کوردستان
هاووڵاتییەک لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ پارەی سەرپێچی دەدات؛ وێنە: ئەرشیڤی حکومەتی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی هەرێمی کوردستان دەڵێ، مووچەخۆران دەتوانن لە رێگەی ئەپلیکەیشنی (KRDPass) و بە بەکارهێنانی ناسنامەی دیجیتاڵی، سزای هاتووچۆ ببینن و راستەوخۆ پاکتاوی بکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "هەموو مامەڵە حکومییەکان دەبنە ئەلیکترۆنی."
فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی هەرێمی کوردستان، رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەمزووانە لە رێگەی ئەپلیکەیشنی (KRDPass)ـەوە سیستمی پارەدان کارا دەکرێ و ئەو شۆفێرانەی مووچەخۆری حکومەتی هەرێمی کوردستانن، دەتوانن لە رێگەی ئەو سیستمەوە راستەوخۆ پارەی پێبژاردن بدەن، بێ ئەوەی پێویست بکات سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ بکەن، پارەدانەکەش بە رەزامەندی شۆفێر و پشتراسکردنەوەی خودی خۆی دەبێت."
سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی داهاتووی ئەو ئەپلیکەیشنە، فەرمانگەکە ئاماژەی بەوە کرد کە پلانەکە تەنیا بۆ سزاکانی هاتووچۆ نییە، بەڵکو "هەنگاوی دواتر ئەوەیە تەواوی مامەڵەکانی فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی KRDPassـەوە بکرێنە ئەلیکترۆنی، وەک باج، مامەڵەی موڵکداری و بەناوکردن، پارەی کارەبا یان هەر رسوماتێکی دیکە کە تەواو بکرێ."
پێشتر هاونیشتمانییان لە رێگەی ئەو ئەپلیکەیشنەوە دەیانتوانی ئاگاداری سەرپێچییەکانی ئۆتۆمبێلەکانیان بن، بەڵام بەم گۆڕانکارییە نوێیە، پارەدان و پاکتاوکردنی سزاکانیش دەبێتە ئەلیکترۆنی.
ناسنامەی دیجیتاڵی یان (MyID) پێکدێت لە 13 ژمارەی تایبەت کە دەدرێتە هەر هاونیشتمانییەکی دانیشتووی هەرێمی کوردستان و دەبێتە ناسنامەیەکی فەرمی بۆ راییکردنی مامەڵەکان لە دامەزراوە حکومییەکان بە شێوەی ئۆنلاین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ