نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان دا: پابەندین بە بەهێزکردنی پەیوەندییە مێژووییەکانمان

06-02-2026
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سێیەمین ساڵیادی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی باکووری کوردستان و تورکیادا پەیامێکی هاوسۆزی بڵاوکردەوە و تێیدا ستایشی هەوڵەکانی سەرۆککۆمار و حکومەتی تورکیا دەکات بۆ بنیادنانەوەی ناوچە وێرانبووەکان.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی هەینی 06-02-2026 لە ئێکس رایگەیاند، هەرێمی کوردستان لەم یادە پڕ لە ئازارەدا لەگەڵ قوربانی و زیانلێکەوتووانی ئەو کارەساتە دڵتەزێنەدا دەمێنێتەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا دەستخۆشی لە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و حکومەتەکەی دەکات بۆ ئەو "سەرکردایەتی و دڵسۆزییەی" کە لە 3 ساڵی رابردوودا نیشانیان داوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم یادەی وەک دەرفەتێک بەکارهێناوە بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندیی هەرێمی کوردستان بە بەهێزکردنی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە. نێچیرڤان بارزانی دەڵێ، هەردوولا پێکەوە کاردەکەن بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر بۆ گەلانی ناوچەکە.
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ی شوباتی 2023 بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان بوو 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 537 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزە گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار 213 کەسی دیکە برینداربوون. 
 
بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 5 هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ژمارەیەکی بەرچاو لەوانیش لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.
 
دەقی پۆستەکەی نێچیرڤان بارزانی

 

"لە سێیەمین ساڵیادی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیادا، هاوسۆزی خۆمان بۆ قوربانییەکان و هەموو ئەوانەی بەهۆی ئەو کارەساتە دڵتەزێنەوە کاریگەر بوون، دەردەبڕین. دەستخۆشی لە سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان و حکومەتەکەی دەکەم بۆ سەرکردایەتیکردن و دڵسۆزییان لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان. ئەم دەرفەتە دەقۆزمەوە بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونم بە بەهێزکردنی پەیوەندییە مێژووییەکانمان و کارکردنی پێکەوەیی بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی گەشتر بۆ گەلەکانمان."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

وەزارەتی خوێندنی باڵا داشکاندنێکی دیکە بۆ کرێی خوێندن دەکات

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دا بە داشکاندنێکی دیکە کرێی خوێندن بە رێژەی 20٪ بۆ سەرجەم قۆناخەکان، ئەمەش وەک هاوکارییەک بۆ خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026.