رووداو دیجیتاڵ
لە مێردینی باکووری کوردستان دوو کەسی دیکە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە چالاکییەکانی "پشتگیری لە رۆژئاوای کوردستان" خرانە زیندانەوە، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لەو پارێزگایە بەو هۆکارە زیندانی کراون گەیشتە 15 کەس.
ئێوارەی رۆژی شەممە، 31-01-2026، دادگەی مێردین دۆسیەی حەوت کەسی یەکلاکردەوە کە لە ماوەی رابردوودا لە ناوەندی شارەکە و شارۆچکەکانی سەر بە پارێزگای مێردین، بە پاساوی بەشداریکردن لە چالاکییەکان دژی هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستبەسەر کرابوون.
دوای تەواوکردنی رێکارە ئەمنییەکان و رەوانەکردنیان بۆ دادگە، بڕیاری زیندانیکردن بۆ دوو کەسیان بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە رێکخستن" دەرکرا. هاوکات پێنج کەسەکەی دیکە بە مەرجی چاودێریی دادوەری ئازاد کران.
لە مێردین، لە چوارچێوەی ئەو چالاکییانەی لە شەشی کانوونی دووەمەوە دەستیانپێکردووە، تاوەکو ئێستا 15 کەس بە بڕیاری دادگە خراونەتە زیندانەوە.
ناڕەزایەتی و گردبوونەوەکان لە شارەکانی باکووری کوردستان دوای ئەوە دەستیانپێکرد، رۆژی 6ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ سوپای سووریا هێرشی کردە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب و دواتر هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) فراوانتر کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ