هاونیشتمانییەک: 10000 دۆلار دەدەمە هەر کەسێک منداڵە ونبووەکەی هەولێر بدۆزێتەوە

01-02-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی دانیشتووی هەولێر دەڵێت، زۆر بە دوای منداڵە ونبووەکەی هەولێر گەڕاون و هیچ سەرەداوێکی نەبووە، بۆیە بۆ هاندانی هاونیشتمانییان بۆ ئەوەی ئەوانیش بە دوای منداڵەکەدا بگەڕێن 10 هەزار دۆلار دەبەخشێتە هەر کەسێک کە منداڵەکە بدزۆێتەوە. 
 
هەفتەیەکە مێرمنداڵێک بە ناوی ئەیوب ئەحمەد سەعدوڵڵا، تەمەن 13 ساڵ لە گەڕەکی کەسنەزانی نوێ (قەرەبوو)ـی شاری هەولێر چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە. تیمەکانی بەرگریی شارستانی و دامەزراوەکان بەدوایدا دەگەڕێن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سەرەداوێکیان دەستنەکەوتووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 1-2-2023، گۆران مەدحەت ئاغا، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی هەولێرە کە خاوەنی کۆمپانیای نەوتە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوێنێ شەو تاوەکو کاژێر 2:00ـی بەرەبەیان بە دوای منداڵە ونبووەکەی هەولێر گەڕاون، "ئەو زۆر گوناحە" و پێویستە بدۆزرێتەوە، بەڵام تائێستا هیچ سەرەداوێکی نییە.  
 
گۆران مەدحەدت ئاغا بۆ هاندانی هاونیشتمانیان 10 هەزار دۆلاری وەک خەڵات دیاریکردووە بۆ هەر کەسێک ئەو منداڵە بدۆزێتەوە و دەڵێت: "10 هەزار دۆلار دەدەمە هەر کەسێک ئەو منداڵە ونبووە بدۆزێتەوە و بیبەخشێتەوە بە کەسوکاری."
 
بۆ دۆزینەوە ئەو مێرمنداڵەی هەولێر، سەرمایەدارێکی سلێمانیش خەڵاتی دیاریکردووە. رۆژی سێشەممە، 31-1-2023، مەلا یاسین مەحموود، سەرمایەداری دیار و خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی بەڕێز کە هاوکات گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستانیشە، بە رووداوی گوت: "بڕیارمدا وەکو ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانی هەرکەسێک ئەو مێرمنداڵە بە کەسوکار و خانەوادەی شادبکاتەوە، بڕی 10 ملیۆن دیناری پێببەخشم."
 
مەلا یاسین گوتیشی: "ئێستا گەنجێکی زۆر هەن بێکارن دەتوانن بڕۆن و بەدوای ئەو منداڵەدا بگەڕێن کە جگە لەوەی ئەرکێکی مرۆیی و ئاینیی گەورە بەجێدەگەیێنن و رەزامەندیی خوا بەدەستدەهێنن، دیارییەکەی ئێمەش بە سوپاسەوە پێیاندەدرێت، بە جیددی ئەو چیرۆکە زۆر کاریگەریی لەسەرم جێهێشتووە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە