رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان روونکردنەوە لەبارەی زەکاتی زێڕ دەدات و رایدەگەیێنێت، زێڕی جوانکاریی ئافرەتان ئەگەر بە مەبەستی بازرگانی نەبێت، تاوەکو نەگاتە 200 مسقاڵ زەکاتی تێدا نییە؛ دەشڵێت: "پێوەری زەکاتی زێڕ و پارە جیاوازن و تێکەڵ ناکرێن."
دوێنێ بڕی زەکاتی دیاریکرا، چەند هاونیشتمانییەک بە رووداویان گوت، فەتواکە ناڕوونی تێدایە لە بابەتی زێڕ و پرسییان، "ئایا وەکو باسکراوە ژن تاوەکو 200 مسقاڵ زێڕی هەبێ زەکاتی ناکەوێت؟ ئەگەر ژنێک لە جیاتی زەکاتی پارەکەی 200 مسقاڵ زێڕ بکڕێ بۆ جوانکاری و هەڵی بگرێت، زەکانی لێ ناکەوێت؟".
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان، رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەگەر خشڵ بوو، واتە ئافرەتەکە بۆ بەمەبەستی بەکارهێنان زێڕەکەی کڕیوە نەوەکو قازانج و فرۆشتنەوە، ئەوە زەکاتی تێدا نییە، مەگەر بگاتە 200 مسقاڵ، بەڵام ئەگەر بۆ قازانج کڕدرابێ لە 20 مسقاڵەوە زەکاتی دەکەوێتەسەر کە نیو مسقاڵە بۆ 20 مسقاڵ".
ئەنجوومەنی فەتوا رایگەیاندووە، هەر کەسێک سێ ملیۆن دیناری هەبێ و ساڵێک بەسەریدا تێپەڕبووبێت زەکاتی لەسەرە. هاونیشتمانییان دەپرسن، "ئەگەر زێڕی جوانکاری زەکاتی لێ بکەوێت، ئەوا سێ مسقاڵیش لێی دەکەوێت، کە دەکاتە زیاتر لە 3 ملیۆن دینار".
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێت: "زێڕ زەکاتی خۆی هەیە و پێوەری خۆی تایبەتە و بەراورد ناکرێت بە پارە، ناکرێت بڵێی 3 مسقاڵ زێڕ زیاتر لە سێ ملیۆن دەکات، ئەو پێوەر و بەراوردە دروست نییە، چونکە پارە نیسابی خۆی هەیە و زێڕیش نیسابی خۆی و لە زەکاتدا ناکرێ تێکەڵ بکرێن".
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ئافرەتێک 19 مسقاڵ زێڕی هەبێ و نەگاتە 20، هیچ زەکاتێکی ناکەوێتە سەر.
دوێنی 19ـی شوبات، ئەنجوومەنی باڵای فەتوای یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی کوردستان، رێژەی زەکاتی پارە، سەرفیترە، فیدیە و زێڕ و زیو و خشڵی ئافرەتی بۆ ئەم ساڵ دیاریکرد.
بە گوێرەی فەتواکە، "زەکاتی پارە بریتییە لە 3 ملیۆن دیناری عێراقی، هەر موسڵمانێک ئەو بڕە پارەی هەبوو، ساڵیشی بەسەردا تێپەڕی، واجبە زەکاتی لە سەدا دوو و نیو (2.5%) لێ بدات، واتە لە (یەک) ملیۆن (25) هەزار دینار، لە (یەک) دەفتەر دۆلار 250 دۆلار".
لێرەوە ژمارەی پارە و زێڕەکانت بنووسە و بزانە چەند زەکاتیان دەکەوێت
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ