رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی چوارشەممەوە بارینی بەفر لە ئامەدی باکووری کوردستان دەستیپێكردووە و چاوەڕوان دەكرێ تاوەكو ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەردەوام بێت.
ئامەد کە چەندین ساڵ بوو بەفری پێویستی لێ نەدەباری، لەگەڵ تەواوی ناوچەكەدا بە بەرگێكی سپی داپۆشراوە.
بەفربارینەكە کاژێر 06:00ـی بەیانیی رۆژی چوارشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، دەستیپێكرد و 28 کاژێرە بەردەوامە.
بڕی بەفری باریو لە هەندێک شوێنی سنووری شاری ئامەد گەیشتووەتە 40 سانتیمەتر و لە ناوچە بەرزەكانیش 50 سانتیمەتری تێپەڕاندووە.
کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات، بەفربارین تاوەكو كاژێرەكانی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەردەوام بێت.
لە ئامەد زۆرترین بڕی بەفر لە 16ـی کانوونی دووەمی 1973 لە شارۆچکەی لیجێ تۆماركرا كە 65 سانتیمەتر بوو.
واتە ئەمە زۆرترین بڕی بەفرە كە لە ساڵی 1973ـەوە تۆمار کرابێ.
بەهۆی بەفربارینەوە گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەی ئامەد كە بڕیار بوو تاوەكو کاژێر 16:00ـی ئەمڕۆئەنجام بدرێن، هەڵوەشانەوە. دوێنێش سەرجەم گەشتەكانی فڕۆكەخانەکە هەڵوەشێندرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ