رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ شاندێکی باڵای حیزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەباس بەیاتی گەیشتە هەولێر و بڕیارە سبەی لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆببێتەوە.
شاندەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و دکتۆر عەرەفات، نوێنەری بارەگای بارزانی پێشوازییان لێکرا.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی گوت: "ئامانجی سەردانەکە تاوتوێکردنی رەوشی ئێستای عێراق، پرسی پۆستی سەرۆککۆمار و پۆستی سەرۆکوەزیران و حکومەتی داهاتووی عێراق دەبێت."
شاندە باڵاکەی حیزبی دەعوە پێکهاتووە لە عەباس بەیاتی، حەسەن سنەید، کەمال ساعدی، سادق بەهادلی، عامر خوزاعی و ئەحمەد موبەرقعە.
عومران کازم، ئەندامی حیزبی دەعوەی ئیسلامی کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامانج لە سەردانەکە پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسییەکان و تاوتوێکردنی پرسی پۆستی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمارە."
ئەو ئەندامەی حیزبی دەعوە دەڵێت: "برا کوردەکانمان پایەیەکی سەرەکیی دەوڵەتی عێراقن و دەبێت لە بابەتە گرنگەکاندا رۆڵ و بۆچوونیان هەبێت."
عومران کازم دەشڵێت: "دەمانەوێت هەڵوێست و بۆچوونی لایەنەکان لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار یەکبخەین، بۆئەوەی بگەینە بڕیارێک لە بەرژەوەندی هەموولایەکدا بێت."
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، بڕیارە سبەی شەممە شاندەکە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆببێتەوە و "زنجیرەیەک دیدار و گفتوگۆی گرنگیش لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی باڵای هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات."
24ی کانوونی دووەمی 2026 چوارچێوەی هاوئاهەنگی "بە زۆرینەی دەنگ" بڕیاری دا نووری مالیکی وەک بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری بکات.
سێ رۆژ دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی گەڕانەوەی مالیکی بۆ ئەو پۆستە هۆشداری دا و گوتی: "ئەگەر مالیکی هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ئەمریکا چی دیکە یارمەتیی عێراق نادات."
رۆژی 13-2-2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان خوێندنەوە بۆ پرسی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن و ئاماژە بەوەش دەکات، هەر کەسێک ببێتە سەرۆکوەزیران، دەبێت لەگەڵ ئەمریکا کاربکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ