رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ئاگربەست لەنێوان حکومەتی کاربەڕێکەری سووریا و هەسەدە بۆ وەستاندنی شەڕ، بەڵام کۆبانێ ماوەی 20 رۆژ زیاترە لەژێر گەمارۆیەکی سەختدایە.
گەمارۆکە لەلایەن ئەو گرووپە چەکدارانەوەیە کە پابەندی رێککەوتنەکە نین، لەگەڵ ئەوەشدا سەر بە حکومەتی کاتی سووریان.
بەگوتەی هاونیشتمانییانی کۆبانێ ئارد و سووتەمەنی نانەواخانەکان بەرەو تەواوبوون دەچن.
سەرەڕای گەمارۆ و بوونی ئاوەرایەکی زۆر، نانەواخانەکانی ئەو شارە رووبەڕووی گوشارێکی زۆر بوونەتەوە، تاوەکو پێداویستیی هاونیشتمانییان و ئاوارەکانی شارەکە دابین بکەن.
خاوەنی یەکێک لە نانەواخانەکان هۆشیاری دەدات لە دروستبوونی کارەساتی مرۆیی لە کۆبانێ.
عەلی بەکر، خاوەنی یەکێک لە گەورەترین نانەواخانەکانی کۆبانێیە، ئەو بە رووداوی گوت: "ئەم نانەواخەنەیە رووبەڕووی بارگرانییەکی زۆر بووەتەوە، ئێمە لە 24 کاژێردا 20 کاژێر کار دەکەین، پێداویستییەکانمان بەرەو تەواوبوون دەچن."
رۆژانە هەزاران هاونیشتمانی لە نۆرەی وەرگرتنی نان دەوستن بەهیوای ئەوەی چەند نانێک بۆ بەردەوامبوونی ژیانیان بەدەست بخەن.
خەڵکی شارەکە چاویان لەوەیە گەمارۆی سەریان هەڵبگیرێت و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن گوشار بخاتە سەر حکومەتی سووریا تاوەکو گەمارۆی سەر شارەکە هەڵبگیرێت.
محەممەد خەلیل، هاونیشتمانییەکی شاری کۆبانێیە لە نۆرەی نان وەرگرتن بە بێزارییەوە گلەیی لە دۆخی خۆیان کرد، گوتی "ئێمە لە هەموو شتێک بێبەش کراوین. کارەبا، ئاو و ئینتەرنێت هیچمان نییە، گەمارۆمان لەسەرە و تەنانەت دەرمان لە نەخۆشخانەکانیشمان کەمبووەتەوە."
هاونیشتمانییانی کۆبانێ بەهۆی بێکارەبایی لەنێو تاریکیدا ماونەتەوە و لەبەر بێئاویش هاواریان لێ هەستاوە.
بەگوتەی بەرپرسانی خۆجێی شارەکە، سەرەڕای رێککەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی لەنێوان حکومەت و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە کۆتایی مانگی رابردوو، بەڵام بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان پابەندی رێککەوتنەکە نین. ئامادەنین گەمارۆی سەر شارەکە هەڵبگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ