی جوان دەردەکەوێ. مەبەستم ئەوەیە، تێکەڵەیەکی کۆری و کوردی زۆر جوان دەبێ و بەلای منەوە زۆر سەرنجڕاکێش دەبێ.
سنچۆل لیم: بەڵێ، بەڵێ، چونکە کورد مێژوویەکی زۆر دێرینی هەیە و ئەم کولتوورەی ئێستاتان لە پڕێکدا دروست نەبووە، بەڵکو مێژوویەکی هەیە. کەواتە فەلسەفەیەکی هەیە. کۆریاش ئەزموونی هەیە و لەمێژە توانیویەتی مانەوەی خۆی بپارێزێت. هەربۆیە هەندێ بواری هاوبەش لەنێوان هەردوو کولتوورەکەدا هەن و نەوەی نوێ دەتوانن شتێکی نوێ لە هەردوو کولتوور دروست بکەن. بێگومان، ئەو بەرهەمە دروستکراوە پێشوازی زۆری لێدەکرێت. پێموایە بیرۆکەیەکی باشە ئەگەر ئەم کولتوورانە تێکەڵ بکرێن.
رووداو: بەڕێز لیم، کەمێک پێشتر باسی یەکەی زەیتوونمان کرد. گوتمان کورد لە رێگەی یەکەی زەیتوونەوە خەڵکی کۆریای باشووریان ناسی و خۆشیانویستن. بیر لەوە ناکەنەوە، بۆ نموونە، سەربازانی ئەو یەکەیە بۆ سەردانێک بێننەوە کوردستان بۆ بینینی ئەو شوێنانەی ساڵی 2004 لێیان دەمانەوە؟
سنچۆل لیم: بەڵێ، بەڵێ، ئەوە بیرۆکەیەکی زۆر باشە. بۆچی پێموایە بیرۆکەیەکی باشە؟ یەکێک لە دیپلۆماتکارەکانمان کە چەند دەیەیەک لەمەوبەر وەک سەرباز لە یەکەی زەیتوون بوو، وەک دیپلۆمات سەردانی ئێرەی کردەوە، واتە چەند مانگێک لەمەوبەر هاتەوە هەولێر و بەڕاستی سەرسام بوو. ژینگەی هەولێر زۆر باش نەبوو، کاتێك ئەو هاووڵاتییەمان وەک سەربازێکی یەکەی زەیتوون لێرەبوو. ئەوکاتە خانووی زۆر نەبوون، ژێرخان و دامەزراوە مۆدێرنەکان وەک ئێستا نەبوون، واتە هیچ شتێکی ئەوتۆ نەبوو، بەڵام دوای چەندین دەیە، خەڵکی هەولێر کارێکی باشیان کردووە. ئەوان ئەوپەڕی هەوڵیانداوە بۆ ئەوەی شوێنەکەیان ببووژێتەوە. هەربۆیە ئێستا و لە 20 ساڵ دا ژینگەیەکی تەواو جیاوازتان هەیە. لەبەرئەوە ئەگەر ئەو سەربازانە بانگهێشت بکەین کە وەک ئەندامی یەکەی زەیتوون لە هەولێر کاریان کرد، ئەوا سەرسام دەبن و تەنانەت هەندێکیان (لە خۆشیدا) دەگرین. ئێوە کارێکی زۆر باشتان کردووە. هەربۆیە دەمەوێ ئەو سەربازانە ستایشتان بکەن. بیرۆکەکە زۆر باشە.
رووداو: خۆش دەبێ ئەگەر ئەو سەربازانە بتوانن ئەو شوێنانە دوای ئەو هەموو ساڵە ببیننەوە. ئەمە دەبێتە یادەوەرییەکی خۆش بۆیان. ئێوە کارێکی باش دەکەن، ئەگەر ئەو سەربازانە بهێننەوە بۆ بینینی ئەو شوێنانەی کاریان تێدا کردوون. بەڕێز کۆنسووڵ، شتێکی دیکەم بەبیردا هات. لە کاتێکدا خەریکی ئەم هەڤپەیڤینەین، بیر لە خوێندکارانی رۆژئاوای کوردستان یان خوێندکارانی کورد بەگشتی دەکەمەوە. بۆ نموونە، زۆر خوێندکار هەن کە دەیانەوێ بچن بۆ کۆریای باشوور بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر، دکتۆرا یان بۆ درێژەدان بە خوێندن. ئێوە دەتوانن هاوکارییان بکەن؟
سنچۆل لیم: بەڵێ، چەند رێگەیەک بۆ چوونە کۆریا هەن بە مەبەستی خوێندن. باوترینیان لە رێگەی کۆیکاوەیە. ئەم رێگەیە سەرنجی لەسەر کارمەندە و ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندان دەرفەتی ئەوەیان هەیە بچنە کۆریا. هەروەها کۆرسێکی درێژ بۆ بڕوانامەی ماستەر هەیە. هەموو ساڵێک ئەم دەرفەتە بۆ کارمەندانی کوردستان دەڕەخسێنین. ئەمە یەکێکە لە رێگەکان. یەکێکی دیکە بۆ ئەو کەسانەیە کە خوێندنی بەکالۆریۆسیان تەواوکردووە و دەتوانن پێشکێشی خوێندنی ماستەری بکەن و حکومەتی کۆریاش تێچووی خوێندنەکە دەدات. رێگەیەکی دیکە هەیە کە پێیدەڵێین "خوێندن لە کۆریا" کە پەیجی فەیسبووکەکە و ماڵپەڕەکەش هەر بەو ناوەوەیە. هەر کەس دەتوانێ ژمارەیەکی زۆر زانکۆ بدۆزێتەوە کە لە رێگەی ماڵپەڕەکانیانەوە شێوازی پێشکێشکردن بۆ خوێندن لە کۆریا رووندەکەنەوە. جار هەیە ئەو زانکۆیانە لە وەرزی یەکەمی خوێندن دا زەمالە دەدەن و جاری واش هەیە نایدەن، بەڵام نیگەران مەبن، ئەگەر لە وەرزی یەکەمی خوێندن دا زەمالەتان وەرنەگرت. ئەوە بزانن کە سیستمی کۆریا هاندەری خوێندکارانە بۆ ئەوەی باش بخوێنن و خۆیان ماندوو بکەن. هەربۆیە ئەگەر باش بخوێنن، ئەوا دەتوانن زەمالە لە زانکۆکە بەدەستبێنن. لەبەرئەوە هانی نەوەی نوێ دەدەم بۆ ئەوەی باش بخوێنن و پێیاندەڵێم، تکایە فۆرمی وەرگرتن لە زانکۆکانی کۆریا پێشکێش بکەن، ئەگەر پێتان خۆشە. ئەوکاتە دەکرێ دەرفەتێکی باشتان هەبێ بۆ ئەوەی زانیاریتان لەبارەی بوارێک دەستبکەوێ و دەکرێ ئەم گەنجانەش ئەڵقەی گەیێنەری نێوان دوو ناوچە و دوو لایەن بن.
رووداو: وەرگرتنی ڤیزە چۆنە؟ ئایا بە ئاسانی ڤیزەی کۆریای باشوور دەدەنە خەڵک؟ وەرگرتنی ڤیزە زەحمەت نییە؟
سنچۆل لیم: هیچ سنووردانانێک یان بەربەستێك نییە. ئێمە هەمان مەرجی وڵاتانی دیکە بۆ خەڵکی کوردستان دادەنێین. ئێمە ڤیزەی گەشتیاریمان هەیە، ڤیزەی خوێندنمان هەیە، ڤیزەی بازرگانی و کارمان هەیە. خەڵکێکی زۆر سەردانی کۆریا دەکەن بە مەبەستی بازرگانی. هەموو هەفتەیەکیش خەڵکی کورد داوای ڤیزەی گەشتیاری دەکەن، هەرچەندە ژمارەکەیان زۆر نییە. هەربۆیە ئەگەر دەتانەوێ سەردانی کۆریا بکەن، تکایە سەردانی هەژماری فەیسبووکی کۆنسووڵگەری کۆریا بکەن و لەگەڵ ئەو کەسە راوێژ بکەن کە بەرپرسە لە بابەتی ڤیزە.
رووداو: بابەتێکی دیکە هەیە. بۆ نموونە، ئەو کەسانەی پاسپۆرتەکەیان عێراقی نییە، وەک هاووڵاتییانی سووریا، دەتوانن ڤیزەی کۆریای باشوور لێرە وەربگرن؟
سنچۆل لیم: بەڵێ، پرسیارێکی باشە. بنەمای کاری ئێمە وەک حکومەتی کۆریا بەوجۆرەیە کە دەبێ خەڵکی وڵاتانی سێیەم لە پایتەختی وڵاتی خۆیاندا داوای ڤیزە بکەن. ئەوە بنەمای یەکەمە. دەکرێ ژمارەیەک کەس هەبن کە کار و ئۆفیسیان لێرە لە کوردستان هەبێ، ئەوکاتە دەکرێ سەیری داواکارییەکە بکەین، بەڵام بنەما سەرەکییەکە ئەوەیە کە دەبێ هەر کەس لە پایتەختی وڵاتی خۆی داواکاری پێشکێش بکات. ئەوەیە بنەماکە.
رووداو: ئەوەش شتێکی باشە. باسی ڤیزەی خوێندکارانت کرد. ساڵانە چەند کەس یان خوێندکار لێرەوە بۆ خوێندن دەچنە کۆریا؟ ژمارەیەک یان ئامارێکتان لایە؟
سنچۆل لیم: ژمارەی وردم لەبیر نییە، بەڵام جاروبار خوێندکاران داوای ڤیزەی کۆریا دەکەن. دەتوانم بڵێم ئێستا ژمارەکە زۆر نییە، بەڵام هەیە.
رووداو: بەڕێز لیم، هەواڵێکم خوێندەوە کە ئاماژەی بەوە دەکرد، 40٪ی خەڵکی کۆریا بە تەنیا دەژین، واتە منداڵیان نییە یان منداڵی کەمیان هەیە. ئایا ئەمە راستە؟
سنچۆل لیم: بەڵێ، راستە. بۆ نموونە، ئەوەی کە پەیوەندی بە دۆخی منەوە هەیە، دوو برای دیکەم هەن. من لەهەموویان گەورەترم. یەکێک لە براکانم دوو کوڕی هەیە و ئەوی دیکەیان هیچ منداڵێکی نییە، ئەوەش بەهۆی هەندێک کێشەی بایۆلۆجییەوە. ژیانی هاوژینیم پێکهێناوە، هاوژینەکەم یەک برا و یەک خوشکی هەیە. برای هاوژینەکەم دوو خوشکی هەیە و خوشکەکەیشی هیچ منداڵێکی نییە، بەهۆی کێشەی بایۆلۆجییەوە. هەربۆیە، هەندێکجار بەهۆی کێشەی بایۆلۆجییەوە منداڵمان نییە. هەندێک جاری دیکە خێزانەکان منداڵبوون دوادەخەن، ئەوەش لەبەر ئامانجێکی تایبەتی. هەربۆیە تاوەکو ئەم دواییە ژمارەی منداڵ لە کۆریا کەم بوو، بەڵام لەم ساڵەوە پێچەوانە بووەتەوە. واتە، لە ساڵی 2025ەوە ژمارەی منداڵان دەستی بە زیادبوون کردووە، بەڵام تاوەکو ساڵی رابردوو، ساڵ دوای ساڵ ژمارەی منداڵ کەمتر دەبووەوە. هەربۆیە ئەمە (ساڵی 2025) خاڵی وەرچەرخانە.
رووداو: هەموو وڵاتێک دەیەوێ ژمارەی دانیشتووانەکەی زیادبێ. ئایا کۆریا نایەوێ ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکەی زیادبێ؟
کۆنسووڵ: هەروەک گوتم، ژمارەکە تاوەکو پار لە کەمبوونەوەدا بوو، بەڵام لەم ساڵەوە ژمارەی دانیشتووان دەستی بە زیادبوون کردووە.
رووداو: ژمارەی دانیشتووانی کۆریای باشوور زۆر نییە. ئایا ئەو وڵاتە بیر لە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانەکە ناکاتەوە؟ مەبەستم ئەوەیە خێزانەکان منداڵی کەمیان هەیە، ئایا ئەوە نابێتە هۆی ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە لە ئاستێك بمێنێتەوە یان کەم بێتەوە؟ ئێوە بیر لەوە ناکەنەوە یان ناڵێن، دەبێت کۆریای باشوور وەک وڵاتانی دیکە بێ، بۆ نموونە، ژمارەی دانیشتووانەکەی بۆ نزیکەی 100 ملیۆن کەس زیاد بکات؟
سنچۆل لیم: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە وایە. حکومەتی کۆریای باشوور...زۆر باشە، نموونەیەکی باش هەیە. حکومەت بودجەیەکی زۆری بۆ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان تەرخانکردووە، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی دانیشتووان. هەربۆیە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە کراوە. ئەگەر لە هەندێک ناوچەدا یەک منداڵت هەبێ، ئەوکاتە بەڕێوەبەرایەتیی ئەو ناوچەیە پارەیەکی زۆر بۆ ئەو منداڵە تەرخان دەکات. لەبەرئەوە ئەو منداڵە لە ژیانی دا تاوەکو دەگاتە قۆناخی بەتەمەنبوون، نزیکەی 100 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان دەکرێت. ئەو کەسە دەتوانێ سوود لەو پارەیە وەربگرێ بۆ ئەوەی باش بژیت. هەربۆیە پێمان وایە کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان پرسێکی زۆر هەستیارە. لەسەر ئەو بنچینەیەش حکومەت دەستیکرد بە خەرجکردنی پارەیەکی زۆر بۆ ئەو خێزانانەی منداڵیان هەیە. کەواتە ئێستا خاڵی وەرچەرخانەکە هەیە.
رووداو: دەبینم کە پەیوەندیت لەگەڵ کورد باشە، ئاگادارم و سەرنجی دەدەم. سەردانەکانت دەبینم، بەڕێزت چاوت بە هاونیشتمانییان دەکەوێ و ئەوانیش تۆ دەبیننن. خۆشترین خواردنی کوردی بەلاتەوە چییە؟
سنچۆل لیم: بەدڵنیاییەوە دۆڵمە. دۆڵمەی پیاز بە سڵقەوە. دەزانی سڵق چییە؟ بەڵێ، بەڵێ، بەتامە. هەرکاتێک سەردانی شوێنێک دەکەم، بە خواردنی دۆڵمە دەستپێدەکەم و دواتر کاتێک پرسیاری خواردنەوەم لێدەکەن، هەمیشە دەڵێم ماستاوی ئاریان. دواتر بریانیمان بە مریشکەوە بۆ دەهێنن. خواردنەکانی دیکەی وەک تەبسی، کفتە، کوبە و ماسیم تاقیکردوەتەوە. ماسی بەتامە، بەتایبەتی کاتێک بە خەڵووز و ئاگر بە باشی دەبرژێندرێت، ئەوکاتە بۆنەکەی زۆر خۆشە. هەروەها کەبابیش بەتامە. هەفتەیەک لەمەوبەر چوومە ناوچەی هەورامان. کەبابی هەورامان زۆر خۆشە.
رووداو: خۆشترین شوێن لە کوردستان کوێیە کە بۆ هاووڵاتییەکی کۆری پێشنیازی دەکەیت بۆ ئەوەی وەک گەشتیار سەردانی بکات؟
سنچۆل لیم: شوێنی سەرنجڕاكێش هەن. رواندز هەیە، دۆڵێکی لێیە. کاتێک سەردانی رواندزم کرد، بە بینینی دیمەنێکی لەو جۆرە لە ناوچەیەکی شاراوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرسام بووم. دیمەنی دۆڵی زۆر سەرنجڕاكێشتان لەنێو جەرگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە. ئەوە یەک، دووەم شوێن ئامێدی یە. بەم دواییە سەردانی ئامێدیم کرد. ئامێدی وەک قەڵایە. تۆ فیلمی (لۆرد ئۆڤ زە رینگز)ت بینیوە؟ لەو فیلمەدا هەست بە جۆرە میوزیکێک دەکەم وەک ئەوەی رووحی و خەیاڵی بێ. کاتێک سەردانی ئامێدی دەکەم، هەمان هەستم هەیە. ئامێدی وەک شوێنی بەرهەمهێنانی فیلمی (لۆرد ئۆڤ زە رینگز) وایە. هەربۆیە، ئەگەر ئامێدی بکەیە باکگراوندی هەندێ جۆرە فیلم، ئەوا وەک میوزیکی پۆپی کۆری دەبێ.
رووداو: وەڵڵاهی تۆ بەتامترین خواردنی کوردیت خواردووە و خۆشترین شوێنەکانی کوردستانت بینیوە. کەسێکی بەبەختی، بەڕێز کۆنسووڵ. بەختێکی باشت هەیە.
سنچۆل لیم: من کەسێکی بەبەختم. بەڵێ، زۆر سوپاس، ئەی خوا. سوپاست دەکەم.
رووداو: لەبیرم کرد لە بارەی شتێک پرسیارت لێ بکەم. بە کورتی بۆ نموونە، بەم دواییانە، ئۆتۆمبێلە چینییەکان بازاڕیان کۆنترۆڵکردووە. ئایا ئێوە لەمە نیگەرانن؟ ئێوە وای نابینن ئەمە گورزێک لە ئۆتۆمبێلە کۆرییەکان دەدات؟ چونکە هەرزانیشن.
سنچۆل لیم: زۆر باشە، من نموونەیەکەت بۆ دێنمەوە. ئابووری بەم شێوەیەیە. مۆبایلی سامسۆنگ هەیە و مۆبایلی ئەپڵیش هەیە. هەندێ کەس مۆبایلی ئەپڵ بەکاردێنێت و هەندێکیش مۆبایلی سامسۆنگ. من وەک کۆنسووڵی کۆریا، دڵخۆش دەبم ئەگەر ئێوە مۆبایلی سامسۆنگ زیاتری مۆبایلی ئەپڵ بکڕن، بەڵام ئابووری بەو شێوەیە نییە. تەنانەت نێوەوەی مۆبایلی ئەپڵ، نزیکەی 20٪ تاوەکو 30٪ی لەلایەن سامسۆنگەوە دروستکراوە، واتە سامسۆنگ بەشێکی بەرچاوی پێکهاتەی موبایلی ئەپڵ بەرهەم دێنێت. هەروەها شاشەکەی لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکییەوە دروست دەکرێ، بەڵام ئەو کۆمپانیایە کەرەستەی کۆری بۆ دروستکردنی شاشەکە بەکاردێنێت. ئابووری بەم شێوەیەیە. وێڕای ئەوەی لە بازاڕدا رکابەرایەتیی یەکدی دەکەین، لە پشتەوە پێکەوە کاردەکەین و هاوکاریی یەکدی دەکەین. بۆیە من خەڵکی کوردستان هاندەدەم، [میوزیکی] پۆپی کۆری (K-pop) بەرهەم بێنن. هەموو کەسێک لە پۆپی کۆری دەگات، ئێستا تەنانەت لە ئەمریکاش K-pop بەرهەم دەهێنرێت. بۆ نموونە باندی K-popی دیمن هەنتەرز، هەرچەندە لە ئەمریکان، بەڵام بەرهەمی کۆرییان هەیە. بەم شێوەیە، خەڵکی کوردستانیش دەتوانن K-pop لێرە بەرهەم بێنن. من حەزم لە ئابوورییە. هەموو کەسێک بە رۆڵی خۆی هەڵدەستێت. بازاڕ هەمیشە دادپەروەرانەیە. ئەگەر کەسێک کارێکی زۆر باش بکات، پێویستە پاداشتی خۆی وەربگرێتەوە. بۆیە هیواخوازم ئۆتۆمبێلە کۆرییەکانیش باشترین کار بکەن.
رووداو: بەڕێز کۆنسووڵ، تۆ خۆت سامسۆنگ بەکاردێنیت یان ئایفۆن؟
سنچۆل لیم: من؟ من مۆبایلی سامسۆنگم هەیە، چونکە لە سیستمی ئەندرۆید راهاتووم. بۆیە هەموو جارێک مۆبایلی سامسۆنگ دەکڕم.
رووداو: زۆر دڵخۆش بووم.زۆر سوپاس
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ