رووداو دیجیتاڵ
کۆڵبەرێکی خەڵکی سەلاسی باوەجانی کە بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی سەر بە شاری پاوە بریندار ببوو، گیانی لەدەستدا. بەمەش ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی مانگی رابردوو کوژراون بۆ شەش کۆڵبەر بەرزبووەوە.
جەبار وەیسی، کە خەڵکی سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان، شەوی دووشەممە لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود، سەر بە شاری پاوە بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران بریندار ببوو و رەوانەی نەخۆشخانەی تاڵەقانی شاری کرماشان کرابوو، لەوێ لە بەشی چاودێریی چڕدا خەوێنرابوو، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەوی رابردوو 31-1-2024 گیانی لەدەستدا.
جەبار وەیسی، تەمەن 30 ساڵ، خەڵکی گوندی جۆجاڕ سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی، بە چەکی تاپڕ تەقەی لێکرابوو، ساچمەکان بەر سەر و دەموچاوی کەوتبوون.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە یەکەم مانگی ساڵی 2024، لانیکەم شەش کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکاندا بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران کوژراون و 44 کۆڵبەریش بریندار بوون.
زۆرینەی ئەو کۆڵبەرانە لە ناوچە سنوورییەکانی شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان و ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە سەر بە پارێزگای سنە کوژراون و بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ